په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٦\٢٠١٢

شوێنە دڵگیرەکانی شار لە شیعرەکانی نزاردا.


یاسین برایم      


شیعر وەک ژانرێکی ئەدەبی پانتایەکی فرەی ئەدەبی کوردی گرتووە ،خۆشبەختانە کوردیش لەم ژانرە زەنگینەوە خاوەن دەنگی خۆیەتی و ھەر لە کۆنەوە تا نھۆ کاروانەکە دەروات و دەیان و سەدان دەنگ و رەنگی جیاوازی ھێناوەتە نێو ئەم کاروانە و کەم تا زۆریش ئەسپی خۆیان تاو داوە..بۆیە قسەکردن لە سەر ھەر شاعیرێک ، شیکردنەوەی ھەر شیعرێک ، لەوانەیە ئاسان نەبیت ، چونکە ھەریەکێکیان لە سەر قوتابخانەو گروپ و سەردەم و تەوژم و ئایدۆلۆژیاو وشوێن و زەمەن و بارودۆخێکی جیاواز ژیاوون ،وە ناشکرێت ھیچ دەقێکیش دوور بێت لەخوێندنەوەو تێگەیشتن و سەرەنج و تێبینی رەخنەو بیرو بۆچوونی خوێنەر کە بە دیدەیەکی ژیرانەو کارێکی رەخنانە دەروانێتە دەق و ھەندێک لایەنی شاراوەی نێو دەقەکە دەخاتە بەر چاو . بەرای خۆم ھەر شیعرێک سادە بێت یان بە فۆرمێکی قورس و زمانێکی ئاڵۆز خرابێتە روو ، وەک دارێکی گەورەو وایە ،خاوەن دەیان لق و پۆپی جیاوازەو ئەگەردەستبردنمان نەگاتە قەدە گەورەکە ، دەتوانیین پەنجە بۆ قەدەنزیک و بچووکەکان درێژ بکەین . ھەر شیعرێکیش پێویستی بە کات و شوێنێکی دیاریکراو ھەیە لێرە ئاوڕێک لە بوونی شوێن لە یەکێک لە شاعیرەکان دەدەینەوە و تیشکی دەخەینە سەر . وەک چۆن چەندین شوێن لە نێو چیرۆک و رۆمان ھەیە ، شیعریش بێ بەری نییە لەم جۆرە شوێنانە کە شاعیر بەکاری دەھێنێت . بڕوانە لە نێو دێرە شیعرەکان ناوی کانی و رووبارو و دۆل و دەشت و چیا وئەشکەوت و گوندو شاروگەرەک و کۆڵان وباخچە گشتیەکان و پارکی تازە و شەقام وچایخانەو گازینۆ و گۆرستان و شوێنی سەیرانگاو گەشت و گوزاروھاوینەھەوارەکان و ...ھتد.ھەموو ئەو شوێنانە کەم تا زۆر ئامادەگییان لە ھزرو خەیاڵی شاعیر ھەیە و ئاوێزانی شوێن و بیرەوەری و خەونەکان دەبێت و ئاسان نییە ئەم زەمەنە رابردووە لە بیر بکرێت ، عەشق و خۆشەویستی ئەم شوێنانە وا لە مرۆڤەکان دەکات ھەمیشە لە خەیاڵیان دابێت و دیمەنە جوانەکانیان لە بەر چاو بێت وەک چۆن نالی لە غوربەتدا ، خەیاڵی بۆ دەشتی شارەزوورو حاجی بۆ کۆیەی خنجیلانەی دەروات ، ھەروەھا لە شاعیرە ناسراوەکانی ئەم سەردەمە (شێرکۆ بیکەس ) نمونەیەکی زیندووەو باوەرناکام شاعیر ھەبیت وەکو ئەو ئەوەندە شوینەکانی کوردستانی بەکار ھێنابێت ، ئەگەر بەرھەمی(ھەست و نەست )ی بە نموونە بھێنینەوە دەبینین٢٣جار ناوی کەرکوک و١٩جار ناوی سڵیمانی و٧جاریش گوێژەی بەکاربردووە ١، لە گەڵ چەند شوێنی تر. تەنانەت ناو ھێنانیشیان تام و چێژێکی زۆر بە شاعیر دەبەخشێت . بێنە بەر چاوی خۆت شوێنێک مرۆڤی تیدا لە دایک بێت و ژیانی منداڵی و کاتی یاریکردن و چوونی بۆ قوتابخانە و عەشق و خۆشەویستی و یەکەم ژوان و شوێنی مردنی ئازیزان و مانگی ھەنگوینی و پیاسەو گەڕان و گەشت و سەیرانی تیدا بەسەر بردبێت ، ھەموو ئەم شوێنانە ڕەنگدانەوەیەکی گەورەیان لە سەر دڵ و دەروونی ھەر تاکێک ھەیە.

 

خۆشەویستی و ھۆگربوون بەم شوێنانە ھەستێکی خاکپەرستی و نیشتمانپەروەری لە دڵدا چەکەرەدەکات ، ھەر کاتێک لەم بستە خاکە دوور دەکەویتەوە ، کە لای تۆ بەھاو پیرۆزی ھەیەوسەدان ئەوەندەیتر ئەم خۆشەویستیە گەورەتر دەبێت، نەخاسمە ئەم دوور کەوتنەوەی بە ویست وحەزی خۆمان نەبێت و بە ھەر ھۆکارێک بێت لێی دوور کەوتبێنەوە . بەتایبەتی دوژمنان و ناحەزان وایانکردووە لە زێد و مەملەکەتی منداڵیمان دوور بخەنەوە . کورد ئەم ماڵوێرانی و دەربەردەری و ئاوارەیی زۆری چەشتووە .تەنانەت ھەندێکیان بۆ چەندین ساڵ دەبنە مێوانی تاڕاوگەو خەون بە گەڕانەوە بۆ نیشتمان دەبینن . جا ئەگەر بۆ مرۆڤێکی ئاسایی ئەم دووری و دابڕانە و ژیانی تاڕاوگەو غەریبی، ناخۆش و سەخت بێت ئەوا بۆ ھونەرمەند و رۆشنبیرو شاعیرچەند قات سەخترە.


لە نێو شاعیران (کلاسیک و نوێ) و بە ھەردوو ڕەگەزەوە ، ڕەنگدانەوەی شوێن لە نێو شیعرەکانیان دا رەنگی داوەتەوە ،من لێرە زیاتر مەبەستم شوێنی راستەقینەیە ، نەک شوێنی یۆتۆپیاو فانتازیا لە یەکێک لە شاعیرەکان ئەویش نزار خەیلانییە. کەباس لە زۆر شوێنەکانی ژیانی منداڵی خۆی دەکات و ناویان دەبات.بەتایبەتی بۆ شاعیرێک کە چەندین ساڵ لە تاڕاوگە ژیاوەوخەونی بەوە بینیووە رۆژێک بگەڕێتەوە ئەو مەملەکەتەی کە نزاری تیدا لە دایک بووە.ئەویش شاری رواندزە ، تەنانەت لە چاپکردنی یەکەمین نۆبەرەی شیعری خۆی(لێوەکانی خەرەند ماچ کەن)، وەک بڵێی فەرمانمان پێبکات کە ئەم شوێنە پیرۆزە ماچ بکەین ،شاعیر شوێنێکی سەرەنجڕاکێش و ئەفسووناوی جوان لە جوانترین دیمەنە دڵگیرەکەی شار ، ھەڵدەبژێرێت و دەیکاتە ناونیشانی کتێبەکەی، ئەویش خەرەندە.ئەم نەک ھەرخۆی فەرمانمان پێدەکات لێوەکانی ئەم خەرەندە ماچ بکەین کە تیداشاعیرلە سەر ئەم خەرەندە لە دایک بووەو گەورە بووە تەنانەت خۆشی قوربانی ئەم خەرەندە دەکات .( شێرزاد حەسەن)ی چیرۆکنووس کە لە تەمەنی منداڵی لە سەر ئەم خەرەندە ژیاوە ، کە گەورەش بووە نەیتوانیووە ئەم شوێنە فرامۆش بکات ئەمەش بویتە ھەوینی لە دایکبوونی رۆمانێک بە ناوی )تەمی سەرخەرەند(. ھەرخۆشی ئاماژە بەوە دەکات کە نەیتوانیووە بۆ تۆزێک ئەم خەرەندە لە بیر بکات ."یەکەمین ھەوار کە بە درێژای ئەو ھەموو ساڵانەم لە بیر نەدەچۆوە: سەر ئەو خەرەندە بوو کە لەماڵەکەی خۆمانەوە بە سەد ھەنگاوی وردی ئەوسام دەگەیشتمە سەر لێوارە ڕکەکەی ٢". ھەروەھا خۆزگەی ئەوش دەخوازێت لە دوا تەمەنی بگەرێتەوە سەر ئەم خەرەندەو لەوێ بژیت."من بۆ دواجار بەر لەوەی زۆر پیربم و بمرم لە دوا ساتەکانی تەمەنمدا لە سەر ئەو خەرەندە بژیم ٣ ".


