په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٥\٢٠١٨

سکتاریزم لە یەکی ئایاری ٢٠١٨دا.

نادر عەبدولحەمید   

پێشەکی.


بۆ ئامادەکاریەکانی یادکردنەوەی ڕۆژی یەکی ئایار، کۆبونەوەیەکلە شاری سلێمانی ولە ناوەڕاستیمانگی ئەپریلی ٢٠١٨دائەنجامدرا و تیایدا (کۆمیتەی یەکی ئایار) پێکھێنرا.ئەمەش دوای ئەوە ھات کەلەسەرەتای ئەپریلدا، (نەوزاد بابان) ھەڵسوڕاوی کرێکاری ڕادیکاڵ و سۆشیالیست، و یەکێک لە دامەزرێنەرانی (ڕێکخراوی سەربەخۆی کارەبا) نامەی نوسی بۆ کۆمەڵێک لە ھەڵسوڕاوانی کرێکاری تا کۆبونەوەیەک ئەنجام بدەن.


لەو کۆبونەوەیەدا ھەڵسوراوانی بزوتنەوەی کرێکاری و ھەڵسوڕاوانی ڕێکخراوە سەربەخۆکانی (کارەبا و خەستەخانەکان و بیناسازی) و ھەروەھا ھەڵسوڕاوانێک لە سەید سایەق و دەڤەری پشدەر و بیتوێن بەشداریان تێدا کردبوو، پاشانیش دوای سەردانی ھاوڕێیان (عومەر چاوشین) و (نەوزاد بابان) بۆ شاری ھەولێر، ھەڵسوڕاوانێکی ئەو شارەش ھاتنە ناو کۆمیتەکەوە، ئەمە جگە لەوەی کە چەند ھەڵسوڕاوێکیش لە کفری و کەلار لە پەیوەندیدان بەو (کۆمیتەی یەکی ئایار)ەوە. وە کۆمیتەکەش بەرنامەی ھەیە کە سەردانی زوربەی شار و شارۆچکەکان بکات تا ئەو یادە بەجۆرێک لە جۆرەکان تیایاندا بکرێتەوە.


ئەم ھەوڵوکۆششانە لەو پێناوەدایە کە بتوانرێت لە زوربەی شار و شارۆچکەکانی کوردستانی عێڕاقدا، لەژێر ئیتۆریتەی یەک ناوی ھاوبەشدا،وەک سمبولێک بۆ پاراستنی یەکیەتی و یەکڕیزی بزوتنەوەی کرێکاری، یادکردنەوەکە ومەراسیمبکرێت.


ئەڵبەتە بە پشتی ئەم ھەڵسوڕاوانە و ئەم چالاکیەوە بۆ یەکی ئایار، حزب و ڕێکخراوە سیاسی و ڕەوتەکانی چەپ و کۆمۆنیزمی کوردستان وەستاون (لەوانە: یەکیەتی کۆمۆنیستەکان. حکک کوردستان. ناوەندی خەبات،بەرەنگاری و...)، ھەروەھا بەشێوەیەک لە شێوەکان لە ھەولێر (حشک) و (زەحمەتکێشان)یشبەپشتی ئەو چالاکیانەوەن. ئەمە جگە لەوەی کە ھاوڕێیانێکی ھەڵسوڕاوی بزوتنەوەی کرێکاری سەر بە (حشک) لە سلێمانی بە سفەتی شەخسی خۆیان لە ناو (کۆمیتەی یەکی ئایار)دان.


لەگەڵ ئەوەدا کە ئەم حزب و گروپ و ڕەوتە سیاسیانە بە پشت ئەم کۆمیتەیە و ئەم چالاکیانەی یەکی ئایارەوەن، بەڵام (کۆمیتەی یەکی ئایار) لە کۆبونەوەی ئەوان و ڕێکەوتنامەیەکی نێوانیان پێک نەھاتووە، بەڵکو لەڕووی واقعی و مێژووییەوە، وەکو لەسەرەوە ئاماژەم پێداوە، ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی پەیوەندی ھەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی کرێکاریەوە پێکھاتووە، و ئەم حزب و ڕێکخراوانەش (بەھەر مەبەستێکەوە کە خۆیان ھەیان بێت) چونەتە پشتیان. جگەلەمەش (کۆمەڵە-ڕێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران) ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆبەشداریکردن لەکار و چالاکیەکانی یەکی ئایار لەڕێگەی ئەو کۆمیتەیەوە.


خستنەڕووی ئەو ڕاستیە کە ئەمە خودی ھەڵسوڕاوانی عەمەلی و مەیدانی بزوتنەوەی کرێکاری و ھەڵسوڕاوانی ڕێکخراوە سەربەخۆکان بوون کە ئەم (کۆمیتەی یەکی ئایار)ەیان دروست کردوە،(کە وەکو شەخس ناسراون و لە لاپەڕەی فەیسبوکی کۆمیتەکەشدا وێنەی کۆبونەوەکانیان دانراوە)، بۆئەوە نیە کە بڵێین ئەگەر حزب و گروپ و لایەنە چەپ و کۆمۆنیستەکانکۆمیتەیەکبۆیەکی ئایار پێکبھێننشتێکی خراپە، بەڵکومەبەستمان لە ئاماژە بەو فاکتە، کە ئەوە خودی ھەڵسوڕاوانی کرێکارین ئەو کۆمیتەیان پێکھێناوە و ئەو چالاکیانە بەڕێدەخەن، بۆ ئەوەیە تا پڕوپاگەندەی ئەوانەڕەت بکەینەوە،کە دەڵێنئەم حزب و گروپ و لایەنە سیاسیانەی سەرەوە،ھەڵساون بە دروستکردنی ئەم کۆمیتەیە، تا بڕوبیانویەک دابتاشن بۆ بەشدارنەبوونیانلە کۆمیتەکەدا،کە گوایە ھەڵوێستیان ھەیە بەرامبەریانو بە کۆمۆنیست و کرێکارییان دانانێن و تێکەڵاویان نابن، چونکە خۆیان عەیارە بیستوچواری کرێکاری و کۆمۆنیستین!


مەبەستی من ڕاشکاوانە لێردا، ئەوەیە کە (نەوزاد بابان) ھەمان نامە کە بۆ ھەڵسوڕاوانی کرێکاری ناردوە، بۆ چەند ھاوڕێیەکیشی ناردوە کە دواتر دەستەی (بەرەو یەکی ئایار) یان ڕاگەیاندوە، وێڕای تەلەفۆن کردنیش لەگەڵیاندا،تا بێن بۆ ئەو کۆبونەوەیە،بۆ دانانی نەخشە و پلانێکی ھاوبەش بۆ یەکی ئایار، بەڵام ئەو ھاوڕێیانە نەیانویستوە بەشداری کۆبونەوەکە ببن. دوای ئەوەش کە کۆبونەوەکە ئەنجام دراوە و (کۆمیتەی یەکی ئایار) پێکھاتووە،لە ھەستکردن بە بەرپرسیارەتی بۆ پاراستنی یەکڕیزی بزوتنەوەی کرێکاری،کۆمیتەکەلە بەرواری (٢١-٤-٢٠١٨)دا ھەڵساوە بە ناردنی نامەیەکی ڕەسمی بۆ دەستەی (بەرەو یەکی ئایار)، وداوای لێکردون کە بێن بۆ دانیشتنێک، تا لەگەڵ (کۆمیتەی یەکی ئایار)دا کاروچالاکیەکانیان ھاوئاھەنگ بکەن.بەڵام ئەوان نەھاتوون بۆ دانیشتنەکە و بڕیاریان داوە سەربەخۆ چالاکیەکانی خۆیان ئەنجام بدەن.


وێنەیەکی فۆتۆگرافی لە دوو ئۆبجێکت.


بەم شێوەیە لەبەردەم وێنەیەکداین کە زوربەی ھەڵسوڕاوانی بەرجەستە و ناسراوی بزوتنەوەی کرێکاری و ڕێکخراوە سەربەخۆکانی کرێکاران و کارمەندانی خەستەخانەکان و کارەبا و بیناسازی، وە بە پشتیشیانەوە حزب و گروپ و ڕێکخراوە و لایەنە سیاسیەکانی بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کوردستانی عێڕاق لە (کۆمیتەی یەکی ئایار)دا لەلایەک و لەلایەکی تریشەوە دەستەی (بەرەو یەکی ئایار) و بە پشتیەوە (ئاڵتەرناتیڤی سۆشیالیستی) و چەند مەحفەلێکی تر وەستاون.


ئەم خۆ جیا کردنەوەیە بۆ؟


ھەرکەسێک ئاگاداری ئەو ڕاستیانەی سەرەوە بێت،پرسیارێکی سادەیلا دروست دەبێت، کە بۆچی دەستەی (بەرەو یەکی ئایار) وبە پشتیەوە (ئاڵتەرناتیڤی سۆشیالیستی) نەیانویستوە ھاوئاھەنگی کار و چالاکیەکانیان بکەن لەگەڵ (کۆمیتەی یەکی ئایار)دا؟


ڕاستیەکەی ئەو(دەستە)یە و پشتیوانەکەشی بەرپرسن لەبەرامبەر بزوتنەوەی کرێکاریدا کە وەڵامێک بەو پرسیارەی سەرەوە بدەنەوە. بەڵام تا ئەو کاتەی ئەوان ئەو وەڵامەی خۆیان ئامادە دەکەن، من دەمەوێت تیشکێک بخەمە سەرشێوازی کارکردن و ھەڵوێست گیریەکەیان.


دەستەی(بەرەو یەکی ئایار) لیستێکیان ڕاگەیاندوە بۆ چالاکی، بەڵام ئەوەی کە ئەم چالاکیانە چ کاریگەریەکی ئیجابی یان سلیبی لەسەر کۆیبزوتنەوەی کرێکاری ویەکڕیزیەکەی بەجێ دەھێڵێت، تەنھا پەیوەست نیە بە خودی ئەو چالاکیانەوە، بەڵکو پەیوەستیشە بە شێوازی کارکردنی دەستەی (بەرەو یەکی ئایار) و ھەروەھا پەیوەستیشە بەو بارودۆخەی بزوتنەوەی کرێکاریەوە لە ئێستادا کە ئەم چالاکیەی تیا ئەنجام دەدرێت.


سێ فاکتۆری گرینگ.


لە ئێستادا سێ فاکتۆر ھەنکە چوارچێوە و بارودۆخێکن، بزوتنەوەی کرێکاری لە کوردستانی عێڕاقدا گەشەی تیادا دەکات:


یەکەم، ناڕەزایەتیە بەرفراوانەکان، خۆشباوەڕی بە دەسەڵاتی ئێستای ناسیونالیزمی کورد و ئیسلامی سیاسی ڕەواندۆتەوە، بەمەش زەمینەیەکی بابەتی خوڵقاوە بۆ گەشەی ڕایکاڵیزم و سۆشیالیزم لە دەرونی چینی کرێکار و لە ناو بزوتنەوەی کرێکاریدا.


دووەم، بزوتنەوەی ناڕەزایەتیەکان لە پەرەسەندنی خۆیدا مەسەلەی ڕێکخراوبوونی سەربەخۆی کرێکاران و کارمەندانی ھێناوەتە ئاراوە لە کەرتە جۆراوجۆرەکانی خزمەتگوزاریە دەوڵەتیەکان و ئابوری وڵاتدا. ئەم ڕەوەندە ھێشتا ھەر لەسەرەتای کاریدایە.


سێھەم، بونی ھەڵسوڕاوان و ڕابەرانێکی عەمەلی و مەیدانی ڕادیکاڵ و سۆشیالیست کە تۆڕێک لە پەیوەندی کۆمەڵایەتی و ھاوڕێیەتی و پلەیەک لە نزیکایەتی فکری و سیاسی کۆی کردونەتەوە. وە لە بنچینەدا ئەو توێژە و تۆڕی پەیوەندیەکانی، کلیلی ڕێکخراوکردنی چینی کرێکار و ھێنانەدی ڕێکخراوە سەربەخۆکان و ئاسۆدارکردنی بزوتنەوەی کرێکاریە، بە ئاسۆیەکی ڕادیکاڵی سۆشیالیستی.گەرچی ئەم تۆرە ھێشتا خۆبەخۆییە و لەسەر بنەمای ناسیاوی و پەیوەندی کۆمەڵایەتی و ھاوڕێیەتی ڕابردوو دامەزاراوە و ھێشتا بەرز نەبۆتەوە بۆ ئاستی تۆڕێک کە بە ئاگاھی فکری و سیاسی و بە پلان و بەرنامەوە دامەزرا بێت، بەڵام ھەر لەم ئاستەشدا ڕۆڵێکی پڕ بایەخ دەبینێت لەناو بزوتنەوەی کرێکاری و بە واقعی و بەعەمەلی ئەم (کۆمیتەی یەکی ئایار)ە و ئەو ڕێکخراوە سەربەخۆیانەی کە لە ئارادان یان لە حاڵەتی شکڵگیریدان، بەرھەمی ئەو ھەڵسوڕاوانە و ئەو تۆڕەیەن لە ئێستادا.


چاندنی تۆوی دوبەرەکایەتی.


پەیبردن بەو سێ فاکتۆرەی سەرەوە، ھەستکردن بە بەرپرسیارەتی لای ھەر کۆمۆنیست و ھەر ھەڵسوڕاوێکی کرێکاری و ھەر خەمخۆرێکی بزوتنەوەی کرێکاری دەخوڵقێنێت، کە دەبێت لەو ڕاستایەدا کاروچالاکیەکانی ئەنجامبدات کە ببێتە مایەی ھەرچی زیاتر توندوتۆڵ کردنی ئەو تۆڕە لە پەیوەندیئەو توێژە لە کرێکارانی ڕادیکاڵ و سۆشیالیست و بەرفراوانتر کردن و بەرزکردنەوەی ئاستی ڕێکخراوبوونی کە ئەوە خۆی وەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێداوە کلیلی ھێنانەدی ڕێکخراوە سەربەخۆکان و ئاسۆدار کردنی بزوتنەوەی کرێکاری و ڕێکخراوکردنی چینی کرێکارە.


دەستەی (بەرەو یەکی ئایار) زۆر دورن لەوەی پەیان بردبێت بەو ڕاستیە، کە خودی (کۆمیتەی یەکی ئایار) بەرھەمی ئەو توێژە و ئەو تۆڕەیە لە پەیوەندی ھەڵسوڕاوانی مەیدانی ڕادیکاڵ و سۆشیالیستی ناو بزوتنەوەی کرێکاری لە کوردستانی عێڕاقدا(بەجیا لە تەعەلوقی فکری و سیاسی و حزبی ھەر ھەڵسوڕاوێک).


وە زۆر دورن لەوەی کە پەیش ببەن بەوەی،خودی شکڵگیری ئەم کۆمیتەیەش بە دەوری خۆیڕۆڵێکی پڕ بایەخ دەبینێت بۆ توندوتۆڵ کردنی پەیوەندی و بەرزکردنەوەی ئاستی ئاگاھی ئەو توێژە لە ڕابەرانی ڕادیکاڵ و سۆشیالیست بە جێگەوڕێگەی خۆیان و بە بەرپرسیارەتیەک کە لەسەر شانیانە، کە کۆمەگ دەکات بە بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندیەکانیان لە خۆبەخۆییەوە بۆ ئاستێکی دامەزراو لەسەر پلان و بەرنامە بۆ کاری ئایندە.


دەستەی (بەرەو یەکی ئایار) و پشتیوانەکەینەک ھەر پەیان نەبردوە بە زەرورەتی پتەوکردنی جێگەوڕێگەی ئەو توێژە و ئەو گرایشەلەناو بزوتنەوەی کرێکاری و کارکردن لە ڕاستایەکدا کە کۆمەگ بکات پێیان، بەڵکو لەوە ناچێت وەکو توێژێک و گرایشێکیش بیان بینن. ئەوان کەسە ھەڵسوڕاوەکان دەبینن وە تەعەلوقی فکری و سیاسی و حزبیشیان دەبینن، لێرەوە وەک کەس و فەردی ھەڵسوڕاو لەسەر ئەو تەعەلوقە فکری و سیاسیە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن، نەک وەک گرایشێک و توێژێک کە ئەفرادەکانیان تەعەلوقاتی فکری-سیاسی و حزبی جیاجیان ھەیە، بەڵام وەک گرایش و توێژێک ڕۆڵێکی ھاوبەشیان ھەیە لەناو دەرونی بزوتنەوەی کرێکاریدا، وە پێویستە چ بکرێت تا ئەو ئەرکە ھاوبەشە بەرەو پێش ببرێت. بەمانایەک بزوتنەوەیی کارکردن، نەک کێش کردنی ئەفرادی ھەڵسوڕاو بۆ ناو فرقەکەی خۆتو بە جیاکارکردن لەوانی دی کە تەعەلوقی فکری و تەشکیلاتیان لەگەڵ فرقەکەتدا نیە.


ئەم دەستەی (بەرەو یەکی ئایار)ەلەبریتی ئەوەی بێت یەکڕیزی ئەو گرایش و توێژە لە ھەڵسوڕاوانی ڕادیکاڵ و سۆشیالیست بپارێزێت، لە بریتی ئەوەی بێت تواناکانی خۆی و کار و چالاکیەکانی لەگەل تواناکانی (کۆمیتەی یەکی ئایار) و کار و چالاکیەکانیدا بکات بەیەک، بەتایبەتیش کە داواشیان لێکردون بە نامەی ڕەسمی،دەیەوێت وەک سکت (گروپ.فرقە)ێک، بەجیا خۆی مەراسیم بگێڕێ ودێت تۆوی دوبەرەکایەتی دەچێنێت. ئەوە ئەو مۆد و شێوازەیە کە کار و چالاکیەکانی پێدەکەن.


لە پشتی لیستێکی دورودرێژی ڕیزکراوی چالاکیەوە ئەو شێوەکارە سکتاریستی (فرقەگەرایی)ە وەستاوە. لێرەوە ئەم چالاکیانە بە ھەموو ھاشوھوشوێکی "کرێکاری" و "پڕۆلیتاری"ەوە کە بۆی دەکرێتو بەڕواڵەت وا دەردەکەوێت لە خزمەت بزوتنەوەی کرێکاریدایە، بەڵام لە پشتەوە تۆوی فرقەگەرایی دەچێنێت.


لە حاڵەتێکدا کە ئەو (دەستە)یە و ئەو (کۆمیتە)یەلە دوو شاری جیادا ئاگایان لە یەکتری نەبوایە و ئەو چالاکیانەی خۆیان ھەر لایەنە سەربەخۆ لەوی تر ئەنجامی بدایە، ئەوەی دەردەخست کە بزوتنەوەکە لە پرشوبڵاویدایە و ھیچ جۆرە فرقەگەراییەکی پێوە دیار نەدەبوو، بەڵام ئەوەی کە ئەم (دەستە)یە و ئەم (کۆمیتە)یە لە جوگرافیایەکدا کاردەکەن کە ئاگاداری کار و چالاکیەکانی یەکترین کە بڕیارە لەسەر یەک بابەتی دیاریکراو کە یەکی ئایارە ئەنجام بدرێت، بۆ دەبێت بۆ پاراستنی یەکڕیزی بزوتنەوەی کرێکاری بەیەکەوە ئەنجام نەدرێت؟ ئەو (دەستە)یەی کە نایەوێت ھاوئاھەنگی کارەکانی بکات لەگەڵ ئەوانی تری ناو (کۆمیتە)کە، ئەگەر ئەمە بە فرقەگەرایی دانانێت با بفەرموێت وەڵامێک بخاتەڕوو کە بۆچی ناچن بەدەم بانگەوازی "کۆمیتەی یەکی ئایار"ەوە و نایانەوێت ھاوئاھەنگی کار و چالاکیەکانیان بکەن.


نەریتی نوێ.


ئەم ھاوڕێیانە لە ڕونکردنەوەیەکدا لە لاپەڕەی فەیسبوکی تایبەت بە (بەرەو یەکی ئایار) نوسیویانە:


(ئەوەی لەم ئایارەدا ئەنجامی دەدەین دەرھاویشتەی دونیابینی و تێگەیشتنێکی نوێیە لە دونیای ئەمڕۆ و سیستەمی سەرمایەداری و پێگەی پڕۆلیتاریا و خەباتی چینایەتی .... ناشوەستین تاکو ئەم نەریتە نوێیەی خەباتی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی پشت بەستوو بەم نەریتە نوێیە، سەرپێ دەخەین ....).


لە پشتی ئەو وشە ئاڵوواڵا گشتیانەوە، نە ناسینی تایبەتمەندیەکانی بزوتنەوەی کرێکاری لە کوردستانی عێراق و نە ناسینی پێداویستیە حەیاتی و ئەولەویاتە ھەنوکەییەکانیوەستاوە. ئەمە نامۆبونی ڕۆشنفکرانەی ئەو دەستەیە و پشتیوانەکەیانە نامۆبونی خۆیان لە بزوتنەوەیەکی موشەخخەسی کرێکاری لە کۆمەڵگەیەکی دیاریکراودا بە مەنتقیاتی گشتی پەردەپۆش دەکەن.ناوەڕۆکی ئەو "نەریتە نوێ"یەش کە باسی لێوە دەکەن شتێک نیە جگە لە خۆ دابڕان لە یەکڕیزی بزوتنەوەی کرێکاری و خۆ جیاکردنەوە، وەک فرقەیەک لە ریزی یەکگرتووی کرێکارانی ڕادیکاڵ و سۆشیالیست کە دەستیان خستۆتە ناو دەستی یەک، تواناکانی خۆیان یەکخستوە تا پێکەوە یادی یەکی ئایار بکەنەوە.


٢٧\٤\٢٠١٨
ماڵپه‌ڕی نادر عەبدولحەمید

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک