په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\١٠\٢٠١٨

    شەونمە شینەکانی شەو.


ناڵە حەسەن

تۆ دڵۆپە شەونمێکی
بەسەر لێوی گوڵێکی شینەوە
شین دەچییەوە
زەردەخەنەی باخچەکانیش
بە تیشکی سەر ڕوخساری تۆ دەبریسکێنەوە
هەندێجاریش / نەرم نەرم
بەسەر ڕووی پەنجەرەیەک دێیتە خوارێ
کە بە پەردەیەکی شین داپۆشراوە
لە دیوی ژوورەوەش
نەوڕەسە ژنێکی ناموراد
بە ژێرکراسێکی تەنکەوە
لەسەر سیسەمەکەی ڕاکشاوە
مۆمێکی داگیرساندووە و شیعر دەخوێنێتەوە
تۆ تریفەی مانگێکی شینی
لە نێو تاریکی شەو و
بەسەر تاشەبەردەکانی تەمەنم
دەدرەوشێیەوە
بە بوونی تۆ
هەموو / شەونمە شادومانییەکانی شەو
نیگای سنەوبەرەکان / شەپۆلی دەریاکان
ڕەشماڵی بنارەکان / شین دەچنەوە
تۆ /
کتێبی خەونەکانمت پڕ بارانی شین و
دەفتەری شیعرەکانم پڕ شیعری شین و
بوخچەی ئارەزووەکانیشمت
پڕ وردە کانیاوی شین کردووە
لە شەوێکی شین شینی پاییزیش
وەکو شیلە
شل شل
دەڕژێیتە نێو پێدەشتی
خەیاڵە شینەکانی من
شەونمی شین و شەوی شین
تاڤگەی شین و توانەوەی شین
عەشقی شین و شیعری شین
شین و شین و شین
شین وەک دەریا
شین وەک ئاگر
شین وەک خودا
تۆ تەونێکی لە شەوە شینەکاندا
ڕۆحی ئەستێرە دوورەکان و
شەونمە ئیرۆسییەکان و
پەپوولە یاخییەکان
بە ڕۆحی من دەبەستییەوە
تۆ قەڵەمێکی
هەوری نێو شەوە شینەکانت
لەخۆت لوولداوە
بە مەرەکەبی بارانە شینەکانیش
شیعری عاشقانە
لەسەر ڕووی ڕووبارەکان و دەریاکان
دەنووسییەوە
گوڵە گیانم
تۆ دڵۆپە شەونمێکی سەر گۆنای
خونچەیەکی شینی شەبەنگی
نێو تەمە سپییەکانیت
لەسەرەتای سەرەتاکانەوە هاتوویت
بەنێو کۆتایی کۆتاییەکانیش / تێپەڕیویت
کاتژمێرەکان بە هەناسەی تۆ بێدار دەبنەوە
زەمەنیش درێژە بە وەرز و سەدەکانی خۆیدەدات
تۆ سومبولێکی سەرمەدیت
دەبیت بە باران و تێکەڵ بەخاک دەبییەوە
دەبیت بەخاک و خۆت بۆ بەفر ڕووت دەکەیتەوە
هەموو بەرەبەیانێکیش
ئەوکاتانەی
پرشنگی خۆرەتاو
لێوی لە لێوە شینەکانت دەخشێنێ
وەرزە تاریکەکانی عەشق و
ئەشکەوتە تاریکەکانی تەنیایی و
بەهەشتە تاریکەکانی مردن
ڕووناک دەکەیتەوە
مەمکۆڵە گەرمەکانیشت
شەوە شینەکانی
نێو قەسیدە درێژەکانی غوربەتم
گەرم دەکەنەوە
وەک شلکە ڕێواسێکی ناسکیش
سەرگۆنای
زورگە وشکهەڵاتووەکانی خەیاڵم و
نێو دەمی
کێڵگەی ئارەزووەکانم / تەڕدەکەیتەوە ...!


ئابی ٢٠١٨
ماڵپه‌ڕی ناڵه‌ حه‌سه‌ن

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک