په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\٨\٢٠١

شیعر و جیهانی ژنانە.

سوەیلا مەیهەمی    


ئەگەرچی بە وتەی (ناتالی ساروت) بەش کردنی ئەدەبیات بە ئەدەبیاتی پیاوانە و ژنانە ڕەنگە زۆر پێویست نەبێت، بەڵام ڕۆانگەیشمان هەیە کە ڕەگەزی نووسەر لە پێکهێنانی جیهانی تایبەتی ئەودا گرینگە. ئەدەبیات دیاردەیەکە کە ژن و پیاوی بۆ نییە، بەڵام لە بەکگراوندی مێشکی خۆماندا ئەو بەش کردنە لە بەرچاو دەگریین و دەبێتە هۆکاری ڕۆانگەی دووئالیستی. باسی ئێمە لێرەدا نەبوون و قاقڕی شیعری ژنانەیە لە کۆمەڵگای کوردەوارییدا کە خاڵێکی نەگەتیڤە.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئەگەر بە وردی سەرنج بدەیین، بزاڤێکی شیعری بەڕێوەیە لە لایەن ژنانی ئەدیبدا کە دەیانهەوێت ئەم کەم و کۆڕییە قەرەبوو کەنەوە. هۆنینەوەی شیعری ژنان لە کوردستانی رۆژهەڵاتدا مێژوویەکی درێژی هەیە، بە پێ ئەو بەڵگە مێژووییانەی بە دەستەوەن، ژنانی کورد لە سەدەی چوارمی کۆچی مانگییەوە نەمامی شیعریان چرۆ دەکات، ئەو کات کەسگەلێک وەکوو (جەلالە خانمی لوڕستانی)، (دایە تەورێزی هەورامی)، (ڕێحانە خانمی لوڕستانی)، (فاتمە لوڕەی گوران) و (خاتوومەی زەرد) ماوەی دوو سەدە بەرهەمی بەرچاو پێشکەشی قوتابخانەی کوردی دەکەن. بەڵام بە شێوازی پیاوانە کە هۆکارەکانی روونن. لە سەدەی سێزدەهەمی کۆچی مانگیدا خاتوونێکی بە هەستی ناسکی ژنانەوە بە دوو شێوازی کوردی و فارسی دێتە گۆڕەپانی ئەدەب، بێ گومان (مەستوورەی ئەردەڵان) یەکێکە لە ئەو ژنانەیە کە جێگەی شانازی ئەدەبی کوردییە، دیسان بەداخەوە کولتور و نەریتی داسەپاو ڕێگری نەداوە ئەو هەنگاوی ژنانە بهاوێژێت، کەواتە ئەم تەنگ و چەڵەمانە دەبێتە گەشە نەسەندنی دەنگی ژنانە.

ئەدەبیات لە هەموو وڵاتێکدا یەکەمین گۆڕەپانێکە ژنان هەوڵیان داوە خۆیان بنوێنن و باسی کێشە تایبەتەکانی ژنان و کۆمەڵگا و ئەو خاڵە ناکۆکییەکانی ژیان باس‌بکەن وەکوو نووسەر. بێگۆمان ژنی کورد لە کۆمەڵگای کوردیدا ڕۆڵی گرینگ و تۆخی هەمیشە هەبووە و بە شێوازگەلێک خۆی لە بوارەکانی ئابووری، ڕامیاری، کۆمەڵایەتی و هتد... دەرخستوە، تەنانەت لە کاتی شەڕەکاندا ڕوڵی گرینگی هەبووە، لە سەردەمی نوێیدا ژنانی خۆێندەوار لە هەر بوارێکدا دەردەکەون دەبێ ئەوەیش لە بەر چاو بگرین بزاڤی ئێستای ئەدەبیاتی ژنان پێوەندی ڕاستەوخۆی لە گەڵ شارستانییەتی کۆمەڵگادا هەیە، بێگومان هەر سیستەمێکی زاڵ بە سەرکۆمەڵگادا پێناسەی ژن دەکات واتە لە هێندێ کۆمەڵگادا ژن لە سەر بیری پیاوانەدا پێناسەدەکرێ و سنوری بۆ دانراوە. ئەم شێوازە دەبێتە هۆکاری نزم بوونی رۆڵی ژن کە وەکوو خۆی دەرنەکەوێت تا وەکوو شێوەزاری خۆی بنووسێت، ئەگەریش قەڵەم بەدەست بووە لە خزمەتی تاقمێکدا بووە کە ئەم شێوازە لە مێژووی ژنانی ئەدیبدا بەرچاوە و بەتایبەت ئەو ژنانەی کە لە بنەماڵە دەرەبەگییەکاندا هاتنە گۆڕەپانی ئەدەبدا وەکوو پیاوان لە نووسین دەرکەوتن ، لە سەدەی نوێدا ژنانێک کە لە چین و توێژەکانی کۆمەڵگادا وەکوو چینی هەژار هاتنە ئەم گۆڕەپانە باشتر توانیویانە کەم و کورتییەکانی کۆمەڵگا و کێشەکانی ژنان باس بکەن کە بە پێست و ئیسقان هەستیان پێ کردووە.

بە گشتی ژنان لە بەر هەندێ سنوور نەیانتوانیوە ئەدەبیاتێکی ژنانەی بەرچاو بنیات بنێن، وەکوو کێشەی خێزان و کۆمەڵایەتی و هتد. بە ڕای من بە هۆی دووپات بوونەوەی مێژووی کۆسپ و بەربەستەکانی ژنان بە تایبەت ژنانی ئەدیب، دەبێتە کەم کارکردنیان و کێشەکانی نووسینیان سنووردارتر دەبێتەوە.

ئاشکەرایە ئەدەبی سەربەخۆ دەبێتە گەشەسەندنی قەڵەمی ژنان کە دەتوانین بڵین شێوازێکی نوێ و ژنانە دەردەخەن و ژنی ئەدیب لە لاسایی کردنەوەی پیاو دەربازی دەبێت. بە هێزترین لایەنی ئەدەبیاتی ژنانە لەوەدایە دەنگە کپ کراوەکان هەوڵی خۆی وەگەڕ خستوە تاکوو ببیسترێت و تێکنەشکێت.

بە گشتی مێژووی شیعری نوێی ژنان و وەگەڕ خستنی بیر و هزری خۆیان لە گەڵ ئەدەبی هاوچەرخی جیهاندا نوێە و ژنانێک جمۆجۆڵێکی تازەیان خستۆتە مێژووی شیعری کوردی، ئەوەش سەرەڕای ئەو هەموو بارودۆخە ناشیاوەیە کە بۆ ژن لە کۆمەڵگادا هەیە.

وێرجینیا وۆڵف لە بارەی یەکەمین ژنانی فێمێنیستی ئورۆپاوە دەڵێت: "ژنانی شاعیر لە هەرزانترین و ساکارترین ڕێگاوە، واتە شیعر توانییان خۆیان بنوێنن و وەکوو یەکەمین فێمێنیستە سەرەتاییەکانی مێژوو خۆیان وەدەر بخەن". شیعر سەرمایەکی ناوازەیەی نیشتمانە کە لە کولتورسازییدا دەتوانێت ڕۆڵی سەرەکی و گرینکی هەبێت. ژنانی شاعیر بە وەگەڕ خستنی چەمکی شیعریان دەتوانن لە بە هێز کردنی دیاردە کۆمەڵایەتییەکاندا لە زمانی شیعرەوە ئامانجی سەرەکی بگێرن.

هەنووکە لە گەڵ ئەو هەموو ئاڵۆگۆڕانەی نێو ژیانی کوردەوارییدا کولتوری شارستانییەت و مۆدێڕنیزم کاریگەری هەبووە لە سەر ژیانی تاکدا و تاڕادەیەکی بەرچاو ژنی کورد و بە تایبەت ژنی ئەدیبی کورد توانیویە لە ساڵی ٢٠٠٠ بەرەو ئەملاوە ببێتە خاوەن دەنگێکی ژنی روناکبیر و ئازا و سەربەخۆ. بە ڕای من شیعر بەربڵاوترین ئامرازێکە کە چینی ژنی ئەدیبی نوێ کورد دەتوانێت لەو ڕەهەندەوە باسی کێشەکانی بکات تا ڕادەیەک لە شۆڕشی ئەدەبی خۆیدا پێشکەوتوویی هەبووە کە خۆی لە سێبەری پیاودا دەرباز‌بکات و تا دێت بێ تەحلیلێکی پیاوانە گەشە بە هزر و هەستی ژنانەی خۆی دەدات.

بەهای کولتوری هەر کۆمەڵگایەک پێوەندی بە ئازادی و ئازای و چاوکراوەیی ژنانەوە هەیە، هەر بەو هۆیەوە ئەدەبیاتی ژنان بەشێک لە زیندوویی هەر کولتورێک دەناسرێت، ئەدەبیات گوزارش کردنی بیرکردنەوەی هەر تاکێکی ئەدیبە، لە خەمی مرۆڤایەتی کە لە پیاو و ژندا پۆلین بەندی ناکرێت، ژنی ئەدیب دیارە کە بەربەستی زۆری لە پێشەوەیە وەکوو کێشەی خێزانی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و هتد، کە هێندێکیان هەر زوو بێدەنگ دەبن بە ئەم هۆکارانەوە و بەڵام ئەو مرۆڤەی کە بیهەوێت دەنگی ببیسرێت دەبێ هیچ بەربەستێک تێکی نەشکێنێت و نەوەستێ. بەشی زۆری پێشکەوتنی ژنانی گەورە نووسەر، پێوەندی بە کۆمەڵگا و پەروەردەکردنی بنەماڵەکاندا هەیە، سنوور شتێک نییە جگە لەوەی بیرکردنەوە داگیر بکات ،وزەی یاخی بوونی ژنی ئەدیب تاکە کەرەستەی داهێنەرانەیە.

دیارە ژنانی ئەدیب دەبێ یەکگرتوو بن، لەو پەرتەوازەی و شپرزەی دوور بکەونەوە و پێکەوە هەنگاو هەڵێنن بۆ گەشە دانی بزاڤی ئەدەبیاتی کوردی، گەشە سەندنی ئەدەبیات پێویستی بە یەکگرتنەوەدایە. خاڵێکی گرینگتر بۆ پێنووسێکی سەربەخۆ ئەوەیە دەبێ ژن چیتر لە کامێرای پیاوانەوە بە ژیاندا نەڕوانێ. هەرکات لە خەمێکی خۆی و کۆمەڵگاکەی گوزارشتی شیعری کرد، بوێرانە دەرکەوتووە و چەوساندنەوەی ژنی ئەدیب دیکە ئەستەم دەبێت.

هەرچەند لەمپەڕ زۆرە لە سەر ڕێگا، بۆ نموونە ژنی ئەدیب ڕەنگە کێشەی خێزانیان بێت و لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا هاوسەر نەهێڵێ بە شێوەی جیدی و پێویست چالاکی هەبێت، یا کوو کێشەی دایکایەتی هەبێت یا تووشی کێشە دەبن لە لایەن ڕەگەزی بەرامبەریاندا وەکوو ئەدەبیاتچییە پیاوەکاندا.

بە گشتی ژنانی ئەدیبی کوردستانی رۆژهەڵات کە دەبنە خاوەن قەڵەم، تووشی سەدان کێشە و لەمپەڕی کۆمەڵگا دەبن. ئەدەبیات و جیهانی ڕاستەقینە پێکەوە تێکەڵاوبوونێکی لێکدانەبڕاون، ژنی ئەدیب دەتوانێ لە ئەو هارموونییەدا، شوێنی خۆی لە کۆمەڵگادا بنوێنێ. لە ئەدەبیاتی ڕابردوودا کە ئەدەبیاتێکی پیاوانە بوو ژن هەر وەکوو مەعشووقەیەک دەرکەوتوو و بە چاو و برۆ و لێو ناسراوە کە کاریگەری هەبوو لە سەر دەقی ژنە ئەدیبەکانیش، بەڵام بە ئاڵۆگۆڕی ڕەوتی هاوچەرخ، ژنیش هەوڵی داوە لە چاوی سوننەتی و کەرەستە بوون خۆی دەرباز بکات و لە چەمکەکانی گرینگی مرۆیی پێناسەی خۆی بکات، داهێنانی شیعری ژنان بۆ وزەی فیکری کۆمەڵگا زۆر پێویستە، کۆمەڵگا کە بەرهەمی ئەدەبی ژنانی لە ڕوانگەی فیکری و زانستییدا، ئاستی نزم دەبێت، کۆمەڵگا تووشی قەیران دەبێ و ناتوانێت لە ڕوانگەی فیکریەوە گەشە بکات و تەنانەت لە لایەنی بنەماڵە و کۆمەڵگادا تووشیاری کێشەی پێکهاتەیی دەبێ. ئەدەبیاتی ژنان ، ژنی کۆمەڵگا فێر دەکات چۆن شەرڤانێک بێت لە نێو لەمپەڕەکانی ژیاندا و بێ ئەوەی لە ژن بوونی خۆی لە کۆمەڵگادا شەرم بکات خۆی خۆش بووێ بە هزری ژنانەوە بە هزری مرۆڤایەتی بگات.


سنة
ماڵپه‌ڕی سوەیلا مەیهەمی
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک