١٩\٧\٢٠١٢
شڕۆڤەیەکی خێرا لە
سەر تێرۆر.

جەمالی
عەلیالی
بە درێژایی مێژوو، مەسەلەیەک بەناوی تێرۆر هەر تاو نا تاوێک کەوتۆتە
سەر باس و خواس. بە پێی سەرچاوە مێژووییەکانەوە تێرور لە کاتی یۆنانی
کەون بەکار هاتووە، تەنانەت لە ئیلیاد و هۆمەردا بە چەشنێک باسی
لێوەکراوە. ئەو چەمکە وە کوو "کەرەستە" لە ئاڵ و گۆڕەکانی ناو کۆمەڵگا
هەر چەند جارێک بەدی کراوە.
بەکار هێنانی ئەو کەرەستەیە، چۆنیەتی بەکار هێنانی ئەو کەرەستەیە،
پاساو دیتنەوە بۆ بەکار هێنانی ئەو کەرەستەیە دەگەڕێتەوە سەر سرووشتی
ئادەمیزاد کە لە ناو خۆیدا کێشەی لەگەڵ کارتێکەرییەکانی خۆی لە سەر
ژینگەی خۆیەتی. دیارە ئەو ڕوانگەیە تایبەتمەندی خۆی هەیە و پێویستی بە
لێکۆڵینەوەی بیرمەندانە لە لایەن زانایانی ئەو بوارە هەیە. بەڵام
مەبەستی ئەو کوورتە نووسراوەیە پێداچوونەوەیەکە لە سەر کارتێکەری
کەرەستەی تێرۆر لە سەر کۆمەڵگا بە مەبەستی پێکهێنانی چاندێک کە توانای
قەبڵاندنی ئەو کردارەی وەک کەرەستە هەیە، کەرەستەیەک بۆ زەوتکردنی تاک،
بۆ زەوتکردنی کۆمەڵ.
کاتێک ئایینی ئیسلام ناوچەی فەلاتی ئێرانی داگیرکرد، زەردەشتییەکانی
ئەو سەردەمە چارەیەکیان بۆ بەرەنگاری لە هەمبەر ئایینە نۆێیەکەدا
دۆزییەوە، ئەوان یاساکانی ڕۆژانەی ئیسلامیان تێکەڵی ئایینی
بابوباپیرانی خۆیان کرد و ناسناوێکی تریان بۆ خۆیان دۆزییەوە و بەو
شێوەیە لە لایەکی سەریان ساخ بوو و لە لایەکیترەوە ئایینی بابوباپیری
خۆیان تەرک نەکرد. هەر ئەو دیاردەیە لەو دەڤەرەی کە ئێستا ناوی
هیندوستانە بە شێوەیەکیتر لە لایەن خەڵکانێکی دانیشتووی ئەوکاتی
هیندوستانی بەدی کرا. پاشماوەکانی ئەو خەڵکانە، بە شەڕ و نیوە شەڕ، لە
ماوەیەکی زۆر دوورودرێژدا خۆیان گەیاندە ئەو ناوچەیەی کە ئێستا ئۆرووپا
دەناسرێ و ئەوڕۆ بەناوی "قەرەج" ناویان دەبرێ. قەرجەکان ڕێگەیان بە
ئیسلام نەدا کە بە چۆکیان دابێنێ. ئەوە دوو نموونەی "تێرۆری بە کۆمەڵ"ن،
کە خۆینەر دەتوانێ بە یارمەتی سەرچاوەکانی مێژوویی لێکۆڵینەوەی لە سەر
بکات.
با تۆزێک خۆ لە سەردەمی نۆێ نزیک کەینەوە. لە کۆتایی قەیرانی ئیسلامدا
لە کۆتایی هەزارەی یەکەم، کاتێک کە ئیسلام چ ڕێگەیەکی جگە لە نۆێکاری
لە خۆ دا نەدەدیت ئاڵوگۆڕی بە سەر خۆدا مسۆگەر کرد کە لە ساڵەکانی
دوواییتردا ناسناوی "شیعە"ی بە تەواوی بە سەردا سەپا. هەر لەوکاتەوە
کرداری تێرۆری تاک و تێرۆری بەکۆمەڵ لە لایەن شیعەوە، دژی
ئیسلامیەکانیتر بەڕێوە چووە.
لە سەردەمی نۆێترا، واتە لە دوو سەدەی ڕابووردوووە تا ئێستا ئەو
دیاردەیە شێواز و رەنگیتری بەخۆوە گرتووە. تێرۆر تەنیا باڵکێشی جەستەیی
نیە بەڵکوو پەرەی بۆ زۆر بوواریتر ساندووە. لەو قۆناخەدا بووارەکانی
سیاسی، چاندی، زمانی و هتد... بەخۆوە دەگرێتەوە. ئەو پەرەسەندنە بە هۆی
ئەو کێشەیە کە ئادەمیزاد لەسەر کارتێکەرییەکانی خۆی لە سەر ژینگەی
سرووشتی خۆی.
تێرۆری عەبدولڕەحمان قاسملوو و
سەعید شەرەفکەندی بە دووای یەکتردا مینای
قیزەونی تێرۆری جەستەییە هەر وەکی تێرۆری سمایل ئاغای سمکۆ و دەیانیتر
لەو چەشنە، مینای ئاشکرای بەکار هێنانی ئەو کەرەستەیە لە زەوتکردنی نە
تەنیا خەباتکاران بەڵکوو خوازیارانی ئازادی. دیارە مەبەست لەو تێرۆرە
جەستەییانە کێشاندنی بزاوی ئازادی و دێمۆکراسی بۆ قۆناخی تێرۆری سیاسی
و چاندییە. بەڵام کردەوە، هەڵسوکەوت و سیاسەتی پێشڕەوانی بزاوەکەیە کە
دیاری دەکات ئایا زۆرداران بە ئامانجی خۆیان دەگەن یا خێر.
کۆبەندی ئەو رستە "گشتییانە"ی لە سەرەوە هاتووە دەتوانێ لە جیهانی ئەو
سات و کاتە بە شێوەی خوارەوە بێت:
بەشێک لە تێرۆرە جەستەییەکان بە هۆی کارتێکەری کۆمەڵە فاکتەرێکی جیاواز
تەنیا لە قۆناخی جەستەییدا ماوەتەوە. هێندێک لەو تێرۆرانە دیمەنی
گواستنەوە بۆ بووارەکانیتر دەخەنە بەرچاو. مخابن هێندێک بە هۆی
کارتێکەری کۆمەڵە فاکتەرێکیترەوە گواستڕاونەتەوە سەر بوارەکانی سیاسی،
چاندی و زمانی هتد.... فاکتەری هەرە سەرەکی لەو کارتێکەرییەدا، کردەوە
و هەڵسووکەوت و سیاسەتی پێشڕەوانی ئەو بزاوەیە کە دەبێتە بە ئامانجی
تێرۆریسمەکە. ئەگەر بخوازین بە کوردی پەتی ئەو رستەیەی کۆتایی دووپات
بکەینەوە دەبێ بڵێین تێرۆری جەستەیی دەگوازرێتەوە قۆناخەکانی سیاسی و
چاندی و زمانی و هتد... تەنیا بە هۆی نالەباری سیاسەتی سازەکانی سیاسی
کە خۆیان بە پێشڕەو دەزانن، ئەوان بەرپرسیاری سەرەکین. مینایەکی
زیندووی یەک لەو سێ ڕواڵەتە، لە بەندی بوونی عەبدولا ئۆجەلان و محمەد
سەعید کەبوودوەند بەدی دەکرێ، ئاخۆ کردار و هەڵسووکەوت و سیاسەتی
پێشرەوانی بزاوی کوردستان بە چ شێوەیەک خۆی دەنوێنێ و کۆتایی ئەو چەشنە
تێرۆرە بەرەو کۆێ دەکێشرێت؟
لە کۆتاییدا، بۆ ورووژاندنی باسێکی بنەڕەتی لە سەر چەمکی تێرۆر،
گوزارەی خوارەوە دەخەمە بەر چاوی خۆێنەر: لە دۆخی هەنووکەییدا تێرۆری
بەشار ئەسەد دەتوانێ لە خزمەتی یەک لایەنە کردنەوەی قەیرانی سووریا بێت!
چاوەڕوانم باسێک بە مەبەستی ڕەت کردنەوەی ئەو گوزارەیە بێتە ئاراوە.
١٧\٧\٢٠١٢
ماڵپهڕی جهمالی عهلیالی
|