نزاری شاعیر لە یەکەم چاو ھەڵێنانی بە ژیان ، خەرەند دەبێتە مامانێکی میھرەبان و چاودێری دەکات فرچک بەم سروشتە جوانە دەگرێت و لە گەڵی ھێدی ھێدی گەورە دەبێت ، کە دەچێتە تاراِوگەش ، ئەو وەک دەزگیرانێکی بەجێماودابڕاو خەمی بۆ باوەشی گەرمی دەخوات ، تەنانەت بە تاکە دۆستی دادەنێت کە ھەمووو کات لە ھزرو خەیاڵی دابووە.


کەبووم خەرەندم دی
کەچووم خەرەندم برد
کەھاتمەوە
خەرەندم بۆ ھێنانەوە
خەرەند بۆ من
بوون و چوون و ھاتنەوەم بوو
٤


لای ھەندێ لە شاعیران و رۆشنبیران ، خەرەند بە سیمبولی جوانی و عەشق و ئیلھام وحەسانەوەی وخۆشی بەخشین بە دڵو دەروونی مرۆڤ لە قەڵەم دەدەن و ئەم شوێنەش لە ھزرو خەیاڵی ئەو مرۆڤانەی ھاتونەنەتە ئەم شوێنە ھۆگری جوانیەکەی بووینەوھەست و سۆزیان جوڵاوە وچێژیان لەم جوانیە بینیووە . ئەو شوێنە چەندین جار لای شاعیر ناوی ھاتووە ، ئێستاش دەیەوێت دوا تەمەنی خۆی لە سەر ئەم خەرەندە بە سەر ببات ، لە ماڵێکی دڵرەفێندا چاوببرێتە جوانیەکانی خەرەندو ئاوێزانی وشەو شیعر و جوانی ببێت ، تەنانەت ئەو ھۆگربوونەی بە سروشتی شار وەسیەت دەکات بگەڕێتەوە بۆ سروشتەکەی کە تیدا لە دایک بووە و بە ئاوی پاکی ئەم شارە جەستەکەی بشۆن.


ئەگەر مردم
لە مێگرا بمشۆن بە ئاوی شڵوێ بووی،
چونکە ئاوی
ژین و ژان و ژیانم بوو ....
٥


بەشی زۆری شیعرەکان ناسنامەی شاعیر دەردەخەن و ناونیشانی زێدەکەی خۆی ئاشکرا دەکات و نەخشەو جوگرافیای شارت پێدەناسێنێ و تەنانەت ناوی شوێنەوارەکانی وەک (قونگرەی شەمام و ئیسقەڵا)ی سەردەمی پاشای گەورەت پێدەڵێت . لە نێو شیعرەکان ناوی ھاوینەھەوارو گەڕەک و چیا و شوێنی جوان و سەرنجڕکێش ، وەک وێنەکێشێک دەنەخشێنێ و بە جوانیەکانت سەرسام دەکات پەنجە دەخاتە سەر یەک بە یەکی شوێنەکان لە شیعرە ناسک و جوانەکانی ناوی قونگرەی شەمام و ئیسقەڵا و رواندزو مێگر وخاڵە رەش وجوندیان و بێخاڵ و خەرەند و گورگە دەر وکانیە قورو کاولۆکا و بنەباویان (ناورەزان) وکۆرەک و زۆزک و ھەندرێن و ...ھتد بەرچاودەکەون و ھەندێکیان بۆ چەندین جار ناویان ھاتووە. زۆر جار ناوھێنانی شوێن لەوانەیە خۆشەویستی شوێنەکە نەبێت بەڵکو بوونی رووداوێکی تراژیادیا و بەسەرھات و شەر و داستان یاخود روداوێکی خۆش لە بیرەوەری شاعیر وای کردبێت رووداوەکە گرنگتربێت لە خودی شوێنەکە .لەوانەیە ناوھێنانی ئەو شوێنانەی رواندز کە بەشێکە لە ژیانی منداڵی وخۆشەویستی و ئەو پەیوەندییە دەروونیەی کە شاعیر تیدا تەمەنی خۆی پێ بەخشیووە .ئەو بێجگە لەوەی دەیەوێت بگەرێتەوە بۆ ئەو زەمەنە پاکە و بەرائەتەی منداڵی وگەنجایەتی خۆی و جارێکی تر بۆ ئەم سروشتە ھەناسە بدات و بژێت لە گەڵ جوانیەکەی ئاوێزان بێت و ئەوە نەک ھەرخودی خۆی بەڵکو دەیەوێت خەڵکی تریش لە رێگای پەیڤە جوانەکانی پەنا بۆ ئەو سروشتە بھێنن ، فاکتەرێکی تر کە لە لای ئەم شاعیرە ، ھەستی پێدەکرێت لەوانەیە لای شاعیرانی تر نەبێت ئەویش ھۆکارێک بێت بۆ ناساندنی ئەم شوێنە دڵگیرانە ، ئەو خۆی دەرچووی بەشی گەشت و گوزارە وشارەزایی ئەم بوارەییە ، ئەمە لە نوسینەکانیشی بەدیار دەکەوێت ، دەیەوێت شیعر بکاتە کامیرایەک ئەم شوێنانانە بخاتە رووو پەیامێکی گەشت و گوزاریش بە مرۆڤ ببەخشێت کە دەڤەرەکە لە پێش چاویان دەکاتە بەھەشت ، تەنانەت شاعیر نەک ھەر شانازی بە شاخ و دارو بەردی ئەم شارە دەکات بەڵکو گەنج دەبێتەوە ئەگەر پێبلێن (تۆ رواندزی!).


تۆ ھەندرێنی .. ھان وەرەی
کە نابەزی
تۆ کورەکی .. کێوی رک
لێژ نابیەوە و .... دانابەزی
زۆزکێکی سۆزی عیشق
لە ستەمی ڤین و ژیندا...
باخ و رەزی
بۆ خۆت حەزی
بەم حەزەوەش گەنج دەبمەوە
کە پێم دەڵێن رواندزی!!
٦


شیعری تری زۆرە کە شاعیر سۆزو خۆشەویستی و وەفای بۆ وڵات ھەیە و بە ناوھێنانی ئەم شوێنانە ، لای ھەندێک کەس بەچاوێکی تر تێبڕوانن و ببەنەوە خانەی ناوچەگەرایەتی ، بەڵام ئەمەش بە خەراپ ناشکێتەوە ،چونکە ئەگەر مرۆڤ وەفای بۆ گوند وشارو ناوچەکەی خۆی نەبێت ، بێگومان بۆ وڵات و نیشتمانیشی نابێت. ئەو لە نێو وشەو دێرە شیعرەکان پیرۆزی و عەشق و خۆشەویستی وڵات و زێدە شیرینەکەی شیرینتر و جوانتر دەخاتە روو ھەوێنی خاکپەرستی و مرۆڤدۆستی و جوانی لە پەڕەکانی دڵی مرۆڤر دەنوسێت و جگەر خوێنانە پێمان دەڵێت شام شەکرەو وەڵات شیرنتر!!

_______________________________________________
سەرچاوە:
١- شێرکۆ بێکەس ، ھەست و نەست ،دەزگای چاپ وپەخشی سەردەم ،سلێمانی ، ٢٠١٠.
٢- شێرزاد حەسەن ، رۆمانی تەمی سەر خەرەند ، چاپی یەکەم ، ھەولێر ، ٢٠٠٣ ، ل٩.
٣- سەرچاوەی پێشوو ، ل١٣.
٤- نزار خەیلانی ، لێوەکانی خەرەند ماچ کەن ، سلێمانی ، ٢٠٠٢، ل ٥.
٥- سەرچاوەی پێشوو ، ل١٩٩.
٦- نزارخەیلانی،رواندز،ماڵپەری رواندزی نوێ.
http://www.rwandzinwe.com/modules.php?name=News&file=article&sid=189
 

ماڵپه‌ڕی یاسین برایم

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک