٢٣\١٢\٢٠٠٩
شرینە، مریەم و
ماڵوێرانەکان.

سەلام عەبدوڵا
شرینە
و مریەم دوو کچی شۆخ و شەنگ و بەسیماو وێنەکانیان، لەپەپوولە ناسکترن،
یەکەمیان وەک سۆزانییەک و دووهەمەکەیان نزیکەی2000ساڵە وەک ژنێکی پیرۆز
و میهرەبان ناودەبرێ. ئێستا شرینە گەورە بووەو لەناو بازاڕ بە عاباوە
دەسووڕێتەوە، روخسارە ئەفسوناوییەکەی پێشی چەند ساڵێک لەبەرچاومەو چۆن
هەر ئەو کاتەوە زۆر لە بەرپرسان بەناوبانگترە. ئەوسا تەمەنی
نزیکەی12ساڵ بوو، وەک منداڵی خێزانێکی هەژاری لێکترازاو، لەجیاتی
باخچەی منداڵان، یاری و گەمەوگەپ لە گەل کچە هاوڕێیەکانی، قوتابخانە و
باوەشی گەرمی دایکوباوک، شەقام و شۆستەکان بووە بە شوێنی بەسەربردنی
کات و گشت ژیانی رۆژانەی و بەتایبەتی لە پەیوەند لەگەل پیاوان.
تازە زەحمەتە شرینی شرینەکان وەک کچانی هاوتەمەنی بتوانێت بە خۆشەویستی
هاوسەرێک پەیدا بکات و رۆژێک لە رۆژان وەک دایکێک کۆرپە شرینەکەی لە
ئامێز بگرێت یا وەک مامۆستا، فەرمانبەر یان کرێکار کاربکات.
"خواوەند"لەبەر هەر هۆیەک بێت لە رۆژی لەدایکبوونییەوە لەناوچەوانی ئەو
مرۆڤە بێگەردو بێ تاوانە نووسیویەتی بۆ هەموو پیاوانی شارەکە"ئازاد"بێت
و چارەنووسی ئەوەیە هەموو ژیانی تا ئەبەد بەو بێکەرامەتییەوە بەسەر
ببات. دیارە مریەمێک نەتوانێ فریای کڵیساکەی بکەوێت، چۆن دەتوانێ فریای
ژیان لێ تاڵکراوی خوشکەکەی، بکەوێت، بەڵام لەوانەیشە سیستێم و حکومەت و
نەریتێک ئەو زەمینەیە بڕەخسێنی بۆ ئەم شێوە"ئازادییە"!
شرینە
کچێکە، پیاوان"دڵیان پێدەسووتێت"، دەیدوێنن و"خێری پێدەکەن"وتەنانەت
زەوتکردنی جەستەو روحە تێکدراوەکەی لە مانگی"موحەڕەم"یش بۆ"بەڕێزیان"،
حەرام نییە، بەڵام پاڵێوراوانی حزبەکان تەنانەت لەدەنگپێدانی شرینەکان،
شەرم دەکەن!...ئەوە بانێکەو دوو هەوا، بەڵام سەیر نییە: زۆر دەمێکە
خێزانێکی سەر بە ئاینی کاکەیی لە ناو کڵیساکەی خانەقین نیشتەجێبووە.
زۆر دەمێکە زەنگی کڵیساکە لە لێدان کەوتووەو مەسیح و مریەم وەک زۆربەی
ئیمام و ئەولیاو موتەقی، لە کەرامەتەکەیان کەوتوون: دەرگا و پەنجەرەکەی
لە دەرگاو پەنجەرەی کەلاوەکەکان دەچێت، بەردەمەکەی لەبری هەر دیمەنێکی
جوان و سەرەنجڕاکێش، کۆردەرەیەو دیوی چەپی کراوە بە شوێنی زبڵ و خاشاک
و دیوە راستەکەیشی کەلاوەیەکی شڕەو دارەکانی بنمێچکەی داڕزاون و هەر
باشە هێشتا بەسەر منداڵە ژیکەلانەکانی ماڵە دراوسییەکەی نەڕوخاوە.
لەراستیدا ئەگەر خاچەکە لەسەر ئەو کەلاوەیە نەبێت، هیچی لە کڵیسا ناچێت.
خەلیل رەحیم لەبەر دەگا راوەستابوو و پێدەچێت خۆیشی هیچ هۆیەکی نەبێت
بۆ راوەستانی، لەوانەیشە تەنها بۆ بەسەربردنی کاتە. جا ئەوەی لەم شوێن
و کلتوور و نەریتە باڵادەستە، بایەخی نەبێت، هەر کاتە!
-چەند منداڵت هەیە؟
خەلیل: 5منداڵ(زەمەن، حوسێن، عەلی، زەینەب، حەیدەر)
کاری چی دەکەن؟
خەلیل: رۆژکار و زۆر جاریش کارم دەستناکەوێت، هەروا کرێچیم و مانگی من
و براکەم100هەزار دینار دەدەین.
- ئەی هاوسەرەکەت؟
خەلیل: شادیە ژنی ماڵە.
-براکەت چەند منداڵی هەیە؟
خەلیل: (سالم)ی برام و هاوسەرەکەی(یوسرا)، 4منداڵیان هەیە(ئیمان، مەهدی،
دموع، مەروە)
-سالم کاری چی دەکات؟
خەلیل: ئەویش وەک من.
-ناوی منداڵەکانتان هەموو عەرەبین؟
خەلیل: ئێمە کوردین و ماڵمان لە باقوبە بوو، بەڵام بەهۆی هەڕەشەی کوشتن
و ترس، هاتووین بۆ خانەقین.
-حکومەت یان حزبێک سەردان یان کۆمەکی ئێوەی کردووە؟
خەلیل: نەخێر!
لە شارەکە بنکەی پاراستنی ژنان هەیە، بەبێ ئەوەی لایەک لەم ژن و کچانە
بدەنەوە، حزبەکان توانای دارایی زەبەلاحیان لەبەردەستە، بەڵام لەپشت
مێزە پان و پۆڕەکانیاندا دانیشتوون و خەریکی موجامەلەکردن و
کۆبوونەوەکانی پاشقولێدان و سەردانی"شیوخ ئەلعەشایر"و ماڵی"ئاغاو
خانەدان و برا ئەمریکییەکان و خاوەن باخ و تەلارەکان"...!
هێشتا شینی ئاسمان و پێشانگاکەی شێوەکار رەمزی کاکەیی تەسکینی بەدڵ
دەدا...
|