په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\١\٢٠١٣

شیلان حەمە نورى:
لە هاوسەرگیرییدا گەورەترین زیان کە لە کچەکە دەکەوێ لەدەستچوونی خوێندنەکەیەتى.


سازدانی: یوسف خەلیل  

 

خوێندن و هاوسەرگیرى دوو پرۆسەن و دوو جیهانبینى جوودان و دوو گۆڕانکارین لەرەوتى ژیانى گەنجدا ،هەریەکەیان بۆ خۆى تەوەرێک هەڵدەگرێت ،ئەم دوو رەوتە لەیەککاتدا کۆبکەینەوە .. هەڵبەتە کەسایەتییەکى تۆکمەى دەوێت تا رووبەڕووى تەنگژەکانى بێتەوە ،بەڵام کێشەکە لەوەدایە کەسایەتیەکە لاواز بێ و بەرگەى کێشەکان نەگرێت دەبێت چ کارەساتێک بخوڵقێنێت ! لێرەوە بۆ وەڵامى پرسیارەکانمان (شیلان حەمەنوری)مان دوواند کە توێژەرى کۆمەڵایەتیە و پسپۆرى بوارى جێندەرە بەم شێوەیە بۆمان دوا:
 

 

یوسف خەلیل: ئەو هاندەرانە چین تاکەکان وا لێدەکەن لە قۆناغى خوێندندا بیر لە هاوسەرگیرى بکاتەوە؟

شیلان حەمە نورى: کۆمەڵێک هەڵچوون و کاریگەرى لەسەر ئەو گەنجە هەیە بە تایبەت پەیوەندى بەرەگەزى بەرامبەرەوە کە خۆى لە سەرنج راکێشان و جۆرێک لە گونجاندن هەیە بۆ یەکدى ، بۆیە زۆر بەهەڵچونەوە لە یەکدى نزیک دەبنەوە و هەست بەدروستبوونى پەیوەندییەک دەکەن چونکە پێویستیان پێیەتى ، هەر لەسەرەتاى دروستبوونى ئەو هەستە لەلاى هەر یەکێکیان هانیان دەدا لەگەڵ یەکدیدا بیگۆڕن بۆ هاوسەرگیرى ، وە یەکێک لە کردە باوەکانى کەلتورى رۆژهەڵات پەیوەندى فەرامۆش دەکات بەبێ هاوسەرگیرى ، ئەمانیش خۆیان لا گرنگ و گەورەیە و هەست ناکەن کە تەمەنیان منداڵە و نەگونجاوە بۆ هاوسەرگیریی ..بۆیە ئەو بڕیارە ئەدەن ،ئەمە یەکێکە لە کاریگەرییە هەرە بنەڕەتییەکان کە هەموو گەنجێک لەم قۆناغەیا ئەو هەستەى بە جۆرێک لە جۆرەکان لا دروست دەبێت ، لێرەدا دەوەستێتە سەر دەوروبەریش وەک دایک و باوک و خوشک و برا و مامۆستا کە تا چەندێک بۆی روون دەکەنەوە کە ئەم هەستە حەزێکى کاتییە و پەیوەستە بە قۆناغ و تەمەن و گەشەکردنى بایۆلۆجییەوە ، گەنج تا چەند ئەتوانێ مامەڵە لەگەڵ ئەو بڕیارەدا بکات ؟ چۆن بۆى کۆنترۆڵ دەکرێت و دیووە راستەکە و شێوازى تەندروست لەو پەیوەندییانە دەدۆزنەوە ؟ ئەگەر نا ..لەگەڵ ئاشکرابوونى ئەو پەیوەندییە و هەستکردنى خێزان بەوەى کە کچەکەیان بە جۆرێک لە جۆرەکان پەیوەندییەکى هەیە یا سەرنج راکێشانێکى هەیە بۆ کەسی بەرامبەر .. ئێدى کوڕێکى دراوسێیە یا خوێندنگەیە یا خزمێکە ، خێرا بیر لەوە دەکەنەوە کە ئەم کچە بدەن بەشوو تا ئابڕویان نەچووە تا خەڵک پێی نەزانیوون ! جا یا ئەیدەن بەو کەسە یاخوود کەسێکى دیکە ! ئەمە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان .. هۆکارى تریش هەن لەوانە کەمترینى بگەڕێتەوە بۆ هۆکارى ئابورى چونکە ئێستا لە خێزاندا لەوانەیە رۆڵێکى کاریگەری نەمابێت ، بەڵام لە پێشتردا زۆر کاریگەری هەبووە لەبەر ئەوەى باری ئابووری گرانبووە وەکچانیش داواکاری و پێویستییەجوانکارییەکانیان زۆرە بۆیە پێیان باشبووە کە ئەگەر هاوسەرگیریی بکەن ئێدى رزگاریان دەبێت ، لەگەڵ ئەوەشدا من ئەگەڕێمەوە سەر هۆکارى یەکەمیان کە یەکێکە لە هۆکارە بنەڕتییەکان ..کە لەو تەمەنە هەرزەکارییەدا دایکان و باوکان بۆ ئابڕونەچوونى خۆیان وە بە بۆچوونى ئەوان ئەمە پاراستنی شەرەفیانە و ئەمە رزگاربوونیانە لەو دڵەڕاوکێیەى کە رۆژانە بیری لێدەکەنەوە کە کچەکەیان گەورە بووە و ئەڕواتە دەرەوە و خەڵک لێی دەڕوانێت .. ئەگەر هاتوو شووى کرد لەو ئەمانەتى و شەرەفە رزگاریان ئەبێت و بێخەم ئەبن لە کچەکەیان.

یوسف خەلیل: بڕیارى هاوسەرگیریی لە رەوتى ژیانى خوێندندا زیان بە خوێندکار دەگەیەنێت؟

شیلان حەمە نورى: گەورەترین زیان کە لەو کچە دەکەوێت لە دەستچوونى خوێندنەکەیەتى و زۆریش لەو نمونانەمان دیوە ، چونکە ئەو کچە لە ئاستى ئەو بەرپرسیارێتییە زۆرەدا نییە ! بۆیە ئەگەر زیرەکیش بێت وایلێدەکات لە رەوتى خوێندنى بێتە دواوە یاخوود لەسەرەتاى هاوسەرگیرییەکەدا ماڵى خەزوورانى بەڵێنى ئەوەى پێبدەن کە بەردەوام بێت لە خوێندنەکەى ، بەڵام دوواى ماوەیەک بە بیانووى منداڵ و پەیوەندى خزمایەتى و کۆمەڵایەتییەکانەوە وردە وردە ئەو فکرەیە لە مێشکى دەرئەکەن ..دوواتریش بەرپرسیارێتییەکانى ئەوەندەى بۆ زۆر دەبێت کاتێکى بۆ نامێنێتەوە پەرە بدات بە تواناى خۆی و بە خوێندنەکەى ، وە لێرەدا دەمەوێت هەندێ شتى مامۆستاکانیش بەدەر بخەم چونکە ئەو کچانەى هاوسەریان گرتووە ..پاڵەپەستۆیەکى دەروونى زۆر دەکەوێتە سەریان لەلایەن ئەوانەوە! چونکە توانج و سەرزەنشتیان لێدەدەن و وردە وردە واى لێدەکەن لە قوتابخانە دووربکەوێتەوە ! لە کاتێکدا ئەبوایە مامۆستا وەک هاوڕێیەک بووایە بۆ خوێندکار ! ئەگەرچى تا ئێستا پەیوەندى گەنج و دایک و باوک زۆر ئاڵۆزە و هیچ گفتوگۆیەکیان لە نێواندا نییە ! مامۆستاش بە هەمان ریتم مامەڵەیان لەگەڵ دەکات لەکاتێکدا پێویست بوو لەگەڵ زانینى ئەوەى کە کچەکە پەیوەندییەکى خۆشەویستى هەیە ..لەوانەشە پەیوەندییەکە هەر لە سەرنجى چاوو قسەى سۆزداری زیاتر نەبێت ، بۆیە پێویستە کچەکە بانگ بکات و کۆمەڵێک زانیاری بداتێ و پێی بڵێت کە بڕیارەکەى زووە و پەشیمان ئەبێتەوە و شتى تر لە رێگاتدا هەیە و بە شێوەیەکى هاوڕێیانە تێی بگەیەنێ نەک سەرزەنشتى بکات و لەناو خوێندکارەکاندا بیشکێنێت و پێی بڵێت کە تۆ ئابڕوت چووە و تازە بە کەڵکى ئەوە نایەیت بێیتە ناو خوێندنگەوە و باشتر وایە بڕۆیت هاوسەرگیرییەکەت بکەیت چونکە سەری کەس و کارت شۆر کردووە ! لە هەمان کاتیشدا پڕۆسەى هاوسەرگیریی کۆمەڵێک شتى بریسکە داری بەدوادادێت لە ئاهەنگ و لە جوانى و لە ئاڵتوون لە جل و بەرگ سەرنجیان رادەکێشێت و کاریگەری دروست دەکات بۆ سەر کچەکانى دیکە ، وە بۆ خۆشی خوێندن و ئایندەشی لە دەست دەچێت جگە لەوەى کە بەبێوەژن ناوى دەبەن ..ئەمەش دیسانەوە کێشەیەکى دیکەیە بۆ ئەو گەنجە کە پێوەى دەتلێتەوە.

یوسف خەلیل: کاردانەوەى ئەم پڕۆسەیە چ کاریگەرییەک جێدێڵێت لەسەر هاوڕێ کچەکانى؟

شیلان حەمە نورى: هەموویان لە تەمەنێکدان و ئەم هەڵچوون و هەستەیان لەلا هەیە ،کە ئەم پڕۆسەیە ئەنجام دەدا دێتەوە ناو هاوڕێکانى و کاریگەری دەخاتە سەر هەر یەکێک لە کچەکان ..چونکە هەر یەکێکیان شاسوارى خەیاڵى خۆیان هەیە و هەمان ئەو حەز و ئارەزووەیان هەیە کە بگەن پێى ،لەوانەشە چەندەها شەو دابنیشێ و بیرى لێبکاتەوە .. کە بۆ ئەو گەشتە ئەو پرۆسەیە و بۆ من نەگەشتم ؟ لەوانەشە بکەوێتە ڕکەبەرایەتى و بەربەرەکانى لەگەڵ ماڵە باوکى و سوربێت لەسەر هاوسەرگیریی ! ئەگەر چى دایکان و باوکان لەوانەیە لەو ئاستەیا نەبن کەرێگەى پێبەن و هۆشیاربن و ئاگادارى بکەنەوە ،بەڵام ئەو جۆرە رێڕەوە کلتوریانەى کەلاى ئێمە دەکرێت وەک ئاهەنگ و جل و بەرگ و ئاڵتون کە کچە ئەیهێنێتەوە ناو هاوڕێکانى و باسى دەکات ،لێرەشەوە مێشک خەریککردن و هیلاککردنى کچەکانى ترى پێوە ئەبێت و کاریگەرى زۆر دەکاتە سەر لایەنى دەروونى هەر یەکێکیان .

یوسف خەلیل: ئەو پڕۆسەیە لەو تەمەنەدا خوێندکار بەرەو دوڕیانێکى نادیار نابات ؟

شیلان حەمە نورى: هەست دەکات کە دادەبڕێت لە کۆمەڵگە ،لەبەر ئەوەى کێشەکان وایلێدەکەن هەست بکات نامۆیە زۆر بەو هەنگاوە.. بە کێشەکان بە قۆناغەکەى ئێدى دواتر بەرەو خۆکوشتنى دەبات یاخوود بەرەو پەیوەندییەکى دیکەو هەوڵدەدات کەسێکى دیکە بدۆزێتەوە کە بەدیل بێت بۆ ئەم پەیوەندییە ! یا ئەوەتا جیا ئەبێتەوە و دەگەڕێتەوە ماڵى باوکى و بەمەش بارى زۆر لاوازتر دەبێت.. چونکە هەموومان بەچاوى دوژمنایەتیەوە سەیرى ئەو گەنجە دەکەین و ماوەى نادەینێ جارێکى دیکە خۆى دروستکاتەوە ،ئێدى هەموو شتەکانى لە کیس دەچێت و لەم ساتە وەختەشدا ماوەیەکى کەمترى بۆ دەڕەخسێت کە جارێکى تر بتوانێ خۆى دروستکاتەوە ،بەکەسێکى کەمتر لێى دەڕوانرێ لەبەر ئەوەى کە بێوە ژنە و ماوەیەکى بۆ رەخساوە و شکستى هێناوە تیایدا .

یوسف خەلیل: پێتوانیە کە کەسێکى ئازایە کە بتوانێت سەر لە نوێ ئەو بڕیارە بداتەوە؟

شیلان حەمە نورى: بەڵێ من بەکسێکى ئازاى دەبینم و لە هەمان کاتدا زۆر بەئاسایى دەیبینم وەکو گشت هەڵەکانى تر لە ژیانماندا ، مەرج نیە هەموو ئەو بڕیارانەى لەژیانماندا دەیدەین راست و تەندروست بن ،گەر لەو کاتەشدا ئەو گەنجە شکستى هێناو لەسەر سووربوونى خۆشى بوو هاوسەرگیرى کرد ئەبێت ئێمە زۆر بەئاسایى سەیرى بکەین و بەڵکو هەوڵیش بدەین دروستی بکەینەوە و هاوکارى بکەین بۆ خۆ دروستکردنەوەى ، بەڵام پێویست دەکات دایکان و باوکان و مامۆستایان و توێژە کۆمەڵایەتیەکان ئەم لایەنانە زۆر بەوردى بەبێ پەردە بۆ گەنجەکانى روون بکەینەوە کە قۆناغێکى تر هەیە کە ئەتوانێ تێیدا بڕیار بدات و تەندروستربێت، ئەمەش لەدواى تەمەنى (٢٣) ساڵیەوە دێتە ئارا کە پێیدەگەیت و ئێدى هەلت باشترە و تەمەنەکەشت لە ڕووى بایۆلۆجییەوە زیاتر کامڵ بوویت کە ئەتوانیت ئەو هاوسەرگیرییە بە ئەنجام بدەیت .

یوسف خەلیل: دوا شت چییە کە دەتەوێت قسەى لەسەر بکەیت؟

شیلان حەمە نورى: تەمەننا دەکەم ئەوەندەى کە قسە دەکرێت لەسەر گۆڕانکارییەکان لەسەر هۆشیار بوونەوەى کۆمەڵگا کە هەموو جارێک جەختى لەسەر دەکەینەوە کە پەروەردە هەستیارترین دەزگایە لە نێو حکومەتدا خۆزگە بهاتایە بەدەنگ ئیشى رێکخراوەکانەوە تا چیتر گەنجەکانمان بەرەو لادان نەڕۆن و ئەو ڕێگەیە بدۆزنەوە کە ئایندەى لێـوە بەدیار دەکەوێت.

 


Yousif_kazh@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک