په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٧\٢٠١٥

شوناسی تراژیدیی!


نەهرۆ         


تراژیدیی وشەیەکی یونانی یە بە مانا وشەیەکەی دەبێتە ( گۆرانی بزن ) لەبەر ئەوەی لە نێو سروتی ئاینی کۆنی گریگ دا بزن کراوەتە قوربانی!


تراژیدیی بە پێچەوانەی کۆمیدی یە، ئەگەر کۆمیدی لوتکەی خۆشی و قاقای پێکەنین بێت ئەوە تراژیدیی تروپکی ناخۆشی و کارەسات و غەم ئەنگیزییە!


بۆ نموونە مارکس دەڵی میژوو دووجار دووبارە ئەبێتەوە جارێک بە شێوەی کۆمیدی جارێکیش بە شێوەی تراژیدیی ! کەباسی شوناسی تراژیدیی دەکرێ یەکسەر مێشکی مرۆڤ دەچێ بۆ لای ئەدەبیاتی یونان، بە تایبەتی لای ئیسخیلوس و سوفوکلیس کە نووسینەکانیان ئیش کردنە لە نێو تراژیدیا، تراژیدیای ئەفسانەکان، مەودای زەمەنی درامای تراژیدیی لای گریکەکان رۆژێکە بە پێچەوانەی داستانەکان کە مەودای زەمەنی بەرفراوانیان ھەیە!


ئێمە کە باسی شوناسی تراژیدیی دەکەین، دەبێ سەرەتا باسی ئەو فەلسەفانە بکەین کە لەسەر تراژیدیای تاک و کۆمەڵگا ئیشیان کردووە ھەروا باسی تراژیدیا بکەین لە نێو ئەدەب و ئاین و شوناسی تراژیدیی ئافرەت!


ھەر بۆ نموونە فەلسەفەی مارکسیزم ئیش کردنە لە نێو تراژیدیای شوناس کە حاڵەتی ھەژاری و بەدبەختی یە لەلایەکی تر ئیش کردنە لەسەر تراژیدیای شوناس لای ئافرەت چ وەک لایەنە بایلۆژیەکە یان وەک لایەنە ئابوری و یاسایەکە، مارکس ئیش لەسەر شوناسی تراژیدیی کرد بە شێوەیەکی کۆ، تەنانەت لەمەر ئافرەت دەیگووت دووجار شوناسی تراژیدیی ھەیە یەکەم لە نێو خێزان، دووەم لە نێو کۆمەڵگا!


فەلسەفەی ئەکستانسیالیزمیش بە ھەمان شێوە، ئیش کردنە لە سەر تراژیدیای شوناسی بە مرۆڤ بوون بە شێوەیەکی تاک، ئەکستانسیالیزم زیاتر رەھایی و ئازادی مرۆڤی بەلایەوە مەبەستە لە نێو زەمەن و ساتەوەختی ھەنووکە!


مرۆڤ لە کۆمەڵگایەک بژێ زەمینەی سەرکەوتنی شورشی سوسیالیستی تیا نەبێ ناچارە پەنا بۆ چارەسەری تاکرەوی بەرێ! تاوەکو کۆتایی بە شوناسی تراژیدیی خۆی بھێنێ! لە راستی دا ئەگەر بەشێوەیەکی ئەبستراک سەیری پروسەی یەکەی ژیان بکەین ئەوە ھەمیشە بە شوناسی تراژیدیی کۆتایی پێ دێ کە خۆی لە مەرگ و مردن بەرجەستە ئەکا!


ئەرستۆ کاتێ لە بواری تراژیدیا باسی یەکێتی زەمان و یەکێتی شوێن و یەکێتی رووداو دەکا ئەوە باسی یەکەی یادەوەری مرۆڤ دەکا، کە ھەموو یەکەیەکی یادەوەری دەشێ ھەڵگری شوناسی تراژیدیی بێ لە ساتەوەختی ژیانی دا! بەڵام دواتر لە ئەدەبیاتی رۆژئاوا یەکێتی رووداویان شکاند ھەر بۆ نموونە لای شکسپیرو ئیبسن درامای چەند لایەنی و ئاڵۆز سەری ھەڵدا کە ئەویش ئیش کردنە لە نێو بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی، دەشێ چەند فاکتەرێکی نھێنی و ئاشکرا کار لەسەر ئەنجامی رووداوێک بکەن، ئەگەر لە بواری ئەدەب نموونەیەک بھێنینەوە ئەوە پەرتوکی ئازارچێشتووانی سەر زەمین ( المعژبون فی الارچ ) ھی نووسەری میسری تاھە حوسەینە ( ١٨٨٩/١٩٧٣) کە باشترین بەڵگەیە لەسەر شوناسی تراژیدیا، ئەم پەرتوکەی تاھە حوسەین بریتی یە لە ١١ چێرۆک ھەر دەڵێی وەک نمایندەی یازدە ئەستێرەکە نووسراوە ھەر وەک ئەفلاتون دەڵێ ھەموو شتێکی ژیان وێنەی ئەسلەکەیەتی لە ئاسمان! گەرچی من پوختەیەک لەسەری خۆێندۆمەتەوە بەڵام باسی چلەکانی سەدەی بیستەمی وڵاتی میسر دەکا کە چۆن ھەژاری و نەخۆشی و پەتا رووی تێکردووە، باسی قەدەری تراژیدیی ئینسانەکان دەکا لەو سەردەمە!
ھەروا بەم نزیکانەش ٣٤ ئەلقەی زنجیرە درامای تورکیم بینی بە ناوی( رۆژی نووسینی قەدەرم ) زۆر بە روونی ئەم درامایە ئیش لەسەر شوناسی تراژیدیی دەکا، دیارە دراماکە سەرەتا لە گوندێکی تورکیا دەست پێ ئەکا بە ناوی خەتای، باس لە خێزانێک دەکا کە دوو کچ یان ھەیە، کابرایەک بە ناوی مەقسود حەز لە کچە گەورەکەیان دەکا بە ناوی ئەلیف کەچی ئەلیف مەقسودی خۆش ناوێ، مەقسود باوکی ئەلیف کە ئارەق خۆرە ئەخاتە ژێر قەرزەوە تا گوشار بخاتە سەر کچەکەی و شوی پێ بکا، رۆژێ لە ئەنجامی فشار ھینان و کێشمەکێش دایکی ئەلیف مێردەکەی بە بەرد دەکوژێ کە باوکی ئەلیفە ھەر بۆیە دایکی ئەلیف دەکەوێتە زیندانەوە، سەحنەی دراماکەش دەکەوێتە ئەستانبول، ئەلیف و خۆشکە بچوکەکەی کە ناوی نازڵی یە ماوەیەک سەرگەردان دەبن، لەم ماوەیەدا نازڵی کە نەخۆشی دڵی ھەیە دەکەوێتە نەخۆشخانە لە ئاکامدا لە رێگای ناسیاوێکەوە ئەلیف دەبێتە کەنیز لە ماڵێکی دەوڵەمەند، ئەم ماڵە کورێکیان ھەیە بە ناوی قارەمان و ژنی ھیناوە بەڵام لەبەر رووداوێک مناڵیان نابێ ھەر بۆیە دایکی قارەمان پێشنیاری بە کرێ گرتنی منداڵدانی ئەلیف دەخەنە بەردەمی بە رانبەر بە دابین کردنی ئایندەی بەڵام دواتر دەرئەکەوێ کە ژنی قارەمان ھیلکەی نەبووە بۆیە تۆی قارەمان لەگەڵ ھیلکەی ئەلیف لە منداڵدانی ئەلیف دایە! ئەلیف بۆیە رازی دەبێ ئەم کارە بکا ھەتا دایکی لە زیندان ئازاد بکا لەلایەک و لەلایەکی دی نازڵی خۆشکی کە نەخۆشە چاک بکاتەوە بەڵام بە پێ رۆژگار قارەمان حەز لە ئەلیف دەکا ئەنجام ژنە کۆنەکەی خۆی تەڵاق ئەدا ئەلیف مارە دەکاو مناڵیکیان دەبێ بە ناوی ( توبراک ) دوایی زڕ برایەکی ئەلیف لە دایکێکی ترە پەیدا دەبێ دەێەوێ توڵەی باوکی کوژراوی بەبەرد، لە دایکی ئەلیف و ئەلیف و خۆشکەکەی بکاتەوە ھەر بۆیە تەقە لە ئەلیف دەکاو ئەو ئۆتۆمبیلەکەی کە ئەلیف تیایە دەکەوێتە ناو دەریاوە بەڵام لەم کاتە مەقسود کە پێشتر حەزی لێ بووەو بە درێژایی دراماکە ھەوڵی بۆ ئەدا، ئەلیف رزگار دەکاو لە ژێر ناویکی ساختە ھەوڵی چارەسەرکردنی ئەدا، لەبەر ئەوەی ئەلیف لە ئەنجامی رووداوەکە دووچاری ئیفلیجی کاتی ئەبێ لەم بەینەدا لە ماوەی دیارنەمانی ئەلیف لەبەرچاوی قارەمان، لەبەر ئەوەی قارەمان پێ وایە ئەلیف خنکاوە گەرچی ھەستی شەشەمی بەردەوام پێ دەڵێ ئەلیف نەمردووە! بەڵام قارەمان لە ژێر فشاری باوکی لەگەڵ ژنە کۆنەکەی ئاشت دەبێتەوە، بە شێوەیەکی پەرجوو ئاسا ژنەکەی کچێکی ئەبێ! لە کۆتایی دا کە ئەلیف دەزانی قارەمان دوای دیار نەمانی ئەو ژنی ھیناوە بۆیە بریار ئەدا مێرد بە مەقسود بکا بەڵام بە شێوەیەک لە شێوەکان دڵی ھەر لای قارەمانە، قارەمانیش گەرچی لەگەڵ ژنەکەی ئاشت بۆتەوە بەڵام ئاشت بوونەوەیەکی رواڵەتی یەو لە دڵەوە ھەر ئەلیفی خۆش دەوێ! لەو میانە نازڵی کە خۆشکی بچوکی ئەلیفە دەیەوێ توپراکی کوری ئەلیف برفێنێ بەڵام لە ماڵی قارەمان لەئەنجامی کێشمەکێش لە نھومی دووەم دەکەوێتە خوارەوەو دەمرێ!


ئەم درامایە گەرچی بە رواڵەت باسی خۆشەویستی دەکا بەڵام لە ناوەرۆک دا باسی کێشەی چینایەتی دەکا لە کۆمەڵگای تورکیا لە نێوان بازرگانی سەرمایەدار کە مەقسود و قارەمان نوێنەرایەتیان دەکەن ھەروا چینی کرێکارو جووتیار کە ئەلیف نمایندگی یان دەکاو بۆتە جێ تەماحی ھەردوو بازرگان کە ئەوەندە سەرمایەیان ھەیە وەک گروپێکی مافیا مامەڵە لەگەڵ ڕاکێشانی ئەلیف دەکەن!


ھەرچەند من پێم وایە ئەم درامایە ئیش لەسەر خۆشەویستی نێوان بازرگانی سەرمایەدارو چینی کرێکارو جووتیار دەکا ھەر بۆیە بازرگانەکان رکەبەریانە لەسەر ھێزی ماددی و فیزیکی چینی کرێکار کە ئەویش لە کەسایەتی ئەلیف دا بەرجەستە بووە! ئەلیفیش بوەتە قوربانی ئەم رکەبەرایەتی یەو دڵنیا نییە کامەیان زۆرتر خۆشی ئەوێ!


پێم باش بوو ئەم نموونەیە بھێنمەوە تا شوناسی تراژیدیی لە نێو ئەو درامایە ئاشکرا بکەین کە ئەویش ئەلیف و خێزانی ئەلیفە، بە درێژایی میژووش جەنگ ھۆکارێکی سەرەکی بووە بۆ ھینانەپێشی شوناسی تراژیدیی، شایانی باسە جەنگی جیھانی یەکەم و دووەم شوناسی تراژیدیان لکاند بە ھەندێ ناوی نەتەوەوە لەوانە جینوسایدی ئەرمەنەکان لە تورکیا ھەروا تاوانی ھۆلۆکۆست کە دژ بە جووەکان ئەنجام درا ھەروا لێدانی ھیروشیماو ناکازاکی لە یابان! کەواتە ئەرمەن و جوولەکەو یابانیەکان ھەڵگری شوناسی تراژیدیین کە لەمیانەی جەنگ پێیان بەخشراوە، سەبارەت بە میللەتی کوردیش لە دوا چارەکەی سەدەی بیستەم کەوتە بەر شاڵاوی ئەنفال وبە چەکی کیمیاوی لە ھەلەبجە درا، لە ئەنجامی ئەم دوو تاوانە کوردیش بوو بە ھەڵگری شوناسی تراژیدیی، تراژیدیا ئەم تاوانانە لە دراماو زنجیرەی کوردی رەنگی داوەتەوە، درامای گەرمیان و کویستان یەکی بوو لەو درامانە کە لە نێو شوناسی تراژیدیی میللەتی کورد ئیشی دەکرد!


سەبارەت بە شوناسی تراژیدیی لە نێو ئاینی ئیسلام بە تایبەت مەزھەبی شیعە، زۆر سروت بەدی دەکەین کە ھەڵگری ئەم شوناسەیە، بۆ نموونە تراژیدیای ئیمام حوسەین لە رۆژانی موحەرەم و عاشورادا کە موریدەکانیان بە دەست و زنجیرو قامە لە خۆیان ئەدەن، یان لە کاتێ بە جێ گەیاندنی بە پێ رۆیشتن بۆ کەربەلاو نەجەف کە بە عەرەبی پێ دەڵێن ( مشایە ) من قسەم لەگەڵ دەرونشناسانی ئاتیئیستی ئاینی کردووە گوایا ئەم سروتانە جگە لە مەودا ئاینی یەکەی مەودای کۆمەڵایەتی و فیزیکی ھەیە ھەر بۆ نموونە کاتێ بە زنجیر ( میتاڵ) لە جەستە دەدرێ ئەوە شەرانگیزی جەستە بەتاڵ دەبێتەوە، کاتێ لە رێگای قامەوە خوێن لەسەر دەرئەھێنرێ ئەوە بە ھەمان شێوە شوحنەی شەرانگیزی جەستە کەم دەبێتەوە گوایا ئەم ئەزموونە لە رووی زانستی یەوە سەڵمێندراوە، دواتر ھەر کەس و یادەوەرییەک لە نێو ئەم کایە ماسوشیەدا بۆ خەم و ئازاری خۆی دەگرێ تەنانەت خەم و ئازارە تایبەتیەکان یەک دەخرێ لە نێو شوناسێکی تراژیدیای بە کۆمەڵ ئاوێتە دەکرێ! کەواتە لێرە ئەفسانەی ئیمام حوسەین تەوزیف کراوە بۆ لایەنێکی کۆمەڵایەتی و جەستەیی کە ئەویش دەرکردن و بەتاڵ کردنی شەرانگیزیە لە جەستەی تاکەکان ! کە بە درێژای رۆژگار کەڵەکە دەکا! تەنانەت سروتی بە پێ رویشتن، کاتی خۆی من چێرۆکێکی کوردیم خوێندۆتەوە سەبارەت بە خۆکوشتن گوایا زەلامێک دەیەوێ خۆی بکوژی دونیادیتەیەک تووشی دەبێ و پێ دەڵێ پێش ئەوەی خۆت بکوژی بە درێژایی کیلومەتری ڕا بکە دواتر خۆت بکوژە! بەڵام کابرای رەشبین ھەموو جارێ کە دەیەوێ خۆی بکوژی ئامۆژگاری دونیادیتەکە دووبارە دەکاتەوە ئەنجام واز لە بیرۆکەی خۆکوشتن دێنێ! کەواتە ماندووکردنی جەستە ئەگرەسیڤی نەخوازراو ناھێڵێ!


لێرەدا من ئیش لەسەر شوناسی تراژیدیا ئەکەم لای مەزھەبی شیعە و لێکدانەوەی خۆم دەخەمە روو، ئەمە ئەوە ناگەیەنی من ھەڵویستم چۆنە سەبارەت بەم سروتە کە زۆر جار بە شێوەیەکی توندرەوانەو کوێرانە بەرێوە دەچێ!


سەبارەت بە شوناسی تراژیدیی ئافرەت و بوونی شەرانگیزی لایان گوایا لەبەر ئەوەیە یەکەی بایلۆژی مێ یەنە ھەڵگری ( ێبغیات)ی جنسی ئێکس و ئێکسە تەنانەت لای ھەندی رووەگ وەک ( الجنکە ) و وردە گیانلەبەرانی دی بوونی ھەیە! کاتێ یەکەی جەستە دوو ( ێبغە )ی جنسی لەیەک جۆردا ھەڵدەگرێ ئاکام بەڵانسی تیا نابێ و دەبێیتە ھۆی سەرچاوەی شەرانگیزی سروشتی!


بوونی سوڕی خوێنی مانگانە لای ئەو یەکە بایلۆژیانە وەک یاسایەکی لۆژیکی سروشتە بۆ دەرکردنی شوناسی شەرانگیزی لای ئەو بوونەوەرانە!


لێرەدا وەک گریمان باس لە شوناسی تراژیدیی یەکەی بایلۆژی مێ یەنەو بوونی ئەگەرسیڤ لە جەستەیا دەکەم، ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کە ئێمە تیروانینمان کۆنەپەرستانەیە سەبارەت بە ئافرەت وەک نێوەی کۆمەڵگا!

 

٩\٧\٢٠١٥ - نەرویـج
ماڵپەڕی نەهرۆ
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک