په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\٦\٢٠١٥

شوناس و زەمەن!


نەهرۆ         


شوناسی زەمەنی لە چەندین ئاست دا بوونی هەیە بۆ نموونە لەسەر ئاستی سروشت، وەرزەکان، زستان و بەهارو هاوین و پایز شوناسی زەمەنی سروشتین کەواتە سروشت هەڵگری شوناسی زەمەنی یە، هەر بۆیە لەرووی زمانەوانییەوە سروشت پێناسەیەکی نەگۆر هەڵناگرێ بگرە هەر وەرزێک دابەشکراوە بەسەر چەند مانگ و مانگیش بەسەر هەفتەکاندا و هەفتەش بەسەر رۆژو شەودا، رۆژیش بەسەر شەفەق (گزنگ) و بەیانی و نیوەرۆ ئێوارەدا، شەویش بەسەر دوو کوت دا تەنانەت کەشی هەوا ساردە یان گەرمە، ئەمانە تێکرا دەکرێ ناوی لێبنین شوناسی زەمەنی سروشت، ئەم شوناسە سەرەتا لە نێو سروشت دا بوونی هەبووە بە پێ میکانیزمی دیارو نادیار ئیشی خۆی کردووەو دەکا، هەر وەک ئاشکرایە سەرەتا سروشت هاتۆتە کایەوە لە ئەنجامی تەقینەوەی کەونی دواتر یەکە بایلوجیەکان بەپێ زەمەن دروست بوون و گەشەیان کردووە تا گەیشتۆنەتە مۆدیلی مرۆڤی ئێستا، لەڕاستی دا مرۆڤ کوپی و بەرهەمی سروشتە بۆیە نامۆ نییە ئەو سیستەمانەی لە نێو سروشت دا بوونی هەبووە دواتر لە یەکەی بایلوجی مرۆڤ دا رەنگی داوەتەوەو بەرجەستە بووە، ئەوەی پەیوەندی بە بابەتەکەمانەوە هەبێ شوناسی زەمەنی یە، کە لە نێو یەکەی سروشت گوزراوەتەوە بۆ یەکەی بایلوجی مرۆڤ هەر بۆیە مرۆڤ هەڵگری کاتژمێری بایلوجی یە لە یادەوەریی دا بۆ نموونە ترپەی دڵی مرۆڤ یان هەر گیانلەبەرێکی تر بە پێ خولەک دەژمێردرێ و لێدانی لەساتەوەختی دیاریکراو نە گۆرە! کەواتە سیستەم و شوناسی زەمەن لە ناخی مرۆڤ دایە!


هەر بۆیە ٤٠٠٠ ساڵ پێش ئێستا لە میزوپوتامیاو میسری کۆن سیستەمی شەستی زەمەنیان دۆزییەوە، میسرییەکانیش ٢٤ سەعاتیان دابەش کرد بەسەر دوو دوازدە دا دواتر کاتژمێری خۆر دۆزرایەوە ( المزولة الشمسیة ) سەعاتی ئاوی و قوم و مۆمی پەیدا بوو تا لەسەدەی چواردە لە ئەوروپا هەوڵدرا ئامێری کاتژمیری سپرینک و دواتر کارەبایی و ئەتۆمی لەم ساڵانەی دوایی دۆزرایەوە، دوا داهێنان کاتژمیری ( سیزیوم ) ی ئەتۆمی یە کە رێژەی هەڵەی تیا زۆر کەمە بە بەراورد لەگەڵ کاتژمێرەکانی پێشوو لەبەر ئەوەی پشت دەبەستێ بە جوڵەی ئەلێکترون لە نێو ئەتۆمی سیزیوم دا ! کەواتە مرۆڤ لە دۆزینەوەی میکانیزمی زەمەن تەنیا سەرنجی سروشت و ناخی خۆی داوە ئەو سیستەمەی لێ دەرهاویشتووە، نموونەیەکی تر لە سود وەرگرتنی مرۆڤ لە شوناسی زەمەنی سروشت ئەوەیە کە مرۆڤ شوناسی وەرزەکانی بەسەر تەمەن و ژیانی خۆی دا پەیرەو کردووە بۆ نموونە دەڵێن فڵانە کەس لە پایزی تەمەن دایە، کاتێ شوناسی پایز بۆ تەمەن دیاریکراوە بێگومان بەهاری تەمەنیش هەیە، پێش و پاشیش، دەکرێ ناوی لێ بنرێ هاوین و زستان، هاوین سەردەمی مناڵی یە، زستانیش سەردەمی پێگەیشتووییە وەک گریمان!


تەنانەت لە زمانەوانیش دا دۆخی حاڵ هەیە، بۆ نموونە کەی؟ مانگ، رۆژ، ساڵ لەرستەیا بەو شێوە پێناسە دەکرێ، کەواتە وەک گوتمان شوناسی زەمەن لەسەر ئاستی یادەوەری سروشت بوونی هەبووە دواتر لەسەر ئاستی یادەوەری و جەستەیی یەکەی بایلوجی مرۆڤ دیسان بوون و ئامادەیی هەبووە تەنانەت پەریوەتە نێو زمانیش!


هەر بۆ نموونە مرۆڤ لەرووی زمانەوانییەوە دابەش دەبێ بەسەر مناڵ و مێردمناڵ و هەرزەکارو پێگەیشتوو ( ئیختیار ) دوا ویستگەش پیری، لەسەر ئاستی رەگەزی مێ ییش دیسان شوناسی زەمەنی قەیرە کچ هەیە، بێوەژن هەیە، کچ هەیە، ژن هەیە، بە پێ زەمەنەکان ئەم ناوانە یان ئاوەڵناوانە وەک پێناسەیەک جێ خۆی دەگرێ ! ئەگەر لێرە باسی حاڵەتەکان بکەین کە بە پێ زەمەن گۆرانکاری بەسەر دێت زۆرە!


لە نێو ئەدەبیش دا فاکتەری زەمەنی یا ( کرونۆلۆژی) بەواتای زنجیرەی زەمەنی رووداوەکان بایەخی خۆی هەیە، لێرەدا من رۆمانێکم هەڵبژاردووە کە پێم وایە لەسەر شوناسی زەمەنی ئیشی کردووە، ئەویش رۆمانی (مەزرای ئاژەلەکانی ) جۆرج ئوریلە کە لەساڵی ١٩٤٦ نووسراوەو بڵاوکرایەوە، ئەم رۆمانە هەرچەندە زیاتر لە خوێندنەوەیەک هەڵدەگرێ، یەکی لەو خوێندنەوانە گوایا باسی میژووی شورشی ئۆکتۆبەر دەکا بۆ نموونە مارکس و ستالین و مەکسیم گۆرگی وەک ئەکتەر لە رۆمانەکەدا، بەراز وەک گریمان لە شوێنیان دانراوە، باسی کوشتنی بۆخارین و درکۆف و زینونیف و کامینوف دەکا تەنانەت بەسوسیالیزم دەڵی ئەنیماڵیزم!


من هەقم بەوەوە نییە لە وانەیە خوێندنەوەیەکی مەبەستدار بێ ( مغرض )! وەک تەوهین بەشورشی ئەکتۆبەرو سیمبولەکانی بەڵام من باسی رۆمانەکە دەکەم کە چۆن زەمەنی شوناسی مرۆڤەکانی دابەش کردووە، لەوانەیە سودی لە کلیلەوە دمنە وەرگرتبێ وەک تەکنیک! بەڵام کاتێ سەیری فیلمی مەزرای ئاژەڵەکان دەکەیت سەرەتا ململانی یە لە نێوان کۆمەڵی مرۆڤ کە ئاماژەیە بۆ بنەماڵەی تزارو پادشاکانی ئەو سەردەمە، کە بە مرۆڤ وێنا کراون لە لایەک، مارکس و ستالین و تروتسکی و دەزگای کەی جی بی و پرولیتاریاو کۆلاک و جووتیارەکان لە لایەکی تر بە ئاژەڵ شوبهێندراون تەنانەت سیمبولی موسی و تەورات و پیاوانی کلێسا ئەرتودوکسی ئەو کات بە قەلە رەش دانراون لە فیلمەکەدا!، تێکرای سیناریوی فیلمەکە لەسەر یادەوەری سەگیک دەگێردرێتەوە و گەوهی رووداوەکان دەدەن لەسەرەتاوە تا کۆتایی، دەشی لە نێو کایەی دەسەڵات دا، مرۆڤەکان دابەش بکرێن بەسەر شوناسی زەمەنی ئاژەڵ وەک شوناسی مشک و مریشک و قازو مەرو بزن و کەرو مانگاو ئەسپ و بەرازی رەنگاو رەنگ و سەگ، تێکرای ئەمانە کە ناوم هینا لە فیلمەکەدا ئامادەبوونیان هەیە، هەر جۆرە ئاژەڵێک کراوەتە نوێنەرو نمایندەی چین و توێژو کەسایەتیەکان!


بۆ نموونە لەسەرەتای شورش کۆمەڵێ پرنسیپ بەرز ئەکەنەوە کە چی لە نێو شوناسی گۆراوی زەمەنی ئەم پرنسیپانە گۆرانی بەسەر دێت، بۆ نموونە سەرەتا دەڵێن چوار پێ باشە دوو پێ خراپە، ئاژەڵ نابێ ئاژەڵ بکوژێ، ئاژەڵ نابێ لە پێخەف دا بخەوێ کە چی لە فیلمەکەدا ستالین برازێکە ناوی ناپلیونە سازش دەکا لەگەڵ دوو پێ یەکان دا کە ( مرۆڤن ) فێری ویسکی خواردنەوەی دەکەن وەک ئاماژەیەک بۆ دەسکەوت ! هەر بۆیە ئاشەکە کە رەمزی پیشەسازی شورەوییە بەرەنجی پرولیتاریا بونیاد نراوە لە لایەن مرۆڤەکان دەتەقێنرێتەوە لە ئاکام دا ستالین تاوانەکە دەخاتە ئەستۆی ئەو بەرازەی کە ناوی سنۆبۆلە و رۆڵی تروتسکی پێ دراوە، بۆیە ستالین وەک بەرازی ژمارە دوو حوکمی ئیعدام بۆ تروتسکی دەردەکا هەروا بوخارین هەواڵەکانی هەڵدەواسێ لە دواجاردا ستالین پاشگەز دەبێتەوە لە پرنسیپەکانی بۆ نموونە گفتۆگۆ لەگەڵ مرۆڤەکان دەکا لە ژێرەوە، ئیدی چوارپێ، چوارپێ دەکوژێ تا وای لێ دێت بە پێ زەمەن گۆرانکاری بەسەر شوناسی ستالین دێت و دوا وتەی دەڵێ بژی مەزرای مرۆڤەکان و هەموو ئاژەڵەکان ئازاد و بەرەڵلا دەکا! هەر وەک گوتم ئەم رۆمانە کە کراوەتە فیلم چەند خوێندنەوەیەک هەڵدەگرێ، یەک لەوانە ئیش کردنە لەسەر شوناسی زەمەنی چین و تویژو سەرکردەکانی، دەشێ هەر یەک لە ئێمە وەک یەکەیەکی بایلوجی لە لایەن دەسەڵاتی باڵاوە سیفەتی ئاژەڵێمان پێ درا بێ!


ئیدی نازانم پلەی مرۆڤی لە روانگەی دەسەڵاتەوە سوپەرمانەکەی نیتشەیە کە مەبەستی ئەوە بوو چەمک و دەسەڵاتی خوا لە خودی خۆی دا جێ بکاتەوە رەفتارو کرداری یەکبخا و مرۆڤ بگاتە پلەی سوپەرمان ! ئاخۆ ئەم دەرفەتە بۆ هەموو کەس رەخساوە لە نێو کێشمەکێشی بەرژەوەندی ئابوری و سیاسی؟


شوناسی زەمەنی تەنانەت لە نێو ئاینەکان کاری لەسەر کراوە بۆ نموونە چەمکی دەرکەوتنی ئیمام مەهدی لای مەزهەبی شیعە ئیش کردنە لەسەر شوناسی زەمەنی ئایندە، هەروا لە لایەن ئاینی جوولەکەوە گوایا لە دواجاردا پیاوێکی چاکساز دەرئەکەوێ بەناوی ( ئیلیا ) لای مەسیحیەکانیش گوایا عیسای کوری مەریەم زیندودەبێتەوە و دونیا چاک ئەکاتەوە تەنانەت لای ئاینی هندوسیش کە ئاینیکی ئاسمانی نییە ( بهمن کلا ) دەرئەکەوێ، ئەو پیاوە ئازایەی کە بەشمشیر زەمین پاقژ دەکاتەوە!


لێرەدا من هەقم بەسەر ئەوەوە نییە تا چەند ئەم سیناریویە وەهم ئامێزانە راستن، بەڵام وەک گوتمان وەک شوناسی زەمەنی ئایندە، کەم و کوری و نابەرابەری دەسەڵاتی ئاینی پێ هەڵدەواسن و دەسپێرن!


هەر وەک چۆن سوسیالیزم و کۆمونیزم دوا ئامانجە لای کومونیستەکان، لای ئاینەکانیش وەک یوتوبیا سیناریویەکی خەیاڵیان لە مێشکی موریدانیان چاندووە!


لە درێژەی شوناسی زەمەنی لای ئاینەکان، هەر سێ ئاینە ئاسمانیەکە، شوناسی زەمەنی تایبەت بە خۆیان هەیە، بۆ نموونە رۆژی هەینی هی ئیسلامە، رۆژی شەممە هی جووەکان، رۆژی یەک شەممە هی کریستیانەکانە، تەنانەت کاتێ حەج و جەژن و رۆژە تایبەتمەندیەکانیان جیاوازە، بۆیە پێم وایە رێککەوتنێکی ( ضمني ) لە نێوان دەسەڵاتی هەر سێ ئاینە ئاسمانیەکە هەیە، هەر بۆیە شوناسی زەمەنیەکانیان یەکتر نابرن، هەر ئاینێک پانتایی زەمەنی خۆی هەیە جیا لەوی تر! مەبەستم چەمکی فیزیاوی بۆ زەمەن!


سەبارەت بە شوناسی زەمەنی لە نێو دەسەڵاتیش من دەمەوێ نیمچە هەقیقەتێک بدرکێنم کە ئەویش ئەوەیە تۆ وەک ( س ) کاتێ چاکەیەک بەرانبەر ( ص ) ئەکەیت مەرج نییە هەمان کات ئەو چاکە لە ( ص ) وەرگریەوە لەوانەیە لە کاتێکی تر لە ( ج ) وەریگرییەوە یان دوا بخرێ، یان لە کاتێکی دیاریکراودا قسەیەکی ڕاستت لە ( س ) گوێ لێ دەبێ مەرج نییە هەموو قسەکانی بە درێژایی خەت راست بن، ئەمە پێ دەگوترێ کایەی یادەوەری لە شوناسی زەمەنی دا!


بۆ نموونە کاتێ لینین خەباتی بلیخانوفی هەڵسەنگاند دەیگوت ئەلف هەتا باء شورشگیر بوو، باء هەتا جیم لادەرو ناشورشگیر بوو!


هەر بۆیە هەڵسەنگاند چ لەسەر ئاستی کەسایەتی تاک یا هەڵویستی حزبەکان پێوانەی شوناسی زەمەنی جیوەیی بە کار بهێنرێ باشە! بۆ نموونە کەسێک یا حزبێک هەڵەیەک یان سازشێک ئەکا لە ساتەوەختێکی دیاریکراودا مەرج نییە ئێمە تێکرای میژوو هەڵویستەکانی بخەینە ژێر پرسیارەوە!


٢٤\٦\٢٠١٥ - نەرویـج

ماڵپەڕی نەهرۆ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک