په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٤\٢٠١٣

 شیعر لە ئەستانەی دەزگا رەشنالیستەکان و هزرە جیاوازەکاندا.
- (ئەو ھەورانەی نەبوون بە ماچ)ی (چنوور نامیق) وەکو میوانی ئەو ئەستانەیە -


بڵند رۆستەم        

(ھوکسلی): پێموایە (دیکارت) باشترین و مەزنترین و کامڵترین نوێنەری فەلسەفەی زانستی تازەیە...
(لایب نتز): فەلسەفەی (دیکارت) وەکو داڵانێکی حەقیقەت وایە، پێویستە بچیتە ناویەوە، بەڵام نابێت زۆر تیایدا بمێنیتەوە....
(دیکارت) لە ساڵی (١٥٩٩)ی زاینی لە یەکێک لە خانەوادە دەوڵەمەندەکان لەدایکبووە. بۆ ماوەی سێ ساڵ لە پاریس ژیاوە، دواتر رووی لە ھۆڵەندا کردووە.
(دیکارت) ژنی نەھێنا، وەلێ لە رێگەی ھاوسەرگیری قەدەغەوە، کچێکی ھەبوو ، ئەو کچەشی لە تەمەنی پێنج ساڵیدا مرد.
لە ساڵی (١٦٤٩)دا رۆیشتووە بۆ سوید و ھەر لەوێ و لە ساڵی (١٦٥٠)دا، بە نەخۆشی مردووە...


(دیکارت) زانستی بە پەیڕەوکاری یاساکان دەزانی ، رەوتی زانستی بە شێوازێکی رێکخراو و میتۆدئاسا خستە روو ، بۆیە فەلسەفەی ھاوچەرخ لە (دیکارت)ەوە دەستپێدەکا.....


(دیکارت) بنیاتنەری مەزھەبی دووالیستی نوێیە و لە فەلسەفەی ھاوچەرخیشدا ، خاوەنی میتافیزیکی دووالیستییە.


کەرستەی مادی کەرستەیەکە خاوەنی مەودایەکی درێژە و (بیرکردنەوە)ش سیفەتە سەرەکییەکەی عەقڵانیەتە ،بوون لە نێوان (بوونی درێژکراوە)و (بوونی ئاقڵ)دا سنووردار کراوە لای (دیکارت).


دواجار (دیکارت) باس لە بوونی پەیوەندییەک دەکا لەو دووالیستەدا ،بەبێ ئەوەی چلۆنایەتی و شێوەی ئەو پەیوەندییە بخاتە روو.


بوون لە (ئەو ھەورانەی نەبوون بە ماچ)ی (چنوور نامیق)دا، فۆڕمی جیاوازی ھەیە ، ھەر جۆرێکی بوونیش لە قەسیدەیەکدا ھەڵگیراوە ، قەسیدەکان ھەڵگری بوونە جیاوازەکانن کە سەرەڕای جیاوازییان ، بازنە گەورەکەی بوونی فکری کۆیان دەکاتەوە ، جگە لە چەند قەسیدەیەک ، کە بوون بوونێکی شیعری رووتە و داماڵراوە لە بوونی فکری ، رەنگە شاعیر خودئاگایانە ئەو کارەی کردبێت:

((ملوانکەیەک لە رەنگی غەیب
کریستاڵێکی بازنەیی و
جوتێ گوارەی پڕ لە حەدیسەکانی گەڵا
بیستنم لێ ئەکەنەوە بەڵام ھێشتا لەوانەیە
نەمناسییەوە...)).


لە قەسیدەی (ئەگەر ھاتی بە گەڕەکی باخا وەرە) ، بوونێک ھەستی پێدەکرێ ، لەنێوان دوو جۆر لە بووندا سنووردارکراوە (ھاوشێوەی ئەو بوونە سنووردارکراوەی دیکارت خستیە روو) ، وەلێ ئەگەر (دیکارت) قسەی لەسەر (بوونی درێژکراوە)و (بوونی ئاقڵ) کردبێت ، ئەوا (چنوور) باس لە (بوونێکی شیعری) و (بوونێکی شاعیرانە) دەکات ، کە پەیوەندییەکی قووڵ لەنێوانیاندا ھەیە (دیکارتیش باسی بوونی پەیوەندی دەکرد لە دووالیستەکەدا).


روونکردنەوەی ئەو پەیوەندییە بۆ (دیکارت) ، پێویستییەکە (دیکارت) خۆی لێ دزیوەتەوە ، وەلێ خستنە رووی ئەو پەیوەندییە بۆ (چنوور) پێویستی نییە ، چونکە ئێمە مامەڵە لەگەڵ تێکستێکی ئەدەبیدا دەکەین کە شیعرە.

(چنوور) بۆ رزگاربوون لە کۆمیدیا و تڕاژیدیای پیاوە دووبارەکان ، ھانا بۆ دەرگا و پەنجەرەکانی گومان دەبا ، وەلێ خودی گومانیش بە گومانە لەو پیاوە تەقلیدییانە ، بۆیە (چنوور) تۆزێک دەگەڕێتەوە دوواوە و بە چاوێکی جیاوازتر لە ژنبوونی خۆی رادەمێنێ و گومان وەکو وشەیەک دەکاتە رەمزێک بۆ ناسینەوەی پیاوە دووبارەکان و گومانکردنیش وەکو پڕۆسەیەک دەکاتە وێستگەی تاقیکردنەوەی ئەو پیاوانە . ئەوەی ئەنجامی تاقیکردنەوەکان رادەگەیەنێ ، خودی شیعری (چنوور)ە ، ئەوانەشی رەخنە لە ئەنجامەکان دەگرن ، دیسانەوە شیعرەکانن ،واتە شیعری (چنوور) ، شوێنێکە بۆ رەخنەگرتن لە رەخنە و شتی تر.

((ژوانی من و تۆ خەونێکی بێ وڵاتە ھاوڕێ
زەمینێکە بستێ باخچەی تیا نییە
خەیاڵێکە
لە تاڤگەکانی راستیدا نوقمە
تنۆکە ئارامی و خۆشیی
پێوە نییە.)).


ئەو گومانکردنەی (چنوور) لە پیاو و رێژەی پیاوبوون ، بەرەو جۆرێک لە گومانکردنی گشتی پاڵی پێوە دەنێ ، کە لە ھەندێ شوێنی شیعرەکانیدا ،(چنوور) بە گومانە لە کۆی شتەکان بە خودی گومانیشەوە.


شاعیر بە گومانە لە گومان و گومانکردن ، گومانیش بە گومانە لەو پیاوە دووبارانەی (چنوور نامیق) بە گومانە لێیان.


ئەم دیدەی (چنوور) بۆ گومان ، راستەوانە دەگۆڕێ لەگەڵ دیدی (دیکارت) بۆ گومان ، بە رەچاوکردنی بوونی شیعرگەلێک لەو ناوەندەدا و ئەوەشی کە لای (دیکارت) پەی براوە ھەستەکییەکان جێگای گومانن و تاقە راستی کە جێگای گومان نەبێت ، خودی گومانە ، بەڵام (چنوور) لەو گومانەش بە گومانە:

((لە سەرەڕێی راستی و گوماندا
بە قومێ شەراب سەرم گەرمە و
دواین گۆزە لەبەر پێی سەفەر دەشکێنم
بە قوڕی فرمێسک و شەراب
ئادەمێکی دوور لە ژیان دروست دەکەم.)).


گومانکردن مانای بیرکردنەوەش دەگەیەنێ ، ئەمە زانستێکی رەھایە و بۆ پێشکەوتن لە سنووری میتافیزیکدا بنەمایەکی بە کەڵکە ، ھەر لەو تیۆریەی خۆیدا ، (دیکارت) سیستەمی خۆی لەمەڕ میتافیزیکەوە قوت دەکاتەوە.


(دیکارت) لە دیدی خۆیەوە بۆ سروشت ، پێیوایە شتەکانی سروشت ، بابەتی ھەستەکان و گوزەرکراوەکانی خودناسین و بنەمایەکی میکانیکی پێویستە رۆڵی ھەبێت لە راڤەکردنیان.


ئەو باوەڕی بە فەلسەفەی سەروو سروشت و بنەمای سەرەکی فەلسەفەی ئایدیالیست ھەیە و لە کۆی زانستەکاندا پشتی بە شێوازی بەڵگەداریانەی بیرکاری بەستبوو.


(دیکارت) پێچەوانەی (ئەرستۆ) بوو ، یەکەمیان:


فەلسەفەکەی خۆی لە سەرووی سروشتەوە دەستپێکرد و بە سروشت کۆتایی پێھێنا.


دووەمیان:


بە سروشت دەستی پێکرد و بە سەرووی سروشت تەواوی کرد.


(دیکارت) دیدێکی ھاوبەشی ھەیە لەگەڵ( کانت)دا ، کە بیرکردنەوە لە (شت لە خودی خۆی) بەبێ کەڵک دادەنێ و پێیوایە مرۆڤ ماشێنێکی رۆحلەبەرە و گیانەوەرانی تریش ھەمان ماشێنن ، وەلێ بەبێ رۆح.


لە شیعری (چنوور)دا ، ململانێیەکی بەھێز ھەیە لەنێوان سروشت و سەرووی سروشتدا ، ئەوەی دیدی شیعری (چنوور) کە لە شیعرەکانیدا رەنگیداوەتەوە، جیادەکاتەوە لە دیدی (دیکارت) و (ئەرستۆ) کە لە تێزە فەلسەفییەکانیاندا رەنگی داوەتەوە ، ئەوەیە کە (چنوور) پیاوێک یان چەند پیاوێکی کردۆتە شوێنی یەکلایکردنەوەی ململانێیەکە.


واتە:
ئەگەر لای (دیکارت) و (ئەرستۆ) ، ململانێ ھەبێت لە نێوان:

١- پێشکەوتنی سەرووی سروشت لە ئاست سروشت خۆیدا .
٢- پێشکەوتنی سروشت لە ئاست سەرووی سرووشتدا .

ئەوا لای (چنوور) ململانێی نێوان:

١ -پێشکەوتنی سەرووی سروشتی پیاو لە ئاست سروشتی پیاو خۆیدا.
٢- پێشکەوتنی سروشتی پیاو لە ئاست سەرووی سروشتی پیاودا ، بەدیدەکرێ:

((ئەم ساتە شەرمکوژانە
ھاوارم تێدا سەوز ئەکەن
ئەم پیاوستانە بێ شەرمە
خەونەکانم بێدار ئەکا
تۆ و
پیاوستان و
ساتەکان
پەلکە سەوزەکانم
ئەکەنەوە !)).


زۆرینەی ئەو تەوژمە شیعرییانەی لە دووای رۆشنگەرییەوە دروست بوون ، عەقڵ و ھەستیان وەکو دوو چەمکی دژ بەیەک بەکارھێنا.


مۆدێرنیتە بەرھەمھێنەری لۆگۆسی شیعرییە . لۆگۆسی شیعری لەگەڵ ھاتنە کایەی سیمای مۆدێرنیتە ھاتە ناو شیعرەوە ، لۆگۆس ھانی شیعریدا بۆ گوتنی راستی و پشتگیری عەقڵی دەکرد ، لێرەوە شیعر وێنەیەکی واقیعی و فەزایەکی واقیعی و دونیایەکی واقیعی بوو ، رۆڵی فەلسەفەی مۆدێرنیتە لە بەلانانی ئەو پێدراوە میتافیزیکییە ، یەکێکە لە باسەکانی فەلسەفەی پۆست مۆدێرنە . لە شیعری (چنوور)دا ، ھەست و عەقڵ نەک ھەر دژ بەیەک نین ، بەڵکو ئاوێتە و ھاوسەنگەرن ، یەک مەبەستی شیعری کۆیان دەکاتەوە ، ئەویش نووسینەوەی شیعرێکی جوانە کە خاڵی نەبێت لە عەقڵ و واقیع و تەژی نەبێت لە ھەست و سۆز ، بەڵکە جۆرێک لە پەیوەندیی شیعری ھەبێت لەنێوان عەقڵێک بانگەشەی بەواقیعیکردنی شیعر دەکا و ھەستێک ئیش لەسەر دوورکەوتنەوە لە حەقیقەت دەکا ، ئەو پەیوەندییە (عەقڵی - سۆزی)یە ، لە زۆربەی دێرەکانی شاعیردا بە ئاشکرا ھەستی پێدەکرێ و بە ئاسانی دەستمان پێی دەگا:

((چەندین پیاڵەی نیوە پڕمان لەدوا جێما
چەندین خەیاڵە شیعری جوانمان کوشت
بۆیە ئێستا پێش جێھێشتنی ماڵی دوێنێ
لە بەردەم گوڵێکی ژاکاو
تاوی بێدەنگی ئەنوێنم
تا خەیاڵم پڕ بێ لە گوڵ
کێ ئەڵێ ئەگەڕێمەوە ؟)).


ئەدەبیاتی ئیرۆتیک ، رەھەندێکی دیاری ناو کۆمەڵگە ھاچەرخەکانە ، میکانیزمی سەربەخۆی ھەیە و چەمکەکانی سێکس و ئیرۆس و جەستە ، لە ئاستی پاتۆلۆژی بەکاردەبا.


ئەگەر ئیرۆس بمرێ ، یەکێک لە دیاردەکانی ناو بوون لەگەڵیدا دەمرێ ، ھەنوکە ویست بۆ جەستە بەشێوەیەکە ، ئیرۆتیزم و پۆرنۆگرافیایەکی میکانیزمی پەیڕەوی لەو ویستە دەکەن . ئەمەش بگۆڕی جەستەیە لە جەستەیەکی پڕ لە سۆز و ھەستەوە ، بۆ جەستەیەکی کارپێکراوی ئێستەکی . دواجار دەپرسین : پێگەی ئیرۆس چۆنە لە شیعری (چنوور)دا؟


بۆ دیاریکردنی پێگەی ئیرۆس لە شیعری (چنوور)دا ، پێویستیمان بە رەچاورکردنی پێگەی عەقڵ و ھەست ھەیە لە شیعرەکانی شاعیردا و ئەو پەیوەندییەشی لەنێوان ئەو دووانەدا ھەیە.


ئەگەر قەراربێت شیعری (چنوور) جەستەیەکی بەرجەستەی ھەبێت ، ئیرۆس رۆحی ئەو جەستەیە و جەوھەری ئەو جەستەیەیە ، لە دەرەوەی ئەو جەوھەرە ، تووشی بەیەکداکەوتنێکی ناشیعری دەبین لەگەڵ شیعرەکانی شاعیردا ، بەیەکداکەوتنێک بە مردنی جوانی و کوژرانی جۆرێک لە واقیعیەتی شیعری کە خاڵی نییە لە سۆز ، کۆتایی دێت :

((جارێ مەڕۆ
وا شەوێک دێ
لە نەزرەی بێ نەزرەتا
رووم زەرد ئەبێ
مەڕۆ با چاوم پڕکەم لێت
تەمەن بەشی دوو دیدارە و
زیاتر ناڕوا)).


لە ھەندێ لە شیعرەکانیدا ، (چنوور) ھەوڵدەدا وەکو کەسێکی نەخۆش دەربکەوێ کە نەخۆشی زۆری بۆ ھێناوە ،(چنوور) ئەو نەخۆشییە بەشیعریکراوە دەگوازێتەوە نێو شیعرەکانی و لەوێشدا دەیسەپێنێ بەسەر تاکێکدا کە خودی شاعیرە ، ئامانج لە ھەموو ئەمانە، تەنھا دروستکردنی جوانی تازە و گەیشتنە بە جوانییە کۆنەکان و نۆژەنکردنەوەی ئەو جوانییە سیکڕابانەشی لە زبڵدانی جوانیدا فڕێدراون . (چنوور) نەخۆشە بەھۆی فاکتەری جۆراوجۆرەوە ، ئەو وەکو ژنێک گلەیی ھەیە لەو فاکتەرانە و پێیوایە سنووری خۆیان تێپەڕاندووە ، لەو فاکتەرانەش:


١- پیاوبوون.
٢- بەپیاوکردنی ژن.
٣- ژنبوون وەکو جۆگەیەک بۆ گەیشتن بە سەرچاوە ، کە پیاوبوونە.
٤- پیاوە ژنانییەکان و... ھتد.

نووسەرێک کە وەکو نەخۆشێک دەردەکەوێ لە دەقەکانیدا ، مەرج نییە لە ئەرزی واقیعدا نەخۆش بێت . ھاوکێشەیەکی تریش ھەیە : مەرج نییە ئەو نووسەرەی لەسەر ئەرزی واقیع نەخۆشە ، نەخۆش بێت لەناو تێکستەکانیدا.


(گۆتە) نەخۆشی و لاوازی جەستەیی وەکو پێویستییەک دەبینی بۆ بەھرەمەندەکان . رەنگە بەرزی مرۆڤ لەودابێت بە بەراورد لەگەڵ گیانەوەرانی تر ، زیاتر نەخۆش دەکەوێت و ھەر خۆشی چارەسەری نەخۆشی خۆی دەکا . نەخۆشی وای لە (نیتشە) نەکرد وەکو نەخۆشێک بنووسێ ، ئەو بەدەست ئازاری چاوەکانی دەیناڵاند ، وەلێ نەخۆشی وایلێکرد بیربکاتەوە و بگەڕێتەوە قوڵاییەکان و لە دونیا سنووردارەکەی (فیلولوژی) چاو بپۆشێت:

((سەمایەک لە تۆم دائەبڕێ و
پایزێک بۆ دوورم ئەبا
چاو ھەڵئەبڕم
بینەرەکەم
دەستەکانی لە شێواندنی وەرزی رووم
ماندوو نابێ
رەشی چاو و سووری لێوم لەگەڵ ھەناسەی گەرممدا
سێینەی
وەرینی رۆحم ئەنووسنەوە...)).


لە سیماکانی ئەدەبی پۆست مۆدێرن ، بانگەشەکردنە بۆ ئاوابوونی جیھان و کۆتایی ھێنان بە سەردەمگەری . زۆر لە رەخنەگر و تیۆریزەکەرەکان ، ئەدەبی پۆست مۆدێرنیان بە بێ بنەما دادەنا ، بەھۆی رۆحی دژگەرایی ئەو ئەدەبیاتەوە.


رەخنەی پۆست مۆدێرن پێچەوانە بوو لەگەڵ رەخنەی کلاسیک . لە رەخنەی کلاسیکدا چەمکی رووخسار و ناوەڕۆک وەکو لێکدەرەوەیەک بۆ تێکستی شیعری بەکاردەھاتن ، دیدی شیعری مۆدێرن جیایە لە دیدی شیعری پۆست مۆدێرن ، زمانی شیعری نێو تێکستی شیعری پۆست مۆدێرن ، لە پشت ئەو جیاوازییانەوەیە.

 
شیعرگەرایی پۆست مۆدێرن نیھلیستی و دژەخودە . شیعری پۆست مۆدێرن بانگەشەی ئایدۆلۆژیا ناکا و لە پڕۆتێستی بەردەوامیش دایە دژ بە شیعرگەرایی مۆڕاڵی و سیاسی مۆدێرنیتی . جێناوی سەربەخۆی کەسی یەکەمی تاک لەو جۆر تێکستانەدا ، بەردەوام ھەست و عەقڵ دەخاتە ژێر پرسیارەوە.


ھەست و عەقڵ لەژێر تیشکی پرسیاردا ھەست بە جۆرێک لە گوزارشتکردنی خودی دەکەن . ھەست و عەقڵ خودی خۆیان شوێنێکن بۆ پرسیارکردن ، ئەکاتەشی دەکەونە ژێر گوشاری پرسیارەکانەوە ، مانای وایە ئێمە پرسیار لەبارەی خودی پرسیارەوە دەکەین ، یان بە تەفسیرێکی تر : پرسیار لە سەرچاوەی پرسیارەکان کە ھەست و عەقڵ دەگرێتەوە ، دەکەین ، وەلێ ئایە پرسیار لەژێر تیشکی پرسیاری تردا ئەگەری ھەیە وەڵامێکی دروستمان پێبدا؟


(چنوور) پرسیارگەلێک دەخوڵقێنێ ، کە سەرچاوەکەیان پرسیاری ترە ، پرسیارکردن لە پرسیارەکانی ئەوی تر ، پرسیار کردن لە پرسیارەکانی خودی پرسیارکەر ، دواجار پرسیارکردن لە پرسیار و وەڵامەکان بەگشتی:

((جگە لە دەمامکدارێکی دە روو
ھاوڕێ ئەو مەھزەلەی عەشقە تاکەی ؟
ئەو شەڕە جێگایە تاکەی ؟
کەی لەژێر چەتری ئێواران
رەنگەکان ئاشت بکەینەوە ؟)).


پەیوەندییەک ھەیە لەنێوان خەون و واقیعدا ،زۆر جار ئەو کەس و شتانەی لە ژیانی رۆژانەماندا دەیانبینین و مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین ، دێنەوە ناو خەونەکانمانەوە . ھەندێ لەو رووداوانەی لە ژیانی رۆژانەماندا تووشیان دەبین ، فۆڕمێکیان دێتە نێو خەونەکانمان ، ھەندێکجار ئەو پەیوەندییەی نێوان (خەون و واقیع) ھێندە بەھێزە ، ئەو رووداوانەی ھێشتا روویاننەداوە ، دێنە نێو خەونمانەوە و پێشبینی روودانی وەھا رووداوێک دەخەنە روو . لە کاتی خەوتندا ھەستەکانمان تەواو ناوەستن و خەریکی پەرچەکردارن لە ھزردا و ئەو پەرچەکردارەش رۆڵی ھەیە لە جۆری خەونەکە (ئەمەش ھەمان دیدی برگسۆن)ە . لەکاتی خەوتندا ، بیرەوەرییەکانی مرۆڤ کەسایەتی مرۆڤ ئاشکرا دەکەن ، چونکە لەو ئانەدا ھەستی ناوەوە زاڵە بەسەر بوونمان و (خۆئاگایی) لە چالاکی ناوەستێ:

((ئاگادار بە
ئەو تاریکییە نەتخواتەوە
ماڵێکم لە گەڵای شیعر و
وردە ھێلانەی خەم چێکرد
وەلێ چی بکەم
ئەم تاو لەرزە
پڕی کرد لە وردە مێژوو
ئەمێستا یەکە شاژنی دارستانم)).


لای فرۆید ئەو شیعرە شیعرە ، کە خەون و خەیاڵ بگێڕێتەوە . (چنوور) خەون نانووسێەوە ،خەونەکانی خۆشی ناگێڕێتەوە ، بەڵام زۆرجار خوێنەر وا ھەست دەکا (چنوور) خەوننووسە ، چونکە : (چنوور) لە واقیع دووردەکەوێتەوە و لە فەزایەکی ناواقیعیدا دەنووسێ ، فەزایەک دەکرێ خەون بێت.

فەلسەفە لە جەوھەردا بریتییە لە شیکردنەوەی زمان کە تەنھا بەھۆی ئەوەوە دەتوانین لە مانای بڕیارە زانستییەکان بگەین (ئەمەش ھەمان بۆچونی پۆزەتیڤیزمی مەنتیق)یە. لێکۆڵینەوە فەلسەفییەکان پێویستە لەسەر بناغەی شیکردنەوەی مەنتیقی زمان بن. پۆزەتیڤیستە مەنتیقییەکان کۆمەڵێک واژە بەکاردەھێنن پێویستیان بە روونکردنەوە ھەیە .(کارناپ) بۆ گەیشتن بەو دیدەی بۆ زمان خستمانە روو ،بڕیارەکان بۆ دوو بەش پۆلێن دەکا:

١- بینراوەکان subjective statements.
٢- مەنتیقییەکان logical statements.

ئەگەر فەلسەفە ئەو رۆڵە گرنگەی ھەبێت لە کایەی فەلسەفیدا ، ئەوا ناکرێ باس لە گرنگی زمان نەکرێ لە کاری ئەدەبی بەگشتی و شیعر بەتایبەتی . زمانی شیعری( چنوور) ، زمانێکە شوێنی بەیەکگەیشتنی جوانی و مانا و ئەوانیترە ، واتە زمان لای (چنوور) یەکسان بە جوانی و مانا و ھەموو ئەوانە بەیەکەوە ، بەڵام قسەکردنمان لەسەر زمان ، قسەکردن نییە لەسەر جوانی بەتەنھا ، ھاوکات قسەکردنیش نییە لەسەر واتای رووت ، زمان یەکسانە بەو ئاوێتەیەی جوانی و مانا لەناویدا تواونەتەوە ، ھەردوو تواوەکەش ، رۆڵیان ھەیە لە بەخشینی ناسنامە بە زمان ، بەجۆرێک لە دەرەوەی ئەو دوو تواوەیە ، بوونی زمان دەکەوێتە ژێر گومانەوە:

((لەگەڵ بادا گوزەر مەکە
تەماشام بەمەیلی فڕین مەگۆڕەوە
ھیلالی شەو
تاقە پەنای غەریبانە و
من لە حزوریا ناسرەوم
لە زەنگینانە بچڕاوەکانی ناو دەستم
پرشە ئەوین جێمەھێڵە)).


لە جڤاتێکدا کە جیاوازی چینایەتی بوونی ھەیە ، ئیستاتیکای باو کۆمەڵگە وەکو شوێنێکی گونجاو بۆ ژیانی مرۆڤ دەخاتە بەرچاو . جوانی ئەنتی ژیانە.

 

(فلۆبیر) پێیوایە جوانی مەبدەئێکە بۆ وێنە و وشەی رەوانبێژی و (بۆدلێر)یش بە شتێکی سەربەخۆ و دێوئاسا باسیدەکا . لە سەرەوە تا ئەندازەیەک باسی جوانیمان کرد ، لێرەشدا دیسانەوە باسی دەکەینەوە ، ئەمەش پەیوەندی ھەیە بە دیدی (چنوور) بۆ جوانی ، کە جوانی لای (چنوور) یەک بچمی نییە و (چنوور) فۆڕمە جیاوازەکانی جوانی تاقیدەکاتەوە ، ئەوا لە خوارەوە جۆرێکی تری جوانی لە نموونە شیعرییەکەدا خۆی مانیفێست دەکا ، کە زۆر جیاوازە لەو جوانییە شیعرییانەی لە سەرەوە خستماننە روو:

((رۆحم تاریکایی بردی و
نەیدامەوە
لە نامۆیی گەڕێ جارێ
با لێوی خەیاڵ تەڕ بکەین و
دڵی ئەم شەوە سەرقاڵە بدەینەوە
تەنیایی نوقمی تۆم دەکا
ملوانکەیەک لە دەریادا
چۆن ون نابێ!)).


(فرۆید) و (شۆپنھاوەر) پێیانوابوو ئەقڵ ئامێرێکە بەدەستی رەمەکەوە . ئیرادە ناخودئاگاییە ، جەستەش دەرکەوتەی سەرەکی بوون و دیارخەری ئیرادەیە.

 

ئیرادە میتافیزیکییە ، وەلێ ھۆش پەیوەستە بە سنوورەکانی فیزیکەوە . ھۆشیش دەرخەری بوونی دووەمی ئێمەیە.


ھۆش توانای دەرک کردنی نییە بەودیوی پەردەی ئیرادە .لای ئاژەڵان ئیرادە نزیکە لە ھەست ، ئەم ھەستەمان ھەمان ئەو ئاگاییە ئاژەڵییەیە کە ئەو بە گشت کردارە رەمەکییە سەمەرەکان مەحکوم بکا.


لە مرۆڤدا قۆناغێکی تری بڕیوە بەھۆی دەرکەوتەی سەیرەوە.


ئیرادە گەرەکیەتی ژیان بەردەوام بێت ، ئیرادە دوو لایەنەیە ، لایەنێکی ناوەکی و لایەنێکی دەرەکی.


دەکرێ لە رێگەی چاوەوە ھەست بە جەستە بکەین ، لەو بارەدا جەستە شتێکی دەرەکییە . دەشکرێ جەستە مەسەلەیەکی دەروونی بێت ، لەو حاڵەتەدا دەرک کردنی ئەو بۆ ئێمە، بە ھاوکاری ھەست و بیرکردنەوە نییە ، تەنھا خودی ئیرادەیە.


نزمی پلەی بوونەوەر دەبێتە ھۆی بەرزبوونەوەی پلەی ئیرادە ، رەوشتی مرۆڤ تا ئەندازەیەک پەیوەستە بە عەقڵەوە ، وەلێ رەوشتی ئاژەڵان تەنھا ئیرادەیەکی رووتە . لە ئیرادەوە نائاگاییەک سەرچاوە دەگرێ ، ئەمەش بارێکی سروشتیی بوونەوەرەکانی دونیایە.


نائاگاییەکی تەواو گیا و شتە رەقە مادییەکانی داپۆشیوە.


شیعری (چنوور) خاڵیی نییە لە ئیرادە ، ھاوکات ھۆشیش سەرتاپای دەقەکانی دانەپۆشیوە ، (چنوور) لەنێوان ئیرادەیەکی شیعری و ھۆشێکی بەشیعریکراودایە و لەوێوە قەسیدەکانی خۆیان بەیان دەکەن.

((چنوور لە خەونی شەوێکدا
رۆژگارێکی پۆشتەترە
تا لە بەرگی خەیاڵاوی تارماییەک
ئەو ھەمیشە
لە بەرگی سپی دەریادا
سەودای شەپۆڵی شین ئەکا
تاکو شوێن مەحاڵ بکەوێ
بۆیە شەپۆل
لە خەمی ئەودا نوقم دەبێ)).


بیردۆزەکانی (فیختە) لەبارەی خودەوە ، فەلسەفەی (فیختە)یان بە (ئایدیالیسمی ئاکاری) ناوبرد ، ئەو ئایدیالیستە لەسەر بنەمای ئیمانی ئەخلاقی بوو ، کە لە رێگەی ئەقڵی تیۆری سەرپشکی خۆمان بسەلمێنین.
(فیخنە) دەڵێ :
((خود ھەموو شتێکە ، بۆیە ھیچ شتێک لە دەرەوەی ئەودا بوونی نییە)).
(فیختە) واقیعیەتی لەسەر بنەمای خود دادەنا ، پشتی بەستبوو بە لایەنە خورافییەکانی فەلسەفەی (کانت) و بە بێ مانایی باسی خود و یاسای ئاکاری و مانەوەی رۆحی دەکرد.


(چنوور) لە ململانێ دایە لەگەڵ خودی خۆشیدا ، ئەوەشی ئەو ململانێیەی خوڵقاندووە ، خودەکانی تری دەرەوەی خودی شاعیرن.


ململانێی ئەوانی تر لەگەڵ یەکتری و لەگەڵ خودی (چنوور)یش ، بەرھەمەکەی ئەو ململانێ خودییەیە کە (چنوور) لەگەڵ خۆیدا دەیکا لە تێکستە شیعرییەکانیدا. خودی (چنوور) فرە خودە ، واتەچەند خودێکە لە یەک بازنەی خودبووندا:

١- خودی ئاگادار
٢- خودی بێ ئاگای شیعری
٣- خودی بێ ئاگای دەرەوەی شیعر
٤- خودێک دەرەنجامی نەزیفبوونی شیعرە:

((وەک راھیبەیەکی بەجێماو
پڕم لە وەنەوزی بڕیار لە نزای تازە زەیستان
ژیان لە خۆڕا ئەمگێڕێ
مانگ لە بێشەوقی تەماشامدا ھەڵبووە
چ رێیەکی دی شک نابەم
لە بۆ گەیشتن بە خۆم
لەبەر مۆمێکی لەرزۆکدا
رەنگ بۆ لێوم ھەڵئەڕێژم)).

_________________________________
سەرچاوەکان:
١- ئەو ھەورانەی نەبوون بە ماچ ،چنوور نامیق ، لە بڵاوکراوەکانی یەکێتی نووسەرانی کورد – لقی کەرکوک – چاپی یەکەم، ٢٠١٢.

II grande Gatsby / Francis scott Fitzgerad /   traduzione di Fernanda pivano/ Milano / 1998.

Jack Frusciante e useito dal gruppo / Enrico Brizzi / Milano / 1998.

 Sognavo l Africa / Kuki Gallman / traduzione di Roberta Rembelli / Milano.

 postmortem / patrica Cornwell / traduzione di Marco Amante / Milano.

 

ماڵپه‌ڕی بڵند رۆستەم

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک