په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\١١\٢٠١١

سیمای بەرگریی لە شیعرەکانی گۆڤاری (قەڵا)دا.

سەدیق سەعید   

 

شیعری بەرەنگاری، رووبەرێکی بەرفراوانی لە ئەزموونی شیعری کوردی گرتووە. بەومانایەی شیعر وەک پەیامێک، کە ئامانجێکی نەتەوەیی و شۆرشگێری ھەبووە، ھەمیشە وەک چەکێکی بەرەنگاری و یاخیبوون بەرەو رووی دوژمنان بۆتەوە. لەو سۆنگەیەشەوە کەم نین ئەو تێکستە شیعریانەی بەو ھەناسەیەوە لەلایەن شاعیرانی ئێمە نووسراون.کەھەموویان سیمای بەرگری و تێکۆشان وھاندانیان تیادایە. بێگومان ئەمەش پەیوەستە بەو ھەلومەرجە سیاسی وشۆرشگێری وکۆمەڵایەتیەی کۆمەلگای کوردی. بەومانایەی ئێمە ھەمیشە وەک نەتەوەیەک بە ژێردەستەیی و چەوساوەیی ژیاوین.ئیدی لەو قۆناغانەدا،شیعریش وەک پەیامێک رەنگدانەوەی ئەو واقیعەیە.بۆیە دەکرێ بڵێین ھیچ ئەدەبێکی بەرەنگاری، بەبێ سیمای بەرەنگاری نەتەوە بوونی نابێت.شیعری سیاسی وشۆرشگێری، ئەوکاتە دێتە ئاراوە، کەنەتەوەیەک،لە ھەلومەرج وقۆناغی خەبات وبەرگری وتێکۆشان دابێت.لەو روانگەیەشەوە، ئەگەر تەماشای ئەزموونی شیعری کوردی لە قۆناغە جیاوازەکان دابکەین، دەبینین گوتاری شیعری بەرگری پەیوەستە بەخودی ئەو قۆناغانەوە. بەومانایەی ئەگەر لە ھەلومەرجێکدا، نەتەوە لە ساتەکانی تێکۆشان وبەرگری دابێت،ئەوا بە شێکی سەرەکی ئەدەبەکەشی رەنگدانەوەی ئەو تێکۆشانەیە.کاتێکیش نەتەوە دەگاتە ئازادی وسەربەستی،بەو مانایەی ھەلومەرجی شۆرشگێری کۆتایی دێت،ئەوا تارادەیەکی زۆر شیعری بەرەنگاریش وەک ئەزموونێک،کۆتایی دێت.لەوسۆنگەیەشەوە ئەگەر سەرنج بدەین دەبینین،لە قۆناغی دوای راپەریندا،شیعری بەرەنگاری بەبەراورد لەگەڵ قۆناغی ھەفتاوھەشتاکان،بوونی نییە.

 

لەکاتێکدا، کۆی ئەزموونی شیعری کوردی لەو قۆناغەدا،دەچێتە خانەی ئەدەبی بەرەنگاریەوە.تەنانەت شوناسی شیعری کوردی شوناسێکی بەرەنگاریانەیە.بەومانایەی وەک وتمان شیعر چەکێکی دیکەی رووبەروبونەوە بوە لە ئاست دوژمناندا.لەوروانگەیەشەوە کەم نین،ئەو تێکستە شیعریانەی ھەڵگری ئەو دەلالەتەن،کە ئەویش سیمای بەرەنگاری وھاندانی مرۆڤەکانە، بۆ تێکۆشان وقوربانیدان وخەبات لە رێگەی ئازادی وسەربەستی نەتەوەدا.بێگومان لەم روەشەوە، شیعری کوردی رۆلێکی مێژوویی وشۆرشگێری گرنگی بینیوە،لە ھوشیارکردنەوەی تاکەکان وجۆشدانیان بە بیری نەتەوەیی وکوردایەتی.واتە شیعر ھەمیشە چەکێکی دیکەی بەرگری بوە،لە قۆناغی تێکۆشانی نەتەوەی ئێمە. ئەگەر بەوردیش بە قۆناغە مێژوویەکان دابچینەوە،بە تایبەتیش دەیەی ھەفتاوھەشتاکان، ئەو راستیەمان بەرچاو دەکەوێت.بە تایبەتی ئەو دوو دەیە،زۆرترین شیعری بەرگری،وەک تێکستی نووسراو لە خۆدەگرن.تەنانەت شوناسی شیعری ئەو قۆناغە،شوناسی شیعری بەرگریە.بەومانایەی گوتار وناوەرۆکی شیعرەکان،ھەڵگری پەیامی نەتەوەیی وشۆرشگێرین،کە مرۆڤ فێری گیانی رووبەروبونەوەو خۆراگری ویاخیبوون، لە ئاست دوژمندا دەکەن. بێگومان بە شێکی ئەو شیعرانەش، لە رێی زمانی ھێما وبەرجەستەکردنی واتا، لە شێوازێکی شاراوەدا نووسراون. بە تایبەتیش ئەو شیعرانەی لە شاردا شاعیران نووسیویانە، پێچەوانەی،ئەزموونی شیعری شاخ کە ئەزموونێکی راستەوخۆیە،لە گەیاندنی ماناوپەیامدا.کەواتە دەتوانین بڵێین زمانی شیعری ئەو قۆناغەی شیعری کوردی، زمانێکی ھێما ئامێزەو،شیعری کوردی لەو سەردەمدا،پڕە لەو ێنەی شیعری شاراوە، کە ھەموویان گوزارشت لە خەبات و تێکۆشانی نەتەوەیەک دەکەن، کە ئامانجی سەرەکی گە یشتنە بە ئازادی وسەربەخۆیی.لەو روانگەیەشەوە ئەگەر سەرنج لە دوو توێی ئەو شیعرانە بدەین، کە لە گۆڤاری(قەڵا)دا بڵاوکراونەتەوە دەبینین،ھەموویان ھەڵگری ئەو گوتارەن کەباسمان کرد. کە ئەویش گوتاری شۆرشگێری وسیمای بەرگرییە. ئەو گۆڤارە، یەکێکە لەو بڵاوکراوانەی رۆلێکی گرنگ وپربایەخی بینی لە بەرەو ێشەوەچوونی رەوتی رۆشنبیری لە شاری رواندز.ئەم گۆڤارە کە بە نھێنی لەلایەن،کۆمەڵێ رۆشنبیری شاری رواندز،لەھەلومەرجێکی سیاسی یەکجارسەخت ودژواردەرچوو. کە سەردەمی بە عس بوو.سەردەمێک کە کارێکی لەو شێوەیە،نەک ھەرئاسان نەبوو،بگرە ھەڵبژاردنی مەرگێکی حەتمیش بوو.بەتایبەتی کە ھەموومان،رادەی درندەیی وخوێنرێژی رژێمی بەعسمان دەناسی.

 

ئەو گۆڤارە ژمارە یەکی بە نھێنی ولەزەمەنی،بەرلەراپەریندا دەرچوو.بەدوای ئەویش نۆژمارەی تری لە سەردەمی راپەرینە شکۆدارەکە لە فۆرمێکی ھونەری ساکار،بەڵام بە ناوەرۆکێکی دەوڵەمەند لێ دەرچوو.ئیدی بەدوایی وەستا. لە ناوەرۆکی ئەو دەژمارەیەی گۆڤاری قەڵا، چەندین بابەت،لە ھەموو ژانرەکانەوە بڵاوکراونەتەوە.لە نێویشیاندا شیعر وەک ژانرێکی ئەدەبی، بایەخێکی زۆری پێدراوە.دیارە ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ کاریگەریەتی ئەو ژانرە ئەدەبیە، لە مێژووی فەرھەنگی ورۆشنبیری ئێمەدا،ھاوکات رۆڵی شیعرلە ھوشیارکردنەوەو ھاندانی تاکەکان،بۆ گیانی بەرگریکردن وخەبات بۆ ئازادی وسەربەستی.لەوروانگەیەشەوە شیعرەکانی گۆڤاری قەڵا،بەگشتی ھەموویان ھەڵگری سیمای بەرگرین،لە ئازادی وسەربەستیەکانی نەتەوەیەک.ئەگەرچی شیعرەکان لەرووی فۆرمی شیعریەوە سادەن وزمانی نووسینی شیعرەکان،بێ گرێ وگۆڵە.وەلێ لەگەڵ ئەمەشدا وێنەی ھونەری جوان ومانا ودەلالەتی شیعری جوان لە دەقەکاندا بوونی ھەیە.کەواتە دەتوانین بڵێین شیعرەکانی گۆڤاری قەڵا،لەرووی گوتاری شیعریەوە، ھەڵگری ھەمان خاسیەتەکانی دەقی شیعری کوردییە،لە قۆناغی ھەفتاو ھەشتاکاندا.واتە شیعرەکان دەچنە چوارچێوەی شیعری بەرەنگاری نیشتمانی.لەو روانگەیەشەوە ئەگەر سەرنج لەناوەرۆکی شیعرەکان بدەین،دەبینین ھەموویان گوزارشتن لە ھەستی نەتەوەیی و نیشتمانی وھاتنەوە بەگژ دوژمناندا.بێگومان ئەمەش رەنگدانەوەودەرەنجامی ئەو بارودۆخە سیاسی و کۆمەڵایەتیەی کۆمەلگای کوردیە لەو کاتدا.بەومانایەی چونکە نەتەوە لە قۆناغی رزگاری و نیشتمانی دایە،ئیدە ئەدەبیش وەک لایەنێکی گرنگی نەتەوە،دەچێتە خانەی بەرگری لەنەتەوەو ئازادی نیشتمان.بۆیە ھەمووشیعرەکانی گۆڤاری قەڵا شیعری نەتەوەیی و نیشتمانین.واتە پرسە نەتەوەیەکان لە پێشەوەی پرسەکانی ترن.دیارە ئەمەش پەیوەستە بەرزگاری نەتەوە.بەومانایەی مرۆڤ رزگاری خۆی لەرزگاری نەتەوەو نیشتمان بینیوەتەوەو،بە بێ ئەو سەربەستیە مانایەک نییە بۆ سەربەستیەکانی مرۆڤ. بۆ ئەوەی مرۆڤیش بگات بە سەربەستی و ئازادی،دەبێ تێبکۆشێت وخەبات بکات.تێکۆشانیش بە بێ قوربانیدان وخۆبەختکردن نابێت.لەو سۆنگەیەشەوە،شاعیرانی گۆڤاری قەڵا بەگشتی لە شیعردا،ھەمیشە پەیامی تێکۆشان و رزگاری نەتەوەبە گوێی ئێمە دائەدەن وھانمان دەدەن،نەتەوەونیشتمانمان خۆشبوێت وخەبات بکەین.بۆیەشە شیعرەکان ھەڵگری پەیامی شۆرشگێری وھاندانە لە پێناوکاروانی ئازادی وسەربەستیدا.بەومانایەی بەبێ ئازادی مانایەک نییە بۆ بوون وژیان.ھەڵبەتە گەیشتنیش بە ئازادی کاروانێکی درێژ وھاوکات سەخت و دژوارەوبەردەوامی دەبێت ولەدەرەنجامی ئەوەشەوە،رووبەرووی نەھامەتی زۆر دەبینەوە.بۆیە نابێت لە ھیچ شتێک سڵ بکەینەوە.ھەربۆیە شاعیر دەلێ:
دەرۆم..دەرۆم
گەر لە رێ ما..
کێل بێتەوە سەدان لوتکەو دوندی چیا...
*


ئەگەر سەرنج لەو کۆپڵە شیعریە بدەین دەبینین شاعیر،لەپێناو گەیشتن بە ئازادی وسەربەخۆی نەتەوە،باکی بەو ھەموو سەختی و نەھامەتیانە نییە کە دێنە رێی. شاعیر دەزانێت ئازادی بێ تێکۆشان نایەتەدی.تێکۆشانیش بە بێ قوربانیدان بوونی نییە. ھاوکات ھەموو جۆرە تێکۆشانێکیش لە ناوەرۆکدا ھەڵگری سەختی و دژواری ونەھامەتیە.بۆیە شاعیر وێرای ھەموو ئەو سەختیانە کەچی بەردەوام دەبێت لە شۆرش وتێکۆشان وگەیشتن بە ئازادی.لێرەوە شاعیر بوونی خۆی لە بوونی نەتەوەدا دەبینێتەوە،بۆیەشە بێ ئازادی نەتەوە،ئەویش ھەست بە ئازادی ناکات.لە پێناو گەیشتنیش بە ئازادیش دەبێ خەبات بکات.ئەمە لە لایەک لەلایەکی ترەوە،شاعیر مەبە ستیەتی ئەو پەیامە بە دوژمن بگە یەنێت،کە ئەستەمە ئەوان بتوانن شۆرش وبەرخودانی نەتەوەیەک خامۆش بکەن.بۆیە ئەگەر ھەزاران دوندولوتکە چیای سەختیش بێنە سەررێ، کەچی کاروانی خەبات ھەر رێدەکات و بەردەوامی دەبێت.دیارە شاعیر دەزانێت بەردەوامی شۆرش ھاوکات مانای بەردەومی سەختی ودژواری و نەھامەتیەکان، تا دواوێستگەی سەرکەوتن. بۆیە ئەگەر دوندولوتکەی چیاش بێنە سەر رێی شاعیر وەک مرۆڤێک، ئەوا باکی پێ نییەو ئەو بەردەوام دەبێت، لە خەبات و تێکۆشانی خۆی.لێرەوش شاعیر بوونی خۆی لە بوونی نەتەوەدا دەبینێتەوە.بەو مانایەی شاعیر وەک تاکێک خۆی دەکاتە سیمبول بۆ نەتەوە.کەواتە دەکرێ بڵێین ئەوەی لێرەدا لە بەرامبەرسەدان دوندو لوتکەی چیا ھەر دەروات، شاعیرنییە بە تەنیا بەلکو ھەموومان وبگرە نەتەوەیەکیشە بە گشتی.کاتێکیش ئاماژە بۆ دوندو لوتکە دەکات،دەیەوێت ئەو پەیامە بە ھەموومان بگەیەنێت، کە رێگە سەخت ودژوارە. بۆیە نابێ ھیچ شتێک ساردمان کاتەوە.ئەمەش ھاندان وجۆشدانی مرۆڤەکانە، تاکوسوورتر وخۆراگرتربن،لە ئاست خەبات و تێکۆشان و گەیشتن بە سەربەستی و ئازادیەکانی نەتەوە.
بێگومان لەروانگەی شاعیرانی گۆڤاری قەڵادا، ھیچ خۆشەویستیەک نییە بەقەد خۆشەویستی نیشتمان گەورەو پیرۆز. بۆیە تاکە شتێک لە ژیاندا کە بشێ مرۆڤ ژیانی خۆی لە پێناو دابنێت کوردستانە. دیارە ئەوان دەزانن بێ ئازادی نیشتمان مرۆڤ ناگا بەو عشق و خۆشەویستیەی مەبە ستیەتی.یاخود بەدەربرینێکی تر،خۆشەویستی نێوان دوو رەگەزی جیا، چ مانایەکی ھەیە،ئەگەر خاک و نیشتمان لە ژێر کەڵبەی داگیر کەران دابێت.لێرەوەش ئەو بۆچوونەی ئێمە دەردەکەوێت، کە لە سەرەتادا ئاماژەمان پێدا بەوەی کە شاعیرانی قەڵا بوونی خۆیان لە بوونی نیشتمان دەبینیەوە.بۆیە تا ئەو ساتەی نیشتمان ئازاد نەبێت،لە روانگەی ئەواندا ئەوا خۆشەویستی وعەشقیش بوونی نابێت.ئەمەش تایبەتمەندی شۆرش و مرۆڤە شۆرشگێرەکانە لە سەردەمی خەبات و تێکۆشان وشۆرشدا.لەرورانگەیەوە شاعیر دەڵێت:
لەبەھاری حەوت ساڵ دووری و
خۆشەویستی....
رۆژێ نەتگوت..سەنگەرەکەت...
جێبھێڵەو..
بەسەر شۆری بگەرێوە. باوەشم..
**


دیارە تاکو نەتەوە ئازاد نەبێت،مرۆڤەکانیش ناتوانن ئازادبن. بە بێ خاک ونیشتمانێکی ئازاد،مرۆڤە ناتوانێ سەربەستانە بژیت و خۆشەویستی بکات. بۆیە کاتێ وڵات لە ژێر چرنووکی داگیر کەران دائەبێت،ئەوەی بۆ مرۆڤ گرنگە خەباتە لە پێناو نیشتمان نەک خۆشەویستی.کاتێ نیشتمان ئازاد دەبێت، لە گەڵیشیدا مرۆڤەکان وچەمکی عەشق وخۆشەویستیش ئازاد دەبن. بۆیە لەو کۆپڵە شیعریەدا، شاعیر پەسنی دەزگیرانەکەی دەکات، کە وێرای دووری ودابران، کە چی بۆ ساتێکیش پێی نەوتوە،ئامێزی نیشتمان جێبێڵەو بگەرێوە ئامێزی من.شاعیر ھەڵویستی سیاسی و شۆرشگێریانەی ژنی کوردمان لە وھەڵومەرجەدا پیشان دەدات،کە تیایدا ھاوشانی پیاو ئاواتی سەرەکی لە ژیاندا رزگاری نەتەوەو نیشتمان بوە.بۆیە نەک ھەر قوربانی بەو عشقەو دووریەی خۆی دەدات لە پێناو نیشتماندا،بگرە ھاوکات ھانی دەزگیرانەکەشی دەدات، کە سوورتر وبەردەوامتر بێت لە خەبات و تێکۆشان.لێرەوەش کاتێ داوا لە شاعیر ناکات،سەنگەرەکەی جێبێلێت،دەلالەتی ئەوە دەگەیەنێت کە لەروانگەی ئەودا خۆشەویستیەک ھەیە، لەسەرووی خۆشەویستی نێوان ئەوان،کە ئەویش خۆشەویستی خاک ونیشتمانە.لەو سۆنگەیەشەوە داواناکات سەنگەرەکەی جێبێلێت.ئەمە لەلایەک لەلایەکی ترەوە شاعیر پەسنی ژنی کورد دەکات، بەوەی کە ئامادەیە قوربانی بە عشق و خۆشەویستی خۆی بدات لە پێناو عە شقێکی گەورەتر و پیرۆزتر کە ئەویش نیشتمانە. لەو سۆنگەیەشەوە نەک ھەر داوا لە خۆشەویستەکەی ناکات سەنگەر جێبێڵێت، بە ڵکو ھانی دەدات سوورتریش بێت لە سەر خەبات.لێرەوەش خەمی نیشتمان بە تەنیا خەمی پیاو نەبوە، بگرە خەمی ژنیش بوە،ھەربۆیەشە شەھیدبوونی دەزگیرانەکەی بەڵاوە پیرۆزتر بوە لەوەی، بە سەر شۆری بگەرێتەوە باوەشی دوژمن و سەنگەرە کەی جێبێڵێت. ھەروەک شاعیر خۆشی ئاماژەی پێدەکات.


بێگومان وەک ئاماژەمان پێدا، پە یامی شیعرەکانی گۆڤاری قەڵا، پە یامێکی شۆرشگێریان ھەیە، کە ئامانج تیایدا ھاندانی تاکەکانە بۆ خەبات وتێکۆشان و نەسرەوتن تا سەرکەوتن.دیارە ئەمەش رەنگادنەوەی ئەو ھەڵومەرجە سیاسی و مێژوویەیە کە کورد وەک نەتەوەیەک لەو قۆناغەدا تیایدا ژیاوە. لە پێناو گەیشتنیش بە سەربەستی جگە خەبات و کۆڵنەدان، ھیچ رێگەیەکی تر نییە. بۆیە ھەمیشە شاعیرانی قەڵا لە رێی شیعرەکانیانەوە، ئەو پە یامە دەگەیەنن.دیارە ئەمەش پەیوەستە بە رزگاری نەتەوە، بەو مانایەی تا نەتەوە، ئازاد نەبێت مرۆڤەکان ئازاد نابن.بۆیە شاعیر دەڵێ:
ئەسپێ بە سۆز دەحیلێنێ...
دەڵێ ئەوەی دوام کەوتووە...
چەکی کۆڵنەدان دەربێنێ...
***


شاعیرلەو کۆپڵە شیعریەدا، ئەسپ وەک سیمبولێک تەوزیف دەکات.بێگومان ئەسپ ھێمایە بۆ بە ھێزی و خۆراگری و نەسرەوتن وماندوونەبوون. لەو سۆنگەیەشەوە شاعیر خەبات و بە رخودانەکانی مرۆڤی کورد، لە ئاستی بە ھێزی و خۆراگریدا بەو ھێزە دەچوێنێت.بۆیەشە ھانی مرۆڤەکان دەدات چەکی کۆڵنەدان دەربێنن. دیارە شاعیر دەزانێت، رێگەی ئەو خەباتە سەخت و دژوارونەھامەتی زۆری تیایە. بۆیە لە پێناوگە یشتن بە ئازادی دەبێ مرۆڤەکان سڵ نەکەنەوە لە کۆڵنەدان. واتە نابێ سەختی ئەو رێگەیە ماندوو ساردیان بکاتەوە، لە تێکۆشان بۆیەشە لە فۆرمێکی بەرگریانەدا ئەو پە یامە بەگوێی ھەموو ئەوانی تر دا ئەدات،کە تاکە رێگە کۆڵنەدانە.لێرەوەش شیعر ئەو پە یامە بەرگریە دەگەیەنێت، کە پێویستە لە پێناو نەتەوەدابێت.چونکە گوتارێک بەرھەم دێنێت،کە تیایدا مرۆڤەکان وابە ستە بە خەبات و تێکۆشان دەکات.


بێگومان گۆڤاری قەڵا، چونکە لە سەروبەندی راپەرین وبلێسەی شۆرش و ئازادی دەرچوو، ئیدی دەتوانین بڵێین بە شێکی زۆری شیعرەکانی نێو ئەو گۆڤارە، دەچنە چوارچێوەی ئەدەبی بەرگری. واتە شیعرەکان ھەڵگری تایبەتمەندیەکن کە ئەویش،سیمای نەتەوەیی و بەرگرییە لە نەتەوەو نیشتمان. بۆیە ناوەرۆکی شیعرەکان رەنگدانەوەو گوزارشتن لەو پەیوەندیەی نێوان مرۆڤی کوردو خاکەکەی.بەدەربرینێکی تر شیعرەکان گوزارشتن بۆ مێژووی سیاسی و تێکۆشانی نەتەوەیەک،کە لە پێناو سەربەستی و ئازادیدا تاکەکانی ئامادەن شەھید ببن. واتە قوربانی بە روحی خۆیان دەدەن لە پێناو نیشتمانەکەیان. لێرەوەش نەک ھەر باکیان بەمەرگ و شەھید بوون نییە، بگرە شەھید بوونیان ئەوەندەی تر خاک ووڵاتیان لا خۆشەویست دەکات، ھەروەک شاعیر دەڵێ:
جەستەی بێ گیانی شەھید..
لە جێگای خۆی ..دووخشت گڵی ھەڵگرتووە..
فرێ ی نادا...بە شەھید بوونی ناوەستێ...
خۆشی خۆی بۆ نیشتمان دەردەخا..
****


لەراستیدا ھیچ کەسێک نییە لە سەرەمەگ و ئاوزینگداندا، ئارەزووی ژیان نەکات و لە مردن نە ترسێت. بەو مانایەی ژیانی لاخۆشەویست نەبێت وسڵ لە مەرگ نەکاتەوە. چونکە مەرگ ھەمیشە چارەنووسێکی نادیارو پڕ لە ترس وتراژیدیایە. کەچی شەھید چونکە لە پێناو نیشتماندا قوربانی داوە، ئیدی لە دوای شەھید بوونیشی نیشتمانی ھەر لاخۆشەویستەو باکی بەو مەرگەی نییە. بێگومان ئەمە گوزارشتە بۆ پەیوەندی نێوان مرۆڤی کوردو خاکەکەی. بەو مانایەی بوونی خۆی لە بوونی خاکەکەی دەبینێتەوە. ئەمەش پەیوەستە بە خودی چەمکی ناسنامەوە.چونکە مرۆڤی بێ خاک و نیشتمان ھەمیشە قەیرانی ناسنامەی ھەیە، لە ئاستی نەتەوەییدا. بەدەربرینێکی تر مرۆڤ کە خاک و نیشتمانێکی سەربەخۆو ئازادی نەبوو، ئیدی خۆشی ئازاد نابێت. کە ئازادیش نەبێت بەمانای وایە ناسنامەی نییە لە ئاست ئەوانی تردا. لە پێناو بونیاد نانی ئەو ناسنامەیەش ئیدی دەبێ قوربانی بدات. بۆیە بە لای شاعیرانی گۆڤاری قەڵاوە ئازادی مرۆڤەکان بێ ئازادی نەتەوە دەستە بەر نابێت،لەو پێناوەشدا ھیچ باکیان بەمەرگ و شەھید بوون نییە.چونکە دەزانن لە رێگەیەکی پیرۆز و سەرفراز وپڕ شکۆ گیانیان دەبەخشن.


دیارە کورد وەک نەتەوەیەک ھەمیشە، لە دۆخێکی ژێر دەستەیی و چەوساوەی سیاسی ژیاوە. بۆیە بە درێژای مێژوو ناسۆری وکارەسات و کوێرەوەی زۆری بینیوە. بەرادەیەک کە ھەمیشە مەرگ وەک دیاردەیەک بوونی ھەبوە لە نێو ئێمەدا. واتە مێژووی کورد مێژووێکە لە قوربانیدان و خوێن بە خشین لە پێناو ئازادی و سەرفرازیدا.بۆیەشە ھیچ چەمکێک ھێندەی مردن، ئاشنا بە ژیانی ئێمە نەبووە. بەومانایەی ھەمیشە مەرگ ئامادەیی ھەبوە لە دنیابینی و ستراکتۆری کۆمەڵایەتی کۆمەلگەی ئێمە. بۆیە شاعیر ئاماژە بە و مێژووە درێژەی مەرگ و مردن دەکات و دەڵێ:
لە گەڵ قرمژنی گوللەدا..
لە دایک بووم...
کە چاوەکانم ھەڵھێنا...
لە ھەر چوار لاو دەوروبەرم...
دیم مەرگ ئاوزنگی ئەدا..
*****


شاعیر مێژووی نەتەوە دەبە ستێتەوە بە مێژووی مەرگ. بەومانایەی ھەمیشە کورد وەک نەتەوەیەک لە دەرەنجامی ستەم و ژێر دەستەیی سیاسی، رووبەرووی مەرگ بۆتەوەو، مردن دیاردەیەکی ئامادەیە لای ئەو. لێرەدا مەرگ بە مانا مەرگدۆستیەکەی نایەت، بە و مانایەی حەز لە مەرگ دەکەین،بە پێچەوانەوە بە ڵکو بەو مانایە دێت، کە چەمکی مەرگ و مردن ھاوشێوەی ھەر دیاردەیەکی دیکەی ژیان ئاسایە لای ئێمە. ئەمەش پەیوەندی بەو مێژووە تێکۆشانەوە ھەیە، کە کورد وەک نەتەوەیەک لەو ھەڵومەرجەدا تیایدا ژیاوە. ھەربۆیە شاعیر یەکەم بەریەکەوتنی لە گەڵ ژیان و دەروربەردا، بەمەرگ و مردن دەبێت. ئەمەش وا لە شاعیر دەکات کە ھاوشێوەی مرۆڤەکانی تر باکی بەمەرگ نەبێت و تێبکۆشێت لە پێناو نەتەوەو نیشتمان و خاکەکەی.لێرەوەش ئێمە وەک خوێنەرێک بەو دەرەنجامەدەگەین، کە بە شێوەیەکی گشتی شیعرەکانی دووتوێی گۆڤاری قەڵا،ھەڵگری تایبەتمەندیەکن کە ئەویش سیمای بەرگرییە لە نەتەوەو نیشتمان.دیارە ئەمەش رەنگدانەوەی ئەو ھەڵومەرجەیە کە ئەو گۆڤارەی تیادا دەرچووە. قۆناغێک کە خۆشەویستی خاک و نەتەوە لە سەرووی ھەموو خۆشەویستیەک بوو.بە پێچەوانەی ئێستا کە بەداخەوە تادێت لەبەر ھەر ھۆیەک بێت خەریکە مرۆڤی کورد ئەو ئنتما پتەوو پیرۆزەی ئەو سەردەم بۆنەتەوەو نیشتمان ھەیبوو لە ئێستادا کاڵدە بێتەوە....

_________________________________________________
پەراوێزەکان:
* بروانە گۆڤاری قەڵا/ژمارە(٣)ئازاری ١٩٩١/شیعری شاعیر ئاکۆ ئاکۆیی...

** بروانە گۆڤاری قەڵا/ژمارە(٥)حوزیرانی١٩٩١/شیعری ھەڵۆ حه‌سه‌ن....

*** بروانە گۆڤاری قەڵا/ژمارە(٨)تشرینی یەکەمی ١٩٩١/شیعری شاعیر سەرکەوت رسول...

**** بروانە گۆڤاری قەڵا/ژمارە(٦ ) تەمموزی ١٩٩١/شیعری زێوەر محه‌مه‌د...

***** بروانە گۆڤاری قەڵا/)ئەیلولی ١٩٩١./شیعری رێباز....
تێبینی: رێنووسی شیعرەکانمان وەکو خۆی نووسیوەتەوە.


sadiqrwandze@yahoo.com
 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک