٥\١٢\٢٠١٥
شیعر و شاعیر لە
بەرانبەر جیھانی ئامادەکراودا.

رێبین خدر
پێشەکی.
بۆ من ھەمیشە "ڕەگ، ڕیشە" جێگەی لێڕامان و وردبوونەوە بووە. وێڕای
ئەوەی دەمباتەوە سەر پرسیارە گرنگەکانی فەلسەفە (چۆن ھاتین؟ چۆن دێین؟
دەبێ چیبکەین؟) پرسیارگەلێکی دیکەم بۆ درووست دەکا و لەناومدا پەرت
دەبن و کاریگەری دادەنێنە سەر تێکستە ئەدەبییەکانم. ھەرئەوەشە وادەکات
لە (لەدایکبوون، خێزان، گەشەکردن..) زیاتر قوڵببمەوە. کاتێ ھەست بەوە
دەکەم لە خۆمدا، دەپرسم بۆچی ئەمانە بوونەتە کێشە بۆ من، یان بوونەتە
خاڵی گرنگ و بنەڕەتیی؟ پێموایە بەھۆی بیرکردنەوە لە (خێزان، ھاوخوێنیی،
خزم، چیڕۆکی سەرەتا ‘ئادەم و حەوا‘) زیاتر ئەوەم تێدا خوڵقا. تایبەتیش
(خێزان). لەوەتەی بیرم کردۆتەوە، خێزان یەکێک بووە لە تەوەرە ھەرە گرنگ
و ھەستیارەکانی من. ڕەنگە بەو ھۆیەی لە خێزانێکی قەرەباڵغ و پڕ میواندا
لەدایکبووم. خێزانێک کە شوێنی کەسێکی تەنیای بە ئاسانی تێدا
نەدەکرایەوە. میوان، کۆمەڵبوون، پێکەنین و دیالۆگی تێکەڵاو و ھەندێکجار
پڕ لە ھەرایش. من کەسێک نەبووم کە باوکێکی زاڵم و دەست بە کوتەکم ھەبێت
( ھەرچەندە باوکەکان لە خاڵێکدا ھەموویان بەیەک دەگەنەوە) بەڵام باوک
یان (برا گەورە) موگناتیس و ڕاکێشەری بیری من نەبوون. ئەوەی من سەرنجم
لەسەری نیشتەوە و وای کرد لە (خێزان) ورد ببمەوە، قەرەباڵغی، میوان،
نەبوونی تەنیایی بوو. چۆن دەتوانم لەناو جیھانێکی ئاوا قەرەباڵغ و
کۆمەڵییدا جێگەی خۆم بکەمەوە و بۆ ساتێک تەنیا بم؟ ئایا دەتوانم لە
کێشە و برینەکانیان ھەڵبێم؟ دەتوانم بەشدارییان بکەم و بچمە سەر
کۆمەڵەکە و ببمە ژمارەیەک؟ دەتوانم لە دوورەوە ڕاوەستم و بیریان لێ
بکەمەوە؟ دەتوانم بەھەمان ڕێگەی ئەواندا بڕۆم؟ دواتریش کە کات زیاتر
ڕۆیشت پرسیم ( ئایا دەبێت خێزان ھەر ھەبێت؟ ڕێگایەکی تر ھەیە؟) من لە
بیرکردنەوە لە خێزانی خۆم، بیرم لە ھەبوون و نەبوونی خێزان کردەوە. پێش
ئەوەی ھەرچییەک لەو بارەوە بخوێنمەوە، برینەکە لە مێشکمدا گەشەی کردبوو.
بەڵام نابێت ئەوە لەبیر بکەم کە من کێشە و بنبەستبوونی خێزانیشم دەبینی.
تایبەت خێزانی کوردیی و کۆمەڵگەی ئیسلامی. ئەگەر قەرەباڵغی و نەبوونی
تەنیایی لەو خێزانەدا بۆ من بووبوو بە زام، ئەوا دیوار و سێبەرەکانیشی
بە سەختی بێ ئومێدیان کردبووم و (دەمکەن). کێشەی ژنم تێدا دەبینی،
کێشەی ئاڕاستەکردن بە پەروەردەیەک و مێشک شوتنەوە، کە منداڵ بە ھەموو
جۆرێک ئاڕاستە دەکرێ و ناتوانێ لەو ئاڕاستەکردنانە بە ئاسانی ڕزگاری
ببێت. کاتێ گەیشتم بە بابەتی ئاڕاستەکردن و درووستکردنی کێڵگەیەکی
پەروەردەیی بۆ ئەوەی ھەمان منداڵ درووست ببێتەوە کە خۆیان دەیانەوێ،
پێداگرتر لەسەر بابەتی خێزان و سەرھەڵدانی خێزان گیرسامەوە. ھەوڵمدا
بزانم چۆن مرۆڤ دەتوانێ لە ناو خێزاندا بەختەوەر بێت؟ ئەم کێشە نەبڕاوە
و ھەڵایساوانە چین کە دانامرکێنەوە؟ پرسیارم لە بارەی ‘شوێنی خوشک لە
خێزاندا‘ کرد و کردم بە وتارێک بە ناونیشانی (خوشکەکان لە کوێی ئەم
خێزانەدا دەژین؟) کاتێ بیرم دەکردەوە و دەمڕوانی، دەمبینی خێزانی چەقی
ھەموو کێشەکانە و دەتوانین لەوێوە لە ھەموو شتەکانی تر بڕوانین، ھاتم و
دێم ھەموو لایەن و کایەکم پەیوەندیدار کردەوە -دەکەمەوە بە خێزان و
ئینجا لێم ڕوانین -دەڕوانم بزانم چی ڕوودەدات. خێزان چۆن ھونەر لە
خۆدەگرێت؟ سێبەرەکانی خێزان چی لە ھونەر دەکەن؟ ئەم خێزانەی من تێیدا
لەدایکبووم، ئەو کۆمەڵگەیە ئیسلامیە چۆن لە ھونەر و ھونەرمەند دەڕوانێت؟
چەک و ئاڕاستەکانی ئەو خێزانە چین بەرانبەر ھونەرمەند؟ ڕەنگە بەشێکی
ئەم پرسیارانەم لە تاکە ڕۆمانەکەم (باڵۆنێک لە ئاسمانی سووردا) بووبن
بە وێنە و ڕوودا و کارەکتەر.
ھەموو ئەوانەم بۆیە گوتن تا بڵێم (سەرەتا، ڕەگ و ڕیشە) چۆن زیاتر منیان
جوڵاند و وایان کرد ئێستایش لە بابەتی "شیعر و شاعیر و پەیوەندیان بە
زمان" ڕوانگەیەکی تر بخەمە ڕوو. ڕوانگەیەک کە چەندە گریمانە و دەرگا
کردنەوەیە بۆ بیرکردنەوە لە (زمان، شیعر، گەشەکردن، پەروەردە، خێزان...)
ئەوەندەیش پرسیارکردنەوەی دووبارەیە لە (بوون، ھەبوون، دەروازەیەک بۆ
دەربازبوون، دووپاتەبوونەوە...) ئێستا کە من لە (خێزان) دووام و گوتم
مۆڵگەیەکە بۆ ئاڕاستەکردن و خوانێکی ئامادەکراوە بۆ ئەوانەی لەدایک
دەبن، دەتوانم فراوانتریشی بکەمەوە : کۆی جیھان و زەوی ھاوشێوەی خێزان
مۆڵگەیەکن بۆ ئاڕاستەکردن و خوانێکی ئامادەن بۆ ئەوانەی لەدایک دەبن و
دێنە ناو ئەو جیھانەوە. تا ئێستا مرۆڤ توانیویەتی ڕێگایەکی تر
بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی دوای لەدایکبوون منداڵەکە بچێتە جیھانێک لەو جیھانە
ئامادەکراوەی خۆمان نەچێت؟ نەچێتە ناو جیھانێک کە تا ئێستا خۆی دووبارە
دەکاتەوە؟ ئێمە دەبێ زوو بە زوو بزانین ئەو جیھانەی تێیداین شتێکی نوێی
ئەوتۆی تێدا نییە، بەو واتایە شتێکی نوێی تێدا نییە کە (گەشەکردن و
پەروەردە و ململانێ و بینین و لەدایکبوون و مردن بەھەمان شێوەی خۆیان
دووپات دەبنەوە) جیھانی ئامادەکراو جیھانێکە مرۆڤ تێیدا لەسەر ڕێڕەوی
خۆی دەڕوات و جار جارەیش دەڵێت (مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە) یان (
لەژێر ئەو ئاسمانە شینە ھیچ شتێکی نوێ نییە) یان ئایینەکان کە خۆیان
تەسلیمی جیھانی ئامادەکراو کردووە و وەڵامیان بۆ خۆیان دۆزیوەتەوە و
ئاسوودەگیان ھەڵبژاردووە، و بە سڕکراوی دەڵێن ( ئەم جیھانە سەفەرێکە و
جیھانێکی تر چاوەڕێمانە) لە ڕاستیدا درووسکردنی جێھانێکی تر بەمشێوەیە
کە ئاینزاکان چاوەڕێی دەکەن، گەورەترین خۆسڕکردنە لە ئاست جیھانی
ئامادەکراو و ھەبوو. بەتەواوی ئەم بیرۆکەی ئایینەکان وادەکات تەسلیم بە
جیھانی ئامادەکراو و ھەبوو ببن و ھەموو شتەکانی قبووڵ بکەن. ئەوان
بێزاریی و ڕاڕایی و دڵەڕاوکێیەکان دەکوژن و پەرە بە دووپاتبوونەوە
دەدەن. ناتوانن ڕێگەیەک بکەنەوە یان بیر لە ڕێگایەک بکەنەوە جیھانی
دووپاتبووەوە ڕزگار بکەن، ناچار خۆیان لەوەھا پرسیارێک ڕزگار دەکەن و
دەڵێن : جیھانێکی تر ھەیە. بیرۆکەی ھەبوونی جیھانێکی تر، دڵنیاییان
دەداتێ و وا دەکات بێزاریی و دوودڵییەکانیان وەلابنێن و خۆیان تەسلیم
بە چارەنووس و وەڵامی ئامادە بکەن. بەم شێوەیە ئەوان دەبنە داینەمۆی
دووپاتکردنەوەی جیھان وەک خۆی. ھەروەھا دوژمنایەتی ھەموو ئەو ڕەوت و
ئاڕاستانەیش دەکەن کە بیر لە دەروازەکردنەوە بۆ جیھانێکی تر دەکەن
لەناو ئەو جیھانەدا. بە نموونە ‘خەیاڵ‘ بۆ ئەوانە کوشندەیە، و لێی
دەترسن، چونکە خەیاڵ لادانێکە و ترازانێکە لە ‘جیھانی ئامادەبوو‘ ھەموو
ئەو ڕێ و ڕێچکانەیش کە خەیاڵ دەبێتە سەرچاوەیان ئەوان سڵی لێ دەکەنەوە،
و ھەوڵدەدەن جڵەوگیریان بکەن.
لەدایکبوون و خوانی ئامادەکراو.
گەر پێشووتر پرسیارمان کردبێ : دەتوانین لە جەنگ، دەتوانین لە ململانێ
گەورەکان، دەتوانین لە داگیرکاریی و خوێنڕشتن ڕزگارمان بێت؟ ئێستا
دەتوانین بۆ ساتێک بپرسین : ئایا دەتوانین لەو جیھانە (جیھانی
ئامادەکراو) ڕزگارمان بێت؟ من ناوی دەنێم ‘جیھانی ئامادەکراو‘ یان
زەویی ئامادەکراو‘ کە لەناویدا ئاڕاستەیەکمان گرتووە و ناتوانین بچینە
ناو جیھانێکی ترەوە. ناتوانین خۆمان لەوە بدزینەوە فێری زمان نەبین،
فێری ئاماژە و جوڵە و ئاڕاستەکانی ئەو جیھانە ئامادەکراوە نەبین. فێری
ئەو ھەموو شتانە نەبین کە مرۆڤ لە سەریان دەڕوات. منداڵی ساوا وەک
کەرەستە و ئامێرێک ئامادەدەکرێت تا ھەموو ئەو شتانەی لەسەر تۆمار بکرێت
و ببێت بەو مرۆڤەی کە ھەیە. بۆ ئەوەی بتوانێت بژی و بەرگە بگرێت.
پڕۆسەی فێرکاریی جێکەوتووە و وەک ڕاھاتنێکی لێھاتووە، بەجۆرێک تێکەڵی
مرۆڤ بووە ھیچکەس نییە نەزانێت چۆن ئەمە دەکرێت. بەڕادەیەک وا دەبینرێت
فێرکاریی بوونیشی نەبێت، بەڵکو ئەوەی ھەیە منداڵ بەھۆی کەسانی
دەوروبەری دایک و باوکی و وەرگرتنی دەنگ و ڕەنگەکان خۆبەخۆ فێر دەبێت.
ئێستا کەس ھەیە ئەو منداڵە ڕزگار بکات و بیباتە جێھانێکی تر؟ شتێک ھەیە
وابکات ئەم منداڵە ‘زمان و ھەموو فێرکارییەکانی تر...‘ ی بەسەردا
نەسەپێنرێن؟ کاتێ دەڵێین سەپاندن، مەبەستمان لەوە نییە منداڵ بە زۆر
فێر دەکرێت و ستەمی بەرانبەر دەکرێت، بەڵکو پێ بە پێ ئەم فێرکاریی و
ڕاھاتن و خوگرتنانە لەسەر فێرکاریی و تۆمارکردن بوونەتە لە جۆرێک
قەتسیبوون و سەپاندن. سەپاندن شوێنی خۆی دەکاتەوە لە کاتێکدا ھیچ
ڕێگایەکی تر نابێت و نییە و ئەو کەسەیشی ئاڕاستە دەکرێت کەسێکی لاواز و
کاغەزێکی سپییە، کورتییەکەی تازە لە دایکبووە و ھاتووی نوێیە. لێرە و
لەمباسەدا ناتوانین خۆمان ببووێرین و ڕەھا بکەین لە بابەتی (بوونی مرۆڤ
و چۆنییەتی سەرھەڵدان و گەشەکردنی مرۆڤ) چونکە پەیوەندییەکی تەواو ھەیە
لەنێوان بابەتی زمان و بوون، گەشەکردن و فێربوون، مێژووی گەشەکردن و
بیناکردنی خێزان و شارستانییەتەکان. زۆربەمان لەبارەی چیڕۆکی ‘تەڕەزان‘
ەوە دەزانین. چیڕۆکی تەڕەزان بۆ من یەکجار سەرنجڕاکێشە. نووسەری
ئەمەریکایی ‘ئێدگار ڕایس‘ ساڵی ١٩١٢ ڕۆمانی (تەڕەزانی مەیموونان) بڵاو
دەکاتەوە و دەیکا بە زنجیرەی ڕۆمان و لە سینەمایشدا چیڕۆکی تەرەزان
دەنگدانەوەیەکی زۆر باشی دەبێت. دەکرێ چیڕۆکی تەرەزان بۆ ئەو باسە بە
نموونە بگرین، کە چۆن کەسێکی ترازاو و جیابووەوە لە شارستانییەت و
فێرکارییە جێکەوتووەکانی مرۆڤ وەک کەسێکی نامۆ و سەیروسەمەرە
دەردەکەوێت. واتە بۆ ئەوەی تەڕەزان ببێتەوە بە مرۆڤ دەبێ ڕازی بێت بەو
یاسا و دەستوورانەی کە بۆ مرۆڤێک ئامادەکراون. تەرەزان ئاڕاستەیەکی تر
دەگرێ و وەک ئاژەڵێک دەردەکەوێت، ئەو ئاماژە و ھێماکانی ئاژەڵان لەبری
زمان و ھێماکانی مرۆڤ بەکاردێنێت. بەڵام بۆ جیھانی مرۆڤان ئەمە ئەوپەڕی
نامۆیە و لادانێکی گەورەیە. ئێستا دەتوانین لە دوو خاڵدا خوانی
ئامادەکراو ‘زەوی ئامادەکراو‘ چڕبکەینەوە:
١.مرۆڤ لەدایک دەبێت دەکەوێتە ناو جیھانێک کە ھەموو شتەکانی بۆ
ئامادەکراون و لەسەر ئەو شتانە ڕاھێنانی پێ دەکرێت و فێردەکرێت.
ناشتوانێ بەرھەڵستی بکات و وەڵام بداتەوە کە ئەو ئەمانەی ناوێت و
دەیەوێ ئاڕاستەیەکی تر بگرێتە بەر. وەکچۆن سیمۆن دی بۆڤوار دەڵێت "ژن
درووست دەکرێت" ھەمانشێوە مرۆڤیش درووست دەکرێت. بەڵام مرۆڤ لە مەودا و
زەمینێکی فراوانتردا و جیا لەوەی کە لەگەڵ ڕەگەزێکی دیکەدا تووشی
ھەڵاوێران و ڕووبەڕووبوونەوە بێت. کلتوور و دابونەریت و دەستوورەکان ژن
دەکەن بەوەی کە چاوەڕوان دەکرێت ژن چۆن بێت. ئەمە دەکرێ گرێ بدرێتەوە
بە قۆناغەکانی مێژوو و چۆنییەتی گۆڕانی دەستوور و ڕێساکان، پەیوەندی
نێوان ژن و پیاو، چۆنییەتی جێکەوتنی کۆت و بەندەکان بۆ ھێنانەدنیای
ژنێک، کە درووستکراوە. مرۆڤ درووست دەکرێت، بەڵام بێ ئەوەی بتوانین
وێنای جۆرێکی تری مرۆڤ بکەین، ئەگەر بیکەین ئەو مرۆڤە چۆنە؟ ئەگەر
بیکەین مرۆڤ دەبێ چ ڕێگایەکی تر بگرێتەبەر بۆ ئەوەی ئەو مرۆڤەی ئێستا
نەبێت؟ ئایا دەتوانێت لەم ڕێسا و دەستوورانە ڕزگاری بێت کە بەستراون بە
بوونیەوە و لەگەڵ لەدایکبوونیەوە تێی دەئاڵێن؟
٢. ئایین لەبەرانبەر ئەو خوانە ئامادەکراوە، بێدەنگ دەبێت و ئاسانترین
ڕێگا ھەڵدەبژێرێت، کە بە کوشتنی خەیاڵ و مانەوە لەسەر ئەو خوانە کۆتایی
دێت. زانست لە زۆربەی حاڵەتدا نایەوێ لەو جیھانە دەرچێت، بەڵکو کەشفی
ئەو جیھانە دەکات. ھەرچەندە زۆرجاریش کەشفکردنەکانی یاریدەدەرن و
ئاماژەن بۆ ڕێگاکردنەوەیەک. (لێرەدا باس لە چۆنییەتی ئەو کەشف و
بەرەوپێشچوونانە ناکەین کە لە ڕێگەی زانستەوە ھاتوونە دی و، کاریگەرییە
باش و خراپەکانیشی ناخەینە ڕوو). زەوی ئامادە، خۆی دووپات دەکاتەوە و
ململانێکانی ناوەخۆیشی بەردەوام دووپات دەکاتەوە، بەجۆرێکی وا کە
زۆرجار سەرەڕۆیی دەگاتە کوشتاری گەورە و مرۆڤەکان چێژیش لە وێرانکاریی
و لەناوبردن و ھەراسانکردنی یەکتر دەبیننەوە. بەڕادەیەک کە بگوترێت
ئەوە سرووشتی مرۆڤە کە تێکەڵەیەکە لە فریشتە و شەیتان، تێکەڵەیەکە لە
ژیان و مەرگ، لە ڕق و ئەوین، بۆیە ڕاگرتنی ھاوسەنگی زەوی لە
ململانێکاندایە. کەواتە بەمپێیە مرۆڤ کاتێ دێتەبوون مەحکوومە بەوەی
ژیان دووپات بکاتەوە و ئەو ڕێچکەیە بگرێت کە بۆی دیاری کراوە. ‘خوانی
ئامادە‘ خوانێکە کە خواردنەکانت بۆ دیاری کراون و ئامادەکراون، بۆت
نییە داوای خواردنێکی تری جیاواز بکەی، یان بڵێی من ئەو خوانە ڕەت
دەکەمەوە. گەر ڕەتی بکەیتەوە چی دەکەی؟ یان خوانێکی تر کامەیە؟
شیعر وەک خواردنێکی جیاواز ( جیھانێکی دیکە).
تاکو ئێستا ئەوەی من ھەستم پێکردبێت و لەبارەیەوە زانیبێتم، تاکە ڕێڕەو
و دەروازە کە بکرێتەوە بەسەر جیھانێکی تر لە بەرانبەر جیھانی ئامادە و
ھەبوودا (جیھانی دووپاتبووەوە) دەروازە و ڕێڕەوی ھونەر و ئەدەبە.
چونکە:
١.ھونەر و ئەدەب بە یاریدەی خەیاڵ و خەیاڵ جوڵاندن لەو جیھانە ئامادەیە
دادەبڕێن، یان لێی لادەدەن و لادانی تێدا درووست دەکەن. مرۆڤ لە شوێن و
ژینگەی خۆی دادەبڕن،و وادەکەن بیر لە شوێن و ژینگەی خۆیشی بکاتەوە.
واتە ڕێگۆڕینی ئەوان چەندە لە پێناو دۆزینەوەی جیھانێکی دیکەیە،
ئەوەندەیش لە پێناو دەسکاریکردنی جیھانی ئامادەیە.
٢.کەرەسە و ناوەڕۆکەکانی ھونەر و ئەدەب کارکردنەوەی تەواو ڕوون و
ئاشکران لەسەر ھەموو ئەو دەستووڕ و ڕێسا سەپێنراوانەی کە مرۆڤ دوای
لەدایکبوونی بەسەریدا دەسەپێنرێن، وەک : زمان، بیرکردنەوە، خەیاڵ،
بینین، جوڵە، ھەڵبژاردن، دیاریکردن و ئیرادە....ھتد. بەو واتایەی ئەوەی
ھونەر و ئەدەب دەیکەن چوونەوەیە بۆ ئەو ساتەیش کە مرۆڤ (منداڵ) ھێشتا
زمانی نەپژاوە، ئاڕاستە نەکراوە، کۆنتڕۆڵ نەکراوە...ھونەر و ئەدەب
لەوێوە بۆ ھێنانە کایەی زمان و خەیاڵ و فراوانترکردنەوەی مەوداکان
دەکەونە کار. ھەر بۆیە من دەڵێم تاکە جیھانێک کە لەبەرانبەر جیھانی
ئامادە بکەوێتە کار و ھەبێت، جیھانی ھونەر و ئەدەبە. چونکە زوو بە زوو
کار لەسەر دەستوور و ڕێساکانی دەکات و لەناویاندا ناتوێتەوە.
لێرەدا من شیعر بە نموونە وەردەگرم، چونکە دەمەوێ لەناو ھەموو ئەو
نەریتە سەپێنراوانەی جیھانی ئامادەکراو ‘زمان‘ بۆ ئەم باسەم بکەمە
تەوەر. ئاشکرایە و ئاماژەیشمان پێدا کە ئەو جیھانەی تێیداین و ڕۆژانە
مرۆڤی تازەی بۆ دێت زمان و ڕێگاڕۆیشتن و ئاڕاستەکانمان بەسەردا
دەسەپێنێت و فێرمان دەکات چۆن مرۆڤانی تر کردوویانە، ئێمەش ھەمانشت
پەرە پێ بدەین. زمان یەکێکە لەو سەپێنراوانە، کە مرۆڤ ناتوانێت لە
فێرنەبوونی خۆی ببووێرت و خۆی لێ لابدات. منداڵان فێری زمان دەکرێن و
لەسەر وشەکان ڕادەھێنرێن، پێویستە ھەر منداڵێک بزانێت ڕەنگی سوور –ھەر
ئەو ڕەنگەیە کە ئەوانیتری پێشخۆی پێیانگوتووە سوور. دەبێ فێری یاساکانی
زمان و چۆنییەتی درووستکردنی ڕستە بێت. نابێت وشەیەک بە خراپی گۆ بکات
و شتەکان پاش و پێشبخات. ئەگەر وابکات تووشی کێشە دەبێت و سەرگەردان
دەبێت. پێویستە لە دواتردا بەھەمانشێوەیش فێر ببێت ھەموو ئەوانەی
فێریانبووە وەکخۆی کە ھەیە بنووسێت. ئێستا منداڵێکمان لەبەرچاوە کە
لەدایکبووە و ھاتۆتە سەر زەوی، چ ڕێگایەکی دیکە لەبەردەم ئەو منداڵەدا
ھەیە تا ڕووبەڕوو ببێتەوە لەگەڵ زمانێک کە سەپێنراوە و جێی خۆی گرتووە؟
منداڵەکە ناتوانێت فێربوونی زمان ڕەت بکاتەوە. خۆ ئەگەر لاڵیش بێت بە
زمانی ئاماژە و لەڕووی ھەمان ئەو زمانەی کە ئەوانیتر فێر دەکرێن
ڕادەھێنرێت، ئەو ئاماژەکان بە جۆرێک دەکات و بەکاریان دەھێنێ کە لە
ڕێیانەوە ‘زمان‘ ی ئێمە بەئاگادەھێنێتەوە و لەو ڕێیەوە لێی تێدەگەین.
شیعر جۆرێکی تری زمانە، یان کارکردنە لەناو زماندا و لادانە لەو
دەستوور و ڕێسایانەی کە ھەر لە منداڵییەوە مرۆڤیان پێ ڕادەھێنرێت. لە
شیعردا سوور ھەمیشە سوور نییە، ھەمیشەیش شتەکان لە شوێنی خۆیاندا نین و
ڕێزمانیش تێکدەشکێ و بەلادادێ. شیعر خواردنێکی ترە و جیاوازە،
خواردنێکە لە خواردنی خوانی ئامادە ناچێت. ئەوەی کە لە شیعردا ئاگر قسە
دەکات و ڕووناکی بیر دەکاتەوە، لە ھیچ شوێنێکی تردا بوونی نییە و زمان
ھەرگیز لە ھیچ کوێیەکی تر ئەمە بەخۆیەوە نابینێت. کەواتە شیعر بۆ
یەکەمجار دەروازەیەکی جیاواز و جیھانێکی تر دەبینێتەوە لە بەرانبەر
زمانی سەپێنراو و ئامادەکراو بۆ مرۆڤ.
لەنێوان شاعیر و منداڵدا ( لەناوبردنی زمان یان کونکردنی زمان).
زۆر کەس دەڵێن شاعیر لە منداڵ دەچێت، ھەندێک کەس چونکە پێیانوایە
جیھانی شاعیر پاک و بێگەردە وەک جیھانی منداڵیی. ھەندێکیش چونکە شاعیر
وەک منداڵ بە کەسێکی خەیاڵیی خەیاڵفراوان دەبینن، بە کەسێکیش کە وەک
چۆن منداڵ بە پێی یاسا و دەستوورەکانی گەوران ناڕوات، شاعیریش بە پێی
یاسا و دەستوورەکانی دەوروبەر ناڕوات. منیش ئەو لەیەکچوونەی نێوان
منداڵ و شاعیر ھەست پێدەکەم و دەبینم. بەڵام لەیەکچوونەکە زیاتر دەبینم
کاتێک شاعیر ھەوڵدەدات بگەڕێتەوە دۆخی منداڵیی و بچێتەوە ئەوکاتەی کە
ھێشتا فێری زمان و ڕێوڕەسمەکانی تر نەکراوە. لەم ڕوانگەوە شاعیر وەک
منداڵێک دەبینم کە نایەوێت فێری زمان ببێت و بچێتە جیھانی ئامادەکراو،
بەڵام مرۆڤەکان ناچاری دەکەن بەو زمانە و کۆتی دەکەن. شاعیر منداڵەکەی
ناو سکی کە یەکجار بەھێزە و دەسبەرداری نەبووە، بە ئاگا دەھێنێتەوە و
لەبەرانبەر زماندا ڕادەوەستێت. ئەو منداڵێکە بەھۆی خەیاڵەکانی، بەھۆی
بێزاریی و دووپاتبوونەوەکان نایەوێت بەردەوام بێت لەناو جیھانی ھەبوو و
ئامادەکراودا. لێرەدا شاعیر وەک دوژمنی زمان دەبینین، ئەو نایەوێ بە
زۆر بکرێتە ئەو مرۆڤەی ئەو ھەموو ساڵە بوونی ھەیە و پەرە بە جیھانی خۆی
دەدات. شاعیر دژی زمان، ئاڕاستەکردن، کۆنتڕۆڵکردن...ھەموو شتەکانی دیکە
دەوەستێت و دەبێتە تێکدەری زمان - تێکدەری ناو زمانی سەپێنراو. پێ بە
پێ ئەو تۆڵە و خۆڕاپچکاندنانەی شاعیر لەناو زماندا دەیانکات دەبنە
داھێنان و ڕازاندنەوەی زمان.
لە کاتێکدا شاعیر دەیەوێ لە زمان ڕزگاری بێت و دەرچەیەک بکاتەوە،
ھەروەھا بگەڕێتەوە بۆ دۆخی بێ زمانیی و کاتی ساوایی ( ئەو کاتەی کە بێ
زمان بوو). ئەمە بەرھەڵستییەکە شاعیر لەبەرانبەر دەستوور و ڕێسا
سەپێنراوەکانی جیھانی ھەبوودا دەیکات. بەڵام شاعیر کە ناتوانێت زمان
لەناو ببات و بە ڕەھایی جیھانی ئامادەکراو ڕەتبکاتەوە، زمان تێکدەدات.
وردە وردە بەرەنگاربوونەوەی شاعیر لەگەڵ زمان، دەبێتە خۆشەویستی شاعیر
بۆ زمان. لە کاتێکدا شاعیر بەو جۆرە زمانی خۆشدەوێت کە کودەتای بەسەردا
بکات و تێکی بدات. ئەمەیش وەک بەدیلێک بۆ نەھێشتنی زمان و گەڕانەوەیش
بۆ منداڵیی و سەرەتای ھاتنەبوون خۆبینینەوە لەناو زماندا. پێدەچێت
شاعیر ئەو ئەومنداڵە بێت کە زمانی خۆشناوێت (چونکە بەسەریدا سەپێنراوە)
بەڵام ئەو شوێنەی لەناو زماندا خۆشبوێت کە دەکرێ لێیەوە گورز لە زمان
بوەشێنێ و کودەتای بەسەردا بکات، دووریش نییە شیعر ھەر لەو شوێنە
نیشتەجێ بێت.
کەواتە شیعر ئەو زمانە داھێنراوەیە کە مرۆڤ پەلکێشی جیھانێکی دیکە
دەکات، لەبەرانبەر زمانی سەپێنراو و جیھانی ئامادەکراودا. شیعر دەبێتە
کەناڵێک کە مرۆڤ لە جیھانی دووپاتبووەوە ڕزگار دەکات. زمان لە شیعردا
ئاڕاستەیەکی تەواو جیاواز وەردەگرێت و ئەو زمانە نییە کە مرۆڤ لەگەڵ
ھاتنەدنیای بەسەریدا ساغ دەکرێتەوە. ھەر بۆیەش شیعر وەک زمانێکی لادەر
لە جیھانی ھەبوو، لەلایەن ئایینەکان کە پەرەپێدەری جیھانی ھەبوو و
ئامادەن ھێرشی گەورەی دەکرێتە سەر و بە زمانی درۆ و حەڕام و کفر و
لادەر سەیر دەکرێت. تەنھا ئەوکاتە ستایش دەکرێ کە جڵەوگیر بکرێ و
لەخزمەت جیھانی ئامادەکراو و ھێڵە دینییەکاندا بێت (واتە جیھانی ئەودیو
و جیھانی دووپاتبووەوە). لەمڕۆدا لەلایەن بەشێک لە زانستخوازانیش،
بەزۆرییش ئەوانەی شۆک دەبن و تووشی لێوەلەرزە دێن لەبەرانبەر
دەسکەوتەکانی زانست، شیعر ھێرشی دەکرێتە سەر و بە شتێکی بەسەرچوو و کۆن
لە قەڵەم دەدرێت. چونکە پێیانوایە ئەوەی شیعر دەیەوێ بێڵێت کۆتایی
ھاتووە و زانست وەڵامی ھەموو شتێکی داوەتەوە و دەداتەوە. ئەوان ھەڵوەدا
و شەیدای وەڵامەکانن و پێی شاگەشکە دەبن، وەکچۆن ئایینخوازانیش
ھەڵوەدای وەڵامەکانن و گرەوی لەسەر دەکەن. شیعر زانست ڕەتناکاتەوە و
دژایەتی ناکات، بەڵام بەشێوەیەکی جیاواز لە زانست کار لەگەڵ زەوی و
بوون و ژیاندا دەکات. شیعر ھەمیشە بەدوای ئەوە نییە حەقیەقت کەشف بکات
و مەودای نێوان ئەستێرەکان دیاری بکات. شیعر بە جۆرێکی زۆر جیاواز کار
لەگەڵ حەقیقەت و واقیعدا دەکات و ئەو ئەستێرانەیش کە لەناو زانستدا
کەشف دەکرێن و مەوداپێو دەکرێن، لە شیعردا شتانێکی جیاوازن و زۆربەی
جار ھەر ئەستێرەیش نین. چونکە زمانی شیعر زمانی زانست نییە، زمانی
ئایینەکان نییە. ئەمە بە گشتی بۆ تەواوی ئەدەب و ھونەریش ڕاستە.
شیعر تەسلیمی جیھان و واقیعی ھەبوو نابێت و زمانێکە لە بەرانبەر
سەپاندنی زمان و تۆمارکردن و بارکردنی مرۆڤ پەیدا دەبێت. لە دواییشدا
بەھۆی تێکدان و سەراوژێرکردنەوەی زمان، دەبێتە داینەمۆ و تەکاندەری
زمان. ئەگەر شیعر لە بەرانبەر زمانی سەپێنراودا ھەڵسێتەوە و ململانێ
بکات، ئەوا ڕاستەوخۆ لەبەرانبەر ھەبوون و بوونی مرۆڤیش بەو شێوەی کە
ھەیە بەرگری دەکات. ھەر بۆیەشە شیعر گرێدراو و وابەستەی بوونە و لێی
جیا نابێتەوە.
شاعیر کەوتۆتە خوارەوە (منداڵەکە یاریی بە زمان دەکات).
سیستم بۆ منداڵ نامۆیە و ھێشتا نەیخستۆتە سەر ھێڵەکانی خۆی. تاکە
قۆناغێک کە مرۆڤ لە ھەموو قۆناغەکانی دیکە زیاتر لە سیستم دابڕاوە و
لێی یاخی بووە، قۆناغی منداڵییە. منداڵ بەدوای ڕێکخستن و یەکگرتنەوەی
شتەکاندا ھەوڵ نادات. زۆربەی کات شتەکان وەک ئەوەی ھەن تێکدەدا و گوێ
بە ڕێکخستن نادات. ئەوەی منداڵ فێر دەکات بچێتە ناو سیستمەوە و ببێتە
کەسێک ڕێز لە ڕێکخستن بگرێت گەورەکانن ( ئەوانەن کە پێش منداڵەکە
ھاتوونەتە دنیا). منداڵ زمان نازانێت، کۆنھاتووەن منداڵ فێری زمان
دەکەن. کاتێکیش منداڵەکە ھەڵەیەک لە زماندا دەکا و کەمێک لە سیستمە
زمانییەکە لادەدات، پێی پێدەکەنن و وەک شتێکی سەیر دەیبینن. منداڵ بۆی
ئاساییە بە ڕەنگی سوور بڵێت شین، بۆشی ئاساییە بە باوکی بڵێ دایە. ئەمە
بۆ ھیچ کەسێکی دیکە ئاسایی نییە، جگە لە شاعیر. شاعیریش چەشنی منداڵ
لەگەڵ سیستم و یەکەی ڕێکخراودا ناکۆکە. ئەو زیاتر شتەکان تێکدەدا و
یارییان لەگەڵ دەکات. وەکچۆن منداڵ لە منداڵییەتی دەخرێت و قۆناغەکەی
دادەڕمێنن بە خستنە ناو سیستمەوە و لە قاڵبدانی. وەکچۆن منداڵ لە سیستم
و یاسا و دەستوورەکانیدا دەتوێتەوە، ئاوایش شاعیر لەناو سیستم و
کۆتەکانی تێکدەشکێ و خۆی لەدەست دەدات. بۆ منداڵ شتەکان زۆر ئاسان و
ئاسایی ڕوودەدەن، ھەروەک ئەوەی لە فیلم کارتۆندا دەیبینین : ئاژەڵان
قسە دەکەن و فیلەکان ھەڵدەفڕن و، کارەکتەرەکان لە جیھانێکی سەمەرەی
خەیاڵییدان. ئەوەی لە شیعریشدا دەیبینین لای شاعیر ھەمان شتە و
جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە. شاعیر منداڵێکە کە بەرگە زۆر و زەوەندەکانی
لە خۆی داماڵیون و چۆتەوە سەردەم گڕوگاڵیی و تێکدانی ڕێسا و
دەستوورەکانی زمان. ھەروەھا بینینیشی وەک ھی منداڵ لێکردۆتەوە و جیھانی
بە جۆرێک وا لێکردووە کە ئەوانیتر پێیان ناکرێ بیبینن و تەنانەت
ئارەزوویشی ناکەن (چونکە ئەوان یەخسیر بوون لەناو سیستمدا). کاتێ شاعیر
ڕووبەڕووی زمان دەبێتەوە و دەیەوێ شەڕی لەگەڵدا بکات، ناتوانێت لەناوی
ببات، بەڵکو دەچێتە ناوییەوە و دەست دەکا بە تێکدانی. کاتێک دەڵێین
تێکدان، مەبەست لە تێکدانێکە کە زمانێکی تری جیاوازی لەناودا درووست
دەکات.
کاتێ شاعیر خۆی لەناو جیھانێکی تردا دەبینێتەوە کە درووستی کردووە لە
بەرانبەر جیھانێکی داپۆشراو بە ئاڕاستەکردن و سەپاندن، ھەست بە غەریبیی
و تەنیایی دەکات. ھەندێک لە شاعیران ھەستی ئەوەیان لا درووست دەبێت کە
ئەوان بوونەوەرێکی غەریبن و پێویستە فەرامۆش بکرێن. ھەندێکیشیان وا
ھەستدەکەن لە ئەستێرەیەکی دیکە کەوتوونەتە خوارەوە و ھەموو شتێکی ئەو
جیھانەی کە ھەیە بۆ ئەوان نامۆیە. گەر سەرنج بدەین تەواو ڕاستیشە،
چونکە شاعیران گەڕاونەتەوە ئەو قۆناغەی منداڵیی کە ھێشتا زمان و
فێرکاییەکان دەستیان پێنەکردووە، بە ھێزی ئەو منداڵەیش جیھانێکی تریان
بۆ خۆیان ھەڵبژاردووە و نەچوونەتە ناو سیستمی ئەقڵ و زمان و
دەستوورەکانی ئەوانی دی.
شیعر ڕەت دەکرێتەوە، شاعیر فڕێ دەدرێت.
ھەرکەس سەربردەی ژیانی شاعیران بخوێنێتەوە و لێ بکۆڵیتەوە، دەبینێ چەند
شاعیر لەدار دراون، تیرۆر کراون، فڕێدراون، دەربەدەر کراون و
کەوتوونەتە ژێر ھەڕەشەی گەورە. ئەمە ئێستایش لە جیھاندا ھەر بوونی ھەیە
و ھێشتا زمانی شیعر زمانێکە لەژێر ھەڕەشەی سیستمەکان، دەستوورەکان،
دادگاکان، مزگەوتەکان، کڵێساکان، ئایدۆلۆژیاکان دەسەڵاتەکان...دایە.
کاتێ ئەمە دەڵێین ڕەنگە بڵێن ھەر شاعیران و شیعر نییە لەژێر ھەڕەشەدان،
زۆر کەسانی دیکە و بواری تریش ھەن بەھەمانشێوە لەژێر ھەڕەشە و
ڕاوەدوناندان. ئەمە ڕاستە. من نامەوێت شاعیر و شیعر بە قوربانیبوونیان
بەرز بکەمەوە و بیانخەمە سەر ھەموو شتەکانی تر. ئەمە ڕێگەیەک نییە من
بیگرمە بەر. بەڵکو دەمەوێت ڕوونی بکەمەوە بۆچی شاعیران بەمشێوەیە و،
شیعر بەمجۆرە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. چونکە:
لە سەرەتادا ئاماژەمان بەوەدا کە ھیچ جیھانێک نییە جگە لە جیھانی ئەدەب
و ھونەر ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی جیھانی ئامادەکراو و دووپاتەوەبوو ببێتەوە.
ھونەر و ئەدەب دووبارە زمان و وێنە و خەیاڵێکی دیکە دەھێننە کایەوە و
ناھێڵن ئەو جیھانە بە وەستاوی بمێنێتەوە بکەوێتە ژێر سێبەری سەپاندن و
سیستمی ڕەقی جێکەوتوو.من شیعرم ھەڵبژارد تا لە زمان و زمانی شیعر بە
تایبەت وردببمەوە. شیعریش وەک یەکێک لە ژانرەکانی ئەدەب ھەروەک
ئاماژەمان پێدا جیھانێکی تر خەڵق دەکا و زمانێکی تر دادەھێنێت. بەمە
جیا دەبێتەوە لە زمانی وەستاو و ئامادەکراو، زمانێک کە تێیدا دەستور و
ڕێسا و حوکمەکان یاریی دەکەن و ململانێیە دووپاتبووەکانی خۆیان دووبارە
دەکەنەوە. زمانی شیعر لەو ڕووبەڕە زمانییە دەترازێ کە سیستمێک درووست
دەکات لێدەرچوونی نییە. ئایینەکان تەسلیمی ئەو ڕووبەرە زمانییە بوون و
یاسا و دەستوورەکانی خۆیان (چاکە وخراپە) – (حەڵاڵ و حەڕام) –( سپیی و
ڕەش)...ی خۆیان لەناو ئەو سیستمەدا جێدەکەنەوە، کە سەر بە جیھانی
ئامادەکراو و ھەبووە. پێغەمبەرانیش ھەر سەر بەو جیھانەن و خەڵوەت و
گۆشەگیریی ئەوان لە پێناو جیھانێکە کە جیادەبێتەوە لە جیھانی شاعیران،
ئەوان لانادەن و چەکووش لە سیستم نادەن، بەڵکو بە ھێز و گوڕێکی زۆرەوە
دەیانەوێ ببنە سەردار و داینەمۆی سیستمێکی ڕێکخراوی توێنەرەوە.
ئایینەکان شیعر بە پێی جیھانی خۆیان (جیھانی ئامادەکراو) کە جیھانێکی
وەستاوە و یاسا و دەستوورەکانی خۆیان لە چاکە و خراپە و دەستوورەکانی
تر دەپێون و دادگایی دەکەن. ئەو جیھانەیش کە درووستیان کردووە (پاداشت
و سزا) دەکەن بە مینبەرێک تاوەکو لە ڕێگەیەوە باشتر کار لەسەر جیھانی
ئامادەکراو بکەن و سزا و پاداشتەکە فڕێبدەنە ناو ھەموو خانەکانی. لە
کاتێکدا ئایینەکان شیعر سزا دەدەن و دادگایی دەکەن، شیعر زمان و جیھانی
ئەوانی دەمێکە جێھێشتووە و بە پێوەری زمانیی و دەستوورەکانی ئەوان
ناتوانرێت بپێورێ. تەواو ئەو وێنە دێنینەوە بەرچاو کە منداڵەکە بە
سووری دەگوت شین و ھێشتا لە سیستمە زمانییەکەدا نەتوابووەوە،
گەورەیەکیش بۆ وێنەکە زیاد دەکەین کە لە سیستمە زمانییەکەدا تواوەتەوە
و فێرکراوە سوور ھەر سوورە و منداڵەکە لە سیستمەکە لایداوە. ئینجا
بیھێننە بەرچاو ئەو گەورەیە منداڵەکە سزا بدات بەھۆی دەرچوونی لە
سیستمەکە. سزای ئایینەکانیش بۆ شیعر ھەر لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە
دەبینن شاعیر چەشنی منداڵێک لە سیستمی ئەوان دەرچووە و جیھانی وەستا و
ئامادەکراوی ئەوانی جێھێشتووە. لەم بارودۆخەیشدا ھەر پێوانەیەک لاسەنگ
و ھەڵە دەکەوێتەوە. چونکە ‘سوور‘ ی شاعیر ھەرگیز ئەو ‘سوور‘ ە نییە کە
ئایین بە سووری تێدەگەن و ‘فیل‘ ی شاعیر ‘ فیلێکە کە ئایین پێی سەیرە
چۆتە بن باڵی پەڵەھەورەکان.
سەرەڕای ئەوەیش جیھانی شیعر بەرینتر و فراوانتر لەو جیھانەیە کە
ئایینەکان تێیدان، بێجگە لە دیوە زمانییەکەی دیوە خەیاڵیی و
خەونییەکەیشی کە ئایینەکان بە تەواوی جێدەھێڵێت و شوێنێک بۆ ڕاوەستان و
چەقبەستن ناھێڵێتەوە. شیعر کاتێ جیھانێکی تر لەسەر ئەو جیھانە
ئامادەکراوە بەرز دەکاتەوە، ڕاناکات و نابێتە خانەی سۆفییان. بەڵکو
دەستدەکات بە درووسکردنەوە و ھەڵوەشاندنەوە لە جیھانی ئامادەکراودا.
کاتێ شاعیر فڕێدەدرێت و شیعر ڕەتدەکرێتەوە ئەوا دەردەکەوێت کە مرۆڤەکان
تەسلیمی جیھانی ئامادەکراو و وەستاو بوون و لەناویدا پەرە بە
دووپاتکردنەوە دەدەن. دەڵێن لە جیھانی ئیمڕۆدا شیعر بەسەرچووە و چیتر
ھچ ڕۆڵێکی نەماوە، ھەندێک کەس دەڵێن شیعر مردووە و بەدوای تەرمەکەیشیدا
مەگەڕێن. زۆربەیان بە کاریگەری دنیای بەرھەمھاتوو و ئابڵۆقەدراو بە
ئامێرەکان، کاریگەربوون بە زانستی مۆدێرن کە پێیانوایە وەڵامی ھەموو
شتێک دەداتەوە ھەڵگری ئەم بۆچوونەن. لەسەر من نییە وەک ئەوان ڕۆڵی
زانست بە ھەند وەرنەگرم و لە دژایەتیدا بڵێم : نەخێر ئەوە زانستە ھیچ
ڕۆڵێکی نییە و لە گرنگ و بایەخەکەی کەم بکەمەوە. بەڵام دەتوانم ئەوە
بڵێم شیعر لەسەر وەڵامدانەوە و دڵنیایی پێدان ناژی. شیعر زیندەوەرێکی
پرسیارھێنە و لەناو نیگەرانییەکاندا گەرا دادەنێت. بەو واتایە نا کە
شیعر لە ڕەشبینی و تاریکییدا بژی، بەڵکو بەو واتایەی شیعر لە بەرانبەر
جیھانی ھەبوو و واقیعدا چۆک دانادات و بەردەوام لە سیستمەکان دەدات.
پێدەچێت مرۆڤی ئەمڕۆ بەھۆی ئەم ھەموو سێبەرانەی جیھانی ئامادە و
وەستاو، چیتر چێژێکی ئەوتۆ لە شیعر وەرنەگرێت و خۆی تەسلیمی سیستمەکان
کردبێت. ئەوەی گیرۆدەی وەڵامەکانە و لە جیھانی ئامادەکراودا تواوەتەوە
شیعری بەلاوە گرنگ نییە و ناتوانێت باوەڕیش بکات کە شیعر ھیچ جێگە و
شوێنێکیشی ھەیە لەناو جیھاندا.
بەر لە کۆتایی دەتوانم سەرنجەکانم لە چەند خاڵێکدا چڕ بکەمەوە:
١.زەوی، خوانێکی ئامادەکراوە بۆ ئەوانەی کە دێنە ناوی و ھەموو شتەکان
لە لایەن مرۆڤە کۆنھاتووەکان بەسەر نوێکاندا دەسەپێنرێن و نوێیەکان ھیچ
ھەڵبژاردنێکیان نییە، جگە لەوەی بە جیھانی ئامادەکراو و خوانی ئامادە
ڕازی ببن. ئەدەب و ھونەر (شیعر) تاکە کەناڵێکن، ڕێگایەکن کە مرۆڤ
تیایدا لە جیھانی ئامادەکراو ڕزگار دەکەن و دووبارە کار دەکەنەوە لەسەر
ھەموو ئەو دەستوور و ڕێسایانەی بە زۆر یان وەک یاسایەک بەسەر منداڵە
ھاتووەکاندا دەسەپێنرین.
٢.شاعیر دەگەڕێتەوە قۆناغی منداڵیی بەر لە قسەکردن و ڕووبەڕووی زمان
دەبێتەوە، نایەوێ زمان و دەستوورەکانی دیکەی بەسەردا بسەپێنن، لەوەدا
ھەروەک منداڵێک کە سیستمە زمانییەکە بە ئاسانی وەرناگرێت، زمان و
ڕێزمان تێکدەشکێنێ و دەریچەیەکی تر دەکاتەوە بۆ ڕزگاربوون لێیان کە
جیھانی شیعرە.
٣. شیعر (ئەدەب و ھونەر) تاکە جیھانێکن ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی جیھانی
وەستاو و ئامادەکراو دەبنەوە. ڕێگەیەکی تر دەکەنەوە تا لە سیستمەکان
دەرچن.
٤. شیعر تەسلیمی جیھان و واقیعی ھەبوو نابێت و زمانێکە لە بەرانبەر
سەپاندنی زمان و تۆمارکردن و بارکردنی مرۆڤ پەیدا دەبێت. لە دواییشدا
بەھۆی تێکدان و سەراوژێرکردنەوەی زمان، دەبێتە داینەمۆ و تەکاندەری
زمان. ئەگەر شیعر لە بەرانبەر زمانی سەپێنراودا ھەڵسێتەوە و ململانێ
بکات، ئەوا ڕاستەوخۆ لەبەرانبەر ھەبوون و بوونی مرۆڤیش بەو شێوەی کە
ھەیە بەرگری دەکات. ھەر بۆیەشە شیعر گرێدراو و وابەستەی بوونە و لێی
جیا نابێتەوە.
٥. شاعیر کە ناتوانێت زمان لەناو ببات و بە ڕەھایی جیھانی ئامادەکراو
ڕەتبکاتەوە، زمان تێکدەدات. وردە وردە بەرەنگاربوونەوەی شاعیر لەگەڵ
زمان، دەبێتە خۆشەویستی شاعیر بۆ زمان. لە کاتێکدا شاعیر بەو جۆرە
زمانی خۆشدەوێت کە کودەتای بەسەردا بکات و تێکی بدات.
٦. پێدەچێت شاعیر ئەو ئەومنداڵە بێت کە زمانی خۆشناوێت (چونکە بەسەریدا
سەپێنراوە) بەڵام ئەو شوێنەی لەناو زماندا خۆشبوێت کە دەکرێ لێیەوە
گورز لە زمان بوەشێنێ و کودەتای بەسەردا بکات، دووریش نییە شیعر ھەر
لەو شوێنە نیشتەجێ بێت.
٧.زمانی شیعر لەو ڕووبەڕە زمانییە دەترازێ کە سیستمێک درووست دەکات
لێدەرچوونی نییە. ئایینەکان تەسلیمی ئەو ڕووبەرە زمانییە بوون و یاسا و
دەستوورەکانی خۆیان (چاکە وخراپە) – (حەڵاڵ و حەڕام) –( سپیی و
ڕەش)...ی خۆیان لەناو ئەو سیستمەدا جێدەکەنەوە، کە سەر بە جیھانی
ئامادەکراو و ھەبووە.
٨. لەمڕۆدا ھەوڵدەدرێت شیعر پەراوێز بخرێت و وەک مردووێک نیشان بدرێت،
یان جیھانی ئێستا شیعر لە خۆی فڕێ دەداتە دەرەوە و وەک بەسەرچوو لێی
دەڕوانێت. ئاشکرایە شیعر لەناو جیھانی ئامادە و گەمەکانیدا ناتوێتەوە،
ئەمڕۆش ئەم گەمانە دەستیان بەسەر جیھاندا گرتووە و دەوری مرۆڤیان
تەنیوە. مرۆڤێک درووستبووە و پەیدابووە کە لەسەر وەڵامەکان دەژی و
ھەڵوەدای نوێترین وەڵامە، ئەو ئیتر بە دەگمەن نەبێت ھەڵوەدای پرسیار و
چوونە ناو قوڵایی نیگەرانیی و بابەتە ڕیشەیی و بنەڕەتییەکان
نییە.گیرۆدەی دەستی میدیا و موعجیزەکانی زانستە، گەر گۆڕانێکیش بەسەر
خوای ئایینەکاندا بھێنێت دەیانکا بە خوای زانست و خوای دەسەڵاتداریی.
ئەو لە سیستم و جیھانی خواکان ڕزگاری نەبووە و بووکەڵەیی بوون لە برەو
و گەشەسەندندایە. کەواتە پێویستە لەبارەی شوێنی شیعر لەناو جیھاندا
لەسەر چۆنییەتی ئەو مرۆڤە قسە بکەین کە وەبەرھاتووە و ئێستا لە جیھاندا
ھەیە.ئەگەر شیعر شوێنی نەمابێت و بەسەرچووبێت پێویستە لەوە وردبینەوە
کە (جیھانی ئامادەکراو) چۆن کۆنترۆڵی کردووین و لەناو سیستم و دەستوورە
سەپێنراوەکاندا نقووم بووین. قسەیش لەسەر ئەوە نییە کە ژانرە
ئەدەبییەکان گورزییان لە شیعر دابێت و خستبێتیانە دواوەوە، چونکە ئەم
پەراوێزخستن و بێ بایەخ کردنە ھەموو ئەدەبیات و تەنانەت ھونەریش
دەگرێتەوە و جارجاریش فەلسەفەیش.
٩.ئایدۆلۆژیاکانیش چەشنی ئایین جیھانێک (بەھەشتێک، خەونێک) دەخەنە
بەردەست و خۆیان تەسلیم بە جیھانی ئامادەکراو دەکەن. بۆیە ھاوشانی
ئایینەکان لەگەڵ زمانی ئەدەب و ھونەر –شیعردا دەکەونە ناکۆکی و
ھەوڵدەدەن کۆتی بکەن، یان بە فەرامۆشیی بسپێرن. جیاوازیش ئەدەب و ھونەر
لەگەڵ ئایدۆلۆژیا و ئایینەکاندا ئەوەیە ئەدەب و ھونەر جیھانێک لەسەر
لادان و ھەڵسانەوە و یاخیبوون لە سەپێنراوەکان درووست دەکەن و ھیچ
خەونێک، بەھەشتێک پێشکەش ناکەن، بەڵکو کاریان ھەڵوەشاندنەوە و
درووسکردنەوەیە. لەمڕووەوە دەکرێ بڵێم تاکە جیھانێک کە خۆی تەسلیم بە
جیھانی ئامادەکراو –خوانی ئامادەکراو نەکردووە، جیھانی ئەدەب و ھونەرە.
لە کۆتاییدا لە گرنگترین ئەو پرسیارانەی لە باسەکەدا ھەبوون و
بابەتەکەیان جوڵاند دووپات دەکەمەوە بۆ ئەوەی ئەم باسە تەوەر و دیالۆگ
و ڕێگای تری لێ ببێتەوە و ئەوانەی بابەتەکەیش دەخوێننەوە لە خوێندنەوەی
دووبارەی پرسیارەکان لەگەڵ بابەتەکەی مندا بکەونە دیالۆگ:
١. ئایا دەبێت خێزان ھەر ھەبێت؟ ڕێگایەکی تر ھەیە؟
٢. خوشکەکان لە کوێی ئەم خێزانەدا دەژین؟ (ئەمە ناونیشانی وتارێکی
بڵاوکراوەیشمە).
٣. خێزان چۆن ھونەر لە خۆدەگرێت؟ سێبەرەکانی خێزان چی لە ھونەر دەکەن؟
٤. ئەم خێزانەی من تێیدا لەدایکبووم، ئەو کۆمەڵگەیە ئیسلامیە، چۆن لە
ھونەر و ھونەرمەند دەڕوانێت؟ چەک و ئاڕاستەکانی ئەو خێزانە چین
بەرانبەر ھونەرمەند؟.
٥. . تا ئێستا مرۆڤ توانیویەتی ڕێگایەکی تر بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی دوای
لەدایکبوون منداڵەکە بچێتە جیھانێک لەو جیھانە ئامادەکراوەی خۆمان
نەچێت؟ نەچێتە ناو جیھانێک کە تا ئێستا خۆی دووبارە دەکاتەوە؟
٦. ئایا دەتوانین لەو جیھانە (جیھانی ئامادەکراو) ڕزگارمان بێت؟
٧. کەس ھەیە ئەو منداڵە ڕزگار بکات و بیباتە جێھانێکی تر؟ شتێک ھەیە
وابکات ئەم منداڵە ‘زمان و ھەموو فێرکارییەکانی تر...‘ ی بەسەردا
نەسەپێنرێن؟
٨. ئەگەر بتوانین وێنای جۆرێکی تری مرۆڤ بکەین، ئەگەر بیکەین ئەو مرۆڤە
چۆنە؟ ئەگەر بیکەین مرۆڤ دەبێ چ ڕێگایەکی تر بگرێتەبەر بۆ ئەوەی ئەو
مرۆڤەی ئێستا نەبێت؟ ئایا دەتوانێت لەم ڕێسا و دەستوورانە ڕزگاری بێت
کە بەستراون بە بوونیەوە و لەگەڵ لەدایکبوونیەوە تێی دەئاڵێن؟
٩. مرۆڤ کاتێ دێتەبوون مەحکوومە بەوەی ژیان دووپات بکاتەوە و ئەو
ڕێچکەیە بگرێت کە بۆی دیاری کراوە. ‘خوانی ئامادە‘ خوانێکە کە
خواردنەکانت بۆ دیاری کراون و ئامادەکراون، بۆت نییە داوای خواردنێکی
تری جیاواز بکەی، یان بڵێی من ئەو خوانە ڕەت دەکەمەوە. گەر ڕەتی
بکەیتەوە چی دەکەی؟ یان خوانێکی تر کامەیە؟
١٠. زمانی شیعر چۆن سەرھەڵدەدا و پەیوەندی چییە بە زمانی ڕێکخراو و
ھەبوو، زمانێک کە لە منداڵییەوە فێری دەکرێین و لەسەر سیستمی
زمانییەکەی ڕادەھێنرێین؟
١١. شاعیران بۆچی زمان تێکدەدەن و یاریی لەناو زماندا دەکەن؟
لێکچوونەکانی نێوان شاعیر و منداڵ لە تێکدانی زمان و ڕانەھاتنیان بە
سیستمی زمانیی چییە؟
١٢. جیاوازی نێوان جیھانی شیعر و جیھانی ئایین چییە؟ زمانی ئەو دووانە
چۆن لەیەکتر جیادەکرێتەوە؟
١٣. جیھانی ئیمڕۆ بۆچی شیعر بە گەرمی لەخۆی ناگرێت؟
١٤. شیعر لە جیھانی ئیمڕۆدا دەکەوێتە کوێ؟
٢٨\١١\٢٠١٥
ماڵپهڕی رێبین خدر
|