په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\٩\٢٠١٨

شیعرییەت، گەڕان بە دوای رێساکانی داھێناندا.

عەبدولموتەلیب عەبدوڵا

(١)


بە شێوەیەکی گشتی شیعرییەت لە سەر خوازەی زمانەوانی وەستاوە و کەشفی رێساکانی داھێنانی دەقە ئەدەبییەکان دەکات، بەڵام ھیچ چارەسەرێکی بۆ رووەکانی دیکەی دەق پێنییە، یەکێک لە رووەکانی دەقیش ئاستی مەعریفە و بەشداریکردنی خوێنەرە جیاوازەکانە.

(٢)


سەرچاوەکانی شیعرییەت گوتاری ئەدەبییە، بەڵام (میکائیل ریفاتێر) مەیلی بەرەو شێوازگەری دەچێ و شێوازگەری پێشدەخات و شیعرییەت رەتدەکاتەوە.

(٣)


رۆلان بارت جیاوازی لە نێوان بەرھەمی ئەدەبی و دەقدا دەکات، پێیوایە بەرھەمی ئەدەبی دانەری حەقیقی بەرھەمی دەھێنێ، بەڵام دەق بەرھەمی ئەو خوێنەرەیە، کە لە رێگای خوێندنەوەوە رەھەندەکانی دەکاتەوە، لێرەوە ئەو قسەیەی بارت تێزی دەقی دانەر و دەقی خوێنەر دەخاتەوە بەڵام تزیڤیتان تۆدۆرۆڤ بابەتی شیعری لە بەرھەمی ئەدەبیدا نابینێتەوە، چونکە پێیوایە بەرھەمی ئەدەبی کارێکی ئامادەیە، بەڵام بابەتی شیعرییەت کارێکی شیمانەییە، بەو مانایەش کار کۆمەڵێ دەقی بێ کۆتایی بەرھەم دەھێنێ! خاڵی جیاوازی نێوان ژیرار ژینێت و بارت و تۆدۆرۆڤ ئەوەیە ژینێت بڕوای بەوە نییە دەقئاوێزانی بابەتی شیعرییەت بێت، واتە بابەتی جێبەجێکردن بێت، وەک بارت و تۆدۆرۆڤ دەیبینن کەواتە شیعرییەت زانستێ نییە، تاکو پشت بە بابەت ببەستێ، بەڵکو پێوانە و پێناسەیەکی نەگونجاو و ھەندێجار نایەقینییە.

(٤)


شیعرییەت و بەخششەکانی شیعرییەت ھەر تەنھا لە نێو خۆیدا نەماوەتەوە و بەشێوەیەکی بەرفرەوان بە نێو ژانرەکاندا بڵاو بۆتەوە شیعرییەت سنوورەکانی خۆی تێپەڕاندووە و ھەنگاوی بەرەو وێناکردنە دەروونی و کۆمەڵایەتی و فۆڕمەکانی دیکەی ژیان ھاوێشتووە؟! بەڵام ئامانجی شیعرییەت ھیچ لەوانە نییە، بەڵکو دروستکردن و رێکخستنی پەیوەندی نێوان بوارەکانە، واتە شیعرییەت گەیشتنە بە پەیوەندییە جیاوازەکانی شیعریی.


جیاوازی نێوان شیعرییەت و ئەدەبییەت ئەوەیە: ئەدەبییەت ھاوتای شیعرییەتە و زۆر لێیەوە نزیکە، ئەدەبییەت لە دنیای تیۆری رەخنەی نوێدا لە شیعرییەت لە پێشترە ئەدەبییەت واتە پەتیبوونی ئەدەب یان ئەوەی پێی دەڵێن شاعیری بوون.


لای (رۆمان یاکۆبسن) بابەتی زانستی ئەدەب قسەی زۆر لێکراوە، بەڵام ئەدەب نییە، بەڵکو بابەتی زانستی ئەدەب، ئەدەبییەتە زاراوەی ئەدەبییەت پێوانەیەکی سیمیایی ھەیە و تایبەتە بە دەقی ئەدەبییەوە پێناسەی ئەدەبییەت لە تیۆری سیمیایی ئەدەبیدا بە تایبەتی لە لێکۆڵینەوەکانی فۆرمالیستەکانی رووسدا جیاکردنەوەی دەقی ئەدەبییە لە نا ئەدەبی!


زانستی ئەدەب لەگەڵ شیعرییەت ھاوواتا دێتەوە، بە مانایەکی دیکە زانستی ئەدەب دیاریکردنی پێوانەیەکی رووتە بۆ جیاکردنەوەی ئەدەب لە نائەدەب بەڵام ژان کۆھین زاراوەی شیعرییەت لە نێوان دەلالەت و تەعبیرکردندا ھەڵدەگرێتەوە، کۆھین شیعرییەت بە زانستی شیعر ناو دەبات، نەک زانستی ئەدەب! بە گشتی رێژەی ئەدەبی بۆ ئەدەب، وەک رێژەی زمانە بۆ گوتن وەک چۆن فردینارد دی سوسێر قسەی لێدەکات، دواجار ھەموو ئەوانە پێمان دەڵێن ئەدەبییەت و شیعرییەت پێکەوە ھاوبەشن و یەک ئامانجیان ھەیە.

(٥)


ژان کۆھین دەڵێ شیعرییەت زانستە، ئەوەش پەیوەندی بە ھەمان ئەو پرنسیبەوە ھەیە، کە زمان بە زانست دادەنێت، واتە پرنسیبی تەفسیرکردنی زمانە لە رێگای زمانەوە! بەو مانایەش جیاوازی نێوان شیعرییەت و زمانەوانی ئەوەیە کە شیعرییەت شێوەیەک لە شێوەکانی چارەسەرکردنی زمان و زمانەوانی کۆی مەسەلە زمانییەکان دەگرێتەوە.


ژان کۆھین دەیەوێ شیعرییەت وەک زانست تەماشا بکەین، بۆ ئەوەش ھەر دەبێ بڕوامان بەوە ھەبێ زمانەوانی زانستە، واتە ئەوەی بۆچوونە بنەڕەتییەکانی شیعرییەت دەگۆڕێ، پشت بە پرنسیبەکانی زمانەوانی دەبەستێت و بەردەوام بە پێی ئەو گۆڕانکارییانەش چەمکی شیعرییەت بونیاد دەنرێتەوە بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا زانست و ئەدەب چۆن بە نێو یەکدادەچن؟ چونکە زانست لە ھەر بابەتێکدا بوونی ھەبێت، سروشتی ئەو بابەتە لە خۆرسکییەوە بۆ ھۆکارخوازی، لە ھەڕەمەکی و پێشبینیکردنەوە بۆ رێکوپێکی دەگۆڕێت، جگە لەوەش زانست ھەمیشە بابەت لە دەستێوردانی دەرەکی دەپارێزێ.


ژان کۆھین پێیوایە تەماشاکردنی ئەمڕۆ بۆ ھونەرە جوانەکان ھەر تەنھا لە سەر جوانی نەوەستاوە، تەماشاکردنی نوێخوازانەی ئەمڕۆ بۆ جوانی خۆی لە کەشفکردنی حەقیقەتی زانستیدا دەبینێتەوە شیعرییەت سیمایەکی زانستی لەخۆ دەگرێت، بەڵام ئایا دەبێتە زانستی ئەدەب؟ ھەر کاتێ لە ئەدەب دوور کەوتینەوە بەو وەسفەی واقیعێکە بۆ لەیەکنزیکبوونەوە، دەبێ ئەوەشمان لە بیر بێ، ئەدەب بەردەوام لە سەر نزیکبوونەوە و تازەکردنەوەی کۆمەڵێک یاسا و رێساش کار دەکات، لە نێوان واقیعی ئەدەبی و یاسای زانستی زمانەوانیدا ئامانجی شیعرییەت یان ئەوەی یاکۆبسن بە زانستی ئەدەب ناو دەبرێت، دەلالەت لە کەشفکردنی لێکنزیکبوونەوەی تێڕوانینەکان و یاسا و رێسا تازەکان دەکات، نەک کۆتاییھێنان بە تێڕوانین و یاساکان! یاسا و رێساکانی زمان بەردەوام لە نوێبوونەوەدان و شیعرییەت بەردەوام لە تێپەڕاندنی ئەو یاسا و رێسایانە خۆی نوێ دەکاتەوە، کەواتە ئامانجی شیعرییەت کەشفکردنی ئەو یاسا و رێسایانە نییە، بەڵکو کەشفکردن و وەبەرھێنانی بەردەوامە.

(٦)


لە نێوان زانستی شیعریی و زانستی ئەدەبی، لە نێوان ژان کۆھین و یاکۆبسن، لە نێوان شیعر و پەخشان پرسیار ئەوەیە ئایا شیعرییەت زانستی شیعرە، یان زانستی ئەدەب؟ رەنگە چارەسەر ئەوە بێت، کە شیعرییەت بە زانستی ئەدەب دابنێین، چونکە شیعرییەت لە شیعر و پەخشاندا بە دوای رێساکانی گوتاری ئەدەبیدا دەگەڕێت، لەبەر ئەوەی شیعر و پەخشان لە خەسڵەتی ئەدەبیدا ھاوبەشن بەڵام ئەو چارەسەرە حەتمی نییە، بەڵکو زەروورەت دەیسەپێنێ، چونکە شیعر و پەخشان کۆمەڵێک جیاوازییان لە نێوان ھەیە، ئەوەش دەمانخاتە سەر ئەو بیروڕایەی کە شیعرییەت زانستی ئەدەب نییە! بەڵکو چارەسەری گوتاری شیعری دەکات، بێ ئەوەی چارەسەری گوتاری پەخشان بکات؟! جیاوازی نێوان زانستی شیعریی و زانستی ئەدەبی ئەوەمان پێدەڵێت.


فۆرمالیستەکانی رووس لە نێوان شیعر و پەخشان جیاوازی دەکەن، بەوەی پەخشان لە گەیاندن و فیکر و ئامانج دا دەبینن و شیعر ھیچ لەوانە بە ھەند ھەڵناگرێ، شیعر لە گەیاندندا سەربەخۆیە، بەڵام ئامانجی یەکەمی پەخشان گەیاندنە دەبێ لە پەخشاندا شتێ بگوترێ و وشەکان گوزارشت لە دەلالەتە فیکرییەکان بکەن، بە پێچەوانەوە دەشێ فیکر و دەلالەت لە شیعردا لە حاڵەتی سڕبووندا بێ و ناوکۆیی شیعری لە رێگای دەلالەتی وێنەی جیاواز بتەقێتەوە، بە دیوەکەی دیکە دەشێ شیعر لە دەرەوەی سڕبوونی دەلالەت، دەلالەت تێیدا گاڵتەجارانە و درۆزنانە بکەوێتەوە! لە شیعردا وشە ئەلتەرناتیفی ھیچ شتێ نییە، بەھای سەربەخۆی ھەیە و لە شتگەرایی دوورە. پەخشان لە جەماوەرەوە نزیک دەبێتەوە، بەڵام شیعر چڕبوونەوەیە و جێکەوتەی ئیستاتیکی ھەیە، کەواتە جیاوازی نێوان شیعر و پەخشان، ئەدەب و نائەدەب، جیاوازییەکی ھونەرییە و دەکەوێتە بازنەی سیمیاییەوە (semiotics) لە دیدی (ژان مۆکارۆڤسکی Mukarovsky) ھونەر ئاماژە بە ھیچ شتێکی دیاریکراو ناکات، ئەوەش ھونەر لە ناھونەر جیا دەکاتەوە.


(٧)


سەرەرای چەمکی سەربەخۆیی، چەمکی گەیاندن وەزیفەیەکە لە وەزیفەکانی کاری ھونەری، بەمجۆرە لەلایەک ھونەرە و لە ھەمان کاتدا گوتنە و گوزارشت لە ھەڵوێستێکی عەقڵی، یان فیکرەیەک، یان ھەستێک دەکات. لە راستیدا ھەتا کارە فۆرمئاساکانیش خاوەنی بەھای گەیاندنی تایبەتن، بەڵام لە بابەتدا سەربەخۆن، بۆ نموونە ھێلکاری و رەنگ لە شێوەکاریدا دەشێ مانای شتێ بدات، بێ ئەوەی بابەتەکەی دیار بێ.


لەبەر ئەوەی لە کاری ھونەرییدا خەیاڵ رۆڵی خۆی ھەیە، بۆیە نابێ کاری ئەدەبی بەھای وجودی ھەبێ، بەو مانایەش کاری ھونەری وەک وجودێکی واقیعی سەیری ھیچ شتێ ناکات ، بەڵکو لە کاری ھونەرییدا ئاماژە پێدراو ھەر وەک خەیاڵ دەمێنێتەوە.

(٨)


شیعرییەت ھێزی شیعریی و درەوشانەوە لە دەقدا دەخاتە روو، بەڵام شێوازگەری ھێزی گوتن لە نوسیندا دەخاتە روو، یان شێوازگەری خەسڵەتەکانی گوتن لە دەقدا دەنوێنێ، پەیوەندی نێوان خەسڵەتەکانی گوتن و ھیزی شیعریی و درەوشانەوە بۆ نموونە لای یاکۆبسن دەکەوێتە نێوان شێوازگەرییەکی رێگاپێدراوی دیاریکراو و شیعرییەتێکی رێگا پێدراو و دیاریکراوەوە ئەگەر بەھای شێواز لەشێوازگەرییەکی رێگاپێدراوی دیاریکراودا پەیوەندی بە چنینی گوزارشتکردنی گوتار لەلایەک و ھێزی ھەواڵ و ھێزی ناوەڕۆک لەلایەکی دیکەوە ھەبێت! ئەوە شیعرییەتی رێگا پێدراو و دیاریکراو پەیوەندی بە چنینی شیعرییەت لەلایەک و ھێزی درەوشانەوە لەلایەکی دیکەوە ھەیە، دواجار دەتوانین بڵێین نزیکردنەوەی شیعرییەت و شێوازگەری لای یاکۆبسن لە پێکچوواندنی وشەی شێوازگەری و وشەی کارفرمای شیعریدایە، بەو مانایەش وەک چۆن شیعر وەزیفەیەکی دیاریکراوی نییە، بەدواداچوونی شێوازیش بەرەو دەرئەنجامێکی بنبەستمان دەبات، بە مانایەکی دیکە ھەر دەقێک لە پێکھاتەی تایبەت و دەگمەنی خۆی ھەناسە دەدات، کاریگەرییەکانی خۆی لە رێگای ئەو پێکھاتە تایبەتەوە بە دەست دەھێنێ، ھەر ئەو خاڵەیە شێوازگەری بەرەو چەندان جۆری جیاواز دەکاتەوە.

(٩)


بە شێوەیەکی گشتی چەمکی شیعرییەت واتە گەڕان بە دوای رێساکانی داھێناندا، ھەڵبەتە رێساکانی داھێنانیش بڕوای بە یەک شێوە لە شیعرییەت نییە، بەڵکو خۆی لە شیعرییەتی جیاواز و بەشداریکردنی خوێنەری جیاوازدا دەبینێتەوە.


دنیای شیعرییەت لای تزفیتان تۆدۆرۆڤ دنیایەکی شەپۆلاوییە و ناشێ بیخەینە دووتوێی یاسا و رێسایەکی دیاریکراو و ئامادەوە! وەک چۆن تۆدۆرۆڤ قسە لە شیعرییەتی خوێندنەوە یان وەرگر دەکات، بەو مانایەش خودی شیعرییەت واتە جیاوازی لە وێناکردنی نھێنیئامێزی داھێنان و رێساکانی داھێنان، وەک لای رۆمان یاکۆبسن لە تیۆری نوێنەراتیکردن و لای ژان کۆھین لە تیۆری لادان و لای کەمال ئەبودیب لە تیۆری بۆشایی: مەسافەی گرژبوونەوەدا دەیبینین.

(١٠)


سەرەرای بەرفرەوانبوونی بازنەی زمانەوانی، بەڵام توێژینەوە لە بارەی شیعرییەتەوە سنورەکانی زمانەوانی و گیروگرفتەکانی دەستەواژە و چنینی رستە تێدەپەڕێنێ و بەرەو توێژینەوەی گوتە و رستەی فرە رەھەند و راڤەکردنی گوتار دەبێتەوە، بەمجۆرەش دەچێتە بازنەی تایبەتی سیمۆتیکاوە، کە لقێکە لە لقە بنەڕەتییەکانی زمان. لێرەدا پرسیار ئەوەیە، ئایا پەیوەندی نێوان شیعرییەت و زمانەوانی، ملکەچکردنی شیعرییەتە بۆ زمانەوانی، ئایا شیعرییەت لە سەر زمانەوانی دەژی؟


رۆلان بارت کەشفی توانا بەرفرەوانەکانی زمانەوانی دەکات و دابڕانێ دەخاتە نێوان زمانەوانی و سیمۆتیکاوە، چونکە سیمۆتیکا وشە و دەستەواژە و رستە بۆ ئاستی گوتار دەگوازێتەوە، خودی ئەو مەسەلەیەش گواستنەوەیە لە توێژینەوەی زمانەوانییەوە بۆ توێژینەوەی سیمۆتیکای گوتار. رۆمان یاکۆبسن لە سەر ئەو بنەمایە جەخت لەو تێپەڕاندنە دەکاتەوە و دەڵێ ئەو ئامرازانەی کە توێژینەوە لە بارەی شیعرییەتەوە دەکەن، ھەر تەنھا لە سەر ھونەری زمان ناژمێردرێن، چونکە تیۆری دەلالەتخوازی لە شیعرییەتدا لە سەر بەرھەمھێنانەوەی بەردەوامی دال دەژی، بۆ ئەوەش ناشێ تەنھا پشت بە زمان ببەستێت.

(١١)


بێگومان زمانەوانی لە دوالیزمی سوسێرییەوە سەرچاوە دەگرێ، بۆ نموونە: دوالیزمی گوتن و زمان. وەک دەزانین بوونی زمان لە نێو عەقڵی کۆدا ئامادەیی ھەیە، بەڵام گوتن کەسیی و ھەستی دەکەوێتەوە. ھەر ئەوەش دەبێتە بنەمای دوالیزمی شیعریی، کە ئەدەب و گوتنی ئەدەبییە ئەدەب، لە دوالیزمی شیعرییدا جێگای زمان دەگرێتەوە لە دوالیزمی زمانەوانیدا، بەڵام گوتنی ئەدەبی جێگای گوتن دەگرێتەوە لە دوالیزمی زمانەوانیدا.


لە توێژینەوەی زمانەوانیدا دوالیزمی زمان و گوتن وەک پێویستی و قەڵمبازێک تەماشا دەکرێت، بەڵام جێبەجێکردنی ئەو دوالیزمە وەک رۆمان یاکۆبسن و یۆری تینیانۆف بۆی دەچن، مەسەلەیەکی ئاڵۆزە! لێرەدا بە ھیچ جۆرێک دابڕینی رستەی ئەدەبی بەرەو چارەسەرێکی دروستمان ناکاتەوە، وەک دابڕینی زمان لە زمانەوانیدا! چونکە رستەی ئەدەبی لە رووی ھونەرییەوە پەیوەندی بە رستەی ئەدەبی دیکەوە ھەیە، بۆیە ھەموو دابڕانێ سیستمی بەھای ھونەری دەشێوێنێ و جگە لەوەش توانای بوونی یاسا و رێسا پێویستەکان دەسڕێتەوە.


ئەگەرچی تۆدۆرۆف پێیوایە بابەتی زمانەوانی خودی زمانە و بابەتی شیعرییەت گوتارە، بەڵام زمانەوانی رێگا بۆ شیعرییەت خۆش دەکات، بابەتی خۆی دیاری بکات چونکە ھەردووکیان پشت بە یەک تێگەیشتن دەبەستن، ھەردووکیان دەکەونە نێو چوارچێوەی سیمۆتیکا و سیستمی دالەوە! بە بۆچوونی تۆدۆرۆف زمانەوانی ھەر تەنھا زانستی زمان نییە، بەڵکو شێوازێک لە بونیادی زمانەوانی بۆ نموونە: دەنگ و رێزمان و دەلالەت بابەتی ئەون، جگە لەوەش ئەنترۆپۆلۆجیا و شیکردنەوەی دەروونی و فەلسەفەی زمانی لە سەر بابەتی ئەو بونیاد نراون، ھەموو ئەوانەش لەگەڵ بوارە مەعریفییەکانی دیکە ھاوسەنگە، کە ئەدەب وەک بابەتی خۆیان دەبینن، لە سەر ئەو بنەمایە شیعرییەت بە تەنھا ئەدەب وەک بابەتی خۆی تەماشا ناکات، شیعرییەت ھەر تەنھا بە زمانەوانییەوە پەیوەست نییە، شیعرییەت ھەمان رۆڵی زمانەوانی دەگێڕێ و بە ھەموو زانستەکانەوە پەیوەستە، تا دەگاتە زانستی رەوانبێژی و زانستی گوتار بە شێوەیەکی گشتی، ھەموو ئەوانەش لە ھەوڵی تۆدۆرۆفەوە ھاتۆتە بەرھەم.

(١٢)


کاتێک شیعرییەت بە زانست دادەنێین، بە ھەمان پرنسیبی زانستی زمان قسان دەکەین، ئەوەش پرنسیبی راڤەکردنی زمانە بە زمان، بەو مانایەش شیعرییەت بە فۆڕمی شیعرییەوە پەیوەست دەبێت، بەڵام زمانەوانی یەک فۆڕم لە زمان ناگرێتەوە، بەڵکو ھەموو فۆڕمەکانی زمان دەگرێتەوە! پرنسیبی راڤەکردنی زمان بە زمان، شیعر بە شیعر، شوێنی زانستگەرایی و وەسفگەرایی دەگرێتەوە، ئەو پرنسیبە زمانی شیعر بە میتا زمان (metalinguistic) دەچوێنێ دەشێ شیعر لە میتا زمان لە دایک ببێ، بەڵام میتا زمان بەھای جوانی پشتگوێ دەخات، ئەو شیعرییەتەی بەھای جوانی پشتگوێ بخات، وک تۆدۆرۆڤ دەڵێ دەکەوێتە بێھودەییەوە.


کۆھین جیاکاری لە نێوان بەکاربردنی شیعر و کردەی لێخوردبوونەوە دەکات، ئەو دوو لایە بە دوو لای دیکە دەبەستێتەوە، ئەویش جوانی و زانستە! بەکاربردن چیژە و لێخوردبوونەوە مەعریفەیە، ئەو دوو پرۆسەیەش پێویستە بە سەربەخۆییەکی رەھا پرۆسیسە بکرێن.


کۆھین بەکاربردن بە جوانی و چێژی جوانی دەبەستێتەوە و لێخوردبوونەوە بە زانست بۆ ئەوەی مەعریفەی زانستی بە دەست بھێنێ، بەڵام ئەو بەیەکەوە بەستنەوەیە گرنگ نییە، گرنگ بەنێویەکداچوونی بەکاربردن و لێخوردبوونەوەیە، بەیەکداچوونی بەکاربردنی جوانی و لێخوردبوونەوەی زانستی ئەوە دەسەلمێنێ کە یەکەمیان لە دووەمیان ھەڵێنجراوە! ئەوەش پێچەوانەی ئەو دیدە کۆنە دەوەستێ، کە تەنھا بەھای جوانی بە پێوانەی بنەڕەتی کردەی راستییەکان و یاساکان دادەنێ.

(١٣)


فۆرمالیستەکان شیعر وەک بونیادنانێکی تایبەت دیاری دەکەن، کە شێوەی ناوەکی لە تۆڕێک پەیوەندی چڕ و پڕ ھەڵچنراوە، ئەوان لە سەرەتادا جەختیان لە کێشی شیعری دەکردەوە و دواتر رۆلی سەرەکی بونیادی تیۆری شیعرییەت لە رێگای ریتمەوە دەستنیشان کرا جگە لەوە بۆ قسەکردن لە سەر زمانی رۆژانە و زمانی شیعری شکلۆفسکی زمانی شیعری بە زمانێکی ئامانجخواز دادەنێ و زمانی رۆژانە دەخاتە دەرەوەی ئامانجخوازییەوە، پێیوایە زمانی ئامانجخواز لە ئاستی زمانی شیعرییەوە بۆ ئاستی زمانی خوێندنەوە ئاسانتر دەگوازرێتەوە! بەڵام تۆدۆرۆف ئەو وەسفکردنەی شکلۆفسکی بە ناڕەوا و نێودژ تەماشا دەکات، ئەو پێیوایە مامەڵەکردنی قوتابخانەی فۆرمالیستەکان لەگەڵ دەقە، نەک ئەوەی دەقەکان چ لە خوێنەردا بەرھەم دەھێنن.


یاکۆبسن ئاماژە بە جیاوازی زمانی شیعری و زمانی ھەڵچوونئامێز دەکات و دەڵێ شیعر دەشێ زمانی ھەڵچوونئامێز بە کار بھێنێ، بەڵام بۆ کاری پێویست! بەو مانایەش وەک یەک تەماشاکردنی زمانی ھەڵچوونئامێز و زمانی شیعریی ھەڵەیە، چونکە زمانی ھەڵچوونئامێز ئەرکی تایبەت بە خۆی ھەیە، بەڵام زمانی شیعری ئەرک بە ھەند ھەڵناگرێ.

 

ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک