٢۴\١\٢٠١٠
سمیناره‌که‌ی کاک مه‌لابه‌ختیار له نه‌رویج و چه‌ند سه‌رنجێک!
جیهاد محه‌مه‌د حه‌مه‌که‌ریم
کۆمیته‌ی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان له 16.1.2010 ، سمینارێکیان
ڕێکخست بۆ کاک مه‌لابه‌ختیار ئه‌ندام وکارگێری مه‌کته‌بی سیاسی حیزبه‌که‌یان،
له ژێر ناونیشانی ( کوردایه‌تی له پرۆسه‌ی دیموکراتیدا).
کاک به‌ختیار به‌م جۆره ده‌ستی به کۆڕه‌که‌ی کرد: له سۆنگه‌ی
جیاوازیه‌کانی کوردایه‌تی له پرۆسه‌ی شۆڕش و شاخ و چه‌کداریه‌وه له‌گه‌ڵ
کوردایه‌تی له پرۆسه‌ی دیموکراتی ئه‌مڕۆی کوردستان و عێراقی نوێ‌دا له
دوای ڕوخانی ڕژێمی سه‌دام حسه‌ین و حیزبی به‌عسه‌وه ده‌مه‌وێت به
باسێکی فه‌لسه‌فی و تییوری ده‌ستپێبکه‌م و بچمه ناو ڕێنیسانسی ئه‌وروپا
وه و دواتر ئه‌م باسه ببه‌ستمه‌وه به سیاسه‌تی پراکتیکی ئه‌مڕۆی
ئێمه له کوردستاندا، تا بزانین سیاسه‌تێکی خراپمان هه‌یه، یان باش و
چیمان کردووه و ده‌بێت چی بکه‌ین و ئه‌و هه‌موو نوسین و قسه و قسه‌لۆکه‌ی
ده‌کرێت به‌رامبه‌رمان ڕاستن یان نا؟ که هه‌ڵبه‌ت له دواجاریشدا من
گوێ له ئێوه‌ی به‌ڕێز ده‌گرم که ده‌زانم هه‌موتان به‌م رۆژی پشوه‌تان
که هاتوون بۆ ئه‌م سمیناره به جیاوازی ڕاوبۆچونه‌کانمانه‌وه له خه‌می
کوردستان و پرۆسه دیموکراتیه‌که‌یدان. بۆیه سوپاستان ده‌که‌م و به‌خێربێن.
کاک به‌ختیار، له باسی ڕێنیسانسی ئه‌وروپادا باش پێکای و باش باسی
کرد‌و چووه ناوه‌ڕۆکی بابه‌ته‌که‌وه و هه‌موو ملمانێ و پێکدادانه‌کانی
باسکرد که چۆن ڕێنیسانس به پرۆسه‌یه‌کی دوور و درێژی ناهه‌موار و پڕ
له شه‌ڕ و ئاژاوه و خوێنڕشتندا گوزه‌ری کردوه و تا کار گه‌یشتۆته
ئه‌وه‌ی حکومه‌ت و ده‌وڵه‌تانی سکولاری لێوه به‌رهه‌مبێت و کۆمه‌ڵگاکان
ببن به کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی ویاسایی و دامه‌زراوه و دیموکارتی و
ئازادیه‌کان فه‌راهه‌م و به‌رفراوانبن بۆ خه‌ڵک.
ڕه‌خنه‌ی من وه‌ک له سمیناره‌که‌دا که‌به کورتی قسه‌م له‌سه‌ر کرد
ئه‌وه‌بوو، له‌م باسه‌دا و به‌ستنه‌وه‌ی به باسی ڕێنیسانس و پرۆسه‌ی
دیموکراتی له کوردستاندا، که‌م و زۆر نه‌چووه سه‌ر باسی جیهانگیرێتی
ئه‌مڕۆی جیهان و پێشکه‌وتنه به‌رفراوانه‌که‌ی دنیای تۆڕی ئینته‌رنێت و
ته‌له‌فونی ده‌ستی و فاکس و ئه‌و خێراییه زۆره‌ی که له کۆمینیکه‌یشندا
دروستبووه که ته‌نها به کلیکێک له دوورتیرن شوێنی جیهانه‌وه ده‌توانرێت
سمینارێکی وه‌ک ئه‌و سمیناره و هه‌موو ڕووداوه سیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان
و کاره‌ساته سروشتیه‌کان ببینرێت و کاریگه‌ری خۆی هه‌بێت له‌سه‌ر هه‌ست
و نه‌ست و دیدوبۆچونه‌کانی خه‌ڵک و به ئاگا هێنانه‌وه‌ی خه‌ڵک. ئه‌وه‌ی
من تێبینیم کرد خۆلادان له باسی خێرایی په‌یوه‌ندیه‌کان و خۆ بواردن
له جیهانگیرێتی ئه‌وه بوو که به گوێی گوێگرانی سمیناره‌که‌یدا دا
که ڕێنیسانس له ئه‌وروپادا له دوای 300 ساڵ کاریگه‌ریه‌کانی ده‌رکه‌وتووه،
هه‌ر بۆیه باسی ئه‌وه‌شی کرد که له وه‌ڵامی پرسیارێکدا له جێگه‌یه‌کی
تر که لێیکراوه،له‌سه‌ر پرۆسه‌ی دیموکراتی له کوردستاندا چه‌ند ده‌خایه‌نێت؟!
به لای که‌مه‌وه 50 ساڵی بۆ داناوه و له‌م کۆڕه‌شدا وتی ئه‌وه 18
ساڵیکی ڕۆشتوه‌و 30 تا 40 ساڵی ماوه. ئه‌م دواقسه‌یه‌شی بۆ
بیانوهێنانه‌وه بوو له‌سه‌ر قسه‌ی ڕه‌خنه‌گران و ئه‌و هه‌موو که‌موکورتیه‌ی
که له خزمه‌تگوزاریه‌کان و دادپه‌روه‌ری و یه‌کسانی و دزی و گه‌نده‌ڵیدا
ده‌کرێت له‌سه‌ر حوکومه‌ت و حوکمڕانی ئه‌م دوو حیزبه، بۆ ئه‌وه‌ی به
خه‌ڵک ڕابگه‌یه‌نێت که هێشتا زووه بۆ کاریگه‌ری ڕێنیسانس و ئه‌نجامی
ئه‌و فه‌لسه‌فه دروسته‌ی که یه‌کێتی و پارتی هه‌یانه بۆ به‌ڕێوه‌بردنی
ژیانی خه‌ڵک له کوردستاندا! ئه‌وه ناحه‌قیه و په‌له‌ی خه‌ڵکه لێمان
ده‌نا سیاسه‌تی ئێمه دروست و به‌جێیه، به‌ڵام که‌م وکورتیشمان هه‌یه!.
جیهانگیرێتیه به‌هێزه‌که‌ی ئه‌مڕۆ و خێرایی په‌یوه‌ندیه‌کان وه‌ک له‌سه‌ره‌وه
ئاماژه‌م پێدا یه‌کێکه له جیاوازیه دیاره‌کانی سه‌رده‌می ده‌ستپێکردنی
ڕێنیسانسی ئه‌وروپا و ڕێنیسانسی ئه‌مڕۆ له کوردستاندا یان له هه‌ر
شوێنێکی تری جیهاندا ده‌ستپێبکات. جیهانگیرێتی و خێرایی په‌یوه‌ندیه‌کان
کارێکی کردوه که ده‌ستبه‌جێ و له کاتی خۆیدا ڕووداوه سیاسیه‌کان،
کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان و سروشتیه‌کاندا بگاته دوورترین شوێنی جیهان ، ئه‌مه‌ش
کاریگه‌ری زۆری هه‌یه له‌سه‌ر به ئاگایی هێنانه‌وه و وریاکردنه‌وه
و خۆئاماده‌کردن و ئاماده‌باشی بۆ پێشوازیکردن یان ڕه‌تدانه‌وه‌ی ئه‌و
ڕووداوانه. بۆیه باس نه‌کردنی ئه‌م جیاوازیانه و خۆ بواردن لێی ته‌نها
به مه‌به‌ستی خۆڵکردنه چاوی خه‌ڵکه‌ویه، که به‌لای منه‌وه جگه له‌وه
به که‌م ته‌ماشاکردنی به ئاگایی خه‌ڵک و وریایی خه‌ڵک و خۆ به
مامۆستازانینێکی ته‌قلیدیانه‌یه بۆ ئه‌و خه‌ڵکه‌ی که گوێ له
سمینارێکی ئاوها ده‌گرن له لایه‌ن سیاسیه‌کی دیاری ده‌سه‌ڵاته‌وه.
له لایه‌کی تریشه‌وه، یه‌که‌م تروسکایی رێنیسانسی به یه‌که‌م
رۆژنامه‌ی کوردی له‌سه‌ر ده‌ستی به‌درخانیه‌کاندا دانا‌و دواتر که‌وته
باسکردنی شۆڕشه‌کان و شاعیره‌کان و تا گه‌یشته قانع و گۆران و گه‌لاوێژ
و گه‌شه‌ی ڕۆژنامه‌کان وکاری رۆژنامه‌نوسی ورۆژنامه‌گه‌ری وئه‌و هه‌موو
چاپه‌مه‌نی و کتێبانه‌ی که ئه‌مڕۆ چاپده‌کرێت. لێره‌دا ئاماژه‌ی به
ئامارێک کرد که ئه‌ندامان و دۆستانی یه‌کێتی له سمیناره‌که‌دا بۆیان
نارد که به سه‌دان رۆژنامه‌و گۆڤار ئه‌مڕۆ له کوردستاندا ده‌رده‌چێت
و ته‌نها 10 تا 15 یان هی یه‌کێتی و پارتیه و ئه‌ویتری هه‌مووی ئازاده
و هی خه‌ڵکه! وه‌ک ئه‌وه وا بوو قسه‌که‌ی که ئێمه‌ی گوێگر هیچ جۆره
په‌یوه‌ندیه‌کمان نه‌بێت له‌گه‌ڵ کوردستاندا و ئاگاداری میدیاکان نه‌بین
و نه‌زاین چی ده‌گوزه‌رێت!.
دیسان هه‌ر له‌م باسه‌دا، ڕێنیسانسی ئه‌وروپا و رێنیسانسی کوردستان،
خۆی پاراست له باسکردنی ژێرخانی ئابوری وێرانی کوردستان، که ته‌ماته‌و
سه‌وزه و گێزه‌رو تور له ئێران و سوریاوه ده‌هێنرێت بۆ کوردستان له
کاتێکدا که کوردستان وڵاتێکی پر له‌ئاو و زه‌وی به پیته بۆ کشتوکاڵ،
بازارێکی به‌ره‌ڵا به ناوی بازاری ئازاده‌وه که وه‌ک خۆره‌ی لوله‌ی
تفه‌نگ دا‌ویه‌تی له گیانی خه‌ڵک و خه‌ڵک ده‌ناڵێنێت به‌ده‌ستیه‌وه،
پڕێتی له کاڵای به‌سه‌رچو و خراپترین کوالیتی و خه‌ڵکیش بووه به
تاقیگای ئه‌و هه‌مو کومپانیا چاوچنۆکانه‌ی تورکیا و ئیران و وڵاتانی
تری جیهان. دیاره سیاسه‌تمه‌دارێکی حوکمڕان که باس له پێشکه‌وتنه‌کانی
کوردستان بکات هه‌ڵبه‌ت ده‌بێت خۆی بپارێزێت له باسی ئه‌و ژێرخانه
ئابوریه وێرانه، که زۆر زیاتر له ئه‌ده‌ب و نوسین و کاری رۆژنامه‌نوسی
که له سمیناره‌که‌دا باسی لێوه‌کردن، په‌یوه‌ندی هه‌یه به گه‌شه‌ی
ئه‌و عه‌قڵیه‌ت و هه‌سته‌وه که دیموکراتی و ئازادی پێ قبوڵبێت و
کولتوری دنیای مه‌ده‌نیه‌ت و مۆدێرنه و یاسا بخاته پێش دنیای خێڵ و
دین و کۆمه‌ڵگای کشتوکاڵیه‌وه. چۆن بتوانێت باسێکی وا له‌و بازاڕه به‌رڵایه،و
ئه‌و ژێرخانه ئابوریه وێرانه بکات، که ده‌یزانی پرسیاری ئه‌وه به‌ره‌وڕووی
ده‌بوه‌وه که ئێوه حیزبی سوسیالدیموکراتن و خاوه‌نی(فه‌لسه‌فه‌ی ده‌وڵه‌ت
و حکومه‌تی سکولارن)! چۆن به‌بێ هیچ سانسۆرێکی یاسای و ئابوری ئه‌و هه‌مو
کومپانیا زه‌به‌لاحه‌تان به‌رداوه‌ته گیان و ژیانی خه‌ڵکی؟ ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی
ده‌تانه‌وێت ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵک گه‌شه‌بکات و بچێته پێشه‌وه و
خۆتان ووته‌نی، چینی مامناوه‌ند دروستبێت! تا زه‌مینه‌ی زیاتر بره‌خسێت
بۆ قبوڵکردنی دیموکراتی و ئازادی و یه‌کسانی ژن و پیاو و مافی منداڵان
و مرۆڤی تیا بپارێزرێت و حورمه‌ت و که‌رامه‌ت و سه‌روسامانی خه‌ڵکی به
یاسا و پۆلیس بپارێزرێت؟.
کاک به‌ختیار به‌وباگراونده ڕۆشنبیرییه‌ی که خۆی باسی لێوه کرد ئه‌گه‌ر
ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی حیزبێکی حوکمڕان نه‌بوایه له کوردستاندا ئه‌مه
خوێندنه‌وه‌ی نه‌ده‌بوو، که وه‌ک خۆی وتی دراسه‌ی ته‌واوی فه‌لسه‌فه‌ی
مارکسیه‌تی کردووه و ئه‌گه‌ر ئه‌و نووسینانه‌ی که له‌سه‌ر ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه
و سیسته‌می سوسیالیستی نووسیونی چاپی بکات ده‌بێت به کتێبێکی 600 لاپه‌ڕه‌یی.
به‌شێکی تری سمیناره‌که‌ی ته‌رخانکرد بۆ قسه‌کردن له‌سه‌ر سیاسه‌تی یه‌کێتی
و پارتی و باشیان کردوه یان خراپ!. له‌م به‌شه‌دا زۆر چووه‌سه‌ر ئه‌وه‌ی
که په‌یوندیه‌کانیان زۆر باشه له‌گه‌ل وڵاتانی دراوسێدا، په‌یوه‌ندیان
زۆر باشه له‌گه‌ل حکومه‌تی عێراقدا، په‌یوه‌ندیان باشه له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا
و وڵاتانی ئه‌وروپادا، له‌گه‌ڵ چیندا، له‌گه‌ل وڵاتانی عه‌ره‌بیدا.
ئه‌مانه‌ی هه‌مووی به قازانجی گه‌لی کورد حسابکرد و به‌وه‌ی دانا که
ئه‌مه سیاسه‌تێکی حه‌کیمانه‌یه بۆ پرسی کورد. به‌ڵام ڕاستی ئه‌م قسه‌یه
ئه‌وه‌یه که به‌شێکی گه‌وره‌ی ئه‌م په‌یوه‌ندیانه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی
بازرگانی کۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌کانی ملیارده‌رانی کوردستانه و له‌وانه‌ش
کۆمپانیا زه‌به‌لاحه ملیارده‌ره‌کانی یه‌کێتی و پارتی خۆیانن. زۆر
جاریش ئه‌م په‌یوندیانه بۆته هۆی سازشکردن له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه‌دا
له‌سه‌ر حسابی پرسی گه‌لی کورد و سته‌مدیده‌ی و به‌شمه‌ینه‌تی گه‌لی
کورد و ژێرچه‌پۆکی ئه‌م گه‌له. هه‌موو خه‌ڵک ئاگاداری ئه‌وه‌یه که
چۆن قونسڵی ئێرانی له هه‌وڵیری پایته‌ختی کوردستان له چاوپێکه‌وتنێکیدا
له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی ئاوێنه‌دا رایگه‌یاند که ئه‌و تۆپ بارانه‌ی سنوره‌کانی
کوردستان و گوند و خه‌ڵکه کوێستانیه‌کان به ئاگاداری و هاوپه‌یمانێتیه
له‌گه‌ڵ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستاندا. ئه‌وه‌ش له‌به‌رچاوه که چۆن
حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان هاوپه‌یمانێتیه‌کی 3 قۆڵی له‌گه‌ڵ حکومه‌تی
تورکیا و حکومه‌تی عێراق دا هه‌یه بۆ گه‌رانه‌وه‌ی که‌مپی مه‌خمور و
راده‌ستکردنی هه‌موو خه‌ڵکی ئه‌و که‌مپه و کردنیان به قوربانی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی
کۆمپانیا بازرگانیاکانی یه‌کێتی و پارتی و تورکی که ئه‌مڕۆ له
کوردستاندا چالاکن.
دواتریش باسی ڕه‌وشی ژیانی خه‌ڵکی کوردستانی کرد، له‌م باسه‌یدا ئه‌وه‌ی
که زۆر جێگه‌ی سه‌رنجی من بوو، دوو شت بوو که به کورتی وه‌ڵامی هه‌ر‌دوکیانم
دایه‌وه و وا لێره‌شدا بۆ ئێوه‌ی خوێنه‌ره‌ی باس ده‌که‌مه‌وه.
یه‌که‌م/ کاک به‌ختیار ئه‌وه‌ی ڕاگه‌یاند، که باشترین هه‌ڵسه‌نگاندن
بۆ باشی و خراپی ژیانی خه‌ڵک، له هه‌رشوێنێکی دنیادا، سه‌یری ته‌ندروستی
وخزمه‌تگوزاریه ته‌ندروستیه‌کانه، که خۆشبه‌ختانه له کوردستاندا
توانیومانه ده‌ستگاکانی ته‌ندروستی زۆر پێشبخه‌ین و نه‌خۆشخانه‌و
داوده‌رمان مسۆگه‌ر بکه‌ین بۆ خه‌ڵکی کوردستان.
له کۆڕه‌که‌دا به‌نده پرسیاری ئه‌وه‌ی کرد تۆ بڵێی ئاگات لێنه‌بێت!!
یان هه‌ر هیچ نه‌بێت ووتاره‌که‌ی کاک ڕه‌حمان غه‌ریبت نه‌خوێندبێته‌وه
له ژێر تایتلێ( حیکایه‌تی مێشدا) که باس له ته‌واونه‌بوونی نه‌خۆشخانه
400 قه‌ره‌وێڵه‌که‌ی سلێمانی ده‌کات و ده‌ڵێت: ئه‌و رۆژه‌ی که بناغه‌ی
ئه‌م نه‌خۆشخانه‌یه دانرا هێشتا شێخ زاید له خه‌یاڵیدا نه‌بوو که به‌رزترین
تاواری 820 مه‌تریی، 200 نهۆمی دروستبکات له جیهادندا، ئه‌وه ئه‌م
تاواره ته‌واو بوو، 12 هه‌زار کرێکار ناویان چوه کتێبی گینسه‌وه و
یاری ئاگرین هه‌ڵدرا به‌سه‌ر ته‌واوبونیدا، که‌چی هێشتا هه‌یکه‌لی ته‌واونه‌بووی
نه‌خۆشخانه 400 قه‌ره‌وێڵه‌ییه‌که‌ی سلێمانی به حکومه‌تی هه‌رێم پێده‌که‌نێت.
تۆ بلێی ئاگاداری ئه‌وه نه‌بیت! که چه‌ند ساڵه مژده ده‌ده‌ن به خه‌ڵکی
هه‌ڵه‌بجه و شاره‌زور که نه‌خۆشخانه‌یه‌کی گه‌وه‌ره ده‌کرێته‌وه له‌م
شاره برینداره‌دا و ناوه‌ندی چاک ـ یشتان به‌وه ده‌ستخه‌ڕۆ کردوه که
پرۆژه ته‌ندروستیه‌که‌ی که 2 ساڵه پێشکه‌شیان کردووه به وه‌زاره‌تی
ته‌ندروستی ، گۆشه‌یه‌کی ئه‌م نه‌خۆشخانه‌یه‌ی بۆ ته‌رخان ده‌کرێت و ئه‌و
پرۆژه‌یه پراکتیکه ده‌کرێت بۆ ده‌رکردنی ژه‌هر له گیانی بریاندارانی
هه‌ڵه‌بجه.
کاک به‌ختیار بیری چوو که سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه‌ی کیمیاباران ده‌مێه‌ک
هاواری لێهه‌ستاوه‌و ده‌ڵێت: 300 برینداری کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه
گیانیان له مه‌ترسیدایه، پرسیار ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر دستگاکانی ته‌ندروستی
ئه‌وه‌نده چۆته پێشه‌وه بۆچی ئه‌م بریندارانه چاره ناکرێن؟!! به
داخه‌وه ده‌رفه‌تم نه‌بوو به کاک به‌ختیار بڵێم له‌و هه‌موو ده‌رمان
و نه‌خۆشخانه زۆره‌ی کوردستاندا چ خێره که هه‌موو ئه‌وانه‌ی له ئه‌وروپان
له کوردستانه‌وه بۆ چه‌ند جار داوای ده‌رمانی ئۆرجیناڵیان لێده‌کرێت،
له‌وانه من خۆم تا ئێستا چه‌ندجارێک ده‌رمانم ناردۆته‌وه بۆ که‌س و
کارم.
دووهه‌م/ له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌ی کوردستان، ده‌ڵێت: باشترین پێوه‌ر بۆ گه‌شه‌ی
کۆمه‌ڵگا په‌روه‌رده‌یه‌کی باش و پێشکه‌وتووه، که له کوردستاندا به‌ڕاستی
په‌روه‌رده زۆر باشه‌و زۆر پێشکه‌وتووه و چه‌ندین زانکۆ و په‌یمانگامان
هه‌یه‌و چه‌ندینی تریش ده‌کرێته‌وه و له ماوه‌ی 10 ساڵی تردا 1 ملوێن
منداڵی کوردستان فێری زمانی ئنگلیزی ده‌بن و موته‌رجیمه ئینگلیزیه‌کان
په‌کیان ده‌که‌وێت و ئێوه‌ش ناتوانن بێنه‌وه بۆ کوردستان و بڵێن ئێمه
زمانزانین!.
من له قسه‌کردنه‌کانمدا هه‌ر فریای ئه‌وه که‌وتم که بڵێم په‌روه‌رده
له کوردستاندا وێرانه، ئه‌گه‌ر وانییه، بۆ کۆمه‌ڵه‌ی کۆمه‌ک
توانیوێتی تا ئێسازیاتر له 100 پرۆژه‌ی فێرکاری له‌سه‌ر سیسته‌می ده‌وڵه‌تانی
ئه‌سکه‌نداڤی پراکتیکه بکات له کوردستاندا. سیسته‌می په‌روه‌رده که
ئه‌وه‌نده گه‌شه‌ی کردوه چ پێویستی به‌و پرۆژانه هه‌یه؟! په‌روه‌رده
زۆر نادیموکراته و زۆر مه‌رکه‌زیه و خوێندکاران ده‌سته‌ڵاتێکیان نییه
له بڕیاری دانانی مامۆستادا، له بڕیاری هه‌ڵبژرادنی میتۆدێکی که‌سێکی
په‌روه‌رده‌یی و لابردنی متیۆدێکی تردا، له بڕیاری مووچه‌ی
مامۆستایان‌دا، له بڕیاری بودجه‌ی ساڵانه‌ی قوتابخانه‌کاندا، تا ئێستاش
له پۆله‌کاندا به یه‌ک مامۆستاوه که ده‌بێت هه‌موو مامۆستایه‌ک
بریکارێکی له‌گه‌ڵدابێت 50 تا 60 قوتابی هه‌یه له پۆلێکدا و هه‌ندێک
جاریش ئه‌م ژماره‌یه زیاتر ده‌بێت، ژماره‌ی ئه‌و قوتابخانانه‌ی که
پێویسته دروست بکرێت بۆ کوردستان، نزیکه‌ی 2 هه‌زار بینای قوتابخانه
ده‌بێت، زیاده‌ی ژماره‌ی مزگه‌وته‌کانیش له کوردستاندا هه‌زار مزگه‌وت
ده‌بێت، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که کاک به‌ختیار به پێچه‌وانه‌ی ئه‌م
ڕاستیانه‌وه قسه‌یکرد، له هه‌مان کاتیش‌دا ده‌ڵێت فه‌لسه‌فه‌ی حکومه‌تی
هه‌رێمی کوردستان (فه‌لسه‌فه‌یه‌کی سکۆلار و دیموکراته)!. ئه‌مه فه‌لسه‌فه‌ی
سکۆلار و دیموکراته یان فه‌لسه‌فه‌ی دین و مزگه‌وته که 2 هه‌زار
قوتابخانه له‌مڕۆدا پێویستبێت و 1000 مزگه‌وتیش زیاده هه‌بێت له
پێویستی موسڵمانانی نوێژکه‌ر له مزگه‌وته‌کاندا؟
ئه‌وه‌تا به به‌رچاوی هه‌موو خه‌ڵکه‌وه برای وه‌زیرێک وه‌ک سه‌رۆک
خێل و خاوه‌ن دیوه‌خان، بانگی قوتابیان ده‌کات و تێ‌یان هه‌ڵده‌دات و ده‌شڵێت
هه‌رکه‌س قسه‌بکات پڕ شه‌قی ده‌که‌م، دیاره له دیموکراتی و
سوکلارێتیه‌که‌ی کاک به‌ختیاردا ئه‌مه‌ش جێگه‌ی ده‌بێته‌وه.
به داخه‌وه له‌م جۆره سمینارانه‌دا دوا قسه ده‌بێت بۆ خاوه‌ن
سمیناربێت، دوا قسه‌ش له دیالۆگ و گفتوگۆکردندا گرنگه، بۆیه من ده‌رفه‌تی
ئه‌وه‌م نه‌بوو که وه‌ڵامی ته‌واوی قسه‌کانی بده‌مه‌وه که ده‌ڵێت:
کوردستان ئه‌وه‌نده چۆته پێشه‌وه که حکومه‌ت کارگوزار(که‌ناس)ی ده‌ستناکه‌وێت
و له سریلانکاوه کرێکار ده‌هێنین و له کاتێکدا که بۆ هه‌ر
کارگوزارێک مانگی 300 دۆلار ده‌ده‌رێت. به‌ڵام ڕاستیه‌که‌ی ئه‌وه‌یه
که خه‌ڵک 300 دۆلار ڕه‌نگه کرێی خانویه‌ک بێت بۆ کارگوزارێکی
کوردستان بۆیه ناڕازیده‌بن و ناتوانن کار بکه‌ن به 300 دۆلار، له
کاتێکدا که ئه‌وه‌نده نادادپه‌روه‌ریی هه‌یه له جیاوازی مووچه‌دا،که
جیاوازی نێوان کرێکارێک، یان کارگوزارێک ئه‌گه‌ر 300 دۆلاریش بێت له‌گه‌ڵ
وه‌زیرێک یان ئه‌ندام په‌رله‌مانێک که زیاتر له 5 هه‌زار دۆلار وه‌رده‌گرێت
ئاسمان و ڕێسمانه.
دیسان به‌داخه‌وه ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌م نه‌دارا که قسه‌کانم ته‌واو بکه‌م
و هه‌ندێک پرسیاری تر له کاک به‌ختیار بکه‌م، وه‌ک ئه‌وه‌ی که کاتی
خۆی ڕایگه‌یاند ئه‌گه‌ر کاره‌بای هه‌رێمی کوردستان چاک نه‌بێت، ده‌بێت
حکومه‌تی هه‌رێم ده‌ست له‌کار بکێشێته‌وه، کاره‌با چاک نه‌بوو، به‌ڵام
کاک به‌ختیار ئێستا قسه‌ی چییه بۆ ده‌ستکێشانه‌وه‌ی حکومه‌تی هه‌رێم؟
هه‌ڵبه‌ت بۆ سیاسیه حکومڕانه‌کان ئه‌م جۆره قسانه ئاساییه و هه‌روا
به سانایی ده‌ڕوات به‌سه‌ریاندا و لێپرسینه‌وه نییه!، ئه‌وه‌تا کاک
به‌ختیار نه‌ک هه‌ر قسه‌ی له‌سه‌ر ئه‌وه نییه، وازیش ناهێنێت له
پاساوهێنانه‌وه له‌سه‌ر خراپی ژیانی خه‌ڵک.
له‌و سۆنگه‌یه‌وه که کاک به‌ختیار کارگێری مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتی
نیشتیمانی کوردستانه‌و کاک عومه‌ر فه‌تاح ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسیه،
کاتێک له رۆژنامه‌ی ئاوێنه‌دا له‌سه‌ر کاک عومه‌ر نووسرا و باسی ئه‌و
18 ملوێن و 750 هه‌زار دۆلاره کرا که بۆ چاکردنی کاره‌با ڕاده‌ستی
کۆمپانیایه‌کی به‌ریتانی کردووه، ڕاگه‌یاندنه‌کان ئه‌وه‌یان ده‌رخست
که ده‌بێت کاک عه‌مه‌ر بدرێت به دادگا!!. مه‌کته‌بی سیاسی وه‌ڵامی
ئاوێنه‌ی دایه‌وه و گفتی ئه‌وه‌یان دا که ئه‌و پاره‌یه وه‌ک خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه
بۆ کوردستان!، بۆیه من له کاک به‌ختیار ده‌پرسم کوا ئه‌و پاره‌یه؟
بۆچی دادگاییه‌که ڕاگیرا؟ ئایه به فشاری یه‌کێتی بووه یان چۆن؟.
چونکه کاک به‌ختیار وه‌ک خۆی ده‌ڵێت، له هه‌موو کار و کرده‌وه‌کانی
حکومه‌ت و یه‌کێتی ئاگاداره!!.
(له هه‌موو دنیادا 2 یا 3 حیزبی گه‌وه‌ره هه‌یه له ئامریکا،
وڵاتانی ئه‌وروپا، له کوردستانیشدا، ئه‌م حزبانه تا ده‌وره‌ی مێژووی
خۆیان ته‌واو نه‌که‌ن ناڕۆن.، یه‌کێتی و پارتی و ئه‌و 2 جوامێره مام و
کاک تا ده‌وه‌ره‌ی مێژووی خۆیان ته‌واو نه‌که‌ن نارۆن!! ڕاسته حیزبی
تر زۆرن له کوردستاندا به‌ڵام جگه له یه‌کێتی و پارتی ئه‌و حیزبانه‌ی
تر وه‌زن و قافیه‌ی شیعرن!!.)
ئه‌مه‌ی سه‌ره‌وه ده‌قی قسیه‌کی کاک به‌ختیار بوو له سمیناره‌که‌دا.
ئه‌م قسه‌یه منی زۆر نیگه‌ران کرد که ئه‌ندام و کارگێری یه‌کێتی
نیشتیمانی، گه‌وره‌ترین سووکایه‌تی به حیزبه سیاسیه‌کانی کوردستان
بکات، که بێگومان هه‌ندێک له‌و حیزبانه هاوپه‌یمان و هاوبه‌شن له
حکومه‌تی هه‌رێمدا، ئه‌م قسه‌یه زۆر منی نیگه‌ران کرد، نه‌ک له‌به‌ر
ئه‌و حیزبانه، چونکه ئه‌وان خۆیان سه‌رپشکن له قبوڵکردن و ڕه‌تدانه‌وه‌ی
ئه‌م قسه‌یه‌ی کاک به‌ختیاردا!، ئه‌وه‌ی من نیگه‌ران ده‌کات لێره‌دا،
ئه‌وه‌یه که کاک به‌ختیار ئه‌گه‌ر ئه‌مه ڕێزگرتنی بێت بۆ حیزبه
سیاسیه‌کان، ئه‌ی ده‌بێت ڕێزی سیاسی چی بێت بۆ تاکی کورد، بۆ که‌سێکی
وه‌ک من که به ئاشکراو ڕاشکاوانه ده‌نووسم و ڕه‌خنه ده‌گرم، دیدو
بۆچونی خۆم ڕاست یان نا ڕاست! ده‌خه‌مه به‌ر دیده‌ی حیزبه‌کان و حکومه‌ت
و خوێنه‌ران و سمینار‌و میتینگه‌کان، هه‌ڵبه‌ت به سه‌دان هه‌زاری وه‌ک
من هه‌ن که سه‌ربه‌م 2 حیزبه نین و ڕه‌خنه‌یان هه‌یه و ئۆپۆزسیۆنن.
وه‌ی له حاڵی ڕێنیسانس و دیموکراتی و یه‌کسانی له کوردستاندا، که ئه‌مه
بێت قسه‌ی ئه‌ندام وکارگێری مه‌کته‌بی سیاسی حیزبێکی سوسیال دیموکرات و
حوکمڕان و خاوه‌ن فه‌لسه‌فه‌ی ده‌وڵه‌ت و حکومه‌تی سکولار و دیموکرات!
ئه‌م خۆ به زلزانین و خۆ به‌گه‌وره پیشاندان و سه‌یرکردنی به‌رامبه‌ریش
به بچووکه، عه‌قڵی شاخ و ئه‌و سه‌رده‌مه‌یه که شه‌ڕی نه‌گریسی
ناوخۆیان هه‌ڵگیرساند، نه‌ک عه‌قڵی سیاسیه‌کی قسه‌که‌ر له ئۆسلۆی
پایته‌ختی نه‌رویجدا، که ته‌نها یه‌ک پۆلیس شای نه‌رویجی ڕاگرت و
پێیڕاگه‌یاند تۆ یاسات شکاندوه و سه‌یاره‌که‌ت خێرا لێخوڕیووه. ئه‌و
فه‌لسه‌فه‌یه‌ی که کاک به‌ختیار باسی کرد(فه‌لسه‌فه‌ی ده‌وڵه‌ت و
حکومه‌تی سکولار و دیموکرات) خه‌ڵکی ئاوا فێری مۆراڵی به‌رزکردووه که
ده‌بێت شای وڵاته‌که وه‌ک هاوڵاتیه‌کی ئاسایی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ل
دابکرێت له‌به‌رامبه‌ر یاسادا. له‌سه‌ر خواردنی ده‌نکه ترێیه‌ک له
مارکێتێکدا، وه‌زیرێکی وڵاتی سوید لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌لدا ده‌کرێت.
ئۆپۆزسیۆنێکی ئیتالی ده‌مودانی برلسکۆنی پڕ ده‌کات له خوێن. له
فاتیکاندا، ژنێک په‌لارمای پاپا ده‌دات و ده‌یدا به زه‌ویدا. ژنێکی
فیمینستی پاکستانی له سمینارێک‌دا له نه‌رویج به به‌رچاوی خه‌ڵکیه‌وه
باوش ده‌کات به مه‌لاکرێکارداو به‌رزی ده‌کاته‌وه‌و پێی ده‌ڵێت بۆیه
وات لێده‌که‌م بۆ ئه‌وه‌ی سکوایه‌تیت پێبکه‌م، چونکه تۆ وه‌ک
موسڵمانێک 2 ژنی وه‌ک من به‌رامبه‌ر به 1 پیاو داده‌نێیت. به‌م کارانه
هاوڵاتیانی ئه‌م وڵاتانه ڕێزی سیاسی و حورمه‌تیان زیاتر ده‌بێت لای
ده‌سه‌ڵاتداران و حکومه‌ته‌کان، که‌س ناتوانێت به چاوی سووکه‌وه ته‌ماشای
به‌رامبه‌ره‌که‌ی بکات. حیزبی کڕێکارانی نه‌رویجی که گه‌وه‌ره‌ترین
حیزبه ناتوانێت به چاوی سووکه‌وه ته‌ماشای حیزبه بچووکه‌کان بکات،
یان به بێڕێزیه‌وه ته‌ماشای تاکه ئۆپۆزسیۆنه‌کان بکات، به‌ڵکو ئه‌وه
حیزبه بچوکه‌کانن وه‌ک حیزبی سوری نه‌رویجی که هه‌میشه ڕه‌خنه‌گرن و
ده‌نووکیان له‌سه‌ر حیزبه گه‌وه‌ره‌کانه، هه‌موو کورده‌کانی نه‌رویج
ئاگادارن، که(ئارلینگ فۆلک ڤۆرد) ئه‌ندامێکی چالاکی حیزبی سوری نه‌رویجی
ئۆپۆزسیۆنه و یه‌کێکه له دۆسته گه‌وه‌ره و باش و دڵسۆزه‌کانی گه‌لی
کورد هه‌میشه ڕه‌خنه‌گرێکی به‌هێزه به‌رامبه‌ر به ده‌سه‌ڵات و ڕێز‌و
حورمه‌تیشی زۆر هه‌یه لای ده‌سه‌ڵات، ئه‌مه‌یه مۆراڵی به‌رزی سۆسیال
دیموکرات و فه‌لسه‌فه‌ی حکومه‌ت و ده‌وڵه‌تی سکولار.
هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م قسه‌یه، ده‌مه‌وێت ئه‌وه به کاک به‌ختیار بڵێم،
که قوتابیه‌کی زیره‌کی مام جه‌لال نه‌بوو!، چونکه زۆر باسی زیره‌کی و
لێهاتووی مام جه‌لالی کرد، یه‌کێک له قسه‌کانی ئه‌وه بوو له‌سه‌ر مام
جه‌لال له وه‌ڵامی ڕه‌خنه‌یه‌کی کاک به‌ختیاردا که بۆ مام ئه‌وه‌نده
خۆی بچوک ده‌کاته‌وه له‌به‌رده‌م (مینه کوپه‌دا)؟! مینه کوپه ئه‌و
پیاوه بوو که ساواک هه‌موو جار ده‌ینارد بۆ لای مام جه‌لال و جه‌ماعه‌ت
و پیی ڕاده‌گه‌یانن که ده‌بێت برۆن له‌سه‌ر سنوور و له‌م سنوره‌دا نه‌مێنن.
مام جه‌لالیش زۆر موجامه‌له‌ی ده‌کرد و خۆی بچووک ده‌کردوه، به‌ڵام
مام جه‌لال له وه‌ڵامی کاک به‌ختیارد ده‌ڵێت من هه‌ر ئه‌و مام جه‌لال
ه‌م له میسر چاوپیکه‌وتنێکم له‌گه‌ڵ شای ئێران‌دا ڕه‌تکردوه، به‌ڵام
ئه‌مڕۆ مینه کوپه‌م لێبوه به شا و ده‌بێت ئه‌وه بکه‌م که ده‌یکه‌م،
کاک به‌ختیار سیاسه‌ته میکاڤیللیانه‌که‌ی مام جه‌لالی بیر چووه‌وه ده‌نا
ده‌بوو هه‌ر هیچ نه‌بێت له‌به‌ر خاتری حیزبه هاوپه‌یمانه‌کانیان ئه‌و
قسه‌یه‌ی نه‌کردایه و حیزبه‌کانی به وه‌زن‌و قافیه‌ی شیعر نه‌چواندایه
له کاتێک که زۆرێک له نوێنه‌رانی ئه‌و حیزبانه ئاماده‌ی سمیناره‌که
بوون، وه‌لی که‌سیان جورئه‌تی ئه‌وه‌یان نه‌کرد وه‌لامێکی کاک به‌ختیار
بده‌نه‌وه.
کاک به‌ختیار قسه‌یه‌کی کورتیشی کرد له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی و دزی ووتی له‌کام
وڵاتی دنیادا هه‌یه که گه‌نده‌ڵی و دزی نه‌کرێت! وه‌رن سه‌یری ئه‌م
وڵاته دیموکراتانه بکه‌ن، بزانن دزی تیا ده‌کرێت یان.ا
کاتێکیش که من وتم ئه‌و دزی و گه‌نده‌ڵیانه‌ی له‌م وڵاتانه‌دا ده‌کرێت
نه‌بووه به کو‌لتوور، هه‌ر وه‌ک چۆن ژن کوشتن له‌م وڵاتانه‌دا وه‌ک
جه‌ریمه هه‌یه به‌ڵام نه‌بووه به کو‌لتوور، به‌ڵام به داخه‌وه له
کوردستاندا دزی و گه‌نده‌ڵی بوه به کو‌لتوور. وه‌ڵامی کاک به‌ختیار
ئه‌وه بوو که ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه له جێگه‌ی خۆیدا نییه و کو‌لتوور
ناکرێت و نابێت بۆ ئه‌وه به‌کاربهێنرێت، کو‌لتوور به شتێک ده‌وترێت
که 100 ساڵ بخایه‌نێت!!
دوا قسه‌م ئه‌وه‌یه له سه‌ر کاک به‌ختیار و ئه‌و سمیناره من به‌شی
خۆم ده‌رفه‌تم پێدرا بۆ قسه‌کردن، به‌ڵام قسه‌کانی کاک به‌ختیار
هێنده‌ی هه‌ڵده‌گرت که هه‌ندێکی تر له‌سه‌ری بدوێم و ڕاو بۆچوونی خۆم
بخه‌مه به‌رده‌م خوێنه‌ران.
|