٢٨\٥\٢٠٢٠
شۆڕشی برسییەکان
بەڕێوەیە!

عەبدوڵا ساڵح
کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەگشتی لە ڕاستای
ئاڵوگۆڕدایە لە ھەموو بوارەکان ، ئابوری ، کۆمەڵایەتی و سیاسی ، ئەو
ڕاستیە حاشاھەڵنەگرە قسەی من نیە ، بەڵکو قسەی ھەموو ئەوانەیە
سەرەداوێک لە سیاسەت دەزانن .
چەرخی دنیای سەرمایەداری، ئەگەر تەنیا بۆ دەرفەتێکی کاتیش بێ وەستا ،
ئەم وەستانە، بەر لە ھەر پێکھاتەیەک ، کرێکاران و زەحمەتکێشان وخەڵکی
بەزۆر ھەژارکراو وخانەوادەکانیان باجەکەیان دا و لەسەری ئەواندا
شکایەوە و بەردەوامیش دەشکێتەوە ، ئەم ھەلو مەرجە تازەیە، دەرئەنجامی
پەیدا بوونی دوژمنێکی کوشندەبوو بەناوی کۆرۆنا ، دەردێکی ئیقلیمگیر کە
ھیچ بەربەستێک خۆی لەبەردەمیا ڕانەگرت ، گۆی زەوی بەگشتی داپۆشی بەبێ
جیاوازی نێوان (( شا وگەدا )).
کوردستانی ئێمەش وەک بەشێکی بچوک لەم کۆمەڵگای ئینسانیە، پشکی خۆی لەم
دەرد و بەڵایە بەر کەوت ، نرخی نەوت شکا، ئاشتی ھەورامیەکان بە جانتای
بەتاڵ ھاتنەوە ماڵ و پەیامیان ڕاگەیاند کە کەوتوینە سەر ساجی عەلی و
ئاو بێنەو دەست بشۆ . ئەو خەزێنەی کە نزیک بە سی ساڵە بەتاڵان دەبرێ،
مایە پوت بوو، بەئاشکرا بەدەمی سەرۆک حکومەتەوە دانی پێدانرا.
کاتێک گیرفان ئاوا بەتاڵ بێ و خەڵک ئاوا برسی ئیتر حوکم ڕانی زۆر
ئەستەمە، ھەر بۆیە کۆمەڵێک بژاردە ھاتنە بەردەم حکومەت ، یەکەمیان
گەڕانەوە بۆ بەغدا، بەڵام چ بەغدایەک، لە کوردستان موفلیس تر، جیا
لەوەی بەدەست چەندین کێشەی ئاڵۆزەوە تلاو تلیەتی ! دوەمیان گرتنی
بەرۆکی سەرمایەدارە زەبەلاحەکان و ملیاردێرەکان کە لەو بیستو نۆ ساڵەی
ڕابردودا، لەژێر سایەی گەورە بەرپرساندا ، قوتی خەڵکیان حەپەلوش کردوو
وگیرفانی خۆیان لێپڕکرد ، بەڵام ھەڵدانەوەی بەناو کۆنەقەرزیش، بۆ درێژ
ماوە، دادی نەدان ، خۆ ئەوانە دەوڵەتیش نین تاکو پەنا بۆ قەرزی
سازمانە جیھانیەکان بەرن وەک بژاردەی سێیەم، جیا لەوەش ئاشکرا کردنی
قەرزی ٢٧ ملیار دۆلاری ئەو ئیعتیبارە کەمەی ھەشیان بوو نەما ، شک
لەوەشدا نیە کە دەست بۆ سەرمایە دزراوەکان نابەن وەک بژاردەی چوارەم
تاکو خەڵکی پێ بێدەنگ بکەن و دەسەڵاتەکەیان بپارێزن. بژاردەکان یەک لە
یەک تاڵترن بۆ دەسەڵات !
لەناو ئەو تەنگژەیەدا ولەم بارودۆخەدا، جەماوەری کوردستان بژیوی
ژیانیان دەوێ کە ئەویش ئەرکی دەسەڵاتە، تاکە ڕێگایەکی بەردەمیشیان
بەناچاری، گرتنی بەرۆکی ھەر ئەودەسەڵاتەیە ، ئەگەر جاران ، بۆ گەنجەکان
ڕێگایەکی دەربازبوون مابوو تاکو ژیانیان بخەنە مەترسیەوە وبەرەو
ھەندەران لەم نەھامەتیە ڕاکەن ، ئێستا ئەو ھەندەرانەش ئەو بەھەشتە
نەماوە کە پەنای بۆ ببرێ ، تەنانەت ئەوانەی گەیشتونەتە ھەندەرانیش و
ژیان و گوزەرانێکیان بۆخۆیان وخانەوادەکانیان دابین کردوە، ئێستا
توانای ئاوڕدانەوەیان لە کەس و کار وخزم ودۆستانیان لە کوردستان نەماوە
و بەجۆرێک لە جۆرەکان ژیان وگوزەرانیان گۆڕاوە، خەڵکی بەناچاری دەبێ
لەو پارچە زەمینەدا ئۆقرە بگرن کە ناوی کوردستانە و ناکرێ بیر لە ڕێگا
چارەی دەربازبونی تاک وجوت بکەنەوە .
حزبە کانی دەسەڵاتیش کە دەوڵەتەکەیان مایە پوت بووە بەڵام نایانەوێ
ھەروا بەئاسانی ئاڵای سپی ھەڵکەن وبە فیزماڵکێک بۆی دەرچن و خەونی بە
ئیمبراتۆریەت کردنی کوردستانیان لێ بەتاڵ بێتەوە، بۆیە ناچارن دەزگا
سەرکوتگەرەکانیان وەکارخەن ودەست بۆ ئەوپەڕی توندوتیژی بەرن تا بتوانن
پایە لەرزۆکەکانی دەوڵەتەکەیان ڕاگرن .
مێژوو سەلماندۆیەتی ھیچ دەسەڵاتێک ناتوانێ بەردەوام بێ لەکاتێکدا
بەدەستێک خەڵک برسی بکاو بەدەستەکەی تر سەرکوتیان بکا ، ئەم ھاوکێشەیە
بەناچاری دەبێ یەکلابێتەوە بەتێشکانی لایەک وسەرکەوتنی لاکەی تر ،
شانسی یەکلابونەوەی بەقازانجی خەڵکی کرێکار وزەحمەتکێش و بەزۆر
برسیکراو زۆر زیاترە تاکو شانسی دەسەڵاتداران ، ھۆکارەکانیش ڕوونن .
لەشکری برسیەکان تا دێت ڕوو لە ھەڵکشان وزیاد بوونە، شەپۆلەکە تا دێت
فراوانتر ودرێژتر دەبێتەوە ، تەنانەت ئەو توێژە کۆمەڵایەتیە ناوەنجیەی
کە ژیانێکی باشتری لەچاو زۆرینەی کۆمەڵگا بەنسیب بوو بوو، ئێستا ئەویش
بە جڕە جڕ وبەناچاری بەرەو لەشکری برسیەکان ھەنگاو دەنێ دەبێتە بەشێک
لەوان.
ئاسۆی چارەسەری ئەم بارودۆخە بە قازانجی حزبەکانی دەسەڵات وەک ئەو
تێگوشینە وایە کەدەڵێن بەتەمای دراوسێ ھەر ووشکە . بۆیە تاکە ئاسۆیەک
کەلەبەردەمدا بێ شۆڕشی برسیەکانە.
ئەم شۆڕشەش، ھەروا ئاسان وسادە و بێگرفت نیە، ئەگەرچی ھۆکارە
بابەتیەکانی ھەڵگیرسانی ھەموی ئامادەیە ، بەڵام لەباربردنیشی
بژاردەیەکە دەبێ لەبەرچاوبگیرێ ، ئەم سیستمە سەرمایەداریە، بەم فۆرم
وڤێرژنەی ئیستایەوە کە نزیک بە ٣٠ ساڵ دەبێ خۆی ڕاگرتوە بە فریوکاری
وخۆڵکردنە چاوی خەڵک و بەدروشمی ( بەرژەوەندی خاک و نەتەوە ) ، ( ئایین
و گوێڕایەڵی فەرمایشتە ئاسمانیەکان ) لەپاڵ ئەوانەشدا کوتەک و سەرکوت و
تیرۆر وتۆقاندن، ئەمڕۆ ئیتر ئەو دەستەی کەشف بووەو ئەم ئامرازانە سواون
ولەبازاڕی جەماوەردا قڕانێکی قەڵب ناکەن . ھەر بۆیە چینی بۆرژوازی و
سەرمایەداران ھەوڵ دەدەن بە مودێل وڤێرژنێکی نوێ وە فریای داڕمانی ئەو
سیستمە بکەون و لە بەرگ وڕوخسارێکی تردا نمایشی بکەنەوە و ئەم شۆڕشە
ھەر لەسەرەتاوە لەبار بەرن، وەک ئەوەی گۆڕان وئیسلامیەکان و بەشێکی
بەناو ڕۆشەنبیران لە ڕاپەڕینی ١٧ ی شوباتی ٢٠١١ دا کردیان .
ھەوڵەکانی ئێستای ( شاسوار عەبدولواحید ) وحیزبەکەی ( نەوەی نوێ )
یەکێکە لەو پلانە مەترسیدارانە کە بەناوی نوێکردنەوە و گەشەی ئابوری
کوردستان ھاتۆتە مەیدان وشیعاری بەرز کردۆتەوە کە لە ڕاستیدا و
لەناوەرۆکدا دەیەوێ مودێلێکی ھارتر لەوەی حزبەدەسەڵاتدارەکانی ئێستا
بێنێتە کایەوە ، کت ومت مودێلی نیولیبرالیزم.
ئا لەم بارودۆخەدایە شۆڕشی برسیەکان بەڕێوەیە ، رێبازێکی گونجاو بۆ
سەرکەوتن و دەرباز بوون لەم نەھامەتیە یەکڕیزی خەڵکی بەشمەینەتی
کوردستانە و جیاکردنەوەی ڕیزی سەربەخۆی خۆیانە لەو چین وتوێژانەی
مەبەستیانە شۆڕشەکەیان لەباربەرن، بەشداربوان و ھەڵسوڕێنەرانی ئەم
شۆڕشە گرنگە بەعەزم وئیرادەیەکی شۆڕشگێرانە بێنە مەیدان و لەڕێگای
کۆبونەوەی گشتی وھەڵبژاردنی ڕاستەوخۆی شورا شۆڕشگێرەکانیان لە شوێنی
ژیان و کار ، ئیدارەو و فەرمانگاکان قوتابخانەکان و..... نوێنەرانی
باوەڕ پێکراو جێ متمانەی خۆیان ھەڵبژێرن ودەسەڵات بگرنە دەست و
حوکومڕانی کۆمەڵگا بکەن،لەو ڕاستایەشدا ھەنگاو بنێن بۆ بنیات نانی
کۆمەڵگایەک کە ئازادی ویەکسانی بۆ ھەموان بەبێ جیاوزی تێدا فەراھەم
کرابێ و ژیانی ئێستاو نەوەکانی دواڕۆژیشی تێدا مسۆگەر کرابێ .
٢٦\٥\٢٠٢٠
a_salih11@hotmail.com
|