په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

شکستى کۆمۆنیزم.

نیا کامیل    


ئەوەى کەمنى هاندا ئەم ووتارە بنوسم ، گەشانەوەى ژیلەمۆى قسەو باسى ئەمڕۆى نێو دونیاى سیاسەت و ڕۆشنبیرى کوردیە لەسەر کۆمۆنیزم و مارکسیزم و سۆسیالیزم و بزوتنەوەکانى ، کە لەشێوە گشتیەکەیدا پەیوەست دەبێتەوە بەو جێگاوڕێگایەى ئیمڕۆ واخەریکە سەرلەنوێ فەلسەفەى مارکسستى لە دونیادا بەخۆیەوە دەبینێت و شکلڕ دەگرێت ، لەئەنجامى غەرق بونى هەرچى زیاترى بۆرژوازى لە پاشەرۆى خۆیدا . ڕەنگە زۆر گۆشە و کەنار بدۆزینەوە تا لێیەوە سەیرى ئەم مەسەلەیەبکەین ،گیروگرفتێک کەبۆ ئەم بزوتنەوەیە پێشهاتوە خەریکى سفر کردنەوەیەتى زۆر قسە و بابەتى فکرى و عەمەلى هەڵدەگرێت ، بەڵام من لە گۆشەى چینایەتیەکەیەوە لێى دەڕوانم . کە هەرکەس لەگۆشەیەکەوە خەمى لێکدانەوەى هۆکارەکانى فڕێدانەدەرەوەى ئەم بزوتنەوەیە لە کایە کۆمەڵایەتیەکان دەخوات . وە هەندێک ووتەى مارکس و ئەنگڵس بەناچارى وەردەگرم کەبە پێویستى دەزانم .

 

سەرەتا پێویستە ئەوە بڵێین کە ووشەى چەپ یەکسان نیە بە ووشەى کۆمۆنیست یان کۆمۆنیزم ، یانى چ لەڕوى واتاو چ لەڕوى ناوەرۆکەوە . بەڵکە جیاوازن . دەکرێت بەزۆربەى بزوتنەوە ناڕازى و دژەکانى نیزامى حاکم بوتریت چەپ ، بەڵام ناکرێت پێیان بوترێت کۆمۆنیست . وەک ئەوەى ئێستا لە ئەوروپا دەیبینین چەپەکان ( سۆسیال دیموکراتەکان یان ڕاستترە ئەگەر بڵێین کۆمۆنیزمى ئەوروپى ) هێزێکى سەرەکین لە زۆربەى ووڵاتانى ئەورپادا ، کە بونەتە پارێزەرى نیزامى سەرمایەداری ، بەڵام هەموو کۆمۆنیستێکى ڕاستەقینە چەپە ،نیسبەتەن بە دەسەڵات . حیزبێکیش بەخۆى بڵێت کۆمۆنیست ناکرێت و ناشبێت وەک چەپەکانى ئەوروپا ببێتە پارێزەرى ئیزامى سەرمایەدارى ، چونکە کۆمۆنیزم یانى لەبنج و بناوان دەرهێنانى ئەو سیستمە ، جگە لەوەى کەخۆى سیستەمە ، وەکاتێک کۆمۆنیزم بەرجەستەدەبێت کە نیزامى سەرمایەدارى بەتەواوى لەبەین چوبێت . هەروەک دەشگونجێت لەیەک کاتدا هەردوو ووشەکە ببنە تەعریفى یەک بزوتنەوە . یانى بەیەک نامۆنین و لە پەیوەندیەکى توندوتۆڵدان ، یانى ئەم ووشەیە ( چەپ ) زۆر بەتوندى گرێخواردوە لەگەلڕ ووشەى کۆمۆنیزمدا ، بۆیە بەهەڵەداچونێک لە بەکار بردنى ئەم دوو ووشەیەدا هەیە ، سەرەڕاى تێنەگەیشتن لە ناوەرۆک و ئایدیاو فەلسەفە و لێکدانەوە و ئامانج و کارى هەریەکێکیان . بەڵام ئێمە لێرەدا بەتەواوى مەبەستمان کۆمۆنیزمە .


کۆمۆنیزم بزوتنەوەیە ، جگەلەوەى سیستەمە ، وەسیلە و ئامڕازە ، ئامانجە ، دواجار زانستە . نەک سیفەتى شەخسى ، بەشەخسى کردنى ، کلیلى شکستەکەیە ، دەکرێت بەکەسێک بوترێت کۆمۆنیست یان مارکسیست ، بەڵام ناتوانین بڵێین ئیتر ئەم کەسە خاوەنى ئەو بزوتنەوەیە ، یان حیزب و بزوتنەوەیەک ناوى ئەو لەخۆبگرێت . چونکە بزوتنەوەى ڕزگارى یەک چینى تەواوە لە کۆى دوو چینى پێکهێنەرى کۆمەڵگا . خودى مارکس بەرۆکى خۆى لە هەموو ئەو خزمەتە تەکاندوە کە پێشکەشى ئەم بزوتنەوەیەیى کردوە و دەڵێت ( بیروڕاى تیۆرى کۆمۆنیستەکان ، بەهیچ جۆرێک ، لەسەر بیروباوەڕێک دانەمەزراوە کە لەلایەن ئەم یان ئەو ڕێپیشاندەرى جیهانیەوە داهێنرابێت ، یاخود دۆزرابێتەوە . ئەم بڕوایانە تەنیا دەربڕینێکى گشتى هەلومەرجى واقعى خەباتى چینایەتى و ئەو جوڵانەوە مێژوییەن کەوا بەبەرچاومانەوە لەکاردایە .) ، بەڵام کام بزوتنەوە ،کام وەسیلە و ئامڕازە ،یان ڕاستترە بڵێین کامە زانستە، بێگومان هى ڕزگارى چینى پڕۆلیتاریایە . وەک ئەنگڵس دەڵێت ( کۆمۆنیزم زانستى هەلومەرجى ڕزگارى پڕۆلیتاریایە .) ئیتر بەهیچ شێوەیەک نابێتە عینوانى شەخسى بۆ هیچ کەسێک . کە نمونەى زۆر زۆر لەبەردەستدایە لەم بارەیەوە . هەر بەم مەعنایە ، کۆمۆنیست کەلە دونیاى واقعیدا ماناى پەیڕەوى حیزبێکى شۆڕشگێڕى دیاریکراوى خاوەن بەرنامەى ڕزگارى چینى کرێکار دەگەیەنێت ، گۆڕاوە بە زاراوەیەکى ڕووت، و بۆتە خاوەنى چوارچێوەیەکى ئاسنى ژەنگ گرتوى ئایدۆلۆژى . هەرئەمە گەورەترین ناحەقیە بەدرێژایى یەک مێژوو کە دەربارەى مارکس و فەلسەفەکەى کراوە ئێستاشى لەگەڵدابێت ، یەکێک لەسەختترین ئەو جەنگانەى مارکس بەرپاى کرد لەدژى ئایدۆلۆژیابوو، کەچى کوڕە ڕەسەنەکانى مارکس بەشێوەیەکى پاسیفانە کەوتەنەتە گەشانەوە و فولێکردنى پشکۆى ئایدۆلۆژیا . بەدیوەکەى تریشیدا مادام زانستە کەواتە بەپێى هەلومەرجى نوێ و چونەسەرەوەى ئاستى پێشکەوتنى دونیا و بەتایبەتى دونیاى سەرمایەدارى و زانستى سەردەم ئەمیش دەگۆڕێت ، یانى تاکتیک و سیاسەت و لێکدانەوە و وەسیلەکانى بەرجەستەکردن و بردنە پێشەوەى دەبێت ڕەنگدانەوەى سەردەمەکەى خۆى بێت ، بەبێ لەدەستدان و پشتکردنە ناوەرۆکى مەسەلە بنەڕەتیەکە ( کێشەى چینایەتى).

 

کەواتە زیندویى ئەم بزوتنەوە لەوەدایە کە ڕێک پایە و ماتەریاڵى خۆى لە کۆمەڵگاى سەرمایەداریەوە پەیدا دەکات ، یانى ئاوێنەى ڕونى سەردەمە . پێچەوانەکەشى ڕاستە . هەربۆیە مارکس دەڵێت ( چ گۆڕانکاریەک بەدیدێ لەسەر دەوڵەت لە کۆمەڵگاى کۆمۆنیستیدا ؟ بە ووشەیەکى تر ، چ ئەرکێکى کۆمەڵایەتى هاوشێوەى ئەرکى ئێستاى دەوڵەت لە کۆمەڵگەى کۆمۆنستیدا دەمێنێتەوە ؟ تەنها زانست دەتوانێت وەڵام بەم پرسیارە بداتەوە . ) ئەگەرچى مارکس لێرەدا باسى دەوڵەت دەکات ، بەڵام ئەوەش بەیان دەکات کە کاریگەرى زانست تا چ ڕادەیەکە بۆ بزوتنەوەی چینى کرێکار .


چینى کرێکار . مارکس ئەم چینە بەتەواوى دەلکێنێت بە شۆڕشەوە. بە قەولى مارکس ( لەناو ئەو چینانەدا کە ئێستا ڕاستەوخۆ بەرەنگارى بۆرژوازى بونەتەوە ، تەنها یەک چینیان بەڕاستى شۆڕشگێڕە کە ئەویش چینى پڕۆلیتارە . هەموو چینەکانى تر لەگەلڕ پەرەسەندنى پیشەسازیى گەورەدا دەڕوخێن و لەناودەچن .) هەربەم مەعنایە ، سەرەنجام دوو چین دەمێننەوە . وەک ئاشکرایە ئەوانیش چینى چەوسێنەر و چینى چەوساوەیە ، یانى سەرمایەدار و کرێکار ، کە سەرمایەدارەکان تەواوى هۆیەکانى بەرهەمهێنانیان دەست بەسەراگرتوە ، یانى دەسەڵاتیان بەسەر کۆمەڵگا و ڕەوتى مێژوى کۆمەڵایەتیدا دەشکێت ، سەرەنجام کرێکارانیش تەنها بە لێسەندنەوەى ئەو هۆیانە و گێڕانەوەى بۆ تەواوى کۆمەڵگا و خودى کرێکاران ، لەڕێگەى شۆڕشێکى سەراسەریەوە . دەتوانن تەواوى ئەم هاوکێشەیە توخمەکانى جودابکەنەوە و هاوکێشەیەکى نوآى لێپێک بهێنن کە یەکسانە بە کۆمۆنیزم . ئینجا دەبێت ئەوەش زیادبکەین کە بۆ ئەوەى چینى کرێکار بتوانێت بەگشتى خەبات بکات تا بگاتە ئەم سەرەنجامە ، دەبێت خۆى وەک چینێک ڕێخراو بکات . کە بێگومان بەشێوەیەکى ئۆتۆماتیکى پێویستى پارتێکى شۆڕشگێڕى خاوەن بەرنامەى ڕزگارى ئەم چینە بەدواى خۆیدا دەهێنێت . ئەوجا لێرەوە بەرنامەى کارى حیزبە کۆمۆنیستەکان دەستپێدەکات ، بۆ ئەمکارەش هەرگیز فەلسەفە و بەرنامەیەکى لەوەى مارکسیان شیاوتر جنگ ناکەوێت .تا بیکەنە بەرنامەى حیزبى کۆمۆنیست .


حیزبى کۆمۆنیست و چەپ و ئەو هێز و لایەنانەى ئەم تابلۆیەیان بۆخۆیان نوسیوە لەکوردستاندا ، ئەگەر بخەینە ژێر وردبینى و تێڕوانینەوە ، ئەوا دەبینین ، ئەم تەیفە لە ئەحزاب بونەتە نوێنەرى مەیل و تەیفە جۆراو جۆرەکانى ترى کۆمەڵگا لەجێى چینى کرێکار ، لێرەوە دەگەین بەو خاڵەى کە ئەم بزوتنەوانە سیفەتى شۆڕشگێڕیان لەدەست داوە پوختەى ئەمە سەرەنجامێکى وا بەدەستەوەدەدات کە شکستى کۆمۆنیزم لەوەدا ببینمەوە کە پشتى لە جیاتى ڕوى کردۆتە چینى شۆڕشگێڕى کرێکار . بە شێوەیەکى ڕواڵەتى ڕەنگە بڵێن لە کوردستان کرێکار نیە یان زۆر زۆر کەمە !. ئەمەش ئەوە بەشوێن خۆیدا دەهێنێت ئەم حیزبانە نەتوانن پشت ئەستور بەم چینە بێنە مەیدان ، بەدوایدا ناچارن جۆرێکى تر لە سیاسەت بەرنە پێشەوە . باشە ئەگەر وایە سەروەت و سامانى کۆمەڵگا لە کوێوە بەرهەم دێت ؟ سەرمایە چۆن گوڕدەخوات ؟ گەشەى کار و سەرمایە لە کوێوە دێت ؟ ئاو و کارەبا و ئارد و نان و تەلەفۆن و چیمەنتۆ و گەچ و خانوبەرە و نەوت و گواستنەوە ....هتد کێ کارى تیادەکات و بەرهەمى دێنێت ؟ هەموو ئەمانەش کرێی کارى ڕۆژانە وەرناگرن ؟ کە جگە لە هێزى کار هیچى تریان نیە بیگۆڕنەوە بەو پارەیەى سەرەنجام لە ژێر سایەیى یاسایەکى بێ ماناى کاردا وەریدەگرن؟.

 

سەرنج بدەن . لەناو دڵى خوێناویترین جەنگى ئەم سەدەیەدا و لە ناو کورەى داخراوى ئەم جەنگەدا . لە بەغداددا . کرێکاران چەرخى ژیانى کۆمەڵگایان دەچەرخان . لە کاتێکدا ڕۆژى بەسەدان کەس دەبوونە قوربانى ، ئەمان گەنمیان دەکردە ئارد و ئاردیان دەکردە نان و کارەبا و ئاویان بۆ خەڵکى دابن دەکرد ، جەنگ نەیتوانى ژیانى کۆمەڵگا ڕابگرێت . سەربازانى ئەمریکا نانى سى ملیۆن نەفەریان لە ماکدۆناڵدەوە بە ئامادەکراوى بۆ نەهێنابوون تا کۆمەڵگا لە برسا نەمرێت ، نان و ئاو کارەبا و پێویستیە سەرەکیەکانى ژیانى ڕۆژانە لە کۆمەڵگادا بەرهەمدەهات و ئەویش لەسەر شانى کرێکاران و بە سوتاندنى عارەقى ئەوان بەرهەمدەهات ،ئەو جەنگەى کە کێشمەکێشى خوێناوى تەواوى بزوتنەوەکانى نێو کۆمەڵگاى لەخۆگرتوە جگە لە کرێکاران ، هەمویان لە کۆششى بەدەست هێنانى جێگەو ڕێگەى باشتر و قایم کردنى پایەکانى دەسەڵاتیاندان ، بەڵام کێشەو گیرو گرفتەکانى چینى کرێکار هەروەک خۆى بەبآ گۆڕان ڕەوت دەکات . کە ئەویش لە غیابى بزوتنەوەکەیدا شکڵدەگرێت . بۆیە کرێکاران هیچ جۆرە پەیوەندیەکى تر جگە لە ململانەى چینایەتى ناناسن . وە مان و ژیانیان لەسەر ئەمە ڕاوەستاوە . بە دیاریکراویش تابەو شوێنەى بە کوردستان دەگەڕێتەوە کۆمۆنیزم لە کوردستاندا بزوتنەوەیەکى ناواقعیە . بەم حاڵەى ئێستایەوە . کۆمۆنیزم هەلومەرجێک نیە کەدەبێت دامەزرێت ، فکرەیەک نیە کە دەبێت واقعیەت خۆى لەگەڵدا بگونجێنێت . ئێمە ئەو بزوتنەوە واقعیە ناودەنێین کۆمۆنیزم کە هەلومەرجى ئێستا هەڵدەوەشێنێتەوە . ئەم ئەرکەش بە چینى کرێکار سپێردراوە .
چەپ و کۆمۆیزم و سۆسیالیزم بزوتنەوەکانیان لە کوردستاندا گرێخواردوون لەگەلڕ ناڕەزایەتى و نەفرەتى خەڵکى ، مودافعى مافەکانى منداڵان و ژنان و خانەنشین و ، داواکارى ئاو کارەبا و موچە و مانگرتنى شۆفێرانن ...هتد ، ئەکرێت ماشێنى هەموو ئەمانەى لێباربکەین ، بەڵام ئەمەکارى ئەمان نیە ، بەلەناوبردنى نیزامى سەرمایەدارى هەموو ئەوانەش لەناودەبەی کە لەوەوە سەرچاوەیان گرتوە . بۆیە ئێمە بە هەڵبژاردنى خۆمان کارێک بەسەر کارێکى تردا پەسەند دەکەین ! من ناڵێم نابێت ئەم کارانە بکات ، دەبێت سەرسەختانە بیکات . بەڵام کارى هەرە سەرەکى ئەو کەنایکات ئەوەیە دەبیت چینى کرێکار ڕێخراوبکات . تا ئەم کارەش نەکات هەمیشە بێ ئاسۆ دەمێنێتەوە .

 

لەم میانەیەدا ناتوانێت جگە لە مەى ئێستاى جێگە و ڕێگەیەکى ترى هەبێت . هەرئەم بێ ئاسۆییەش وایکردووە ببنە خاوەنى ڕواڵەتێکى تر ، ئەویش ئەوەیە کە هەرکاتێک هەستیانکرد بۆنەتە سآ نەفەر یەکێکیان لە دوانەکەى تر جیا بێتەوە و ئیدعاى مارکسى و کۆمۆنیستى ئەێڵى بوونى خۆى بەوانیتر بفرۆشێتەوە . ئەگەرچى وا نیشان ئەدات کە نوێنەرى ئەم چینەیە ، بەڵام بەرمەبناى کارى ئەم حیزبانە ئەوە نیشان ئەدات یان دەیسەلمێنێت کە نوێنەرایەتى کرێکاران ناکەن ، ئەگەرچى تا نیزامى سەرمایەدارى حاکم بێت زەمینەى ئەوە خۆشدەکات بەشوێن خۆیدا سەدان حیزب و ڕێخراو و ئۆرگان و ناوەندى جۆراوجۆر سەردەربێنن ، بەڵام تەنها ئەو لایەنەیان دەتوانێت بچێتە گرەوى وەدیهێنانى کۆمەڵگایەکى ئازاد و یەکسان و بآ چینى چەوسانەوە پەى بەوە بەرێت هێزى ڕاستەقینەى کرێکاران ڕێخراو بکات و مەشخەڵى شۆڕشیان باتە دەست . هیچ بزوتنەوەیەک بە ئەندازەى کۆمۆنیزم سەرچاوەى هێزەکەى دیارى نەکراوە ، بەڵام حیزبە کۆمۆنیستەکانى کوردستان بەشێوەیەکى هەزەلى بەدەر لەم سەرچاوەیە و لەدەرەوەى ئەم و لەناو کایەکانیترى کۆمەڵگادا عەوداڵى کۆکردنەوەى هێزن . بۆیە هەر بەو چەشنەیان لێبەسەر دێت . بۆیە ئیتر ئەم خولیا و خواستەیان بەجێهێشتوە .


وەک دەبینین لە شەو و ڕۆژێکدا بزوتنەوەى گۆڕان خۆى دەکاتە خاوەنى هەموو ئەو ناڕەزایەتیانەى نێو کۆمەڵگا ، هەموو ئەمانە دەکاتە پەیامى خۆى بەشێک خەڵکى ناڕازیش لە خۆیەوە دەئاڵێنێت ، بەڵام دواجار کێرڤەکەى بەرەو لاربونەوە دێتەوە . بۆ بزوتنەوەى چەپ و کۆمۆنیست ڕاستە ئەمە مەیدانى ململانە و جەنگە ، بەڵام ئەمە بزوتنەوەى ڕزگارى چینى کرێکار و پڕۆلیتاریایە نەک ڕێخراوى ناحکومى . حکومەت ئامادەیە چارەسەرى هەریەکێک لەمانە بەتێپەڕبونى کات نیشان بدات و وەڵام بداتەوە ، بەڵام ئەوەى هەرگیز ئامادەنیە لێى لابدات و چارەسەرى بکات کێشەى کارو کرێى کار و کارى بەکرێیە . یانى چەوسانەوەى چینێک لەلایەن چینێکى ترەوە . یانى کێشەى چینایەتیە . لەبەر ئەوەى یەکسانە بە هەڵوەشانەى کۆى خودى سیستەمەکە .

 

بۆیە ئیتر ئەم بزوتنەوەیە گۆڕاوە بە بزوتنەوەیەکى تر ، هەموو ئەوانەى ئێستا وەک تاکتیک لەبەرامبەر دەسەڵاتى سەرمایەدا بەکارى دەبات هیچ نیە جگە لە کارى خۆ سەرگەرم کردن ، یانى ستراتیژى نیە تەنها لە ووتنەوەى چەند ووتەیەک زیاتر کەلەسەر ڕووى ڕۆژنامەکانیان پەخشى دەکەنەوە ، کە سنورى فەنتازیا تێناپەڕێنێت . لەتەواوى ئەو گۆڕانکاریانەى لە سەحنەى سیاسی وکۆمەڵایەتى و ئابوریدا پێشهاتوون ، هیچیان بە قازانجى کرێکار و کرێى ڕۆژ و کارى بەکرآ و قانون کاردا نەشکاونەتەوە . ئەمانە هەمووى لە جێگەى خۆى باقیە و کەسێک دەستى لێنادات ، شۆڕشى 58 شکست دەخوات ، بەعس دێت ، ئەو دەڕوات یەکێتى وپارتى دێن ، بزوتنەوەى گۆڕان دەبێتە پەیامبەر و ماشێنى ڕزگارى مەردوم . باسى ئەمانە باسێکى ترە کە جیاوازە لە باسى حیزبێکى کۆمۆنیستى ڕاستەقینە . کە ئەویش ڕێخستنى چینى کرێکارە بەرەو ڕەهاى .


ئیسلامیەکان کاتێک بوونە بزوتنەوە هەموو دەرگاکانیان داخست و تەنها لە دەرگاى مزگەوتەوە توانیان هێز و قودرەتى خۆیان بێننەدەرەوە ، چونکە بەباشى و بەتەواوى لەوەگەیشتبوون کە ئەوان چۆن بزوتنەوەیەکن ، بەڵام کاتێک بە فشارى دەسەڵات ئەم دەرگایەیان داخست ، بەشێوەیەک دەسەڵات دەرگاى دەسەڵاتى بۆ خستنە سەرپشت بەڵام ئەوەندەیان هێز پێنەما لەودەرگایەوە کاتێک چونە ژوور بکۆکن . ئیتر توشى قەیران و پاشەکشە بوون . ڕاستیەکەى کرێکارانیش بەدەورى خۆیان نەخشیان هەبوە لەپێکانى ئەم بزوتنەوەیەدا ، بەڵام بەئەندازەى حیزب نا . لەبەر ئەوەى حیزب هۆشیارتر و بە دسپلینتر و ڕێخراوترە ، بۆیە یەکەمین بەرپرسیارى ئەم شکستەیە . ئەگەر کۆمۆنیزم زانستى هەلومەرجى ڕزگارى پڕۆلیتاریایە ، کامە حیزبى کۆمۆنیستى تەنها دە ئەندامى لەناو چینى کرێکار و پڕۆلیتاریادا هەیە ؟ ئەمە ئیتر واقعە کەتەنها لە خەیاڵدا دەکرێت وەلاوە بنرێن . ئەمەیە شکستى ئەێڵى چەپ و کۆمۆنیزم لە کوردستاندا .


لە پاڵ ئەمەدا حیزب و مۆدیل و ڕێخستن و ڕابەرى و زمان و تەواوى پێکهاتە و ساختومانەکەى نەخشیان هەیە ڕۆلڕ دەگێڕن ، لە کارى هەر ڕۆژە و دۆزینەوەى کەلێن و شێوە نمایش و گوڕخواردنەوە لەناو کۆمەڵگادا ، ئەگەرچى وادێتە پێش چاو کە ئەمانە کارێکن دەکرێت ئاسان لێیان تێپەڕێنرێت ، بەڵام هاوکێشەکانى نێو کۆمەڵگا حەلکردنیان لە هاوکێشەى کیمیاوى و بیرکارى زۆر سەخترە ، چونکە ئاکامەکەى هەمیشە لەوەى پێشوو جیاواز دەدات بەدەستەوە . بەپێى دیالەکتیکى مارکس کۆمەڵگا هەمیشە لە حاڵەتى گۆڕاندایە . بۆیە ئەوەى کەماوەتەوە ئەوەیە دەبێت ئەو حیزبانەى بەخۆیان دەڵێن کۆمۆنیست بەتەواوى دەست بەردارى ئەم شێوازەى کارکردنى ئێستایان ببن ئەگەر نا هاوکێشەى ئەمان دەمێکە حەل بوە و ئاکامەکەى داوە بەدەستەوە ، وە بەکار خۆشیان چەقۆ خوێناویەکەیان داوەتە دەستى فەلسەفەى مارکس .

 


nyakamil@hotmail.com