٢٣\٤\٢٠١٥
شیعرییەت.

عەبدولموتەلیب عەبدوڵا

ھەوا ھەڵکەن پەلەیانە، باڵندە سەفەرییەکان
پەلەیانە وشەی مل درێژی مانا قومرییەکان
پەلەیانە شەونخونییە شەرابییەکان
(دلشاد عەبدوڵڵا - کۆنشێرتۆی ئامەد - ر. ھەولێر، ژ ٢٠٩٩، ١٧\٣\٢٠١٥).
لە بۆچوونی کۆندا، شیعر ئەوە بوو، کە لە رێگای وێنەوە، بیر دەکاتەوە!
ئەو تێگەیشتنە بۆ شیعر وێنەی شیعریی بە یەکێک لە ھۆکارە جۆراوجۆرەکانی
زمانی شیعریی دادەنێت... بەڵام فۆڕمالیستەکانی رووس ئەو تێگەیشتنە
کۆنەیان بە (شیعرییەت Poetics)
لێکدایەوە، شیعرییەت بووە یاسای گوتاری ئەدەبی، یان ئەدەبییەت... لە
فیکری مۆدێرندا شیعرییەت بەرفرەوان بوو، ھەموو ھونەرە ئیبداعییەکانی
دیکەشی گرتەوە، لە دەرەوەی فەزای زمان و لە رێگای دۆزینەوەی جوانی
نادیاری شوێن (گاستۆن باشلار) شیعرییەتی شتە واقیعییەکانی لە کتێبی
(جوانکارییەکانی شوێن)دا بەرجەستە کرد.
(١)
یەکەم کەس (ئەرستۆ) لە کتێبی (ھونەری شیعر) زاراوەی شیعرییەت (Poetics)
بەکار ھێناوە، لای ئەرستۆ شیعرییەت نیشانەیەکی جیاکاری بەرزە...
(تزیفیتان تۆدۆرۆف) یەکێکە لەوانەی کە ئەو کتێبەی ئەرستۆ بە گرنگ
دەبینێ، بەڵام پێیوایە دنیای شیعرییەت دنیایەکی شەپۆلاوییە و ناشێ
بیخەینە دووتوێی یاسا و رێسایەکی دیاریکراو و ئامادەوە.. شیعرییەت لای
تۆدۆرۆف دنیایەکی گۆڕاو و ناجێگیرە، کۆمەڵێک گۆشە و نیگای جیاوازە...
تۆدۆرۆف قسە لە شیعرییەتی خوێندنەوە یان وەرگر دەکات، ئەو جۆرە
قسەکردنەش شیعرییەت بە ئاستەکانی خوێندنەوە و خوێنەرەوە بەند دەکات،
دەمەوێ بڵێم ھیرمینۆتیکاش ناکەوێتە دەرەوەی شیعرییەتەوە، بەڵام ھۆکاری
درووستبوونی بۆشایی نێوان شیعرییەت و ھیرمینۆتیکا، راستەوخۆ بە
پەیوەندی شیعرییەت و بونیادگەرییەوە بەندە.
