په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\٣\٢٠١٢

ته‌وه‌ری ''ئه‌دیب له‌ یه‌ک پرسی قورسدا''.

شوان عوسمان:

(ئەدەب) ئەو دەنگەیە، رەنگ و دەنگێکت پێدەبەخشێ

تا ببیتە خودانی دەنگ و رەنگێکی جیاواز.

سازدانی: ئه‌مڕۆ


ئه‌مڕۆ: له‌وه‌ بگه‌ڕێ وه‌ک ئه‌و چه‌مک و گوزارشته‌ باو و داهێزرایه‌ی که‌ ده‌بێژێ: ''خوێنه‌ران بڕیارده‌رن''! چونکه‌ له‌وڕۆدا خوێنه‌ران به‌ گشتیی له‌ ناسینی به‌رهه‌م و به‌رهه‌مداران ئاڵووده‌ی (میدیای پاڵپشت و پێگه‌ی جۆراوجۆر و په‌یوه‌ندییه‌ جۆراوجۆره‌کان و فه‌رهه‌نگی باو و هێنده‌ک خۆویستیی تایبه‌ت)ن، ئایه‌ خۆت وه‌ک ئه‌دیب یان هه‌ر تشته‌ک که‌ خوازیاری ئه‌و بی له‌ خۆت رازی.. یان ئایه‌ جیاوا‌زییه‌کانت بایی هێنده‌ هه‌ن هه‌بوونت وه‌ک بوونه‌کی پێویست بسه‌لمێنن؟ ئه‌گه‌ر ئا؛ له‌ کێنده‌رێی به‌رهه‌مه‌کانت ده‌توانین به‌رجه‌سته‌ت بکه‌ین یان په‌یدۆزت بکه‌ین؟ ئه‌گه‌ر نا یان نایزانی؛ له‌به‌رچی تا ئێستا وا ده‌زانی هه‌ر هه‌ی یان پێویسته‌ هه‌ر هه‌بی؟


شوان عوسمان: (ئەدەب) ئەو دەنگەیە کە گوزارشت لە ناخی شتێکی راست دەکات، بە هۆی ئەدەبەوە تۆ دەتوانیت لە راستی بگەیت وبگەیتە راستی خۆت ولە راستی بوون وهەبوونی دەوروبەریشت بگەی ،لە سەردەمێکدا کە راستی وراستگۆیی لە قەیران وبنەست دانە، ئاسان نیە لە گوزارشت کردنت لەماڵێک بتەوێت راستگۆ بیت، ئەگەر سەر بە پەنجەرەی (ئەدەب) نەکەی وتاوێک گوێ لە باران و گمەی کۆتر و فرمێسکی منداڵێک نەگریت، ئەوسا ئەتوانیت لە خەیاڵ خەون و جوانی و گریان وبزە و جوانی و بەختەوەری تێبگەیت...


تا بە مانای بێگەردی و سادەیی و ساکاری ژیان ئاشنا بین، دەێت خۆمان لە رۆخ رووباری (ئەدەب)وە بە ئاوێک بسپێرین، تا لەوێ خۆمان تەڕ بکەینەوەو لە رق و تۆڵەش دابشۆرێین، لە بنی پێوە تاسەر رووت ببینەوە، ئەو کاتیش ئەتوانین، لە چەمکە (ئەبستراکت)کراو و مانا پڕ رەهەندەکان بگەین...


من خۆم ئەدەبم هەڵبژاردووە، ئەدەب منی هەڵنەبژاردووە، کەوابوو ئیرادە لە دەست خۆمە، بەڵام داهێنان ئەوە شتێکی دیکەیە پەیام و شەونخوونی و ئینتیمایەکی دیکەی گەرەکە، دیارە من خۆم لە ئاوێنەی (ئەدەب)دا بینوەتەوە، نەک لە دیوەخانێک تا ببمە دەربارێک، یاخود لە گۆڕەپانی شەڕگەیەک تا ببمە شەڕوانێک، من بە گوێرەی قەدەر نانووسم قسە ناکەم، بەلکو ئیرادەیەک هەیە کە بڕیارم پێدەدا...


ئەوەش دەبێتە دەنگم ئەو دەنگەی گوزارشت لە من و ئەدەبی من دەکات، بەو دەنگەش ناسنامەیەکی سەربەخۆم دەبێت، ئنجا پەیامی خۆشم دەبێت تا ببم بە نمایندەیەکی وابەستە بەو دەنگانە کە من مەبەستمە هۆش و هەستم لە خزمەتیان بخەمە کار، نەک ببمە دەنگێکی خۆپەرست و رق لە دڵ، ئەو کاتەی دەنگی من لەگەل دەنگی دڵی خەڵکێک تەریب دەبێت من دەگەمە ماڵێک لە لەزەت، ئەو مەنزلەش بۆ خۆم لەژیان بە دەستی دێنم کە من بەو لەزەتەوە حەز دەکەم زیاتر بژیم، بەمەش دەگەمە بەختەوەریەک....


من لە خۆم رازی نابم کاتێک لەگەل ئەو واقیعە ئاسایی وباوەی دەوروبەرم نەتوانم شتێک بکەم و جیاوازی خۆم نەخەمە روو، چونکە ئەو کاتە من خۆم نابم من کەسێکی دیکە دەبم هەروەکو شەڕوانەکە و دەربارەکەم لێ دێت، من بڕیاری خۆم و دەوروبەرم لە دەست نابێت، دەوروبەر بڕیاری منی دەکەوێتە دەست، ئەو کاتە من هەبم یان نەبم چی دەبێت یان نابێت، چی دەگەیەنێت یان نا، هەروەها هەبوونم چ لە مەسەلەکە دەگۆڕێت چی لە دەوروبەرم دەگۆڕێت...


دیارە ئەو واقیعەی تێیدا دەژیم من قبوڵم نەبووە، لەبەر ئەو مەبەستەش بووە پەنام بۆ (ئەدەب) بردووە، تا واقیعێک وەکو من پێم باشترە وێنای بکەم ئنجا لە خەیاڵ بێت یان واقیع، من خۆم دەمەوێت گوزارشت لە واقیعی خۆم بکەم نەک واقیع چۆن بۆی دەگوزەرێت گوزارشت لە من بکات، من بۆ خۆم واقیعێک رەسم دەکەم وواقیعێک دەخوازم، ئەمانەش کەسانێکی سەربەخۆ و ناوابەستەی بە واقیع دەخوازێت...


من لە خۆم رازیم کاتێک لەزەت لە بابەتێک دەکەم، ئەو کاتە منیش لە سەر ئەو بابەتە سوور دەبم، تا بتوانم لەزەتێک ببەخشم، دەق و نووسین لە لای من لەزەت دان و لەزەت وەرگرتنە، وێڕای ئەوەی ئەدەب راستی و راستگۆیی و دڵپاکی ورۆمانسی و حەقیقەتە، من لە ئەدەبدا بە دوای لەزەتێک دەگەڕێم، کە لە بوارەکانی ژیان لە قەیران و کاڵبوونەوە دان، ژیان بە بێ لەزەت هیچ شتێک ناگەیەنێت، بۆیە دبێت هەمیشە بە دوای لەزەت بگەڕێین تا بتوانین تام لە ژیان بکەین، دیارە (ئەدەب)یش ئەو فەزا و کایە فەنتازی و هەستەوەرییەیە کە بە ترۆپکی لەزەتت دەگەیەنێت...


لەبەر ئەوەی جیاوازی هەیە لە نێوان، من و یەکێکی دیکە لە رووی بیرکردنەوە و تام کردن و لەزەت کردن و بۆن کردن و بینینی شتە جوان و ئاساییەکان، کەوابوو جیاوازیش هەیە لە نێوان من وکەسێکی دیکە ئەو جیاوازیەش هەر دەمێنێ، تا ئەو کاتەی ژیان بەردەوام بێت و گۆڕان و گەشە بەردەوام بێت، ژیان جارجارە قەتیس دەبێت بەڵام قەت ناوەستێت، ئێمەش لە شوێن خۆمان ناوەستین، چونکە وەستان مردنە...


من لە خۆم رازیم کاتێک، توانیم لە دەقێکدا ئازادی خۆم ببینم، زمانی خۆم دابین کرد، لەوێدا ببم بە خۆم نەک یەکێکی دیکە، بە زمانی خۆم باس لەو دونیا و باس و پرسانە بکەم نەک بە زمانی یەکێکی دی و هزر و هەستی یەکێکی دیکە، ئەو کاتە هەست دەکەم من هەمم ، هەروەها خودان دەنگی خۆمم، لە رووبەڕووبوونەوەم لە بەرامبەر واقیع و دەوروبەرەکەم..


من لەو بەرهەمانە بەرجەستە دەبم کە ناوەڕۆک و کڕۆک و شێوازیان گوزارشت لە رەنگ و دەنگ و هەناسە و هەستی من دەکەن، بۆن و رەنگ و دەنگی منیشیان لێوە دەردەچێت، بەوانەش دەناسرێمەوە، بۆیە هەول دەدەم من بە دەنگ و رەنگی تایبەتی خۆم هەبێت، تا دەنگ و رەنگی سەربەخۆی خۆم هەبێت...


من تا ئەو کاتەی هەمە تا دەنگ و رەنگی خۆم هەبوو ئەگەر ئەوانە کاڵ بوونەوە، ئەوا منیش کاڵ دەبمەوە و بوونم نامێنێت، خۆم بە خۆم پایدۆز بە خۆم دەکەم.


٥\٣\٢٠١٢ - هۆلەندە
ماڵپه‌ڕی شوان عوسمان

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک