په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\٣\٢٠١٩

شیعری کوردی و ستەمی سیاسی!


رانانی: سەدیق سەعید


بەدرێژایی مێژوو، کورد وەک نەتەوەیەک ھەمیشە لەپاڵ داگیرکاری سیاسی وجینۆسایدی نەتەوەیی، ڕووبەڕووی داگیرکاری فەرھەنگی و کلتووریش بۆتەوە. لەوسۆنگەیەشەوەھەمیشە دوژمنانی ئێمەھەوڵی لەنێوبردن، یاخود بێ بەھاکردن، یانیش توانەوەی فەرھەنگی کوردییان داوە لەبۆتەی فەرھەنگی ناسیۆنالیزمییانەی خۆیان. ناونانی کوردبەتورکە کێوییەکان، بەئاگرپەرست، ناساندن ونیشاندانی زمانی کوردی بەزمانی فارسی وعەرەبی، وێناکردنی شیعری کلاسیکی کوردی بەلاساییکردنەوەو پاشماوەی شیعری فارسی وعەرەبی، تەماشاکردنی نوێخوازو داھێنەرێکی وەک(گۆران)ی شاعیر بەلاساییکەرەوەی شاعیرانی وەکو شیلی وجۆن کیتس و سەدان نموونەی تر، ئاستی شۆفێنیزمی ئەو نەتەوانە بەرامبەربە فەرھەنگ وئەدەبی نەتەوەی کورددەردەخات. چونکە بێگومان کاتێ نەتەوە دەکەوێتە بەرشاڵاوی داگیرکاری، ئەوا پرۆسەی لەنێوبردنی کەسیەتی کوردو تێکشکاندنیشی پیادە دەکێت. ئەگەردوژمنانی کوردنەیانتوانیبێت کۆی نەتەوەی کورد لەنێوبەرن، ئەوا بەشێوەیەکی دیکەھەوڵی ڕووخاندنی مرۆڤی کوردو بەنامۆکردنیان داوە لەئاست سیماو فەرھەنگی نەتەوەییانەی خۆی.بەردەوام ھەوڵی ئەوەیانداوە ڕەگی خۆبەکەمزانین لەئاست ئەوانی تردا، لەناخ و ھزری مرۆڤی کورد بڕوێنن.بەداخەوە دوژمنان لەوەدا تائەندازەیەکی زۆرسەرکەوتووبوونە. ھەمیشە سیما نەتەوەییەکان بەشێکی جیاکەرەوەی گەلانن لەیەکتری. ئەوسیمایانە کەفەرھەنگ و زمان، کلتوورو داب ونەریت، ئەدەبی سەرزارەکی و نووسراو پێکدێننن، بەخاڵی جیاکەرەوەی نەتەوەکان دائەنرێن. سنووری نێوان نەتەوەکانی دنیا چەند کاڵبێتەوە،گلۆبالیزم چەند بەھەژموونەوە گەلان بتەنێتەوە، ھێشتا ناسنامەی نەتەوەیی و خۆ جیاکردنەوە لەئەوانی تر، جێی شانازی نەتەوەیی مرۆڤەکانە. لە یارییەکانی جامی جیھانیدا، کێ کرواتییەکی بینی حەزبکات وڵاتەکەی بدۆڕێت و فەرەنسابباتەوە؟ کەس ھاووڵاتییەکی بەناسنامە بەلجیکی بینی حەزبکات ئینگلترا لەوان بباتەوە. ئەمە لەکاتێکدا، سنووری نێوان نەتەوەکانی ئەوروپاچەندین ساڵە نەماوەومرۆڤ دەتوانێت چەندین وڵات ببڕێت بەوپەڕی ئازادییەوە. بەڵام کەپرسەکە دێتە سەرنەتەوەو نیشتمان، ماکەکانی نەتەوە، ئیدی ئەوان لەبنەڕەتدا ھەڵگری ناسنامەی نەتەوەیی وڵاتەکانی خۆیانن. پرسیار ئەوەیە ئەگەر نەتەوەیەک کەسەدان ساڵە قەوارەی سەربەخۆی خۆی ھەیە، ئاڵاو خاک و زمان و فەرھەنگی خۆی ھەیە،بەوشێوەیە بڕوانێتەناسنامە، دەبێ بۆئێمەی بێ گەل و خاک چۆن بێت؟ دەبێ چەند پەیوەست بین بەزمانی کوردی، کەبەدرێژایی مێژووکوردی لەسڕینەوەونەمان پاراستووە. لەڕاستیدا کورد وەک نەتەوەیەک خاوەنی فەرھەنگ و ئەدەب وکلتووری نەتەوەییانەی خۆیەتی. ئەدەبی کوردی و فەرھەنگی کوردی، ھیچی لەنەتەوەکانی دنیاکەمتر نییە. جیاوازییەکە لەوەدایە ئەوان دەوڵەتییان ھەیەو ئێمە نا. شیعرو ژانرەکانی دیکەی کوردی لەڕووی مانا،چێژ، ناوەڕۆک و پەیام،ھیچی لەنووسەرانی دیکەی دنیا کەمتر نییە. بەڵام کەنەتوانراوە ئەوسەرمایە فەرھەنگییە ببینرێت وبەدنیا بناسرێت لەبەرئەوەیە ھەمیشەژێردەستەی داگیرکەرەکان بووینە. ئەوانیش وێرای ھەوڵدان بۆ بەکەم ناساندنی ئەوفەرھەنگە، ھاوکات ھەوڵی لەنێوبردنیشیان داوە.کەئەدەبی کوردی یاخود شیعری کوردی بەجیھانی نەبووە، لەبەرئەوە نییەکورد داھێنەری نییە، شاعیری بەتوانای نییە،عەرەبەکان یاخود تورکەکان ھەیانە،بەڵکو پەیوەندی بەوەوە ھەیە کەئەو شاعیرەبەناسنامە کوردە. کوردیش دەوڵەتی نییە، کەواتەخاوەنی ھیچ شتێک نییە. کە محمود دەروێش لەسەرئاستی جیھان دەبێتە ناو، بەبڕوای من وەک خوێنەرێک لەبەرئەوە نییە کەلە شێرکۆ بێکەس جواننووسترو بەتواناترە. بەپێچەوانەوە چونکە ئەمیان فەلەستینییە، ئەمیشییان کورد. جیھان ھاوسۆزە لەگەڵ فەلەستین، بەڵام لەئاست توانەوەی نەتەوەی کورد، ویژدانی مردووە.ئەگەرناخوێنەردەتوانێ بۆڕاستی قسەکانی من، شیعری ھەردوو شاعیرلەئاستی بونیادی دەقی شیعری بەراورد بکات.بەجیھانیبوون بەخەڵاتی گەورەو بەھادارنییە، بەڵکو پەیوەندی بەمێژوو،بەڕابردوو ھەیە. تائێستا فارسەکان خەڵاتی نۆبَلیان نەبردۆتەوە. تۆ بڵێی فارسەکان کەپێنچ ھەزار ساڵەخاوەنی فەرھەنگن نوسەرێکی شایستە بەو خەڵاتەیان نەبێت؟ بەڵام گیتارژەنێک ئەو خەڵاتە وەربگرێت.یاخود نووسەرێکی نەناسراوو پەراوێزکراوی چینی ئەو خەڵاتە وەرگرێت.مەرج نییە ئەوەی بەجیھانی بوو،ئیدی داھێنەرە. ئەمە زۆرجارپەیوەستە بەپرسی سیاسی و ململانێی سیاسییەوە. کەشاعیرانی کورد لەسەرئاستی دنیادا بەجیھانی نەبوونە، لەسۆنگەی ئەوە نییە تێکستی جوان، داھێنەرانەو جیھانییانەیان نەبێت. بەپێچەوانەوە ئەمەپەیوەندی بەوستەمەسیاسی ومێژووییەوە ھەیەکەلەکوردکراوە. کوردئەگەرژێردەستەی دوژمنان نەبووایە، خاوەنی دەوڵەت،ئاڵاونیشتمانی خۆی بووایە،دڵنیام ئێستانووسەرانی لە ئاست نووسەرانی دنیادەبوون. ئەدەبی کوردی کەزەمینەی ئەوەی لەبەردەمدانەبووەببێتە ئەدەبێکی جیھانی، لەلایەکەوەبەھۆکاری سیاسی و داگیرکاری بووە، لەلایەکی دیکەشەوە پەیوەندی بەخۆمانەوە ھەبووە کەھەوڵمانەداوە تێکستی نووسەرانی کورد لەڕێی وەرگێڕانەوە بەدنیا بناسێنین.بەتایبەتیش لەقۆناغی دوای ڕاپەڕیندا.لەلایەکی دیکەوە خوێنەری کوردچونکە نەیتوانیوە بەزمانی دایک بەرھەمی نووسەرانی دنیابخوێنێتەوە بەوپێیەی زۆربەی ھەرە زۆری خوێنەری کورد، تەنھا زمانی کوردی دەزانن، ئیدی لەڕووبەرێکی کەمدا ئاشنای ئەدەبی جیھانی بووە. یاخود واھەست دەکات کەشاعیرانی دنیا داھێنەرتربوونە لەشاعیرانی کورد، بۆیە ئەوانە شوناسی جیھانیبوونیان وەرگرتووە، بەڵام شاعیرێکی کورد تەنھا لەئاست جوگرافیاکەی خۆی ناسراوە.ئەوەشی کەوەرگێردراوە ڕەنگە بەرھەمی نووسەرانێکی دیاریکراوبێت بۆنموونە وەک:( سوھراپ و فروخ) لە ئەدەبی فارسی. ئیدی ئەمە بۆتە ھۆی ئەوەی کەخوێنەری کورد، لەڕووبەرێکی بچووکدا ئاشنای شیعری جیھانی ببێت. لەوماوانەی ڕابردوودا، چەندان کۆمەڵە شیعری بیانیم بەزمانی کوردی خوێندنەوە، کەلەلایەن وەرگێڕەکانی ئێمەوە وەرگێردرابوون. ئەو کۆمەڵە شیعرانە بژاردەی شیعری جیھانی بوون لەئەدەبی فەڕەنسی و ئیسپانی وعەرەبی و ڕوسی وزۆر نەتەوەی دیکەش. کاتێک ئەو شیعرانەم بەزمانی کوردی خوێندنەوە، لەبەشێکی ھەرەزۆریان گەیشتمە ئەوبڕوایەی کەشیعری نەتەوەکانی دیکەی دنیا لەڕووی فۆڕم، گوتاری شیعری و پەیامی شیعریانەوە، لەشیعری کوردی جوانترو بەچێژتر نین. بەگشتی شیعرەکان سادەن، لەڕووی ناوەرۆک و وێنەی ھونەرییەوە داھێنانێکی ئەوتۆیان تێدا نییە، ھونەریترلەشیعری کوردی. بەڵام کەشیعری ئەوان بەجیھانی بوونەو شیعری کوردیش تەنھا لەچوارچێوەی نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت ماوەتەوە، ھۆکارەکەی ئەوە بووە کەکورد دەوڵەتی نەبووە. ستەمی سیاسی لێکراوە. ستەمێک ھەرتەنھا خاک و نیشتمانی نەگرتۆتەوە، بەڵکوئەدەب و فەرھەنگیشی گرتۆتەوە.چونکە ستەمی سیاسی لەکورد دەکرێت، ئیدی ستەمی فەرھەنگیشی لێدەکرێت. کاتێک ئەزموونی شیعری ئەو شاعیرانە بەراورد دەکەین لەگەڵ شیعری کوردی، ڕەنگە جیاکارییەکی ئەو تۆ نەبینین.بە پێچەوانەوە ئەگەرئەزموونی شاعیرانی کوردیش وەربگێڕدرێتە سەرزمانە ناسراوەکانی دنیا، ئیدی خوێنەرانیش درک بەوەدەکەن کەکوردیش شیعری جوان و شاعیری بەتوانای ھەیە.بۆ نموونە:(ژاک برێڤەر) کەیەکێکە لە ناسراوترین شاعیرانی دنیالە کۆپلە شیعرێکدا دەڵێت:
قاوەکەی کردە ناو فنجانەکەوە..
شیرەکەی کردە ناو قاوەکەوە..
شەکری کردە شیرو قاوەکەوە..
بەکەوچکێک تێکیدا..


ئەگەرخوێنەر بەوردی ئەوکۆپڵە شیعریە بخوێنێتەوە، بەرھیچ ئستاتیکاو ناوەڕۆکێکی جوان دەکەوێت؟ بونیادی زمان لەودەقەدا ھیچ جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ بونیادی زمانی ئاسایی ھەیە؟ کام وێنەی شیعریانەی جوان لەوکۆپڵەیەدا ھەیەچێژ شیعری بەخوێنەربدات؟. لەبەرامبەر ئەمەدا نموونەیەکی کورت لەشیعری (شێرکۆ بێکەس) دێنینەوە. کاتێ لەشیعرێکیدا دەڵێت:
ئەگەر لەناو شیعرەکانما گوڵ دەراوێژنە دەرەوە..
لەچواروەرزوەرزێکم ئەمرێ..
گەر یار بێننە دەرەوە..دووانم ئەمرن..
گەر نان بێننە دەرەوە... سێیانم ئەمرن..
گەرئازادی بێننەدەرەوە..ساڵم ئەمرێ و خۆشم دەمرم...


ھەردوودەقەکە لەئاستی زمان و فۆڕمدا سادەن. وشەکان ئاسان و ناسراون. بەڵام لەڕووی ناوەڕۆکەوە خوێنەردەتوانێ سەرنج بدات کە شێرکۆ چ وێنەیەکی شیعرییانەی پڕمانای لەڕێگەی ئەوزمانە سادەییەوە بەرجەستە کردووە. شاعیرچ بەھایەکی بەچەمکی ئازادی داوە. بێگومان ئێمە دەزانین دەقێک بەتەنھا نابێتە پێوەر بۆبەراورد کردنی ئەزموونی شیعری شاعیرێکی جیھانی بەشاعیرێکی کورد( لەداھاتوودا زۆرترکارلەسەرئەوبەراوردکارییانە دەکەین). بەڵام ئەگەر بەراوردێکی شیعرییانەی ورد بکرێت، ئەوکات ڕەنگە لەڕووی بونیادی شیعرییەوە خوێنەر درک بە جیاوازی زۆرتر بکات.کە دەرفەتی ئەو بەراوردکارییە لە نێوان ئەزموونی شیعری کوردی و شیعری جیھانی نەڕەخساوە، وەک سەرەتا ئاماژەمان پێکردلەبەر ئەوە بووەکە خوێنەری کورد نەیتوانیوە بەزمانی کوردی ئەزموونی شیعری شاعیرانی دنیا بخوێنێتەوە. بەھەمان شێوە شیعری کوردیش وەک پێویست وەرنەگێڕدراوەتە سەرزمانی نەتەوەکانی دیکەی دنیا.بۆ ئەوەی خوێنەری بیانیش بزانێت لەئەدەبی کوردی و شیعری کوردی شاعیری داھێنەرو بەتواناھەن، کەھیچیان لەشاعیرانی دنیا کەمتر نییە. وەلێ بەداخەوە ئێمە باجی بێ دەوڵەتی، ستەمی سیاسی و مێژوویی دەدەین.

_____________________________________________________
تێبینی: خوێنەر دەتوانێت بۆ ئاشنابوون بە شیعری جیھانی پەرتووکی (ھەموو شەوێک وەرە لام) بخوێنێتەوە، کە بژاردەیەکە لە شیعری جیھانی و ئازاد بەرزنجی لەو ماوانەی ڕابردوودا وەریگێڕاوە.

 

 

sadiqrwandze@yahoo.com

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک