په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

سمکۆ یەزدان پەنا:

لە ناوخۆماندا ناکۆکی و ناتەبایی هێندە بەرزبوونەتەوە کە مرۆڤ ناتوانێ باس لە

توند و تۆڵکردنی پەیوەندی لەگەڵ حیزبەکانی پارچەیەکی دیکەی کوردستان بکات.

      

دیمانە: ئاسۆ عوسمان


سمکۆى یەزدان پەنا  وەک سیاسەتمەدار و سەرکردەیەکى ڕۆژ هەڵاتى کوردستان لەدیمانەیەکى تایبەتدا تیشک دەخاتەسەر بارودۆى سیاسى ئێران و راشکاوانە رەخەنە لە ئەداى سیاسى پارەتە کوردییەکان دەگرێت هاوکاتیش ئەوە ڕادەگەیەنێت کەپێوەندى ئەمریکا بەلایەنە کوردییەکانەوە تا ئەو ئاستەیە کەدڵى داگیر کەرانى لێنەڕەنجێت .

 

ئاسۆ عوسمان: بارودۆخى سیاسی ئێران بەهۆى قەیرانى ئەتۆمییە کەیەوە ڕۆژ لەدواى رۆژ ئالوزتر دەبێت دەکرێت بپرسم پارتەکوردستانییەکان تا چەند توانیوایانە سود لەو بارودۆخە وەربگرن؟
سمکۆ یەزدان پەنا: حاشا هەڵنەگرە کە کۆماری ئیسلامی ئێران رژێمێکی قەیران لێدراوە ، نەک تەنها لەبەر دۆسیە ئەتۆمییەکەی ، وابۆ سێ دەییە دەچێت کە کۆماری ئیسلامی ئێران بێ ئەوەی سڵ لە هبچ جۆرە یاساو رێسایەکی نێودەوڵەتی بکاتەوە ،درێخی نەکردووە لە هیچ جۆرە سنوور بەزاندنێک، کە دەتوانین وەک نموونە ئاماژە بەچەند کردارێکی ئەو رژێمە بکەین.
1_پێشێلکردنی مافی مرۆڤ ،تا ئاستی بە کۆمەڵ گرتن و کوشتن و خەفەکردنی هەرجۆرە دەنگێکی ناکۆک یان جیاواز لەگەڵ خۆیان و داخستنی هەر جۆرە میدیایەک کە لەگەڵ باوەری ئەوان ناکۆک بێت، بە پێی راپۆرتی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان دووهەم دەوڵەتە لەبارەی سزایی لە سێدارەدان بۆ کەسانی تەمەن خوار 18 ساڵی.
2_ جیاوازی کردن لە نێوان نەتەوە جیاجیاکان کە لە ئێران دەژین وە زەقکردنەوەی جیاوازی لە نێوان ئەدیان و مەزاهیبەکان.
3_ هەژارکردن و برسی کردنی رێژەیەکی زۆی دانیشتوان کە بە لە /60/ 0 مەزەندە دەکرێت، ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئێران دووهەم وڵاتی بەرهەم هێنەری نەوتە لە جیهاندا
4_ بەهەم هێنانی تیرۆریزمی نێو دەوڵەتی و خەرجکردنی ملیارەها دۆلار بۆ بەهێزکردنی ئەو گروپانە.
5_ دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە و نانەوەی ئاژاوەو هەوڵدان بۆ نەهێشتنی ئەمنیەت وئاسایشی وڵاتان.
6_29 ساڵ بەرزراگرتنی دروشمی مەرگ بۆ ئەمریکا مەرگ بۆ ئیسرائیل.
کەوابوو قەیران تەنها قەیرانی ئەتۆمی نیە کە ئەو رژێمە دوچاری بۆتەوە و دەیخوڵقێنێت، بە داخەوە حیزب و رێکخراوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە خۆشمانەوە، نەمانتوانیووە، هەلەکان بقۆزینەوە و کەڵک لە دەرفەتە رەخساوەکان وەربگرین.

ئاسۆ عوسمان: چاودیرانى سیاسى پێیان وایە کێشەکانى نیوان کۆمارى ئیسلامى ئیرا ن و ڕۆژ ئاوا بەڕ ێگا چارەى سەربازى یەکلا دەکرێتەوە پرسیارەکەى من ئەوە یە پارتە کوردستانییەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان تا چەند خۆیان بۆ ئەگەر و پێشهاتە سیاسیەکان ئامادەکردووە؟
سمکۆ یەزدان پەنا: لە راستیدا من چاودێرێکی سیاسی ئەوتۆم پێشک نایەت کە بەراشکاوی باسی رێگە چارەی سەربازی کردبێت ، من خۆم لەچەند وتارێکمدا کە لە رۆژنامەو سایتەکاندا بڵاوکراونەتەوە باسم لە رێگە چارەی سەربازی کردووە ، بەڵام بە گشتی هەر حیزب و لایەنێکی سیاسی دەبێت بەرنامەو پلانێکی بۆ هەر جۆرە حالەتێک بەر لە روودانی دانابێت، سروشتیشە کە حیزب و رێکخراوەکانی رۆژهەڵات خۆیان بۆ ئەو رۆژە ئامادەکردبێت .

ئاسۆ عوسمان: یەکێتى شۆڕشگێرانى کوردستان پەیوەند ى لەگەڵ ئەمریکادا هەیە؟
سمکۆ یەزدان پەنا: پەیوەندی لەگەڵ هەر بریار بەدەستێکی جیهانی بۆ حیزب و رێکخراوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پرسێکی پر بایەخە و دەکرێت وەک ماف چاوی لێبکرێت، بەڵام بەداخەوە ئامریکایەکان تا ئەو ئاستە دێنە پێشەوە بۆ پەیوەندی لەگەڵ ئێمەدا کە دڵی داگیرکەرانی کوردستانیان لێ نەرەنجێ، بە گشتی و بە پێی ئەو زانیارانەی کە من هەمە، نەک تەنها یەکێتی شۆرشگێرانی کوردستان بەڵکو سەرجەم ئەحزابی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان پەیوەندیەکی لاوازیان بە ئامریکاوە هەیە .

ئاسۆ عوسمان: پەیوەندیتان لەگەڵ پارتە کانى باشورى کوردستان چۆنە بەتایبەتى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان و پارتى د یموکراتى کوردستان ئا یا هاوکارى مادى دەکرێن لەلایەن ئەم دووپارتەوە؟
سمکۆ یەزدان پەنا: پەیوەندی توندو تۆڵ تا ئاستی هاوپەیمانییەتی لە مابەینی سەرجەم حیزب و رێکخراوە کوردییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان ، زەرورەتێکی مێژووییە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا سیاسەتمەدارانی کورد نەگەیشتوونەتە ئەو عەقڵیەتە، یەکێتی شۆرشگێرانی کوردستان هەوڵیداوە کە پەیوەندی لەگەڵ هەموو حیزبەکانی باشووری کوردستان، پەیوەندیەکی دۆستانەو باش بێت، بە تایبەتی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان و حیزبی شیوعی و حیزبی رزگاری و حیزبی سۆسیالیست و زەحمەتکیشانی کوردستان ، بەداخەوە تا ئێستا هەنگاوێکی جیدی لەلایەن ئەو حیزبانەوە بۆ هاوکاری لە بوارە جۆراو جۆرەکاندا لەگەڵ ئێمەدا هەڵنەهێنراوە ، زۆر لە جیدایە کە بڵێم ئێمە واتە ئەحزاب و رێکخراوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان خۆمان لە ناوخۆماندا ناکۆکی و ناتەبایی و نادۆستیمان هێندە بەرزبوونەتەوە کە مرۆڤ ناتوانێ باس لە توند و تۆڵکردنی پەیوەندی لەگەڵ حیزبەکانی پارچەیەکی دیکەی کوردستان بکات.


ئاسۆ عوسمان: ناوەندە مید یاییەکانى کوردستان رەخنە لەوەدەگرن کە پارتە کانى رۆژ هەڵاتى کوردستان هێندە خەریکى ململانێى ناو خۆى خۆیانن هێندە لەخەمى ئایندەى کوردستاندا نین ئەم ڕەخنا نە تا چەندە نزیکە لەڕاستیەوە؟
سمکۆ یەزدان پەنا: بەداخەوە راستەو رەخنەکانیش زَۆر لە جێدان ئێمە هەموومان لە جیاتی ئەوەی کە رۆژ بەرۆژ پەیوەندیەکانمان باشتر بێت، خراپتر دەبێت ، داگیرکەرانی کوردستان وێرای بوونی خاڵی ناکۆکیان، بوونی دوژمنایەتیەکی مێژوویی لە نێوانیاندا بەڵام، سەبارەت بە پرسی کورد هەمیشە یەک دەنگ و یەک ڕەنگن، کەچی حیزب و رێکخراوە سیاسیەکانی کوردستان، زۆرجار داگیرکەرانیان لە بیر دەچێتەوەو هەموو هێزو توانایی خۆیان وەگەردەخەن بۆ دوژمنایەتی کردنی لایەنێکی کوردی، زۆر جار وا بووە کە کوڕە کوردی بەدبەخت بە جاسووسی دەنێرنە ناو یەکتری و تەنانەت ئەرکی تیرۆرکردن ناوزراندی یەکتری پێدەسپێرن.


ئاسۆ عوسمان: نەبوونى بەرەیەکى کوردستانى بۆ پارتە کوردستانییەکان لەڕۆژهەڵات ، بۆتە هۆکارێک بۆ نەبوونى سیاسەتێکى یەگرتوو لەمەڕ رووداوەکانى تایبەت بەکوردستان و ناوچەکە پێتان وانییە بونى بەرەیەکى کوردستانى بۆتە پێویستییەکى هەنوکەیی؟
سمکۆ یەزدان پەنا: یەک دەنگی کورد دەبێتە مایەیەی سەرنج راکێشانی بیرورای گشتی جیهان و بەدەنگەوە هاتنمان ، بەڵام ئەوە تائێستا نەبووتە کلتووری کوردی و وا زووش نابێت ، ئەوانەشی کە باس لەبەرەی کوردستانی دەکەن تەنیا بازاری خۆیانی پێ گەرم دەکەن و بەرە یان بوونی بەرەیەکی کوردستانی تەنها دروشمێکی سەرنج راکیش و جوانە.یەکگرتووی کلتوورە، ئەوەش ئەوەیە کە ئێمە ئەو کلتوورەمان نییە دڵنیاشم وا بە ئاسانی دروست نابێت .


ئاسۆ عوسمان: دروستکردنى پەیوەندى دبلۆماتى لەنێوان دەوڵەتى تورکیا و هەرێمى کوردستان بۆتە جێگاى گفتو گۆو مشتومڕى میدیاکانى تورکیاو هەرێمى کوردستان، چاودێرانى سیاسى پێیان وایە پەیوەندى نێوان دەوڵەتى تورکیاو هەرێمى کوردستان لەسەر حیسابى بەرژەوەندییە باڵاکانى نەتەوەى کوردستانە ڕا و بۆچونى ئێو لەم بارەیەوە چۆنە؟
سمکۆ یەزدان پەنا: پێم وانیە لە نێو میدیاکانی ترکیەدا بووبێتە جێگای مشتومڕ چونکە زەحمەتە حیزبێک لە تورکیەدا هەبێت چ چەپ بێت و چ راست بێت فەرق ناکات، وە بیانەوێ دان بە هەرێمێکی فیدراڵی کوردی دابنێن ، ئەگەر ئیرادەی سیاسی دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان بە هێزبێت، وێرای لەبار چاو گرتنی کۆمەڵێک مافی سیاسی، ئەوا دەتوانین ترکەکان بە دراوسێی دابنێن و لەگەڵ پاراستنی سەروەریەکانی هەرێمی کوردستان و نەبەزاندنی سنوورەکانمان و مل کەچ نەکردن بۆیان، پێشم وایە بریار بەدەستانی باشووری کوردستان سەرکەوتنیان لە پاراستنی بەرژەوەندیە باڵاکانی نەتەوەی کوردا دەبینن و هەموو لایەکیشمان ئەوەمان ئەزموون کردووە.

ئاسۆ عوسمان: کاک سمکۆ دواپرسیارم تایبەتە بەو ڕەخنە قسەو قسەڵوکانەى کەلەسەر بەڕێزتان و یەکێتى شۆڕشگێران دەکرێت ئەو پڕوپاگەندانە تاچەند نزیکن لەڕاستییەوە؟
سمکۆ یەزدان پەنا: ئەو بوختان و ناوزراندنانەی کە دەرحەق بە ئێمە دەکرێت لە هەندێک رۆژنامەو سایتی بە ناو کوردی، زۆر جێگەی گلەیی نین ، چونکە بە باشی دیارە کە ئەوانە پیاوی گوێ لەمستی کۆماری ئیسلامی ئێرانن و نانی خۆیان لەم رێگەیەوە دەردێنن .

* سمکۆى یەزدان پەنا
- لەساڵى 1970لەناوچەى فەیزوڵابەگى ،لەڕۆژهەڵاتى کوردستان لەدایکبووە.
- لەساڵى1986وە چەکى پێشمەرگایەتى کردۆتەشان.
- ئێستاش سکرتێرى کۆمیتەى ناوەندى یەکێتى شۆڕشگێڕانى کوردستانە،ڕۆژهەڵات.
- وەک نووسەر دەیان نوسینى سیاسى لەڕۆژنامەو سایتەکاندا بڵاوکردۆتەوە.
- لەشارى هەولێرى پایتەختى باشورى کوردستان نیشته‌جێیە.