١٨\٧\٢٠٢٥
سیمفۆنیای سێبەرەکان.

ئەرسەلان مەحمود
لە کۆڵانە تەنگەبەرەکانی پشت سەردا، لەو شوێنەی زەمەن خۆی دەشارێتەوە و
کات لە ئاوێنەی شکاودا خۆی دەبینێت، لە قووڵایی ژوورە تاریکەکانی
پیلانگێڕاندا، کە دیوارەکانیان بە خوێنی حەقیقەت ڕەنگکراون، وشەکان وەک
تیرە ژەهراوییەکان دەخشێن - تامیان تاڵە، بۆنیان بۆنی کۆتاییە، ڕەنگیان
لە سێبەری مەرگە، هەر وشەیەک، وەک زەنگی مەعبەدێکی کۆن، لە ناو
ئینجانەی مێشکۆڵە پووچەڵەکاندا دەترینگێتەوە: "بەهاریت مرد، وەرزەکانت
بوونەتە چیرۆکێک لە ڕابردوودا!"
ئۆهـــ کە گەمژەن!
ئەوانەی نازانن بەهاری شکۆفەکردن لە ناو زستانی ڕەخنەدا، وەک
دانەوێڵەیەک کە لە ژێر بەفری قورسدا، چڕ دەبێتەوە و چاوەڕێی هەتاو
دەکات. نا هەرگیز بە بیریشیاندا نەهاتووە کە هاوینی سووتان، لە ناو
پاییزی ڕوخاندا، وەک گەنمێک کە لە ژێر بەردە گەورەکاندا ڕێگەی خۆی
دەدۆزێتەوە و بەرەو ڕووناکی باڵا دەبات، دەفراژێتەوە.
من، لە ناو ئەم سەمفۆنیایەدا، نەک تەنها هەر دەنگێکی نوێ دەدۆزمەوە،
بەڵکو دەبمە ئەو ئاوازەی کە لە نێوان دوو بێدەنگیدا لەدایک دەبێت، ئەو
نۆتەیەی کە کۆمپۆزەر لە خەوەکانیدا دەیبینێت بەڵام ناتوانێت لەسەر
کاغەز بینووسێت - دەنگێک کە لە قووڵاییە تاریک و تەنگەبەرەکانەوە، وەک
باڵندەیەکی ئەفسانەیی، بەرەو ئاسمانی بێکۆتا باڵ دەگرێت.
وەرە بتبەمە کانیاوەکەی مێرگۆڵان !
سێبەرەکانی زەمەن، لە ئەشکەوتی بێ خۆری کاتدا، لەو شوێنەی ڕۆژ و شەو
یەکتر لە ئامێز دەگرن و دەبنە یەک، بە قەڵەمی شەو - ئەو قەڵەمەی لە
پەڕی باڵی ڕەشەبا دروستکراوە - وێنەی کۆتایی دەکێشن و گفتوگۆی مردن،
وەک کۆڕێکی فەلسەفی لە دۆزەخدا، دەکەن.
بەڵام من—
من، کانیاوی ڕووناکیم لە قووڵترین تاریکییەکاندا. نەک هەر ڕووناکیی
میتڕا کە لە کێوەکانەوە دەکشا، نەک هەر تیشکی ڕا کە بەسەر ڕووبارەکاندا
وەک زێڕی شل دەڕژێت و دەدرەوشێتەوە، بەڵکو وەک ئەو ئاگرە ئەزەلییەی
پڕۆمیتیۆس، ئەو پاڵەوانەی بۆ مرۆڤایەتی گیانی خۆی بەخت کرد، کە لە
ئاسمانەکانەوە، لە ماڵی خوداوەندەکانەوە، هێنای و لە سنگی زەردەشتدا،
لەو پەرستگە کۆنەدا کە هێشتا بۆنی بخووردی لێدێت، تا ئەبەد گڕی گرتووە.
کاتێک مرۆڤ، وەک بوودا لە ژێر دارە بودییە پیرۆزەکەدا، لەو ساتەی زەمەن
دەوەستێت و ئەبەدییەت دەست پێدەکات، دەبێتە شاهیدی خۆی و شاهیدی بوون،
کاتێک دەنگی یار دەبێتە سەمفۆنیایەکی گیانی کە لە هەموو ئاوازەکانی
سروشت جوانترە و قسەی نەیار وەک بایەکی سارد و بێڕەحم بە ناو گەڵا
زەردەکانی پاییزدا، بێ ئەوەی شوێنەوارێک لە دڵدا، لە واقیعدا، لە
حەقیقەتدا بەجێبهێڵێت، تێدەپەڕێت.
من دەبمە ئەو کێوەی کە هەزار ساڵە بەفر و بای وێرانکەر لێی دەدات،
بەڵام وەک ئارارات، ئەو کێوەی کە کەشتییەکەی نوح لەنگەری لەسەر گرت، بە
سەربەرزی و بە قەدپاڵی وەک نەریتێکی کۆن لە بەردەم شەپۆلەکانی کاتدا،
ڕاوەستاوم.
من ئەو دەریا بچووکەم کە ڕووبارە ژەهراوییەکانی کین و ڕق، هەموو پیسایی
و دەردی خۆیانی تێیدا دەڕژێن، بەڵام سەیری ئەم پارادۆکسە بکە، هەر شینی
ئاسمانی بێگەرد و پاکی یەکەم بارانی بەهار، ئەو بارانەی کە تینوێتی
زەوی دەشکێنێ، لە ناو دڵدا، وەک گەنجینەیەکی نهێنی، هەڵگرتووە.
ئەوانەی لە پشتەوە، لە تاریکی شەودا، وەک مارەکانی بیابان دەخشێن و
پیلانی تاریک - تۆڕی فرتوفێڵ دەنێنەوە و دەگێڕن، کۆیلەکانی ئەشکەوتی
ئەفڵاتوونن. ئەوانەن کە زنجیرەکانی نەزانی لە دەست و قاچیاندا، وەک
زیوی شەو، دەبریسکێنەوە، کەچی هێشتا شانازی بە سەمای چاپڵێسکەیی خۆیان
و خاوەن زنجیرەکانیانەوە دەکەن!
سارتەر، لە قاوەخانەیەکی دڵگیری پاریس، لە ناو دووکەڵی جگەرەی گۆلواز و
تامی تاڵی قاوە ڕەشەکەیدا، بە دەنگێک کە لە ناخەوە دەهات، هاواری کرد:
"بوون پێش جەوهەر دێت!"
من، وەک شێوەکارێکی بوونی خۆم، نەک بە قەڵەمی پارچین، بەڵکو بە قەڵەمی
ئازادی - ئەو قەڵەمەی لە پەڕی فریشتەی ئازادی دروستکراوە - تابلۆی
چارەنووسی خۆم، پەنجە بە پەنجە، ڕەنگ بە ڕەنگ، دەکێشم.
کامۆ، لە سەر شەقامە گەرمەکانی ئەلجەزایر، لەو شوێنەی خۆر دەریا
دەبووژێنێتەوە، لە دوورەوە بەو پێکەنینە تاڵەی کە تەنها فەیلەسوفەکان
دەیناسن پێدەکەنێت و دەڵێت: "ئابسوردەکە قبووڵ بکە، بەڵام خەبات بکە بۆ
مانا!"
من، ئەو مانایە، نەک لە ئاسمانەکاندا، نەک لە کتێبە پیرۆزەکاندا، بەڵکو
لە ناو گڕی دڵمدا - ئەو گڕەی کە نە ئاو دەیکوژێنێتەوە نە با -
دەدۆزمەوە، وەک یاقووتێکی سوور کە لە ژێر فشاری میلیۆنان ساڵی زەویدا
پەنگی خواردووە، ئێستا لە تاریکیدا، بە ڕووناکی خۆیەوە، دەدرەوشێتەوە.
گوێبگرە ئەی پیلانگێڕی تاریک! ئەی دەلاڵی مەرگ! ئەی بازرگانی خەونە
شکاوەکان! من کوڕی دەورانی خۆمم، ئەستێرەوانی کەشتی چارەنووسی خۆمم،
سەرۆکی کاروانی خەونەکانی خۆمم. نەک وەک تۆ پەراوێز لە پەرێزی ئەوانی
تردا، کە هیچ کاتێک بەبێ ئەویتری پەرێزەوان نەتتوانیووە هەناسەیەکیش
بدەیت، خۆم نووسەری ڕۆمانی ژیانی خۆمم!
نیچە، لە کێوە سەر بە بەفرەکانی ئەڵپدا، لەو بەرزاییەی کە تەنها ئاژەڵە
کێوییەکان و فەیلەسوفە دێوانەکان دەتوانن بیگەنێ، لەو شوێنەی کە
هەورەکان لە ژێر پێیدا دەڕۆن و باکوورەکان دەنگیان وەک هاواری ڕووح،
دەگاتە ئاسمان، بە هەموو هێزی دەروونییەوە هاواری کرد: "ئەوەی نامکوژێت،
بەهێزتر و ڕوونترم دەکات!".
سێبەرەکان با بدوێن، وەک شەو کە لە ڕۆژ دەدوێت و هەرگیز نایگاتێ - من
لەگەڵ خۆردا، لەو ساتە پیرۆزەی کە تاریکی دەبەزێنێ، هەڵدەستم. مارەکان
با ژەهری تاڵیان، قوتاو قوت، بڕێژن - من پانژەهری خۆمم، دەرمانی ژانی
جانی خۆشەویستان، مەرهەمی برینی ڕووح شکاوەکانم.
شەپۆلەکانی دەریایەکی هاری تووڕە، با وەک کێوی بەرد، بە هەموو هێز و
کینەوە، لێم بدەن - من گەوهەری قووڵایی دەریام، مرواری نهێنی،
یاقووتێکم کە لە ناو فشار و گەمارۆدا جوانتر دەدرەوشێتەوە.
گوڵە نیلۆفەرێکم، کە لە قووڵایی قوڕاودا ڕیشەی داکوتاوە، بەڵام لە سەر
ڕووی ئاودا، بە پاکی و جوانی بێ وێنەی خۆی، گوڵ دەکاتەوە و جوانخۆشی
دەبەخشێت و تراژیدیای قوڕ دەکاتە ئیپیکی جوانی.
هەمیشە لێرە بووم،
هەمیشە لێرە دەبم،
وەک ئەو ئاگرە ئەزەلییەی کە لە پەرستگەی زەردەشتدا، لە مێژووی پێش
مێژووەوە، گڕی گرتووە و هەرگیز، تا کۆتایی کۆتاییەکان، ناکوژێتەوە.
ئەوانەی دەکەون و دەڕۆن، وەک برووسکە دێن و دەچن، سێبەرەکانن - سێبەری
کات، سێبەری ترس، سێبەری وەهم، سێبەری مەرگ.
من، ڕووناکیم - ڕووناکی هەمیشەیی...
من، بەردەوامم - بەردەوامی ژیانی ژیرانە.
لێرەم - لێرە، لە ئێستادا، لە ئەبەدییەتدا.
وەک ئەو سەمفۆنیایەی کە لە ناو بێدەنگی و دەنگی شەوژەنی سەرسامەکاندا،
لە نێوان خەون و خەبەردا، دەنگدەداتەوە و دڵەکان دەهەژێنێت. لەوەتەی
هەم، لە ناو تاریکییە قووڵەکاندا، من بە دەستەکانی خۆم، ڕووناکی دروست
دەکەم.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|