په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\٧\٢٠١٢

شۆڤینزمی زمانی سەرنووسەری ماڵپەڕی سبەی بەرامبەر بە زمانی ھەورامی.


مۆختار کەریمی      


ماوەیەک لەمەوپێش بابەتی وتووێژێکم سەبارەت بە دەوری زمانی دایک، لە ژێر سەردێڕی "ھەستووسۆز بە زمانی دایک باشتەر دەردەبڕدرێت" وەرگێڕایەوە سەر زمانی ھەورامی. ئەم وتووێژە لە گەڵ پڕۆفسۆرێکی زمانناسی ئۆستەرالیایی، کە مامۆستای زانکۆ‌یە، کرابوو. ناوەرۆکی وتووێژەکە دەوری زمانی دایک لە پەروەدەو لە ناو کۆمەڵگادا بە شێوازێکی زانستیانە شی دەکاتەوە ‌و لە کۆتایدا ڕاچاری "کێشەی دەسکردی چەند زمانی" لە ناو کۆمەڵگا فرەزمانکاندا پیشان دەدا. منیش پاش زەحمەتێکی زۆر بۆ وەرگێڕان و ئامادە کردن بابەتەکم نارد بۆ چەند ماڵپڕی ئینتێەرنێتی کوردی، تا بەم شێوە بیخەمە بەردەستی خوێنەران. ھەموو ماڵپەڕە ھەورامی زمانەکان زۆر بەخۆشحاڵیەوە دەسخۆشیان لێکردموو بابەتەکەیان بۆ بەڵاو کردمەوە. ھاوکات ئەو بابەتەم بۆ ٣٤ ماڵپەڕی سۆرانیش نارد و تکام لێ کردن کە بابەتەکەم لە سەر ماڵپەڕەکیان بۆ بەڵاو بکەنەوە تا بەم شێوە بکەوێتە بەر دەست خوێنەرانی ھەورامی زمان و ھەورامی زان کە سەردانی ماڵپەڕەکەیان ئەکەن. سەیر ئەوەیە کە ئەم ماڵپەڕانە ھەموویان خویان بە بێلایەن، ئازادی خواز، دێمۆکراسی خواز، کراوە بۆ بابەتی جۆراجۆر، ڕێزگر لە مافی مرۆڤ و کوردستانی و....... دەدەنە قەڵەم. لەم ٣٤ ماڵپەڕە تەنیا ٦ ماڵپەر حازر بوون کە بابەتەکەم بۆ بەڵاو بکەنەوە. ئەگەر بە ڕێژەی لە سەد(١٠٠) بەرئاوردیان بکەین، ١٧،٦٪ بۆیان بەڵاو کردمەوە و زۆر بەداخەوە ٨٢،٤٪ خۆیان لە بەڵاوکردنەوە پاراست، چون با‌بەتەکە بە سۆرانی نەبوو. ئەمەش لە حاڵێکدایە کە بەشێکی زۆری ئەو ماڵپەڕانە بابەتی عەرەبی و فارسی بە بەردەوامی بەڵاو دەکەنەوە.


لێرەدا کورتە ئاماژەیەک بە ڕێژەی ڕەگەزپەرستی لە وڵاتی ئاڵمان، کە لەگەڵ تورکیەدا بە ڕەگەزپەرستترین وڵاتی دونیا ناسرواەن و بەرئاوردکردنی ئەم ڕێژەیە لەگەڵ ڕێژەی نا"ڕۆشنبیران" و ماڵپەڕە دێمۆکراسی خواز و ئازادیخوازو...... و بێلایەکانی ھاووڵاتیانی ئێمە قووڵایی کارەساتەکەمان بۆ دەر دەخات: بە پێ لێکۆڵینەوەی ناوەندی (شێل - شتودیەن) لە ساڵی ٢٠١٠ ڕێژەی ئەو ئاڵمانیانەی کە دژ ھەڵسووکەوتی بێ جیاوازی و دابەش کردنی ئێمکاناتی یەکسانی دەوڵەتی نێوانی بیانیان و ھاووڵاتیانی ئاڵمان بوون، گەیشتە ٤٧.٣٪. جیگای سەرسووڕمانە کە ٨٢،٤٪ی بە ناو نۆخبەی ناوچەیەکی دیاریکراوی کوردستان ئیزنی بەڵاوکردنەوەی بابەتێکی زانستی بەزمانی ھاووڵاتیەکی خۆی نادات.


من ئیستا نامەوێ لەسەر یەک یەکی ئەو ماڵپەڕانە بنووسم، چون بە باشی نایانناسم و نازانم لە ڕاستیدا سەر بە کام لایەنن. بەڵام ئەو ھەڵوێستەیان بەرامبەر بە زمانی ھەورامی زۆر شۆڤینیستانەیە. لە سەر سایتی سبەی دەتوانم بنوسم چوونکە ناسراوەو و خوی بە زمانحاڵی " بزووتنەوەی گۆڕان" لە سەر تۆڕی ئینتێرنێت دەناسێنێ و داوای لەناوبردنی نادادپەروەری ھەمەلایەنە و دامەزراندی کۆمەڵگایەکی سەردەمیانە دەکات کە تیادا دەبێ ھەموو ھاووڵاتیەکی کورد بە مافی ڕەوای خۆی بگات. ئەم گۆڕان خوازانە لە کاتی ھەڵبژاردنی پەرلمانی باشوری کوردستاندا بەڵێنی زۆریان بە خەڵکی ھەورامان دا. من خۆم لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی دا لە بەرنامەی ھانە ڕەنگینە، کە خۆم پێشکەشم ئەکەرد، داواکاریەکانی خەڵکی ھەورامانم وەکوو پرسیار ئاراستەی پاڵێوراوێکی گۆڕان کرد و ئەویش ھەمویانی بە ڕوا زانی و داکۆکی لێ کردن و بەڵێنیشی دا کە دوای ھەڵبژاردن بە دوایاندا دەچێت و دەیانخاتە بەر دەستی بەرپرسانی حکوومەتی. بەڵام دوای ھەڵبژاردن و چونە ناو پەرلمان ھەموشتیکیان لە بیر چووەو ھەرباسیشیان نەکرد. بەرنامەکەش وەکوو بەڵگە تۆمار کراوە و ماوە.


لێرەش وەکوو بەڵگە بەشێک لەو نووسینانەی نێوان من و سەرنوسەری ماڵپەڕی سبەی دەخەمەڕو.


نوسینی من:
بە ڕێزان ئە م کاتە تان باش، تکایە ئە م بابە تە م لە سە ماڵپە ڕە کان بۆ بە ڵاو بکە نە. بابە تە کە وە رگێڕاوی وتوووێژێکە سە بارە ت بە دە وروو بایە خی زمانی دایک لە پە روە ردە ی مرۆڤدا. بابە تە کە ھە ڵبە ت بە ھە ورامییە و بۆ ھە ورامی زمانە کان دە بێت کە سە ردانی ماڵپە ڕە کان ئە کە ن.
لە گە ڵ ڕێزوو سڵاو بۆ ئێوە
مۆختار کە ریمی


وەڵامی یەکەمی سەرنووسەر وەکوو خوی:
سڵاو کاک موختار دەستخۆش بۆ بابەتەکەت بەڵام تکایە بۆ ھیچ کوێی ترت نەناردوە


لەوە ئەچێ تا ئێرە سەرنووسەر نەیزانیبێ بابەتەکە چیە و بە چە زمانێک نووسراوە. گرینگ ئەوە بووە کە پیتەکان لە سۆرانی چون، بۆیە دەسخۆشیم لێ ئەکا. بەڵام پاش چەند خولێک سەرنوسەر بە پەلە و بە سەرسووڕمانەوە ئەم وەڵامیە بۆم نارد‌وە:
‌کاک موختار..............وابزانم بابەتەکە ھەورامییە............


وەک بڵی بۆمبێکی نەتەقێنراوی بینیبێتەوە و دەورووبەر ئاگادار بکاتەوە کە نەیانکوژێت.


ئەو لێرەدا گومانی بۆ دروست دەبێت و ئەوەندە زمانی ھەورامی بۆی نامۆیە کە دلنیاش نیە کە ئەم زمانە بەڕاستی ھەورامیە. دڵنیام کە ئەگەر بابەتەکە بە عەرەبی، فارسی، ترکی یان ئێنگلیسی بوایە، زوو دەیزانی کامیانە و ڕێزیشی لێ دەگرتن. سەێر ئەوەیە کە ڕقوو دوژمنایەتی ئەو بەرپرسە "کوردە" لە زمانی ھەورامی تا ئەو ‌ڕادەیەیە کە ھەر بە گومان لە ھەورامی بوونی بابەتەکە بە بێ ئەملا و ئەولا بڕیاری بەڵاو نەکردنەوەی دەدات.


ئەم ھەلسووکەوتە لە ڕوانگەی دەرونناسیەوە پیشاندەری ھەڵوێستێکی نەرێنی(منفی) و دوورەپەرێزانەیە و زۆرجاریش ئاوێتە بە ڕق و دژمنایەتیەکی کوێر و بێ بنەما (پێشداوەری کوێر) بەرامبەر بە مرۆڤێک یان کۆمەڵە مرۆڤێک کە سەر بە گرووپی ئەوان نین. ئەم گرووپانە بە ھۆی ھەبوونی باوەڕێکی خەیاڵی و نەگۆڕ(ستێریۆتیپ) ‌ھەموو شتێکی خویان بە باش و ئەرێنی و پیرۆز دەدەنە قەڵەم و ھی بەرامبەریان پێشاپێش بە خراپ و نەرێنی و نزم دەزانن.
سەرنووسەر ھەر وەھا لە درێژەی نوسینەکەیدا ڕاستیەک دەردەخات و دەڵێ:


بەڕاستی کەس لە ئێمە ھەورامی نازانین........... جیگای شەرمە کە کەسێک زمانی ڕەسەنی خوی کە بە ھەزاران ساڵە دراوسێەتی ھیچی لێ نەزانێ، بەڵام زمانی داگیرکەرەکانی کە ھیچ پێوەندیان بە زمانی خویەوە نیە، بزانێت و سەریان بۆ دانوێنێ و بەشێکی بەرچاو لە کاتوو و ھێزو بوودجەی ڕاگەیەنە گشتیەکانی خۆی بۆ زمانی ئەوان تەرخان بکات و شەرمیش نەیگرێ کە ئەم بوودجەیە سەروەتوو سامانی ھەموو ھاووڵاتیانی ‌کوردە بە خەڵکی بێ بەش کر‌اوی ھەورامانیشەوە. ھەر لەو شارە کە ئەوی لێ دەژیت، شاری "ھەڵمەتوو قوربانی و کوردایەتی و ڕۆشنبیری و....." بە دیان ھەزار ھەورامی زمان دەژین و بە سەدان کادرو و ئەندام و پێشمەرگەی حێزبەکەی دوێنێ و ئەمڕۆشی ھەر ھەورامی زمانن. زۆر بە ئاسانی دەکرا لەوان پرسێت کە ناوۆرۆکی بابەتەک چیە.


ئەم دانپێدانانە کە ھیچکامیان ھەورامی نازانن،خوی پیشاندەر و سەلمێنەری دوو ڕاستییە:


١. ھەورامی زمانە، نەک زاراوە، و ھەموو تایبەتمەندییەکانی زمانێکی سەربەخوی ھەیە. زمانناسەکان ئەڵێن، ئەگەر ٢ کەس لە شێوازی قسەکردنی یەکتری تێ نەگەن، ئەوا ئەو ٢ کەسە ٢ زمانی جیاوازیان ھەیە.


٢. خۆ بە زل زانین و بە چاوێکی نزم سەێرکردنی ھاووڵاتیانیتر و زمانکەیان. ئەگینا چۆن دەبێ تۆ چارەنوسێکی ھاوبەشت لەگەڵ ‌ھەورامییەکان لە ھەڵەبجە ھەبوبێت و پێکەوە بە گازە ژاراویەکانی سەدامی ملھوڕ قەڵاچۆ کرابیت، پێکەوە بەر شاڵاو و ژنۆسایدی ئەنفال، وەکوو گەورەترین تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، کەوتبیت و .... ئەویش تەنیا بە ھۆی کوردستانی بوونتان، ئەمجار بە ساڵان پێکەوە چەکی پێشمەرگایەتیتان لە شان بووبێت و پێکەوە بۆ یەک چارەنوس خەباتتان کردبێت و ئێستا کە پێکەوە نێمچە دەسەڵاتێکتان دەس کەوتوە، دەبێ خاس یان خراب لە بەرھەمەکانیشیدا ھاوبەش بن. زۆر جیگای پرسیارە کە تۆ ھەر زوو ھەمووشتێکت لەبیر چوەتەوە و بە ئاشکرا زمانی ھاوخەباتی دوێنێت ئەبڕی و پێشگیری ئەکەی لە نوسین و بەڵاوکردنەوە بە زمانەکەی. مەگەر پاراستنی زمان و ناسنامە و... ئامانجی خەباتی ھاوبەشی دوێنێتان نەبوو؟؟؟ چۆن دەبێ لە کوشتن و بڕین و ماڵوێرانی و دەربەدەری و سووتان بە گازی ژاراوی و ئەنفال ھاوبەش بن، بەڵام لە دەسکەوتەکاندا و لە ژێر دەسەڵاتی کوردیدا ھەر تۆ خاوەن بیتوو ھەورامیەکە ھەمان چارەنوسی ھەبێت کە لە کاتی دەسەڵاتداریەتی سەدامدا پێکەوە ھەتانبوو؟؟؟


سەرنووسەر لە کۆتاییا ئەنووسێت:
......بە ھەورامییە، بۆیە ناتوانین بڵاوی بکەینەوە


ئەم شێوە ھەڵسوکەوتە لە وشەنامەی سیاسیدا بە "شۆڤینیزمی زمانی" پێناسە کراوە. شۆڤینیزم بە مانای لەخۆبایی بوونی لەڕادەبەدەر و خۆبەباشتر زانینێکی بێ بنەما و مەترسیدارە بەرامبەر بە ڕەگەز، نەتەوە و یان ھەر گرووپێکی کۆمەڵایەتی تر. شۆڤینیستەکان ھەمووشتێکی خۆیان بە باشترین و پیرۆزترین دەدەنە قەڵەم و ھی کەسان یان کۆمەڵانیتر بە خرابترین و بێبایەخترین پێناسە دەکەن و بە چاوێکی زۆر نزمەوە سەیریان دەکەن و حازریشن خۆنواندنی ئە و کەسوو گرووپانە بە ھەموو شێوە و ئامرازێک سەرکوت بکەن و تەنانت لە نێوێشیان بەرەن. پەراوێز خستن، قەدەغە، سووکایەتی، تواندنەوە و.......لەو ئامرازانەن کە شۆڤینیستەکان بەرامبەر بە زمان و کولتور و تایبەتمەندی گرووپەکانیتر بەکاریان دەھێنن. ئەم ھەڵوێستەی سەرنووسەری سبەی بەرامبەر بە زمانی ھەورامی بە ئاشکرا شۆڤینیزمی زمانییە و زۆر مەترسیدارە.


ئێمە ھەموو پێکھاتە زمانیەکانی ھەموو بەشەکانی کوردستان بە دیان و سەدان ساڵە بە دەس شۆڤینیزمی داگیرکەرانی ترک و عەرەب و فارسەوە دەناڵێنین و خەساراتی قەرەبوونەکراوی زۆریشمان لێ کەوتوە. سەیر ئەوەیە کە ھەمان سیاسەت ئێستا لە لایەن شۆڤینیستانی ناوخۆوە بەرامبەر بە زمانی ھەورامی پێڕەو دەکریت. بەداخەوە بەشێکی بەرچاوی نا"ڕۆشنبیرانی"‌ ناوچەی سۆرانی نووس و سۆرانیبێژ بە ئاشکرا داوای سەپاندنی شێوازی خویان دەکەن بەسەر ھەموو شێواز و زمانەکانیتردا. نامەی ٥٣ کەس بۆ سەرۆکی ھەرێمی باشوری کوردستان و داوای سەپاندنی شێوازی خۆیان نمونەیەکی زەق و دیارە.


لەوەش مەترسیدارتر ئەم دێڕانەی خوارەوەن کە لە لایەن ئەمجەد شاکەلیوە کاتی خۆی، ٢٠١١ سەبارەت بە کۆنفەرانسی زمانی کوردی لە ھەولێر نوسیویەتی:

 
ئەگەر بڕیار بێت ئەم زمانە ستانداردەی ئێستای کوردی نەمێنێت و ببێتە جووتستاندارد(بە دیدی جووتزانایان و جووتسیاسییان و جووتمۆدێرنان و جووتپرۆفێسسۆران و جووتمامۆستایانی کورد) و ئەگەر بڕیار بێت، لە تەنیشت ئەم زمان و ئەلفبێیە ستانداردەی ئێستای زمانی کوردیدا، ئەلفبێ لاتینی بەکار ببرێت و زاراوەگەلی ھەورامی و فەیلی و کرمانجی و دملی و ھەموو ئەوانی دیکەش ببنە زمانی ستاندارد و ڕەسمی، ئەوا من بەشبەحاڵی خۆم زۆرزۆرم پێ باشترە و پێ خۆشترە و پێ ڕاستترە، کە کورد دەستبەرداری ئەم زمانۆکانەی خۆی ببێت و زمانانی عەرەبی و فارسی و تورکی ببنە زمانی خەڵکی کورد و شتێک بە ناوی زمانی کوردی تەنێ لەنێو ماڵاندا بمێنێتەوە و ئەویش بە تێپەڕبوونی کات و ساڵان بەرەبەرە نەمێنێت و لەبەین بچێت. من ھیچ لەم قسەیەم پەشیمان نیم، چونکە نەتەوەیەک، بەتایبەت خوێندووانی، ھێندە بیرکۆڵ و نەزان و گێل و گەوج بن، ھەرگیز شایستەی ژیان و مانەوە و سەربەخۆیی و ئازادی نییە. (سەرچاوە: ماڵپەڕی دەنگەکان - ئەمجەد شاکەلی - ٢٣\٩\٢٠١١).
 

ئەمجار دەبێ ئەم پرسیارەش لە ئەمجەد شاکەڵی بکرێت کە ئەگەر ئیستا ئەتاتورک و حەمەڕەزاشاە و سەدام لە ژیان بووایەن، باشترین خەڵاتی زێڕینی خەمخوری و ئەمەکداری بۆ زمانی عەرەبی و ترکی و فارسیان بۆ تۆ تەرخان نەدەکرد؟؟؟؟؟؟

 

 

١٥\٠٧\٢٠١٢
shahoko22@yahoo.de
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک