په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٨\٢٠٢٥

شوناسی هاوبەش.


هاوڕێ نەهرۆ        


مرۆڤ لە سەرەتای ژیانی دا خاوەن شوناسی تایبەت نییە، گەرچی سەرەتا ناوی لێ دەنرێ دوور لە ویستی خۆی، هەروا دەبێتە هەڵگری شوناسی ئاینئ و نەتەوایەتی بەو پێیەی دایک و باوکی هەڵگری هەمان شوناسن. مرۆڤ سەرەتا لە گوند یان گەڕەک چاوی بە دونیا هەڵدەهێنێ، خاوەن جیهان بینی و دونیا بینی تایبەتی نییە، تەنیا شارەزای پانتایی گوندو گەڕەکەکەی خۆیەتی، تەنیا ئاشنای چەند هاوڕێیەکی دیاریکراوی دراوسێ و قوتابخانەیە. هەر وەک چۆن زەڕنەقووتە لە هێلکە هەڵدەتروکێ، جاری شاباڵی دەرنەکردووە، ئاوا مرۆڤ لە سەرەتای تەمەن شارەزای مەلەو کایەکانی دیکەی گەورەبوون نییە. هەر چەشنی زەرنەقووتە مرۆڤ جاری شاباڵی لی نەرواوە، ئەو شوناسانەی پێش لە دایکبوونی مرۆڤ کەوتوون، ئینتمای ئاینی و نەتەوایەتی یە تەنانەت ئینتمای مەزهەبیش وەک مرۆڤەکە شیعەیە یان سونەیە، مەسیحی یە یان جوولەکەیە. بەڵام مرۆڤ کە تێکەڵی دونیای سیاسەت بوو، وەک ئاشکرایە جیهانی سیاسەت بەرفراوانە، شوناسی سیاسی، شوناسە گچکەکانی دی تێدەپەڕێنێ. مرۆڤ هەتا زیاتر ببێتە خاوەنی شوناسی گەورەو بەربڵاو، فڕین بە ئاسمانی خەیاڵ دا ئاسانتر ئەبێ، گەرچی ئەرکی زۆر ئەکەوێتە سەر شانی مرۆڤ بەڵام بەدیوێکی دی هاریکاری و هاوکاری دەکرێ، ئەندامانی کۆن دەستی دەگرن بەرەو دونیای فێربوون. ئەو پارتانەی میژووی یادەوەریی یان ئامادەبوونیان هەیە لە پانتایی جوگرافیای سیاسی کوردستان، پارتی نەتەوەیی و کۆمۆنیستی و ئاینی ین. پارتی نەتەوایەتی ئەگەر هاوچەرخ و سەردەمیانە نەبێ، ئەوە دوست و ئەندامی بیر تەسک پەروەردە دەکا، دوور لە گیانی ئەنتەرناسیوناڵی لە نێو کۆمەڵگا مامەڵە دەکا، گیانی نەتەوەیی خۆی، پلە بەندی ئاستی نەتەوەیی خۆی زاڵتر ئەکا بەسەر نەتەوەکانی دیکە، شوناسی پارتی نەتەوەیی شوناسی خودخواهی دیاریکراوە، پانتایی ئەم شوناسە بەربڵاو نییە. ئاسمان و ئاسۆی بیرکردنەوەی ئەندامانی پارتی نەتەوەیی لەشوێنێک دا بە قەتیس کراوی دەمێنێتەوە، لە شوێنێک دا ڕادەوەستی، لە شوێنێک دا بازنەو سنوورو بەربەستی بۆ پەیدا ئەبێ، جیهان بینی ئەندامانی پارتی نەتەوەیی کەم بڕ دەکا، دیاریکراوە، سنووردارە، شایانی باسە ئەندامانی پارتی نەتەوایەتی بەچاوێکی روون و گەشبین و ڕازی سەیری ئەندامانی کۆمەڵگا ناکەن، هەمیشە لە شوێنێک دا چاوە لێڵەکانیان شوناسی ئەوانی دی ناخوێنێتەوە، لە جێگایەک دا دووچاری نامۆ بوون دەبێ، بەتایبەتی کاتێ رووبەڕووی نەتەوەو زمانەکانی دی دەبێتەوە، بەتایبەتی کاتی گوێی لە ریتم و ئاوازی زمانی نەتەوەی سەردەست و نەتەوەکانی دیکەی دراوسی دەبێ. لەم کاتانەدا رووبەرووی سایکۆلۆژیەتی خۆ بەکەم زانین دەبێتەوە، هەست بەنامۆ بوون دەکا گیانی دەشەلەژێ چونکە لێرەدا مەعریفە دەسەڵاتە، زمان زانین، ئاستی مەعریفی بەرز دەکاتەوە، فریکوینسی ئاگاهی مرۆڤ ئەگەیەنێتە پلەیەکی باڵا، هوشیاریی پەرەدەستێنێ. مرۆڤ بە زانینی زمانەکان زیاتر وریا دەبێتەوە، توانای خوێندنەوەی کۆدی نادیاری کۆمەڵگای لە ئاستیکی بەرز لەنگەر دەگرێ.


لێرەدا ئەگەر بێنە سەر باسی پارتی ئاینی بەتایبەتی ئیسلامیەکان، شوناسی پارتی ئاینی، شوناسێکی نوێ و تازە نییە، شوناسێک نییە شتی تازە ئیزافە بکا بۆ هەمبانەی یادەوەریی و کەسایەتی مرۆڤ، شوناسێکە کەڵک لە بێ ئاگایی و سادەو ساکاری ئەندامانی کۆمەڵگا دەبینی کە بەڕێکەوت و هەڵکەوت لە نێو پروسەی ئیمان دان .


شوناسی ئیسلامی شوناسێکە لەسەر بنەچەی ئینتمای ئاینی سەرەتایی مرۆڤ ئیش دەکا. ئەگەر مرۆڤێک موسەڵمان بێت و بچێتە نێو پارتێکی ئاینی سیاسی، ئەوە کەسایەتییەکی توندڕەوی لێ دەر ئەچێ، جگە لە ئیسلام خاوەن ئاینەکانی دیکەی پێ کافرە، بگرە خاوەن ئاینەکانی دی پێ مرۆڤ نییە، ئامادەیە یەکێکی هەڵگەڕاوە لە ئیسلام بکوژێ بەدڵێکی سارد و خوێنێکی گەرم، بەدڕندەترین شێوە. وەک چۆن لە دەقەکان دا هاتووە (انصر اخاک ظالما او مظلوما) بە واتای یاریدەدەری براکەت بە چ زاڵم بێت یان زوڵم لێکراو. یان لە بری گیانی لێبوردەیی گیانی ڕق و توڵە بەرجەستەیە لای هەڵگرانی پەیامی ئاینی، وەک چۆن لە دەقەکان دا دەڵی ( العین بالعین والسن بالسن، البادیء اظلم ) بە واتای چاو لە جێ چاو، ددان لە شوێن ددان، دەستپێشخەر زاڵمترە.


کەواتە شوناسی ئاینی چەشنی شوناسی نەتەوایەتی بگرە زیاتریش سەقەتە ! شوناسێکی لێڵە، شوناسێکی نامۆیە، شوناسێکی بەدفەڕە، شوناسێکی ناتەواو ناکامڵە، شوناسێکە جگە لە شوناسی ئیسلامی، شوناسەکانی دیکە وەکو هەویت ناناسێ، ئامادەیە نەتەوەکەی خۆی قڕ و پاکتاو بکا وەک بزوتنەوەی ئیسلامی لە ئاوایی خێڵی حەمە کردیان.


ئەندامی پارتە ئیسلامییەکان بە پلە دوو و چاوێکی نزم سەیری نەتەوەکەی خۆی دەکا، نەتەوەی سەردەست چونکە ئیسلامە دەیسەپێنێ بەسەر گیان و روح و یادەوەریی و کەسایەتی نەتەوەی خۆی دا، پارتە ئیسلامییەکان بەردەوام و هەمیشە دژایەتی پارتی نەتەوایەتی و کۆمۆنیستی دەکەن گوایا عەلمانین داوای جیابوونەوەی ئاین لە دەوڵەت دەکەن. پارتی ئیسلامی لەگەڵ پارتەکانی دی دان و دۆیان ناکوڵی، بەشێوەیەک پەروەردە دەکرێن، تەنانەت سەبارەت بە ئەندامانی خێزانی خۆیان نامۆون، بروانە مێژووی یەکی لە ڕابەرانی پارتە ئیسلامیەکان لە کوردستان کە چۆن براکەی خۆی کوشتووە گوایا ناپاک بووە!


ئەم کردەوەیە ئەوپەری دڵڕەقی و بێ بەزەیی لێ دەبارێ. لەڕاستی دا کۆمەڵگای کوردستان نامۆیە بە پارتە ئیسلامیەکان و تێڕوانین یان، کۆمەڵگای کوردستان کۆمەڵگایەکی کراوەیە، کەلتوور و کەلەپوری کوردستان ڕەنگاو ڕەنگە، کورد میوان دوستە، لە ئاستی گەلانی دی مرۆڤ دوستە، نیشتمان پەروەرە.


لە ئاست و رەهەندیکی دیکەی شوناسی سیاسی بوونی پارتە کۆمۆنیستەکانە کە هەڵگری ئایدولۆژیەتی چینی کریکارن وەک مارکس و ئینگلس لە نووسراوەکانیان دەڵێن، کرێکار نیشتمانی نییە، کرێکارانی جیهان یەکگرن، جاران شوناسی کۆمۆنیستی و شیوعیەکان کەم بایەخ دان بوو بەشوناسی نەتەوایەتی لە کاتێکدا گیانی ئەنتەرناسیوناڵیستی زاڵ بوو بەسەریاندا، لەمەسەلە ئاینی و نەتەوەییەکان لە پێشتر بوو، بۆ نموونە دوای راپەڕینی ئادار پەیڕەوانی مەنسور حیکمەت دەیانگوت ( نەتەوەپەرستی شەرمەزارییە بۆ بەشەرییەت) لەڕاستی دا دەبێ میللەتی کورد ببێتە خاوەن شوناسێک کە نەشیش بسووتی نە کەباب، هەم خاوەنی ڕەسەنی شوناسی نەتەوەی خۆی بێ، هەم لەهەمان ئاراستە دا پەروەردەی گیانی ئەنتەرناسیوناڵیستی کرا بێ، هیچ فاکتەری بەسەر ئەوێ دیکە زاڵ نەکرێ بەڵانس لە نێوانیان دا هەبێ، بەشێوەی ستوونی ئیش لەسەر مەسەلەی نەتەوایەتی بکا لە هەمان کاتدا بەشێوەی ئاسۆیی ئیش لەسەر کێشەی ئەنتەرناسیوناڵیزم بکا. لەڕاستی دا داخوازی نان و ئازادی دەبێ پێکەوە گرێی درا بێ، لەم بوارە مەکسیم گۆرگی دەڵی، نان و شانۆوم بدرێ گەلێکی رۆشنبیرت دەدەمێ ! گەرچی بایەخی سەرەکی بۆ نان و خەباتی چینایەتی یە، بەڵام دەبێ ئەم خەباتە گرێی درا بێ لەگەڵ خەباتی رزگاری نیشتمانی دا.


لەڕاستی دا شوناسی هاوبەش دەبێ لە دەستووری کوردستان بایەخی پێبدرێ بەشێوەیەک کە شوناسی هۆمانیزم زاڵ بکرێ، ئینسان گەروەترین سەرمایە بێت لای حکومەتێک خۆی بە ڕەشید بزانی.


لە ژێر سایەی شوناسی گشتی هۆمانیزم دا، ئاین لە دەوڵەت جیا ئەکرێتەوە، پارتە سیاسیەکان مۆدرات ومام ناوەند ئەبن، لە یاسای دامەزراندنی حزبەکان رێگا بە پارتی توندڕەو نەدرێ، دەبێ ئێمە لە وڵاتێک بژین کە بەیەک پانتایی مامەڵە لەگەڵ پارتە سیاسیەکان بکرێ، شوناسێک بەسەر شوناسێکی دی زاڵ نەکرێ!


لە شوناسی هاوبەش دا، دەبێ باسی سروتی هاوبەش بکەین، هەر پارتی دەگری سروت و سەرمۆنی خۆی هەیە کە دواجار وەک سروتی هاوبەش دێتە ناساندن، ئەم سروتانە دەکرێ گیانی توندڕەوی بەسەریدا زاڵ بێت یان دەشێ بە روحیکی مام ناوەندی ئەنجام بدرێن، بۆ نموونە پارتی شیعەگەرا ئەندامانیان بە شێوەیەکی توندڕەو لە خۆیان ئەدەن، پەیڕەوانیان لە عاشورای هەموو ساڵێک خۆیان لە خوێن دەگەوزێنن یان پەیڕەوانی مەسیح لە فلیپین، لە یادی لەخاچدانی مەسیح ، مرۆڤی ساغ لە خاچ ئەدەن کە ئەمانیش پەیڕەوی دیاردەی خوێناوی دەکەن، ئەم تابلۆیانە دیاردەی توندڕەوی وێنا دەکەن لەمەسەلەی ئیمان دا، یان سروتی هاوبەشی سوفیگەرا لەی شیخەکانی قادری و نەقشبەندی بەشێوەیەک کە شێخەکانیان عارفن خاوەن (کشوفاتن) بەڵام دەرویشەکانیان پەیڕەوی کوێرانەیان لێ دەکەن. ئەگەر باسی سروتی هاوبەش بکەین تەنانەت نوێژ لە ئاینی ئیسلام دا توندڕەوانەیە، بۆ نموونە پێنج جار لە رۆژێکدا، جاران هەزاروچوارسەد ساڵ پێش ئێستا لە نیمچە دوورگەی عەرەبی عەرەب دەستبەتاڵ بووە کارو کاسپیان نەبووە، بە سروتی هاوبەشی نوێژەوە خەریک و سەرقاڵ کراون، ئێستا لە سەردەمی تەکنولۆژیاو دیجیتاڵ و ژیری دەستکرد و خیرایی ترانسستوری سێ نانو لە چرکەیەکدا دەبێ ئەم سروتانە بخرێنە ژێر خوێندنەوەی ورد وژیرانەوە، چاوی پێیابخشێندرێتەوە، پروسەی (تشذیب) بۆ ئەنجام بدرێ چەشنی درەختێک دەبێ چەند ساڵ جارێک لق و پوپە زیادەکانی لێ بکرێتەوە. ئا بەم شێوەیە سروتەکان چ ئاینی بن یان نەتەوەیی و کۆمۆنیستی، دوور لە گیانی توندڕەوی ئەم سروتە هاوبەشانە بەپێ گیانی سەردەم سەرلەنوێ دابڕێژرێتەوە، گەر چی لە ناواخن دا، هەموو سروتێک بریتی یە لە دیاردەیەکی فیزیاوی.


لە قازانجی مرۆڤ دایە سروتی هاوبەش ئەنجام بدا، لەبەر ئەوەی یادەوەریی مرۆڤەکان یەکانگیر دەبن لەگەڵ یادەوەری گەردوون بە هەمان ئاست و ئاراستەی ماتماتیکی بە رێوە دەچن. هەر بۆیە ئەوەی سروتی هاوبەش ئەنجام نەدا لەرووی دەروونی یەوە باری قورسە، چونکە لەو دەمەدا یادەوەریی تاک خودی خۆی رووبەرووی یادەوەریی گەردوون و سروشت دەبێتەوە، ئەم لێکدانەوەیە بەپێ خوێندنەوەی پشت بەستوو بە زانستی فیزیا بۆ ئەنجامدانی سروتی هاوبەش چ ئاینی بێ یان هۆمانیزمی ڕاستە.


لە ئەوروپاو ئوسترالیاو ئەمریکا سروتی هاوبەش بریتی یە لە وەرزش و ئاهەنگ گێڕان، کاتێ ئاهەنگ ئەگێڕن نزیکەی شەست هەزار کەس کۆدەبێتەوە لە شارێک وەکو ئۆسلۆ، چوار سەعات لە نێو دونیای موزیک و دەنگ شوناسی تاکەکان ئاوێتە دەکرێن.


ئەم فەزاو ئەتمۆسفێرە لەرووی زانستی فیزیاوە تەکاندنی باری قورسی سەر شانی تاکەکانە کە بەدرێژایی رۆژانی ڕابردوو ئێش ئەکەن و ماندوو دەبن. بەیناو بەین لە رێگای تەماشای خولی وەرزشی و ئاهەنگ گێرانەوە شەکەتیان دەر ئەکرێ.


یادەوەریی تاک ئەگەر لە سروتی هاوبەش داببڕێ وەک ئەو پەندە وایە کە دەڵی (مەڕ لە ڕان داببڕێ گورگ دەیخوا).


لە کۆتایی دا دەڵێم، هەر لەبواری سروتی هاوبەش شیوعیەکانی کوردستان لەگەڵ شیوعیەکانی جیهان هەموو ساڵێ رۆژانی ١٢، ١٣، ١٤ ی ئەیلول، ڤیستیڤاڵی لۆمانتی لە فەرەنسا ئەنجام ئەدەن، شایانی باسە پینج سەد هەتا هەفسەد هەزار ئامادە دەبن لە ڕاستی دا ئەمە جەژنێکی روحی شیوعی و کۆمۆنیستەکانە لەسەر ئاستی جیهان.


٧\٨\٢٠٢٥ - ئۆسلۆ

ماڵپەڕی هاوڕێ نەهرۆ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک