١٦\١٢\٢٠١٠
سیمون دی بوار و
فیمینیزم.

وەرگێڕانی بۆ فارسی: هوما مەداح
وهرگێڕانی بۆ کوردی: رەسووڵ سوڵتانی
لە زمانی کەسێکەوە کە خۆی
لە دامەزرێنەران و بەڕێوەبەرانی بزووتنەوەی ژنانی فەڕەنسا بووە.
گێڕانەوەی کەسێک کە بە چاوی خۆی بینیوێتی:
ئەمن
هەر لە یەکەمین رۆژەکانی ژیانمەوە منداڵی رەگەزی دووەم بووم. لە
1946دا، شەڕی دووهەمی جیهانی تازە دامرکابۆوە و فەڕەنسا خەریکی تیمار و
ساڕێژکردنەوەی ئەو زامانە بوو وا بەرهەمی داگیرکاریی نازییەکان بوون.
دایکم بڕیاری دا لە بواری کیمیای کوانتۆمدا شەهادەی دکتۆرا وەربگرێت و
ببێتە مامۆستای کیمیای زانکۆی سوربۆن. بەڵام لەبەر ئەوەیکە ئەو کات ئەو
ژنی کابرایەکی ماتماتیکزان (پسپۆڕی ماتماتیک) بوو، هەندێک لە
هاوکارەکانی باوکم ئامۆژگارییان کرد واز لەو پیشەیە بێنێت و ژیانی خۆی
بۆ پیاوێک تەرخان بکات کە هێز و توانای ئەوەی تێدایە ببێتە زانایەکی
ناودار. ئەو گوێی بە قسەکانیان نەدا و درێژەی بە خوێندنەکەی دا. لە
1949دا لە جامخانەی یەکێک لە کتیبفرۆشییەکاندا چاوی بە کتێبێک کەوت کە
کۆمەڵێک گێچەڵ و مشتومڕی نابۆوە. ئەو چووە نێو دووکانەکەوە و کتێبی
"رەگەزی دووهەم"ـی کڕی. لەو ساتە بەدواوە ئەو دەیزانی کە ئەوەی لە
ناخەوە هەستی پێ کردووە راست و دروست بووە و ئیتر توانیی گوڕوتینی
پێویست لە پێناوی خەبات نەک هەر بۆ بوونی بە مامۆستای کیمیا بەڵکوو بە
مەبەستی بوون بە یەکێک لە باشترین سەرۆکە ژنەکانی زانکۆی فەڕەنسا
دەستەبەر بکات. لەو مانگەدا کە منی بووم، بەشی دووەمی "رەگەزی دووەم:
لە نێو هەڵڵای سیاسەتوانان و نووسەراندا بڵاو بوویەوە کە پێیان قەبووڵ
نەدەکرا. بەڵام دایکم لەو کتێبەوە فێری شێلگیری و پێداگرییەکی
لەشکاننەهاتوو بوو. دایکم ئەمنیشی فێری ئەوە کرد کە رێوشوێنی ئەو رەچاو
بکەم. بیست ساڵ دواتر لە 1969دا، ئەمن لە بەر دەرگای خانووی ژمارە 11ی
شەقامی شلۆستەر، لە نزیک گۆڕستانی مۆنپارناس راوەستابووم و لە دەرگای
ماڵی سیمۆن دی بۆڤارم دەدا. کە دەرگای لێ کردمەوە، هیچ پێم وا نەبوو
زۆر جاری دیکەش دوای ئەوە بچمەوە ئەو ماڵەو هەتا دوایین رۆژەکانی ژیانم
ببمە هاوڕێی.
مانگی مای 1968
لە کۆمەڵًگای فەڕەنسای نێوان ساڵانی 1949 و 1968دا بە دەگمەن باسی
مافەکانی ژنان دەکرا. ناوەندی جڵەو(کۆنترۆڵ) کردنی بنەماڵە* تاقانە
ناوەندێک بوو کە بانگەشەی بۆ خواردنی حەبی پێشگرتن لە زاووزێ دەکرد.
زۆربەی قوتابخانە دواناوەندییەکان هێشتا تێکەڵاو نەبوون و بۆ ئافرەت
زۆر ئەستەم و دژوار بوو کە بتوانێت کاری گرینگی وەک بازرگانی و
ئەندازیاری بوارەکانی زانست تەکنۆلۆژیا و سیاسەتداى بەدەست بێنن. ئەوان
بەس بۆیان هەبوو مامۆستایەتی یان پەرستاری یان سکرتێرە بن.
لە 1968دا کرێکارانی سەرانسەری فەڕەنسا بۆ پشتیوانی لە بزووتنەوەی
قوتابییان دژی بۆرۆکراتیکی ئیداری و رێوشوێنی رەق و تەقی بەڕێوەبەری،
دەستیان کرد بە مانگرتن. وڵات بۆ ماوەی نزیک بە مانگێک ئیفلیج بوو. هەر
سێ رێبەرەکەی ئەو بزووتنەوەیە پیاو بوون. لەو مانگەدا هیچ کەس دەنگی
ژنێکی نەبیست. هەر وەک ئەو لە بەرگی چوارەمی بیرەوەرییەکانیدا دەڵێ:"
ئەو و سارتر زیاتر سەیرکەری و بینەری رووداوەکان بوونە، ئەگەرچی تەواو
چێژیان لە تین و گۆڕ و زیندوویی رێبەرە گەندەکانی ئەو بزووتنەوەیە
وەردەگرت. بەڵام ئەو بێدەنگییە زۆر ناخایەنێت. دواجار ژنان دەنگیان
هەڵبڕی. ساڵێک دواتر قسە و داخوازییەکانیان تەنییەوە و سیمۆن دی بۆڤار
کە لە دوای بڵاو بوونەوەی "رەگەزی دووەم"ـەوە زۆر بە دەگمەن باسی
مەسەلەی ژنانی کردبوو، لە نێو خەڵکدا باسی ئەو مەسەلەیەی کرد و هەتا
مردیش هەر لەسەر قسەی خۆی سوور بوو.
بزووتنەوەی ژنان.
بزووتنەوەی ژنان لە فەرەِنسا ساڵێک دوای رووداوەکەی مانگی مای 1968
دەستی پێ کرد. لە 26ی ئوتی 1969دا هەشت ژن خۆیان بە ژووری "سەرکەوتن"
داکرد بۆ ئەوەی تاجە گوڵینە لەسەر گۆڕی هاوسەری سەربازی ون دابنێن. ئەو
رووداوە هەڵڵایەکی لە نێو سەربازاندا نایەوە و راگەیێنەکانی فەڕەنسای
راچڵەکاند. بزووتنەوەی ژنانی فەڕەنسا لە دایک ببوو. دوومانگ دواتر ژنان
داوایان لە سیمۆن دی بۆڤار کرد بۆ ئەوەی لەو کەمپەینەدا بەشدار بێت و
پتشیوانییان لێ بکات کە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لەبەرامبەر "لەباربردنی
منداڵ"ـدا وەڕێیان خستبوو. ئەوان لەباربردنی منداڵیان بە تاوانێکی
سیستەمی دادوەریی فەڕەنسا لە قەڵەم دەدا. ئەویش ئەو داوایەی قبووڵ کرد.
لەمەودوا هەموو کۆبوونەوەکانی ئەو تاقمە بچووکەی رێکخەری بزووتنەوەکە
لە تەلارەکەی سیمۆن دی بۆڤار دا بەڕێوە دەچوو. ئەمن سێ مانگ دوای
رووداوەکەی ئووت چوومە نێو بزووتنەوەی ژنانەوە. ئەمنیش وەکوو زۆربەی
ژنانی دیکە لە بزووتنەوەی مانگی مای 1969دا هاوکاری گرووپەکانی
قوتابییان بووم کە ئافرەتیان تەنیا وەک سکرتێرە سەیر دەکرد. ئەمن وتاری
ئەو پیاوانەم تایپ دەکرد کە قۆڵیان بۆ گۆڕین و هەەروەها بۆ باشترکردنی
داهاتووی دنیا هەڵماڵیبوو. ئەو پیاوانە ئیزنیان بە من نەدەدا کە لە باس
و خواسە سیاسییەکانا بەشدار بم. بۆیە دوای ماوەیەک ئەمنیش وەکوو زۆربەی
ژنانی دیکە، لەو بەکەمگرتنەیان وەڕەز بووم و بە مەبەستی چوون بۆ نێو
بزووتنەوەی ژنان گرووپی قوتابییانم بەجێ هێشت. ئەو رۆژەی لە گرووپەکە
دەڕۆیشتم، پێیان گوتم کە بزووتنەوەی ژنان شتێکی بێ جێ و گەمژانەیە و
بەدووی کڵاوی خوار کەوتوون. ئەوان دڵنیایان دەکردمەوە کە ئەگەر پیاوان
جیهانێکی باشتر دەستەبەر بکەن ئەوا پێگەی ژنانیش باشتر دەبێت. پێیانم
گوت: کە نامەوێ چاوەڕێی داهاتوویەک بین کە نازانین و لێمان روون نییە
بە سەری زیندوویەتی دەیبینین یان نا. ئێمە کردەوەی خێرامان دەوێ. سیمۆن
دی بۆڤاریش هەر رای وابوو و لە "پێڕاگەیشتن"ـدا باسی ئەو بابەتەی
کردووە.
گرووپێکی گچکەی ژنان کە هەر شەش حەوت کەسێک دەبووین هەموو یەکشەمموان
کاتژمێر پێنجی دوانیوەڕۆ لە تەلارەکەی سیمۆن دی بۆڤاردا کۆ دەبووینەوە.
یەکەم جار کە چوومە ئەوێ پێم وابوو لە کاتی خۆیدا گەیشتوومەتێ، بەڵام
کە دەرگای کردەوە لێم راما و گوتی:"بە درەنگی کەوتووی". ئەو
هەڵسوکەوتەی بۆ کچێکی 23 ساڵانە کە گەنجترین ئەندامی گرووپەکە و یەکێک
بوو لەوانەی لە مێرمنداڵییەوە لایەنگری ئەو بوو، سامناک بوو. لە 1970دا
دی بۆڤار 62 ساڵانە بوو و لە تەمەنی دایەگەورەم دابوو.
ئەو کاتەی لە تەلارەکەی ئەو بەژوور کەوتم، زانیم کە بۆچی ئەو شەڕەی پێ
فرۆشتم. لەبەردەم مۆبلەکەوە کاتژمێرێکی گچکەی ناتەرز دانرابوو کە رێک
دە خولەک لە پێش بوو. 16 ساڵ بەردەوام کۆبوونەوەی وەڕەزکەر بەڵام پڕ
جۆش و خرۆشمان هەبوو. کاتژمێر رێک پێنج دەقیقە پێش سەعات حەوت
کۆبوونەوەکەمان کۆتایی دەهات. ئەو کاتەی دی بۆڤار دیاریی کردبوو.
شتێکی دیکەیش هاتە پێش. پێموابوو کە دەبێ یەکسەر گوێ بدەینە قسەکانی دی
بۆڤار، بەڵام وا نەبوو. ئەو پاش راگۆڕینەوە لەگەڵ یەکێک لە
دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی ژنان، سەیرێکی منی کرد و گوتی:" تۆ پێت وایە
ئێمە دەبێ چ بکەین بۆ ئەوەی باس و مەسەلەی لەباربردنی منداڵ بکەینە
شتێکی گشتی؟" پێشنیاری من ئەوە بوو کە کارێکی وا دەکەین، رۆژنامەکان
ناچار بن، دەستەواژەی منداڵ لەباربردن بەکار بێنن.
هێنانە سەرزاری دەستەواژەی منداڵ لەباربردن لە فەڕەنسا بڤە بوو. من خۆم
لەگەڵ ئەوەشدا کە بنەماڵەیەکی خوێنەوار و لیبراڵم هەبوو، هێشتاش بە
دەگمەن گوێم لەو دەستەواژەیە ببوو. دەتوانم بڵێم لە هیچ میدیایەکدا
چاوم بەو دەستەواژەیە نەکەوتبوو و لە هیچ کەسێکی دەوروبەری خۆشمم
نەبیستبوو بە زاری دا بێت. لە دەیەی 1970دا فەڕەنسا هێشتا وڵاتێکی
کاسۆلیکی بوو، بۆیە کەس نەیدەوێرا باسی شتێکی لەو جۆرە بکات. تەنانەت
لە 1943دا حکومەتی "ویشی" سزای مەرگی بۆ ئەو ئافرەتە دیاری کرد کە بە
نایاسایی منداڵەکەی خۆی لەبار بردبوو. بەو حاڵەشەوە لە دەیەی 1960و
1970دا لە فەڕەنسادا گەلێک کەس بە شێوەی نایاسایی منداڵیان لەبەر خۆیان
دەبرد کە ئەوەش ئیفلیجی یان مەرگی زۆر ئافرەتی لێ دەکەوتەوە.
لە یەکەمین یەکشەممەدا کە چوومە کۆبوونەوەی دی بۆڤار، بڕیارم دا
راگەیێندراوێک بنووسم (مانیفێستی 343) و تێیدا رابگەیێنم کە ئێمە
منداڵمان لەبار بردووە. ئەو بیرۆکەیەمان لە راگەیێندراوی 141 وەرگرت کە
لە جەنگەش شەڕی سەربەخۆیی ئەلجەزایردا بڵاو ببووەوە. دەمانزانی دەبێ
کەسانێکی خۆشناو و بەناوبانگ بدۆزینەوە و پێیان واژوو بکەین. 343 ژن کە
ئەکتەرگەلی وەک: کاترین دۆنوو و دۆلفین سێریگ واژوویان کرد. ئەمنیش
لەگەڵ ئەوەدا کە هیچ کات منداڵم لەبەرخۆم نەبردبوو واژووم کرد.
هێشتا بەشە دژوارەکەی کارەکە مابۆوە. کامە رۆژنامە راگەیێندراوەکەی
بڵاو دەکردەوە؟ لۆمۆند بە دڵنیاییەوە ئەو کارەی نەدەکرد، چونکە
رۆژنامەوانەکانی ئەوێ کۆمەڵێک کاسۆلیکیی چەقبەستووی تۆخ بوون و هیچ
لایەنگری مافی هەڵبژاردن نەبوون. تەنیا گۆڤارەکانی ئێکسپرێس و نۆڤێل
ئابسترواتۆر حەزیان لە هاریکاریمان هەبوو. دواجار لەگەڵ نۆڤێل
ئابستراوتۆر رێک کەوتین. دیارە ئەوان لەوەش دەترسان کە وەزارەتی ناوخۆ
گۆڤارەکەیان لێ دابخات، لەگەڵ ئەوەشدا بەڵێنیان پێ داین کە لە سەر
بەرگی یەکەمیان و وەک سەردێڕ بۆمانی چاپ بکەن.
لێکدانەوەکانمان وەڕاست گەڕان. لە 4ی ئەپریلی 1971دا هەڵڵایەکی لێ
کەوتەوە. بۆ یەکەمین جار لە فەڕەنسا رادوێ و تەلەڤزیۆن و رۆژنامەکان
لێکدا لێکدا باسی لەباربردنی منداڵیان کرد. بەر لەوەی دەرفەتی ئەوەمان
بێت کە ئاکامەکانی ئەو کارە و دەرکەوتەکانی لەسەر ژیانمان لێک
بدەینەوە، داهێنانەکەمان سەرکەوتنێکی گەورەی لێ کەوتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا
زۆربەی ئەوانەی واژوویان کردبوو تووشی گرفتی گەورە هاتن و کلێسا و
حکوومەتیش تووڕە بوون. سیمۆن دی بۆڤار کە لە دەیەی 1970وە لە سەر
مەسەلەی فیمینیزم کەمتر خۆی لە وتووێژ دەدا، ئەوجارە قایل بوو بەوەی
دیمانە لەگەڵ نۆڤێل ئابسترواتۆر بکات و بڵێ بۆچی ئەو راگەیێنراوەیان
بڵاو کردەوە.
دوا نیوەڕۆی رۆژی شەممە 20 نۆڤەمبەری 1971 رێپێوانێکی بەرینمان وەڕێ
خست کە هاوکات بوو لەگەڵ خۆپێشاندانی فیمینیستی لەسەرانسەری جیهاندا.
بۆ یەکەمین جار کەسانێک کەوتنە گەڵمان و هاتنە نێو ریزەکانمانەوە کە
ئەندامی گرووپەکەمان نەبوون و راگەیێنەکانیش ئاوڕیان لێمان دایەوە.
سیمون دی بۆڤار لە هەڵسەنگاندنی ئەو جێژنە شاد و برایانەیەدا تاریفی
دەکات.
هەوڵەکانی ئێمە بۆ یاساییکردنی لەباربردن ئەو هەلەی بۆ رەخساندین کە
بارودۆخی ژیانی ئەو ژنە گەنجانە تاوتوێ بکەین کە نەیاندەتوانی
منداڵەکانیان لەبار بەرن. زۆربەی ئەو ئافرەتگەلە، ئەو مێرمنداڵانە بوون
کە دەستدرێژییان کرابووە سەر. هەندێکیان باوک یان مام یان خاڵۆ یان
کەسێکی نزیکیان دەستدرێژییان کردبووە سەریان. جا لەبەر ئەوەیکە هەژار
بوون نەیاندەتوانی لە ناوەندێکی تەندرووستیی رێکوپێک لە سوویسرا
منداڵەکەیان لەبار بەرن. ئەوانیان بە شێوەیەکی سیستماتیک لە قوتابخانە
دەردەکرد و مافی ئەوەشیان پێیان نەدەدا کە پاش لەدایکبوونی منداڵەکەش
بچنەوە خوێندن. بەو شێوەیە لە هەموو مافێکی خوێندن بێ بەش و بێ بەری
دەکران. زۆربەشیان بنەماڵەکانیان ماڵبەدەریان دەکردن. بەڵام ئاخر ئەوان
دەیانتوانی بچنە کوێ؟ چووبانە ئەو چەند ماڵەی وا دەوڵەتی فەڕەنسا بۆ
ئافرەتە زگورتییەکانی ساز کردبوو؟ ئەو ماڵانە شوێنێکی زۆر ناخۆش و سارد
و سڕ بوون و لەوێ وەک تاوانباران لەگەڵ ئافرەتەکان دەجووڵانەوە.
رۆژێکیان سیمون دی بۆڤار ئاگای لە رووداوێک بوو کە لە یەکێک لە
خانووەکانی پلۆسی رۆبینسۆن ــ شارێکی نزیک پاریس ــ رووی دا. لەوێ
تەنیا کچانیان فێرە بەرگدووری و چنین و چێشتلێنان دەکرد. ئەوان لە
خەوتنگەیەکی گەورەدا دەژیان کە قەرەوێڵەی گچکەگچەکەی لێ بوو. لەبەر
ئەوەیکە دووگیان بوون، نەیاندەتوانی لەسەر ئەو قەرەوێڵانە بنوون. تەنیا
رۆژانی شەممە و ئەویش هەر بۆ ماوەی دوو سەعات بۆیان هەبوو بچنە دەرەوە.
لەبەر ئەوەی زوو دەناسرانەوە خەڵک لەسەر شەقامەکانا ئەزیەتیان دەکردن و
گاڵتەیان پێیان دەکرد و نقورچکیان لە زگیان دەگرت.
کچێکیان لەگەڵ بوو کە زگەکەی لەو کوڕەحەیرانەکەی خۆی بوو و زۆریشی خۆش
دەویست، کەچی بۆی نەبوو بینینێ. دوانیوەڕۆیەک هەموو کچەکان لە نهۆمی
خوارەوە مانەوە و لێیان گەڕان کە ئەو جووتە پاش چەندین مانگ پێکەوە بن.
بەرپرسانی ماڵەکە بە دیارنەمانی کچەیان زانی، چوونە سەرێ و پێکەوەیان
دیتن. رۆژی دوایی پەیوەندییان بە بنەماڵەی کچەوە گرت و پێیان گوتن چی
رووی داوە. دوو رۆژ دواتر باوکی کچە گەیشتێ. قژی کچەی راکێشا و دەستی
کرد بە تێهەڵدانی. یەکێک لە پەرستارەکان ویستی ناوبژیوانی بکا، بەڵام
بەرپرسەکە نەیهێشت و تێی خوڕی:"خۆ لە کاری باوک کچ هەڵمەقورتێنە".
کابرا ئەوەندەی لە کچەکەی دا، هەتا کچە لە هۆش چوو. کچەکانی دیکە کە
ئەو دیمەنەیان بینی، مانیان لە خواردن گرت. حکومەتی فەڕەنسا لە ماوەی
24 کاتژمێردا بڕیاری دا ئەو ماڵە دابخات. نامەیان بۆ بنەماڵەی کچەکان
نارد کە بێن و کچەکانیان بەرنەوە. کچەکان داوایان لە ئێمە ئەندامانی
چالاکی بزووتنەوەی ژنان کرد کە خێرا فریایان بکەوین. 48 سەعات دواتر
ئێمە لەبەردەم ئەو ماڵەدا مانمان گرت. سیمون دی بۆڤار وتەبێژمان بوو.
ئەو فەڕەنسسییانەی ئەو رۆژە گوێیان دەدایە رادوێ دەیانزانی کە بارودۆخی
ئەو ماڵانە چەندە سامناکە. سیمۆن دی بۆڤار لەگەڵ یەک بە یەکی کچەکان
قسی کرد و قسەکانی لێیان وەرگرت و کردییە بەڵگە. رۆژی دوارت سیمون دی
بۆڤار چاوی بە پلەبەرزترین بەرپرسانی پەروەردەی فەڕٍەنسا کەوت. یەکێک
لە بەرهەمەکانی ئەو دیدارە ئەوە بوو کە ئیزن بەو کچانە بدرێت دوای
منداڵبوونەکەیان بچنەوە سەر خوێندنەکەیان.
لە ماوەی ئەو 48 سەعاتەدا رای خەڵک بەرامبەر بە بزووتنەوەی ژنان گۆڕا.
ئاخری فەڕەنسییەکان تێگەیشتن کە ئەو بزووتنەوەی بزووتنەوەی خواپێداوان
و چینە دەوڵەمەندەکان نییە، بەڵکو ئاوڕ لە چینی هەژار و لێقەوماویش
دەداتەوە. سیمون دی بۆڤار گەلێک نامەی لە ژنانی لێقەوماو و
ئازارچێشتووەوە پێ گەیشت. ئەو لایەنگری خیچر و خێراتی نهێنی بوو. لە
گیرفانی خۆی یارمەتی ئەو ئافرەتانەی دا کە نامەیان بۆی نووسیبوو و بە
ئێمەی دەگوت" پێیان بڵێن ئەوە بزووتنەوەی ژنان ئەو پارەیەی بۆتان
ناردووە.".
هەر لەو کاتەدا خەباتی ئێمە بۆ بەیاساییکردنی لەباربردنی منداڵ
بەردەوام بوو. لەباربردن لە فەڕەنسا هێشتا نایاسایی بوو و هەلومەرجی
لەباربردنەکان کێشە و هەڵڵای زۆری لێ دەکەوتەوە. دەبوایە کارێک کرابا.
لە 1973دا ئێمە رێگەیەکمان دۆزییەوە کە لەوێوە خۆی تێ هەڵقورتێنین.
کچێکی گەنج کە لە خۆشەویستەکەی جوێ ببووەوە تێگەیشت کە دوو گیانە.
دایکی کچە گوتی: خۆی منداڵًەکە بەخێو دەکات. بەڵام ماری کالێر
منداڵەکەی نەدەویست و بڕیاری دا لەبەر خۆی بەرێت. کوڕەکە/ کە پێشتر
یەکتریان خۆش ویستبوو، چووە لای پۆلیس و تاوانباری کرد بەوەیکە دەیەوێ
منداڵەکە لەبەرخۆی بەرێت. لەبەر ئەوەیکە دایکی ماری کالێر "مامان"تی بۆ
کچەکەی دۆزیبۆوە، هەم دایکە و هەمیش کچە دەستبەسەر کران. ئێمە بڕیارمان
دا خۆ لە کێشەکە وەربدەین. لە پێشدا رێپێوانێکمان لە گۆڕەپانەکەی
ناوەندی پاریس ساز کرد، رێپێوانێکی هێمن کە تێیدا دایکان منداڵەکانی
خۆیانیان لە باوەش گرتبوو و هەرکامەیان فوودانە(میزەڵان)ێکیان پێ بوو.
لە نەکاو پۆلیسەکان بە ماتۆڕەوە پەلاماریان داین. خەڵک دەیانزیقاند و
منداڵان رایان دەکرد و ئێمە هەندێکمان لێمان درا. رۆژی دوایی لە رێگەی
راگەیێنەکانەوە هەموو فەڕەنسا ئاگادار بوونەوە لەوەیەکە خۆپێشاندانێکی
هێمن سەرکوت کراوە. خەڵک راچڵەکین. لە ماوەی 24 کاتژمێردا کێشەکەی ماری
کالێر بوو بە کێشەیەکی نیشتمانی.
سیمۆن دی بۆڤار ئامادە بوو نەک هەر لە تەلەڤزیۆن و رادوێ بەڵکو لە
دادگاش لەسەر ماری کالێر بەجواب بێت. ئەو لەبەردەم گرووپێک دادوەردا کە
هەر هەموان پیاو بوون، شایەتی بۆ کێشە و چەرمەسەری و کوێرەوەرییەکانی
ژنان دا. کەس نەیوێرا قسەی پێ ببڕێت. چەند رۆژ دواتر را و بڕیاری
دادوەران راگەیێنرا، ماری کالێر ئازاد کرا.
دواجار پۆلیس یاسای دژی لەباربردنی هەڵوەشاندەوە. ئیتر کاتی ئەوە
گەیشتبوو بچینە سەر کێشەگەلی وەک دەستدرێژی و زیناح لەگەڵ مەحرەم و
مووچەی نایەکسان و ژنانی ئازارچێشتوو. هەر لەو سەردەمەدا بوو کە سیمۆن
دی بۆڤار کۆمەڵەی مافەکانی ژنانی دامەزراند و ئەو دەرفەتەی بە ئێمە دا
بابەتەکانمان بۆ بڵاڤۆکی سەردەمی مۆدێرن بنێرین کە لە 1945دا لەگەڵ
سارتر دەریان دەکرد. ئێمە ژمارەیەکیشمان تایبەت بۆ ژنان ئامادەکرد کە
مانگێکی نەخایاند هەمووی فرۆشرا. لە پێشەکیی ئەو ژمارەیەدا سیمۆن دی
بۆڤار پێشنیاری بە ژنان کرد کە تەنانەت ئەگەر بارودۆخیش لەبار بوو،
بەرامبەر مافەکانی ژنان کەمتەرخەم نەبنەوە.
ماڵاوایی.
هەر لەو سەروبەندەدا بوو کە سیمۆن دی بۆڤار داوای لە من کرد بچمە لای
هێلێنی خوشکی لە گوندێکی نزیک ستراسبۆرگ. هێلێن لەوێ بە توندی خەریکی
بزووتنەوەی ژنان بوو و وەک سەرۆکی ناوەندی ژنانی تێهەڵدراو
هەڵبژێرابوو. زۆربەی تابلۆکانی ئەو لەسەر مەسەلەی ئافەرتان و نیشاندەری
راوبۆچوونی فیمینیستییانەی هاوبەش ئەو و سیمۆن بوو. ئەو تا تەمەنی 85
ساڵان هەر وا لەسەر شێوەکاری بەردەوام بوو. سیمۆن لە یەکێک لە دوایین
دیدارەکانیدا بە هێلێنی گوتبوو، خۆزگە بە خۆت کە ئێستایش دەتوانی تابلۆ
بکێشیتەوە. ئەمن ئیتر هیچ حەزم ناچێتە نووسین. ئیتر هیچم بۆ گوتن پێ
نەماوە. شێوەکار هەمیشە شتێکی بۆ وتن پێیە.
کاتێک لە 1970دا سیمۆنم بینیەوە، باری تەندرووستیی سارتر زۆر نالەبار
بوو. لە 1974دا ئەو ئیتر کوێر ببوو و ئەوەندە لاواز ببوو کە هیوایەکی
بەوە نەمابوو بتوانێ کتێبەکەی لەسەر فلۆبێر تەواو بکات.
دی بۆڤار لە بارودۆخێکی دژواردا بوو. لە لایەکەوە بەهۆی تەندرووستیی
سارترەوە و لە لایکیشەوە لەبەر ئەوەیکە کەسانێک لێی نزیک ببوونەوە کە
زۆر لەگەڵیاندا هاوڕا نەبوو. بەو حاڵەشەوە هەرکات لەگەڵ ئێمە بوایە، بە
تین و گوڕ بوو. دەیزانی چەندەمان خۆش دەوێت و چەندەیش پێی وەفادارین.
بە جۆرێک کە ئێمە نموونەی زیندووی ئەو بیروباوەڕانە بووین کە ئەو لە
رەگەزی دووەمدا پەرەی پێدا بوو و کاریگەرییان بەسەر نەوەکانی دیکەی
ئافرەتانیشەوە دەبوو. ئەو سەرکەوتبوو.
لە 19ی ئەپریلی 1986دا، هێلێن دی بۆڤار و ئەمن چووینە نەخۆشخانە بۆ
ئەوەی تەرمی سیمۆن دی بۆڤار ببینین. وەک شۆک وا بوو. ئەو کە هەمیشە
تەژی بوو لە گوڕ و تین، بێ جووڵە لێی کەوتبوو. لە سەرانسەری دنیاوە
چەپکە گوڵیان بۆ ناردبوو.
کاتێک لەگەڵ هێلێن لە سەیارەی مەیت هەڵگردا پێکەوە دانیشتبووین، بە
هەزاران کەسمان دەبینی کە سەری رێزیان لەبەر دادەنواند. ئەو کاتەی
گەیشتینە گۆڕستان، دەستمانکرد بە چڕینی ئەو سروودەی کە لە 1970دا بۆ
بزووتنەوەی ژنانمان نووسیبوو. سیمۆن ئەوەندەی ئەو سروودە پێ خۆش بوو کە
پێیمان وا بوو ئەوە باشترین ماڵاواییە لەو.
ئێمە ئافرەتان کە بێ رابردووین
ئێمە ئافرەتان کە لە بنی رۆژگارەوە بێ مێژووین
ئێمە ئافرەتان کە وڵاتێکی رەشین
لێمان گەڕێن ئێمەی کۆیلە با راپەڕین
راپەڕن، راپەڕن...
ئێمە بە هێمنی دەمان چڕی بۆ ئەوەی ئەو لە خەوی شیرن رانەپەڕێنین. بەس
ئەو کاتە دەنگمان بەرز کردەوە کە تابووتەکەی رۆهێشترایە ناو گۆڕەوە.
سیمۆن دی بۆڤار گەلێک شتی بە گەنجێتیی من و زۆربەی ژنان بەخشی. ئاخۆ
ئێمەیش بزووتنەوەی ژنان کە لەگەڵ ئەو کارمان کرد و درێژەدەری رێگەی
ئەوین، گەنجێتییەکی نوێ بەو دەبەخشین؟ هیوادارم.
_____________________
کلۆدین مۆنتی:
کلۆدین مۆنتی لە 1949دا لە پاریس لە دایک بوو. ژوسین سێر (ی دایکی)
پسپۆڕی کیمیا بوو و باوکیشی بیرکاریزان بوو. کلۆدین لە گەنجێتیدا چووە
ریزی بزووتنەوەی ژنانی فەڕەنساوە و هەر لە سەرەتاوە پەیوەندییەکی باشی
لەگەڵ سیمۆن دی بۆڤار و سارتری هاوسەری و هێلێنی خوشکی کە شێوەکار بوو،
پێک هێنا و ئەو پەیوەندییە هەتا دوا ساتی ژیانیان بەردەوام بوو. ئەو
دوکتۆرای لە بواری تاوتوێکردنی ژیان و بەرهەمەکانی دی بۆڤاردا لە
زانکۆی نیس وەرگرت و ئەندامی ئەنجومەنی سیمۆن دی بۆڤاریشە. کتێبەکانی
کلۆدین بریتین لە: خوشکانی سیمۆن دی بۆڤار، سیمۆن دی بۆڤار و
بزووتنەوەی ژنان، بیرەوەرییەکانی کچێکی شۆڕشگێڕ و ئەڤیندارانی ئازادی،
سارت و دی بۆڤار.
ماڵپەڕی رەسووڵ سوڵتانی
|