په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\١١\٢٠١٢

سیمبۆڵی ''ئاڵا'' و ''نیشتمان'' لە شیعری پەشێودا.

ھەڵۆ محەمەد      


پاش ئەوەی پێداویستیی لێکنزیکبوونەوەی مرۆڤان بووە ھۆکارێکی گرنگ بۆ رووبەرووبوونەوەی ھەڕەشەکانی سروشت و کارەساتە مەترسیدارەکانی ژیان، یا، بە واتایەکی دیکە،‌ بۆ باشتر تێکگەیشتن و ھاوکاری و پەیداکردنی بژێو، ووردە ووردە بە درێژایی ئەو پرۆسەیە چەندین خەسڵەت و نیشانە سەریان ھەڵدا و چەسپان. سەرئەنجام بەردەوامیی مرۆڤ لەسەر ئەم رەوتە و قاڵبوونەوە لە بۆتەیەکدا بووە رۆتینێکی ژیان. ئینجا، بە ئامانجی خۆناسینەوە و جیابوونەوە لەوانی دیکە،‌ ھەستی ھاوچارەنووسی و بانگاشەی (ئێمە) رسکا. تاکەکانی گرووپی(ئێمە)، بۆ ئەوەی باشتر خەسڵەت و جیاوازییەکانیان بەرجەستە بکەن، بیریان لە پەنابردن بۆ دۆزینەوە و داھێنانی ھێما و سیمبۆڵی تایبەت بە خۆیان کردەوە. ئەرکی ئەو ھێمایانەش ھەڵگرتن و رەنگپێدانەوە و ناساندن و ناسینەوەی ئەو گرووپ و دەستە جیاوازانە بووە.


لە مەودای درێژخایەنی پرۆسەی مێژووییی گووران و قاڵببەستنی (ئێمە،خێزان،خێڵ، گەل، نەتەوە)دا، کە دەستووری پەلەی ژیان داینەمۆی بەگەڕخستنی بووە،‌ سیما و دیاردەی مێژوویی و فەرھەنگی و کۆمەڵایەتی و گەلەک جاران جوگرافی و زۆر دیاردەی دیکەی تایبەت بە (ئێمە) لەو ھێما و سیمبۆلانەدا بەرجەستە بوون.


ئێرنست رێنان، زانستکاری ئاینیی فەرەنسایی١٨٢٣ ـ١٨٩٢، لە ووتارە بەناوبانگەکەیدا "نەتەوە چییە"، دوای شەڕی فەرەنسا و ئەڵمانیا لەسەر ئێلزاس، لەمەڕ نەتەوە دەڵێ: "نەتەوە بریتییە لە پرنسیپێکی گیانی و ھەستی و دەروونی. دوو خەسڵەت، کە لەراستیدا یەکن، ئەم گیانە دروست دەکەن، ئەم پرنسیپە ھەستەکی و دەروونییە دەخوڵقێنن. یەکێ لەمانە پەیوەستە بە رابردووەوە و ئەوی دیکەیان بە ئێستاوە.‌" .


رێنان (ئێمە) بە "کۆمەڵگای ھەرەوەزی" ناو دەبات. لێ لەو رۆژەوەی سۆسیۆلۆگی ئەمەریکایی ولیام زامەر (William G. Summer) قسە لەسەر جیاوازیی دەستەی "خۆمان" یان "ئێمە"‌ in-group و دەستەی "نامۆ" یاخود "ئەوان" out –group وەک نیشانە و جیاکارییەکی بنچینەییی ھەموو گرووپەکان دەکات، دەڵێ: گرووپی "خۆمان" لە لایەن ھەستی "ئێمە" وە راگیراوە. کەواتە ئەمە ئەوەیە،‌ کە رێنان ناوی (پرنسیپی گیانی) لێناوە. بە قسەی زامەر گرووپی "ئێمە"‌ لە رێگای دەستەبەرکردنی "پەیوەندی، یا تێکەڵاوی و زێد و ھەوارگە و ھەستی ھاوبەش"، کە لە نێو ئەم گروپەدا و بۆ ئەم گرووپە کارا بووە، مانا ئەبەخشێ بە بوونی خۆی. ئەم مانادارییەی گرووپی "ئێمە" ھەر لە رێگەی نۆرم و شێوازی ھەڵسوکەوتەوە دروست ناکرێ، کە ئەندامانی گرووپی "ئێمە"‌ پێکەوە پەیوەست بکات، بەڵکە لە رێی خۆناسینەوە ‌بە سیمبۆلەکانەوە بەرقەرار دەبێ. ‌


بەم پێیە، دروشم و ئاڵا و سیمبۆل و خەسڵەت و چەندین نیشانە و دیاردەی دیکە دەبنە کەرەسەی پێویستی بەردەوامبوون و خۆپاراستن و پێشکەوتنی دەستەجەمعی. داھێنانی ئەو سیمبۆڵانە، بەرجەستەکردن و چەسپاندنیان لە ھەست و نەست و کەسایەتیی تاکە تاکەی ھاونیشتیماناندا، لە ئاکامدا دەگەن بە رادەیەک، دەبنە بەشێک لە ناسنامە و بەخۆنازین و نیشانەی سەرکەوتنەکان و جۆشدانی ژیان و ھیواپەیداکردن بە ئایندەیەکی پرشنگدارتر.


لە نێو ئەم گروپانەدا و لەم میانەوە ھاوسۆزی و وابەستەبوون بە نەتەوە و نیشتمانی ھاوبەشەوە ھێدی ھێدی جۆش و خرۆش پەیدا دەکات و دەگەشێتەوە و رەھەندی ھێزی نەتەوەش وەک دەستاوێژێکی سیاسی تا بێت خورتتر دەبێت.

پەشێو، ئا لەم ڕوانگەوە،‌ بایەخ و قورسایی دەخاتە سەر چەمکی ئاڵا و نیشتمان و سیمبۆڵەکانی دیکەی ناسنامەی نەتەوایەتی. ئەم چەمکانە، بە درێژایی ساڵانی پڕ لە ھەڵەمووتی سەخت و دژواری گەشتە شیعرییەکەی پەشێو،‌ ھەمیشە میوانی نێو دڵ و ھەست و گیان و وێردی سەر زمانی بوون. شاعیر پەیمانێکی جەنتڵمانانەی لەگەڵ خۆیدا بەستووە و بە ھۆشیارییەوە دەیەوێ کار لەسەر فەراھەمکردنی زەمینەی ئەم بیر و ئایدیایانە بکات. پەشێو گەرەکێتی ئەم رەگەزانە لە نێو ئەدەبی کوردیدا بکاتە مۆرک و بنەمایەکی نەگۆڕی ھەمیشە ئامادە و لە رووی فەرھەنگییەوە، بیانکاتە راستییەکی مانابەخش و بە سانایی و بەڵگەنەویستانە بکەونە بەر زەین و ھەستی تاکی کورد. شاعیر دەیەوێ ئەم بەھایانە ببنە کارێکی رۆتینی کوردی و شیعری کوردی بەم چەمکانە برازێنێتەوە. ‌دیارە لێرەدا مەبەست ئەوە نییە شاعیرانی دیکە بێبەش بکەین لەو بەشدارییەی لەم کایەدا کردوویانە، لێ نەخشی پەشێو لەم بوارەدا، بەو قورساییە ھزرییەی دەیخوێنینەوە و ئەو بەشداریکردنە کارایەی لە دەوڵەمەندکردنی "مفردات"ی ئەو چەمک و ئایدیایانە کردوویەتی، بەرچاوترە.


ویست و خواستەکانی کورد لە ئەدەبەکەماندا بەو دیدە نەتەوەییەی،‌ کە کتومت دەربڕی باس و ئاخافتن بێ لە ئاڵا و نیشتمان کزە، لەم روانگەیەوەیە پەشێو دەبێتە دیارترین شاعیرمان، کە یەکبێن و بێ پرینگانەوە و زۆر راشکاوانە سەرگەرمی تانوپۆچنینی ئەم تەرزە رەگەزانەیە لە ئەدەبی ھاوچەرخماندا و ھیچ کەس نابێتە ھاوکووفی لەم مەیدانەدا.


رۆژگار پەشێوی ھەڵدابێتە ھەر قوژبنێکی ئەم گێتییەوە، ئەو بەرەو بێرکوت گەڕاوەتەوە و بە ھەولێردا گوزەری کردووە و لە سلێمانی کۆڕی بەستووە و بۆتە میوانی سابڵاخ و سەردانی ئامەدی کردووە و سڵاوی بۆ قامیشلی ناردووە. پەشێو شاعیری خاک و نەتەوەیە، ھەڵگری ئاڵا و ناسنامەی کورد و کوردستان و رابەری ھەمیشە دیاری ئەم مەیدانەیە. ھەرگیز نیشتمان لە بیری پەشێو نەچووە و مەحاڵیشە لێی بزر ‌بێت و لە مێژساڵیشە وێڵی کوتە ئاڵایەکی سەربەخۆیی و ئازادییە بۆ نیشتمان.‌ ئاخر پەشێو لەم گۆشەنیگایەوە سەرنجی لەم چەمکانە داوە و لەم پێناوەدا گەلێ سەلیقە و کارامەیی شاعیرانەی بەرزی خەرج کردووە. پەشێو سیزیف ئاسا تا ھەنووکە لە ھەوڵی بەرزکردنەوەی ئەم چەمکانەدایە بۆ فەزای سەروەری و نەمری.


ئەم خوێندنەوەیە،‌ وەک ھەوڵێکی خاکەڕایانە و لە چواچێوەی دیدێکی ھزری و سیاسییانەوە، ئاوڕێک لە وێستگە گرنگەکانی ژیانی شاعیر لە سەرەتاکانی پێخستنە گێتیی ئەدەبەوە تا ھەنووکە و تێکۆشانەکانی شاعیر بۆ تۆمارکردن و بەرجەستەکردنی ئەم دروشم و ھێمایانە دەداتەوە. ئاڵا و نیشتمان پەیوەندییەکی ئۆرگانیکیان پێکەوە ھەیە و سەرەتا سیمبۆڵی ئاڵا بەسەر کراوەتەوە، پاشان خوێندنەوەی چەمکی نیشتمان بەرچاو دەکەوێت.

وێستگە مێژووییەکان:


١٥.٨.١٩٦٩


لە پێشەنگی کەژاوەتا،
ئاڵای خوێنینی مەھاباد ھەڵکرابوو. ل.... ١٤٤


لێرەدا ئاڵا خۆی لە مێژووی خەباتی سەخت و خوێناویی کوردایەتیدا نمایش دەکات.


بەلای پەشێوەوە... کەژاوەی خوێناوی بەڵگەی مێژوویەکی پڕ لە مەرگەسات و قوربانییە و تێیدا لافاوی خوێن دەبێتە سەرقافلەی کاروانی مان و نەمانی کورد. کاتێ لەم بەیتە ووردەبینەوە تابلۆیەکمان دێتە بەرچاو، کە بە رەنگی سووری خۆی بەسەرھاتی کۆمارە جوانەمەرگەکەی کوردستان و لاشەی پیرۆز‌ی پێشەوای نەمر و ھاوڕێ لە سێدارەدراوەکانی وەبیر ئێمە دێنیتەوە. ھاوزەمان زەبری کوشندەی داگیرکەرمان دەخاتەوە یاد.


ئەم کارەساتە لای شاعیر ھێندە بەسوێیە، ھەرگیز ھی لەیادچوون و فەرامۆشی نییە.


پەشێو، بێ ئەوەی پێ بزانێ، نەیتوانیوە خۆی لە بازنەی خەمی مێژوو دەرباز بکات.‌ ئاخر شاعیر چاک دەرکی بەو راستییە کردووە، کە کورد قوربانیی دەستی مێژووە. ئەوە مێژووی رەش و غەدرە بڕیاری چارەنووس و قەدەرێکی وا سەختی بۆ نەتەوەکەی داوە.‌


ساتێ ئەوە واقعی تاڵ و بە زۆر سەپاو بێت، دەبێ رێگەچارە چی بێ؟ شاعیر بە کامە کەرەسە تابلۆی شیعرەکانی بنەخشێنێ؟‌ بۆ وەرامی ئەم پرسیارە، دەبینین پەشێو لە دەوازەیەکی دیکەوە دەچێتە ناو بەسەرھاتەکانەوە. ئەمجارەیان شکستی زۆردار و سەرکەوتنی ھەق و کوردایەتی بەرجەستە دەکات. لەم چرکەساتەدا دوای گلان و شکست پەیامی رابوون و سەرفرازی لە ئاڵای شەکاوەدا دەبینێ، ئایندەی تژی لە رووناکی بەدی دەکات و دەڵێ:


لە تنۆکی فرمێسکتدا
دەماری بازووی کاوەم دی،
لاشەی کەوتووی زوحاکم دی،
ئاڵای بەرزی شەکاوەم دی،
ئاسۆیەکی رووناکم دی. ل... ١٤٦


ئەدی ئەوە پێشەوا نەبوو جگە لە مێژوویەکی تراژیدیائامێزی پڕ لەسەروەری، ئاڵای کوردستانی لە دوژمنان قوتار کرد و بە ئەمانەتەوە رادەستی نەوەی پاش خۆی کرد؟ ئەو نەبوو پەیام و مژدەی بەردەوامیی کۆڵنەدان و سووربوون لەسەر خەباتی پێ ‌بەخشین؟ ھەر ئەو وانە خوێناوییە بوو جارێکی دیکە ئیرادەی پۆڵایینی نەتەوەی بەرجەستە ‌کردەوە، وای لێ کرد تا بە دوا ئامانجەکانی نەگات، دەست لە تێکۆشان بەر نەدات. بە واتایەکی دیکە،‌ مانیفێستی خەباتی رەوا و بەردەوامی کوردی جاڕ دا.‌ ئەم کۆپلە شیعرە لە راستیدا ھەڵگری خەسڵەتی ئیرادەی زیندووی ژیانە.

١٩٧٠


ئاڵا
دۆستەکانم! باش بزانن،
دوژمنان! باش بزانن:
چەند باوەڕم بە زەردەشت و
بە ئاڤێستا و بە خوا ھەیە،
ھەزار ھێندەش
باوەڕم بە ھەڵکردنی ئاڵا ھەیە! ..........ل ٢٤٨


داخۆ دەبێ چ پەیامێک لەمە سادە و روونتر بەرووی یار و نەیاردا ‌ ووترا بێت!. کەس ھێندە راشکاوانە گوزارەی لە ھەست و نەستی دڵ و دەروونی خۆی نەکردووە. پەیامێکی کورت و مانایەکی بەھێز. با دۆستان گوێی بۆ رادێرن و دوژمنانیش ئاگادار بن! شاعیر دەیەوێ بە دنیادا جاڕ بدا: ھەردوولا لێم بنۆڕن، شەرم ناکەم، ناسڵەمێمەوە و ھاوار دەکەم. گەر ئایدۆلۆژیا و ئایین و مەزھەب یەکجار جێی باوەڕی بن، وا ئاڵا و سەربەخۆیی ھەزارجار ئومید و ھیوایەتی.


لێرەدا پەشێو خواھیشتی کەسی تێدا نەھێشتۆتەوە و یەکەوراست جەوھەری مەسەلەکەی لە دید و باوەڕی خۆیەوە نەخشاندووە. لای پەشێو، خۆشەویستی بۆ ھەموو پیرۆزییەکانی ئاسمان و سەرزەوی، دەکەونە پاش بەھا و گرنگی ئاڵاوە. ئاڵاش لە رەھەندی خۆیدا وێنای سەربەخۆیی قەوارەی سیاسی و ئازادی و کەرامەتی مرۆیی دەکات و سیمبۆلە بۆ ھەبوون و ناسنامەی خاک و نەتەوە.

٢٢.٣.١٩٧٢ (یەکەم مەھرەجانی شیعری کوردی لە کەرکووک).


مناڵەکان!
ئەی بێلانە ژینتاڵەکان،
شەو لە خەوما رێبوارێک بووم،
بۆ بارەگای (یۆتان) دەچووم.
کە دەروازەکەی قووتی دام،
رەشم بینی ـ ئاڵای ھەبوو،
سپیم بینی ـ ئاڵای ھەبوو،
ھەرچیم بینی ـ ئاڵای ھەبوو.
قیژاندییان:
"ئەی بێ وڵات، بۆ دەرەوە!
ئەی بێ ئاڵا، بۆ دەرەوە !"
منیش گوتم:
" مەقیژێنن!
کە دەچمەوە،
ئەم چیرۆکە بۆ مناڵان دەگێڕمەوە!" ل... ٢٣٨


چەندم کرد و کۆشام، نەمتوانی تاکە وشەیەک، یان خاڵێک، لەم تابلۆ بەرزە شیعرییە بپچڕم، چونکە پەیوەندیی ئۆرگانیی و ھارمۆنیی شیعرەکە رێگە نادات. ناکرێ ملوانکەیەکی مرواریی بپچڕین و دەنک دەنک نیشانی بدەین و بڵێین ئەمە ملوانکەیە و قسەیان لەسەر بکەین، یا، بە واتایەکی دیکە، ناوێرم لەو گەوھەرە شیعرە تەنیا کۆپلەیەکی بۆ خوێنەر راگوێزم.


رەنگە خوێنەر لەگەڵمدا ھاوڕا بێت و بزانێ چەند ئەستەم و دژوارە ئەم ناو و چەمکانە ‌"من، مناڵ، رێبوار، بارەگای یۆتان، رەنگ ، قیژاندن، بێ ئاڵایی کورد" بە تەنیا بخەمە بەر دیدی.


مناڵ، کارا‌کتەرێکی ھەمیشە ئامادە و چالاک و ھیوا لەسەر ھەڵچنراوی نێو شیعری پەشێوە. مناڵ ھێمای ئایندەیەکی ئاسۆ فراوانتری پڕ لە بەختەوەری و چارەنووسێکی گەشتترە. منداڵ توخمێکی بێگەردە و کەڵکی وەکاربردنی ماوە و ھێشتا بە کارتێکردنی سیاسەتی کوردی چەواشە و سەقەت نەبووە. منداڵ کەرەسەیەکی خاوە و دەکرێت ببێتە ھەوێنی پرۆژەیەکی گەورەتر لە خەونە زڕ و نامۆکانی دنیای دەرەوەی ئەقڵی نەزۆکی کوردی. ئەم شیعرە ھەڵگری پەیامێکی مێژوویی و ناسنامەیەکی خەمگینی کەرامەتی رووشاوی تاکی کورد و مێژووی مرۆڤایەتییە.‌


ساتێ پەشێو لە رەفتار و گوفتاری کاراکتەرەکانی سەر گۆڕەپانی سیاسەتی کوردی ‌بێ ھیوا دەبێت، جارێکی دیکە روو لە مناڵان دەکات و ھیوایان لەسەر ھەڵدەچنێ و چیرۆکی خەمباری و دڵشکاویی خۆی لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەخاتە ناو ‌ ھەگبەکەیەوە، بڕیار دەدا لە گەڕانەوەیدا مەرگەساتی نەتەوەی بێ ئاڵایان بە وردی بۆ بگێڕێتەوە.


پەشێو، کە تەماشای نەخشەی دنیا دەکات، لە جوگرافیای ھیچ کیشوەرێکدا وڵاتی بێ ئاڵای وەک کوردستان بەو زەقییە نابینێ. چیرۆکی نەتەوەی بێ ئاڵاش ئەو باسە پڕ جۆشەیە، کە ھەرگیز لە بڕانەوە نایەت. شاعیر لە ھەر شوێنێ میوان بوو بێت و بە دیداری ھەر کەسێک گەیشتبێ، یاخود ھەر دەرفەتێکی بۆ رەخسابێ، بە سوودی کوردایەتی دەنگی ھەڵبڕیوە و ھەلی قۆستۆتەوە و رەنگی خۆی نیشان داوە.

٥.١٩٧٣


وەک بیستوومە،
ئەو کۆترە مانگرتووە،
لە ئاسمانی وڵاتێکی بێ ئاڵادا،
بە شریخەی تفەنگ نەبێ،
قەت لە شەقەی باڵی نادا! ل... ٢٥٣


لای پەشێو ھاوکێشەکە روون و ئاشکرایە، داگیرکەران ھەر وان. لە زمانی شەڕ بەولاوە چ زمانێکی تر تێناگەن. ئەوان ھەردەم بە زەبری شۆرش و راپەڕین و بە ناچاری وڵاتی داگیرکراویان بەجێھێشتووە. ئینگلیز بەرگەی خەباتی ھیندی نەگرت، ئەوجا ھیندستانی چۆل کرد و ئەمەریکاش ڤێتنام و ...ھتد.


سروشتی داگیرکەرانی کوردستان، لەبەر ھەندێک ھۆ، کە ڕیشەیان بۆ کولتووری ھەزاران ساڵەی ناوچەکە دەگەڕێتەوە، بە کۆمەڵێک تایبەتمەندی لە سروشتی داگیرکەرانی کڵاسیکی جیا دەکرێتەوە. ئاسەوارەکانی سیاسەتی داگیرکەرانی نیشتمانی کورد قورستر و دژوارترن، ئەو جێبرینانەی بە جەستەی زمان و کولتوور و ئابووری و ئاکاری نەتەوەیی و تەنانەت داب و نەریتیشەوە بەجێی دەھێڵن قووڵترن و بە ئاسانی ساڕێژ نابن. فارس و تورک و عەرەب، بە تێکڕایی، بە درێژایی ٢ ھەزارساڵ زیاترە شانی گرانی داگیر‌کاری و رووتاندنەوەیان لە کوردستان داداوە. ھەرگیز بەتەمای بارکردن نین و نایانەوێ دەست لە یەخەی نیشتمانی کورد بکەنەوە. پەشێو ئەم چیرۆکە باش دەزانێ و لێی بە ئاگایە، ھەر بۆیە، تاکە ئەلتەرناتیف لە دەستدانە چەک و لوولەی تفەنگدا دەبینێتەوە. پەشێو بۆ خۆی عاشقەشەڕ و خوێنخواز نییە، وەلێ لە لایەک دڕندەیی و چەپەڵی داگیرکەر و لە لایەکی دیکەوە خۆشەویستیی نیشتمان و نیگای فراوانی سەر‌بەخۆییخوازی و پیرۆزیی چەمکی ئازادی قەناعەتی دەستدانە چەکیان لا دروست کردووە.

١٧.١٠.١٩٧٤


کاتێ خوێنم فڕکەی کرد و
وەکوو چەپکە گڕێک پژا
بەسەر عەردا،
جەللادەکان
ھاتن... پەنجەیان تێوەردا
ھاتن... چیلکەیان تێوەردا:
پیتی ناوێکی سەربڕاو،
نەخشەی وڵاتێکی دزراو،
تێکەڵاوبوون وەک تانوپۆ.
یەکاڵایان نەکردەوە،
ھەرچەند پەنجەیان تێوەردا،
ھەرچەند چیلکەیان تێوەردا! ل... ٣١٣


لە ھەر تکە خوێنێکی شاعیردا ناو و نەخشەی نیشتمان نەخش بووە. پەشێو خانە بە ‌خانەی جەستەی لە خۆشەویستیی وڵات دارێژراوە. داگیرکەر چەند نەخشەی وڵاتی لێ قەدەغە ‌کردبێ، دیسان پەشێو پەنایەک،‌ حەشارگە و داڵدەیەکی لە جەستەی خۆیدا بۆ پاراستن و ھەڵگرتنی نیشتمان پەیدا کردووە. ھەر بۆیەشە،‌ نیشتمان بە نەمری لە ناخی شاعیردا ماوەتەوە.

١٨.١.١٩٧٩


بۆیەکەم جار، بە ئاشکرا،
نەخشەیەکم لە دیوار دا
(ئەوەی بە رۆژ
لە ئەتڵەسی دنیا دزرا). ل...٤٤٨


لە سایەی تانک و تۆپی داگیرکەردا، دوای ماندووبوونێکی زۆر نەخشەی دزراوی وڵاتە داگیرکراوەکەی دەست دەکەوێ، دەستبەجێ، بێ ترس و سڵەمینەوە، ‌لە ناو خوێن و دڵیدا دەیھێنێتە دەرەوە و بە دیواری ژوورەکەیدا ھەڵیدەواسێ. لەو رۆژەوە ھەتا ئێستا بێوچان لە خەباتێکی سەخت و دژواردایە و عەوداڵی ئەوەیە، نەخشەی دزراو بخاتە ناو پێکھاتەی نەخشەکانی دیکەی ئەتڵەسی جیھان. ‌

٢٥.٢.١٩٨٠


بەس تەماشای ناولەپم کە!
خۆ من نامەوێ پێم بڵێی
دەبم بە باوکی چەند مناڵ،
زەنگین دەبم ، یا ھەروا لات...
تەنیا شتێکم پێ بڵێ:
ھەتا ماوم وەک تۆ دەژیم،
یاخۆ دەبمە خاوەن وڵات؟! ل... ١٥


پەشێو بەوپەڕی پەرۆشەوە وێڵ و سەوداسەری نیشتمانە. خەمی بێوڵاتی ھەمیشە سەرتۆپی ژانە قورسەکانێتی و گینگڵی پێوە دەدا. نە چاوترووکانێ بە کامی دڵ پشوویەک دەدا، نە لەسەر بستە زەمینێکیش ‌پرسی نیشتمان یەخەی بەردەدا. ئازاری ئەم خەمەی شاعیر ھێندە بە سوێیە، تەنانەت سکاڵای دڵی خۆیشی لای قەرەجێکی بێ وڵات دەکا. دەترسێ خۆشی وەکوو قەرەجێک ھەمیشە نیشتمان لە کۆڵ و ئاوارەی وڵاتان بێت.‌

١٩.١٢.١٩٨٠


مەزاد... مەزاد...
ھەرچیم ھەیە، ھەمووی مەزاد....
بە پارچەیەک پەڕۆی سادە،
کە ھەڵبکرێ و بشنێتەوە
لەسەر بستێک زەویی ئازاد!
مەزاد...مەزاد...
ھەرچیم ھەیە... ھەمووی مەزاد! ل... ٥٣


شاعیر ھەموو ئەو بەھا و کەرەسانەی لای من و تۆ نرخیان ھەیە دەیانخاتە مەزادەوە و ئامادەیە بە پارچەیەک پەڕۆیان بدا!! شاعیر لێرەدا بە روواڵەت ھەڵگری سیفەتی بازرگانێکی ناشی و بێئاگایە، مامەڵەیەکی نەزانانە بەو ھەموو شتە جوان و بەقیمەت و نازدارانەی ھەیەتی....... دەکات لە پێناوی کوتە پەڕۆیەکدا.
نا، برالە،‌ پەشێوێک ژیان و مردنی خۆی بە خۆشەویستی خاک و نەتەوەکەیەوە گرێ دابێ، لەسەر سەکۆی تێگەیشتنێکی بەرزەوە لە پیرۆزی و بەھای ئاڵا بڕوانێ، ئاڵا بیبیلەی چاوی بێ و نیشتمان ھێز و ھەناوی بێ، دیارە باش لە مەسەلەکە گەیشتووە و گەلێ ژیرانە مامەڵە و سەودا لە تەک قازانج و زیان دەکات. ئەو ھەم ھەست بە بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەکەی دەکات، ھەمیش بە سانایی تاڵانفرۆشیان ناکات.


ئەو پارچە پەرۆیە، مایەی شانازی و سیمبۆلی پڕ لە بەھای نیشتمان و نەتەوەیە. ئەو کوتە پەڕۆ نەخشاوە بە رەنگی سوور و سپی و سەوز ، لە نێوەندیدا تیشکی خۆرێکی زەرد، بە ٢١ چوکڵەوە پێی دەوترێ ئاڵا. بۆ گەلێک لەسەر خاکی خۆی بژی، ئاڵا شتێکی کەمالی نییە، بەڵکو سەرەتایە دروستەکەی ڕێی پێشکەوتنی مادی و مەعنەوییە. نەبوونی ئاڵا بۆ کورد ئەوە دەگەیەنێ، کە تۆ ڕەنجبەری گەلێکی دیکەی لە خۆت بەھێزتر و لێوەشاوەتری. ھەر گەلێکیش لەسەر خاکی خۆی، لەناو ماڵی خۆی، قایل بێ بە ڕەنجبەریکردن بۆ گەلێکی دی، ئەو گەلە ھیچی ھی خۆی نییە و ئەوەی ھەشیەتی کۆیلەدارە سەردەستەکە بە منەت پێی داوە و ھەر ساتێک ئارەزوو بکا لێی دەسەنێتەوە.


پەشێوی شاعیر، چونکە بەردەوام سەوداسەری راستگۆیانەی خۆشگوزەرانی نەتەوەکەیەتی، بە دووی بەختەوەریدا عەوداڵە. ھۆشیارانە دەرکی بە گرنگی ئاڵا کردووە، بۆیەکا ھەر ھەموو شتێکی کردۆتە قوربانی... لۆژیکی ھاوکێشەکە پێچەوانە خۆی دەدات بەدەستەوە. گەر کورد لە سنووری وڵاتێکی بەرەسمی ناسراودا، خاوەنی ئاڵای شەکاوەی خۆی بێت، ئەوجا دەبێتە خاوەنی ھەموو شتە پیرۆز و بەنرخ و جوانەکانی دیکە. ئەودەم پەشێویش ناچار نابێ کڵاوی زێڕین و خەنجەری دەبان و پشتێنی پۆپەشمین و کەوای سوورمەچنی خۆی و وڵاتەکەی ھەرزانفرۆش کات. لە بری ئەوەی بیانباتە مەزاتخانە، لە مەحکەمترین و رازاوەترین مۆزەخانەی دەوڵەتی کوردستاندا دەیان پارێزێ.‌

١٢.٩.١٩٨٤


موفاوەزات
ئەی گوایە بۆ دڵخۆش نەبین؟
ئەی گوایە بۆ ھەڵنەپەڕین؟
چیمان کەمە؟!
وا کەشتیمان روو لە کەنار، پشت لە بایە،
خێروبێری کۆمپانیای خوێن
شەپۆل داوێ، بنی نایە،
سەرمان بەرزە وەک ئاڵامان،
ھاوڕێی ھەور و لووتکەی چیایە! ل...١١٣


مێژووی گفتوگۆ یا موفاوەزاتی کورد لەگەڵ داگیرکەراندا لە گەمەیەکی سیاسی دۆڕاو بەولاوە ھیچی دیکەی لێ بەرھەم نەھاتووە. چونکە سەرانی حیزبی کوردی، بە خێرێ لە سێبەری داوای ئۆتۆنۆمیدا بۆ مافی کورد لەگەڵ داگیرکەردا دەستبەتاڵانە و شەرمنانە و زەلیلانە ‌کەوتوونەتە موفاوەزات. بێ ئەوەی سەنەدی تاکە دەستکەوتێ بەدەست بھێنن، زۆر پۆزەتیڤانە دەکەونە پەسندانی داگیرکەران، چاوەڕێن داری زڕ بەریان بۆ بگرێت. بە کورتی و کرمانجی زۆر زوو دەبن بەداوی گرێی خۆ بەکەمزانی و برابچووکییەوە.


جارێکی دیکە ئاڵا سەربڵند و شکۆمەندە، بۆیە دەبێتە مایەی شانازیی پەشێو. شاعیر خۆی لە سەنگەری گەلدا دەبینێتەوە، لۆما بە کۆ قسە دەکات.


٣٠.٤.١٩٩١


زۆری نەبرد،
ھەڵیکردە کزەبایەک،
بینیم... پەلکەزێڕینە
شەکایەوە و بوو بە ئاڵا! ل... ٢٥٠


بەھاری ١٩٩١ لە باشووری وەک ھەر وەرزێکی دیکەی ساڵانی رابردوو نەبوو.


ستەمی بەعسی عێراقی دەرھەق بە کورد بە چڵەپۆپەی تاوانکاری گەیشتبوو. رۆژی ١٩٩١.٣.٥ جەماوەری کورد خرۆشا و شاری رانیە بووە دەروازەی ھەڵڕشتنی رق و تووڕەیی کورد بەسەر دامودەزگاکانی بەعسدا. لە چەند رۆژێکدا کوردستان لە داگیرکەر پاککرایەوە و ئاڵای رەنگین لە سەرانسەری وڵاتدا شەکایەوە. ئەمە ئەو چرکەساتە مێژووییە بێھاوتایە بوو، کە پەشێو ساڵانێکی دوور و درێژ بوو بۆی دەژیا. لە گەڵ ھەڵاتنی ئەم رۆژە پیرۆزەشدا شاعیر ھێندێک بە ووریاییەوە باوەشی گەرمی بۆ دەکاتەوە، ئاخر ئەو ماھییەتی حیزبی کوردی چاک دەناسی، بۆیەکا دەبینین بە دیقەتەوە و زۆر کارامانە دەستەواژەی کزەبای بەکار ھێناوە. کزەباش بە وەرز و کاتییە، بەسەر دەچێ و نامێنێ. ئا لەم روانگەیەوەیە لە کۆپلەکانی دواتردا، پێناسەی رەفتار و بیرکردنەوەی حیزبی کوردیمان بۆ دەکات و دەڵێ:


١٩٩٤


بەیانی ھەڵسام،
دەست شەتەکدراو...
پێ شەتەکدراو...
دەم شەتەکدراو...
بە زیندوویەتی ئاوەڕووتکراو...
چەمی ئومێدم بوو بە ئاوەڕۆ
ئاڵای شەکاوەم بوو بە دوو پەڕۆ! ل... ٤٣٢


ئاڵا لای پەشێو جارێکی دیکەش دەبێتەوە بە پیرۆزترین سیمبۆڵ. ساتێ حیزبی کوردی پارچە پەڕۆ، یا ھێمای حیزبییان لە ئاڵای نەتەوە لا پیرۆزتر دەبێت، شاعیر ئەمە بە دوا پلەی شکستەکان ‌و بە نزمترین ئاستی ھۆشیاری و لاوازترین ئەڵقەی پەیوەستبوون بە نەتەوەوە دادەنێ.


نەک ھەر رۆڵەی ھیچ میللەتێ، بگرە حیزبی ھیچ میللەتێکیش، ئاڵای نەتەوەکەی خۆی بە پارچە پەڕۆی حیزب ناگۆڕێتەوە و لە ڕۆژگارێکی چارەنووسسازدا پەڕۆی حیزب لەبری ئاڵای نەتەوەیی بڵند ناکا و رێگەش بەوە نادا ئومێد و ئارەزووی گەل ببێتە ئاوەڕۆ.


ئەوەی شەڕەپەڕۆی حیزبی لە تاوانی کوردکوژیدا تۆماری کرد، دزێوترین و چەپەڵترین لاپەڕەکانی مێژووی ھاوچەرخی کوردی گرتۆتەوە و چەپەڵ کردووە.

خەونێکم دی:
لەو خەوەدا ئاھرومەزدە گەڕابۆوە
نیشتمانی کەفناری کورد
ھەوری ئاسمان لاڵوپاڵ بوو
لەبەر زرمەی گەڕی شایی و
ھاتوھەوی شاسواری کورد
بەیانیان ئاوێزانی گزنگ بووم،
تێمدەچریکاند بۆ خاک، ئاڵا، ئاکاری کورد
ئێوارانیش رێی ژوانم گوڵڕێژ دەکرد
بۆ کوڕگەل و کیژوکاڵی دڵداری کورد ل... ٤٤٤


لە سۆنگەی بارودۆخی نەتەوەوە شاعیر بەدەگمەن ئاسوودەیە. بەختەوەریی ئەو دەرئەنجامی کامەرانیی میللەتەکەیەتی و تەنانەت لەو چرکەساتە دەگمەنانەشدا، کە شاعیر خەونێکی خۆش دەبینێ، ئا لەو ساتانەشدا ھەر سروود و گۆرانی بۆ نیشتمان و ئاڵای شەکاوەی دەچڕێ.


لێ کاتێ بەرەی دژە کوردایەتی دەکەوێتە سەنگەری بەرەنگاربوونەوەی میللەت و پێشێلکردنی مافەکانی و سووکایەتیکردن بە ھێما پیرۆزەکانی، ئەودەم پەشێو بە زمانێکی زبر، بێ سڵوکۆکردن و پرینگانەوە لە ھیچ ھێزێک، دەکەوێتە رەخنەگرتن لە رەفتار و گوفتاری ئەو دەسەڵاتە.‌ سروشتی ئەو حیزبانەی بەردەوام لەسەر بەھا پیرۆزەکانی نەتەوە سازشیان کردووە و بەردەوام دەیکەن لای پەشێو نامۆ نەبوو و نییە. ئەوەتا لەم کۆپلە کورتەدا مکوڕە لەسەر ھەڵوێستە ناسراوەکانی خۆی و پێناسەی ئەو دەستە و تاقمەمان دەخاتە بەردەست و دەنووسێ:


دۆبڕن...دۆبڕن...دۆبڕ!
بڵێ: ھانێ،
ئەمە ئاڵای سەفرازی،
ئەوان کفنت بۆ ھەڵدەکەن.
بڵێ: ھانێ،
ئەمە کەوسەری سەرکەوتن،
ئەوان ژەھری تێشکانی تێکەڵ دەکەن. ل... ٤٥١‌


١٩٦٥


تف لەو بەژنە، لەو باڵایە،
لەو سەر و ملە واڵایە،‌
تف لەو دڵە پڕ،سستییە
کە ھەر فێری ژێردەستییە!‌
تف لە جوانیی ئەو دوو چاوە،‌
کە بۆ چاوبازی خوڵقاوە..
نابینێ نیشتمانەکەی...
ئازاری خاکە جوانەکەی.

تف لەو گوێچکە، چەند سەگسارە!
چەندە مووچە بۆ دەنگی پارە!
بەڵام دوورە لە بیستنی
کوردایەتی و پەرستنی ل... ٢٩


پەشێو، لەبەر خۆشەویستیی نیشتمان، نزیکترین ھاوڕێی خۆی دەداتە بەر رێژنەی رەخنە و ئامادە نییە لە کونجێکی دڵە پڕ لە خۆشەویستییەکەیدا ‌شوێنێکی پێ بدات، کاتێ دەبینێ ئەو ھاوڕێیەی ھیچ ھەست و سۆزێکی بۆ جوانیی نیشتمان و ئازاری گەلەکەی خۆی نییە و گوێ بۆ بانگی کوردایەتی شل ناکا.


٢٩.١١.١٩٧٩


نیشتمانم!
تۆ وەک تانەی لەسەر چاوم.
تۆ وەک تەمی،
لە گشت لاوە دەورت داوم.
تۆ ئاوێنەی ـ
لەناو تۆدا ھەموو دنیا بەدی دەکەم،
تۆ تەیمانی ـ
بە ھۆی تۆوە ھیچ نابینم:
نە کەل دەبینم، نە زەوی،
نە خوا دەبینم، نە ئاسمان...
جا نازانم
نە جیھان وەک تۆ بچووکە،
نە تۆ گەورەی بەقەد جیھان.
نیشتمانم ـ ک و ر د س ت ا ن ! ل... ٤٦٨


پەشێو لە پەسندانی نیشتمان ھەرگیز ھەناسەسوار نابێ و ماندوێتی نازانێ و شەرم لە کات و شوێن دەرھەق بە خۆشەویستیی نیشتمانەکەی ناکات،کە مێشکی خۆی پێ زاخاو داوە و شیاوترین پلە و پایەی لە ھزریدا بۆ تەرخان کردووە.


دیارە نیشتمان لای مرۆ، لەبەردەم حوکمی دوو تێڕوانینی جیاوازدا، قەتیس دەمێنێ. دەکرێ بە خۆشەویستی لێی بڕوانێ، یاخود بە رک و کینەوە. پەشێو ھەرگیز نیشتمانی لێ بزر نەبووە و بە ھیچ جۆرێ لە ھەگبەی کۆڵی داینەگرتووە و تا دوا کەوشەنی ھەناسە و ژیان بە جەستەیدا رۆچووە و ھۆگری بووە. بیر و ھەستی شاعیر بە رادەیەک ئاوێتەی ئەڤینی وڵات بووە، بە دژواری دەتوانرێ گوزارەی لێ بکرێت. ‌سەرچاوەی ئەم عەشقە بە ئەندازەیەک پیرۆزە، بۆتە مایەی ئەوەی پەشێو بە ھەموو ھێز و توانایەوە و لە دڵەوە رکی لە دوژمنانی نیشتمانەکەی بێت.


ئەو نیشتمانەی ھەمیشە لەتەک ھیوا و خەونەکانی پەشێودا ئامادەیی ھەیە، نیشتمانێکە نزیکەی٥٠٠٠٠٠ ھەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە زیاتر و ٤٠- ٥٠ ملیۆن مرۆ لەسەری ژیان دەگوزەرێنێ و ھەزاران روبار و دەریاچە و کانی و دارستان و باخ وکێڵگە و بێستان و کەرەسەی خاوی تێدایە و بە ئاسمانیدا ملیاردەھا باڵندە ھەڵدەفڕن و ھێندەش زیندەوار بە سەر زەوییەکەیدا دەخشن .‌

١٨.١.١٩٨٢


ئاسمانی تۆ ـ بەرپێی خۆتە،
سەرت شۆڕ کە،
ملت کەچ کە،
چاو مەگێڕە
بۆ ئاسمان و ئەستێرە و خوا ـ
ئەوەی بستێک خاکی نەبێ
خوا و ئەستێرە و ئاسمانی کوا؟! ل... ١٦


مرۆی بێ نیشتمان نابێتە خاوەنی ھیچ سەرمایەیەکی تر لەم گەردوونە فراوانەدا، کەواتە، با سەر بەرەو ژوور ھەڵنەبڕێ، لە ھەسارەکانی دیکەدا بەدوای ئەستێرە و مانگ و رۆژ و خوادا نەگەڕێ و خۆی ماندوو نەکات. جڵەوی خەیاڵی ڕۆمانسییانەی خۆی بەرەو ئاسمان شڵ نەکا، لە کاتێکدا زەوییەکەی ژێر پێیان داگیر کردووە و زات ناکا بڵێ ئا ئەم بستە زەوییە ھی منە! ‌ ‌


گەر نیشتمان سنوورێکی ناسراوی بە رەسمی نەبێت و لە چوار لاوە داگیر کرابێ، ئیدی گەلێ شت مانای خۆیان لەدەست دەدەن. بەھا و جوانی سیمبۆڵەکان لای پەشێو گرێدراون بە پارچە خاکێک لەسەر ئەم گۆی زەوییە، کە بە نیشتمان ناسراوە. ‌وڵات ناسنامەیە و گەر مرۆڤ لەم پیرۆزییە بێ بەش بێت شتە ماکی و مینۆکییەکانی دیکە،‌ سەرلەبەریان دەژاکێن، پووچ و چرووک دەبن. سەرچاوەی داکۆکیی پەشێو لە خاک لەسەر بنەمای ئەم فاکتانەن ، نەک راگوزەرانە ھەڵوێستی وەرگرتبێ.

٥.٨.١٩٨٠


ھێندە باسی نیشتمانی خۆم بۆ کردی،
ھەتا گیانت لیوانلێو بوو لە ئەڤینی.
بە ئاواتی جارێک بچی،
چاو بڕێژی بە شار و دێی،
دەستێک بدەی لە برینی؟
کە من کپ بووم،
کپیم زین کە،
تەماشام کە و زەنگۆ لێدە:
نیشتمانم خڕ دەبینی ل... ٣٦


سەربردەی خۆشەویستیی نیشتمان لە ھزر و رامان و ئەندێشەی پەشێودا چیرۆکێکە بێ کۆتایی. ھەر وەک چۆن ئاوی زەریا لە بن نایەت، خۆشەویستی و پیاھەڵدان لە ژینگە و مەملەکەتی شاعیردا ھەرگیز چۆڕبڕ نابێت. ئەڤینی وڵات ژانرێکی ئەدەبی و تێشووی سەخت و پێخۆری باوەڕی بەرز و گەشی کوردایەتییە. ئەم عەشقەش دوورە لە زمانی دبلۆماسی و مانۆڕی سیاسی و بەرژەوەندیی کەسەکی، بەڵکە زادەی قەناعەتێکی قووڵی تۆکمە و خۆنەویستانەیە. ‌


١٨.١٢.١٩٨٠


ئەی کەڵەکێوییەکەی باکوور!
بێدەنگ مەبە، بچریکێنە،
ئاسمانی بە تریاک نوسستوو راچڵەکێنە!
کە دێمە سەر لووتکەی دەنگت ـ
ھەر پەڵەھەورێک لەبەر کەم
زرێیەکی پڕ بە بەرە،
ھەر گزنگێک رمی دەستە،
ھەر دەوەنێک بۆم سوپەرە،‌
ھەر زنارێک ئەسپی شێێە،
وەک برووسکە لەسەرپێێە،
لە نیشتمانی لەتلەتما
دارێک بدزن،
بەردێک بدزن،
جێم بڵندە و ئاگام لێێە! ل... ٥٠


کاتێ نیشتمان بیبیلەی چاوی پەشێو بێ، ئەوا سەراپای، درێژایی و بەرزایی و قوڵاییەکەی ئەو نیشتمانە، بە نیگایەک دەبینێ.


لەم شاکارەشدا، کە بۆ ھونەرمەندی گەورە شڤان پەروەر گوتراوە، پەشێو خۆی بە پاسەوانی ھەر بستە زەمین و دار و بەردێکی سەرتاسەری نیشتمان دادەنێ. راستە،‌ کوردستان داگیر و دابەشکراوە، لێ ھەموو سنوورە تەلبەند و پاسەوانە دێو و درنجەکانی ناتوانن ببنە لەمپەر لەبەردەم ھەست و گیان و بینایی چاوەکانی شاعیردا. ھیچ کام لەو کۆسپ و تەگەرە دەستکردانە،‌ لە رووی ماکی و مینۆکییەوە،‌ لە ھزر و ئاوەز و خەیاڵی شاعیردا بوونیان نەسەلمێندراوە. ھەتا ئەم چرکەساتە، شاعیر ئەو دیاردانە بە ناسروشتی و ناھەق و ستەمئامێز ھەژمار دەکات و ھەرگیزا و ھەرگیز لەسەر نەخشە و خاک و نەتەوەکەی پەشێو نابنە دێفاکتۆ.

١٥.١.١٩٨٢


منیش زراوم رژاوە!
دەترسم لە سەرەمەرگا
سییەکانم بزریکێنن
بۆ تۆسقاڵێک ھەوای وڵات.
دەترسم بمنێنە خاکێک
نە من ئاشنای بۆنی ئەو بم،
نە زمانم ئەو تێی بگات ! ل... ٧٥


ژیانی ئاوارەیی دوور لە نیشتمان بۆتە ترسێکی کوشندەی نێو دڵی ھەر کوردێکی دابڕیندراو و دەربەدەرکراو. پەشێویش لەم مۆتەکەیە بە دوور نییە و زراوی لەوە چووە تا دوا ساتەکانی ژیان ئەم دوورییە فیز‌یکییە لە نیشتمان درێژە بکێشێ، ئەو نیشتمانەی چرکە بە چرکە ھەناسەی بۆ دەدات. خەم و ئازارەکانی رۆژانە وەک شەکرۆکە دادەکرۆژێ. گرێیەکی تر، کە دەروونی شاعیری کەیل کردووە، ئەو ناسۆرەیە ‌ساتێ بەرەو دواھەواری ژیان دەگەڕێتەوە، نەخرێتە ئامێزی گەرمی نیشتمانی دایکی خۆی و سییەکانی بە سروەی شەماڵی کوردستان پڕ نەکات.


شاعیر دەزانێ، جگە لە خاکی کوردستان، گۆڕی لەسەر ھەر زەمینێکی دیکە بێت، بۆنی نیشتمانی لێ نایەت و بخرێتە ژێر ھەر زەوییەکی دیکەوە نە ئەو ئاشنای بۆنی زەوییە نامۆیەکە دەبێ، نە زەوییەکەش لە زمانی ئەو حاڵی دەبێ. پەشێو نایەوێ غەریبی ببێتە نیشتمانی. ئاسوودە نابێت لاشەکەی بخرێتە باوەشی ھیچ شوێنێکی دیکە.

١٣.٤.١٩٨٩


نیشمانی من:
ھێلانەی خۆرە،
پڕشنگەجاڕە.
سەرم .... سەر نییە:
گوڵەبەرۆژەی ھەمیشە لارە! ل... ١٤١


بە زمانێکی پاراو و روانگەیەکی پڕ لە ئومێدەوە و بە ھەستێکی لە خۆڕاپەرموونەوە پەشێو دەکەوێتە پێناسەکردنی نرخ و بەھای نیشتمانەکەی.


سەرەتا بە خۆری چواندووە، خۆریش لە میتۆلۆژیای کوردیدا سەرچاوەی ژیان و شایانی پەرستنە. نیشتمان ھەسارەی درەوشاوەی خۆرە و مەڵبەندی تیشکھاوێژی رووناکییە. بۆ خۆشەویستیی ئەم نیشتمانە بە پیت و فەڕەی پڕ لە میھر و جوانییە، شاعیر دەڵێ:

مارتی ١٩٩٠


نیشتمانی من شانیشتمان بوو،
ئاخ، سەدەی پیتڕۆل،
ئاخ ، گاز و گیمیا!
ئاخ چییان لێ کرد:
تەرەسی عۆجە و
گای بنەی خۆیی و
گەوادی دنیا……… ل١٥١


جوانی، خۆشی و پیرۆزی ئەو سیفەتە ھێژایانەن، کە دەکرێ بە پەسندانی نیشتمان رەوا ببینرێن. لێ ساتێ وڵات، بە ھەموو دیمەنە جوانەکان و سیفەتە بێھاوتاکانییەوە، بەر شاڵاوی داگیرکەر دەکەوێ, دەشێوێندرێ و بە سۆتەک دەکرێ ، وەختێ ملھوڕانی ناوخۆش ناحەزی بەرانبەر دەکەن و سیمای بریندار دەکەن، کوردستان دەبێتە تاریکستان و دۆزەخی ژیان.


کوردستان رووبەرووی ھەڕەشەی سێ بەرەی جیاواز بۆتەوە. ھەر لایەکیش بە شێواز و میکانیزمی خۆی دوژمنایەتییەکەی پیادە دەکات: داگیرکەری عۆجەیی و بەکرێگیراوی ناوخۆیی و چاوچنۆک و بێوژدانانی دنیا.


٢٠.٣.١٩٩٢


نەخشە
مناڵەکان،
کتێبەکانتان وەلانێن!
کاغەزێک و ھەندێک قەڵەم
لە بەردەمی خۆتان دانێن.
وێنەی پەڵە ھەورێک بکەن رەنگاورەنگ بێ.
با لە سەری ھەسپێک بکا،
مووگزنگ و چاوپەرەنگ بێ.
پەڵەھەورەکەم نیشان دەن!
لە چی دەچێ؟
سەری ھەسپێ؟
تا شل دەبن تەماشای کەن،
با لە مێشک و خوێن بچەسپێ. ل... ١٨٢


پەشێو جارێکی دیکە ھیواکانی بە پێگەیشتنی مناڵەوە دەبەستێتەوە. چاوەڕێیە لە سایەی سیستەمێکی پەروەردەی دروستدا، مناڵ بە کێشانی نەخشەی نیشتمان فێر بکرێ و بھێنرێتە بەر بار. دەیەوێ مناڵان نەخشەی وڵات ھێندە بکێشن و دووبارەی بکەنەوە و لێ بڕوانن تا بە قووڵی لە ئەندامەکانی جەستەیاندا دەیچەسپێنن و لە مێشکدا دەینەخشێنن، بۆ ئەوەی لە ھەموو چاو ترووکاندنەکاندا بێتەوە یادیان و لە بیر و ئەندێشەیاندا ئامادەیی ھەبێت. دەیەوێ ئەو نەخشەیەی، کە لە سەری ھەسپێک دەچێ لە خوێنیاندا بکەوێتە گەڕ و دەورانی خۆی تەواو بکات و کامڵ بێت، چونکە تەنیا لە پرۆسێسێکی ئاوەھادا ئاڵا و نیشتمان و بنەما و سیمبۆڵەکانی دیکە دەبنە بەشێکی زیندوو و لای تاکە تاکەی ھاونیشتیمانان، لە ژیانی رۆژانەیاندا، دەبنە فەرھەنگ و رۆتین، مامەڵەیان بە ‌دروستی و بەڕێزەوە لەگەڵدا دەکرێ و بەرز و بە نرخ رادەگیرێن . ئا لەمەوەیە دەتوانین ببینە گەواھی ئەوەی، کە چەمکی ئاڵا و نیشتمان لە ھێکڕا و لە بۆشاییەوە لای پەشێو دروست نەبووە، بەڵکە زادەی باوەڕ و ئیمانە.


کەواتە ئەمانەیە جوانی و مانا و بەھا و رەھەندی سیمبۆڵەکانی ئاڵا و نیشتمان لە شیعرەکانی مامۆستا پەشێودا.
_____________________________________
سەرنجێکی پێویست:
لە دەمی نووسینی ئەم بابەتەدا، کە ھاوینی ٢٠١٢ و جامی ئەوروپای یاریی تۆپێن لە وڵاتی پۆلۆنیا و ئۆکرانیا بەڕێوە دەچێ. بۆ وێنە لە شارێکی وەک بەرلین ملیۆنان ھاوڵاتی ئا‌ڵمان ھەیە.‌ ھەر بابایە لەسەر ئەندامێکی جەستە، لەسەر دەموچاو و قژ و مەچەک و ...ھتد یا لەسەر جلوبەرگ و دەستکێش و ملپێچ و کڵاو و...ھتد و یا لەسەر بەشێکی ئۆتۆمبیلەکەی بەدەیان جۆر ئاڵای ئەڵمانیا نەخشاندووە. میدیاکان بە گەرمی باس لە کولتووری تەماشاچییانی وەرزش دەکەن. ئەم دیار‌دەی ھەڵکردن و شەکاندنەوەی ئاڵایە وای کردووە، ئاست و پلەی بە خۆنازین و شانازیکردن بە بەھا و پیرۆزییە نەتەوەییەکانەوە پتر ببنە جێی سەروەری. لە کاتێکدا ئەم دیاردەیە لای ھەموو میللەتانی ئەوروپا بە ھەمان ئەندازە بەرچاو دەکەوێ. ناشبێ لە یادمان چێ ئەمانە سەدان ساڵە خاوەنی دەوڵەتن و ھەزار قۆناغیان بڕیوە، کە گەلی کورد ھێشتا پێیان نەگەیشتووە. حەمزەتۆڤ ناھەقی نییە کە دەڵێ: باڵیۆزی میللەتان بە ئاڵای وڵاتەکانیانەوە دەناسرێنەوە.


سەرچاوەکان:

* پێڕەو و پرۆگرامی پارتی سۆسیالیستی کورد ـ پاسۆک.
* نەتەوە و دەوڵەت لە مێژووی ئەوروپادا. شولتس ھاگن(بە ئەڵمانی).
* پشت لە نەوا و ڕوو لە کڕێوە، عەبدوڵڵا پەشێو، چاپی سوێد ٢٠٠٦.
* ھەسپم ھەورە و ڕکێفم چیا، عەبدوڵڵا پەشێو، چاپی سوێد ٢٠٠٦.

 

ماڵپه‌ڕی هه‌ڵۆ محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک