په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢\٧\٢٠١٦

شیعرییەتی دەستپێک لە رۆمانی (کەوتنی ئاسمانەکان)دا.


عەبدولموتەلیب عەبدوڵا


(جەبار جەمال غەریب) لە دەستپێکی رۆمانی (کەوتنی ئاسمانەکان، ناوەندی رۆشنبیری و ھونەریی ئەندێشە، چ١، ٢٠١٦)دا دەنوسێت: (دەشێ کۆتر دەنووک لە گومبەزی ئاسمان بدات و کونی بکات، بەڵام بەرنامەکەی پێھەڵناوەشێتەوە. ل١) ھێلی ژێر وشەکان و داخستنی کەوانەکان بە لای خوێندنەوەدان، من بەو شێوەیە و دەستپێکی لەو شێوەیەم لە رۆمانی کوردیدا کەم بەرچاو کەوتووە... دەستپێکێکی شاعیرانە و قووڵ و بە جیھانبینیەکی سەردەمیانە دارێژراوە! شیعرییەتی دەستپێک لەو ناونیشانەی سەرەوەدا بە مانای (تزیفیتان تۆدۆرۆف) دنیایەکی گۆڕاو و ناجێگیر دەنوێنێ، مەبەست دیتنی کۆمەڵێک نەبینراو و گۆشە و نیگای جیاوازە... تۆدۆرۆف قسە لە شیعرییەتی خوێندنەوە یان وەرگر دەکات، ئەو جۆرە قسەکردنە شیعرییەت بە ئاستەکانی خوێندنەوە و خوێنەرەوە دەبەستێتەوە. من لەو نوسینەدا ھەوڵدەدەم خوێندنەوەیەکی گریمانەکراو بۆ جیھانبینی نوسەر وەک خوێنەر و گۆشەنیگایەکی جیاواز بۆ خوێندنەوەی دەستپێکی ئەو رۆمانە بدۆزمەوە، کە نەکەوێتە دەرەوەی شیعرییەتەوە، نەکەوێتە دەرەوەی کەشفکردنی نەبینراوەکانەوە.


ئەگەر دەستپێکی ئەو رۆمانە وەک (رەمزی/ مەجازی)، وەک نامەیەکی (نوسراوی/ واقیعی)، (نەنێنراوی/ خەیاڵیی) گریمانە بکەین، ئەوە قسان لە ئاوێتەبوونی نوسەر و خوێنەر دەکەین، واتە وەک ئەوەی نوسەر بیەوێ خوێنەران ببڕێ و خوێنەران ھەستی پێنەکەن؟! بەو مانایەش نابێ ئەو قسەیەی (ژاک لاکان) فەرامۆش بکەین: زمان تەواوی دنیای خەیاڵ دابەش و پارچە پارچە دەکات... لەو قسەیەوە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە ناونانی گوزارە گریمانکراوەکانی(مەجازی و نوسراو و نەنێنراو)ی دەستپێکی ئەو رۆمانە بە شێوەیەکی راستەوخۆ لە ناونانی گوزارە کردارییەکانی (رەمزی و واقیعی و خەیاڵیی) لاکانانەی ئەو خوێندنەوەیە لە دایک دەبێتەوە! بەو مانایەش دەمەوێ گریمانەی ئەوە بکەم کە (نوسەر) بۆ خۆ دڵنیاییکردنەوە لە رستەی مەجازی (دەشێ کۆتر دەنووک لە گومبەزی ئاسمان بدات و کونی بکات، بەڵام بەرنامەکەی پێھەڵناوەشێتەوە. ل١) خۆی بە رستەی نوسراوی (بە دەستی چەپ قەفەزە تەلەکەی ھەڵگرتبوو، بە دەستی راست جارێکی دیکە لە پشتێنەکەی دڵنیابۆوە. ل١) دەگرێتەوە، واتە بە راست و چەپ دەیسەلمێنێ، کە نەست بەرھەمی تایبەتی زمانە. رەنگە لە خەیاڵی نوسەر رستەی یەکەم (کۆتر) و (ئاسمان) بە شێوەیەکی رەمزی کاری خۆی لە خوێنەر نەکردبێ و خوێنەر نەگەیشتبێتە دنیای مەبەست، یان وەک سەرەتا بەسەریدا گوزەری کردبێ، بۆیە لە رستەی دووەمدا نوسەر بە شێوەیەکی واقیعی (راست) و (چەپ)ی خۆی دەنوسێتەوە و مەبەستەکە واتە (دڵنیابوونی ئاسمان و گومانی کۆتر) بە بیر خوێنەر دەھێنێتەوە، بەو مانایەش گریمانەی من ئەوەیە، کە نوسەر لە دەستپێکی ئەو رۆمانەدا لە رستەیەکی (مەجازی)یەوە دەکەوێتە نێو رستەیەکی (نوسراو) و زێتر دڵنیاکەرەوەوە، دواتریش بۆ رستەیەکی (نەنێنراو) و خەیاڵی (کزەبایەک لە رووە زەردەکەی دەدا و ھەتاوێکی وەک زێڕ دەکەوێتە بەرپێی ئەو نایبینێ، جا بۆ کەس بیبینێ؟ ل١) درێژ دەبێتەوە.


بەڵام وەک کردەی خوێندنەوە، ئەوە خوێنەرە لە رستەی یەکەم (کۆتر، ئاسمان)ەوە ناونیشانێکی رەمزی دەبەخشێتە کاراکتەر و بە رستەی واقیعی (پشتێن، قەفەز) دڵنیایی ئاسمان و گومانی کۆتر وێنا دەکاتەوە و دواتریش لە رستەی خەیاڵی (رووی زەردی ئاسمان و رووی زەردی کاراکتەر) پرسی شاراوەی ھاوکێشەکە وەک تراوماییترین رووداوی جەنگی عیراق و ئیران دەخوێنێتەوە. دواتریش وەک چۆن (نوسەر) لە ئاکامدا ئەو تراومایە بە باکگراوەندی کردە تیرۆرییەکان دادەنێت. ئەو (خوێندنەوە)یەش لە دەستپێکدا ھەوڵدەدا وەک تراماییترین گۆشەنیگا وێنای بکاتەوە... بەو مانایە (گوزارە گریمانکراوەکانی) دەستپێکی ئەو رۆمانە وەک چالاکی رەمزی نوسین و (گوزارە کردارییەکانی) خوێنەر وەک چالاکی خوێندنەوە بە ناوەڕۆکی رۆمانەکەدا درێژ دەبێتەوە.


لە دەستپێکی شاعیرانەدا بڕیاری گەیشتن و نەگەیشتنی ناوەڕۆکی بەرھەمەکە زۆر گرنگ نییە، ئەوەی گرنگە نیشاندانی دنیایەکی گۆڕاو و ناجێگیرە، ئەوەی گرنگە جوانی و کرانەوە و شیعرییەتە! لە رستەی یەکەمی رۆمانی (کەوتنی ئاسمانەکان) رەنگە (کۆتر) و (ئاسمان) وەک دوو رەمزی ئاڕاستەکراو، دنیای جێگیری خۆیان ھەبێت، بەڵام وشەی (دەشێ) ئەو دوو دنیایە دەکاتەوە و وەک (مەجاز) تەماشایان دەکات. ھەڵبەتە زۆرجار شارەزایی نوسەر خۆی لە یەک جولە و یەک وشە و یەک نیگا و رێکخستنێکی بچوکدا دەبینێتەوە، رەنگە خۆی لە ئازادکردنی خەیاڵی زماندا ببینێتەوە... بۆ نموونە تۆ وشەی (دەشێ) لەو رستەیە بکوژێنەوە، راستەوخۆ دەکەویتە نێو قەدەرەوە! نوسەر دەزانێ ئەوەی جوانی نوسین دیاری دەکات، قەدەری دیاریکراو نییە، پەیوەندی بە خۆ ئازادکردن و زمان ئازادکردنەوە ھەیە، نەک خۆ کۆنترۆڵکردن و زمان کۆنترۆڵکردن! لێرەدا دەشێ بە گشتی شیعرییەت لە دەستپێکی (کەوتنی ئاسمانەکان)دا ببێتە نامەیەکی (نوسراوی نەنێنراو) بەو مانایەی کە نامەی (نوسراوی نێنراو) ئاڕاستەکان دیاری دەکات، بەڵام نوسین کرانەوەیە، نوسین بە ھەموو ئاڕاستەکاندا دەڕوات، بۆ ئەوەی زۆرترین ئەگەری خوێنەر لە خۆی کۆ بکاتەوە و زۆرترین چاوەڕوانی و پێشبینیکردنی مانا فەراھەم بکات و زۆرترین دەلالەت لەخۆ بگرێ! چونکە بەشێکی خەیاڵی نوسین و ئازادی زمان، رێگا کردنەوەیە بۆ ئازادی خوێنەر و فرە خوێندنەوە و جیاوازییەکان... دەمەوێ بڵێم وشەی (دەشێ)ی دەستپێک وەک کردەیەکی نوسراو، بریار لێدراو نییە، بەڵکو لەخۆوە و خەیاڵییە، بۆیە ناتوانین بڵێین شیعریی نییە، فرەیی نییە، ئازادی نییە... ناتوانین ئەو چاوەڕوانییەش بکوژین کە خوێنەر لە دەستپێک و رستەی رەمزی و ئازادی و کرانەوە ھەوڵی گرتن و راڤەکردن و خوێندنەوەی دەدات، وەک چۆن ناتوانین ئەو دوودڵییەش نەبینین کە نوسەر لە رێگای پرۆسەی نوسینەوە تووشی دەبێت، ناتوانین ئەو دنیا گۆڕاوە نەبینین، کە رۆمانەکە بەرجەستەی دەکات...


بەڵام ھەموو ئەو خوێندنەوانە بە دیاریکردنی (کۆترێک) و (بەرنامەی ئەو) و کورتە رستەی خەبەری (کۆتر لە بەرنامەکەدا نەبوو. ل١) دەکەوێتە سەر خوێندنەوەیەک کە نوسەر لە بۆگێڕەڕەوەی دەخوازێ (مەبەست لە بۆگێڕەڕەوە کەسایەتیەکی خەیاڵکراوە و زۆربەی جار دانەر شوێنی دەگرێتەوە)... پرسیار ئەوەیە ئایا رستەی یەکەمی دەستپێک پێیوایە خوێنەر تەنھا ئەویتری بۆگێڕەوەیە، بە بێ ویستی ئەوی نوسەر و ئاڕاستەکردنی ئەوی نوسەر نەبێ، ناگات؟! دەزانم (دوودلێ) و (پارچە پارچە بوون) و جێکەوتەی وشەی (دەشێ) ھەموو ئەو پرسانە لە جێی خۆیدا وەڵام دەداتەوە... دەزانم پەیامی دەستپێک لەو رۆمانەدا لە رێگای وشەی (دەشێ) و دوودلێ و پارچە پارچەبوونەوە بە راست و چەپ نوسراوە، بەڵام رەنگە گومانێک لەو گەیشتنە ھەبێت، رەنگە ھەر تەنھا بگاتە ئەو خوێنەرانەی کە دیاریکراوەکان دەگرن؟! ئەو خوێندنەوەیە ئەو پرسە دەکاتە ئامانج...


کەواتە نوسەر لە (نوسین)ی ئەو نامەیە پەشیمانە یان نا، ئەوە پرسیارەکە نییە، بەڵکو پرسیارەکە ئەوەیە ئایا نوسەر لە (ناردن)ی ئەو پەیامە پەشیمانی پێوە دیارە... بە بڕوای من ئەو جارەش وشەی (دەشێ) و دوودلێ و پارچە پارچە بوونی دەستپێک و دەستنیشانکردنی راست و چەپ بەشێکی ئەو پەشیمانییە لەخۆ دەگرێ، بەڵام حیکایەتکردنی تەواوی رۆمانەکە پێمان دەڵێت نوسەر ئەگەرچی سەرەتا لە ناردنی نامەکە دوودڵە، بەڵام لە نوسینەوەی نامەکە پەشیمان نییە! دەشێ خوێنەران ھەموو ئەو پرسیارانە لە دووتوێی خوێندنەوەی تەواوی ئەو رۆمانەدا بخوێنێتەوە. کەواتە دەشێ ئەو پەشیمانییەی ناردن و ئەو خەیاڵەی خوێندنەوە ھەر تەنھا (تەکنیک و شێواز)ی نوسەر بەرجەستە بکات، شتێکی دیکە نەبێت...


کاری نوسین تا رادەیەکی زۆر لە کاری ئەندازیاریی دەچێت، بەرھەمھێنانی گوتاری نوسین و رێکخستن و ھەڵنانی دیواری باڵەخانە و نەخشاندن و بەرجەستەکردنیان مەودایان ئەوەندە لێکدوور نییە. ئەو قسەیە ئەگەرچی زمان وەک مەتریال و کەرستە، تەماشا دەکات! بەڵام لە روویەک لە رووەکانی ھەندێ راستی لە خۆیدا ھەڵگرتووە، چونکە زمان وەک قەوارەیەکی ئاڕاستەکراوی مەتریال، نکۆڵی لێناکرێ. زمان وەک قەوارەیەکی ئاڕاستەکراوی دەستلێدراو، لە ناونانی شتەکانەوە بەرھەم دێت... بۆیە (جەبار جەمال غەریب) وەک (شێواز) لە دەستپێکدا ھەوڵی گرتن و بەرجەستەکردنی کۆی حیکایەتەکە دەدات. وەک چۆن پەنجە دەخاتە سەر پیتەکان دەیەوێ وەک (تەکنیک) حەقیقەتی ناوەڕۆک لە دەستپێکدا بخوێنینەوە! دیتنی ھێلە دیارەکانی حیکایەت و ناونانیان لە دەستپێکدا وەک چۆن لە دەرەوەی شێواز و تەکنیکدا نییە، ناکەوێتە دەرەوەی خوێندنەوەکانیشەوە.


لە ئەدەبدا مرۆڤ ناتوانێ دەسبەرداری حەقیقەت بێ بۆ جوانی، وەک چۆن ناتوانێ جوانی لە پێناو حەقیقەت فەرامۆش بکات! بەڵام بە بڕوای من دەستپێک دەشێ خاڵی بێ لە حەقیقەت، بەڵام ناشێ خاڵی بێ لە ئیستێتیکا. دەمەوێ بڵێم ھەموو خاڵبوونێکی دەستپێک لە جوانی خاڵیبوونە لە خەیاڵ و ئازادی و خوێندنەوەی جیاواز، خاڵیبوونە لە شیعرییەت... جوانی چییەتی کاری ئەدەبییە، ھەموو قوڕسایی ئەو چییەتییە لە دەستپێکی رۆمانی کەوتنی ئاسمانەکاندا لە وشەی (دەشێ)ی رستەی سەرەتادا کۆبۆتەوە، ھەموو قوڕسایی ئەو چییەتییە لە دوودڵی نوسەر و پارچەپارچەبوونی دەستپێکدا خۆی دەنوێنێ، وەک چۆن گرنگی حیکایەتی ئەو رۆمانە لەو حەقیقەتەوە سەرچاوە دەگرێ، کە دیوە شاراوەکەی واقیعی کوردی و ناوەڕۆکی رەمزی دەسەڵاتی نوسیوەتەوە.


دوودڵی نوسەر و پارچە پارچە بوونی دەستپێک (دەشێ کۆتر دەنووک لە گومبەزی ئاسمان بدات و کونی بکات، بەڵام بەرنامەکەی پێھەڵناوەشێتەوە. ل١) وەک بەرھەمھێنانی گوتار و نەخشاندنی ئەندازیارانە، وەک مەجاز و جوانسازی لە سنوری جولەی تایبەتی ئەو رۆمانەدا، دیوە داپۆشراوەکەی واقیع یان ئەگەرەکانی ناو واقیع بە نوسراوی (بە دەستی چەپ قەفەزە تەلەکەی ھەڵگرتبوو، بە دەستی راست جارێکی دیکە لە پشتێنەکەی دڵنیابۆوە. ل١) نیشان دەداتەوە و بە خەیاڵ و فەنتازیای چنینی (کزەبایەک لە رووە زەردەکەی دەدا و ھەتاوێکی وەک زێڕ دەکەوێتە بەرپێی ئەو نایبینێ، جا بۆ کەس بیبینێ؟ ل١) دەلکێنێ، کە لە لایەک گوتاری رۆمانەکە تۆختر دەکاتەوە، لە لایەکی دیکە شیعرییەت زێتر بەرجەستە دەکات!


ئەگەر حەقیقەت و جوانی رستەی یەکەمی دەستپێک لە وشەی (دەشێ)ەوە سەرچاوە بگرێ، ئەوە شاراوەکانی واقیعی کوردی و دڵنیابوونەوە لەو چەپێنراو و نوسراوە لە چەپ و راستی رستە واقیعییەکەدایە، بەڵام خەیاڵیی چنین لە پەیوەندی رووی زەردی پاڵەوان و رووی زەردی ئاسماندا نییە، ئەوەندەی دەکەوێتە نێو چەمکی(نەبینراو) و پرسی نەنێنراوەوە (ئەو ھیچ نابینێ، جا بۆ کەس ببینێ؟ ئەو گەز گەز باڵا دەکات و دەفڕێ. ل١) کۆی خەیاڵی کوردی، کۆی نەنێنراوی کوردی دەخاتە ژێر: ئەوەی شیاوە رووبدات، نەوەک ئەوەی روویداوە، (بۆ کەس نایبینێ؟) پرسێکی نەنێنراوی خەیاڵییە و کۆی ئەو رۆمانە وەک ئەدەب نیشان دەدات، نەک مێژوو...


رۆمانی کەوتنی ئاسمانەکان لە رێگای گوزارە کردارییەکانی (رەمزی و واقیعی و خەیاڵیی) خوێندنەوە و لە رێگای گوزارە گریمانکراوەکانی (مەجازی و نوسراو و نەنێنراوی) نوسەرەوە، درزێک دەخاتە شوناسی رەمزی کاراکتەری سەرەکی و شوناسی سایکۆلۆجییەوە... خوێنەر رەنگدانەوەی دوودڵی نوسەر و پارچە پارچە بوون و خەیاڵی زمانی دەستپێک لە کۆی رۆمانەکەدا دەخوێنێتەوە. دەمەوێ بڵێم کاراکتەر لە نێوان دوو بەرنامە (ئاسمان، پشتێنی دڵنیابوونەوە، نەدیتن) و (کۆتر، گومانی چەپگەرایی، پرسی خەیاڵ) خۆی دەدۆزێتەوە، لە ئاکامدا بەرنامەی یەکەم کاراکتەر دەخەسێنێ و سەرکەوتن مسۆگەر دەکات و ھەڵناوەشێتەوە.

 
بابەتی ئەو رۆمانە شەڕی عیراق و ئیرانە. راستە رۆماننوس مێژووی شەڕی عیراق و ئیران ناگێڕێتەوە، بەڵام نایەوێ مێژوو بکەوێتە دەرەوەی فانتازیاکانی حیکایەتکردنییەوە، چونکە ئەو رۆمانە ھەوڵدەدا لە رێگای فانتازیاوە بە حەقیقەت بگات، لە رێگای کاراکتەرە پەراوێزکراوەکانەوە لە رووداوەکان نزیک بێتەوە. لە رێگای جوانییەوە لە نێو رەمز و واقیع و خەیاڵدا بخولێتەوە. ئەوە رەنگدانەوەی دوودڵی و پارچە پارچە بوونی دەستپێکە وا لە کاراکتەری سەرەکی ئاسۆ تۆ بڵێ زەینەڵ دەکات، پێمان بڵێ: ئەوە من نیم وەزیفەی (خۆتەقاندنەوە) ئەنجام دەدەم، بەڵکو شوناسی منی رەمزی و منی سایکۆلۆجی خەسێنراوە، من لە رێگای ئازادبوونی خەیاڵەوە دەکەومە سەر ئەوەی بیر لە ئەنجامنەدانی ئەو وەزیفەیە بکەمەوە. بە مانایەکی دیکە (منی رەمزی منی سایکۆلۆجی منی خەسێنراو) وەک کەسێکی (لادەر) خودی بەش بەش بووە و لەگەڵ خۆی لە نێودژییدایە... کەواتە ئەوەی کە کاراکتەری سەرەکی ئاسۆ تۆ بڵێ زەینەڵ لە کاتی کردەی خۆتەقاندنەوە بەری دەکەوێت، دەنگدانەوەی راستییە! بەڵام کاتێک دەگاتە ئەوەی کە راستی لە درۆ جیا بکاتەوە، ئەوە دەبێ دەستبەرداری راستی درۆکە بێت! ئەو راستییەی کە بێ مەرج پێوەی پەیوەست ببوو، ئێستا لە ساتی خۆتەقاندنەوەدا دەنگدانەوەکەی دەبیستێ، بەڵام پێشتر رێگری لە بیستنی ئەو دەنگدانەوەیەی دەکرد...


لە خوێندنەوەی دەستپێکی ئەو رۆمانەدا، لە ناونانی رەمزی و واقیعی و خەیاڵیدا، لە خوێندنەوەی منی رەمزی و منی سایکۆلۆجی خەسێنراو و ئازادی خەیاڵدا، لە رێگای گریمانەکردنی گوزارەکانی مەجازی و نوسراو و نەنێنراو بۆ نوسەر دەمەوێ دوو گۆشەنیگا بنەخشێنم، یەکێکیان شێواز و تەکنیکی نوسەر دەردەخات، ئەویدیکەیان ئازادی زمانی خوێندنەوە دەنوێنێ، یەکەمیان پەیوەندی بە زمان وەک مەتریالەوە ھەیە، دووەمیان پەیوەندی بە زمان وەک ئەبستراکەوە دەکات، بە مانایەکی دیکە یەکەمیان دەیەوێت ھێلە سەرەکییەکانی حەقیقەتی حیکایەت لە دەستپێکدا وەک مەجازی و نوسراو و نەنێنراوی نوسەر گریمانە بکات و بە خوێنەری بگەیەنێت، دووەمیان بە شێوەی رەمزی و واقیعی و خەیاڵیی قسان دەکات و جوانی فانتازیاکانی خۆی و ئازادی بیرکردنەوەی خوێندنەوە بۆ خوێنەران دەکاتەوە... من وەک خوێنەرێکی ئازاد ھەوڵی گرتنی خەیاڵی فەنتازی دەدەم و دەشێ نوسەر وەک خوێنەرێکی پابەند ھەوڵی بەرجەستەکردنی شێواز و تەکنیک بدات؟! بەو مانایەش دەشێ خوێندنەوەی من: شێواز بە لادانی زمانی پەیوەست بکات و خوێندنەوەی ئەویدیکەی نوسەر: شێواز وەک رێگای نوسین بناسێنێ؟! ھەموو ئەوانەش لە سەر دوو تێڕوانین و دوو تێز و دوو شێوە دیتنی زمان وەستاون، زمان وەک ئەبستراک و زمان وەک مەتریال، ئەو دوو تێزەش ھەمیشە لەو خوێندنەوەیەدا بەنێویەکدا دەچن! کەواتە ئەوەی لەو خوێندنەوەیەدا بۆ خوێنەر گرنگە گۆڕینی واقیعی بینراوە بۆ واقیعی زمانی، گۆڕینی رەمزی و واقیعی و خەیاڵییە بۆ مەجازی و نوسراو و نەنێنراو... بەو مانایەش لە دەرئەنجامدا دەمەوێ ئەوە دووبارە بکەمەوە کە شیعرییەت یاخی بوونە لە واقیعی بینراو و کەشفکردنی بەردەوامی نەبینراوە.

 

ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک