سڵاوێک لە
بنگڵادشیەکانى سەرۆکایەتى هەرێم!

بەشدار عهلی
تاکو ئەو ساتە هیچ بیرمەند و فەیلەسوف و سیاسیەک و زانایەکى ئەو
دونیایە سەریان لە نیزام و سیستەمى کارپێکراوى کوردستان دەرناچێت!بۆ
هەر رووداو و دیاردەیەک شێوەیەک خۆیان نیشان ئەدەن،ئەمرۆ کارێک دەکەن و
هەڵوێستێک وەردەگرن رێک پێچەوانەى هەڵوێست و کارەکانى
دوێنێیانە،بەکورتیەکەى ئەوەندەى ئێمەى لێى حاڵى بین سیستەم و یاسا و
دەستورێکى دیاریکراو نیە تاکو هەموان پەیڕەوى لێ بکەن بەگوێرەى میزاج و
بەرژەوەندیەکانى بەرپرس و گروپەکان بڕیاردەدرێت و هەڵوێست دیارى دەکرێت
،لەمناوەشدا تەنها خەڵکە کەمدەرامەتەکە قوربانین،ئیوە ئەو نمونەیە
بخوێننەوە:چوار کرێکارى بەنگڵادشى دیوانى جێگرى سەرۆکایەتى هەرێم لە
کاتى پشویاندا لە ژوورەکەى خۆیان هەر یەکە و دوو بیرە دەخۆنەوە،بەڵام
بەدبەختانە سەرپەرشتیارى کارەکانى ئەو کرێکارانە پێى دەزانێت و بە
توندى سزایان دەدات و ئەو کەسەشى کە بیرەکانى بۆ هێناون فەسڵ دەکەن!
نەمبیستوە لە هیچ وڵاتێکى بە فەرمى ئیسلامى وەکو ئێران و ئەندەنوسیا و
سعودیا کە دین بە کوتەک دەسەپێنن ئەو جۆرە بڕیارانەى تیادا جێبەجێ
کرابێت،ئەگەر مەسەلە کەمتەرخەمى و کاتى دەوامى رەسمى بێت ئەوە باسێکى
ترە و ئێمەش بە شیوەیەکى تر قسەى لەسەر دەکەین،بەڵام ئەو کرێکارانە لە
بەیانى تا ئێوارە کارى تاقەت پروکێنیان ئەنجامداوە و دوایى دەوامى
رەسمى خۆیان وویستویانە سەرێک گەرم بکەن و لەدونیاى جەنجاڵى و بێ
سیستەمى بەنگڵادش و کوردستان بچنە دونیایەکى خەیاڵى.
بە پێى یاسا و دەستورى سۆشیال دیموکرات کە سکرتێرەکەى جێگرى سەرۆکى
هەرێم بە قەولى خۆیان ئەندامى کاراى ئەو رێکخراوەیە سەر گەرم کردن لە
کاتى پشوى رەسمى قەدەغەیە؟!بەپێى پرۆگرام و پەیڕەوى ناوەخۆى یەکێتى
نیشتیمانى کوردستان کە جێگرى سەرۆکى هەرێم کەسى دوومى ئەو حیزبەیە و
خۆیان بە علمانى رادەخەن،بیرە خواردنەوە و سەر گەرم کردن لە کونجى
ژوورەکان و لەکاتى پشودان قەدەغەیە؟!بەپێى دەستورى پێشنیارکراوى
سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان کە چوار ساڵە بە نیازن خەڵکى راپێچى سەر
سندوقەکان بکەن و فریا ناکەون!سەرگەرم کردن قەدەغەیە؟!
ئیستا لە کوردستان کرێکاران و کارمەندان و فەرمانبەرانى کوردستان لە
ناخۆشترین بارى دەروونى راگیراون،سەربارى ئەوەى کرێى کارەکانیان لە
کەمترین ئاستى پێداویستیەکانیانە لەگەڵ ئەوەشدا رۆژانە لەلایەن
بەرێوبەر و سەرپرشتیارى کارەکانیان دووچارى دەست درێژى و هەست بریندار
کردن و ئیهانە و سوکایەتى دەبنەوە و یاسا و دەستور و رێکخراوێکیش نیە
بۆ بەرگرى کردن لێیانەوە. رۆژانە بە هەزارەها ملیون دۆلار لە داهاتى
ئەو خەڵکە لە شەهوەت و هەوەسى بەرپرسان بە فیرۆ دەڕوات،شەوە سورەکانى
شیراتۆنەکان و پاڵاسەکان بەچى گەرم دەکرێت؟!سەفەر و سەردانەکانى
بەرپرسان بۆ ئەوروپا و وڵاتانى کەنداو بۆ چ مەبەستێکە و لە داهات و
بودجەى کێ سەرف دەکرێت؟!کەچى دوو کرێکار لە بنگڵادشەوە هاتوون رۆژانە
دوازدە سەعات کاردەکەن و خواردنەوەى دوو بیرەیان لەکاتى پشویاندا لێ
دەبێت بە ژەهرەمار وسزا دەدرێن و ئیهانە و سوکایەتیان پێدەکرێت،ئەگەر
ئەو هەڵوێست وەرگرتنە کارێکى شەخسى بووە دەبیت ئەو کرێکارانە قەرەبووى
ماددى و مەعنەوى بکرێنەوە،ئەگەریش بڕیار و راسپاردەیە دەبێت سەرۆکایەتى
هەرێم بۆمان رابگەیەنێت بەشکو کەسى تر دووچارى ئەو جۆرە بڕیارانە نابێت!
Bashdar_net@yahoo.com
|