په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\١\٢٠١٧

شکستی سەرکردە سیاسییەکانمان.

محەمەد بەرزی     

 

بە گشتی ئامانجی هەموو شۆڕشێک بریتییە لە ڕزگارکردنی خاک و خەڵک و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی ئازاد ، کە لە سایەیدا هەمووان بە یەکسانی و بەختیاری بژین . ئەوەی شایانی باسە زیاتر لە دوو هەزار و حەوت سەد ساڵە کورد لەسەر خاکی خۆی دەژی و لەو ماوە دوور و درێژەشدا سەدان شۆڕش و ڕاپەڕینی بەرپاکردووە و دەریایەک خوێنی ڕۆڵەکانی ڕژاوە ، لە پای ئەو هەموو قوربانییە زۆرانەشدا ، ئەوە ئەنجامەکەیەتی کە ئەمڕۆ بە چاوی خۆمان دەیبینیین ، وڵاتمان لە نێوان چوار داگیرکەردا دابەشکراوە و کاتێکش هەلێکی لەبار بۆ ڕزگارکردنی بەشێکیمان بۆ دێتە پێشەوە ، ئەوا بەمجۆرە سەیروسەمەرەیەی ئەمڕۆوە میللەتەکەمان بەڕێوەدەبەین . بێگومان لەگەڵ هەموو هەرەس و تێکشکانێکدا هۆکار و پاساوی خۆیان هەبووە . میللەتی هوشیار سیاسییەکانیان بە هۆکاری سەرەکی زانیوە و لە هەمان کاتیشدا سەرکردە سیاسییەکانیش پاساوی خۆیان هەبووە ، کە هەر خۆشیان هۆکاری دروستکردنی ئەو پاساوانە بوون . جا بۆ ڕووناکی خستنە سەر ئەم بابەتە پێویست ناکات بە مێژووی درێژی پڕ لە کارەساتەکانماندا بچینەوە ، بەڵکو چەند نموونەیەکی ڕابوردووی نزیکمان دەکەین بە ئاوێنەیەکی باڵانمای شکستە یەک لە دوای یەکـــەکــانمان ، کە بەردەوام دووبارەیان دەکەینەوە ، بەبێ ئەوەی پەندیان لیێ وەربگرین:


یەکەم: لە ساڵی ١٩٦٤ دا و دوای سێ ساڵ لە هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلول ، باڵێکی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئیبراهیم ئەحمەد و جەلال تالەبانی ، بە پاساوی ئەوەی ، کە مەلا مستەفای بارزانی کەسێکی نەخوێندەواری عەشایەری تاکڕەوی خۆسەپێنەرە ، جیابوونەوە و لە ساڵی ١٩٦٦ یشدا چەکیان هەڵگرت و شانبەشانی سوپای داگیرکەری بەعس ڕووبەڕووی هێزی پێشمەرگە بوونەوە . پاشان لە ساڵی ١٩٧٥دا جەلال تالەبانی و چەند هاوڕێیەکی سەر بەو باڵە ، یەکێتی نیشتمانیان دروستکرد و تالەبانی بوو بە سەرۆکی ئەو رێکخراوە تازەیە ، جا ئەگەرچی جەلال تالەبانی کۆلیجی یاسای تەواوکرد بوو و وەک مەلا مستەفا عەشایەرێکی نە خوێندەوار نەبوو ، مارکس و لێنین و ماوتسی تۆنگی بە شاگرد ڕانەدەگرت و خۆشی بە بەرەی چەپ و سۆشیاڵ دیموکرات دەزانی ، کەچی ئەوەتا لە یەکەم ڕۆژی دروستبوونی یەکێتییەوە تا ئەمڕۆ خۆی و بنەماڵەکەی بە تەواوی دەستییان بەسەر ئەو رێکخەاوەدا گرتووە، لەگەڵ ئەوەشدا پیری و نەخۆشی پرزەی لیێ بڕیوە ، بەڵام بە گوللە تۆپیش دەست لەو کورسییە هەڵناگرن . سەرباری ئەمەش ئەوەبوو دوای ڕاپەڕین تالەبانی لە پێناوی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک کۆماردا ، لە هەڵویستی خۆی پەشیمانبۆوە و داوای لێبوردنی لـــە بارزانی کرد . کەواتە ئەو پاساوەی کاتی خۆی ئیبراهیم ئەحمەد و تالەبانی دژی مەلا مستەفا بەرزیانکردبۆوە لە پێناوی نیشتماندا نەبوو ، بەڵکو تەنها بۆ گەیشتن بە کورسی دەسەڵاتبوو . پاشان لە ساڵی ٢٠٠٦ دا کاک نەوشیروان بە پاساوی تاکڕەوی تالەبانی و بوونی گەندەڵی لە یەکێتی جیابۆوە و بزوتنەوەی گۆڕانی دروستکرد و تا ڕادەیەکی زۆریش سەرکەوتووبوو ، کەچی پاش چەند ساڵێک لە تێکۆشان ئەمڕۆ ئەو بزوتنەوەیە بە هەموو عەقڵییەوە پەیمانی ستراتیجی لەگەڵ یەکێتیدا دەبەستێت و بیر لە یەکگرتنەوەش دەکەنەوە ، کە هەر خۆشیان بوون لەبەر گەندەڵیی لێێ هاتنە دەرەوە . بەڕاستی بیرکردنەوەی سیاسییەکانمان ، جا عەشایەربن ، یان پارێزەر و خویندکاری دکتۆرا جێگای سەرسوڕمانە و جگە لە شکست هیچی کەی لیێ ســەوز نـابێ . ئاشکراشە ئەو دوو بنەماڵەیە هەموو ڕێکەوتنێک لە پێناوی بەرژەوەندی و مانەوەی خۆیاندا دەکەن و مەحاڵە ڕێگا بە هیچ کەسێک بدەن دەسەڵاتیان لە سەرووی دەسەڵاتی خۆیانەوە بێ و هەر کەس و لایەنێکیش تێکەڵیان بن ، جگە لە دۆڕان و تواندنەوە هیچی تر بە چاوی خۆیان نابینن . خۆ کاتێکیش هەردوو لایان لە پێناوی ماشینەوەی دراودا یەکدەگرن ، ئەوا میللەت بەرەو هەڵدێر و مەترسی گــەورە و گران دەبەن.


دووەم: لە نێوان ساڵەکانی ١٩٦١ و ١٩٦٧ دا هەزاران پێشمەرگە و سەربازی سوپای عیراق بە دەستی یەکتری کوژران و چەندین شار و گوندمان وێرانکرا ، خۆ لە ٩ ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٦٣ دا لە ناو سلێمانیدا سەدان کەسییان خڵتانی خوێنکرد، کەچی لە ساڵی ١٩٦٧ دا کاتێک ئاگری جەنگێکی خوێناوی لە نێوان جولەکە و عەرەبدا هەڵگیرسا ، سەرکردایەتی کورد یەک لایەنە و بە بێ بیرکردنەوە شەڕی لەگەڵ سوپای عیراقدا ڕاگرت و وەک برایەکی دڵسۆزی عەرەب خۆی نیشاندا ، پاساوەکەشیان ئەوەبوو سوپای عیراق سەرقاڵی شەڕی کورد نەکەن ، تا بتوانن لەو شەڕەدا بە هانای برا فەلەستینییەکانیانەوە بچن . بەڵام کاتێک ئەو جەنگە بە دۆڕانی عەرەب کۆتایی هات ، ئەوەبوو حکومەتی عیراق ڕێزی لەو هەڵویستە برایانەی کورد نەگرت و هەر زۆر خراپتر لە جاران هێرشیانکردەوە سەرمان . دەی باشە ئەمە چ جۆرە سیاسەتێکە واز لە دوژمنە سەرسەختەکەی خۆت بهێنیت تا لە شەڕ دەبێتەوە ، ئنجا بکەویتەوە پەلاماردانی . لە ڕاستییدا سیاسییەکانمان بەردەوام هەڵەکانی ڕابووردوویان دووبارەکردۆتەوە و لە پێناوی برایەتییەکدا ، کە سەدان ساڵە ئێسک و پروسکمان دەهاڕێ سوودیان لە لاوازی نەیارەکانمان وەرنەگرتووە . لە دوای ڕوخانی بەعسەوە شتێک نەما بە ناوی حکومەتی عیراقەوە ، سوپا زەبەللاحەکەی بە تەواوی هەڵوەشا ، هێزی پێشمەرگە تەنها هێزی باڵا دەستبوو ، پاشان هەست و سۆزی زوربەی هەرە زۆری میللەتانی دنیاشمان لە گەڵدا بوو ، دەکرا لەو کاتە لاوازەی عیراقدا سیاسییەکانمان وەک برا دڵسافەکەی ساڵی ١٩٦٧ بیریان نەکردایەتەوە و خۆیان نەکردایە بە دارشەقی ژێر باڵی ئەو دەسەڵاتە ڕوخاوە و هەموو مافە رەواکانی کوردییان بە سەر عەرەبدا بسەپاندایە ، کەچی لە پێناوی پارە و بەرژەوەندی تایبەتدا وازیان لە هەموو خەونەکانمان هێنا . بەڵگەش بۆ ئەمە پۆڵ برێمەری حاکمی عیراقی دوای سەددام بە زمانی خۆی دەڵێ : [ لەگەڵ روخانی رژێمی سەدام بە مەسعود بارزانی و جەلال تالەبانیم ووت : من مێژووی کوردم خوێندۆتەوە ، دەزانم ئێوە گەلێکی ستەملێکراون ، مەرجی ئێوە چییە و چیتان دەوێ و دوای هەفتەیەکی تر وەڵامم بدەنەوە ؟ . کاتێک لە ڕۆژی دیاریکراودا لە گەڵیاندا دانیشتم زۆر شپرزە و قەلەق بووم ، چونکە دەترسام داوایەکی زۆر قورسم لێ بکەن ، وەک سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە عیراق ، یان داوای گەڕاندنەوەی کەرکوک بکەن بۆ سەر هەرێم ، یان بڵێن ئێمە بۆ خۆمان دەبین بە دەوڵەت . بەڵام کاتێک دانیشتن جەنابی مەسعود بارزانی و جەلال تالەبانی هەردووکیان قسەیەکیان کرد ، کە هەرگیز بیرم بۆی نە دەچوو ، ئەویش ئەوەبوو داوای بودجەی زیاتریان کرد ، کە وا حکومەتی مەرکەزی ( بەغدا ) بۆیان بنێرێت .. ئەوسا زانیم بەرپرسانی کورد بۆ پارە دەژین نەک بۆ ئازادی ! . ] ... ئای کە جێگای شەرمەزارییە سیاسییەکی گەورەی وەک پۆڵ برێمەری نوێنەری ئەمەریکا بە سەرکردەکانی میللەتێکی ستەملێکراو بلێ : بۆ پارە دەژین نەک بۆ ئازادی . پاشان دەبێ دوای ئەو داوایە هەست و سۆزی بەرامبەر بە کێشەی رەوای میللەتەکەمان چۆن گۆڕڕابێ ؟ . بە کورتی سیاسییەکانمان نەیانتوانی ئەو هەلە لەبارە بقۆزنەوە ، ئەوەندەی لە خەمی پارەدا بوون نیو ئەوەندە لە خەمی ئازادی نیشتماندا نەبوون و بە ڕاستیش پۆڵ برێمەر باشی ناسیون و هەتا ئەمڕۆش بیرکردنەوەیان هەمان بیرکردنەوەیە و وازیان لە تاڵانکردنی سامانی وڵات نەهێناوە و کۆمەڵگای کوردییان برسی و پەرێشانکردووە و بیریان لە مەترسییەکانی دواڕۆژ نەکردۆتەوە و نەیانتوانیوە نە هەرێم بە چاکی بەڕێوەبەرن ، نە هێزێکی یەکگرتووی بەهێز بۆ ڕۆژی تەنگانە دروستبکەن ، بە پێچەوانەشەوە عیراق بەردەوام لە خۆ بەهێزکردندایە و وەک جاری جاران سوپایان دامەزراندۆتەوە و شانبەشانی سوپاش حەشدی شەعبییان پێکهێناوە و بە هۆی شەڕی داعشیشەوە وڵاتە گەورەکانی دنیا هاوکارییاندەکەن و بوونەتە خاوەنی چەک و جبەخانەی گەورە و لە هەوڵی ئەوەدان سەرجەم هێزەکانیان بە بیروباوەڕی شیعەگەرایی پەروردە بکەن ، کە دیارە ئەمەش پەیامێکی مەترسیدارە . ئەوەتا لە ساڵی ٢٠١٧ دا و لە یادی ٩٦ هەمین ساڵڕۆژی دروستبوونی سوپای عیراقدا ، کە وڵاتەکەمانی کاولکرد ، ئەفسەرانی دەرچووی کولێژی سەربازی لە ناو مەزارگەی ئیمام حوسێن دا سوێندی یاسای دەخۆن ، جا لەگەڵ ئەوەشدا سوپای عیراق سوپای هەموو گەلانی عیراقە و تەنها هی شیعەی سەر بە ئێران نییە و ئەم هەڵویستەشیان پێچەوانەی دەستووری عیراقە ، بەڵام ئەوان گویێ لە کەس ناگرن و بەردەوام لە خەمی بە هێزکردنی خۆیاندان ، لە هەمووشی سەیرتر ئەمڕۆ کورد پەی بەو مەترسییە گەورەیە نابات و لە شەڕدا هاوکاری ئەو هێزانە دەکات و بە تەواوی هەڵویستی ساڵی ١٩٦٧ یان لە بیر خۆیانبردۆتەوە ، کە بە دڵنیاییەوە دوای نیشتنەوەی تەپووتۆزی شەڕی داعش ، سوپای شیعە وەک سوپاکانی بەعس و حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی پێشوو لە میللەتەکەمان دەئاڵێنەوە . ئێستا با بپرسین : لە کاتێکدا عیراق یەک سەربازی نەمابوو ، فریشتەی بەختیش یاری کورد بوو ، نەمانتوانی ناو ماڵی خۆمان رێکبخەین و مافەکانمان بەدەست بهێنیین ، ئەی باشە دوای شەڕی داعش و بەم بارودۆخە خراپەی خۆمانەوە ، دەبێ چیی لە حکومەتی عیراق چاوەڕوان بکەین؟


سێیەم: لە ساڵی ١٩٧٥دا شۆڕشی ئەیلول هەرەسی هێنا و خوێنی هەزاران کەس بە فیڕۆ چوو ، ئەمە سەرباری وێرانکردنی وڵاتەکەمان ، بێگومان سەرکردایەتی ئەو شۆڕشە پاساوی ئەو ئاشبەتاڵەیان خستە ئەستۆی ئێران ، کە هەر خۆشیان ڕێگایاندا بوو ئێران ببێتە شادەماری ئەو شۆڕشە و بە ئارەزووی خۆیان کۆنترۆڵی بکەن. ئەوەی شایانی باسە هەموو تاکێکی کورد، کە ڕاستوچەپی خۆی ناسیبێ لەوە دڵنیابوو ، کە ئێرانێک ڕێگا بە کوردی وڵاتەکەی خۆی نەدا بە زمانی زکماکی دایکی بخوێنێ ، مەحاڵە ڕێگا بە سەرکەوتنی کوردی پارچەیەکی تر بدات . کەچی سەرکردە شکستخواردوەکانی سەردەمی هەرەس هەمان ڕێگای داخراویان گرتۆتە بەر و ڕیشی خۆیان داوەتە دەست تورکیا و ئێران ، کە دوو دیوی یەک دراون و لەسەر مانگیش دژی ئازادی و سەربەخۆیی کوردن و جگە لە نەهامەتی و ماڵوێرانی هیچی تریان لیێ چاوەڕوان ناکرێ.


لە دواجاردا ئەوە ماوە بڵێم : هۆکاری سەرەکی شکستەکانمان دەگەڕێتەوە بۆ سیاسییەکانمان ، جا ئەو سیاسییانە ، مەلا و شێخ و عەشایەری نەخوێندەوار بووبن، یان خوێندەواری خاوەن بڕوانامەی بەرز... ئیبراهیم لینکۆڵن دەربارەی سیاسییەکان دەڵێ: (لەوانەیە سیاسییەکان بۆ ماوەیەک هەموومان تەفرە بدەن، لەوانەشە هەندێکیشمان هەتا هەتایە لە خشتە بەرن ، بەڵام مەحاڵە بتوانن هەتا سەر هەموومان بخەڵەتێنن). دیارە ئەم قسە بە نرخەی بۆ کۆمەڵگایەکی پێشکەوتووی ژیری بێ جاش کردووە، بەڵام لە کۆمەڵگای کوردیدا، کە لێوان لێوە لە کەسانی خۆفرۆش و نۆکەر و گەمژە ، تا هەموومان لە سیاسییەکانمان دەگەین ، لەوانەیە مێژووی کارەساتەکانمان چەندین ئاشبەتاڵ و ئەنفال و هەڵەبجە و ٣١ ی ئاب و مەرگی هەزاران کەسی وەک مامە ڕیشەشیان گرتبێتە خۆی.

 


١٥\١\٢٠١٧
mkbarzy@hotmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک