په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\١٠\٢٠٢٢

سکۆتلەندا، دەنگی بێ بڕانەوەی سەربەخۆیی.

هەڵۆ محەمەد       

سەرۆکوەزیرانی سکۆتلەندا خاتوو نیکۆلا ستێرگن: ''من ڕێگە نادەم دیموکراسی سکۆتلەندی لە لایەن کەسەوە بە بارمتە بگیرێ''.

جارێکی تریش زەنگی سەربەخۆخوازی سکۆتەکان دڵی لەندنی پایتەختی پاشانیشنی یەکگرتووی هەژاندەوە.


سکۆتلەندییەکان جارێکی تر دەبنەوە شۆڕەسواری مەیدانی ئازادی نەتەوەکان و دوای سێ سەدە زیاتر لە چەشتنی تاڵاوی ژیانی بندەستی، دەیانەوێ و بەئاواتن لەژێر چنگی ئینگلیزی دراوسێیان ڕزگاریان بێت و تام و چێژی ئازادی و ژیانی سەرفرازی بکەن!


سکۆتییەکان کە ڕەنگە لەزۆر شتی ئەم دنیایەیان کەم نەبێت و بەخێرێ لە وڵاتێ دەژین بەدایکی دیموکراسی دادەنرێ. زۆربەی هەرە زۆری مافەکانیان لە ڕووی دەستوورەوە مسۆگەرە و لەسەر سکۆتی بوونیان لە سێدارە نادرێن و زمانیان قەدەغە نییە و مێژوویان ناشێوێندرێ و سەر دوند و چیا و تەپۆڵکەکانیان مۆڵگەی سەربازی نییە و گەر پرچی کیژۆڵەکانیشیان دانەپۆشرا بێت ئەشکەنجە نادرێن و ناکوژرێن!

سکۆتییەکان.. خاوەن زۆر شتی نەتەوەیین تیپی مۆسیقا و وەرزش و ناسنامە… هەزاران کەسایەتی گەورەیان تێدا هەڵکەوتووە و دەرفەتی زۆری دیکەشیان هەیە بگەنە زۆر ئامانجی تر.

ئەوەی ئەوان نییانە و بۆتە خەونی زیندوویان و بە باوەڕ دڵ و گیان بۆی تێدەکۆشن، تەنها ئازادی رەهایە لەنێو دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیاندا.
هەموو ئەم شەڕ و هەرا و گرتنەبەری ڕێگای سەخت و ململانێ توندەیان بۆ گەیشتن بەدەوڵەت بوونە.
بەم پێیە دەستگای دەوڵەت هێندە بایەخ و گرنگی هەیە، ٣١٩ ساڵ پێکەوە ژیان لەگەڵ ئینگلیزدا بکەنە قوربانی ئەو ئازادییە زێڕینە!
ئەم هەموو سەرچڵییەی دەکەن، بۆئەوەیە دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیان بەدەست بهێنن.
ئەم هەموو وزەیە بەخەرج دەدەن تاوەکو ئازادی رەهای خۆیان بەدەستی خۆیان بێت و خۆیان حوکمی خۆیان بکەن!… لەسایەی دەوڵەتێکی ئازاد و سەربەخۆدا.


کەواتە دەیانەوێ بگەنە وێستگەیەکی تری ژیان و هیوای سەربەخۆیی و ئازادییان هەمیشە بگەشێتەوە. لەم ڕۆژگارەشدا لە یەکێتی ئەوروپا دانەبڕێن و بێنەوە نێو باوەشی خێزانە گەورەکە، ئاخر ئینگلیز زۆر خۆپەرستانە، پێش ماوەیەک برێکسیتی تر و ماڵی خۆی لە ئەوروپای دایک جوودا کردووە، بۆیە لە ئێستادا تەواو وەتاق کەوتوونەتەوە.

حکومەتی سکۆتی پێکهاتوو لە هاوپەیمانێتی نێوان حیزبی سەرۆک وەزیران نیکۆلا ستێرگن دەیانەوێ پاییزی ساڵی داهاتوو ڕێک لە ١٩.١٠.٢٠٢٣ بە ٤,٢ ملیۆن کەسەوە کە مافی دەنگدانیان هەیە، گەڕێکی تری ریفەراندۆمی جیابوونەوە لە لەندەن دەست پێ بکەنەوە و چی دی ملکەچی بڕیارەکانی دەسەڵاتی ناوەندی لەندەنی ئینگلیز نەبن.


بە دروشمی (دەبێت سکۆتلەندا بێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ؟).


گرتنەبەری ڕێگایەکی وا سەخت لای سکۆتییەکان ڕوونە، لێ وەک ئەوان کۆڵ نادەن و درەنگ یان زوو هەر دەبێت رزگاریان بێت و ببنە خاوەن دەوڵەت و دەسەڵاتی خۆیان.


پسپۆرێکی ئەم بوارەدا Bick McKerrll دەڵێ: پرۆسەیەکی بێ گرێ و گۆڵ نییە. هەربۆیە سەرۆکوەزیرانی سکۆتلەندی خاتوو ستێرگن لەم ڕووەوە دەڵێ:  ئێمە خۆمان لە دادگای باڵا کردووە تەماشای پلان و نەخشەکەمان بکات ئایا یاسایی و ڕاست و دروستە.


واتە ڕێی خەباتی رزگاری نیشتمانی سەختە و سکۆتییەکانیش باش خۆیان بۆ ئامادە کردووە.

ئەگەرچی بۆ ئەم هەنگاو و ئامانجە ڕەزامەندی حکومەتی ناوەندیی لەندەن پێویستە. سەرۆکی دادگای باڵا Robert Reed دەڵێ: بۆ ڕاوێژکردن لەسەر ئەم پرسە دادگا لساتێکی زۆری دەوێ هەڵوێستی خۆی دیاری بکات.


پرسەکە لەرووی یاساییەوە بریتییە لەوەی ئایا حکومەتی هاوپەیمانێتییەکەی Edinburgh ڕێ پێدراوە پرۆژە یاسایەکی ریفەراندۆم لە پەرلەمان بخاتە بەردەست!، ئەگەر بێت لەندەن رەزامەندی لەسەر دەرنەبڕێ؟!


لەپێناوی بەدەستهێنانی ڕێگەپێدانی ئەنجامدانی ریفەراندۆمەکەدا وەک خانمەسەرۆکی یاسایی سکۆتلەندا Dorothy Bain دەڵێ: پێویستی بە رەزامەندی دادگای باڵایە.


هەروەها دوای ئەوەی داواکارییەکی تێروتەسەلی یاسایی داوەتە دادگای باڵای لەندەن دەڵێ:(پێویستە لەسەر حکومەت و پەرلەمان و گەلی سکۆتلەندی و شانشین ئەو خاڵانەی پاڕێزییان لەسەرە و وابەستەی گرنگی لایەنی دەستووریی ئەم باسەن روون بکەنەوە).


ناوبراو دەڵێت: (ریفەراندۆمەکە پابەندی یاسایی نییە بەڵژوو ویستی گەلێک بەدیار دەخات).


ئەگەر دادگای باڵا دەنگدانەکەی بە نایاسایی دانا، سەرۆکوەزیران ستورجون دەیەوێ هەڵبژاردنە گشتییەکانی داهاتوو لە شانشینی یەکگرتوو بکاتە دێفاکتۆ و هەڵمەتی هەڵبژاردن لەسەر زەمینەی پرسی سەربەخۆیی بەڕێوە ببات.

زۆر بێ مانایانە پارێزەرانی حکومەتی لەندەن کیز ترەس سەرۆکوەزیرانی پێشوو، دادگا دەبێت ئەوکاتە بڕیار بدات، کاتێ پەرلەمانی سکۆتلەندا بەڕاستی ڕێی خۆش کرد بۆ ڕیفەراندۆمەکە. لەم کاتەدا لەمیانەی ساڵێک دەبێت روونکردنەوە یاساییەکان بکرێن و بەڕێوەبردنی ئەم کاروبارەش مەحاڵە.


ساڵی ٢٠١٤ کاتێ SNP بەسەرۆکایەتی سەرەک وەزیران دەیڤد کامیرۆن دەنگی دا بۆ ریفەراندۆم دووساڵ پێشوەخت دەستەبەکاری ئامادەکاری ریفەرابدۆمەکە بوو.. ئینجا دادگای سکۆتلەندا رەزامەندی ئەنجاندانی ریفەراندۆمەکەی دا. دوای بگرە و بەردەیەکی زۆر ٥٥٪ سکۆتلەندییەکان بۆ مانەوە لەچوارچێوەی شانشینەکەدا کە بۆماوەی ٣١٥ ساڵە تامی بندەستی دەچێژن و بەرانبەر بە ٤٥٪ بۆ جیابوونەوە و هەڵمژینی تامی ئازادی دەنگیاندا.


سیاسییەکانی لەندەن لەو دەمەوەی دەنگدان کراوە هەموو دەپێچنە ملی پارتی ناسیۆنالیستی سکۆتلەندی SNP ، لە کاتێکدا دەنگدانەکە هەر نەوەیەک بووە.

حکومەتی لەندەن بایەخێکی زۆری بۆ حکومەتەکەی ئێدینبەرە و سەرۆکەکەی بەتایبەتج نییە کە بە دیموکراتیش هەڵبژێردراون.


لایەنگرانی جیاخواز و سەربەخۆخواز پێیان لە سەردەمی برێکستی ٢٠١٦ بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا هەلومەرجەکان بەتەواوی گۆڕاون، ئاخر سکۆتلەندییەکان بەڕێژەی ٦٢٪ دەنگیان بۆ مانەوەی لەناو یەکێتی ناوبراو دا. نێکۆلا سێرگن دەیەوێ لەکاتی سەربەخۆبووندا جارێژی تر بێتەوە سەر مێزی گفتوگۆکردن لەگەڵ برۆکسلدا.


خانمە سەرەکوەزیران کە ماوەی ٨ ساڵە دەسەڵات بەدەستە و خۆشەویستی نێو خەڵکە، توانیویەتی دەنگی پێویست بۆ سەربەخۆیی لەناو SNP مسۆگەر بکات.

 

لە Aberdeen گووتی: (ئێمە هەموو مەرجە پێویستییەکانی سەرکەوتنی سەربەخۆییمان هەیە).. هەروەها گووتی:- کاتی ئەوە هاتووە سکۆتلەندا بخەینە سەر ڕێگای ڕاست و چرکەساتی سەربەخۆیی سکۆتلەندا هاتووە.


٥٢ ساڵە نێکۆلا سێرگن بە هەڵوێستەکانی ناسیۆنالیست وێنەی خۆی تەڵخ کردووە کاتێ لە رادیۆی BBC بە حکومەتە کۆنزەڤاتیەکەی لەندەن دەڵێ: (من نەفرەت لە پارێزگاران دەکەم و هەموو ئەوانە لەگەڵیاندان).


ریفەراندۆمی ٢٠١٦ لە دوو خاڵ و بابەتدا شکستی هێنا:


یەکەم: یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ ریفەراندۆمەکەدا نەبوو، چونکە گاوسۆزی حکومەتەکەی بەریتانیای گەورەی جاران بوون کە ئەندامی یەکێتییەکە بوو.
 دووەم: پرسی ئابووریی و دارایی نادیار بوو. بۆ نموونە دراوی دەوڵەتە سەربەخۆ نوێیەکەی سکۆتلەندییەکان چ دەبێ.. بۆیان نەبوو ببنە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا و بەو پێیەش نەفەبوو یۆرۆ بەکار بهێن!


هەر لەم چوارچێوەدا پرسی دابەشکردنی قەرزەکانی وڵات و بەرپرسیارێتی بەرانبەر بە خانەنشینان و مووچەکانیان.


کێشەی یەکەم ئەگەر چارەسەریش نەبوو بێت وا زۆر گۆڕاوە.. لە Brüssel بروکسل هەندێ هەن کەم خۆشحاڵن بەوەی ئەندامێکی نوێی وڵاتی برێکست بەهەموو کێشەکانییەوە بە ئەندام وەربگرن.


لەلایەکی دیکەوە ئەندامێکی خاوەن ئەزموون کە پارەی پوخت بدات سیگنالێکە، لەلایەن کۆمەڵەی یەکێتییەوە لە برۆکسل پێشوازی سیاسی لێ دەکرێ.


ئەو گرێ کوێرانەی بە ناڕوونی دەمێننەوە ئابوورین: سەقامگیریی ئابووری، لەنێوان ماڵئاوایی کردن لە دراوی بەریتانیا و بەکارهێنانی دراوێکی نائاسایی تایبەت بە یۆرۆ سلۆتلەندییەکان درواتێکی خحیان بەکاربهێنن؟. چەند وزەی نەوت و گاز لە دەریای باکوورەوە دزە دەکاتە خەزێنەی ئێدینبەرە و چەندی لە لەندەن گل دەدرێتەوە؟


هەروەها داهاتی زۆری Off-Shore-Windfarmen چەند وەردەگیرێ؟


نوقسانی وەزارەتی دارایی ئێدینبەرە لە ساڵی ساڵانی ڕابردوودا ١٢,٣٪ و لە کاتێکدا هی کەمی تەواوی شانیشنەکە ٦,١٪ ی پێک هێناوە.


کورت و پوخت دەتوانین بڵێین کەوا هەلومەرجێکی لەبار بۆ سەربەخۆیی نەتەوەکانی بندەستی ئینگلیز و شانشینی یەکگرتوو هاتۆتە پێشێ پێویستە بقۆزرێتەوە:


- بارودۆخی خێزانی پاشایەتی لەندەن دوای مردنی شاژن جیاوازە لە جاران و زۆر وڵاتی کۆمیسیۆل داوای ماف و هەقی خۆیان لە دەسەڵاتی پاشای ئینگلیز دەکەنەوە.
 - بەریتانیای مەزن یاخود شانشینی یەکگرتوو لە ٢٠١٦ -ەوە برێکستی کردووە و خۆی بەتاقی تەنیا لەدەرەوەی خێزانە گەورەکەی ئەوروپایە، بۆیە جگە لە کێشە و لێکەوتەکانی تری، سەنگی سیاسیشی کەم بۆتەوە. وەک دەبینین کێشەی حکومەت لە لەندەن زۆرە و قەیرانەکانی تەواو نابێت و سەختە سەقامگیریی بەرقەرار بێت.
- لاوان و تازە پێگەیشتووان خەونی ئەوروپایی بوونیان زیاترە و نایانەوێ لە دورگەیەکدا بە دابڕاوی بژین و بێبەش بن لەزۆر ئیمتیازاتی بەهەشتی یەکێتی ئەورپا و تاکە تاکەی وڵاتەکانی.
- هەلومەرجی دوای کۆرۆناش دیسان بە قازانجی سەربەخۆییە و نابێت ئەم دەرفەتە زێڕینە لەدەست بدرێ.


بە هیوای هاتنە خەون و ئاواتی سەربەخۆیی سکۆتلەندا و ئیرلەندە و وێلز و گشت گەلانی بندەستی جیهان، ئاخر هەر دەبێت ویست و خواستی گەلانی بندەست پلان و نەخشەی گڵاو و بە زۆر داسەپاوی کۆلۆنیالیستی و ئیمپریالیستی تێکوپێک بشکێنن و بەهەواری سەربەخۆیی و ئازادی بگەن.


(کوردستان)یش بە هەمان ئاوات و ئامانج بگات، جا بە هەر شێوەیەک بێت!! ئێستاش باشترین ساتەوەختەرد هەنگاوی گەورە بنێ، چونکە هەموو داگیرکەرانی گرفتاری کێشەی ناوخۆیی و دەرەکی گەورەن و کورد و کێشەکەی بۆتە ژمارەی نێو هاوکێشە هەرێمی و جیهانییەکان. پێداویستی چارەسەرکردنی ئەم دۆزە دێفاکتۆی سەر نەخشە و هەناوی ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوینە.

______________________________________________
سەرنج: سوودلە چەند وتارێکی رۆژنامەی Der Tagesspiegel وەرگیراوە.

 

٢٦\١٠\٢٠٢٢

ماڵپه‌ڕی هه‌ڵۆ محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک