په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\١١\٢٠١٤

"شوان عەتووف" خەڵاتی تایبەتی فیستیڤاڵی فیلمی "فایتی کۆرتی" ئیتاڵیای بەدەستھێنا.
 

مەنسوور جیهانی


کورتە فیلمی "ماڵ و کلیل" لە دەرھێنانی "شوان عەتووف" خەڵاتی تایبەتی لێژنەی دادوەرانی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "فایتی کۆرتی" لە وڵاتی ئیتاڵیای بەدەستھێنا.


کورتە فیلمی "ماڵ و کلیل" لە نووسین و دەرھێنانی سینەماکاری کورد "شوان عەتووف" و بەرھەمی بەڕێوەبەرایەتی ھونەری سینەمای سلێمانی لە نوێترین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "فایتی کۆرتی" لە شاری ڤینیس لە وڵاتی ئیتاڵیا نمایشکرا و لە لایەن بینەرانەوە پێشوازیی لێکرا بە شێوەیەک کە بۆ ماوەی دوو خولەک چەپڵە باران کرا و بووە جێگەی سەرسامی ئامادەبووان و لە لایەن لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە خەڵاتی تایبەتی پێبەخشرا.


بە ئامادە بوونی پارێزگاری شاری ڤینیس ئێوارەی ڕۆژی ٧ تەشرینی دووەمی ٢٠١٤ خەڵاتەکانی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "فایتی کۆرتی" دابەشکرا و تێیدا کورتە فیلمی "ماڵ و کلیل" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "شوان عەتووف" خەڵاتی تایبەتی لێژنەی دادوەرانی بەدەستھێنا.


"شوان عەتووف" پاش وەرگرتنی خەڵاتەکە لەسەر ستێج ئەو وێنەیەی سەر سینگی پیشانی ئامادەبووان داو گووتی: ئەمە یەکێکە لە گەریلا و پێشمەرگە ئازاکانی کۆبانی، کە ئێستا بۆ ئازادی ھەموو دنیا دەجەنگن و داوای کرد چەپڵە بۆ پێشمەرگە و گەریلا لێبدەن، ئامادەبووانیش بە گەرمی چەپڵە بارانیان کرد.


گووتیشی: رۆژێک دێت ئەم ماڵەی کورد کە بێ کلیلە، سەربەخۆ دەبێت و ئێوە بەئاڵای سەربەخۆی کوردستانەوە دێنە ناوی و لە درێژەی قسەکانیدا سوپاس گەل و حکوومەتی ئیتاڵیای کرد کە ھاوکاری کورد دەکەن.


لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمی کۆتایی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "فایتی کۆرتی"، سوپاسنامەی خاتوو "ڕێزان حەمە ساڵح قادر" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئیتاڵیای بۆ فیستیڤاڵەکە و ھونەرمەند "شوان عەتووف" خوێندرایەوە کە وەک ھونەرمەند بەشدارە لە ناساندنی ئازاری گەلەکەی، ئەم ھەڵوێستانە بووە جێگەی سۆزی زۆری ئامادەبووان.


پاشان سەرۆکی لیژنەی داوەرانی ئەم فیستیڤاڵە "پارتیلۆ ئاتۆلۆدی" باسی ھۆی بەخشینی خەڵاتەکەی کرد بە کورتە فیلمی "ماڵ و کلیل" کە زمانێکی سینەمایی بەرزی ھەیە و بەتایبەتی لە ڕووی سینەماتۆگرافییەوە بەرز نرخاندی.


ئەم کورتە فیلمە ١٥ خولەکییە ھەروەھا لە ڕۆژانی ١٩ تا ٢٢ی تەشرینی دووەمی ٢٠١٤ لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کورتە فیلمی "ئۆ کورت" لە شاری ناپۆلی لە وڵاتی ئیتاڵیا نمایش دەکرێت.


"ماڵ و کلیل" لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی نێودەوڵەتیی نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ئاریکا ناتیوا" لە وڵاتی چیلی نمایشکرا و توانی خەڵاتی باشترین فیلمی ئەم فیستیڤاڵە بەدەستبێنێت.


ئەم فیستیڤاڵە بە بەشداری کورتە فیلمەکانی چیرۆکی، ئەنیمەیشنی و دیکۆمێنتاری لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی لە ڕۆژانی ٩ تا ١٩ی تەشرینی یەکەم / ئۆکتۆبەری ٢٠١٤ لە وڵاتی چیلی بەڕێوەچوو.

بۆ زانیاریی پتر:

http://www.fiaticorti.it/index_ing.html 


 

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی کورتە فیلمی "ماڵ و کلیل".

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی


 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک