٢٨\٨\٢٠١٢
شکستی
ئاسایش و ئارامیی لە کوردستان!
- سەبارەت بە تاوانی
سەربڕینی سێ ئەندامی خێزانێک لە شاری سلێمانی -

حەمە غەفور
لە سەدەی ٢١داو لە ووڵاتێک کە فەرمانڕەواو دەسەڵاتدارەکانی زیاد لە هەر
جێگایەکی تری جیهان بانگەشە بۆ بەرقەراربوونی ئەمنو ئاسایش ئەکەن
تیایدا، وە دەسەڵاتدارانی زیاد لە هەر حکومەتو فەرمانڕەواییەکی دیکە
بانگەشە بۆ سەروەری یاساو دادو دادوەری ئەکەن تێیدا، بەڵام خەڵکی ئێمەو
کۆمەڵگای کوردستان شاهیدی ئەم کارەساتو دراما مرۆییەین کە سێ ئەندامی
خێزانێک بە تراژیدی ترین شێواز ژیانیان لێ سەنراوە!!
ماوەیەکی زۆر نییە بەر لەئێستا لە شاری هەولێر کێشەی نێوان کۆمەڵێک
کاسبکاری ناوبازاڕی ئەو شارە لەسەر (چەند دەسکە کەرەوزێک) پەرەی سەندو
چەند کەسێکی تێدا کوژران!
مرۆڤایەتی بۆچی لەنێو لیتاوی نائارامیو هەڕەشەی بەردەوامدا بۆ سەر
ژیانی نەوەکانی ئەبێت ژیانو مێژووی تۆمار بکا!!
لێرە لە کوردستان ئەگەر بەقەد نووکە دەرزیەک دەسەڵاتداران ڕێزو بەها
دائەنێن بۆ مرۆڤو بۆ هاوڵاتیان، دەسبەجێ دوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە
پێویستە شکستی خۆیان ڕاگەیەننو دەستلەکارکێشانەوەی بەکۆمەڵی
سەرۆکایەتیەکان ببینین!!
چۆن ئەکرێو چۆن پەسەند ئەکرێ لەم ڕۆژگارەدا تاوانی بەکۆمەڵی لەم چەشنە
پێش بێت! چۆن کەسانێکی قینلەدڵو ویژدانمردوو وە دڵڕەش ئەتوانن وە ڕێگا
بەخۆیان ئەدەنو چاوقایمیی وەها بەرجەستە ئەبێتەوە لایان کە تاوانی لەم
چەشنە ئەنجام بدەن!!؟؟
ئەم تاوانە گەورەیە پێمان ئەڵێ؛ هیچ یاسایەک بەواتای یاسای دادو
پاراستنی عەدالەتی کۆمەڵایەتی لەئارادا نییە!! ئەوەی هەیە جگە
بەرجەستەبوونی کەلەپوورو دەسەڵاتی بنەماڵەکان، جگە لە بانگەشەیەکی
پووچی فریوکاریی پارتە کوردییەکان هیچی تر نییە!
لێرە لە کوردستان لە سایەی ئەم دەسەڵاتە خێڵەکیو بنەماڵەییەدا زۆر
سادەو ئاسان هەر کێشەو دەعوا و دەمەقاڵەیەک لەجیاتی گەڕانەوەی بۆ یاساو
دادپەروەری، ئەتوانێ بگۆڕێت بۆ تەنگژەو قەیرانی کۆمەڵایەتیو کارەساتو
تراژیدیای لێبکەوێتەوە!!
ئیتر لەم ووڵاتە کامەیە یاسا، کامەیە سەروەی یاساکانو کامەیە ئەمنو
ئارامی و کوا لە کوێیە دادپەروەری!!؟؟
ئەم ڕووداوانە پێمان ئەڵێن؛ کۆمەڵگای کوردستان چارەنووسی لە دەستێکی
ڕاستگۆ و ئەمیندا نییە بۆیە تاوانو کارەساتی وەهای تێدا ئەنجام ئەدرێو
تراژیدیای جەرگبڕی ئاوهای لێئەکەوێتەوە. خەڵکی کوردستان نابێت هەروا
چاوەڕوان بمێننەوە، پێویستە بیر لە ئاییندەی خۆیانو چارەنووسی
نەوەکانیانو مێژووی کۆمەڵگاکەیان بکەنەوە.
کوردستانو خەڵکەکەی دەبێ بێنەمەیدان بۆ ئەوەی خۆیان یاساکان دابنێنو
یاساکانیش سەروەر کەن. خەڵک خۆی ئەتوانێ سنوور بۆ ئەم بۆشاییەی یاساو
دادپەروەری دابنێو لەجێگای دەسەڵاتی حزبی بنەماڵەکان دەسەڵاتێکی
سکۆلارو مۆدێرنو شارستانی دامەزرێنن. هەتا ئاسایش و ئارامیی دەستەبەر
بکرێو دادپەروەری کۆمەڵایەتی جێگیربکرێت. هەتا هاوڵاتیان شەوان بێترس
سەربنێنەوەو لە ماڵو حاڵی خۆیاندا نەبنە سووتەمەنیو ئەکتەری درامای
ڕاچڵەکێنەر!!
٢٦\٨\٢٠١٢
ماڵپهڕی حهمهغهفور
|