په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٦\٢٠٢٦

سفرە و سوێندەکەی ئەلزەیدی.


ئەرسەلان مەحمود      


ئەوەی لە بەغدا دەگوزەرێ، تەنها شانۆگەرییەک نییە، بەڵکوو وەرچەرخانێکە بەرەو دەرکەوتنی سەردەمی سیاسەتمەدارە-بازرگانەکان. کاتێک عەلی فالح ئەلزەیدی، گەنجترین سەرۆک وەزیرانی مێژووی عیراق بە دروشمی پاکسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی سوێندی یاسایی خوارد، لە ڕاستیدا وەک ئەوە وابوو گورگێک لە قوربانییەکەی بپرسێت: ئەم خوێنەی بە لەشتەوەیە، چییە و کێ ئەمەی بەرامبەر کردویت؟! لە ڕاستیدا ئەلزەیدی تەنها سەرۆک وەزیرانێکی ئاسایی نییە، بەڵکوو سەرمایەدارێکی ملیۆنێرە و هێڵەکانی نێوان دەوڵەت و کۆمپانیاکانی خۆی تێکەڵکردووە. ئەو دەزانێت لە دیپلۆماسییەتی سفرەدا، پڕگاڵی ڕاستەقینە خواردنەکە نییە، بەڵکوو ئەو ئاوازەیە لە ژێر مێزەکەوە بۆ بازاڕەکان و کۆمپانیا زەبەلاحەکان دەژەنرێت.

دوو هەفتە لەمەوبەر، ئەلزەیدی سندووقە ڕەشەکەی خۆی کردەوە و کارنامەکەی ئاشکرا کرد، لە بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردەی نەوت بۆ حەوت ملیۆن بەرمیل، تا دروستکردنی سندووقێکی سەدان ملیار دۆلاریی بۆ واشنتن. ئەمە چەند ڕۆژێک پێش سەردانەکەی ناوەڕاستی تەممووز دێت بۆ کۆشکی سپی، دەکرا تەنها وەک هەنگاوێکی ئابوورییانە بخوێندرێتەوە، بەڵام ڕووداوەکانی ڕۆژی ٢٨ی حوزەیران، پەردەی لەسەر ئامانجە ڕاستەقینەکان لادا، یەکەکانی هێزی دژەتیرۆری عیراق، ناوچەی سەوزیان لە بەغدا داخست و ژمارەیەک پەرلەمانتار و کاربەدەست دەستگیر کران. بەشێک لە دەستگیرکراوان سەر بە کوتلە سیاسییەکەی سەرۆ وەزیرانی پێشوو محەمەد شیاع سوودانین، ئەو کوتلەیەی لە هەڵبژاردنەکانی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥دا زۆرترین کورسیی پەرلەمانی بەدەستهێنابوو، بەڵام سوودانی لەژێر فشاری ترامپ و فشارە ناوخۆییەکاندا لە کاندیدبوون کشایەوە. هۆکارە فەرمییەکەی ئەم دەستگیرکردنانە، دانپێدانانەکانی عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزیری نەوت بۆ کاروباری پاڵاوگەکان، ئەو کەسەی لە ٣٠ی ئایاردا دەستگیرکرا. بەگوێرەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عیراق، ٨٦ ملیۆن دۆلار پارەی نەختینە، ٧٠ موڵک، ٢١ ئۆتۆمبێل و سێ کیلۆ زێڕ لە دۆسیەکەیدا دەستبەسەر کراون.

لە یەکەم تێڕوانیندا تابلۆکە سادە دیارە: سەرۆک وەزیرانێکی نوێ چاکسازی دەکات. بەرپرسێکی گەندەڵ کاتێک دەکەوێتە دادگا، تۆڕێک لە بەرپرسانی دیکەش دەخاتە بەردەم لێپرسینەوە. ئەمە لە ڕوانگەی ڕاپۆرتە ئەمنییە فەرمییەکان چاکسازییە، لە چاوی سەرکردە دامەزراوەییەکانەوە، گەشەسەندنە، لە دیدی عەوامەوە دڵخۆشییە، لە ڕوانگەی واشنتن و ڕێبەرانی دژەگەندەڵیی ئەمریکایشەوە دەستکەوتە. بەڵام با سەرنج بخەینە سەر ئەو دەستەی سوێندی خوارد. عەلی فالح ئەلزەیدی، تەمەن ٤١ ساڵ، سەرمایەداری ملیۆنێر و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی زیقار، خاوەنی کۆمپانیای ئەلوەتەنییە هۆڵدینگ، کەناڵی دیجلە تیڤی و زنجیرە سوپەرمارکێتەکانی تەعاوونە لە بەغداد. زەیدی پێشتریش تا ساڵی ٢٠١٩ سەرۆکی بانکی ئەلجەنووبی ئیسلامی بووە. بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی نیویۆرک تایمز، ئەو بانکە ساڵی ٢٠٢٤ لەلایەن خەزێنەی ئەمریکاوە سزای بەسەردا سەپێنراوە، بێگومان بە تۆمەتی سپیکردنەوەی پارە بۆ ئێران و گرووپە چەکدارەکانی سەر بەو وڵاتە لە عیراقدا، هەروەها ناڕەوا بەکارهێنانی دۆلاری ئەمریکی. کۆمپانیای ئەلعەوەیس، هاوبەشەکەی ئەلزەیدیی، گرێبەستی درێژخایەنی لەگەڵ سیستەمی دابەشکردنی خۆراک (PDS) و دابینکردنی خۆراکی سوپای عیراقدا هەیە. ئەو کاسبکارە، نەک سیاسەتمەدار، بزنسمانە نەک تەکنۆکرات. کەسێکە سامانەکەی لە یەکێک لە گەندەڵترین سیستەمەکانی جیهانی پاش ٢٠٠٣دا کەڵەکە کردووە و ئەمڕۆش بە ناوی چاکسازییەوە دەست بەسەر هەمان ئەو دەوڵەتەدا دادەگرێت.

ئەمە یەکێکە لە مەهزەلەترین پارادۆکسە بنەماییەکانی سیاسەتی عیراقی دوای ٢٠٠٣. کەسێک سیستەمەکە دروستیکردووە و سامانی پێبەخشیوە، ئێستا دەبێتە ئەو دادپەروەرەی دەست دەباتە سەر سیستەمەکە! لای کەسێکی وەک ئەلزەیدی، پرۆسەی چاکسازی مەسەلەیەکی نیشتمانی یان بابەتێکی ئەخلاقی نییە، بەڵکوو درزێکی پراگماتی و شارەزاییە. ئەو دەزانێت دژەگەندەڵی، ئەگەر بسەلمێندرێ، دەبێتە سەرچاوەی شەرعییەت، کاتێکیش پێویستت بە شەرعییەتبێ بۆ هاوڵاتییان، بۆ واشنتن و بۆ بنکە سیاسییەکەت، دەبێت کاڵایەکی خۆشفرۆشرت پێبێت. بەڵام ئایا دەتوانیت ئەو شەرعییەتە بۆ خۆت بکڕیت کاتێک خودی سیستەمەکە دیاری دەکات کێ خاوەنی سامانە و کێش بێبەشە؟ بێگومان نەخێر.

با ڕاشکاوتر بدوێین، هەڵمەتەکەی زەیدی چاکسازی نیە، بەڵکوو ئامرازێکە بۆ جێبەجێکردنی چەند هەنگاوێک لە یەککاتدا، ئەمە لە ڕەهەندی یاسایی-ئەمنییەوە بگرە تا سیاسی-دیپلۆماسی. با سەرنج بدەین، سەردانەکەی ئەلزەیدی بۆ کۆشکی سپی لە ناوەڕاستی تەممووزدایە. ئەلزەیدی پێویستی بەوەیە بیسەلمێنێت کەسێکی جدییە و فەزڵی ئەم جدییەتەش بۆ ئاوێنە ئەمریکییەکە ترامپە، هەر بۆیە هەڵمەتی دژەگەندەڵی تەنها کاڵایەکی ئامادەکراوە بۆ ئەم نمایشە. بەڵام ئەمە تەنها تابلۆیەکە، وێنەکەی تر شاراوەتر و بەهەمان شێوە گرنگە. سوودانی، هەرچەندە لە کاندیدبوون پاشەکشەی کردووە، بەڵام هێشتا شکستی نەهێناوە و کوتلەکەی هێشتا گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانە. ئەو چاوەڕێی هەلێک دەکات بۆ گەڕانەوە لە ٢٠٢٩ یان پێشتر. ئەلزەیدی لێرەدا بێبنکەیەکی سیاسیی جەماوەرییە، باش دەزانێت ڕکابەرە سەرەکییە شیعەکەی مالیکیی پیر و سزادراوی ئەمریکا نییە، بەڵکوو سوودانیی گەنج و بەنفووزە. بۆیە دەستگیرکردنی پێنج پەرلەمانتاری سەر بە سوودانی، تەنها هەڵمەتێکی دژەگەندەڵی نییە، بەڵکوو بەرتەسککردنەوەی فەزای سیاسیی سوودانییە بۆ ئەو ساتەی دەیەوێت بگەڕێتەوە گۆڕەپانەکە.

تابلۆی سێیەم، کەتائیب حزبوڵڵا و بزووتنەوەی نوجەبایەم هێشتا ڕەتیدەکەنەوە چەکەکانیان ڕادەست بکەن. لەناو حەشدی شەعبیشدا، عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتائیب سەیدولشوهەدا هەمان هەڵوێستیان هەیە. ئەلزەیدیی بێ بنکەی سیاسی، ناتوانێت ڕاستەوخۆ پەلاماری ئەو هێزانە بدات بەبێئەوەی پابەندبوونە ناوخۆییەکانی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە، ئەو کتلەیەی هێنایە سەر دەسەڵات تێکبدات. کەواتە چی؟ نمایشی هێز دەکات. بە دەستگیرکردنی پەرلەمانتاران و بەرپرسە بێپشتوانەکان، پەیامێک ئاراستەی گرووپە چەکدارەکان دەکات، دەکرێ نۆرەی ئێوەش بێت. ئەمە، وەک فرۆید دەڵێت، بەکارهێنانی نائاسایی هێزە بۆ نمایشی توانایەکی نائاسایی. لە ڕوانگەی کارل شمیت-ی فەیلەسووفی ئەڵمانیشەوە، سیاسەت بریتییە لە دیاریکردنی حاڵەتی نائاسایی، نەک بەڕێوەبردنی دۆخی ئاسایی. بۆیە ئەلزەیدی، نموونەی دژەگەندەڵیی وەک فەزایەک بۆ دیاریکردنی ئەو دۆخە نائاساییەی خۆی هەڵبژاردووە.

مەترسیی ئەم جۆرە شیکارییانە لەوەدایە خوێنەر بڵێت کەواتە ئەمە چاکسازی نییە. ڕاستە، بەڵام ئەمە کۆتایی شیکردنەوەکەیە نەک سەرەتاکەی. پرسیارە بنەڕەتییەکە ئەمەیە، ئەلزەیدی خەریکی دروستکردنی چییە لە سیستەمی دوای ٢٠٠٣دا؟ وڵامەکە، لە ڕوانگەی بوونناسییەوە، سادە نییە. ئەم کەسە نوێنەرایەتیی مۆدێلی نوێی سەرمایەدار-سیاسەتمەدارانی دوای ٢٠٠٣ دەکات. مالیکی، عەبادی، کازمی و سوودانی لەناو کادیری حزبی و هێزە ئیسلامی و تەکنۆکراتەکاندا گەشەیان کرد، بەڵام ئەلزەیدی یەکەم سەرۆک وەزیرانە لە دەرەوەی پێکهاتەی حزبییەوە هاتووە و سامانەکەی لە ڕێگەی گرێبەستەکانی دەوڵەت، بانکداری و میدیاوە کەڵەکە کردووە. ئەو ئاوازێکی نوێ لەسەر نۆتەی مۆسیقایەکی کۆن دەنووسێتەوە. مۆسیقاکە هەمان مۆسیقای کۆنە: دەوڵەت بۆ حزبە، حزب بۆ سەرکردەیە و سەرکردەش بۆ تۆڕەکانی پارە و چەک و ئایدۆلۆژیایە، بەڵام ئاوازە نوێیەکە بێحزبە، خۆی وەک تەکنۆکرات دەناسێنێ و ڕەگ و ڕیشەی لە سەرمایەداری-بزنسماندا داکوتاوە. ئەمە، لای کارل پۆلانی، فەیلەسووف، بە نیۆلیبراڵیزمی سیاسیی شاراوە ناودەبرێت، کاتێک دەوڵەت دەبێتە موڵکی بزنسمان، چاکسازی دەبێتە مۆدێلێکی نوێی بازرگانی. لای جۆرجیۆ ئاگامبنی ئیتاڵیش، ئەمە پێیدەگوترێت دۆخی نائاسایی، ئەو دۆخەی تێیدا یاسا و نائاساییبوونی دۆخەکە تێکەڵ دەبن و بانگەشەی چاکسازی دەبێتە پەردەیەک بۆ داپۆشینی چاکسازی نەکردنە بنەڕەتییەکە.

لێرە واقیعی کارەکانی ئەلزەیدی دەردەکەوێ. هاوڵاتیی عیراقی، دوای ٢٢ ساڵ لە چاکسازیی نمایشی، لە ئاستی ئاگاییدا گومانی هەیە، بەڵام لە ئاستی نائاگاییدا هێشتا ئومێدی ماوە. وەک ژاک لاکان، دەروونشیکاری فەرەنسی دەڵێت، مرۆڤ ئەوەی ناوێت پێیوایە دەیخوازێت، بەڵکوو ئەو ئارەزووە دروستکراوەی دەوێت بۆی دیاریکراوە. عیراقیی ئاسایی خۆی نازانێت چی دەوێت، چونکە پەنابردن بۆ ئەم چاکسازییە نوێیە، تەنها ڕێگەیە بۆ هێشتنەوەی ئومێدێک لەناو بێئومێدییەکی گەورەتردا. کاتێک سەرۆک وەزیران چاکسازی دەکات بەرامبەر گەندەڵکارێکی هاوبیری خۆی، بینای ئومێدی هاوڵاتیان دەهەژێنێت، چونکە سەرمایەدارە نوێیەکە خۆی بەشێکە لە خودی کێشەکە، ئەمە ڕێک وەک ئەوە وایە بە زمانێکی ڕەگەزی بتەوێ کێشەی ڕەگەزی چارەسەر بکەیت!

ئەو هاوسەنگییە ناوخۆیی و دەرەکییە، سەردانەکەی واشنتن، دانپێدانانەکانی جومەیلی بە تۆڕێکی فراوانتر پەلکێشی دادگا دەکات و دەستگیرکردنەکان هەموویان لە یەککاتدا ڕێکخراون. ئەمە نە بەتەواوی پابەندبوونە بە پرەنسیپ، نە بەتەواویش سەودا و دیپلۆماسییەتی شاراوەیە، بەڵکوو ئاوێزانێکی تەواوە. بۆ سیاسەت کارگەرە، چونکە پابەندبوونێکی نمایشییە، بۆ دیپلۆماسییەت کاریگەرە، چونکە جدییەت نیشانی واشنتن دەدا و ترامپیش لە دیدی ئەمریکییەکاندا دەبێ پێشوازی لە دانراوێکی دڵخواز و جدی خۆی بکات، بۆ پەرلەمان کاریگەرە، چونکە ڕکابەرەکان دەخاتە ژێر فشارەوە، بۆ گرووپە چەکدارەکان هۆشدارییە، بۆ هاوڵاتییان ئاوازی ئومێدە، بۆ خودی ئەلزەیدیش وێنەی دادپەروەری ساغ دەکاتەوە، تەنانەت ئەگەر گرێبەستەکانی کۆمپانیاکانیشی بەردەوام بن لە هەڵلووشینی دۆلاری دەوڵەت.

با لێرەدا کۆتایی پێبهێنم، بەڵام بێئەوەی هیوایەکی ساختە دروست بکەم. ئێمە تەنها کاتێک دەزانین ئەم هەڵمەتە لەسەر بنەمای پرەنسیپە، کەسانێکی نزیکی خودی ئەلزەیدی، یان کۆمپانیاکانی وەک ئەلوەتەنییە و ئەلعەوەیس بەرێتە بەردەم دادگا. تا ئەو ساتە، دەستگیرکردنەکان تەنها قوربانیی نمایشین. لاکان بەمە دەڵێت سوبێکتی پێش-فرۆیدی: کاتێک قوربانییەک دەخرێتە سەر سەکۆ، کۆمەڵگە هەستدەکات گوناهەکانی ڕابردوو پاکبوونەتەوە و دادپەروەری بەرقەرار بووە. بەڵام ئەمە تەنها چاکسازییەکی نمایشییە، سەرۆک وەزیران لەسەر سفرەی هەمان دەوڵەتی چاکسازی تێدا نەکراو، سوێندی پاکسازی دەخوات!

پاسپۆرتی ئومێد بۆ هاوڵاتیی عیراقی ماوەکەی بەسەرچووە، بەڵام هاوڵاتییەکە بەردەوامە لە مۆرکردنی، چونکە هیچ دەرگەیەکی دیکەی بەڕوودا نەکراوەتەوە. چاکسازییەکەی ئەلزەیدی نە چاکسازییەکی ڕاستەقینەیە، نە دەشکرێت بە هاوڵاتی بڵێیت چاکسازی نییە. ئەم دۆخە لەنێوان بوون و نەبووندا، ئەو ساتە ئۆنتۆلۆژییەیە ئاگامبن پێیدەڵێت خۆ-دەستگیرکردنی شەرعیی دوای ٢٠٠٣. سیستەمەکە خۆی فەرمان بەسەر خۆیدا دەکات، خۆی دادگایی خۆی دەکات و خۆی شەرعییەت بە خۆی دەداتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە پێکهاتەکەیدا بکات.

ئەوەی ئەمڕۆ لەبەردەم هاوڵاتیی عیراقی و کوردستانیدا کراوەیە، نە دڵنیاییە لە شکست، نە دڵنیاییە لە سەرکەوتن، بەڵکوو تەنها یاسایەکی نوێی کرداری سیاسییە  و ئەلزەیدی لەسەر بنەمای پێگەی سەرمایەداری-بازرگانی دایهێناوە بۆ پاراستنی هاوسەنگییە لاوازەکەی سیستەمەکە. بۆ هاوڵاتیی عیراقی، ئەمە تەنها چاوەڕوانییە. بۆ هاوڵاتیی کوردستانی، پێویستییەکە بۆ نزیکبوونەوە لە یارییەکانی بەغدا تا پێگەی خۆی لە یارییەکانی واشنتندا بپارێزێت. بۆ گرووپە چەکدارەکان هۆشدارییە، بۆ ئەلزەیدی دەرفەتە و بۆ ترامپیش پۆز و کاڵایەکی فرۆشراوە دەیسەلمێنێ بژاردەکەی جدییە. دواجار بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکانی سیستەمی دوای ٢٠٠٣، چ شیعە، چ سوننە و چ کورد، ئەمە ئەو ساتەیە چاکسازیی نوێ هاتووە بۆ پاراستنی سیستەمەکە، نەک بۆ ڕزگارکردنی.

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک