٣\٢\٢٠١٨
شتێک لە مێژووی ئاوابوون.

نەژاد عەزیز
سورمێ
• پەرێز.
گیا بڵند بوو ، لە کڵاوەی چۆکی دەدا..
لە وەرزی ئاوس بووندا
ڕەگەکان ھاتنەوە بەر با..
• ڕەوڕەوەی وەستان.
لەسەر بەردی سێڕیانەکە دانیشتووە
چاوەڕوانی (بەیان) دەکا..
گەلێ جار (بەیان) ھاتووە
تریفە بارانی کردووە و
تێشتی لەگەڵدا خواردووە..
ئەو ھەر لەسەر بەردەکەیە و نابزوێ !
وشت بووە !
چاوەڕوانی (بەیان) دەکا..
• ئاڵ بردنەوە.
ئاوێنەکان بە دیوارەوە شکاون..
ھەتاو ڕووتە ، سایە پۆشتە
پێینگانی کچی ئاسمان داری حەسرەتی لێ ڕواوە .
• خوێنکێش.
لە ناو قەدەوە پێکراوە..
تنۆکێ خوێنی لێ نەھاتووە
شاڵی پشتی تەمەنیشی ھەڵمشتووە ..
• تەنافباز.
وەکو پەمۆ :
لە قۆزاخە و
لە مەکینە و
لە دارھەنەیشدا دەژی ..
تا ئەوەی لە پەرداخێکیش نقوم دەبێ
دەریا ھەستێ ناگاتە گوێزینگانی.
• برایەتی.
ئەوان تینی کورەی دەفیو،
ئێمە شەختە ..
ئەوان گیا ،
ئێمەش بەرخی دوو باقە گیا ...
• زایەڵەی بێ دەنگی.
لەو ساتەوە سوژنی
لە بن پیلی شەوەی ڕۆژگار ڕاکردووە
ھاوار ئەکا
کەس دیار نییە
(با) وەستاوە !
ئەویش بە دەنگە دەنگی خۆی ..
نەوەک ھەر کەڕ ، لاڵیش بووە ..
• پانکی مێشک.
بیری نایێ بارانی گرتبێتیەوە
نەی دیوە خوێنی تێ بگەرێ !
پانکی سەرچاوەی گومڕایی ،
ھەر لە دوورڕا ماکی کەڕووی پێوە دیارە .
• کێلوکە.
تاک تاک ،
شێوەی جریوەی پاساری ..
تاک تاک ،
شێوەی زەبوونی و ناچاری
تاک تاک ،
کە تەنیایی ھەر بۆ خوایە .
• خێزەڵانی
سنگەکان.
ئەوە ھەناسەدان نەبوو
ئەوە ڕمانی چیا بوو ..
چەخماخەی ھەورە تریشقە و
فڕینی ھەموو چۆلەکە و کۆترەکانی دونیا بوو ..
ئەوە ھەناسەدان نەبوو .
• بانگۆش.
ئێستا مناڵان
یاری بە باگردێنەکەی دەکەن
دەسکەکەی کردووە بەشەقە و پێی دەڕوا ..
دەرناکەوێ ،
چوار وەرزی ساڵ لە ماڵێیە ...
ئەیلوولی
١٩٨٩
ماڵپەڕی
نەژاد عەزیز سورمێ
|