٥\٣\٢٠١٤
شریقەی مارشمان
ناگاتە گوێیە کەڕەکانتان!
لە یادی ٨ی
مارسدا!

لاوژە ماهیە
ئێمە بەرەو ٨ی مارسی ٢٠١٤ دەچین، مێژووی ڕۆژی جیهانیی ژن هاوکاتە لەگەڵ
خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی دژی هەڵاواردنی رەگەزیی و چەوسانەوەی
چینایەتی. ئەم ڕۆژە ڕۆژی هاوپشتیە بۆ خەبات لە پێناو بەدیهێنانی مافی
یەکسان و هەلو مەرجی باشتر لە ژیان و گوزەرەانی ژناندا.
لە دووەمین کۆنفرانسی سوسیالیستی نێونەتەوەی ژنان کە بە بەژداری سەد ژن
لە ١٧ وڵاتی جیهانەوە، بە پێشنیازی کلارازتکین ژنە سوسیالیستی ئاڵمانی
لە ٢٧ی ئاگۆستی ١٩١٠لە کۆپێنهاک ڕۆژی ٨ی مارچ دەستنیشانکرا، وەک ڕۆژی
خەباتی سەراسەری ژن، بۆ بەرگری لە مافەکانیان لە بەرانبەر هەڵاواردنی
هەمەلایەنەی رەگەزیی.
بە داخەوە هیچکام داواکاریەکانی سەدساڵ پێش ئێستای کۆمەڵگا
پێشکەوتووەکان، نامۆ نین بە داواکاریەکانی ئەمڕۆی ئێمە لە کۆمەڵگای
کوردستان، ئەوەش بە ئاشکرا ئاماژەیە بە وەی کە عەقڵی سەرۆکەکان، دابو
نەریتمان، پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانمان و شێوازی هەڵسوکەوتمان لە گەڵ
ژنان، لانی کەم سەد ساڵ لە دوواوەیە.
کوردستان یەکێک لە پڕمەترسیدارترین کۆمەڵگاکانی جیهانە بۆ ژنان، ئەمە
شەرمەزارییە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان و لە سەرەوەی هەموویان سەرۆکی
هەرێمی کوردستان. ئیهانەت، بێ ڕێزی، توندوتیژیی و تیرۆری ژنان بووەتە
هەویەت و پیناسەی کۆمەڵگای کوردی، ئەو جەهەندەمە دەستکردەی کە ژنانی
تێدا دەسوتێنن، نە هەڵکەوتە و نە خەم ساردی و تێنەگەیشتنی سەرۆک و
لایەنە پیوەندی دارەکان، بەڵکو بە پێی پلانی ئاشکرا و بەرنامە بۆ
داڕێژراو و مەسروفێکی زەبەلاح دەچێتە پێشەوە. ئەمە تاوانبار کردنی
دەسەڵات نیە، کردار و خەسڵەتی خۆیان ئاشکراترین بەڵگەی ئەم ڕاستیەن،
ئەگەر وەهانیە پێمخۆشە کەسێک وڵامی ئەم پرسیارانم بداتەوە: کێ بڕگە
بڕگە یاساکانی داڕشتوەو بەرپرسە لە جێبەجێ کردنیان؟ کێ پاڵپشتی پرۆسەی
خوێندنی پیاوسالار و دژە ژنە؟ کێ بەرپرسە لە بەرزکردنەوەی ئاستی
هۆشیاری کۆمەڵگا؟ کوا یاسا بۆ چەسپاندنی یەکسانی؟ کوا تۆڕی ئابووریی
پاراستنی کۆمەڵایەتی؟
ئەژدیهای ژن کوشتن لە ناخی مێشکی سەرۆک و دەسەڵاتدارەکان، لە دوتۆی
یاسا بنەڕەتی و ئیداریەکان، لە پرۆسەی خوێندن و بیری پەروەردەمان، گەری
داناوە وخۆی حەشارداوە. بەڕای من ئەمانەن ناڕاستەوخۆ چنگیان سورە بە
خوێنی ژنانی قوربانی.
ئەندازیار و داڕێژەری ئاراستەی کۆمەڵگای کوردستان، بەهەڵە یان بە ڕاست
ئاراستەکەی بەرەو توندوتیژیی دژی ژنان داناوە، بۆیە دۆخی مەرگرساتی
ژنان کۆمەڵگا ناوروژێنێت، میدیاکان سەرقاڵ ناکات و ڕۆژنامەنوس و
ڕۆشنبیر ناهێنێتە سەر شەقام و شاشەی تەلەوزیۆن، وە پرسی ژن نابێتە
مانشێتی ڕۆژنامەکان، بە کورتی ژن کوشتن کێشەی ئەوان نیەو نابێتە
داڵغەیان. واتا ژن کوشتن کردەوەیەکی ئاساییە و ڕێگە پێدراوە. بەداخەوە
مەسەلەی ژنان نەیتوانیوە کۆمەڵگا بوروژێنێت، ژمارەی قوربانیانی
ناموسپەرستی زۆر لە هی ئەنفال و کیمیابارانی تێپەڕاند.
بەردەوام بزووتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان هەوڵیداوە، لە ڕێگای گوشارهێنان
لە شکڵی خۆپیشاندان، ناڕەزایەتی و بەرزکردنەوەی پلاتفۆرم بۆ دەسەڵات،
بەڵام هیچ کام لە هەوڵەکانمان نەیتوانی دەسەڵات بهێنێتە سەرئەژئۆ و
گۆڕانکاری بنەڕەتی بسەپێنێت. کاریگەری و کاردانەوەکان لە ئاستی پێویست
نین، تا ڕادەیەکی زۆر کەم پێش چوە، بۆ نموونە لەژێر کاریگەری ئەم
هەوڵانە، بڕگەی (غسل العار) لە یاسای سزادانی عیراقی بسڕنەوەو ژن کوشتن
وەک هەر تاوانێکی تر لە کۆمەڵگا سەیربکرێت، یاسای ژمارە ٨ی
بەرەنگاریبونەوەی توندوتیژیی خێزانی دەنگی پێدرێ لە پەرلەمانی
کوردستاندا. بەڵام لەم لاشەوە چەندین بڕگە و بەندی یاسایی تر هەیە لە
یاسای سزادانی عیراقی کە پاساوی دەروونیی و بەڵگەی تر دەهێنێتەوە بۆ
ئازادکردنی تاوانکاران، بۆ نموونە ٤٠٩ی یاسای سزادانی عێراقی حوکمی
سزادانی بکوژ کهم دهکاتهوه بهپێی رادهی کاریگهری پاساوهکهی،
به شێوهیهک بکوژ دهتوانێ له ماوهیهکی کهمدا ئازاد ببێت. یاخود
یاسای لێبووردنی گشتیی دەردەچێ هەرچەند لە یاساکە هاتووە کە ژنکوژان
ناگرێتەوە بەڵام بەپێی ئامارێکی گرووپی ژیان تەنها لە سلێمانی ٨ ژنکوژ
توانیویانە ئازادبن. وە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی
تەنها مەرەکەبی سەر کاغەز بوو نەخرا بواری جێبەجێکردنەوە. ئەوەشمان
بیرنەچێت کە جارێکی تر پەرلەمانی کوردستان دەنگی بە یاسای فرەژنیی
دایەوەو یاسایی کردەوە لە کوردستان.
حیزبە دەسەڵاتدارەکان لە کوردستان خاوەنی نووسینگەی کۆمەڵایەتین و
کێشەکان لە دەرەوەی یاسا لە دیوەخانەکان چارەسەردەکەن و هەمیشە ژنان
سوتەمەنی یەکەمی ئەم (سولح)انەن. ئەم دەسەڵاتە هەتا بۆی کرابێت
هێرشیکردۆتە سەر ئازادیخوازان و یەکسانیخوازان و کارو چالاکی بەرتەسک
کردونەتەوە. جا دەسەڵاتێک خاوەنی ئەم ناسنامەیە بێت بێ گومان بارودۆخی
ژنان لەوە باشتر نابێت، ئەگەر لەژێر گوشاریش هەندێک یاسا بە
بەرژەوەندیی ژنان دەربکا ئەوە چاوی خۆی لێ دادەخا و نایخاتە بواری
جێبەجێکردنەوە.
ئەمری واقێع بە ڕونی شاهیدی ئەوەیە کە بزووتنەوەی یەکسانی خوازی بواری
ژن و پیاو، وێڕای هەموو هەوڵەکانیان، هێشتا لاوازە و نەیتوانیوە بە
شێوەیەکی بەربڵاو و کاریگەر بێتە میدانەوە.
من بانگەوازی هەموو مرۆڤێکی ئازادیخواز دەکەم، بە بزووتنەوەی
یەکسانیخوازی ژنانەوە پەیوەسبن. با هەموومان چالاکیەکانمان یەکخەین بۆ
هێنانە مەیدانی ژنان و خەڵکی یەکسانی خواز لە ئاستی بەرین و سەراسەری.
داوا لە سەرجەم ژنانانی چەوساوە دەکەم بۆ دەستەبەر کردن بەهای مرۆیی و
سەپاندنی مرۆڤ بوونمان، دەست لە ناو دەست، تێکڕا بە یەک دەنگ، بێینە
مەیدان، ئێمە بە تاکەکەسی ناتوانین چارەسەری گونجاو بۆ کێشەکانمان
بەدەست بێنین، مەسەلەی ژن تایبەتی تاکەکەسی نیە، بەڵکوو دیاردەیەکی
چینایەتی ، کۆمەڵایەتی ، ئابووریی و سیاسییە و چارەسەرەکەشی دەبێت لەو
ئاستەدا دەرکەوێت، بزووتنەوەی ژنان پێویستی بە ئیرادەی هەموو ژنانو
یەکسانیخوازانە، با ئیرادەمان یەکخەین.
دەسەڵاتدارانی هەرێم هەمیشە هەوڵیانداوە بە ساختە ڕویەکی تر نیشانی
جیهانی دەرەوە بدەن، بۆ نموونە بە وڵاتانی ئەوروپاو ئەمەریکاو
هاوپەیمانەکانی تریان. ئەوەتا ماوەیەک پێش ئێستا ئەنجومەنی خانمان و
نوێنەری حکومەتی هەرێم ئەوپەڕی چەواشەکاری و دوو ڕویی خۆیان نیشاندا لە
پەرلەمانی ئەوروپادا. دیارە ئەوان جیهانی دەرەوەیان زۆر بۆ گرنگەو
حسابیان لەسەر دەکەن.
جا بۆیە من لێرەوە هەموو ئازادیخوازان بانگەواز دەکەم، بۆ پێکهینانی
کەمپتنێکی سەراسەری لە دەرەو و ناوەوەی کوردستان، بۆ ڕیسواکردنی
دەسەڵاتدارانی هەرێم بەرامبەر بەو هەموو بێ مافییەی بەرامبەر بە ژنان
ڕودەدا. لە ناو کوردستان کۆنسوڵخانەی وڵاتەکان و بارەگای یۆئێن هەیە،
لە دەرەوەی وڵاتیش بەتایبەت لە ئەوروپا پەرلەمانی ئەوروپا بکەینە جێگای
مەبەستمان. بەڵگەکان کە بەدەستمانەوە هەن کەمنین کە رووی واقیعی ئەم
دەسەڵاتە دەخاتەڕوو. با نامەیەک بنووسین و هەموو بەڵگەکانی هاوپێچ
بکەین بیگەیەنینە، یوئێن ئەمنستی ئەنتەرناشناڵ، وەزارەتی دەرەوەی
وڵاتەکان و ڕۆژێک دابنێین، لە هاوینی ئەم ساڵدا هەموو چالاکەوانانی
داکۆکیکەر لە یەکسانی، لەبەردەم پەرلەمانی ئەوروپا لە بڕۆکسێل
کۆببینەوە و مانگرتن ڕابگەیەنین و داواکارییەکیان بۆ بەرز بکەینەوە.
بۆ ڕیسواکردنی ئەم دەسەڵاتە ژنکوژ و خستنەڕووی دیوە ڕاستەقینەکەی تا
چیتر ئازایەتی لە خۆی رانەبینێ چەواشەکاریی بەرامبەر وڵاتانی جیهان
بنوێنێ.
با هەشتی مارسی ئەمساڵ بکەین بە هەنگاوێکی بەهێز بە ئاڕاستەی
گۆڕانکاریی ریشەیی لە هەلومەرجی نالەباری ژناندا.
بژی ٨ی مارس.
ماڵپەڕی
لاوژە ماهیە
|