(رۆمان یاکۆبسن) رۆلێکی بنەڕەتی لە بەرەوپێشچوونی زاراوەی شیعرییەت
بینیووە، شیعرییەت لای یاکۆبسن ئەو لقەیە لە زمانەوانی کە وەزیفەی
شیعرییەت لەگەڵ وەزیفەکانی دیکەی زمان رێکدەخات، شیعرییەت بایەخ بە
مانا بەرفرەوانەکەی وشە و وەزیفەی شیعریی دەدات و ئەو وەزیفەیەش بەسەر
ئەوانیدیکەدا زاڵ دەکات... ھەڵبەتە من نامەوێ قسە لە پەیام و لەو شەش
وەزیفەیەی زمان بکەم کە یاکۆبسن بایەخیان پێدەدات، وەک چۆن قسە لە
ئەرکی ئەدەبییەت بە مانای شیعرییەتیش ناکەم، بەڵکو دەمەوێ بە کورتی
بڵێم شیعرییەت لای یاکۆبسن زمانی زمانە! واتە کاتێک زمان بۆ خۆی دەبێتە
بابەتی خۆی... ھەر ئەو بیرکردنەوەیەشە (ژان کۆھین) بەرەو بنەمای
(لادان، خزین)ی زمانی دەبات، بە بڕوای کۆھین شیعر لادانێکی پێوانەییە
لە زمانی ئاسایی! تیۆری لادان دەلالەت لە تەجاوزکردنی رێساکان زمان
دەکات، بەڵام ناشێ ئەو لادانە ئاژاوەگێڕانە بکەوێتەوە، بەڵکو دەبێ
رێسایەک بەڕێوەی بەرێت، کە جیاواز بێ لەوەی زمانی ئاسایی لەسەری
وەستاوە، بەو مانایەش بەشێکی شیعرییەت بۆ تەمومژی دەگێڕێتەوە! تیۆرەکەی
کۆھین لە جیاوازی نێوان شیعر و پەخشاندا خولدەخوات.. لە پێناسەی
شیعرییەتدا دەڵێت: زانستی شێوازیی شیعرییە. لەو پێناسەیەدا شیعرییەت
دنیایەکە بابەتەکەی شیعرە، شیعریش خۆی لە جوانیدا ھەڵدەگرێتەوە...
بەڵام ئەگەر شێوازگەریی بەدوای تایبەتمەندییەکانی دەقی ئەدەبییەوە بێت،
ئەوە شیعرییەت بە دوای یاسا گشتییەکانی داڕشتنی ئەدەبییەتەوەیە، لەگەڵ
ئەو جیاوازییەش شێوازگەریی وەک گۆشەنیگایەک لە زانستی شیعرییەت،
دەمێنێتەوە.
بۆ پێناسەکردنی زاراوەی شێوازگەریی دوو جۆر لە قسەکردنی جیاواز ھەیە:
یەکەمیان شێوازگەریی لە مەسەلەی لادان و خزینی زمانەوە بە دوور دەگرن،
بە لایەنی کەسێتی بەندی دەکەن، بۆ نموونە رۆلان بارت.. وەک دەزانین ئەو
قسەکردنە بە شێوەیەک لە شێوەکان پشت بە (کۆنت بۆفۆن) دەبەستێت، کە
پێیوایە شێواز خودی مرۆڤ خۆیەتی، نە رەشدەکرێتەوە و نە لەناودەچێ و نە
دەگوازرێتەوە و نە دەگۆڕێت.. بەڵام ھەندێکی دیکە دەڵێن شێواز رێگای
نووسینە، یان ریگەیەکی تایبەتی نووسەرە... دووەمیان شێواز بەشێوەیەکی
تووند بە لادانی زمانی پەیوەست دەکەن، ئەوانیش دەبنە دوو رێباز
یەکەمیان، بە یاسای لادانی زمانی بەندی دەکەن، جیاوازییەکی جۆری نیشان
دەدەن، ئەگەرچی ئەو یاسایە نابێتە خەسڵەتی شێوازگەریی، شێوازگەریی بەو
لۆژیکە لادانی زمانی نییە، بەڵکو دیاریکردنی لایەنێکە لە خەسڵەتی
لادانی زمانی و پلەی شیعرییەت. بەڵام رێبازی دووەم پێیانوایە شێواز
لادانێکی زمانییە، وەک کۆھین دەڵێت و ھەموو ئەو شتانە دەگرێتەوە کە باو
نین و سروشتی ناکەونەوە و لەگەڵ باو ھاوتا نین.
وەک دیارە لای ھەر یەک لە تۆدۆرۆف و یاکوبسن و کۆھین.. شیعرییەت جگە لە
توخمێکی زمانەوانی شتێکی دیکە نییە، شیعرییەتیش بە تایبەتی لای کۆھین
نواندنی شێوازی ئەو توخمەیە، ئەو جۆرەش لە شێوازگەریی بە دوای
تایبەتمەندییەکانی پێکھاتەی زمانی شیعرییەوەیە! زمانی شیعریش گۆڕینی
واقیعی بینراوە بۆ واقیعی زمانی، ئەگەر واقیعی بینراو زەمەن و شوێنی
دیاریکراو و تایبەت بەخۆی ھەبێت، ئەوە واقیعی زمانی دەکەوێتە دەرەوەی
شوێنکاتەوە و شیعرییەت بەرجەستە دەکات، بەو مانایەش شیعرییەت یاخی
بوونە لە واقیعی بینراو و کەشفکردنی زمانێکی دیکە و خەلقکردنی
بەردەوامی نەبینراو دەگەیەنێت، کەشفکردنیش ھەمیشە بە دنیابینییەوە
بەندە، خەلقکردنی بەردەوامی نەبینراویش لە ناخی مرۆڤایەتییەوە
ھەڵدەقوڵێت و لە خەیاڵدا دەتەقێتەوە...
(٢)
(بۆدلێر) ھەموو ئاواتەکانی ئەوە بوو مێرگ بە رەنگی سوور و درەخت بە
رەنگی شین ببینێت، ئەوە دنیابینی و خەیاڵی بۆدلێرە ئەگینا لە دنیادا
شتی وەھا بوونی نییە! شیعر لای بۆدلێر بە زەمەنێکی دیاریکراوەوە بەند
نییە، بەڵکو لە سەر پرنسیبی شۆڕش وەستاوە، بەمجۆرە بۆدلێر ھەوڵی دەدا
لە رێگای پرسیاری شیعرییەوە (جوانی راگوزەر) راو بکات.
سەرسامی خوێنەران بۆ (رامبۆ)ی شاعیر پەیوەندی بە ئاوێتەبوونی کیمیایی
وشەوە ھەیە... رامبۆی شەیدای دنیای نەبینراو، دنیای خەون، ھەمیشە لە
رێگای ھێزی خەون و خەیاڵەوە دنیای شتە سەیرەکانی راو دەکرد، رامبۆ ھات
بۆ ئەوەی جارێکی دیکە پەیوەندی لە نێوان شاعیر و ساحیر درووست بکاتەوە،
بۆ ئەوەی پەیوەندی نێوان دنیابینی و جادووگەریی کەشف بکات.. رامبۆ بە
دوای زمانێکەوە بوو، لە رۆحەوە بۆ رۆح قسان بکات.
بەڵام دنیای (مالارمێ) لە شیعرییەتی ھێماوە خۆی ھەڵدەگرێتەوە، مالارمێ
لە رێگای ھەڵچوونی ناخ و ھەستەکانەوە ئاگری شیعریی گڕ دەدا، نەک
چوارچێوەی زمانەوانی ئامادەوە، چونکە شیعر گەیشتنە بەو پنتەی کە زمان
دێتەگۆ نەک من، وشەکانیش لە ھەستەکان بزر دەبن.. لای مالارمێ زمان قسان
دەکات، نەک نووسەر، نووسینیش لە ھەستەکانەوە ھەڵدەقوڵێت.. مالارمێ لە
میانی وەڵامەکانی بۆ پرسی شیعر پێیوابوو دەبێ واز لە راڤەکردنی گەردوون
بھێنین و ھەوڵبدەین کۆنترۆڵی بکەین، ھەموو ئەو پێکھاتە و رێکخستنانەی
گەردوون رەش بکەینەوە بۆ ئەوەی بگەینە سیحری گەردوون.. ئەگەر دنیای
بۆدلێر دنیای جوانی میسالیانە بێت و دنیای رامبۆ دنیای نەبینراو بێت،
ئەوە دنیای مالارمێ ئاسمانی شینە، کە زمان تێیدا قسان دەکات و بە نەمری
دەمێنێتەوە و شیعر لە لەپڕ دێ و بە روونی خۆیەوە دەنازێ...
(٣)
ئەو کۆپلەیەی دەستپێکم بۆ ئەوە ھێناوەتەوە تا بڵێم بۆدلێر حەزی بە
مێرگی رەنگ سوور بوو، بەڵام لای (دلشاد عەبدوڵڵا)ی شاعیر (مێرگی خوێن
شین دەچێتەوە)... دەمەوێ بڵێم زمانی شیعریی دلشاد عەبدوڵڵا ھەوڵدەدات
لە رێگای ھاوکێشەی بابەتییەوە شیعرییانە بەسەر گێڕانەوەکاندا بچێتەوە..
دەیەوێت ھاوکێشەی بابەتی لە نێوان شیعر و گێڕانەوە درووست بکات! وەک
دەزانین (ھاوکێشەی بابەتی) گەڕانەوەیە بۆ ھەست و سۆز لای ئیلیوت، بەڵام
بەر لەوەی ئەو قسەیەم لێبکەوێت دەبێ بڵێم کە لای ئیلیوت ھیچ
جیاوازییەکی بنەڕەتی لە نێوان فیکر و سۆز بوونی نییە، جگە لەوەش دلشاد
عەبدوڵڵا ئیلیوتانە بایەخ بە (دەرککردن و وەسفکردنی بنەمای دەرککردن)
دەدا... ئەو قسەیەی من لە کۆکردنەوەی گێڕانەوەکان لە ھاوکێشەیەکی
بابەتیدا، دەرگا کردنەوەیە لە وشەی مل درێژی مانا قومریی.. واتە
ئازادکردنی وشە و وەسفکردنی دەرککردنی وشە بۆ ئەوەی زۆرترین رۆناکی
ببەخشێت! ئەوەش جۆرێک لە سازانە لە نێوان شیعر و گێڕانەوە! زمانی دلشاد
عەبدوڵڵا لە گێڕانەوەوە بۆ شیعر ھەنگاو دەنێت، بە پێچەوانەشەوە....
(٤)
بێگومان شیعر لە خودی شتەکاندا کورت ناکرێتەوە، بەڵکو لە فەزای
پەیوەندی شتەکان و پرسیارە نوێیەکانەوە بەرجەستە دەبێت، بەو مانایەش
ھیچ شتێ شیعریی نییە، ھیچ شتێ خاوەنی شیعرییەت نییە، ئەوەی شیعرییە ئەو
فەزایەیە کە ساتەوەختی نووسینی شیعر درووستی دەکات، شیعرییەت لە ئاستە
بەرزەکانی خوێندنەوەوە دێتە بەرھەم.
شیعرییەت بوونێکی راستەقینەی نییە، بەڵکو بەردەوام لەڕێگەی تەماشاکردن
و خوێندنەوەی جیاوازەوە خەڵق دەکرێت و دەکەوێتە دەرەوەی بابەتخوازی و
نێرگزییەتەوە، لەوێشەوە نە بڕوای منی گێڕەوە بۆ خۆی رادەکێشێت، نە منی
لبیدۆی بێگەرد و نە بە یادھێنانەوە، نە ھەڵگری منێکی ئیرۆتیکی نەخۆشە،
کردەی نووسینی شیعریی ساتەوەختێکی لە پڕو درەوشاوەیە، کردەیەکە بە
جۆرێک لە جۆرەکان وجودی شاعیر لە چوونە نێو پرۆسەی نووسینی شیعرییەوە،
یان حاڵەتی شیعر نووسینەوە بەرجەستە دەبێت، وەک دەزانین بەرجەستەکردنی
ئەو حاڵەتە لە (وجود) راستەوخۆ دەکەوێتە نێو خەیاڵەوە، خەیاڵیش تەواوی
دەسەڵاتەکان لە عەدەمێکەوە بەرەو عەدەمێکی دیکە دەکاتەوە.
ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا
|