٢٣\٩\٢٠١٧
شیعری کوردی دوای
راپەڕین، گۆڕینی ئاسۆکانی چاوەڕوانی.

عەبدولموتەلیب عەبدوڵا
پێشەکی.
لە رۆمانی (ژەنیاری ھەورەکان- عەلی بەدەر) دەڵێ تاکە دەنگێ تێگەیشتن لە
موزیکا بەرھەم ناھێنێ، ھەمیشە چەمکی موزیکا لە کۆمەڵێ دەنگی جیاواز
پێکدێت، بەڵام ئەو جیاوازییانە پێویستیان بە ھاوگونجان ھەیە، پێویستیان
بە ھارمۆنیایە، ئەگینا جیاوازییەکان ناڕێک دەکەونەوە! ھاڕمۆنیا وەک
فیکرەیەکی بنەڕەتی تێگەی موزیکای لە سەر بونیاد نراوە. دەشێ ھاڕمۆنیای
رەگەزە ئەدەبییەکان لە پانتایی کاری ئەدەبی و دەقی ئەدەبیدا چەمکی
ئەدەبییەت یان شیعرییەت بەرھەم بھێنن، ھەر لە سەر ئەو بنەمایەش دەگوترێ
(دەقی ئەدەبی) یان (کاری ئەدەبی) چوارچێوەیەک یان شانۆیەکی کراوەیە بۆ
ئاوێتەبوون و تانۆپۆی نێوان سێ بوون و سێ ستراتیژ و سێ دەق... بوونی
نوسەر و بوونی دەق و بوونی خوێنەر، دەق و دەقی نوسەر و دەقی خوێنەر،
ستراتیژی دەق و ستراتیژی دانەر و ستراتیژی خوێنەر.
بوونی دەق و دەقی نوسەر و ستراتیژی دانەر خۆی لە جەمسەری ھونەری بە
واتای (وولفگانگ ئایزەر ١٩٢٦-٢٠٠٧) و رەگەزە ئەدەبییەکان و جولەی
تەمومژاوی و بۆشایی و سپێتی و دابڕانەکان ھەڵدەگرێتەوە. بەڵام بوونی
خوێنەر، ستراتیژی خوێنەر، دەقی خوێنەر لە جەمسەری ئیستێتیکی و
تەئویلکردن و کردنەوەی کۆدەکان و پڕکردنەوەی بۆشاییەکان و گەیشتندا
ھەڵدەگرێتەوە.. جەمسەری ھونەری دەقی دانەرە و جەمسەری ئیستێتیکی ئەو
جێبەجێکردنەیە، کە لەلایەن خوێنەرەوە بە ئەنجام دەگات. لە ئاوێتەبوونی
ئەو دوو تەوەرەیە بۆمان ئاشکرا دەبێ کە (دەقی ئەدەبی) یان (کاری ئەدەبی)
نە تەنھا دەقی دانەرە و نە تەنھا لەگەڵ جێبەجێکار یەکدەگرێتەوە! بەڵکو
واقعی سێیەمە لە نێوان نوسەر و خوێنەردا.
ستراتیژی دانەر
لە نێوان (دەق) و (کار)دا.
جیاوازی نێوان کاری ئەدەبی و دەقی ئەدەبی ئەوەیە کە (کار)، کاری ئەدەبی
و ھونەری وەک کردەیەکی بەردەوامی تێگەیشتن، شتێک نییە بە دەستی بھێنین
و خاوەندارێتی بکەین، بەڵکو فۆرمێکە لە فۆرمەکانی (بوون) لە نێو
جیھاندا! کار خودی خۆی لە بوونێکی تایبەتدا پێشکەش دەکات، بوونێک کە بە
کاری ئەدەبی و ھونەرییەوە پەیوەست بێت و ئامادەییەکی ھەنووکەیی ھەبێت،
ئامادەییەک کە (حەقیقەت) لە رێگایەوە دەبێتە رووداو! بەمجۆرە کاری
ئەدەبی لە حەقیقەتی بووندایە، بەمجۆرە کاری ئەدەبی خۆی لە ماددییەتی
گوتن دەرباز دەکات، بەمجۆرە بوونی خۆی لە دەنگدانەوەی پرسی جیاوازی
خوێنەراندا ھەڵدەگرێتەوە!
بەڵام بۆ ئەوەی ئەو تێگەیشتنەی رابردوو شیاوی سەردەم بێ (ھانز رۆبەرت
یاوس ١٩٢١-١٩٩٧) رێکخستنی رابردوو و ئێستا لە چەمکی (ئاوێتەبوونی
ئاسۆکان) دەخەمڵێنێ. ئەو خەمڵاندنە جگە لەوەی ھونەرکاری و جوانکاری
ئیبداعی، لە رێگای جۆرەکانی وەرگر و خوێنەر و ئاستەکانی خوێندنەوە
دەستنیشان دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا پرس و دنیابینی سەردەمی ناوبراویش
دەخاتە بەر رۆشنایی و بەدواداچوونی جیاوازەوە.. ھەڵبەتە دەمەوێ بڵێم
ئامانجی ئەو تێزەی (یاوس)ی رەخنەگری ئەڵمانی، خەڵقکردنی پڕشنگێکی نوێیە
لە مێژووی ئەدەبی، کە جەخت لە تەئویلکردنی ئەدەبی لە ساتەوەختی (پێشوازیکردن)ی
مێژووییانە دەکاتەوە. بەھای جوانی کاری ئەدەبی وەک (یاوس) ناوی دەبات،
بەرفرەوان دەبێ، چەندە ئەو کارە بتوانێ ئاسۆ چەسپاو و باوەکان بگۆڕێ.
چونکە ھەر چەندە ماوەی جوانی (مەسافەی ئیستێتیکی) تەسک بێتەوە و کاری
ئەدەبی نەتوانێ (گۆڕان لە ئاسۆی چاوەڕوانی) باودا دروست بکات، ئەوەندە
لە ھونەری کۆنسیومەر و کاڵ نزیک دەبێتەوە! (یاوس) جەخت لە پرۆسەی وەرگر
دەکاتەوە، کە لە ساتەوەختی نوسینەوە دەست پێدەکات و لە پرۆسەی تێگەیشتن
(کە لە رێگا خوێنەرێک یان کۆمەڵێک خوێنەر لە ھەنووکەدا ئەنجام دەدرێت)
بە ئامانج دەگات..
(رۆلان بارت ١٩١٥-١٩٨٠) پێیوایە دەق بەپێی ئارەزوو و شارەزاییەکانی
خوێنەر دێتەگۆ، بەمجۆرە دەق (دەقی کراوە) لە رێگای خوێندنەوە و
خوێندنەوەی جیاوازەوە، بەرەو بوونێکی زێتر و چێژ دەبێتەوە! ھەموو
خوێندنەوەیەکی جیاوازیش داھێنانی دەقێکی دیکەی جیاوازە، دەقێک کە
فیکرەی یەکگرتووی کۆتائامێزی نێوان دەق و خوێنەر، بابەت و خود...
رەتدەکاتەوە، وەک چۆن بە تووندی یەکگرتنەکانی نێوان دەق و دانەر
رەتدەکاتەوە. دەمەوێ بڵێم لە دەقگەرایدا، لەبەر ئەوەی دەق دیلی زمانە،
لەبەر ئەوەی دەق دەکەوێـتە نێو زمان و زمانیش بۆخۆی کۆمەڵێک یاسایی
ناوەکی بەڕیوەی دەبات، ئەو یاسا و رێسایانەش دەکەونە دەرەوەی ویستی
داھێنەرەوە، بۆیە خوێنەری دەقگەرا ھەمیشە دەبێ لە رێگای چێژەوە قسە لە
ھەڵوەشانەوە و دووبارە بونیادنانەوە بکات. ئەو قسەیە ھەڵوەشانەوە
بەرانبەر نەبوون وەک مەیلێک پێشان دەدات، مەیلێکی چێژگەرا، مەیلێک کە
لەسەر نەفیکردنء رەتکردنەوە رادەبێتەوە ء نکۆڵی لە ھەموو حەقیقەتێکی
جێگیر دەکات!
ستراتیژی خوێنەر
لە نێوان (سیمۆلۆژیا) و (ھیرمینۆتیکا)دا.
لە ھیرمینۆتیکادا (خوێنەر/وەرگر) ھۆکاری بوونی خۆی لە بەرھەمھێنانەوەی
ماناکانی کاری ئەدەبی و ھونەریدا دەدۆزێتەوە، بەدوای ماناکانی بوونیدا
دەگەڕێت، تا بەھایەک بۆ (بوونی ھەنووکەیی) بەجێ بھێنێت. یان ئامادەیی
ھەنووکەیی بەجێ بھێنێت، ئامادەییەک کە حەقیقەت لە رێگایەوە دەبێتە
رووداو، کەواتە کار ئەو دەربڕینەیە لە نێو خۆیدا حەقیقەتی بوونمان بۆ
کەشف دەکات، ھیرمینۆتیکا واتە رێگادان بە حەقیقەت بۆ ئەوەی بدوێت.
بەڵام لە سیمیۆلۆژیادا دەق کۆمەڵێک دالە و دەبێ تەئویل بکرێت، ئەو
کاتەش دەق بوونی ھەیە، کە دەخوێنرێتەوە و خوێنەر بە شەھوەتی خوێندنەوە
دەگات، ھیچ دەقێک بێ بوونی خوێنەر بوونی نییە، بەو مانایەش سیمیۆلۆژیا
لەسەر زنجیرەیەکی بێ کۆتایی لە بەرھەمھێنانەوەی دال و لە
بەرھەمھێنانەوەی شەھوەتدا دەژیت.
ئەگەر دەق فەزایەک بێ بۆ ئاوێتەبوون، تانۆپۆی نێوان سێ ستراتیژ... ئەوە
لە ئاسۆی خوێندنەوەی (بارت)یدا خوێندنەوەکان و تەئویلەکان جگە لە
شەھوەتی خوێندنەوە سنوری دیاریکراو ناس ناکەن، دەق ھەمیشە بە کراوەیی
دەمێنێتەوە، چونکە خوێندنەوەکان بە فرەیی و جولەی جۆراوجۆر و کرانەوەی
دال و مەدلولەوە بەندن، ھەموو ئەوانەش بە ئاستی جیاوازەوە دەکەونە
دووتوێی گەمەکانی خوێندنەوەوە. دواجار بارت دەیەوێ بڵێ ئەو پەیوەندییە
ئیرۆسیەی نێوان دەق و خوێنەر، پەیوەندییەکە لەسەر کێشکردن و
خۆدانەدەستی ئارەزوومەندانە دەوەستێ، نەک کارلێکردن و بەرھەمھێنان.
بەڵام (یاوس) لە پەیوەندی نێوان کاری ئەدەبی و وەرگر پێ لەسەر ئەوە
دادەگرێت، کە مانا نایەتەجێ، تەنھا لە رێگای پەیوەندی ھاوسێیانە، یان
لە رێگای رێکەوتەوە نەبێت، ئەگەر پەیوەندی ھاوسێیانە تەعبیر لە مێژووی
ئاوێتەبوونی خوێنەرەکان بکات، یان تەئویلە جۆراوجۆرەکانی خوێنەرانی
لەخۆدا ھەڵگرتبێت و لە تێگەیشتنەوە رابێتەوە، ئەوە مانای رێکەوتئامێز
لە ساتەوەختی تەئویلکردنەوە بۆ کردەی جێبەجێکردن ھەنگاو دەنێت. ھەڵبەتە
ئەگەر ئاوێتە بوونی مێژوویی، چەمکی (ئیستێتیکای وەرگر) بەرجەستە بکات،
ئەوە (تێگەیشتن) و (تەفسیرکردن) و (جێبەجێکردن) کردەی پەرەسەندنی (درککردن)ی
(ھانز گۆرگ گادامێر ١٩٠٠-٢٠٠٢) یمان بیر دەھێنێتەوە.
شیعری کوردی
(دنیای شیعر) و (شیعری دنیایی).
شیعری کوردی دوای راپەڕینی ١٩٩١ی کوردستانی باشور، کۆی ئەو شەپۆلە
شیعرییە دەگرێتەوە، کە لە فەزایەکی تا ئەندازەیەکی زۆر ئازاد و زمانێکی
تا سنوری پەردەنەپۆشین خۆی دەنوسێتەوە، وەک چۆن بەشێک لەو شیعرەی
کوردستانی رۆژھەڵاتیش دەگرێتەوە، کە دەکەونە بەر (شەپۆلی حجم) و (شەپۆلی
زمان) و ئەوانیش لە فەزایەکی تا ئەندازەیەکی زۆر ئازاد و زمانێکی تا
سنوری پەردەنەپۆشین، لەگەڵ ئەو لێکۆڵینەوەیە دێنەوە... (بۆ ئەوەی
روونتر قسە بکەم دەبێ بڵێم شیعری حجم لە شەش پاڵوییەکی شوشەیی دەکات،
کە تیشک بیبڕێت و تیشکەکان دابەش بن، بۆ کۆمەڵێ تیشکی رەنگین. شاعیری
حجمی لە رێگای دواخستن و پێشخستنی وشە لە رستەوە تەرکیز لەسەر یاریکردن
بە زمان دەکات. نموونەی یەدوڵڵایی روئیایی. بەڵام شیعری شەپۆلی زمان،
دەست لە بونیاد و پەیوەندی نێوان کار/ بکەر/ بەرکار دەدات، کەلێن و
بۆشایی شیعری دروست دەکات و رووبەرێک لە نێوان وشەکان و کردارەکان
جێدەھێلێت، تا خوێنەر بەپێی خوێندنەوەی خۆی واتاکە تەواو بکات. نموونەی
رەزا بەراھەنی.).
بە کورتی لە شیعری نوێی کوردی و شیعری دوای راپەڕین، چەمکی ئازادی بە
مانای شیعرێک دێت، کە بیر لە واتای کات و بنەما ئاینییەکان و فەزای
ئایدیۆلۆژی ناکاتەوە، بەڵام پەردەنەپۆشینی زمان، زمان وەک لە دایکبووی
چرکەسات و پێکھاتەی شیعریی دەبینێت... لە شەپۆلی حجم و شەپۆلی زماندا
دەشێ پەردەنەپۆشینی زمان، نەفیکردنی زمانیش بێت...
لێرە پرسیارێک بەرجەستە دەبێت، ئەویش ئەوەیە ئایا شیعری کلاسیزمی کوردی
توانیویەتی لە ئاوێنەی کلتوری کوردیدا پرسیاری خۆی بکات، ئەو شیعرەی
شاعیری کوردی دەینوسێ بەشێک لە کێشەکانی تاکی کوردی ھەڵگرتوە، دەتوانین
دال و مەدلولی شیعری کلاسیزمی کوردی وەک نیشانەی سوسێری لە یەکەیەکی
ھاوئاھەنگ بەرانبەر یەک رابگرین، دەتوانین کێشە وجودییەکانی مرۆڤی
کوردی لە شیعری کلاسیزمی کوردیدا بدۆزینەوە، دەتوانین دنیای کوردی لە
نێو شیعری کلاسیزمی کوردی بە دەست بھێنین؟ من ئەو پرسیارانە بێ وەڵام
جێدەھێڵم، نەک لەبەر ئەوەی نائومێدم، بەڵکو چونکە دەمەوێ لە رێگای ئەو
پرسیارانەوە بە دوای شیعری نوێی کوردی و شیعری دوای راپەڕین بکەوم!
کەواتە ئەو پرسیارانەم بۆ ئەوە خستە روو، تاکو بتوانم پەیوەندی چەمکی (بەدوایەکدانەگەڕان)ی
شیعری کلاسیزمی کوردی و (دیالۆگکردن)ی شیعری نوێ و دوای راپەرین جوانتر
بەرجەستە بکەم...
چەمکی بەدوایەکداگەڕان لە رووی زمانییەوە ھەڵکۆڵین و بەدواداگەڕانی
شتێکە، وەک زاراوە چارەسەری فیکرەیەکی ئەدەبی یان بابەتێکی ئەدەبی
دیاریکراو لە رووی مەعریفە و حەقیقەت و دنیابینییەوە دەکات. بە دیوێکی
دیکە ئەگەر چەمکی بەدوایەکداگەڕان بەو مانایە بێت، کە ھەر یەک لە ئێمە
بەعەقڵ و ئاگامەندییەوە بە دوای شتێکدا بگەڕێین و ھەر یەک لە ئێمە
دەمەتەقێ لە سەر پاڵنەر و شتی تایبەتی (خۆی) بکات، بە بێ ئەوەی ئەو
پاڵنەرە لای ئەویدیکە ئاشکرا بێت. یان ئەگەر چەمکی بەدوایەکداگەڕان
قسەکردن بێ لە سەر شتی تایبەتی ئەو شیعرە تایبەتەی کە دوایی ھاتووە،
ئەوە چەمکی بەدوایەکدانەگەڕانی شیعری کلاسیزمی کوردی ھەموو ئەوانە
پێچەوانە دەکاتەوە!
دیالۆگکردن تەواو لەگەڵ ھەموو ئەو پرۆسانە دژ دەکەوێتەوە، کە تێیدا
گوتنی رابردوو خۆی بەسەر تێگەیشتنی ئێستای مرۆییدا دەسەپێنێت، یان کە
لە میانی پرۆسەی خودی ئێستای تێگەیشتنەوە ھەڵنەقوڵاوە، وەک چۆن دژ بە
ھەموو ئەو قسەکردنانەشە، کە پێشتر سەرەتا و کۆتاییان زانراوە، کەواتە
دیالۆگکردن وەک زاراوە دەمەتەقێیە لە نێوان دوو کەس و زێتر لە بارەی
بابەتێکی دیاریکراو بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراو، ھەر لەوێشەوە
دەمەوێ بە ناوھێنانی شیعری کلاسیزمی کوردی بچمە نێو تێگەیشتنی ئێستای
شیعری نوێ و دوای راپەڕینەوە، بەو مانایەش ئەوە یەکتر نەخوێندنەوە و
دابەشبوونی شیعری کلاسیزمی کوردیی و ھاونەگونجانی دەنگە جیاوازەکانە،
شیعری نوێ و دوای راپەڕین گروپ گروپ دەکات! وەک چۆن مەعریفەی ئایینی و
فەزا و خەون و خەیاڵی ئایینی شیعری کلاسیزمی کوردی (ئاڤێستا، بابا
تاھیری ھەمەدانی، کتێبی پیرۆزی یارسان) دەبێتە پاڵنەری نەزانراوی
مەعریفەی شیعری و فەزا و خەون و خەیاڵی شیعری نوێ و دوای راپەڕین (بێ
ئەوەی ئەو پاڵنەرە ئایینییە لە شیعردا ئاشکرا بێت)، وەک تایبەتمەندی
ئەو شیعرە تایبەتەی کە دوایی ھاتووە! ھەر بەو مانایە دەتوانین بە
بەبیرھێنانەوەی شیعری کلاسیزمی کوردی و پاڵنەری نەزانراوەوە،
تایبەتمەندی شیعری نوێ و دوای راپەڕین بخەینە گومانەوە! من وێنەی ئەو
گومان و دڵەڕاوکێیە وەک جیاوازی نێوان (دنیای شیعر) و (شیعری دنیایی)،
(مەعریفەی ئایینی) و (مەعریفەی شیعریی) دیاری دەکەم... شیعری کلاسیزمی
کوردی بە شیعرکردنی دنیا نییە، بە شیعرکردنی مەعریفەی ئایینیە، شاعیر
ئەو کەسە نەبووە، کە جوان لە دنیا دەڕوانێ، ئەو کەسەیە کە جوان زمانی
ئایینی بەکار دەھێنێ، شاعیر کێشەکانی خۆی فەرامۆش دەکات و شیعری دنیایی
و زمانبازی وەک کێشەکانی خۆی دەبینێ! لە شیعری دوای راپەڕیندا شاعیر
جوان لە دنیا و مەعریفە و خەون و خەیاڵی شیعری دەڕوانێ، بەڵام لە
واقیعی خۆی ھەڵدێت و خۆی رادەستی بە شیعرکردنی دنیا دەکات! بە
شیعرکردنی واقیعی ژیان...
قسەیەکی جوانی (بەختیار عەلی) لە کتێبی (لە دیارەوە بۆ نادیار، ناوەندی
رۆشنبیریی و ھونەری ئەندێشە- سلێمانی) دەڵێت: شیعر ھەرگیز لەو شوێنەوە
دەست پێناکات، کە شیعرێکی دیکە دوایی دێت. ئەو قسەیە لە ناوکۆییەکەی
خۆی دەکەمەوە و لە پەیوەندی نێوان شیعری کلاسیزم و شیعری نوێی کوردی بە
کاری دەھێنم... کەواتە شاعیری دوای راپەڕین لەو زمانبازییە و شیعری
دنیاییە و فەزا و دنیابینییە ئایینییە دەست پێناکاتەوە، بەڵکو
ھەوڵدەدات روو لە دنیای بەتاڵی شیعریی بکات. (من نامەوێ وەک دەردەکەوێت
ئەو چەمکە بە واقیعی ژیان ببەستمەوە، بەڵکو ھەوڵدەدەم بە شێوەیەکی
نادیار چەمکی بەتاڵی شیعریی بە پێناسەنەکردنی شیعرییەوە بگەیەنم).
لێرەدا بەڵگەی بەدوایەکدانەگەڕانی شیعری کلاسیزمی کوردی وەک ئەوەی (دکتۆر
مارف خەزنەدار) قسەی لێکردووە و بە پێی دیالێکتەکان پارچە پارچە نیشانی
دەدات، ھەر تەنھا خۆی لە ھاونەگونجان و بەدوایەکدانەگەڕان نابینێتەوە،
بەڵکو ئەوەش روون دەکاتەوە کە شاعیری کلاسیزمی کوردی شیعری دنیایی و
زمانبازی وەک کێشەکانی خۆی دەبینێ، بە بێ ئەوەی ئەو پاڵنەرە لە
دیالێکتێکەوە بۆ دیالێکتێکی دیکە ئاشکرا بێت... یان لە پێش ھاتنی
ئیسلامەوە بۆ دوای ھاتنی ئیسلام ئاشکرا بێت! دەمەوێ بڵێم پارچە پارچە
کردن بە پێی دیالێکتەکان لە لایەن دکتۆر مارف خەزنەدار و دابەشکردنی
شیعری کلاسیزمی کوردی بۆ پێش ھاتنی ئیسلام و دوای ھاتنی ئیسلام لە
لایەن دکتۆر (عزەدین مستەفا رەسول)ەوە، ھەرگیز ھاونەگونجان و
بەدوایەکدانەگەڕان و دیالۆگنەکردن رەتناکاتەوە.
کەواتە کێشە لەوەدا نییە (بۆرابۆژ ٣٣٠ پ.ز) یان (زەردەشت ٦٦٠-٥٨٣ پ.ز)
بە یەکەمین شاعیری کوردی دیاری بکەین، یان پەڕتووکی (ئاڤێستا) و (بابا
تاھیری ھەمەدانی ٩٣٧-١٠١٠ز) و کتێبی پیرۆزی "یارسان ٩٠١-١٦٠٠ز"...
کێشەکە لە پەیوەندی نێوانیاندایە، لە ھاونەگونجان و بەدوایەکنەگەڕان و
دیالۆگنەکردن و یەکتر نەخوێندنەوە دایە... بەڵام وەک بۆمان دەردەکەوێت
شیعری نوێی کوردی و شیعری دوای راپەڕین لەوێوە دەست پێناکاتەوە، نەک
ھەر ھێندە بەڵکو لەگەڵ ھەموو ئەو بنەمایە ئاینییانەش دژ دەکەوێتەوە، کە
شیعری کلاسیزمی کوردی خۆی لەسەر بونیاد ناوە!
شیعری دوای راپەڕین لە ھەڵاتن لە ژیانەوە دەست پێدەکات، نەک لە سەرەتا
و کۆتایی دیارەوە، ئەوەش چەمکی دیالۆگکردنی شیعری و ژانوژواری مرۆیی
تۆختر دەکاتەوە. بەڵام ئایا دیالۆگکردنی شیعری دوای راپەرین لەگەڵ
یەکتر و ئەویدیکە ئامانجی دیاریکراوی خۆی پێکاوە، لەو پرسیارەوە
ھەوڵدەدەم بەشێک لە شیعری دوای راپەڕین لە رووی شێوازی نوسین و
تێکشکاندنی ئاسۆی چاوەڕوانی خوێنەر دابەشی سێ پارچە بکەم و لە سێ
شێوازی دیالۆگئامێزدا بەرجەستەیان بکەم...
شێوازی تەعبیری دەلالەتخوازانە
(گروپی یەکەم/ شیعری دنیایی).
شاعیری تازەگەری کوردی لە (دنیای شیعریی)ەوە بۆ (شیعری دنیایی)، لە
کاری شیعرییەوە بۆ دەقگەرایی ھەنگاوی ھەڵێنا... بەڵام ئەگەر نیازی زمان
لە شیعری کلاسیزمی کوردیدا خۆ سەپاندن بنوێنێ، ھەمیشە لە سەر وەڵام
وەستا بێت، نەک پرسیارکردن، ئەوە قسەی من ئەوەیە کە سەپاندنی زمان و
نیازی دوور مەودای زمان یەکتر تەواو ناکەن، من لەو بەیەکنەگەیشتنەوە،
لە وەڵامەوە بۆ پرسیارکردن، لە کارەوە بۆ دەقگەرایی قسە لە شیعری دوای
راپەڕین دەکەم!
بێگومان ھەرگیز ناتوانین زمان لە شیعر بکەینەوە، بەڵام دەشێ شیعر لە
ئایین بکەینەوە، دەشێ شیعر پرسیار بێ، نەک کار لەسەر وەڵامی ئامادە
بکات... زمان شیعر بەڕێوە دەبات، بەڵام بیرکردنەوەی ئاڕاستەکراو و
وەڵامی ئامادە شیعر دەخاتە ئابڵوقەوە، خەون و خەیاڵی شیعریی شیعرییەت
ھەڵدەنێت، بەڵام وێنەی دنیای واقیعی، خۆی لە بابەتی حەقیقەتدا
دەبینێتەوە...
زمان وەک ماڵی شیعر جیایە لە زمانبازی، زمان وەک پرسیار جیایە لە زمان
وەک وەڵامی ئامادە، زمان تاقی بکەیتەوە جیایە لەوەی ژیان لە رێگای
زمانەوە تاقی بکەیتەوە... بە بڕوای من چەمکی (شیعری دنیایی) شیعری نوێی
کوردی و شیعری دوای راپەڕین بە گشتی بەرەو (دەربڕینی دەلالەتخوازانەی
زمان) و نیازی دوور مەودای زمان و بەتاڵی زمانمان دەکاتەوە، بەرەو (تەعبیری)
و (تەعبیری ئەبستراکت) و (ئەبستراکت)مان دەبات، یان لە کارەوە بەرەو
دەقگەرایی دەبێتەوە.
دەشێ بەشێکی گەورەی شاعیرانی دوای راپەڕین، ھەوڵبدەن گوزارشت لە ھەست و
نەست و ئەو پڕشنگ و حاڵەتە عەقڵییانە بکەن، کە کاریگەری رووداوەکان و
شتەکان لە دەروونی شاعیر دروستی دەکەن، بەشێکی گەورەی شاعیرانی دوای
راپەڕین لاسایکردنەوەی ئەرستۆیانە رەتدەکەنەوە و وێنەی دنیای حەقیقی
فەرامۆش دەکەن، خۆیان لەگەڵ خەون و خەیاڵەکانیان دەگونجێنن.
بێگومان رێبازی تەعبیری وەک ھەڵگری خودگەراییەکی زیاد لە پێویستە
دەبینرێ... قسەکردنی من لە شێوازی تەعبیرکردنی دەلالەتخوازانە ناکەوێتە
نێو قسەکردنی زمانەوانی فڕەنسی (بوفۆن - ١٧٠٧-١٧٨٨)ەوە، کە پێیوایە
خودی مرۆڤ بۆ خۆی شێوازە، نەوندەبێ، نەدەگوازرێتەوە، نەدەگۆڕێ. بەڵکو
بە گشتی ئەو شێوازگەرییە تەعبیرییەی من باسی دەکەم، بەشێکی زۆری
ئاوڕدانەوەیە لە زمانەوانی سویسری (شارل بالی ١٨٦٥- ١٩٤٧) قسەکردنی ئەو
تەنھا بە بەھای جوانی جیا ناکرێتەوە، بەڵکو قسەکردنە لە میکانیزم و
دیاردە یان جێکەوتەی تەعبیری لە زماندا، بەڵام ئەگەر بالی شێوازگەری
تەعبیری لە دوالیزمی شێوازگەری دەرەکی و ناوەکی، بیرکردنەوە و دەربڕین،
لۆجیکی زمان و ویژدانی زمان، بەھا و گەیاندن، قسەکردن و نوسین...
ھەڵگرێتەوە، ئەوە من قسە لە دەلالەتی زمان و راڤەکردن دەکەم! لێرە
دەمەوێ بڵێم بەشی زۆری شیعری نوێ و دوای راپەڕین خۆی لە نێوان
گوزارشتکردن و تەئویلکردندا ھەڵدەنێت، پرسیاری دەق و پرسیاری وەرگر...
ھەر وەک زمانی شیعری نوێ و دوای راپەڕین دوورە لە راستەوخۆیی، ھەڵگری
روویەکە لە رووەکانی حەقیقەتی دەروون! بەشێکی زۆری شیعرییەتی ئەو
شێوازە لە سەر لادانی زمانی و خوازە و رەمز بەرەو کەشفکردن ھەنگاو
دەنێت، ھەڵبەتە شێواز بۆخۆی ئامانج نییە، بەڵکو ھۆکارێکە ھونەرمەند یان
ئەدیب لە میانی ھەوڵی کارەکانیدا بۆ کەشفکردنی ئەو دنیایەی کە تێیدا
دەژی بەکاری دەھێنێت.
لەو لێکۆڵینەوەیەدا پۆلینکردنی بەشێکی تایبەت لە شیعری دوای راپەڕین و
شێوازی نوسینی شیعری دوای راپەڕین، خۆی بە تەمەنەوە ھەڵناواسێت، بەڵکو
خۆی لە تایبەتمەندییەکانی نوسین و شێوازی گوزارشتکردندا دەدۆزێتەوە...
لێرەدا ھەوڵدەدەم گروپی یەکەمی شیعری دوای راپەڕین و شێوازی نوسینیان
بە مەعریفەی شیعری و خەیاڵی شیعری و بەرفرەوانکردنی سنورەکانی گوتن و
ئەزموونی ناوەوە ببەستمەوە، بێگومان بەشێکی زۆری ئەو بەرفرەوانکردنەش
دەکەوێتە سەر فەزایەکی تا ئەندازەیەک ئازاد و زمانێک تا سنوری
پەردەنەپۆشین... دەشێ ئەو گروپە (وەک من دەیبینم) لەو ناوانە (ئازاد
سوبحی، ھەندرێن، رۆژ ھەڵەبجەیی، تەلعەت تاھیر، دلاوەر رەحیمی، داستان
بارزان...) و زێتریش لەگەڵ جیاوازییەکانیان کۆبکەمەوە.
بە گشتی شیعری نوێ و دوای راپەڕین بنەما ئاینییەکان و فەزای ئایدیۆلۆژی
پشتگوێ دەخات، لەسەر مەیلی خودگەرایی و رەتکردنەوە رادەبێتەوە! شێوازی
دەربڕینی دەلالەتخوازانەی (کاری گروپی یەکەم)ی شیعری دوای راپەڕین، خۆی
لە رێگای ژیانەوە نیشان دەدا و پشت بە ریتمی ناوەکی دەبەستێ... زۆربەی
شاعیرانی ئەو گروپە بۆ رەنگاوڕەنگکردنی مانا، گرامەر تێکدەشکێنن،
ھەوڵدەدەن جوانگوتن و چیگوتن بپارێزن، جەخت لە شێوازی گواستنەوەی زمان
لە شێوەیەک بۆ شێوەیەکی دیکە دەکەنەوە (بابەتێک تەنھا بە لابردنی
ئەویدی دەبێت بەو شتەی کە ھەیە)! بۆ نموونە لادانی زمانی لای (رۆژ
ھەڵەبجەیی) بە لابردنی تۆخکردنی گێڕانەوە کۆتایی دێت و شیعرییەت
دەخاتەوە، بەڵام لادانی زمانی لای (ھەندرێن) بە تۆخکردنی گێڕانەوەوە
بەندە، شیعرییەت لە چیگوتن و جوانگوتن ھەڵدەگرێتەوە... وەک چۆن
ھەندێکیان جەخت لە دامەزراندنی پەیوەندی نوێی نێوان وشە و وشە، وشە و
مانا دەکەن، بۆ نموونە (تەلعەت تاھیر)... ھەندێکیان دوای رستەی شیعریی
و دووبارە کردنەوەی ناوکۆیی دەکەون، وەک (دلاوەر رەحیمی)... ئەو گروپیە
لادانی دەلالی لە وەسفە باوەکان بە کاری خۆیان دەزانن، ھەندێکیان
لادانی دەلالی بە وڕوژانی ماناوە ناس دەکەن، بەڵام بە گشتی لە سەر
وێنەی شیعری و واقیعی ژیان کار دەکەن و ریتمی نوسینیان خاوە!
(دلاوەر رەحیمی) و کۆمەڵە شیعری (حکایەتی قوڕ، بە قەڵەمی خەون نوس، چ
٢٠١٣):
پەڕ و باڵی تەیرێ
پاش ھاتنەوەیان لە کێڵگەی ئەو جوتیارانەی خۆیان دەکوشت
فڕینیان لا پەشیمانییە
زمانی خاوی منداڵێ
لەگەڵ خوێندنەوەی سروودەکانی سەرکەوتن
دەنگی پێ کوفرە.
دلاوەر رەحیمی ھەمیشە ھەوڵدەدات لادانی دەلالەتخوازانە بە وڕوژانی
ماناوە بلکێنێ، لەو نموونەیەی سەرەوەدا ھەموو رۆناکییەکە لە سەر
دەلالەتی (خۆکوشتن) و دەلالەتی (کوفر) دەوەستێ، پەیوەندی (تەیر و کێڵگە
و جوتیار) بە وڕوژاندنی خۆکوشتن رێچکەیەکی دیکەی بیرکردنەوە بە خوێنەر
دەبەخشێت و خوێنەر لە چاوەڕوانییەکەوە بەرەو چاوەڕوانییەکی دیکە دەبات،
وەک چۆن لەو کۆپلەیەدا شێوازی گواستنەوەی ناوکۆیی لە شێوەیەکەوە بۆ
شێوەیەکی دیکە دەبینین... بە مانایەکی دیکە پەیوەندی (زمان و منداڵ و
سەرکەوتن) ھەمان وڕوژانی پەیوەندی نێوان (تەیر و کێڵگە و جوتیار)
دەنوێنێ...
شاعیر پەیوەندی (تەیر- کێڵگە- جوتیار) بە پرسی خۆکوشتن دەوڕوژێنرێ، ئەو
پرسە لە ئاسۆی چاوەڕوانی خوێنەردا بەرانبەر کۆمەڵێ (مەدلولی مرۆیی)
دەبێتەوە، بە مانایەکی دیکە خۆکوشتن لە نێوان (تەیر- کێڵگە- جوتیار)
ساتمە بە خەیاڵی خوێنەر دەکات، ئەو ساتمەیە ھەر تەنھا خوێنەر ناوڕوژێنێ،
بەڵکو خوێندنەوەیەکی دیکەشە بۆ تەیر و کێڵگە! دواجار ئەوەی کە لەو
پەیوەندییانەوە رۆناکی زۆری لە سەرە دەلالەتی خۆکوشتنە، وەک گوتم
رۆناکی خستنە سەر دەلالەتی کوفر لە رستەی دووەمدا شێوازی گواستنەوەی
زمانە لە خۆکوشتن (مەدلولی مرۆیی) بۆ کوفر (مەدلولی کلتوری)... رستەی
شیعریی یەکەم لە پەیوەندی (تەیر- کێڵگە- جوتیار)دا چەمکی (خۆکوشتن) وەک
کۆدێکی مرۆییانەی گوماناویی بەرجەستە دەکات، رستەی شیعریی دووەم، لە
پەیوەندی (زمان- منداڵ- سەرکەوتن)دا، چەمکی (کوفر) وەک کۆدێکی کلتوری
گوماناویی دەخاتە روو! دەمەوێ بڵێم کۆدی یەکەم مرۆڤ وەک کردەیەکی
بەردەوام خۆی بەڕێوەی دەبات، بەڵام دووەم کلتور وەک کارێکی بۆماوە پێی
ھەڵدەسێت، کۆدی یەکەم زێتر خودگەرایی رۆڵی تێدا دەبینێ، کۆدی دووەم
زێتر گشتگەراییە، بە رووەکەی دیکە چەمکی خۆکوژی مرۆڤ پەیوەندییەکی
گلۆباڵ دروست دەکات، بەڵام لە پشت بە کوفر دانانی دەنگدانەوەی دەنگی
منداڵ کلتورێکی لۆکاڵی دەبینرێت... لەگەڵ ھەموو ئەوانەشدا پەیوەندی
نێوان (تەیر، کێڵگە، جوتیار و زمان، منداڵ، سەرکەوتن) لە زۆربەی
بارەکاندا ئاسایی دەکەوێتە، بەڵام چەمکی خۆکوشتن و چەمکی کوفر، ئەو
پەیوەندییە ئاساییە تێکدەشکێنێ و خوێنەر دووچاری گومان و ساتمەکردن
دەکات...
کۆمەڵە شیعری (لەبەر ئاوازێک نایەوێ ببێتە گۆرانی، تەڵعەت تاھیر،
دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، چ ٢٠١١) شێوازی تەعبیری
دەلالەتخوازانەی (تەڵعەت تاھیر) لە سەر کۆکردنەوەی نێوان لێکدوورەکان (ھاونەگونجاوەکان)
وەستاوە، بۆ ئەوەی دەلالەت و مانایەک بە رستە شیعرییەکان ببەخشێت... بۆ
نموونە پشت بە رەنگێک یان پەسنێکی نائاسایی دەبەستێ، یان وشەیەک و
وشەیەکی دیکە... بۆ ئەوەی خوێنەر دووچاری ئاوڕدانەوە بکات، بۆ ئەوەش
لێکدوورکەوتنەوەیەکی خەیاڵی لە نێوان پەیوەندییە ئاساییەکان، لە نێوان
وشە و وشە دادەھێنێ، بۆ نموونە:
تۆ ھەبیت ئاژاوەی دنیا نامێنێ
بەندیخانەکان دەبنە دایەنگە
تاوانبارەکان بە دەنکە شقارتە
پیکابی بچووک بۆ منداڵە ھەژارەکان دروست دەکەن.
پەیوەندی نێوان (منداڵی دایەنگە) و (تاوانباری بەندیخانە) لێکدوورە،
بەڵام شاعیر رەھەندێکی نوێ لە پێناو مانایەکی نوێ و تێکشکاندنی ئاسۆی
چاوەڕانی خوێنەران و ئاوڕدانەوە دروست دەکات... بێگومان ئەگەرچی وشەی (بەندیخانە)
و (دایەنگە) دوو ناوی گشتگیرن، بەڵام وشەی (بەندیخانە) وەک تێگەیشتن لە
بری وشەی (دایەنگە) دژ بە یەکن و پرسیار لەو نێوەدا دەچێنن، کەچی وەک
شوێن دەشێ لەگەڵ یەک ئاشتمان بکەنەوە... بە مانایەکی دیکە ئەگەر
دایەنگە لەو وڵاتەدا بۆ خۆی بەندیخانە بێت و تاوانباریش ھەمیشە منداڵی
ھەژاران بن، ئەوە زمانی شاعیر زمانی ئاوڕدانەوە و بەدواداچوون و
رەخنەیە، یان بە مانا (باختین)ەکەی ئەنجامی پێکچواندنی (دایەنگە) و (بەندیخانە)
پێکەنین و ئازادییە! بەڵام شاعیر بە راکردن لە واقیع، ناڕاستەوخۆ و لە
رێگای بەرجەستەکردنی ھاونەگونجانی ئاسایی بە ھاوگونجانی نائاسایی
تیروتوانجی خۆی دەوەشێنێ...
وەک گوتمان شێوازی دەربڕین لە کاری ئەو گروپەدا بەشێکی گەورەی لە
رەنگدانەوەی ژیانەوە ھەڵقوڵاوە، بەڵام لە رستە شیعرییەکانی تەڵعەت
تاھیر جگە لە تەعبیرکردن لە رێگای ئاوڕدانەوە لە ژیان و دەروون، جگە لە
لادانی زمانی لە رێگای ھاونەگونجانی دوور، لادانی زمانی زیاد لە
پێویستیش دەبینرێ، یان بە مانایەکی دیکە لادان دەخاتە سەر لادانەوە،
ئەوەش کتوپڕی و ھەدانەدان دەخاتە نێو خەیاڵ و بیرکردنەوە و خوێندنەوەوە،
وەک چۆن تەختی ئاسۆی چاوەڕوانی خوێنەر دەخاتە لەرزەوە و چاوەڕوانییەکی
بێ چاوەڕوانی دروست دەکات... دەمەوێ بڵێم لە نێوان لادان و لادان
خستنەسەر، ھەدانەدان و بۆشاییدا سپێتی دروست دەبێت، ئەو ھەدانەدان و
بۆشاییانە جولەیەکی نائاسایی لە ئاوڕدانەوەی خەیاڵ و بیرکردنەوەی
خوێنەر دەسازێنن:
ئیرەیی بە چاوی منداڵەکەم دەبەم
دەتوانێ رکە بگرێت
تا رۆناکی بکاتە پلیکانە و خۆر تام بکات
بادەم ماچ بکات و
چیڕۆک بخاتە پاروە نانێکەوە. ل٣٩
شێوازی تەعبیری ئەبستراکت
(گروپی دووەم/ دنیای بەتاڵی شیعری)
دەشێ بە پێی ئاگایی من و دەرککردنی من کاری گروپی دووەم، لەو ناوانە
ھەڵگرینەوە (تەیب جەبار، شاڵاو حەبیبە، پەروێز زەبیح غوڵامی، جەمیل
مورادی، رابەر فاریق، بەشدار سامی، بەیان عەزیزی...) لەگەڵ
جیاوازییەکانیان... شێوازی نوسین لە دنیای بەتاڵی شیعریدا، شێوازی (تەعبیری
ئەبستراکت)ە، واتە لە رووی جولە و ریتم و داڕشتنەوە تەعبیرییە و لە
رووی ماناوە رووت دەکەوێتەوە! بە گشتی گروپی دنیای بەتاڵی شیعری بەشێک
لە ھێزی خۆی لە لادان و ئاماژە خەرج دەکات، بۆ پڕکردنەوەی رووتی مانا و
بۆشاییەکانی ھەوڵدەدات تا سنورێ، پشت بە خەیاڵی خوێنەر ببەستێ، بۆ ئەو
مەبەستەش لە رێگای جولەی شیعریی و دەربڕینی واقیعی کارئاسانی بۆ
راڤەکردن و خەیاڵی خوێنەر دەکات! واتە لە زۆربەی بارەکاندا جولەیەکی
تەعبیری دەکێشی و ماناکانی لێ دادەماڵێ و رووتی دەکاتەوە، بۆ ئەوەی
جولە بە گومان و خەیاڵ بدات، بە گشتی لە سەر جولە و جوانی کار دەکەن و
ریتمی نوسینیان نیمچە خاوە...
بەڵام (تەیب جەبار) لە داڕشتندا ئاسۆییە و لە جولەدا ستوونی دەکەوێتەوە،
واتە وشەکان بە شێوەیەکی ئاسۆیی لە رووی بیر و مەبەست و ئاگایی و
دروستی ماناوە رستەکان تەواو دەکەن و دیار و رەوانن، شاعیر پەیڕەوی لە
یاسا و رێسای زمانەوانی و پەیوەندی رێزمانی دەکات، بەڵام دەلالەتەکانی
لە (ئاستی ستوونی)دان و لەگەڵ (ئاستی ئاسۆیی) داڕشتندا ھاوگونجاو
نایەنەوە و لەگەڵ ھەستپێکراوە گشتییەکان و بینراو و ھەستە مرۆییە
باوەکان و واقیع دژ دەکەونەوە، ئاستی ستوونی یان دەلالەتەکان جولەی
رەمزی و فرە رەھەندی دەنوێنن، دەلالەتەکان بۆ قوڵایی ماناو جوانی شۆڕ
دەبنەوە... ئەو جیاوازییەی تەیب جەبار خۆی تێکەڵ بە سرووشتگەرایی و
پێکچوواندنە ھاونەگونجاوەکان و بەرفرەوانکردنی خەیاڵی فانتازی و لادان
لە واقیع و لادانی دەلالی زیاد لە پێویست و دروستکردنی فەزایەکی ناباوی
شیعری دەکات! ھەموو ئەوانە لە لای (پەروێز زەبیح غوڵامی) پێچەوانە
دەبێتەوە، دەمەوێ بڵێم پەروێز زەبیح غوڵامی لە داڕشتندا ستوونییە و لە
جولەدا ئاسۆییە؟!
بە گشتی کاری گروپی تەعبیری ئەبستراکت لە یەکەم (ئاماژە)دا چاو لە پێش
خۆیان دەکەن، ئەو ئاماژەکردنە چ حەقیقی بێت یان خەیاڵی، چ وەک جولەی
شیعری بێ، چ وەک دەربڕینی واقیعی رۆژانە... دواتر ھەموو ئەو گوتارانە
لە نێو بۆشایی و سپێتی ون دەکەن و شێوەیەکی ئەبستراکتی پێدەبەخشن، (بەڵام
ئاماژە ناوبراوەکان لای تەیب جەبار لەو قوڵاییەدا ون نابن و دووبارە
خۆیان دەنوسنەوە؟!...).
بە گشتی ئەو شێوە تەماشاکردنە، سەیرکردنی واقیعە وەک واقیعێکی گوماناوی،
لەلایەکی دیکەوە ساتمەکردنە بە خوێنەر وەک جولەی شیعریی... بە مانایەکی
دیکە سەیرکردنی دنیایە بە چاوی شیعر و گومانەوە، واتە لە چاوی شیعر و
گومانەوە دێنە ناوەوە و ساتمە بە ئاسۆی چاوەڕوانی خوێنەر دەکەن!
تێگەیشتنمان بۆ ئەو دوو شێوە لە تەماشاکردن لەو دەرککردنەوە سەرچاوە
دەگرێ، کە ئەگەر چەمکی گومان پەیوەندی نێوان شوێن و کات لە واقیعدا تۆخ
بکاتەوە، ئەوە جولەی شیعری دەلالەت و لێڵی ماناکان چڕ دەکاتەوە.
دنیای بەتاڵی شیعریی و خەسڵەتەکانی شێوازی تەعبیری ئەبستراکت، گەیشتنە
بە دوورترین خاڵی ھەستکردن بە واقیع و ھەستکردن بە وشەی رووت و
بەرکەوتنی خەیاڵی خوێنەر، دواجار لەو شێوازەدا خەون جوانترین وێنەی
بەرجەستە و دەرککراوە، وەک چۆن دەتوانین ساتمەکردن لە بۆشایی، بە
بۆشاییەکانی نێو بوونی مرۆڤ بچوێنین... دەتوانین ئەو شێوازە تەعبیری
ئەبستراکتە دابەشی دوو شێوازی بەنێویەکداچوودا بکەین.
یەکەم، ئەبستراکتی تەعبیری (گەردوونی): ئەو شێوازە دوو رووی ھەیە:
رووی یەکەمی لە سەر کزی ریتم و بایەخنەدان بە گرامەر و بایەخدان بە
شێوازی دەربڕینی ستوونی وەستاوە، چڕی و پڕی و ونبوون لەخۆ دەگرێت،
نموونەی ئەو شێوازە لە شیعرەکانی (پەروێز زەبیح غوڵامی) و نموونەی
دیاری لە فەوزای شارییانەی (کراکە)ی (رەزای عەلی پوور)دایە...
رووی دووەمی لە جولەی سرووشتی (ئەو شیعرانەی ئاوڕ بۆ پێشەوە دەدەنەوە)ی
(تەیب جەبار) بە مانای خاوی ریتم و بایەخدان بە گرامەر و بایەخدان بە
شێوازی ئاسۆیی دەربڕینی رستە و یەکتر تەواوکردنی وشە و بە
دوایەکداھاتنی مانا بەرجەستە دەبێت، یەکەمیان گۆڕینی ئاگایی و نیگا
دەنوێنی، دووەمیان گۆڕینی کردەی دیتن و بۆشایی درێژ دەکاتەوە...
لە شێوازی ئەبستراکتی تەعبیری گەردوونی، بونیادی جولە (ئاوڕدانەوە بۆ
واقیع) پێکھاتەی رستە دیاری دەکات، ئەو ئاوڕدانەوەیە ھەوڵدەدات لە
رێگای ھونەری سوریالی و سۆفیگەری و دنیاییەوە ئەزموونی بوونگەرایی
گەردوونی خۆی بنوێنێ، یان دەربڕین لە ناخی سوبێکت و دنیابینی کەسی بکات...
بەو مانایەش لە رووی تەعبیرییەوە (شێوەکان) دیاری دەکەن، لە رووی
ئەبسترکتەوە (گەردوونی) خۆی دەنوێنێ!
بێزاری بۆ باخێکی بردم
منداڵێک
بە بۆیە کێشابووی
"کۆمەڵە شیعری کەسێک لێرەوە تێپەڕی، شاڵاو حەبیبە، ٢٠٠٨،ل٢١"
لەو کۆپلەیەی شاڵاو حەبیبەدا دوو جولە دیارە، جولەیەکی واقیعی کە
بێزاری دەینەخشێنێ، جولەیەکی رووتی وشە کە لەسەر کاغەز بە دەستی
منداڵێک کێشراوە، یەکەمیان ھەست و ھوشیاری رابەرایەتی دەکات، دووەمیان
نەست و ناھوشیاری... ئەو کۆپلەیە لە رووی جولەی شیعری و داڕشتنەوە
تەعبیرییە، بەو مانایەی کە ھەستکردن بە بێزاری پەیوەندییەکی راستەوخۆی
بە نەست و دەروونەوە ھەیە، بەڵام لە رووی ماناوە رووتە بێزاری باخێکە
کە عەقڵی سپی منداڵ وێنەی کێشا بێت، ئەوەش ھەمان رەھەند و مانای باخی
سرووشتی بە دەستەوە نادات، بەڵکو دەبێ بۆ پڕکردنەوەی رووتی و
بۆشاییەکانی ھەمیشە پشت بە خەیاڵ و لێکدانەوەی ناوەوەی خوێنەران
ببەستین، ئەو پشت پێبەستنەش سەیرکردنی دنیایە بە چاوی شیعر و گومانەوە
و ونبوون لەخۆ دەگرێت! دواجار ئەو دوو دنیایەی شیعری تەعبیری ئەبستراکت،
لە رووی تەعبیرییەوە مەعریفەی شیعریی و دنیابینی کەسی دەکێشێ، لە رووی
ئەبستراکتەوە بەرەو ئەزموونی بوونگەرایی گەردوونیمان دەکاتەوە.
ھەموو ئەو قسانە دەمانبەنەوە بۆ نوسینێکی پێشتر لەسەر شاڵاو حەبیبە و
لەوێدا گوتم (ئایزەر)ی رەخنەگر پێیوایە مەرجی کارلێکردنی (دەق) و (خوێنەر)
لەیەکنەچوونە! ئەو لەیەکنەچوونە، نەچوونەوە سەر ناوکۆیی باو و روانینی
باوی نوسەر و خوێنەرە، ئەوە ئەو کاتەیە، کە نوسەر و خوێنەر ناسنامەی
یەکتر لەبیر دەکەن. یان خۆیان لە ناسنامە کۆنەکەیان دەکەنەوە، لەو
کاتەدا ھەر یەک لە دانوستان لەگەڵ یەکتردا حەقیقەتی خۆیان لە سەر نا"شت"
یان ناڕێککەوتن و نەگونجان وێنا دەکەنەوە: بێزاری بۆ باخێکمان دەبات،
منداڵێک بە بۆیە کێشاوویەتی... لە باخی واقیعەوە بۆ باخی سەر کاغەز، لە
باخی تەعبیرییەوە بۆ باخی ئەبستراکت... ئەو بۆشاییەی لە نێوان زیندەگی
و شتدایە، ئەو نەگونجان و ناڕێککەوتنە دەبێتە ھاندەرێک بۆ خوێنەر تاکو
ھەوڵی پڕکردنەوەی بدات، لە سەر بنەمای ئەو نەگونجان و ناڕێککەوتن و
بۆشاییە و ناشتە پەیوەندی نوێ دادەمەزرێ! بێگومان دامەزراندنی پەیوەندی
نوێ لە نێوان نوسەر و خوێنەر، لە سەر ھەوڵی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەوە
دێت کە خوێنەر ساتمەی لێکردووە.
کۆمەڵە شیعری (تەیب جەبار، ئەو شیعرانەی ئاوڕ بۆ پێشەوە دەدەنەوە،
سلێمانی ٢٠١١)
باشتر وایە،
دەست بکەین...
بە ھاڕینی تاریکی
ئاردەکەی بکەین بە پەین...
بۆ چیمەنی ئەستێرە.
دەست بکەین...
بە رنینی قژی مانگ.
ھەگبەیەکی لێ بچنین،
بۆ سەفەی رێی کاکێشان،
پڕی بکەین لە کولێرە. ل١٠٦
قسەم لەوە نییە نیازی ھاڕین، بەرھەمەکەی ئارد دەبێ، یان پەین، بۆ
چیمەنی سەوزی باخچە دەبێ، یان بۆ چیمەنی زەردی ئەستێرە... ھەوڵدەدەم
قسە لەوە بکەم، چۆن وشەکان یەکتر تەواو دەکەن و لە سەر ھێلێکی ئاسۆیی
بەدوایەکدا دێن و گۆڕینی کردەی دیتن دەسازێنن و جولەی بۆشایی دەنێنەوە!
ئەوەی لە ھاڕینی تاریکی ساتمە دەخاتەوە، یەکتر تەواو کردنی وشەکان نییە،
ئاماژە و دەلالەتە، خوێنەران لە نێوان ئاماژەکردنی وشەی (ھاڕین) و
دەلالەتەکانی وشەی (تاریکی) خۆیان لە ناسنامە کۆنەکەیان دەکەنەوە، یان
بە شێوەیەکی ستوونی لە گۆڕینی کردەی دیتنەوە دەکەونە بۆشایی بە
دواداچوونی ئاماژە و دەلالەتەوە، لە سەر ئەو بۆشایی و نەگونجانە بیر لە
جولەیەکی نوێ دەکەنەوە، ئەوەش مەرجی کارلێکردنی دەق و خوێنەرە... وەک
چۆن بۆ رنینی قژی مانگ و ھەگبە دروستکردن ھەر وایە...
ئەوەی لەو کۆپلەیەدا سرووشت بە واقیعەوە دەبەستێتەوە (بە بیرھێنانەوەی
چیمەنی سەوزایی زەوی) و خودی (کولێرە)یە، سرووشت لە رێگای بە
بیرھێنانەوەی چیمەنی سەوزایی و کولێرەوە بە واقیعی رۆژانە دەگاتەوە،
یەکەمیان لێوردبوونەوە و خەیاڵ بەڕێوەی دەبات، دووەمیان ھەستی برسێتی و
ژیان... بە بیرھێنانەوەی چیمەنی سەوزایی و بە بیرھێنانەوەی کولێرە،
داڕشتنی رستە لە مانای سرووشتەوە بۆ واقیع دەبات، ئەوەش بە ئاسۆیی
بوونی وشەی ژیان و بە ستوونی بوونی مانای ژیانمان لا روونتر دەکات...
بەڵام رەنگە پرسیاری خوێنەری رەخنەگر بە خودگەراییەوە بەند بێت؟
من پێموایە گەڕانەوەی (تەیب جەبار)ی شاعیر بۆ چەمکی سرووشت، پێکھاتەی
رستە و گەردوونی بوون، دیاری دەکات، نەک ئاوڕدانەوەی بۆ واقیعی رۆژانە...
ھەموو تەماشاکردنێکی دیکە بۆ نەرمی و زبری سرووشت و رامان لە پرسە
گەردوونییەکانی بوون... ئاماژە و پێکھاتەی دەلالی رستە دیاری دەکات!
دەمەوێت بڵێم تەیب جەبار وەک مرۆڤی ژاپۆنی سەرقاڵی بابەتی تایبەت و
روخساری کۆنکریتی پرسە گەردوونییەکانی بوون بووە... سەرمەستی
تەماشاکردنێکی بێ سنوری سرووشت بووە، ئەو تەماشاکردنە جوانی و چێژێکی
پێدەبەخشێت، جوانی و چێژێک کە تێکەڵ بە دیدی دەلالەتخوازانە دەبێ...
بۆیە بەرانبەر چیمەنی ئەستێرە، قژی مانگ، رێی کاکێشان و نھێنیە
سەرسوڕھێنەرەکانی سرووشت، گوتاری دوو لایەنەی خۆی ھەیە! بەو مانایەی کە
سەرێکی بە واقیعی ژیانەوە (کولێرە) بەستراوەتەوە و سەرەکەی دیکە بە
نادیار (چیمەنی ئەستێرە) و بۆشاییەوە، من قسە لە کولێرە ناکەم، بە دوای
چیمەنی ئەستێرەدا دەڕۆم...
سرووشت لە تێڕوانینی ژاپۆنییەکان تیشکۆی ژیانێکی ھەتا ھەتایە و
کرانەوەیەکی بێ سنورە بەرانبەر بۆشایی و نادیار. بەڵام مەرج نییە تەیب
جەباری شاعیر لایەنگیری ئەو تێڕوانینە بێت، ئەو لە رێگای گوتاری
تایبەتی خۆیەوە بە ماناکانی چیمەنی ئەستێرە، پرۆژەی تایبەتی
دادەمەزرێنێ: پرۆژەی شەقامی ئاوڕدانەوە بۆ پێشەوە، پرۆژەی باڵەخانەی
شاخی قووڵ، پرۆژەی پردی پەڕینەوەی راوەستان، بە بیرھێنانەوەی ئەو
پرۆژانە لە واقیعدا مشتومڕێکی نادیار و شاراوە دەنێتەوە... ئەو گوتارە
دوو لایەنە، لە وەڵامی ئەویدیکە رەنگی گرتووە. بەڵام لە کۆی
پرۆژەکانیدا جگە لە پاکژی سرووشت، پاکژی دڵیش گرنگە، جگە لە سرووشت وەک
کەرستە، ژیان وەک جولە بایەخی خۆی ھەیە، جگە لە گوتاری تایبەت، گۆڕینی
کردەی دیتنیش رۆڵ دەگێڕێ... بەڵام ھەمووان بە ماناکانی چیمەنی ئەستێرە
بەرەو بۆشایی شیعری و ساتمەکردن بە خوێنەران دەکرێنەوە!
شێوازی ئەبستراکتی تەعبیری گەردوونی، لای تەیب جەبار لە پەیوەندیکردن
بە جولەوە، ئاماژە و دەلالەتی خۆی دەنوێنێ، جا سوریالییانە بێ، یان وەک
پرۆژەی شیعری دنیایی، سرووشتگەراییانە بێ، یان وەک پرۆژەی خودێکی
نادیار... ھەموو ئەوانەش پەیوەندییەکی بوونگەرایی لە نێو ژیان وەک جولە،
گوتاری تایبەت، کردەی دیتن دەسازێنن، ھەموو ئەوانەش پەیوەندییەکی
بوونگەرایی لە نێوان سرووشت و واقیع، شیعر و جیھانبینی... دروست دەکەن!
چێژی شیعری لە شۆڕبوونەوە بۆ ئەو پەیوەندییە گەردوونییە دایە،
دەرککردنی ئەو پەیوەندییە گەردوونیەش بە لێوردبوونەوەی سرووشتەوە بەندە
و لێوردبوونەوەی سرووشتیش لە رێگای جولەی ژیان و جولەی ژیانیش جوانی
دیتن دەنەخشێنێ، وەک چۆن جوانی دیتن بە بێ جولە بوونی دەکەوێتە
گومانەوە، بۆشاییەکانی دەقیش بە بێ گەڕاندنەوەی سرووشت بۆ مرۆڤ و
بۆشاییەکانی نێو بوونی مرۆڤ، دەکەوێتە نەبوونەوە!
نموونەیەکی دیکەی بەرچاو لە شیعرەکانی (پەروێز زەبیح غوڵامی) دایە:
"مامیلاریا"
کورسییەکی خەیاڵیم و
سیگارێکی داگیرساو لە ھەوادا
کەس نامبینێ!
بێجگە لەو باڵندانەی
کە وێنەی مردووانیان بە دەنووک گرتووە و
تێدەپەڕن!
ھەمووان تەنیان!
ژنێ لە مندا کاتژمێر ئاوڕووت دەکات و دەگریت.
کەس نایبینێ!
کراسێکی ئاویم و
پێکەنینێکی ھەڵواسراو لە بادا.
ھەمووان تەنیان!
باران زێبڕایەکە
بێوچان پەنجەرەکەم دەلێسێتەوە!
لە ئاوڕدانەوەمان بۆ واقیع نە کورسی خەیاڵی ھەیە و نە سیگاری داگیرساو
لە ھەوادا، نە باڵندە وێنەی مردووان بە دەنووک دەگرن و نە پێکەنینی
ھەڵواسراو لە بادا، نە کراسی ئاویی ھەیە و نە باران لە زێبڕا دەچێ...
بەڵام لە ئاوڕدانەوەمان بۆ ئەفسانە ھەموو ئەوانە قسەیان لێکراوە، بە
گشتی لە واقیعدا ھەموو ئەوانە وەک جولەی (ئاسۆیی) رووت دەکەونەوە، وەک
خەیاڵ فەنتازین! واتە لەلایەک وەک واقیعی لۆکاڵی لەگەڵ یاسا و رێسای
زمانەوانی و پەیوەندی رێزمانی ھەڵناکەن، لە لایەکی دیکە خەیاڵی
خوێنەران دەکەنەوە! دەمەوێ بڵێم ئەو شێوە ئاسۆییە وەک بیر و مەبەست و
ئاگایی، دەتوانن لە رێگای دەلالەتی (ھەمووان تەنیان) رستە دوورەکان
لێکنزیک بکەنەوە و کۆیان بکەنەوە! وەک چۆن دەشێ دەلالەتی (ھەمووان
تەنیان) لێکدوورکەوتنەوەی زێتری رستە دوورەکان بنوسێتەوە و دژ بە
واقیعی بینراو بێتەوە؟!
لە رووی داڕشتندا (ستوونی)ن و لەگەڵ ھەستپێکراوە گشتییەکان و خەیاڵی
نەبینراو و ھەستە مرۆییە شاراوەکانی کلتوری رۆژھەڵاتی ھاوگونجاو دێنەوە،
بەو مانایەش شاعیر (وەک سندباد) لەسەر کورسییەکی خەیاڵی لە ھەوادا
دانیشتووە و سیگاری داگیرساندووە و کەسیش نایبینێ؟! ژنێک زەمەنی لە
پێناو دەژمێرێ و کەسیش نایبینێ... (ئەوەش پڕکردنەوەی بۆشاییەکانە بە
خەیاڵی خوێنەر) بە دیوەکەی دیکەش ستوونی بوونی ئەو وشانە لە فرە
رەھەندی خەیاڵی تاکی داھێنەر و رەمز و فانتازیا و جوانی شاراوەدان، بەو
مانایەش شاعیر ھەوڵدەدات مانا چەسپاوەکان بە جوانی شاراوە بلەرزێنێ و
شێوەی بەتاڵی شیعری بە رەمز و دەلالەتی تازە پڕ بکاتەوە و چڕی و پڕی و
ونبوونی شیعری بنوسێتەوە!
دووەم: دنیای بەتاڵی شیعری، شێوازی ئەبستراکتی تەعبیری (درەوشاوە):
ئەگەرچی دەکەوێتە سەر ھەمان ھێلی پێشوو، لەگەڵ ئەو ھەموو تەمومژییەی کە
ھەڵیگرتووە، بەڵام لە شێوازی ئەبستراکتی تەعبیری گەردوونی روونتر خۆی
دەنوێنێ، ھەمەڕەنگی و فرە رەھەندی لە خۆ دەگرێت، مەیلێکی رۆحی زۆری
تێدا بەدی دەکرێت و لە بری پشتبەستن بە ونبوون، پشت بە کەلەپوری
درەوشاوەی دنیایی دەبەستێت، دەمەوێ بڵێم ئەبستراکتی تەعبیری درەوشاوە،
لە رووی تەعبیرییەوە خۆی رۆناک نیشان دەدات. لە رووی ئەبسترکتەوە
شێوەکان دیاری دەکات، بونیادی جولەی ئەبستراکت پێکھاتەی رستە دیاری
دەکات.
لە دنیای بەتاڵی شیعرییٍدا نەخشکردنی کاری ئەدەبی لە جولەوە سەرچاوە
دەگرێ و لە گێڕانەوەی واقیعی دەرەوە (وەک خۆی) دوور دەکەوێتەوە، بۆ
ئەوەی بشێ خۆی بنوێنێ، یان دنیابینی کەسی خۆی وەک جەوھەری دنیا
بەرجەستە بکات. بۆ نموونە: لە (کۆمەڵە شیعری رۆیشتن بە ئاراستەی مردووە
بەڕێزەکان، بەشدار سامی، وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، چ ٢٠١٢)...
ھەبوونی تۆ گرنگترە
لە ھەبوونی پشیلەیەکی سپی
گرنگترە لە سەگێکی رەش
گرنگترە لە بۆقێک ل٢٢
ئەو کۆپلەیە پشت بە ھەبوونی درەوشاوەی دنیایی دەبەستێت، لەبەر رۆشنایی
کەلەپورێک کە رێز بۆ ھەبووەکان دەگەڕێنتەوە و خۆی بە ھەبووەکان رۆناک
دەکاتەوە و ھەوڵدەدات لە رێگای ئەو کەلەپورەوە رێز لە ناوەوەی خۆی
بگرێت... دنیای (مرۆڤ، پشیلە، سەگ، بۆق...) و ھەموو بوونی تۆ دەخاتە
دووتوێی وێنەیەکی ئەبسترکتەوە بە ئەویان دەچوێنێ، لێکچوواندن مرۆڤ بە
ئاژەڵ، تەنھا دنیای بەتاڵی شیعری بەرجەستە ناکات، بەڵکو دنیایەکی دیکە
و بیرکردنەوەیەکی دیکە بە سەر چاوەڕوانی خوێنەردا دەکاتەوە... رەنگە
پرسیار ئەوە بێ بۆ ھەبوونی (مرۆڤ) دەبێ لە ھەبوونی پشیلەیەکی سپی و
سەگێکی رەش... گرنگتر بێت، بۆ پێکھاتەی رستە و ناوکۆیی دەبێ لەسەر
بایەخی دنیای نەبینراو تەماشا بکەین؟ رەنگە بەشێکی وەڵامی خوێنەر
بکەوێتە سەر درەوشانەوەی بینراو بۆ ئەوەی نەبینراوی ناوەوە بەرجەستە
بکەین، رۆناکی خستنە سەر بینراو لە پێناو بینینی نەبینراو، ھەر تەنھا
شۆڕبوونەوە نییە بەرەو قوڵایی و تاریکی، بەڵکو شۆڕبوونەوەشە بەرەو
بونیادنانی پەیوەندییەکی تازە لە نێوان دەق و خوێنەر، پەیوەندییەک کە
لەسەر بینراو و نەبینراو ھەڵنرابێت، پەیوەندییەک کە لەسەر دوو بوونی
جیاواز بونیاد نرابێ... دژ بە بێبایەخکردنی پەیوەندی نێوان دوو بوونی
جیاواز وەستا بێت... ھەڵبەتە نرخدانان بۆ ئەو پەیوەندییە نوێیە، ھەر
تەنھا بە ئاشتبوونەوە سەرساممان ناکات، بەڵکو وامان لێدەکات بەسەر
تێڕوانینی پێشووی خۆماندا بچینەوە...
دواجار ئەو دوو درەوشانەوەیە، یان بایەخی مرۆڤ و چواندنی بە ئاژەڵ لە
وێنەیەکی بێ پەردەدا روونتر دەردەکەوێت، بەو مانایەش ئەو خۆ
رووتکردنەوەیە، ترسانە لە مرۆڤ! لەو وێنە ئەبستراکتەدا ئاژەڵان کەمتر
ئازار بە شاعیر دەگەیەنن، ئەوەی زۆرترین ئازار بە شاعیر دەگەیەنێت خودی
مرۆڤە، ئەوەش وێنە نەبینراوەکەی ناوەوەی شاعیرە و لە گێڕانەوەی واقیعی
دەرەوە (وەک خۆی) دوور دەکەوێتەوە، بۆ ئەوەی ناوەوەی خۆی بنوێنێ، یان
وەک تاکە کەس بوونی خۆی لە داکۆکیکردنی ھەتا ھەتایی درەوشانەوە
ھەڵگرێتەوە و بڵێ لە ھەبوونی تۆ ترساو و بریندار و ماندووم!
پشیلەیەک لە کۆڵان پەڕییەوە و
منداڵێک لە سەر بان کۆتری ھەڵدەفڕاند و
ژنێکیش سەری لە دەرگای حەوشە دەرھێنا و
منی بینی و
ھیچی نەگوت، بەڵام ترسا
من پەیڤم لەوێدا.
پشیلەیەک لە کۆڵان دەپەڕییەوە و
منداڵێک لە سەر بان کۆتر ھەڵدەفڕێنێ و
ژنێکیش سەری لە دەرگای حەوشە دەردەھێنێ و
تۆ دەبینێت و دەترسێت، بەڵام
ھیچ ناڵێت
پەیڤم بە، لەوێدا. ل٤٩-٥٠
لێرە ھەوڵنادەم جارێکی دی خەیاڵکراوی کلتوری بە درەوشانەوەی
دەروونییەوە بلکێنم، بۆ ئەوەی ئەرزش بۆ ناوەوە و نەبینراوەکان بگێڕمەوە،
وەک چۆن قسە لە ئاوێنەبوونی دیمەنی یەکەم بۆ دووەم و کورتکردنەوەیان لە
دوو دەرئەنجامی ئەبستراکتدا ناکەم، بەڵکو ھەوڵدەدەم ئەو گوتارە
کلتورییە بخەمە بەر چاوان، کە لە نێوان (من پەیڤم لەوێدا) و (پەیڤم بە،
لەوێدا) رووتکراوەتەوە... بۆ ئەوەش پشت بە پرسیاری خوێنەر و پێشوازی
کردنی خوێنەر دەبەستم! ئایا من پەیڤم لەوێدا دواجار پەیڤم بە، لەوێدای
لێدەکەوێتەوە، یان دەشێ تێگەیشتنی پەیڤم بە،لەوێدا، بۆ تێگەیشتنی من
پەیڤم لەوێدا، بۆ چەمکی ترسان بگەڕێنینەوە؟
لێرەدا شیعرییەتی دەستەواژەی (من پەیڤم- پەیڤم بە) گەشەکردن و
گواستنەوەی دوو جۆر لە (ترس) دەگەیەنێت، یان بە مانایەکی دیکە
ھاوگونجانی نێوان ( ئامانج/ بابەت) لەو دەستەواژەیەدا پێوانەیە بۆ
شیعرییەت، ئەو شیعرییەتەی دەکەوێتە نێوان گەشەکردن و گواستنەوەی جولەوە...
کەواتە من پەیڤم لەوێدا بۆ پەیڤم بە لەوێدا ئاستی وازھێنان لە
ھەبوونایەتی لە یەکەم و گەشەکردنی جولە لە دووەم دەنوێنێ! بەو مانایەش
وازھێنان لە ھەبوونایەتی مانای فەرھەنگی و گەیشتن بە گەشەکردنی ئاستی
دەلالی بە یەکێک لە داھێنانەکانی ناوکۆیی شیعری و ھێزی لادانی مانا
دەژمێردرێت، ئەو شێوازە یان ئەو دەستەواژە دروستکراوە لە نێوان مانای
فەرھەنگی سادە و ئاسۆی دەلالی، سێ خەسڵەتی جیاواز بە وشەی (ترس)
دەبەخشێت.
یەکەم: ترس، شیعرییەتی نێوان مانای فەرھەنگی و مانای دەلالی دەگەیەنێت.
دووەم: ترس، بۆشایی ھەردوو گوزارەی (من پەیڤم لەوێدا/ پەیڤم بە لەوێدا)
بۆ ئاستی وەک یەکبوون بەرز دەکاتەوە. سێیەم: ترس، ھاویەکبوونی نێوان
دوو گوزارەی (من پەیڤم لەوێدا/ پەیڤم بە لەوێدا) لە خەسڵەتێکی
شیعرییەوە بۆ خەسڵەتێکی زانستی دەگۆڕێ و لە شیعر و شاعیر دووری
دەخاتەوە.
بە کورتی دەتوانم بڵێم لادانی زمانی لە پێوانەکان، یان بە شێوەیەکی
لەبارتر وەرگێڕانی مانای فەرھەنگی بۆ ئاستی دەلالی بە یەکێک لە
دیاردەکانی شیعری بەشدار سامی دەژمێردرێت، ھەر ئەو لادان و وەرگێڕانەیە
لە بەرھەمەکانیدا شیعرییەت لە زمانی گێڕانەوە جیا دەکاتەوە! کەواتە وەک
روونمان کردەوە ھێزی شیعری شێوازی ئەبستراکتی تەعبیری درەوشاوە، بە
ھەندێ خەسڵەتی وەک لادان و درەوشانەوە و خرۆشان و جیدییەتەوە بەندە.
شێوازی ئەبستراکت
(گروپی سێیەم/ دنیای بەتاڵی زمان).
دەقگەرایی گروپی سێیەم لەگەڵ جیاوازییەکانیان لە روانینی مندا
پێکھاتووە لە (ئەنوەر مەسیفی، یوونس رەزایی، پەرویز زەبیح غوڵامی،
کەمال ئەمینی، تەیب قادر...) و زێتریش... شێوازی دەقی ئەو گروپە
ئەبستراکتە، ھێزی خۆیان لە (دواخستن و پێشخستن) و (رەمز) و (ھەست) خەرج
دەکەن، بۆ پرکردنەوەی بۆشاییەکان ھەمیشە پشت بە بیرکردنەوە و خەیاڵی
خوێنەران دەبەستن! لە شێوازی ئەبستراکتی شیعری دوای راپەڕین مامەڵەکردن
لەگەڵ شێوازی داڕشتن ستوونی دەکەوێتەوە، مامەڵەکردن لەگەڵ دەنگ و تیشکی
وشە ستوونییە، بەشێکیان لە سەر نێودژی مانا شۆڕدەبنەوە، بەڵام دووبارە
لەو شۆڕبوونەوەیە فرە رەھەندەدا لە بری وێنەی شیعری، دەنگ و رەنگی وشە
شێوەیان پێدەبەخشرێت! ھەروەھا ناوکۆیی باو و لێکچوواندنی باو و بەشێک
لە ئاوەڵناو و ئامرازی پەیوەندی دەسڕنەوە و جولەی ژیان و بێھودەیی ژیان
دەنوسنەوە، لە سڕینەوەدا ھەندێجار تەواو لە بێ مانایی و بێ وێنەیی ون
دەبن، یان بە دیوەکەی دیکە نایانەوێت جەخت لە چوونە قوڵایی ژیان و
شتەکان و بێھودەیی بکەن!
دەقگەرایی گروپی سێیەم، لە رێگای دواخستن و پێشخستنی وشە، رەھەندێکی
ناباوی دەنگ و تیشک بە ناوکۆیی دەبەخشن و پشت بە ئاگاییەکی قوڕس و
دیالۆگ و رەمز و ھەستی خرۆشاو و تیشکی وشەکان دەبەستن، پێیانوایە وشەی
رووت و رەمزئامێز بایەخێکی گەورەتری ھەیە، نەک وێنە... لە رێگای جولە و
دیالۆگەوە کاریگەری لە سەر دەروونی خوێنەران دروست دەکەن، بێ ئەوەی ھیچ
گوتارێک بەرجەستە بکەن... ئامانجیان ئازادکردنی خوێنەرە لە ھەژموونی
ئایدیۆلۆژیا!
ئەو رەھەندە ئەبستراکتەی شیعری دوای راپەڕین کەمێکیان نەبێ، لە سەر
رەمزی داخراو و بێ ھەست و بێ جولە کار ناکەن! بەڵکو بە جوانگوتن و
لێکچوواندنە نائاساییەکان و ھەستی نەیاری وشەکان و نیگارکێشانی تیشکی
دەلالەتەکان بەندن، ھەندێکیان جگە لە دواخستن و پێشخستن، لە سەر جولەی
مانای نائاشنا و وێنەی شێواوی شیعری کار دەکەن... بەڵام بە گشتی ریتمی
نوسینیان تووندە و لەسەر تیشک و دەنگدانەوە وەستاوە.
دەتوانین لە رووی ھونەرییەوە لە پشت دنیای بەتاڵی زمان و زمانی
ئەبستراکت، وزە و جولەی دەنگ و مانای نائاشنا و تیشکی دەلالەتەکان و
ھەست و ئاگایی و ئەزموون بدۆزینەوە، دوور لە قوڕسایی مەعریفە و
گوتارخوازی! بەو مانایەش ئەبستراکت بەرزترین پلەی تەعبیرکردنی ھونەری
جولەی ئاگایی و ھەستی جوانییە! ئەگەر تەعبیرییەت خۆی لە تەوەرەی وێنە و
مانادا ببینێتەوە، ئەوە ئەبستراکت سڕینەوەی وێنەیە لە پێناو جولەی
جوانییدا... لە شێوازی ئەبستراکتدا چیگوتنی زمان لە جولە و ھەست و
دیالۆگدا ون دەبێت، بەڵام جوانگوتنی زمان لە چەمکی دواخستن و پێشخستنی
وشەی رووتەوە بەرجەستە دەبێت، کەواتە لە شێوازی ئەبستراکتدا بەشێکی زۆر
لە چیگوتنی زمان نامۆیی لێدەکەوێتەوە، بەڵام بە گشتی جوانگوتنی زمان
ئیستێتیکا و ئاگامەندی دەوڕوژێنێ.
ھەزار کون لە پرچم بووە و
ھەر سەر ئاو نەکەوتم
من دەمەوێت لە ناوەڕاستی تەمەنمدا
سەر ئاو بکەوم و
تەواوی دونیا بە رووتوقوتی ببینم
"کۆمەڵە شیعری مرۆڤێک لە نزیکمانە، تەیب قادر ، چ ١، ٢٠١٧،ل١٧"
لە نێوان مردن و ژیان، (سەرئاو کەوتن) و (سەرئاو نەکەوتن) رستەی ھەزار
کون لە پرچم بووە دەستلێدراوێکی نامۆ و نادیارە، ئیستێتیکا و ئاگامەندی
دەوڕوژێنێ... ئەو (لەیەکنەچوونە)ی مردن و ژیان تەئویلی جیاواز و
ئاسۆیەکی دیکەی چاوەڕوانی بۆ خوێنەران واڵا دەکات و تێڕوانینی باو
تێکدەشکێنێ، ئەو پەیوەندییە نوێیەی نێوان کون لە پرچ بوون و سەر ئاو
نەکەوتن خوێندنەوەیەک دەوڕوژێنێ کە پەیوەندی بە واقیعێکی نادیاری
گوماناوی و ساتمەکردنی ئاسۆی چاوەڕوانی باوی خوێنەرەوە ھەیە.
دوای تەواوبوونی رستەی (ھەزار کون لە پرچم بووە) ئەوە خوێنەرانی باو
ئامادە نیین بیر (لە سەر ئاو کەوتن و سەر ئاو نەکەوتن) بکەنەوە، چونکە
لە چاوی خوێنەرانی باو رستەی دووەم بەردەوامبوون ناگەیەنێت، بەڵکو بۆ
بەردەوام بوون، رستەی دووەم دەبێ بە دیاریکراوی رستەی یەکەم تەواو
بکات، دەبێ لە رووی ماناوە رستەی دووەم بۆ نموونە پەیوەندی بە
ئاڵۆزبوونی قژ و ھەڵوەرینی قژەوە بکات، نەک سەرئاو کەوتن؟! بە
ئاڵۆزبوونی قژ و بە ھەڵوەرینی قژ بەبێ ماندووبوون خوێندنەوەی رستەی
یەکەم بەرەوپێشەوە دەچێت... کەواتە ئەگەر رستەی دووەم و (دواتر) بە ھیچ
شتێکەوە (بە رستەی پێشترەوە) بەند نەبوو، ئەوە جەریانی بیرکردنەوەی
خوێنەری باو دەپچڕێ، یان تێڕوانینی باوی خوێنەر دووچاری حەپەسان دەبێت:
ناترسیت من بڕژێم و
ھەموو کۆشت پیس بکەم
ناترسیت لە دانەگیرسانی گلۆپێکی شەوت
چاوم بکوژێنمەوە و
ھەموو تەمەنت
خەریکی دەست راکێشانی من بیت
بە دیار نینۆک کردنی من بەسەر ببەیت؟ ل١٩
لە گۆڤاری "رامان" ژمارە (٢٢٧)ی نیسانی (٢٠١٦) نوسەر و توێژەر (رەھبەر
مەحمود زادە) لە بارەی تایبەتمەندییەکانی شیعری (یوونسی رەزایی)
نوسیویەتی: رەزایی دوای جولەی مانای نائاشنا دەکەوێت، نەک سڕینەوەی
وێنەی شیعری... ئەو تایبەتمەندییە بڕێک لە شاعیرانی شێوازی ئەبستراکت
بەو مانایەی من لێرەدا قسەم لێکردووە، ھەڵبەتە بە شێوەی جیاواز،
دەگرێتەوە... دەمەوێ بڵێم ئەگەر شیعری یوونسی رەزایی لە رێگای جوانگوتن
و لێکچوواندنە نائاساییەکان و ھەستی نەیاری وشەکانەوە بە شیعری نوێ و
دوای راپەڕینی باشوری کوردستانەوە بلکێ، ئەگەر چیگوتنی شیعری ئەو
نامۆیی لێبکەوێتەوە، ئەگەر وزەی دەنگ و ئاگایی و ئەزموون لە شیعری
ئەودا بەرجەستە بێت، ئەوە جیاوازی ئەو لەگەڵ شیعری ئەبستراکتی دوای
راپەڕین، لە بەرجەستەکردنی وێنەی شێواودایە، ئەوەش لە فەزای شیعریدا
رەنگکردنی وشەیە لە نەخشکاری بەرجەستەدا، کە مانای جیاواز و گوتاری
جیاوازی لێدەکەوێتەوە و لەوێشەوە ساتمە بە خوێنەری باو دەکات و دەیخاتە
بۆشاییەوە.
گورگێک فەرز کەن لە پێستی شاردا
دەوەڕێ بەو گوڵەبەڕۆژانەی
لە پەنجەکانی نەقاشێکدا ئاوابوون
پۆلیسیش لە رێگا فیتوو لێدەدا و
روو بە رووی کلوە بەفرەکان
پێکێک ھەڵدەدا لە ئاور. رۆژنامەی "ھیچ" ژ ٧، ١/١/٢٠١٧
ھونەرمەندێک لە رێگادا پێش ئەوەی بچێتە سەر کار و دەست بە کارە
ھونەرییەکەی بکات، دڵخۆش دەبینرێ و فیتوو لێدەدا، پێش ئەوەی کار لە سەر
کێشانی وێنەی گورگ و پۆلیس بکات و ژیانیان بخاتە تابلۆیەکەوە، بۆ خۆ
گەرمکردنەوە لە کارەکەی پێکێک لە ئاور ھەڵدەدا و ئینجا پەیتا پەیتا بە
سەلیقەی ھونەری خۆی جیاوازییەکانی ژیان دەنەخشێنێ... لێرە پرسیار ئەوە
نییە بۆ نەقاشەکەی یوونسی رەزایی بۆ خۆ مەستکردن بە وێنەکێشان،
دەخواتەوە و دڵی بە جیاوازییەکان خۆشە و فیتوو لێدەدا، بەڵکو پرسیار
ئەوەیە ئایا وەک ئەوەی باوە قەدەغە نییە، پۆلیس لە سەر کار بۆ
خۆگەرمکردنەوە بخواتەوە؟!
پەیوەندی گورگ و پۆلیس، گوڵەبەرۆژە و بەفر لە رەنگکردنی وشەدا جگە لە
نائاشنابوون و ساتمەکردن بە خوێنەر و دروستکردنی بۆشایی چییە؟ ئایا
جیاوازی تێڕوانینمان بۆ (پۆلیس، ھونەرمەند) و (گوڵەبەڕۆژ، کلوەبەفر)
پەیوەندی بە جیاوازی شار و لادێوە ھەیە؟ وەک دیارە جیاوازی (گورگ) و
(پۆلیس) زۆر بە روونی لەلایەن ھونەرمەندەوە وێنەکراوە... ئایا ئەو
چیگوتنە لە رووی ھەستی مرۆڤدۆستی و ئاژەڵدۆستی بە جۆرێک لە جۆرەکان
نامۆیی لێناکەوێتەوە؟ ئەگەر ئەو چیگوتنە نامۆیی یان نائاشنابوون
بەرجەستە بکات، ئەوە نیگارکردنی (گوڵەبەڕۆژە) و (کڵوەبەفر) جوانگوتنی
لێدەڕژێ. لەو ئاماژەکردنەدا دەمەوێ پەیوەندی شیعری لەگەڵ شێوازی
ئەبستراکتی شیعری دوای راپەرین بخەمە بەر چاوی خوێنەرانەوە...
ھەر دوو کاری (وەڕین) و (پێکھەڵدان) جیاوازی نێوان مرۆڤ و ئاژەڵ دیاری
دەکات، گورگەکەی رەزایی دەوەڕێ، بەڵام پۆلیسەکەی پێکھەڵدەدا... ئەگەر
وەڕین نیشانەی دەمگەرمکردنەوەی ئاژەڵی لێبکەوێتەوە، ئەوە پێکھەڵدان
مێشکگەرمکردنەوەی مرۆڤی لێدەکەوێتەوە، لە ناوکۆییدا دەمگەرمکردنەوە و
مێشکگەرمکردنەوەدا ھیچ جیاوازییەکیان نییە، وەک یەک ھاتنەوەی ئەو سیاقە
بۆ تایبەتمەندی ھەر یەک لە گورگ و پۆلیس دەگەڕێتەوە، ھەردوو کارەکە
باری ئاسایی ژیان دەگەیەنن، کەچی شاعیر راگەیاندنی ئەو دوو بارە لە
رێگای (شار) و (فیتوو لێدان) لێکدوور دەخاتەوە، بەو مانایەی نە گورگ
شارییە و نە پۆلیس روو بە رووی سروشت فیتوو لێدەدات... راستە ئەو
لێکدوور خستنەوەیە ھیچ مەعریفە و گوتارخوازییەکی لە پشتەوە نییە، بەڵام
دەشێ بڵێین شاعیر توانیویەتی لە رووی زمانی چیگوتنەوە دەنگی
نائاشنابوون بکێشێ و لە رووی جوانگوتنی زمانەوە تیشکی ئاگامەندی
بنەخشێنێ، کەواتە لەو کۆپلەیەدا چیگوتن دەکەوێتە سەر دەنگی مانا و
جوانگوتن بە تیشکی دەلالەتەکانەوە پەیوەست دەبێت.
بە بەفر سوێند
کە سپێتی داوەریوە لە خەونی ئەو حەشیمەتە
کە سەرمایەک سەروبەندی ئەو شیعرانەیە و
کەسیرەتر
شاعیرێکی وەریو لە خەونی سپیایی. ل ٤٧
کۆمەڵە شیعری (منم شاعیری ژنانی چاوەڕوان، یوونس رەزایی، دەزگای چاپ و
بڵاوکردنەوەی ئاراس، چ ١، ھەولێر- ٢٠٠٧)
دەرئەنجام:
ئەدەب، دەکەوێتە نێوان سێ بوون و سێ ستراتیژ و سێ دەق، جیاوازی ئەو
سێیانەش پێویستیان بە ھاوگونجان ھەیە، ئەگینا جیاوازییەکان ناڕێک
دەکەونەوە. ئەدەب، ھونەر و ئیستێتیکایە، جەمسەری ھونەری واتە بوونی دەق
و دەقی نوسەر و ستراتیژی دانەر. بەڵام جەمسەری ئیستێتیکی واتە بوونی
خوێنەر، ستراتیژی خوێنەر، دەقی خوێنەر. ئەدەب، دەکەوێتە نێوان کاری
ئەدەبی و دەقی ئەدەبی: کاری ئەدەبی لە حەقیقەتی بووندایە، بەڵام دەقی
ئەدەبی فیکرەی یەکگرتووی کۆتائامێزی نێوان دەق و خوێنەر، بابەت و خود،
دەق و دانەر... رەتدەکاتەوە. کار سەر بە ھیرمینۆتیکایە و دەق سەر بە
سیمیۆلۆژیایە.
شیعری نوێی کوردی دوای راپەڕینی ١٩٩١ی کوردستانی باشور، وەک کاری
ئەدەبی و دەقی ئەدەبی کۆی ئەو شەپۆلە شیعرییە دەگرێتەوە، کە لە
فەزایەکی تا ئەندازەیەکی زۆر ئازاد و زمانێکی تا سنوری
پەردەنەپۆشیندایە و بیر لە واتای کات و بنەما ئاینییەکان و فەزای
ئایدیۆلۆژی ناکاتەوە. بەڵام شیعری کلاسیزمی کوردی بارکراوە و
نەیتوانیویە پرسیاری خۆی بکات، ناتوانین دنیای کوردی لە نێو شیعری
کلاسیزمی کوردی بە دەست بھێنین... ھەمیشە شیعری کلاسیزمی کوردی چەمکی
بەدوایەکدانەگەڕان و دیالۆگ نەکردن بەرجەستە دەکات، شیعری کلاسیزمی
کوردی بە شیعرکردنی مەعریفەی ئایینیە. لە شیعری دوای راپەڕیندا شاعیر
جوان لە دنیا و مەعریفە و خەیاڵی شیعری دەڕوانێ، بەڵام لە واقیعی خۆی
ھەڵدێت و خۆی رادەستی بە شیعرکردنی دنیا دەکات، ئەوەش چەمکی
دیالۆگکردنی شیعری و ژانوژواری مرۆیی تۆختر دەکاتەوە. شیعری دوای
راپەڕین لە رووی شێوازی نوسین و تێکشکاندنی ئاسۆی چاوەڕوانی خوێنەر
دابەشی سێ پارچە کراوە و لە سێ شێوازی دیالۆگئامێزدا بەرجەستە کراون...
یەکەم: شێوازی دەربڕینی دەلالەتخوازانە، کە لە رێگای ژیانەوە خۆیان
نیشان دەدەن و پشت بە ریتمی ناوەکی دەبەستن... زۆربەی شاعیرانی ئەو
گروپە بۆ رەنگاوڕەنگکردنی مانا گرامەر تێکدەشکێنن، ھەوڵدەدەن جوانگوتن
و چیگوتن بپارێزن، ھەندێکیان جەخت لە دامەزراندنی پەیوەندی نوێی نێوان
وشە و وشە، وشە و مانا دەکەن، ھەندێکیان دوای رستەی شیعریی و دووبارە
کردنەوەی ناوکۆیی دەکەون، ھەندێکیان لادانی دەلالی بە وڕوژانی ماناوە
دەبەستنەوە، بەڵام بە گشتی لە سەر وێنەی شیعری و واقیعی ژیان کار دەکەن
و ریتمی نوسینیان خاوە. بۆ نموونە شاعیران ئازاد سوبحی، ھەندرێن، رۆژ
ھەڵەبجەیی، تەلعەت تاھیر، دلاوەر رەحیمی، داستان بارزان...
دووەم: شێوازی تەعبیری ئەبستراکت، کە لە رووی جولە و ریتم و داڕشتنەوە
تەعبیرییە و لە رووی ماناوە رووت، ھێزی خۆیان لە لادان و ئاماژە خەرج
دەکەن، بۆ پڕکردنەوەی رووتی مانا و بۆشاییەکانی پشت بە خوێنەران
دەبەستن، بە گشتی لە سەر جولە و جوانی کار دەکەن و ریتمی نوسینیان
نیمچە خاوە. ئەو شێوازە دوو بەشە، یەکەم، شێوازی ئەبستراکتی تەعبیری
گەردوونی و دووەم شێوازی ئەبستراکتی تەعبیری درەوشاوە. بۆ نموونە
شاعیران تەیب جەبار، شاڵاو حەبیبە، پەروێز زەبیح غوڵامی، جەمیل مورادی،
رابەر فاریق، بەشدار سامی، بەیان عەزیزی...
سێیەم: شێوازی ئەبستراکت، خۆیان لە دواخستن و پێشخستن و رەمز و ھەست
دەبیننەوە، رەھەندێکی ناباوی دەنگ و تیشک بە ناوکۆیی دەبەخشن،
چیگوتنیان نامۆیی لێدەکەوێتەوە، بەڵام جوانگوتنیان ئیستێتیکا و
ئاگامەندی، ھەمیشە پشت بە خوێنەران دەبەستن، مامەڵەکردنیان لەگەڵ
شێوازی داڕشتن ستوونی دەکەوێتەوە، مامەڵەکردنیان لەگەڵ دەنگ و تیشکی
وشە ستوونییە، بە گشتی ریتمی نوسینیان تووندە. بۆ نموونە شاعیران
ئەنوەر مەسیفی، یونس رەزایی، کەمال ئەمینی، تەیب قادر...
١٢\٦\٢٠١٧
- ستۆکهۆڵم
ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا
|