په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\١\٢٠١١

سدیقە ئەلموللایە
گەڕانەوەى ئومێدێک بۆ سینەماى عێراقى.


کـــاردۆ     


ئەگەرچى هەندێک لە لێکۆڵەرەکان مێژووى سینەما لە عێراقدا دەگەڕێننەوە بۆ ساڵانى بەر لە بیستەکان ،بەڵام بەپێى بەڵگەو ئارگۆمێنتەکان ئەو فیلمە سینەماییانەى لە 1920_1940 نمایشتکراون سنەماى بێانى بوونە، نموونەى ئەو فیلمانەى کە لە ساڵى 1911بەسەرەوە لە هەۆڵى (سینەما بلۆکى) لە شەقامى رەشیدى شارى بەغدا نمایشتکراون ،وەک فیلمى (بەڕێکردنى تەرمى شا ئیدواردى حەوتەم) و (راوکردنى پڵنگ)، دەکرێ بلێین نیوەى دووەمى ساڵانى چلەکان سەرەتایەک بوو بۆ سینەماى عێراقى ئەویش دواى درووستکردنى ( کۆمپانیاى فیلمەکانى رەشیدى عێراقى- میسرى) و بەرهەمهێنانى فیلمى (کوڕى رۆژهەڵات) ، لەو مێژووەوە تا سەرەتاى شەستەکان چەندین فیلم بەرهەمهێنران ،وەک (عالیە و عیسام-1949) و (کێ بەرپرسیارە-1957) و (سەعید ئەفەنى-1957) کە لە دەرهەێنانى هونەرمەند کامەران حوسنى بوو .


سینەماى هەشتاکان ،سینەماى رژێم.


سینەماى ساڵانى هەشتاکان لە عێراقدا ئەگەرچى لە رووى بەرهەمەوە بە بەراورد لەگەڵ حەفتاکاندا زیاتربووە ، بەڵام لە رووى هونەرییەوە ئاستێکى زۆر خراپى هەبووە، تەنانەت لەنێوەندى سینەماى عەرەبیشدا هیچ ئامادەگییەکى نەبوو هۆکارەکەیشى دەگەڕێتەوە بۆ باڵادەستبوونى رژێمى بەعس بەسەر تەواوى بوارە هونەریى و ژیارییەکاندا ، لەگەڵ هەڵگیرسانى جەنگیى ئێران- عێراق ئیدى تەواوى ئەو بوارانە لەسەر بڕیارى رژێم خرانە خزمەتى جەنگەوە ، بۆ ئەو مەبەستەیش هەر کەسێک لەهەر گۆشەیەکدا جەنگى بەناو قادسیە ى بە پیرۆز و مەزن باسبکردبایە پاڵپشتییەکى بێسنوورى لێدەکرا، بەداخەوە لەو قۆناغەدا ژمارەیەکى بەرچاو لە سینەماکاران کەوتنە داوى خواستەکانى رژێمەوە و چەندین فیلمیان بەرهەمهێنا وەکو فیلمى (ئەرکەکان بەردەوامن) دەرهێنانى محەمەد شوکرى جەمیل ، (سنوورى گڕگرتوو) دەرهێنانى ساحب حەداد ،و چەندین فیلمى تر ، ئەم قۆناغە لە لاى زۆرێک لە رەخنەگران بە قۆناغى گاڵتەجاڕى سینەماى عێراقى ناو دەبرێت، چونکە وەک پێشتریش ئاماژەمان بۆکرد ، قۆناغێک بووە بۆ پیرۆز راگرتنى بیرۆکەى جەنگ و پاساوهێنانەوە بۆ رەفتارە بێبنەماکانى رژێمى بەعس کە ئەو هەموو مەرگەساتەیان بەدواوە بوو.


سینەماى ساڵانى 1990-2010.


دواى نزیکە 3 ساڵ لە کۆتایهاتنى جەنگى عێڕاق ئێران لە ساڵى 1991 دا جارێکى تر جەنگ هەڵگیرسا بەڵام ئەم جارەیان ئاراستەکە ئێران نییە بەڵکو( کوەیت) ــە ، و لەگەڵ جەنگى پێشوودا جیاوازە چونکە زۆربەى وڵاتە زلهێزەکان لەگەڵ ئەمریکادا بەشداربوون لە رزگارکردنى کوەیت و وەشاندنى گورزێکى ئێجگار بەهێز لە تەواوى ژێرخانى ئابوورى عێراق،ئەمەیش وایکرد ئەو پاڵپشتییەى کە رژێمى بەعس لە پێناو بەرژەوەندییەکانى خۆى هەیبوو بۆ سینەما کۆتایى پێبێت ، رژێم لەگەڵ کاڵبوونەوەى بیرۆکەى فروانکردنى داگیرکارییەکانى و ئاشکرابوونى خواستەکانى لەودیوى بانگەشەکردنەکانى بۆ پرۆژەیەکى ستراتیژیى عەرەبیى ، رۆژ بەڕۆژ هەستى بە نزیکبوونەوەى وادەى مەرگى خۆى دەکرد و لاى ئاشکرابوو کە بوونیادى حزبەکەى لە هزرى هاووڵاتیدا هەرەسى هێناوە و جارێکى تر درووستنابێتەوە بۆیە لەگەڵ ئەوەى گەمارۆى ئابووریى هۆکارێکى تر بوو بۆ سستبوونى سینەما هاوکات بڕواى بەعسیش بە زیندووبوونەوە لەڕێى سینەماوە لاوازبوو، لەگەڵ ئەوەشدا لە نێوان 1991-1992 دووفیلمى سینەمایى بەرهەمهێنران (نێرگز بووکى کوردستان- بەرهەمى بەرلە جەنگى کەنداو) و فیلمى (شا غازى-1992) ، فیلمى نێرگز بووکى کوردستان باس لە خۆشەویستى کوڕ و کچێک دەکات کە لەو سەردەمە دا بۆکورد رەهەندێکى سیاسى گەورەى هەبوو بەڵام پێدەچێ چاوپۆشینى رژێم لەوەها کارێک دیسان مەبەستى هەبووبێت بەتایبەتى دواى ئەنجامدانى کارەساتەکانى ئەنفال و کیمیابارنکردنى هەڵەبجە کە ئەیویست هەمیشە خۆى بەبێ تاوان نیشان بدات،دواى رووخانى رژێم لە ساڵى 20003ــەوە تا ئەمڕۆ سینەماى عێراقى تاڕادەیەک هەناسەیەکى بەبەردا هاتوەتەوە ،ئەگەر وەک پێویستیش نەبێت بەڵام دەکرێ بڵێن چەندین هەوڵى شێلگیرانە هاتوونەتەئاراوە.


(سدیقە ئەلموللایە) وەک نموونەیەک.


داوى چەندین ساڵ لە پەرتەوازەیى و بێئومێدی لە سینەماى عێراقیدا ، ئەتوانین ئاماژە بەوەبکەین کە ئەم هەوڵەى دەرهێنەر حیکمەت بەیزانى لە فیلمى (سدیقە ئەلموللایە) ئومێدێکى نوێیە بۆ سینەماى عێراقى ، ماوەى فیلمەکە 25خولەکە و دەچێتە قاڵبى کورتە فیلمەوە،بەڵام مامەڵەکردنى لەگەڵ ئاماژەکانى زمانى وێنەو کایەکردنى خەیاڵ بەبێ ترس و نیگەرانى لە نێو پانتایى تێکستدا بینەر ناچارماندەکات لە کاتى پۆلێنکردندا تایبەتمەندییەکى بێهاوتاى پێببەخشین.


فیلمەکە بەناوى گۆرانى بێژى بەناویانگى کۆچکردوو (سدیقە ئەلموللایە)وەیە،بەڵام ئیشکردنى دەرهێنەر لە دوور و نزیک پەیوەندیى بە ژیان و بەسەرهاتى ئەو کەسایەتییەوە نییە، بەڵکو لە رێى دەنگییەوە دەمانباتەوە بۆ رابردوویەکى دوور و کەلەپورێکى رەسەن و تێکەڵکردنى ئەو رابردووە بە ئێستا، هەر لە سەرەتاوە ئۆتۆمبیلێکى مۆدێلى ساڵانى بیستەکانى سەدەى پێشوو دەبینین کە ئۆتۆمبێلێکى مۆدێرنى بە تەنیشتەوەیە، لە هێکڕا ئۆتۆمێلێکى دیکەى کۆن تیژ تێدەپەرێت.


پاشان دەچینە قاوەخانەیەکى بەغدایى بە بە تەواوى ئەتمۆسفێر و کارەکتەرەکانییەوە ، مەقامى نازم غەزالى دەبیسترێت،لە گرتەیەکى نزیکدا رووخسارى گەنجێک دەبینرێت و لە قوڵایى گرتەکەدا رادیۆیەکى کۆن هەیە ، لێرەوە دەرهێنەر گۆِڕان بەسەر زەمەندا دەهێنێت ئەویش لە رێى بڕینى کارەبا و هەڵکردنى چراکان ،دواتر لەگەڵ هەڵکردنى موەللیدەیەکى کارەبادا ، دەنگى مووەلیدەکە زاڵدەبێت بەسەر دەنگى رادیۆکەدا ،و وەک ئاماژەیەک پێمانئەلێ ئیدى لە زەمەنى ئێستادا چێژوەرگرتن لە بیستنى موزیک و گۆرانیش بوونى نەماوە.


گەنجەکە قاوەخانەکە جێدەهێڵێت کامێرا بەدواى هەنگاوە قورسەکانیەوە یە ، دەگاتە کۆڵانێک کە گوێمان لەکەسێک دەبێت مەقام دەخوێنێت و کەسێکى تر قورئان، چەند منداڵێک یاریى ئەکەن. گەنجەکە دەگاتە ماڵەوە ،کارەبا بڕاوە ، ئەمەیش دیسان گەڕانەوەیە بۆ زەمەنى ئێستا.


کات بەیانیەو لە خەو هەڵدەستێ بۆ ئەوەى بچێتە سەر کارەکەى لە رێى رادیۆکەیەوە گوێى لە گۆرانییەکى سدیقە ئەلموللایە دەبێت و ئەمەیش واى لێدەکات دوا بکەوێت، کاتێکیش کە بەرپرسانى فەرمانگەکەى پرسیارى هۆکارى دواکەوتنەکەى دەکەن ،لەو وەڵامدا دەنووسێت(سدیقە ئەلموللایە)، داواى لێدەکەن هۆکارەکە بگۆڕێت بۆ ئەوەى سزا نەدرێت،بەڵام هەر سوورە لە سەر وەڵامەکەى، دەگەڕێتەوە بۆ ماڵ و لەسەر کورسیەک دائەنیشێت و تەماشاى کاتژمێرەکەى دەکات ، سەعات یەکە ، خەوى لێدەکەوێ ، خەون دەبینێت وبە کۆتکراوى خۆى لەسەر کورسیەکە دەبینێتەوە ، دەستێکى بەستراوە بە زانکۆوە و دەستەکەى ترى بە کۆتێکى پلاستیکى شەتەکدراوە کە ئاماژەیە بۆ سوپاى ئەمریکا، قاچەکانى بە زنجیرێک بەستراونەتەوە کە بازنەیەک لە ئاگر دەوریداوە ، خەڵکانێکى نامۆ لەگەڵ چەند کەسێکى ئیدارەى فەرمانگەکەى دەرئەکەون و گاڵتەى پێئەکەن ، کتێبەکانى شیعر و هونەر دەخەنە نێو ئاگرەکەوە، لە هەمانکاتدا گوێمان لە مۆسیقا و دەنگى جەواهریى دەبێت ،هەروەها دەنگیى داخل حەسەن و سدیقە ئەلموللایە دەبیستین و لەهەمانکاتدا راپێچى نێو ئاگرەکە دەکرێن،لەخەو رادەبێت تەماشاى کاتژمێرەکەى دەکات هێشتا هەر سەعات یەکە، ئەچێتە بەردەم ئاوێنەکە تەماشاى خۆى ئەکات لە ئاوێنەکەوە پیاوێکى ریشدار دەرئەکەوێت . کۆتایى.


لەم فیلمەدا سدیقە ئەلموللایە سیمبولێکى بەهێزە بۆ گوزراشت کردن لە رابردوویەکى پڕ لە رەسەنایەتى ،کە لەم رۆژگارەدا گەیشتووەتە ئەوەى شوێنەواریشى دیارنەمێنێت،وێنەکان تەواوى ئاماژەکان دەگەیەننە زەینى بینەر و ناچارى دەکەن شرۆڤەیان بۆ بکات، بۆیە فیلمێکى لەم جۆرە خوێندنەوەى زیاتر و چڕوپڕ هەڵدەگرێت چونکە وشیارییەکى سینەمایی دەوڵەمەندى لە پشتەوەیە.

_________________________________________
* سدیقە ئەلموللایە ، چیرۆکى ، حەسەن ئەلعانى، سیناریۆ و دەرهێنانى حیکمەت بیزانى، نواندنى باسم قەهار.
ژێدەر:

(السينما العراقية- ويكيبديا الموسوعة الحرة)

www.elcinema.com

www.elaph.com  (صديقة الملاَّية تصرخ حفاظًا على الوطن(

 

ماڵپه‌ڕی کاردۆ