٢٥\١٢\٢٠٠٩
شێخەکانی قەتەر،
جەلەوەو ئەلهام خانم.

سەلام عەبدوڵا
پاش وانەگوتنەوە چووم بۆ گۆڕینی رۆنی ئۆتۆمبیلەکەم. لەوێ گەنجێک وتی:
ئیمڕۆ کۆمەڵێ شێخی وەڵاتی قەتەر لەگەل خزمەتکارە فلپینی و
تایلەندییەکانیان بە ئۆتۆمبیلی"مۆنیکا" لەگەل پاسەوانەکانیان لە شار
تێپەڕن و لەبارەیەوە وتی: دەڵێن ئەو شێخانە واشەیەکی گرانبەهایان
ونکردووەو بۆی دەگەڕێن!
هەر
لەو شوێنە، یەکێک بەجلوبەرگی کرێکاری بەدەوری عارەبانەکەی بوو و بەبێ
ئەوەی بمناسێ، وتی: بەختی پیاوی فەقیر، بەم بەیانییە هێشتا سفتاحم
نەکردووە، تایەری عارەبانەکەم تەقیوە و دەبێ چاکی بکەمەوە...ئەمە ژیانە؟!
- ناوتان چییە؟
- ستار سەلیم عەلی
- چەند منداڵتان هەیە؟
ستار: عەلی، حەسەن، هەیفا
خەڵکی خانەقینن؟
ستار: خەڵکی(کانی ماسی)م. لە1957بەزۆرەملی بۆ نەجەف گوێزراینەوەو ئێستا
گەڕامەتەوەو لە (بەختیاری)نیشتەجێم.
گەڕەکی
جەلەوە یەکێکە لە گەڕەکە کۆن و هەژارنشینەکانی شارەکەیە. بەشێکی
لەبەرچاوی ئەم گەڕەکە لە کەلاوەی شڕو وێران پێکهاتووە. لەپیاسەکی نێو
ماڵەکان، دەرکەوت: دەرگای ماڵی ژمارە 28/124بەدرێژایی کات داخراوە،
بەڵام لەپشت ئەو دەرگایە، وەک دراوسێیەکی وتی(خانم ئەلهام مەهدی،
تەمەن50ساڵ بەتاقی تەنها و لەبارێکی دەروونی وێران لەسەر"خێری
خەڵک"و30هەزار دینار فەقیرانەکەی مەڵبەندی یەکێتی دەژێ). هەر لەپێش ئەو
دەرگایە، مەحەممەد سایەخان وتی: زۆر بەدەگمەن لەماڵەوە دەردەچێت،
هەفتەی وا هەیە هەر لەخۆیەوە نیگەران دەبێت و قسەمان لەگەل ناکات.
ئەلهام مرۆڤێکە، بەڵام وەک ئەو ژمارانە کە بۆ زیندانییە سیاسییەکانی
ناو ژوورە تاکە کەسییەکانی دبلن، شتامهایم یان سان سباستیان دیاریدەکرێ،
مامەڵەی لەگەل دەکرێ. شوێن ورێگەوبانەکانی هەست و سۆزە مرۆییەکەی و
پێداویستییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکەی لێ زەوتکراوە. بەمانەیەکی تر،
دەمێکە فیشەکی"رەحمەت"یان پێ ناوە، بەڵام هێشتا بەشێوەیەکی ئۆرگانی
بیردەکاتەوەو بکوژەکەی نەناسراوە!
جەلیل
باوەخان هەر لەخۆیەوە ئاماژەی بە باوکی دا و وتی: باوکم لە چلەکانی
سەدەی رابردوو خانووی بەساڵاچووانی دامەزراندو نزیکەی8خێزان لەناو
ماڵەکەی دەژیان، بۆ نموونە(خێزانی مەلا عەلی، جەلیل، خاڵو نەنسوور،
مورادخان)لەوێ بەخۆڕایی نیشتەجێ بوون و بژێویانی دابیندەکرد. ئێستا کچی
ئەو پیاوە(سۆزان، ژمارەی تەلەفۆنەکەی07701080989)، پاش کۆچی دوایی
هاوسەرەکەی، وەک دایکی3منداڵ(رەسول، تەبارەک، غوفران)بێکارەو پێویستی
بە هاوکارییە، بە مەرجێک مامۆستایەو حەز دەکات بۆ پیشەکەی بگەڕێتەوە،
بەڵام نایگەڕێننەوە.
جەلیل وتی: دەبێ بۆ ماڵە هەژارێکی نابینا بڕۆی:
(ئەحمەد محەممەد عەزیز، نەرگس ئەحمەد)خاوەن4منداڵ(شەهاب، یونس، عەلی،
زەینەب) لەناو دوو ژووری شڕ دەژێن. هەر چوار منداڵەکەیان بەهۆی
هەژارییەوە قوتابخانەیان بەجێهێشتووە.
-بۆچی لە قوتابخانە دەرچوون؟
ئەحمەد: ئیتر!
ئەحمەد دوکانێکی بچوکی هەیە(چوار نوقول و پسکێت دەفرۆشێ)و
مانگانە200هەزار دینار لە مەڵبەندی یەکێتی، وەردەگرێ، بەڵام ئەم بڕە
پارەیە بەشی خێزانێکی6نەفەری دەکات؟
ئەحمەد وتی: من لەساڵی1973لەژێر ئەشکەنجەی ئاسایشی بەعس هەردوو چاوم
لەدەستدا.
- بۆچی؟
ئەحمەد: جمێنیان بە مەلا موستەفا داو منیش جمێنم بە ئەحمەد حەسەن بەکر
دا. سوپاس بۆ د. فەتحی ئەحمەد کە لە زیندان ئازادبووم. ئیسلام دەستگیری
کردم و ئەو مەسیحییە رزگاری کردم.
ژمارەی تەلەفۆنی ئەم خێزانە: 07708947934
چەندین ماڵوێران و نەگبەتی هەیە، بەڵام تاریکایی داهات، تیشک و رەنگی
کڵۆپەکانی کۆرنیش و ماڵەکان، ئەڵوەنیان زیاتر جوان و دڵگیر کردووە.
لەسەر پردی بچووک رێگام گرتەبەر، پیاوێک بەرووماندا هات و هەر لە
جلوبەرگەکەی دیاربوو داماوێکی بێ حکومەتە.
- برا دەتوانم لەگەلتام قسە بکەم؟
بەدەم رۆیشتنەوە وتی(ئیسە کەی وەخت قسەکردنە...قسەی چە؟...)
برادەرەکەم وتی: ئەوە ناوی(خەیری عەباس)ە. تا پێشی چەند سالێک لە
هەولێر فەرمانبەر بوو، بەڵام بەهۆی نەخۆشییەوە کارەکەی بەجێهێشتووەو
لەسەر کۆمەکی ئەم و ئەو دەژێ.
ئەمە باری ژیانی توێژێکی بەرینی خەڵکی شارێکە لەسەر قەرز دەژین....شارێک
زۆرێک لە دانیشتوانەکەی حکومەت نایانناسێ و نازانێ بە چ شێوەیەک
رۆژگاریان بەسەر دەبەن یان لەباشترین حاڵەتدا ناتوانن ژیانێکی تا
رادەیەک شایستە بە مرۆڤیان بۆ دابین بکەن، بەڵام دەتوانن قسەی زل و
لافی عەداڵەت و پارێزەری و نیشتمانپەروەریان پێبفرۆشن...لەوە ناخۆشتر
دوو رۆژە لەلایەن دوو کەسەوە، دوو جار گوێم لێ دەبێ: ئەوانە زۆرن....ئەوانە
لەهەموو شوێنێک هەن و زۆرن....!
|