په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\١٠\٢٠١٣

شۆڕشێک لە نێو شۆڕشدا.

جەلال محەمەد     


لە ھیچ شۆڕش و سەرھەڵدانێکی کورداندا بەدی نەکراوە کە منداڵی سەرۆک حیزبەکان بەشداری شەڕیان کردبێت و تەنانەت لە دووریشەوە گوێبیستی دەنگی گوللەی داگیرکەران بووبێتن ، بەڵکو بەشی ئەوان خۆشترین ژیان بووە و کوشتوبڕەکەشیان دووچاری ھەژاران کردووە ، ئەنجامی ئەم سیاسەتە چەپەڵەش چاندنی تۆوی بێ باوەڕی لە نێو ئازادیخوازانی کورد و ساتوسەوداکردنیش بە دەستکەوتەکانی گەلەوە بووە . نموونەی ئەم کردەوانەش بێ شومارن کە بچوکترینیان شۆڕشی ئەیلولە ، تا ئەو کاتەی سەرانی ئەیلوول مەبەستیان بوو شەڕی بێ ئەمانیان بە کوڕی ھەژاران کرد ، کاتێک مەبەستیشیان نەما سەرەتا خۆشترین جێگەیان بۆ منداڵەکانی خۆیان دابین کرد و پاشان شەقیان لە ھەموو تێکۆشانی ئازادیخوازان ھەڵدا و لە ماوەی ٢٤ سەعاتدا بانگی ئاشبەتاڵیان بە گوێی دۆست و دوژمندا دا .
لە ٩ی ئەم مانگەدا ڕووداوێکی دڵتەزێن ڕوویدا لە ڕۆژئاوای کوردستان بەڵام لە ھەمان کاتدا ھیجگار سەرنج ڕاکێش ، ئەو ڕووداوەش شەھیدبوونی کوڕی بەرپرسی یەکەمی پارتی یەکێتی دیموکراتی"پەیەدە" بوو لە پێشەوەی سەختترین بەرەکانی شەڕدا لە ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنانی کورد و ئاشقانی تاریکپەرستیدا . ئەو شەھیدەش کوڕی ساڵح موسلمی ھاوسەرۆکی پەیەدە بوو بە ناوی "شەرڤان" . ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە منی گێڕایەوە بۆ ساڵەکانی ڕابردوو و تەنانەت بۆ سەدەکانی ڕابردووش ، کە بۆچی ئەنجامی کۆتایی ھەموو شۆڕش و سەرھەڵدانەکانی کوردان ھەر تێکشکاندن و ڕاونان بووە ، بەڵام لەگەڵ سەرھەڵدانی شۆڕشگێڕانی پەکەکەدا ھەموو دوژمنان دەستەوەستان ماون و شۆڕشیش ھەر لە ھەڵکشاندا ماوەتەوە.


ئەم ڕووداوە منی گێڕایەوە بۆ ساڵی ١٩٩٩ی سەدەی ڕابردوو کە بۆچی ھەموو جیھان کۆک بوون لەسەر گرتن و ڕادەستکردنەوەی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بە سەرسەختترین دوژمنی نەتەوەکەمان و شۆڕشیش نەک ھەر نوشوستی نەھێنا بەڵکو لە جاران زیاتر بە گوڕتر بوو ، ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرپرسی یەکەمی تەواوی پارتەکانی دیکە فەڕشی سوریان بۆ ڕادەخرا و لە ئامێزی دوژمن و داگیرکەران دەگیران و لە چاوتروکانێکیشدا ئاشبەتاڵیان جاڕ دەدا.


ئەم ڕووداوە منی گێڕایەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٤ بە دواوەی ڕۆژھەڵاتی کوردستان کە بۆچی حیزبی ٧٠ ساڵەی بە ناو خۆشەویستی گەل (حیزبی دیموکرات) و کۆمەڵەی ٤٠ ساڵەی بە ناو زەحمەتکێش و بە ناوەڕۆک "ئاغاواتی" زۆر لێقەوماوانە لە باشووری کوردستان ئۆردوگانشین کراون و بە لەتوپەت بوون و میرات دابەشکردنەوە خەریکن ، کەچی پژاکێکی تازە دروستبوو خۆی گەیاندۆتە دورترین گوند و ھەموو جێگەیەک لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان (لە لوڕستانەوە تاکو ماکۆ) و بە گژ ڕژێمێکی ھێندە نالەباردا دەچێتەوە کە ھەموو جیھانی بە خۆیەوە خەریک کردووە.


ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە منی گێڕایەوە بۆ ساڵی ٢٠١١ و ساڵەکانی دواتر، کە بۆچی لەگەڵ دەستپێکردنی سەرھەڵدانەکانی گەلانی سوریادا زیاتر لە ٣٠ حیزب و حیزبۆکەی ڕۆژئاوای کوردستان ھەڵھاتنە شاری ھەولێر و ناخۆشترین جێگەیان بوویە ئوتێل شیراتۆن و تەواوی ئوتێلە پێبج ئەستێرەیەکانی دیکەی باشووری کوردستان ، بەڵام بە پێچەوانەی ئەوانەوە پارتی یەکێتی دیموکراتی"پەیەدە" لە چیا سەرکەش و دڵگیرەکانی قەندیلەوە پۆل پۆل دەگەڕانەوە بۆ ئامێزی ئاگر و ئاسنی ڕژێمە ھارەکەی بەشار ئەسەد و لە نێوان بەرداشی (بەعسی فاشی و ئارتەشی بەناو ئازادی سوریا و ئیسلامیە دڕندەکان و داگیرکەری تورک)دا ژیانیان دەخوڵقاند و بست بە بستی ڕۆژاوای کوردستانیان ئازاد دەکرد . ئەمە لە کاتێکدا بوو کە تانھا و تەنھا مەترسی لەسەر ئەندامانی پەیەدە بوو و تەواوی ئەو ٣٠ حیزب و حیزبۆکەیەی دیکە لە ئامێزی تەواوی ئەو لایەنە دژە کوردیانەدا دارە دارەتان دەکرد.


ئەنجامی ھەموو ئەم ئەگەرانە تەنھا یەک جیاوازی ھەبووە لە نێوان بزاڤی ئاپۆچی و تەواوی حیزب و لایەنەکانی دیکەدا ، ئەو جیاوازیەش ئەوەیە کە بزاڤی ئاپۆچی ڕاستگۆ بووە لەگەڵ گەلدا و ئەوەکانی دیکە درۆزن ، ئەو جیاوازیە ئەوەیە کە بزاڤی ئاپۆچی گوتە و کردەوەیان ھاوشێوە بووە و لایەنەکانی دیکە پێچەوانە ، ئەو جیاوازیە ئەوەیە کە بزاڤی ئاپۆچی دەسەڵات و ئازادیان بۆ گەل ویستووە و گیان بەختکردنیشیان بۆ خۆیان ھەڵبژاردووە بەڵام لایەنەکانی دیکە دەسەڵات و ئازادیان بۆ خۆیان ویستووە و گیان بەختکردنی گەل و ڕەنج بە خەساربوونیشیان دار بە جەھەنەم.


سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی پەیەدە و بیرکردنەوەیان:


لە دوای ئاشبەتاڵەکەی بارزانی لە ساڵی ١٩٧٥ تا ڕاپەڕینە شکۆدارەکەی ١٩٩١ جێگەی سەرۆکی ھەرێم یان ئەمریکا بوو یان ئێران ، تەنانەت لە خەونیشدا باشووری کوردستانی نەبینیەوە ، خۆ ئەگەر جار و بارەش ھەندێک کوڕە ھەژاری دەستگیر ببویایە ئەوا یان بۆ شەڕی کوردکوشتن ئامادەی دەکردن یاخود بۆ چاوساخیکردنی داگیرکەران بەکاری دەھێنان.


لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ش ھیچ ھاوبەشییەکی سەرۆکی ھەرێم و پارتەکەی لەو ڕاپەڕینەدا بەدی نەکرا و تەنانەت ئامادە نەبوون کۆشک و ڤێلا ڕازاوەکانی کەرەج و تارانیش فەرامۆش بکەن تا ئەو کاتەی بە سواری ئوتومبێل ھێناماننەوە سەر سفرەی ئامادە ، لە کاتی کۆڕەویشدا ھەموو پاداشتەکەیان بۆ خەڵکی ئاوارە ئەوە بوو کە دەیانگوت (ئێمە ئاگاداری ڕاپەڕین نەبووین و بەشداریشمان نەکردووە لەبەرئەوە ئۆباڵی ئاوارەبوونتان لە ئەستۆی خۆتانە) کەچی ئێستەش ھەموو شتێک ھەر سەرۆکی ھەرێم و ھەزار پیاوەکەی بنەماڵەیە و میلەتیش لە خانەی ھەرە دواوە ناخوێندرێتەوە.


بەڵام لەگەڵ چەخماخەی سەرھەڵدانی گەلانی سوریادا ، یەکەمین کەس کە بەشداری لە ڕاپەڕینی ڕۆژئاوای کوردستاندا کرد بەڕێز ساڵح موسلمی ھاوسەرۆکی پەیەدە و خانەوادەکەی بوو ، ئێستەش زۆر بە سەر بڵندی دەڵێت (توانیم بە بچوکترین شێوە بەشداری لە تێکۆشان و ماندوبوونی گەلەکەمدا بکەم ، بەوەی کە بوومە باوکی شەھید) ، ئەمە لە کاتێکدایە کە ساڵح موسلم باوکی کچێک و سێ کوڕ بووە و یەکێک لە کوڕەکانی زۆر لە مێژە لە نێو ڕیزی گەریلاکانی پەکەکەدا جێگەی گرتووە و کچەکەی و دوو کوڕەکەی دیکەشی لە سەرەتای سەرھەڵدانی ڕۆژئاوای کوردستانەوە شوێنیان لە نێو ڕیزەکانی یەپەگە و بەرەکانی پێشەوەی شەڕدا گرتبوو و زۆربەی ژیانی ساڵح موسلمیش لە کونجی بەندیخانەی ڕژێمە فاشیەکەی بەعسی ئەسەددا بەسەر برابوو.


ھیچ کاتێک ساڵح موسلم مشتی لەوە خۆش نەکرد کە جێگە بۆ منداڵەکانی خۆش بکات ، بەڵکو شان بە شانی منداڵی خەڵکە ھەژارەکە منداڵەکانی خۆیشی جێگەیان لە تێکۆشانی ئازادیخوازیدا گرت و گیانی خۆیان فیدا کرد . بەڵام سەرۆکی ھەرێمەکەی ئێمە ھەر بەوەوە نەوەستاوە کە خۆی و بنەماڵەکەی داسەپاندووە بەسەر ژیان و خوێنی ھەژارانەوە بەڵکو مشتی لەوەش خۆشکردووە کە نەوە پێنج‌شەش ساڵیەکەشی بکاتە ھەمەکارە و ساتوسەوداکەر بەسەر چارەنووسی دواڕۆژی نەتەوەکەمانەوە . بڕوانە ئەم لینکەی خوارەوە:
http://www.youtube.com/watch?v=Xtc9v-t9GUc


هەموو بەهایەک لە پێناوی پارەدا:


کەم نین ئەو بەرپرسە کوردانەی کە هەموو بەهایەکی شۆڕشگێڕیان وەلاوە ناوە و لە پێناوی پارەدا بە جۆرەها شێوە بەکار هێنراون و تەنانەت لە پێناوی پارەدا گرنگ نەبووە بەلایانەوە کە ئەمڕۆ شتێک بڵێن و سبەی پێچەوانەکەی بجونەوە و بەرامبەرەکەیان چۆنی بوێت بەو شێوەیە مێژوو بهۆننەوە ، جێگەی داخە کە بەرپرسە ئۆردوگانشینەکان سەرقافڵەی ئەو کەسە لاوازانە بوون کە هەمیشە بۆ پارە چەماونەتەوە.


هێندە ڕابردوویەکی دوور نییە ، کاتێک قیادەی مۆقەت قەتڵوعامی کوردانی ڕۆژهەڵاتی بە ئەستۆ گرتبوو ، کە ئەوکات بەرپرسانی دیموکرات و کۆمەڵە چ لێدوانێکیان ئاڕاستەی بنەماڵەی بارزانی دەکرد هەر لە پەڕتوکی"خیانەتەکانی قیادەی مۆقەت بە نەتەوەی کورد"ی عەبدوڵای حەسەنزادە تا دەگەیشتە "مادە هەشت"ی ئاغایانی موهتەدی ، هەر لە ڕاگەیاندنی ڕۆژنامەوانی تا دەگەیشتە لێدوانەکانی "دەنگی کوردستانی ئێران" و "دەنگی شۆڕشی ئێران" . بچوکترین نموونە لەم لینکەدا بخوێنەرەوە:
http://www.helwist.com/Nuseran/Celal%20Chwartaii/2011/7%20%208%20%20Qiyade%20u%20PDK.pdf


کەچی ئیمڕۆش ھەر خودی ئەو بەرپرسانە لە پێناوی ھەندێک جیڕەی کەمدا بە جۆرێک بە شان و باڵی بارزانی و بنەماڵەکەیدا ھەڵ دەڵێن کە خودی مەسعود بارزانیش کەوتۆتە گومانەوە لەو ھەموو پیاھەڵگوتنانە و لە خەیاڵی خۆیدا دەڵێت ( دەبێت ئێمە بەو جۆرە بوبین و من نەمزانیبێت!!!؟؟؟).


بۆ نموونە لە ٢٧ - ٧ - ٢٠١١دا خوالێخۆشبوو "حمایل خان"ی دایکی مەسعود بارزانی کۆچی دوایی کرد لە تەمەنی ٨٧ ساڵیدا ، ھەڵبەت ئەو تەمەنەش کەم نییە و وەک ھەر کەسێکی دیکە دەبوو لە کاتی کۆتایی ھاتنی تەمەنیدا کۆچی دوایی بکردایە ، کەچی بەرپرسە ئۆردوگانشینەکان بە جۆرێک کەوتنە کێبڕکێی گەیشتنە لای مەسعود بارزانی و شاکار ھۆنینەوە بۆ خانمی کۆچکردوو کە ھەتا مەسعود بارزانیش واقی وڕمابوو لەو ھەموو کێبڕکێیە بۆ کۆچکردنی خانمێکی ٨٧ ساڵی کە لە خۆشترین جێگە و لە ڕازاوەترین نەخۆشخانەی نەمسادا کۆچی دوایی کردبوو.


کەچی لە ٩ - ١٠ - ٢٠١٣دا کاتێک "شەڕڤان"ی کوڕە بچوکی ساڵح موسلم کە لەسەرەتای تەمەنیدا دەبێت و لە ناخۆشترین جێگە و لە سەختترین شەڕی ڕووبەڕوو بوونەوەی دوژمنانی کورددا شەھید دەبێت ، ھەتا بە بروسکە و بە کورتە نامەیەکیش ئەو بەرپرسە ئۆردوگانشینانە سەرەخۆشییەک نانێرن و خۆشیان پێ خەمخۆری دۆزی ڕەوای کوردە.


لە کۆتایدا ئەوەی ماوەتەوە بیڵێم ئەوەیە کە سەرھەڵدانی ئاپۆچی شۆڕشێکە لە نێو شۆڕش‌دا و ئەم شۆڕشەش بە خوێنی پێشەنگانی ئەو بزوتنەوەیە ڕەگی داکوتاوە ، شۆڕشێک کە بە خوێنی دەیان ھەزار کەسی وەک "مەزڵوم و فەرزاد"ەکانی دوێنێ و "شەڕڤان"ەکانی ئیمڕۆ نەشونمای کردبێت ئەوا سەرفرازی بۆ دەمێنێتەوە و ئامانجێکی پڕشنگدار و دواڕۆژێکی ڕۆشنیش چاوەڕوانی نەتەوەکەمان دەبێت . بڕوانە ئەم لینکە:
https://pukpress.wordpress.com/2013/10/09/%d9%83%d9%88%d8%b1%d9%89-%d8%b3%d9%87%e2%80%8c%d8%b1%db%86%d9%83%db%8c-pyd-%d8%b4%d9%87%e2%80%8c%d9%87%db%8c%d8%af-%d8%a8%d9%88%d9%88

 

ماڵپه‌ڕی جه‌لال محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک