په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\١٢\٢٠١٧

شیعر لە پێناو (ھیچ)دا.
- لە نێوان شیعری دوێنێ و ئەمڕۆ سەرنجێک -


سەدیق سەعید     


بەدرێژایی مێژووی شیعر وەک ژانرێک لە ئەدەبی کوردیدا، ھەمیشە شیعرھەڵگری ناوەڕۆک و گوتارێک بووە،کە لە شێوەی پەیامێکی سیاسی یاخود کۆمەڵایەتی، گوزارشتی لێکراوە.ئەزمووی شیعری ئێمە لە قۆناغی کلاسیکەوە تاکوشیعری ئازاد کە لە گۆرانی شاعیرەوە دەست پێدەکات و ئیدی کێش و قافیە لە شیعردا نامێنێت و فۆڕمێکی ئازاد وەردەگرێت، ھەڵگری ئەو گوتارە بووە. شاعیرانی ئێمە گەرچی دەرچووی ھیچ نێوەندێکی ئەکادیمی و مەعریفی نەبووینە، بگرە دەرچووی تەکیە خانەقاو مزگەوتەکان بووینە، بەڵام بەردەوام دیدێکی ڕەخنەیی و پەیامێکییان پێبووە بە ئامانجی ڕیفۆرمکردنی کۆمەڵگا. بە شێک لە شاعیرانی ئێمە بە ھۆی ئەو ڕۆشنبیرییە ئایینییەوە،خاوەنی پاشخانێکی فەرھەنگی و کلتووری بوونە، کە ئەمەش لە دەقەکانیان ڕەنگیداوەتەوە. بیرمەندی دیاری کورد کۆچکردوو مسعود محمد، لە بارەی ناڵییەوە دەڵێت:( یەک دێڕ شیعری ئەو شاعیرە، ڕەنگە زەمەنێکی درێژی بووێت تاکو بتوانین ڕاڤەی بکەین). چونکە دەقەکانی زۆرتر لە مانایەک و پتر لە یەک گوزارشتکردن لە خۆ دەگرن. بۆیە دەبینین لە ڕەخنە گرە کۆن و ئەکادیمییانی ئێستاشدا، دەگمەنن ئەوانەی لە شیعری کلاسیکی دەکۆڵنەوەو ڕاڤەی دەکەن. چونکە ئەو دەقانە ھەڵگری گوتار و مەدلولی شیعری بووینە. شاعیرانی ئێمە،لە چوارچێوەی ئەو بارودۆخە کۆمەڵایەتی و پەروەردەییەی تیایدا ژیاون، شیعریان نووسیوەو کەوتوونەتە ژێر کاریگەریەتی ڕووداوەکان و دیاردە کۆمەڵایەتیی و سیاسی و پەروەردەییەکان. ئەگەر چی ئەو وابەستە بوونەی دەقی شیعری بو دیاردەکانی بوون و ژیانی مرۆڤەوە، ڕەنگە لە ماناو فۆڕمی شیعرەکەی تاڕادەیەک کەمکربێتەوەو زۆرتر دروشم و گوتاری واقیعیانە لە شیعرەکاندا ببینین، بەڵام لە پاڵ ئەمەشدا،ئەو دەقانە ھەڵگری دیدێکی ڕەخنەیی وپەیامێک بوونە. واتە شیعرلە پاڵ ئەوەی دەقێکی ئەدەبییە ھاوکات مانفێستێکی کۆمەڵایەتیانەشە، بە ئامانجی ھوشیارکردنەوەی کۆمەڵگەوھاتنەوە بە گژئەقڵی دواکەوتوویی و ترادیسیۆن خوازانە. شیعر لای ئەو شاعیرانەی ئێمە، دیدێک بووە بۆ بینینی دیاردەکانی کۆمەلگەو ھوشیار کردنەوەی تاک. شیعری ئەو قۆناغانە ھەر تەنھا دەقێکی ئاسایی ئەدەبی نەبووە، بەڵکو میتۆدێکیش بووە بۆ ڕوانین لە ژیان و دەوروبەرو ڕەنگدانەوەی ژیانی کۆمەڵگەی ئێمە لە ڕووی کۆمەڵایەتی و سۆسیۆلۆژییەوە. لە گەڵ ئەوەشدا، چەندین وێنەی شیعری جوان و گوزارشتکردنی ئەدەبیانەی جوان،لەو دەقانەدا دەبینین، کە توانای شاعیران و دنیابینی شیعریانەیان دەردەخات. بۆنموونە: ناڵی دووسەد ساڵ زیاتر بەرلە ئەمڕۆ لە شیعرێکیدا دەڵێت:
لە ترسی تەڵعەتت ڕۆژ ھەر وەکو شێت
بە ڕووزەردی ھەڵات و کەوتە کێوان.


شاعیر وەسفی دەرکەوتنی کەسێک دەکات، کە ڕووی ئەوەندە گەش و جوان بووە، خۆر لە ترسی ڕووی ئەو شێت بووەو کەوتۆتە کێوان. لە نێوان خۆر و ڕووی یاردا، کە ھەردووکییان دروستکراوی پەروەردیگارن و خۆر سەرچاوەی وزەو گەرمییەکی یەک جار بەتینە، کە مرۆڤ ناتوانێت، لە بەرامبەری بوەستێت، کەچی ئەو خۆرە گەورەیە،ھێندە بچووک دەبێتەوەو وزەو سەرچاوەی گەرمی و ڕووناککردنەوەی نامینێت، تا ئەو ئاستەی لە بەرامبەر ڕووی کەسێکدا، بوونی نامێنێت. ڕووی ئەو کەسە خاوەنی جازبیەتێکی وابووە، زۆر بە ھێزتر لە جازبییەی دیاردە سرووشتییەکانی گەردوون. ناڵی بە چەند وشەیەکی سادەوبە دەربڕینێکی ساکار، جوانترین و پڕ چێژترین وێنەی شیعری خوڵقاندووە. خوێنەوەی ئەو چەند دێڕانە، کەبەشێکن لە شیعرێکی درێژ و لەلایەن (قادر زیرەک)ی نەمرەوە کراوە بە گۆرانی، لە پاڵ ماناکەی چیّژی خوێنەوەش بە خوێنەر دەبەخشێت. خوێنەر کە ئەو دەقە دەخوێنێتەوە، زەمەن لە بیر دەکات. بەو مانایەی واھەست دەکات شیعرێک دەخوێنێتەوە، کە لە ئێستادا نووسراوە. لە بەرامبە ئەمەدا، نموونە لە شیعرێکی ئێستا وەردەگرین، نەک بۆ بەراورد کردن، نەک بۆ ھاوتا کردنی شاعیرەکان بە یەکتری، کە ئەمە کارێکی نەکردەییە، بەڵکۆ بۆ ناساندنی بە شێکی زۆری ناوەڕۆکی شیعری ئێستا و نەوەی ئێستا، کە لەوانەیە دەنگی داھێنەرانەشیان تێدا بێت. لێرەوەش نموونە لە یەک شیعری( رامیارمحمود) دێنینەوە. ئەو شاعیرە لە دێڕە شیعرێکیدا دەڵێت:
خودایە ھێندە بێزارم
خەریکە گو لە دەم و قینگم دێتە دەرێ..


ئەم دەربڕینانە، کە بەدەرن لە ھەموو جۆرە ئاماژەیەکی واتایی، نەک ناچنە خانەی شیعرەوە بەڵکو لە دەرەوەی زمانی گشتی و ئاسایی نێوان مرۆڤەکانیشە. بیرمان نەچێت لە قسە کردندا، پەیوەندییەکی ئۆرگانیکی لە نێوان وشەکاندا ھەیەو دواجار لە ڕستەیەکدا مانایەک دەگەیەنن. بەڵام ئەو دەربڕینەی ڕامیار محمود، ناچێتە خانەی ھیچ جۆرە پۆڵێنکردنێکی وشەو ماناوە. چونکە نە یەکێتی بابەتی نێوان وشەکان و نە وێنەی ھونەری و نەھیچ چێژو ئستاتیکایەکی شیعریشی تێدایە. تەنھا ڕێزکردنی چەند وشەیەکی بەدوا یەکتری داھاتووە، بە بێ ئەوەی ھیچ دەلالەتێکی شیعری بگەیەنن. ئاخر شیعر داھێنانە، گوتار و ماناو پەیامە، ئەم جۆرە دەربڕینانە، لە پێناو ھیچدان. بالەوانەش ھەمووی بگەڕێین، بابپرسین مرۆڤ کە بێزاربوو، گو لە دەمی دێتە دەر؟ بێزاری و تەنھایی زۆرجاردەبنە پاڵنەری سایکۆلۆژی و ھزری و کە داھێنان دروست دەکەن. مرۆڤ کە بێزاربوو، نابێ بکروزێتەوە، نابێ ھێندە زەلیل بێت گو لە دەمی بێتە دەر، بە پێچەوانەوە دەبێ یاخی بێت و ھەوڵی سڕینەوەی ئەو دۆخ و ھەڵومەرجە بدات، کە بێزاریان کردووە. نابێ دەستەوەستان بوەستێ و چاوەڕوان بێت بڕشێتەوەو گولە دەمی بێتە دەر. ئێستا ئەگەر خوێنەر بۆ مانای شیعر و پەیامی شیعر بگەڕێت، لەو جۆرە دەقانە بە چی دەگات؟ جگە لە ھیچ؟ ئەمانە نووسین نین، بەڵکو ڕێزکردنی کۆمە ڵێک وشەی بێ مانایە، کە خوێنەر لە شیعر دەتۆرێنن. بێگومان وەک ئاماژەمان پێدا لە شیعری شاعیرانی دوێنێ، واتە لە قۆناغەکانی شیعری کوردی لە کلاسیزمەوە، تاکو ریالیزم و شیعری ئازاد لە سەرەتای سەدەی بیستەوە، تاکو کۆتایی ھەفتاکانیش و سەرەتای ڕاپەڕین، شیعری کوردی پەیامێکی ھەبووە. سیاسی یا کۆمەڵایەتی. شاعیرانی ئێمە بە شێک بوونە لە تراژیدیای خاک و مرۆڤی کوردو بە شیعر ھەوڵی بە گژھاتنەوەیان داوە،بۆ ھەموو ئەو دیاردە کۆمەڵایەتی و ھزریانەی وەک نۆڕمێکی کۆمەڵایەتی، بەشێک بوونە لە پاشخانی فیکری و فەرھەنگی کۆمەڵگای کوردی.ڕەخنە گرتنی دیاردەکان و ھوشیارکردنەوەی تاک، لە ڕێی گوتاری ئەو شیعرانەوە کە ئاراستەی تاکییان کردووە، مەبەستییان بووە کۆمەڵکە لە دواکەوتوویی رزگاربکەن و تاک ھوشیار بێتەوە. ئەمە سیمایەکی سەرەکییە لە شیعری کوردیدا. بێکەس لە ڕێی شیعرەکانییەوە، ھەوڵی یەکسانی نێوان ھەردوو رەگەزەکە دەدات و ڕەخنە لە ئەقڵی لاھوتی تاکەکان دەگرێت و داوا لە کۆمەڵگەی کوردی دەکات، چاو لە پێشکەوتنەکانی ڕۆژئاوا بکات.داوای لابردنی پەچەی شەرم لە ژنی کورددەکات. قانح دیدگایەکی مرۆڤدۆستی ھەیەو بەشیعر ھەوڵی یەکسانی و دادپەروەری مرۆڤەکان دەدات و بە گژ ئەقڵی بۆرژوازی و سەرمایەداری دادێتەوە. گۆران وەسفی جوانییەکانی سرووشت و ژن دەکات. شێخ ڕەزا بە شیعر ھەجوی پیاوانی ئایینی دەکات. شێرکۆبێکەس کوردبوون و شانازیکرن بە کوردبوون، دەکاتە شوناسی نەتەوەیی تاکەکان. زێوەرباس لەخوێندن و خوێندەواری دەکات. ئەمانەو دەیان نموونەی تر، کە شاعیرانی کورد لە ڕابردوودا، لە ڕێی گوتاری شیعرییەوە، ھەوڵی ڕیفۆرمکردنی کۆمەڵگا و ھوشیارکردنەوەی تاکەکانیان پێداوە و شیعر ئەو کاتانە ھەڵگری دەلالەتێک و ئاماژەیەکی بابەتی و فەرھەنگی بووە. بەڵام ئەگەر بەوردی لە بەشێکی زۆری گوتاری شیعری ئێستامان بڕوانین، دەبینین ھەڵگری ھیچ پەیام و ئاماژەیەک نییە.ڕاستە لە نێوان شیعری دوێنێ و ئەمڕۆ جیاوازییەکی زۆر ھەیەو شیعر لە ئێستادا، ھەڵگری گوتارێکی خودگەراییەوبەشێکە لە ئەزموونی تاکانەی شاعیر, بەوپێیەی زۆربەی شیعرەکان، لە بڕی بابەت لە خود دەدوێن. ئەمەش وایکردووە، کە زۆر جار شیعر ھێندە سادەو لاواز بێتەوە، تاڕادەی دەربڕینی چەند ڕستەیەک، بێ ھەموو چێژ و شیعریەتێک. بەشێک لە شاعیرانی ئێستا، شیعر وەک نووسینەوەی ئەزموونە تایبەتییەکانی ژیانی خۆیان دەبینن، ئەمەش دەکەنە گوتارێک لە شیعردا، لە ژێر ناوی شیعری نوێ و خودگەرایی و چەندین ناونیشانی تر. لە کاتێکدا، شیعری ئێستا ئەگەر وەک شیعری ساڵانی بیستەکان، ڕۆلی ھوشیارکردنەوەی تاکەکان و ڕیفۆرمکردنی کۆمەڵگاش نەبینێ، بەڵام دەبێ دەقێکی ئستاتیکی بێت و چیّژی خوێنەوە، لە ڕووی شیعریەت و وێنەی ھونەری، بە خوێنەر ببەخشێ.زۆربەی شیعرەکانی ئێستا،چیّژی خوێنەوە بە خوێنەر نابەخشن و ھەندێکییان تەنھا قسە ڕێزکردنێکی بێ ماناونابابەتییە. بۆیە دەبینین، خوێنەری شیعر بە بەراورد لە گەڵ خوێنەرانی ژانرەکانی دیکەی ئەدەب،یەکجار کەمبۆتەوە. ئەوەندەی ڕۆمان و چیڕۆک دەخوێنرێنەوە، ئەوەندە شیعرنا. لێرەدا، ئاماژە بۆ دەقێکی شیعری دەکەین، کە ئەویش دەقێکی (ڕۆژ ھەڵەبجەیی و پێشەوا کاکەیی)ەو بەھاوبەشی نووسیویانەو لە ژمارە (٣)ی گۆڤاری (باران) بڵاوکراوەتەوە. ئەو دووکەسەلە سەرەتای دەقەکەیاندا دەڵێن:-
قرژال نیوەڕۆیان دەعوەتی کیسەڵ بوو...
بەس ھێندە بەخاوخلیچکی چێشتی حازردەکرد..
دەبوو بە عەسر..
لەداخی گەرما قارچکی دەکرد بە کەپر..


بێگومان، دەسپێک لە سەرەتای ھەر دەقێکدا، گرنگی و کاریگەری خۆی ھەیە بۆ سەرنج ِراکێشانی خوێنەر و بەردەوامبوونی لە خوێنەوەی دەقەکەدا. زۆر جارناونیشان یاخود دەسپێکی دەقێک،سەرنجی خوێنەر ڕادەکێشێ. بەشێکیشیان ھەر لە سەرەتاوە، چیّژی خوێنەوەو بەردەوامبوون لە خوێنەوەی دەقەکە دەکوژن. ئەم چەند دێڕانە،نەک ھەرچێژ بە خوێنەری شیعر نابەخشن، بگرە ناچنە خانەی قسەکردنی ئاساییشەوە. وشەکان لەو کۆپڵە بەناو شیعریەدا، نە پەیوەندییەکی ئۆرگانیکییان بەیەکەوە ھەیەو نەیەکێتی بابەتییانەی نێوان وشەکان ھەیە. ئەمە وێرای نەبوونی ھیچ جۆرە ماناو مەدلولێکی شیعریش. خوێنەر لە بەردەم چەند وشەیەکی ئاسایی دایە،کە کۆکردنەوەیان لە چوارچێوەی چەند ڕستەیەکدا، ھیچ مانایەک ناگەیەنن.دەعوەتی قرژال بۆ کیسەڵ چییە؟ عەسر و کەپر چ پەیوەندییەکی بابەتی و شیعریان بەیەکەوە ھەیە؟ گرفتەکە لەوەنییە ئەوانە باسی ئاژەل دەکەن، گرفتەکە ئەوەیە نەیانتوانیوە ھیچ مانایەکی بابەتی و مەدلولێکی شیعری بدەنە پاڵ وشەکان. بۆنموونە: ڕۆمانی (کێڵگەی ئاژەلەکان)ی (جۆرج ئۆرێل) سەرجەمی کارەکتەرەکانی گیانەوەرانن، بەڵام جۆرج ئۆرێل لەو ڕۆمانەی ڕەخنە لە شۆرش و شۆڕگێڕان دەگرێت. بەڵام لەو کۆپڵە شیعریەدا، ھیچ مەدلولێکی شیعری و مانایی نەدراوەتە پالڕ وشەکان. سەرەتاییترین ئاماژەی ھەر دەربڕین و ڕستەسازییەک، گەیاندنی مانایە بە بەرامبەر. ئەمەش لە ڕێگەی پەیوەندی ئۆرگانیکی وشەکان بە یەکترییەوە. بەڵام بەلایەنی کەمەوە لەو چەند پەراگرافەدا، خوێنەر بەبەر ھیچ مانایەک ناکەوێت. لەوە شۆخیتریش ھەردوو شاعیر بۆ ئەوەی باری لاسەنگی شیعرەکەیان ڕاستکەنەوە، ھاتوونە وشەی (کەپر) و(عەسر)یان چونکە ھاوکێش و قافییەن، ھاوتای یەکتری کردۆتەوە. ئەم دوو وشەیە، تەنھا لە ڕووی کێش و قافییەوە لە یەکترییەوە نزیکن. دەنا ماناکانیان ھیچ پەیوەندییان بە یەکترییەوە نییە.بەلایەنی کەمەوە لەودێڕە شیعریەدائەم دوو وشەیە نە شیعریەت دروست دەکەن، نە فۆڕمێکی ئستاتیشکش بە دەقەکە دەدەن. تەنھا بە ئامانجی ھاوتاکردنی یەکتریان لە ڕووی کێش و ھاتنەوەی زمانەوانییان لە گەڵ یەکتریدا، لە شیعرەکە داندراون.دەنا مەدلولێکی ئەو تۆیان نییە کە چ بە دانانیان چ بە لابردنیان، ڕیتمی دەقەکە تێک بچێت. ئەم دوو شاعیرە لە نووسینی دەقەکەیان بەردەوام دەبن و ئەم جارەیان دەڵێن:
قرژاڵ کە ئاوماندووی دەکرد..
پاڵی دەنا بە نیوەڕۆ و..
لە عەسرێکی فێنکدا..
بەدوای تراویلکە دەگەڕا..


بالەوە گەڕێین کە قرژاڵ ئاو ماندووی ناکات. چونکە خۆی زیندەوەرێکی ئاوییەو ھەمیشە لە نێو کون و کەلێنی بەردی نێو ئاوەکان و قەراغ ئاوەکان دەژیت. بەڵام ھەرکەسێک شیعربنووسێت، دەزانێت تراویلکە کە بەمانای سەراب دێت، لە کەشی فێنک دروست نابێت. ئەم دیاردە سرووشتییە دەرەنجامی گەرمایەکی بەتینە کاتێ ڕۆژلە زەوی دەدات و ھاڵاوێک بەرزدەبێتەوە لە شێوەی کارێزە ئاوێک. بە زۆریش لە بیابان و شوێنە گەرمەکان ڕوودەدات.سەراب دیاردەیەکی بینراوی نابەرجەستەیە. دەرەنجامی دانەوەی گەرمی زەوییە، بە شێوەیەکی ستوونی. ئەمەلەلایەک لەلایەکی ترەوە دەکرێ خوێنەری ئەو دەقە بپرسێت، قرژاڵ بۆچی بە دوای تراویلکەدا دەگەڕێت؟ چ کاری بە سەرابە؟ دواتریش ئەو زیندەوەرە ھەرگیز لە ئاو دوورناکەوێتەوە. ڕەنگە کەسانێک خەیاڵی ئەوە بکەن، ئەمە شیعرەو مانای شیعریش لە دڵی خاوەنەکەیەتی. بەڵام شیعر گوتارێکە،بە ڕووی خوێنەران. ناشێ شیعرێک لە پێناوی ھیچدا بنووسین. وەک ئەوەی داداییەکان و سوریالییەکان،ئەگەرچی ئەویش ڕێبازێکی شیعری بوو، بەرمەبنای کارەسات و ڕووداوەکانی جەنگی جیھانی یەکەم بوو دەیاننووسی.کاتێ شیعریان خاڵی کردەوە لە ھەموومانایەک. بونیادی شیعر بەر لەوشە، ماناو پەیامە، ئاماژەو بابەتە، ئەگەر شیعرنووسین کۆکردنەوەوخستنە پاڵ یەکتری پەیڤەکان بێت بەتەنھا، بەبێ ڕەچاوکردنی پەیوەندی نێوان وشەکان، ئاماژە بابەتی و واتاییەکان،دەربڕین و ئستاتیکای وتن، بە دڵنیاییەوە ئێستا ھەموو کەسێک شاعیر دەبوو. کەخوێنەری شیعر کەمبۆتەوە، لە بەر ئەوە نییە شیعر جوانی نەماوە، لە بەر ئەوە نییە شیعر مەدلولی شیعریانەی خۆی نەماوە، شیعریەت و ڕیتم و جوانی لە شیعر نەماوە، بەڵکو لەبەر ئەوەیە کەسانێک ھەن، وشە ڕێزدەکەن و وەک شیعر دەیناسێنن. لەوە کارەساتریش، کەسانێکی دیکە ھەبن داکۆکی لەو وشە ڕێزکردنانەو قسە بێ مانایانە بکەن و بەشیعر دەرخواردی خوێنەری بدەن. بەڵام ئاخۆ دەتوانن ئەمە لە گەڵ ھەموو خوێنەرێکی شیعر بکەن؟ بێگومان مەحاڵە...

 

 

sadiqrwandze@yahoo.com
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک