١٠\٤\٢٠١١
شکستی پڕۆژەی
رەشبیرە فۆکۆییهکان!

سەلام
عهبدوڵا
پاش تێپەڕبوونی سی و دوو
ساڵ لە هەڵویست و بۆچوونە ئابرووچوەکەی فۆکۆ لە بارەی شۆڕشی
ئیران، ئێستا لە بەردەرگای سەرا ئەو نموونە دزێو و راستڕەو و جاهل و
کۆنەپەرەستانە لەلایەن باندێکی راستڕەوی کوردزمان بە خراپترین و
سەخیفترین شێوە دووبارە دەبێتەوەو، جیاوازییەکە ئەوەیە، فۆکۆ
فەیلەسوفێکی فەرەنسی بوو و رەشبیرەکان خەڵکی ئەم وڵاتەن و باش دەزانن
پاڕانەوە لە ئاسمان و ئەڵڵاهو ئەکبەرەکەیان لە"سەکۆی ئازاد"لەبەردەەم
هەزاران کەس و لە کەشوهەوایەکی ئاینی خزمەت بە چی دەکات، هاوکات ئەو
هەڵویستە درێژەپێدانە بە هەڵویستە ئاینییەکانی نەوشیروان پێش هەڵبژاردن!
بۆچوونەکانی فۆکۆ لە(ئیران: روحی جیهانێکی بێ روح)و(ئیران: شۆڕشێک
بەناوی خودا) خەنجەرێکی ژەهراوی بوون لە بیروبۆچوونی ژنانی شۆڕشگێرو
حزب و رێکخراوە چەپەکانی ئیران و گەلی کوردستان کە تا ئێستا باجەکەی بە
خوێن و زیندانی و دەربەدەری و هەژاری دەدەن.
ئایا چ جیاوازییەک هەیە لەنێوان پاڕانەوەکەی بەختیار عەلی و
ئەڵاهوئەکبەرەکەی رێبین هەردی و قەڵەمفرۆشەکان لە بواری هەڵخەڵتاندن و
درۆکردن؟!
هاینە پێشی 200ساڵ وتی(ئێمە ئاسمان بۆ چۆڵەکەکان بەجێدەهێڵین)، کەچی
ئەو رەشبیرانە کە چڵێسی سەر مێزی ئەم بەرپرس و ئەو بەرپرسن، بەبەردەوام
بە شێوەیەکی"دیموکراسی و ئازاد"، وەک باندێکی مافیایی، رۆژنامە ئەهلی و
حزبیەکانیان وەک یەک قۆرخکردووەو بەعس ئاسا، کاردەکەن.
ئەو"نوخبە"کەسانێکن ساڵانێکە خۆیان بە رۆشنبیری علمانی دەزانن، بەڵام
ئیمڕۆ لە بەردەم سەرای"ئازادی"، دەستیان کردووە بە ئەڵڵاهو ئەکبەر و
پاڕانەوە، واتە بەدەنگی بەرز هەوڵ بۆ قووڵکردنی بیرو رەفتاری ئیدۆلۆژی
و سیاسی رەوتی ئاینی دەدەن.
شکستی پڕۆژەی نوسەرو لایەنە راستڕەوەکان، روونتر لەجاران دەرکەوتن و
دەست بەدەست لە بواری سیاسەتی"گۆڕان"بەمانا ئۆباماییەکەی(ئێستا
بەرپرسێکیان وتی: لەخوای گەورە دەپاڕێمەوە) هەموو
لۆژیکێکی"فرەرەهەند!"دەگرتەبەر بەرەو شکاندن و ئەتککردنی ئازادی بە
مانا مارکسییەکەی. ئەوانە نموونەیەکی لەبەرچاون بۆ"بەڕێز"بەگڤان کە وتی:
کاتێ من دەڵێم جۆرە خۆشەویستییەکەم هەیە بۆ هیتلەر، مەبەستم ئەوەیە کە
من سەرڕاستی، بەفاداری، ئازایی و راستەوخۆییەکەیم خۆشدەوێت. ئەو
سیفەتانە لە ناخی ئەو پیاو-هیتلەر- بوو...من رقم لەو کەسانە هەیە کە
دەمامک لەسەرڕووی خۆیان دادەنێن، چونکە بەوە هەموو کەسێک دەخەڵەتێنن،...هیتلەر
بێ دەمامک بوو...) .
د. ئاراس محەمەد ساڵح لە وتارێکەیدا(نوێژی ئازادی لە سەرای ئازادی)
دەنووسێ: (فەلسەفەی نوێژ بەپێی دەقی ئایەتی قورئان بۆ رێگەگرتن لە کاری
خراپ و بەدڕەوشتی). ئەم دکتۆرە هێشتا تێنەگەیشتووە لەوەی کە مرۆڤ هەیە
بەبێ هیچ دەقێکی ئاینی خراپکاری و بەدڕەوشتی ناکات و ژیانیان بۆ ئازادی
و خوشگوزەرانی مرۆڤایەتی تەرخان کردووە. هەروا یەکسانیخوازی بەدرێژایی
مێژوو ئومیدی هەموو مرۆڤایەتی بووە، بەبێ ئەوەی نوێژ بکەن. بۆچوونەکانی
دکتۆر زۆر لە کۆنەوە هەیە، بەڵام لەلانی کەمەوە هەزاران ساڵ تێپەڕیوە
هێشتا ژیانی یەکسانی و خۆشەویستی...هتد تەنانەت بە پشتیوانی خودا و
پاڕانەوەی ملیاران مرۆڤ نەبووە مێوانمان و هەر پاشای سعودی و ئایەتوڵای
پەتی لەسێدارە بەدەست و ئەنفالچی و داگیرکردن و دز و جەردەیی...هتد
لێکەوتۆتەوە، عەجایەب لە کوردستان دەبێت بە رحمەت و شەفاعەت و ئازادی و
عەداڵەتی کۆمەڵایەتی؟!
ساڵانێکە ئەو"نوخبە"بیرو هەڵویست و گیرفان گەندەڵانە دەیانەوێ رۆڵی
سارتەر ببینن، بەڵام نەک هەر نەیانتوانی، بەڵکو رێک زیاتر دەورێکی
کۆنەپەرەست و هیوا شکێن دەبینن و بەحەق قارەمانن لە ئابرووبردنی
کەسایەتی رۆشنبیر. سارتەر لەو بڕوایە بوو کە(فەلسەفەی مارکسی باڵاترین
هزرە کە مرۆڤایەتی لەم سەردەمە پێی گەیشتووە)، بەڵام شاری بازرگانی،
رەشبیری بازرگانی لێهەڵکەوت و هەموو مەهامی خۆیان لە لێدانی مارکسیزم
دەبینن و بەو شێوە نزمە نرخی حەقیقەت یان دا و سەلماندیان کە بیریان
زۆر کولە و ناگاتە ئاستی هەوڵدان و بەشداریکردن لە پەرەپێدان بە
هوشیاری و بەرەوپێشبردنی مرۆڤایەتی بەرەو دنیای عەدالەتی کۆمەڵایەتی و
ئازادی!
هاوڕێ تێبگە...دەستپێشخەری بکە!
ماڵپهڕی سهلام عهبدوڵا
|