٧\٧\٢٠١٥
شنگال و کۆبانێ کێ
دەیاننووسێتەوە؟

فەرمان
عەزیز شەریف
لە مێژووی کۆن و ھاوچەرخی کورد دا دەیان کارەسات و نەھامەتی بەسەر گەلی
کوردستان داھاتووە , لە ھەموو پارچەکانی کوردستان . سەرەرای ئەوەی
نەمانتوانیووە مێژووی کۆنی خۆمان بەتەواوی و زانستی بنووسینەوە ,
نەمانتوانیووە مێژووی ھاوچەرخی خۆشمان بنووسینەوە , کە ھێشتا
کاراکتەرەکانی لەژیاندا ماون و شاھێدی ھەموو رووداوەکانن . وەک دروست
بوونی حیزب و پارتە کوردییەکان لەسەدەی رابردوو تاکو ئێستا , و
کارەساتە یەک لەدوای یەکەکان و روخانی حکومەتەکەی شێخ محمود و کۆماری
مھاباد و کارەساتەکانی کیمیاباران و ھەڵەبجە و ئەنفال و جینۆساید و
راپەڕین و کۆرەوەکەی ١٩٩١ و شەری ناوخۆ... ھتد , ئەمانە مشتێکن لە
خەروارێک.
دوای ئەوەی داعش لە ٩/٦/٢٠١٤ ھێرشی کردە سەر شاری موێل و داگیری کرد ,
وە لە ٢/٨/٢٠١٤ ئاراستەی ھێرشەکانی گۆڕی بۆ سەر کوردستان , و شنگال ی
داگیر کرد , بەھەزاران ئیزیدی ئاوارە بوون و سەدان ( ژن و پیاو و منداڵ
)یان گرتن و چەندین تاوانیان دەرھەق کران.
ئەو ھەموو کارەسات و رووداوەی لەماوەی ساڵی رابردوو شاھێدی بووین , کە
داعش ئەنجامی دا لە مێژوودا رووداوگەلی دەگمەنن . ئایا لە داھاتوودا
کێ ئەو رووداوانەمان بەدروستی بۆ دەگێرێتەوە ؟ کێ بەڵگە و
دۆکیومێنتەکانمان بۆ دەپارێزێت ؟ لەکاتێکدا ھێشتا کارەساتەکانی ئەنفال
و کیمیاباران ورووداوەکانی دیکەمان نەنووسیووەتەوە , شەری داعش و (شنگال
و کۆبانێ)شی ھاتە سەر.
پێویستە ئەو رووداوانە ببنە کەرەستەی نووسینی دەیان رۆمان و چیرۆک و
بەسەرھات و یادەوەری و فیلمی دیکۆمێنتاری و سینەمایی و لێکۆڵینەوەی
ئەدەبی و مێژوویی و سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی . بۆ ئەوەی نەوەکانی
داھاتوو و جیھانیش ئاشنا بکەین بەو کارەساتانەی بەسەرمان ھاتووە.
رووداوی ھۆلۆکۆست و لەناوبردنی جولەکەکان بوونەتە کەرەستەی چەندین
مۆزەخانە و فیلمی سینەمایی و کتێبی مێژوویی و دیکۆمێنت کراون , ھەموو
جیھان لە رێگایانە ئاشنای تاوانەکان بووە . بۆ نموونە بە رۆمانەکانی (ھەزار
گۆڕی درەوشاوە) و (کۆلارە) بەرووداوەکانی ئەفغانستان ئاشنابووین لەژێر
حوکمی گاڵیبان . تاکو ئێستا دەیان فیلمی سینەمایی لەسەر جەنگی رووخانی
ێدام لە ٢٠٠٣ دەرھێنراوە . ساڵی رابردوو فیلمی (قەناسەکەی ئەمەریکا) کە
باسی قەناسێکی ئەمەریکی دەکات لە جەنگی عێراق چەندین خەڵاتی بەدەست
ھێنا و توانی زۆرترین داھات کۆبکاتەوە کە زیاتر لە نیو ملیۆن دۆلار
بوو.
کێ ئەرکی نووسینەوەی ئەو ھەموو چیرۆک و رووداوە تراژیدیانەمان بۆ
دەگرێتە ئەستۆ ؟ کێ چیرۆکی (ھوجام)ی پێشمەرگە دەنووسێتەوە ؟ کێ چیرۆکی
(گوڵێ) ئەو ئافرەتە ئیزیدیەی ئامادە نەبوو خۆی بداتە دەست داعش ,
بەدەمانچەکەی دەستی چەند داعشێک دەکوژێت , کێ چیرۆکی ئەو ھەموو
ئیزیدییەی لەسەر چیای شنگال لەلایەن داعش گەمارۆدرابوون , زیاتر لە ١٠٠
کەسیان لە برسان مردن , زۆربەیان منداڵ و پیر بوون ؟ ئایا توێژەرانی
دەروونی و کۆمەڵایەتی دەتوانن رێنمایی دەروونی ئەو ھەموو پاشماوەی
جەنگە بکەن , جارێکی دیکە لەو تێکچوون و شێواوی دەروونی یە رزگاریان
بکەن , کە بەھۆی رەفتارە دڕندانەکانی داعش دووچاری بوونە؟
ھەرچەندە ھێشتا شنگال بەتەواوی کۆنترۆل نەکراوەتەوە , بەڵام دوای ئەوەی
داعش لە ١٥ ی ئەیلولی ساڵی رابردوو گەمارۆی کۆبانێ ی داو چووە ناو
بەشێکی , شەرڤانان ئامادە نەبوون چۆلی بکەن , بەرگرییەکی وایان کرد ,
کە دەبێتە رووداوێکی گەش لەمێژووی کورد دا . ( ١٣٣) رۆژ لەناو کۆبانێ
مانەوە و بەرگرییان کرد , نەیانھێشت کۆبانێ بکەوێت.
ئازایەتی ژنانی کورد لە کۆبانێ , کە ھاوشانی پیاوان شەڕی داعش یان
دەکرد , بووە جێگای سەرنجی ھەموو دونیا , میدیاکانی جیھان بەردەوام
بەگرنگی و سەرسورمانەوە باسیان دەکرد . کێ ١٣٣ رۆژمان لە رۆمانێک دا بۆ
دەنووسێتەوە ؟ کێ چیرۆکی شەھید بوونی زیاتر لە ١٠٠٠ پێشمەرگە و
برینداربوونی زیاتر لە ٦٠٠٠ ی دیکەمان بۆ دەگێڕێتەوە ؟ کێ لە رۆمانێک
دەچێتە ناخ و بیری توندڕەوی داعش و ھەستی پێشمەرگە و شەرڤانان ؟ کێ
چیرۆکی ئەوپێشمەرگە دیلانەی کە داعش لەناو قەفەس بەناو حەویجە دا
دەیگێران , و سەربرینی دیلەکان دەکاتە فیلمێکی ترسناک , تاکو نەوەکانی
داھاتوو دڕندایەتی ئەوانەی بیر نەچێتەوە؟
لەرابردوودا مێژووەکەمان لەلایەن خەڵکانی
دیکە نووسراوەتەوە , ھەرچی لەقازانجی خۆیان بووە کردوویانە , باش و
خراپیان تێکەڵ کردووە , مێژوویەکی لێل و ناروونیان بۆ نووسیووینەتەوە ,
وەک چۆن دابەش کراوین بەویستی خۆمان نەبووە , ئاوەھاش مێژووەکەمان
بەدەستی خۆمان و ویستی خۆمان نەنووسراوەتەوە.
پێویستە ھەر لە ئێستا , نووسەران و چیرۆکنووسان , رۆماننووسان ,
دەرھێنەران , فیلمسازان , لێکۆلەرەوانان , مێژوونووسان , توێژەرانی
بوارە جیاجیاکان , ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە , زانکۆکان , قوتابیانی
ماستەر و دکتۆرا , تەنانەت قوتابی قوتابخانەکان و خوێنەرانیش , ھەریەکە
و لە ئاست و شوێنی کاری خۆیەوە دەست بکات بەنووسینەوەی ئەو رووداو و
بەسەرھاتانە , تاکو لەرووداوەکە دوورنەکەوتووینەتەوە دەتوانین باشتر
خزمەت بە کارەکە بکەین , مێژووەکە وردتر بۆ ئێستا و داھاتوو تۆماربکەین.
farmandween@yahoo.com
|