١٠\١\٢٠١٢ شەیداهۆ... ماڵاوا.
دەزانم زۆر لە بەرپرسەکانی ئەمرۆی کوردستان ئەوانەی سەرزمان و بنزمانیان رێزگرتن لەهزر و قەڵەمی ئازاد و دیمۆکراسیەت و مافەکانی مرۆڤە بە شیعرەکانی شەیداهۆ قەڵس و هاروهاج دەبوون، ئاخر ئەو باسی گەندەڵی و ناپاکی و خزم خزمێنەوە خێڵ و زمانی عەشرەتی دەکرد، باسی کاسەلێسی و مشەخۆری ئەو بەناو (رۆشنبیر)انەی دەکرد کە تا دوێنی لەبەردەم رژێمی ئەنفال و کورد قڕاندا چۆکیان دادابوو، مخابن ئەوڕۆش لە سایەی ئەو رەوشە سەیر و سەمەرەی کوردستاندا لە پێشی پێشەوەن، تەنانەت کاربەدەستن و کەناڵەکانی و راگەیاندن و رۆشنبیریشیان کۆنترۆلکردووە.
هەرچەند من لە نزیکەوە شەیداهۆم نەدەناسی وەلێ لە رێی وتار و تێکستە شیعرییەکانی زۆر پێی ئاشنابووم و سەرنجی راکێشابووم، بۆچی؟ چونکە نووسین لای شەیداهۆ پەیام و هەڵوێست بوو ، هەر بە تەنێ گوزارش نەبوو لە کەف و کوڵێکی سۆزدارانە و رۆمانسیانەی رووت و قوڵبوونەوە بەرەو خود و ناخی خۆی، هەروەکو چۆن ئەم شەپۆلە لە دوای راپەرین لە نێو شاعیرانی ئێمەدا سەریهەڵدا، بەپاساوی مۆدیرنێتە و ئەفراندن و جوایەزی و رچە شکاندن، کە لە لاسایی کوێرانەی ئەزموونی شاعیرانی بیانی شتێکی دیکە نەبوو و هیچیشی بەرهەم نەهێنا، جگە لە ژاوەژاوێک و هەرایەک کە تەنها لە چوارچێوەی لاپەڕەیەی رۆژنامەیەک یان گۆڤارێکدا لەوە زێتریش چواردیواری هۆڵێکی بچووکدا کە تاک و تەرا چەند خوێنەوارێک گوێرایەڵی بوون، بەڵام شەیداهۆ وێڕای کەم ئەزموونی و بەڵام زۆر دەوڵەمەند لە هەست و نەست و نزیکی لە کۆژانەکانی خەڵک، ئەو بە شیعرەکانی لە ناخ و هەستی رەشورووتی وڵاتەکەی دەدوا و باسی خەون و ئازارەکانیانی دەکرد، بە تایبەتیش لەم ساڵانەی دوایی وتار و تیکستە شیعرییەکانی گەواهیدەری ئەم بۆچوونانەن.
ماڵاوا شاعیری پەیام و هەڵوێست و غەریبی.
|