په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

شکاندنی قەڵەمەکەی(سۆران مامەحەمە)و تیرۆرکردنی،

ئیفسلاسی سیاسی دەسەڵاتی مافیایی..!!


شێرزاد فاتح  


هەواڵی تیرۆرکردنی سۆران مامە حەمە یەکێک لە ڕۆژنامەنووسان و قەڵەمە بوێرو ئازادەکانی شاری کەرکوک، کە لە گۆڤاری لڤین کاری دەکرد، بووە مایەی توڕەیی و ڕاچڵەکاندنی هەست و ویژدانی هەموو مرۆڤێکی ئازادی خواز لەکوردستان و دەرەوەی ووڵات. سۆران نموونەی ڕۆژنامەنووسێکی چاونەترس و ڕەخنەگر بوو لە دەسەڵاتێکی گەندەڵ کە قاچی کورسیەکانی دەسەڵاتیان لەسەر کەللەسەری ئازادیخوازان، وە زەبروزەنگ و سەندنەوەی ئازادییەکانی خەڵک و بە تاڵان بردنی سەروەت و سامانی خەڵکی کوردستان بەندە، وە بە تایبەتیش لەو بەرەڵایی و گەندەڵی ئیدارییەی کە لە شاری کرکوک دا هەیە.
کەم تا زۆر من نووسرواکانی سۆرانم بەرچاو کەوتووەو خوێندومنەتەوە، دوا بابەتی ئەو کە من خوێندمەوە "سۆزانیەکان کەرکوک داگیر دەکەن" بوو، کە تێیدا سۆران باسی پۆلیس و ئەمن و بەرپرسی حیزبەکان وتێوەگلانیان دەکات لە کاری لەشفرۆشی و گەندەڵیدا، وە ئەوان وەک بەشێک لە سەرچاوەی فەسادی دەسەڵات لە شارەکەدا دەردەخات. دیارە بێشک ئەو ئەوبەدواداچوونەی سۆران وورد و دروستبوو، بەڵگەی دروستبوونیشی بووە مایەی ترس و ڕیسوایی ئەو بەپرسانەو دەسەڵاتیان، هەربۆیە ویستیان بە تیرۆرکردنی سۆران ئەم دەنگە حەقخوازانەیە کپ بکەنەوەو ئەم قەڵەمە بوێرە بشکێنن.


ئەمڕۆ دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دە ڕۆژ بەسەر تیرۆرکردنی سۆراندا، لێرەو لەوێ نموونەی سۆرانەکان یەک لەدوای یەک دەکەونە بەر هەرشەی کوشتن و تیرۆرکردن و بە ئاشکرا بە تەلەفۆن لە دەرەوەو ناوەوەی کوردستانەوە هەڕەشەی کوشتنیان لێدەکەن. ئەوەی کە کێیە بەم کارەهەڵدەستێت و هەڕەشەی کوشتن لە نووسەران دەکات، لای خەڵکی و نووسەران خۆیان ڕۆشنە، لە هەمان کاتدا بەشێکی زۆری پەنجەی تاوانەکانیش ڕوویان لە دەسەڵاتدارانی کوردستان و بە تایبەتیش هەردوو حیزبی زلهێزی کوردستان یەکێتی و پارتییە و ئەوان بە بکوژی سۆران تۆمەتبار کراون، بە تایبەتیش دوای کوشتنی سۆران ئەوان مێش میوانیان نییەو هەڵویستی ڕۆشنیان لەوبارەوە نیشان نەداوە، ئەمەش بۆخۆی ئەگەری ئەنجامدانی ئەم تاوانە لە لایەن ئەوانەوە ئەوەندەی تر بەهێز دەکات.


تیرۆر کردنی سۆران و هەوڵی خامۆش کردن و کپ کردنی چرای ئازادی و دەنگی بوێری ڕۆژنامەنووسانی ئازادیخواز. نیشانەی بڕوا نەبوون بە ئازادی ڕادەبڕین، ئازادی ڕۆژنامەگەری، ئازادی بیرکردنەوەیە لە لایەن هەردوو حیزبی دەسەڵاتداری کوردستانەوە، وە مایە پووچی هەموو ئیدعاکانیانە لەمەڕ ئازادی و دیموکراسی و مافی و مرڤ ...هتد، و هەموو ئەو درووشمە بریقەدارانەن کە تەنها مەرەکەبی سەر کاغەزن و ڕۆژانە لە ڕێی میدیاکانیانەوە گۆێی خەڵکی کوردستانی پێکەڕ دەکەن. کوشتنی ڕۆژامەنووسان و هەڕەشەکردن لێیان، هێمایەکی بەهێزی پەیڕەوکردنی عەقڵییەتی خێڵەکی و ئەوپەڕی کۆنەپەرستییە لە لایەن دەسەڵاتەوە.


دەنگ و قەڵەمەکەی سۆران و سۆرانەکان، دەنگێکی ئازادیخوازو قەڵەمێکی حەقخوازانەیە، و ڕیسوا کردنی گەندەڵی و دەسەڵاتی کۆنەپەرستی و خێڵەکییە، هەر بۆیە ئەم دەنگە بەهیچ هێزێک لەنێوناچێ و کپ ناکرێتەوە. سۆرانێکمان لێدەکوژن سەدان سۆرانمان لێیان وەدنگ دێن، قەڵەمێکمان دەشکێنن سەدان قەڵەم دەبن چقڵی چاوی بکوژان و دوژمنانی ئازادی و مافەکانی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین.


ڕیسوایی بۆ بکوژانی سۆران، سەرەخۆشیم بۆ خێزان و کەسو کاری سۆرانی ئازیز و هاوڕێیانی لە گۆڤاری لڤین.

 

 

2.8.2008