٢١\٦\٢٠١٢
سکێچێک لە ئاو...

شوان عوسمان
کە دائەنیشم،
بۆنی چکبوونی خۆم ئەکەم..
لەو سەحرا بەشەرییە وشکەدا،
چەند وشکە ئەو سەحرایە...
بۆنی ئاو چەند خۆشە،
بۆنی ئاوم بۆ دێت،
بە بۆنی ئاوی ئارووێک لە سەراب ئەبم و
رائەچەنم...
بەو راچەنینەش بە ئاگا دێمەوە....
ئاوێک دێت و ئاوێک ئەڕوات،
من هەر دانیشتووم..
بە رۆیینی ئاویش من بە سەرابێکی تر،
سەرخۆشم ئەبم...
ئاو ئەڕوات و ناگەڕێتەوە..
ئەو ئەڕوات و من هێشتا دانیشتووم،
لەسەر بەردێک ئاسەواری تنۆکێک لە چۆڕانەوە ئەبینم،
هەست بە چۆڕانەوەی خۆم ئەکەم،
ئاوڕ لە سڕانەوەی جێ پێی خۆم ئەدەمەوە...
من هەر لێرەدا دانیشتووم..
ئەو لە خوڕەیەکی بە خوڕ دایە
و
منیش لە خوڕەی خۆم ئەکەوم...
بۆنی پونگی بن پێی ئاوێکم بۆ دێت،
کاتێک ئەو ئەکەوێتە چرپە و
ئاویش ئەپنگێتەوە...
بۆنی بۆگەی پونگی چڵی خۆم ئەکەم،
کاتێک من لە پێ ئەکەوم و
چرپەش لە من ئەکەوێت،
ئاویش لە مندا لە بۆنی پونگ دائەشۆرێت...
دەبا جێ پێی ئاوێک هەلگرم،
تا جێپێەکم لە سەر ئەو چیمەنە دێمەکارە،
وشک نەبۆتەوە..
دۆم بە دانیشتن ماڵی چەند وێرانە،
من لەگەڵ ئاودا هەمیشە لە جێی ژوانێکی تەردا،
دۆمێکی ماڵ وێرانم..
من لەگەڵ ئاودا قەت خانەخوێی دوو ماڵی
جیابەیەک نەبووینە،
هەمیشە ماڵمان لە ناو یەک ماڵدا بووە...
بۆنی ئاوم بۆ دێ وب ۆنی ئاو ئەکەم،
بۆنی خۆشم لە بە هەڵم بوونێک ئەبینم...
بە بۆنی خەزەڵی پەلکەکانی خۆم وڕ و
کاسم،
لە وەرانێکی خەزاندا،
جگە لە ئاو هیچ کەس ناناسم....
لە ئاوێک ئەگەڕێم تا رەگەکانم ئاو بدەم...
خۆم تەڕ کەمەوە...
تا هەستم و چیتر دانەنیشم...
من کە دانیشتووم ئەوە لۆمەی دارێکە کاتێک،
ئاو سەفەر ئەکات،
داریش خەمی بێئاویی دەست پی ئەکات...
لۆمەی من لە وڵاتە بۆیە من نامەوێت بگەڕێمەوە،
چونکە بە گەڕانەوە وشکتر ئەبمەوە...
بۆنی خەزان لە رەگەکانم دێت و
پاییزیش وەکو بنێشتە قەزوانێک،
لە ئاوی بن زمانم ئەگەڕێت،
تا لە دارمدا و لە
دار بوەرێم...
خۆشم لە بۆنی بەهارێک ئەگەرێم..
تا رەگەکانم بە خوناوێک،
کزر*کەمەوە..
تا من لەگەڵ باڵای ئاوێک،
ببمە ئاو و دووبەدوو بەیەکەوە بڕۆین و
پێکەوەش شۆڕ ببینەوە...
ئاو ئەڕوات و من هێشتا دانیشتووم،
نازانم من چۆن بڕۆم..
من لە تەنکایی ئاوێک،
وێنەیەکی تەنکی ئاویی شینی خۆم و
نیشتنەوەی خۆم لە دانیشتنێکدا،
ئەبینمەوە...
تا ئەگەڕێمەوە...
تا وەک ئاوێکی سپی بە تەڕیی بێمەوە...
______________________________
*
کزربوونەوە: نیوە وشکبوون لە پاش تەڕییەکدا..
٥\٥\٢٠١٢
-
هۆلەندە
ماڵپهڕی
شوان عوسمان
|