٢٢\٨\٢٠١٣
شیرین
و جوانە زمانی عەشق.

ناڵە
حەسەن
کچێک لە نێو کتێبە
پیرۆزەکانی عەشق
خۆی بە من ناساند
منیش لەنێو هاوارە ئیرۆسیەکانی شیعر
ئەو بە ڕەنگە زەردەکانی پایز و
منیش بە ڕەنگە شەڕابیەکانی شیعر
لە بەیانیەکی غەمزەیی خەونێکی سپیدا
تابلۆی ئاوێزانبوونەکانمان ڕەنگ دەکەین
ئەو بە پارچە سوورەکانی مانگ و
منیش بە ئەستێرە پرشنگیەکانی شیعر
لە شەوە تاریکەکانی عەشق
بەدوای یەکتریدا دەگەڕێین
ئەو لەگەڵ پەپوولە سپیەکانی بەهار و
منیش لەگەڵ وردە ماسیە دڵگەشەکانی شیعر
گۆرانی عەشق بۆ یەکتری دەڵێین
ئەو بە دڵۆپە شەونمەکانی ئارەزووی
منیش بە وشە ئیرۆسیە دڵتەڕەکانی شیعر
لێوە وشکەکانی یەکتری تەڕ دەکەینەوە
ئەو بەتارایەکی وەنەوشەیی تەنک و
منیش بە گەڵای گوڵە شلێریەکانی شیعر
لە مانگەشەوێکی هاویندا
یەکتری دادەپۆشین
ئەو بە زمانی شیرینی عەشق
منیش بە زمانی شەونمی شیعر
هەموو شەوێک یەکتری دەلاوێنینەوە
ئەو بە زەردەخەنە زێڕینیەکەی سەر ڕوخساری
منیش بە نەرمە بارانە دوای نیوەڕۆیەکانی شیعر
حەسرەتەکانی غوربەتمان دەرەوێنینەوە
ئەو بە ماچ و لێو مژینە نەرمەکانی
منیش بە خونچە خەیاڵێکی تازەی شیعر
هەموو بەیانیان یەکتری بێدار دەکەینەوە.
سەرەتای حوزەیرانی
٢٠١٣
ماڵپهڕی ناڵه حهسهن
|