١٤\١\٢٠١٣
شۆڕشی ئەمجارەی
گەلانی رۆژهەڵات جیاوازە!

جیهاد موحەمەد
شۆڕشەکانی خەڵکی ستەمدیدەی تونس و لیبیا و میسر و دواجاریش سوریا، کە
هێشتا دەکوڵێت و رۆژانە بە دەیان کەس دەبن بە خۆراکی ئەم خەبات و
تێکۆشانە، ئەم شۆڕشانە سەرەتایەکە بۆ تێپەڕاندنی قۆناغێکی نابەجێ و نا
هەمواری حوکمی مەوجود.
ئەو حوکمەی کە تیایدا مرۆڤە ڕەشوڕوتەکان هەمیشە فلیقاونەتەوە،
ژێرپێخراون، بێ مافکراون، سک هەڵگوشراوکراون، پەراوێزخراون، بێ بەهای
سیاسی و کۆمەڵایەتیکراون، داپلۆسێنراون و سەرکوتکراون و توندووتیژی
کراوە بەرامبەریان، چەوسێنراونەتەوە و ڕاپێچی زیندانە تاریکەکان کراون،
دادۆشراون، دادەماڵێنراون لە شکۆمەندیە مرۆییەکانیان، ئازادنەکراون لە
ژیانیاندا، لە هەڵبژاردنیاندا، لە سێکسیاندا، لە خۆشەویستیاندا، لە
خوێندنیاندا و نەخوێندەوارکراون. ئەگەر خوێندەواریشبووبێتن، یان
خوێندنیان بۆ رەخسێنرابێت، ئەو جۆرە خوێندنەیان بۆ رەخسێنراوە کە
هوشیارییان نەکاتەوە و عەقڵیان فراواننەکات، فێری پرسیارکردن و
گومانکردنیان نەکات، فێری مافناسین و چۆنیەتی داوای مافەکانیان نەکات،
مێگەل ئاسابن و بە گوێرەی بەرژەوەندیەکانی چین و توێژە سەردەستەکان ملی
رێبگرن، قایل بن بەو بەشەی کە خوا بۆی بڕیونەتەوە، سەرکێشنەبن، ئارامبن
و تەنیا لە خوای خۆیان بپارێنەوە بۆ ئەوەی خوا لەمدنیا و لەو دنیا
ڕووسوریانبکات و خوا ئیمانیانبداتێ و چش لەمدنیای پوچە!
کاتێکیش کە خوێنیان لێدێنن، دەبێت بڵێن: دەستێک زاڵم بڕی خوێنی نییە!،
وابیربکەنەوە کە دنیا بۆ زاڵمەکانە، دنیا و بەهەشەتەکەی خواش بۆ
هەژارانە، چوونکە هەژاران و نەداران خۆشەویستن لای خوا!، دنیا دنیایەکی
هیچە!، کاتییە، گرنگ ئەم دنیا نییە! گرنگ ئەو دنیا هەمیشەییەیە کە بۆی
دەگڕێنەوە لە دوای مردنیان، هیچ کەس ماڵ و حاڵی لەگەڵ خۆی نبەردۆتە
قەبر.
هەر لەسەرەتای ئەم شۆرشانەوە، من ڕام وابووە کە ئەمە سەرەتایەکە بۆ ئەو
ڕێنسانسەی کە پێویستە و هەردەێت بێتەدی لە کۆمەڵگا ئیسلامی و
رۆژهەڵاتیەکاندا.
شۆڕشی ئەمجارەی گەلە ستەمدیدەکانی جیهانی ترادسیۆن و کولتووری ئیسلامی
و دواکەوتوو جیاوازیەکەی لەوەدایە کە خۆڕسکانە هاتوەتە ئاراوە، فاکتەری
سەرەکی ئەم شۆڕش و ڕاپەرینانە نە کودەتایەکی سەربازیە، نە حیزبێک یان
چەند حیزبێکی دەسەڵاتخواز و خۆسەپێنەرە، بەڵکو ئەوە خەڵکی ستەمدیدەی
چینەکانی ژێرەوەیە کە لە تاو ئازار و دەردی چەوساندنەوە ڕاپەڕیون، بە
هۆی بێکاریی و بێدەرەتانییەوە هێرشدەکەن و پەلاماری کۆنەپەرستان و
ستەمکاران دەدەن، بە هۆی بێڕێزی و ناشکۆمەندییان لە دنیای سیاسەتی چینە
سەردەستەکان و بەشدار نەبوونیان لە سیاسەت و حوکمی خۆیاندا بەگژی حوکمی
گشتگیردا دەچنەوە و دەخوازن ڕایانماڵن، بۆ هەمیشەیی حوکمی دیکتاتۆرەکان
وەلابنێن.
ئەم قۆناغەی کۆمەڵگا ئیسلامی و ڕۆژهەڵاتیەکان کە ژینگەی ترادسوێنێکی
دواکەوتوو و کولتووری دین تیایدا بەرهەمێنەری هێزی ئەو دەستەو تاقم و
حیزبانەیە کە حوکمی دیکتاتۆری و تۆتالیتارییان لێدەکەوێتەوە. ئەم جۆرە
لە حوکم، هەمیشە لەم ژینگە دواکەوتوەدا دەتوانێت خۆی نوێبکاتەوە، ئەگەر
چەندین جار بە کودەتا، یان بە ناوی شۆڕش و ڕاپەڕینەوە دەستە و تاقمێکی
تر جێگەیان دەگرنەوە، بەڵام ئەم گۆرانکاریانە تەنیا گۆرانکارییەک بووە
لە دەموچاوەکاندا و هیچیتر، تەنیا گۆرانکاریەک بووە لە توێژێکی
دواکەوتوەوە بۆ توێژێکی دواکەوتووی تری هەمان دەستەو تاقم، کە هەر
هەموویان ستەمکاربوون.
سەرکەوتنی هەر تاقم و دەستەیەکیش لەم ستەمکارانە، هەموو جارێک بە
فاکتەری ناهوشیاری خەڵکی ستەمدیدە و بە فاکتەری سۆز، بە فاکتەری
کۆبوونەوەی جەماوەر و حەشاماتی خەڵکی نەخوێندەوار لەدەوری سەرکردەی
کاریزمایی، یان حیزبی ناسیونالستی، بە فاکتەری ناهوشیاریی و نەزانین کە
چۆن ڕزگاریان دەبێت، بەڵکو خوا بکات فریادڕەسێک ڕزگاریانکات
بەدەستهاتوە. زۆر جاریش بە فاکتەر و هەڵخەڵەتاندنی ئەو جەماوەرە
ستەمدیدەیە دژی ناحەزانی دەرەکی بووە کە توانیویانە بیانکەن بە
سووتەمەنی ئامانجە گڵاوەکانی خۆیان.
هەرچەندە ئیسلامیە فێندەمێنتالیستەکان و کۆنزەرڤاتیڤەکان، وەک
دەردەکەوێت توانیویانە، یان دەتوانن ئەمجارەش شۆڕشی خەڵکی ستەمدیدە
بدزن، ڕەنگە ئەم جارەش بتوانن خەڵکی بخەنەوە هەمان ئەو خولگەیەی کە لە
بەرژەوەندی حیزبگەلێکی ئیسلامی و کۆنزەرڤاتیڤەبێت، ئەگەری ئەمە زۆر
لەبارترە وەک لە ئەگەری هاتنە سەر حوکمی بۆرژوازیەتێکی دواکەوتووی
هەڵخەڵێتەنەر بە ناوی حوکمی عەلامنیەتەوە، کە تا ئێستا ئەو حیزبە
تەقلیدیانە لە هیچکام لە وڵاتانی تونس و لیبیا و میسر سەرکەوتنیان
بەدەستنەهێناوە. بەداخەوە حوکمی ڕاستەقینەی خەڵکیش تیایاندا بەدینەهات.
بەڵکو حوکمی کۆنەپەرستانەی ڕاستەوخۆی ئیسلامی هاتوەت ئاراوە،. لەم
حاڵەتەشدا بەرکەوتن و ململانێ سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان راستەوخۆ لە
نێوان خەبات و تیکۆشانی عەلمانیەکان و ئەم حوکمە کۆنەپەرستانەدا
دروستدەبێت، واتە حوکمە کۆنەپەرستەکە خۆی ڕاستەوخۆهاتوەتە مەیدانی
ململانێەوە نەک نوێنەرەکانی، ئەمەش هەنگاو و قۆناغێکی یەکلایکەرەوەیە
یان حوکمی ئیسلامی کۆنەپەرست، یان گۆڕینی بۆ حوکمێکی عەلمانی
پێشکەوتوخواز و مۆدێرن.
ئەم حاڵەتەش ئەوە دەگەیەنێت کە حیزبێک، یان حیزبگەلێکی بورژوازیی
دواکەوتوی هەڵگری ترادسوێن و خەسڵەتەکانی هەناوی دەرەبەگایەتی بە
سەپۆرتی ئامریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا، یان کۆمپانیا چاوچنۆکەکانیان
بەسەرچوو، کە خەڵک بە ناوی حوکمی سکۆلار بخەڵەتێنن و لە هەمانکاتیشدا
کۆکتێلێک بن لە حوکمی بۆرژوای دواکەوتوو کە ئیلهام لە ترادسیۆنە
بەسەرچووکان و کولتووری ئیسلامیەوە وەربگرن. بەرامبەر بە حیزبە
ئیسلامیەکانیش بوەستنەوە و دژایەتیانبکەن و بە دەیان لە سەرکردەکانیان
زیندانی بکەن، بە چەواشەکاریی و خەڵەتاندن و خۆڵکردنە چاوی خەڵکی
ستەمدیدە، گوایە ئەم حوکمە حوکمی عەلمانی و مۆدێرنە و ناعەدالەتی
قبوڵناکات، هەر بەو ناوەشەوە سەدانیان لە چەپەکان زیندانی دکرد و بە
حوکمێکی ناعادیلانە سزای لە سێدارەیان دەدان خەڵکیان وا تێدەگەیان کە
ئەم چەپ و کۆمۆنیستانە دەیانەوێت کولتووری دینیی و ناسوێنالیستییمان
بسڕنەوە و لە جێگەیدا کولتووری ڕۆژئاوامان بۆ بهێنن.
ئەنجامی شۆڕشی ئەمجارەی کۆمەڵگا عەرەبیەکان ئەگەر سەرکەوتنی ئیسلامییە
سیاسیە کۆنەپەرستەکان بەردەوامیشبیت تیایاندا ئەوە هەر کاتیدەبێت و
قۆناغەکە قۆناغیکی هەڵکشاوتر و هەنگاو و بازدانێکی نوێیە، بەو مانایەی
کە ململانێ ڕاستەقینەکە لە نێوان فێندەمێنتالیستی ئیسلامیی و
کۆنزەرڤاتیڤەکان لە لایەک و لەیەکی تر سکولارخوازەکان و چەپ و
کۆمۆنیستەکاندا دەبێت، کە لای کەمی ئەگەر چەپەکان و کۆمۆنیستەکان لەم
قۆناغەدا خوازیاری بەدیهێنانی سیستەمێکی سۆسیالیستیش نەبن لەگەڵ
سکۆلارخواز و لیبراڵەکاندا خوازیاری حوکمێکی سکۆلارن.
هیگلیزم و مارکسیزمیش جەختیان لەوە کردوەتەوە کە کۆمەڵگاکان و شۆڕش و
خەباتی خەڵکی ستەمدیدە قۆناغ بە قۆناغ دەڕوات و تێدەپەرێت. ئەوەتا
عەفیف ئەخزەری ڕۆشنبیر و هەڵگری بیروڕای عەڵمانیەتیش جەخت لەوە
دەکاتەوە کە دەڵێت؛ فێندەمەنتالیستی دینی و کۆنزەرڤاتیڤ کاتێک دێنە سەر
حوکم ناخود ئاگایانە لەگەڵ خۆیاندا هوشیاری خەڵک بەرزدەکەنەوە، بە
توندوتیژیەکانیان، بە دەرخستنی زیاتری دنیای تاریکستانیان، بە
ستەمکارییە ڕاستەوخۆکانیان بەرامبەر بە گشتی خەڵک و بە تایبەتی
بەرامبەر بە ژنان و زەقکردنەوەی نایەکسانی ژنان و پیاوان و قەدەغەکردنی
هەموو ئەو بوارانەی ژیان کە بۆنی مۆدێرنە و ژیانی لێدێت، وەک، موسیک و
گۆرانی و سەما و پەروەردەی سەردەمیانە و فەلسەفیانە، یان وەک
ئازادیەکانی تاک، بە تایبەتی ئازادی گەنجان و تەنانەت خۆگۆڕین و خۆ
جوانکردن و خۆ ئاڵاوواڵاکردن.
کاتێک حوکمی ئیسلامیی ڕستەوخۆ دروستدەبێت، کاتی ئەوە بەسەردەچێت کە
ترادسوێنە دینی و دواکەوتوەکان لە ژێر سایەی حوکمێکی ئیسلامی
ناڕاستەوخۆدا هەمیشە زیندوبێت و لە خۆ تازەکردنەوەدابێت.
بە بڕوای من ئەم شۆرشانە بەردەوام دەبێت، لەگەڵ وچاندان و وەستانیدا بۆ
ماوەیەک، یان لەگەڵ سەرکەوتنی ئیسلامیەکانیش، شۆڕش ناوەستێت و بۆ دواوە
ناگەڕێتەوە، کرانەوەی چاوی خەڵک سەرەتایەکە بۆ ئەو ڕێنسانسەی کە لە
ماوەی ١٠ تا ١٥ سالی تردا بەرهەمی دەبێت و حکومەت و کۆمەڵگای سکولار
دروستدەبێت لەم وڵاتانەدا.
ئەم ڕایەی من بە هیچ جۆرێک بەو مانایە نایەت کە خوازیاری حوکمی
ئیسلامیەکانبم. دیسان بەومانایەش نایەت کە دژی خەبات و تێکۆشانێکبم بۆ
تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە و بەرهەڵستیکردنی سەرکەوتنی ئیسلامیەکان.
خوازیارم و هیواخوازم کە بەرەی گەل لەم قۆناغەدا کە خۆی دەبینێتەوە لە
تاک و حیزبە عەلمانیەکان و چەپەکان و پێشکەوتوخوازەکان بە زووترین کات
بێنە سەر حوکم و هێزی کۆنەپەرستانی ئیسلامی و کۆنزەرڤاتیڤ و چینی
بۆرژوازی دواکەوتوو بۆ هەتا هەتایە بخەنە پەراوێزی مێژووەوە.
ماڵپهڕی جیهاد محهمهد کهریم
|