١\۴\٢٠١٠
شۆفینیزمى عەرەب
یەکگرن ، بەر لە خواستى کورد بگرن.
- دیوى ناوەوەى
بیرکردنەوەى شۆفینیزمى عەرەب بەرامبەر بە گەلى کورد -

هیوا ڕەش
دەمارگیرى و شۆفینیەت ، چەمکێکى هێند قێزەونن هەرگیز نە بەلایاندا
چوومە و نە بەلاشیاندا ئەچم ، هەمیشە پێم خۆش بووە ژیانێکى شایستە بۆ
تاک و کۆمەڵ و نەتەوە و گەلان فەراهەم بێت ، چۆن دەستدرێژى کردنە سەر
مافى خۆم وەکو تاک ، مافى کورد وەکو نەتەوەکەم پێ ناخۆشە بە بارتەقاى
ئەوەش ئازار ئەچێژم لەکاتى چەوساندنەوەى بەرامبەرەکەم جا سەر بە هەر
کەس و نەتەوە و ئایینێک بێت .
بەدرێژایى مێژووى کورد ، لەکاتى شکست و سەرکەوتندا ، لەخۆشى و ناخۆشیدا
، لە سیاسەت و ئەدەبدا ، بەردەوام کوردى هەموو پارچە داگیرکراوەکانى
کوردستانى گەورە لە فەرهەنگى ڕۆشنبیرى و کۆمەڵایەتى خۆیاندا ( برایەتى
و برایەتى ، دیسانەوە برایەتى ) دروشمى سەرەکییان بووە لەگەڵ نەتەوە
سەردەستە داگیرکارەکاندا ، مخابن ئەوان ئەگەر مناڵێکیان خەون بەبرایەتى
ئێمەوە ببینێت سزاى ئەدەن و بەردەوام ( کۆیلەیەتى و کۆیلەیەتى و
دیسانەوە کۆیلەیەتى ) دروشمى بنەڕەتییان بووە بەرامبەر بە ئێمەى کورد و
هەوڵیان داوە بە لۆژیکى ( مافى خۆم بۆ خۆم مافى تۆش ئەخۆم ) ڕەفتارمان
لەگەڵدا بکەن !
لەکوردستانى باشورى بەشە داگیرکراوەکەى ئێراقى داگیرکاردا ، لەئاکامى
فشار و بەرخودانى شۆِرشە نەپساوەکانمان گەلێک جار بەرامبەرەکەمان ناچار
کراوە خۆ بدەنە دەستى واقعەوە ، لەو پێودانگەوە ملیان داوە دان پێدانان
بە کەمۆکەیەک لە مافە زەوتکراوەکانمان ، تا گەییشتە ئەوەى ڕژێمێکى
دکتاتۆرى فەرخەفاشى ئەو سەردەمەى بەکر و سەدام لە ساڵى 1970 دا بەیانى
11 ى ئازار ڕاگەیەنن ، وەلێ دواى پڕچەک کردنى خۆیان دووبارە ناوەڕۆکى
خۆیان کە لەدیوى ناوەوەیاندا حەشار درابوو ئاشکرا کرد و بەربوونەوە
وێزەى گەلەکەمان و ئەو بەیاننامەیەى بەڵێنى جێبەجێ کردنى ناوەڕۆکەکەیان
دابوو فڕێیان دایە مێژووى خوێناوى خۆیانەوە .
سیناریۆى ڕێزلێنان و دان نان بەمافە نەتەوایەتییەکانى کورد لەکاتى
لاوازى دوژمناندا بەرەو هەڵکشان چووە و لە کاتى خۆبەهێز کردنیشیاندا
داکشاوە ، ئەمە لە سەروبەندى داتەپینى ڕژێمە کوردکوژییەکەى سەدام
حوسێندا لە ساڵى 2003 دا بەجوانى دەرکەوت ، تەنانەت زۆر لە خواستە
گەورەکانى کورد کران بە ماددەى دەستوری ، چونکە شۆفینیزمى عەرەبى عێراق
بە نەمانى سەدام کۆستێکى گەورەیان کەوتبوو ، دووچارى گەورەترین
نەهامەتى هاتبوون کە چوارپەلیانى شکاندبوو ، بۆیە ملکەچ بوون بۆ داوا
ڕەواکانمان لە بە فیدڕاڵى ناساندنى عێراق و بەشەبودجە و ماددەى 140 ى
تایبەت بە ناوچە داگیر و دابڕاوەکانى کوردستان .
هەموو ئەمانە سەرکردایەتى سیاسى کوردیان نە تەمبێ کردووە نە فێرە
سیاسەتیش ، لەبەرئەوەى حزبایەتییان خستۆتە پێش کوردایەتییەوە و باشترین
بەڵگەش دابەش کردنى پۆست و پلە و پایە و بودجە و پارەى دەستهاتووى
گەلەکەمانە لە نێوان هەردوو بنەماڵەى بارزانى و تاڵەبانى و حزب و
پیاوەکانى خۆیان بەبێ لەبەر چاو گرتنى ئەو بارودۆخى ناهەموارەى
گەلەکەمان ، هەر ئەم کەلێنەشە زەمینەیەکى گونجاوى ڕەخساندووە بۆ
دوژمنانمان کە دزە بکەن بۆ درز خستنە ناو خواستەکانمان تا بەرەبەرە
پاشگەز ببنەوە لێیان ، ساڵح موتڵەگ لێوى ئەکرۆشت بۆ ئەوەى کە ئێستا
دەستیان بەستراوەتەوە و هەر کاتێک بۆیان بڕەخسێت هەڵەبجە و ئەنفال بە
شێوازێکى مۆدێرن تر لەسەر خوانى شۆفینیزمى پێشکەش بە گەلەکەمان
ئەکەنەوە ، ئەسیل نجێفى پێشمەرگە ناشیرین ئەکات و یەکێکى تریان
هەرێمەکەمان هەڵئەوەشێنێتەوە و ئەوى تریان کەرکوک زەوت ئەکات ، ئەوەتا
دوا لێدوانى پڕ ڕق و کینەى عەبدولهادى حەسانى بە گاڵتەجاڕییەوە باسى
جێبەجێ کردنى ماددەى 140 ئەکات ، ئەگەر چاوێک بە ئینتیماى سیاسى هەر
یەکێک لەوانە بخشێنرێت هەریەکە و سەر بە لایەنێکن لە بەعسى و ئیسلامى
سوننە و شیعە و - - - - - کە سەرەنجام هەموو بۆچوونەکان ئەڕژێنە
ڕووبارەکەى سەدامى دکتاتۆرەوە و ئەیانەوێت بەمە لافاوى شۆفینیزمى بدەن
بەسەر خواستەکانى گەلى کوردمان و بە ئاقارى نغرۆ بوون دا بیبەن .
ئەمڕۆ بەدەر لەوەى سەنگ و قورسایى پێشوو ترمان لەدەست داوە ، ئەبێت
هەموو لایەنە کوردستانییەکان بۆ بەرگرتن لەم ئاراستە دژە مرۆییە یەک
هەڵوێست بن و چى تر بەرژەوەندى حزب نەخەنە سەرووى بەرژەوەندییەکانى
گەلەکەمانەوە و بە مکوڕییەوە پێداگیرى بکەن لە سەر ئەو بڕگە و ماددە
دەستورییانەى کە بۆ پاراستنى مافى گەلى کورد بڕیارى لەسەر دراوە ،
چونکە دڵنیام پیلانە کۆنەکان تازە ئەکرێنەوە کە لەوە پێش دەرهەقمان
پیادە ئەکرا ، هەرکاتێک شۆڕشى کورد برەوى سەندبێت وەزیرانى دەرەوەى
تورکیا و ئێران و سوریا و ئێراق بۆى کۆ ئەبوونەوە تا لاوازى بکەن ،
ئێستاش شیعە و سوننە ، ئیسلامى و عەلمانى ، دیموکرات و شۆفینى هەموو
کۆکن لەسەر ئەوەى ئامانجەکانمان لە ( خلف الکوالیس ) ەوە خۆیان خواردوو
بکەن ، هەرچەندە سەدام وەکو جەستە نەمابێت بەڵام وەکو هزر هێشتا
زیندووە و مەترسییە بۆ سەر خواستە ڕەواکانمان .
07701309524
Hewarash1@yahoo.com
|