٢٢\٣\٢٠١٤
سیناریۆی
نمایشێکی خەواڵوو.

یوسف
خەلیل
شوێن نوواڵەی شاخە
و
وەرزی داماڵینی شەختەی بەفرە
گیانێکی نوێ یە
سروشت لە ئامێزیا سەمایەکی ئاڵ پیادە دەکا
لەم هەواری ئازارەی ساڵدا
سەدەیە دەبەنگ
سەدەیە شۆڕش
سەدەیە هەرەس
سەدەیە سیناریۆ و
سەدەیە شکستی هەمیشەیی
نەورۆز
لە نێو تەمتومانی کەروێشکە خەودا
وەئاگا هات
لە جەنگەڵی راچەنین و
شپرزەیی خەونێکی رەش و پڕ ناسۆر
بایەشکی رەشماڵێکی لەسەر خاک لادا
ئێمە دەبینە زستان
تۆش بەدیار زارۆڵەکانەوە چیچکاند کردووە
مامە پیرەیەکی کاندێشیت و
دەروێشانە گوێت لێ راگریین
ئاخر دڵی پڕ میهرت ئەی خاک
بەرگەی ئەم حەسرەتە ناگرێت
کە زریان شکۆمانی دەکات
ئەترسم بمریت ئەوسا دەبم بە هیچ
یا زێوانی مەرگێکی بێ شومار و
لە نەبووندا بۆ هەمیشەیی
سیمام سەمایەکی شپرزەیی دێنێتە گۆڕێ
سێو کڕنیم و نیم
گەرچی بەهاری ژییانەوە
پێنج هەزار دانەی شکۆکردم
مەخابن بێئاگا
کردمە گۆچان بۆ پیرەکان
کردمە شیر بۆ زارۆڵەکان
دەستگیران بۆ یاران
ئەوین بۆ دایکی میهرەبان
ئەوانەی هاوڕۆحم بوون ئێدی نەم دینەوە
ئاخ دڕک چیت پێ کردم!!
دۆزەخم لێ بوو بە نمایش و
کەسەکان ئەکتەر
خەونم سیناریۆ و بینەر مەرگ راپێچی کردن
ئەی خاک
گەرەکم بوو شەوبۆ و وەنەوشە و
گوڵەباخت لێ بچێنم
نەمدەزانی دەتکەنە چوارڕێیانی مانگی ئازار و!!
لە خەمی بیاباندا بە ساویلکەیی دەمێنمەوە
ویستم رەشبەڵەک
گەڕەک گوند شار
هەموو دیدە ئازار چەشتووەکان لەئامێزنێ
بەڵکو تاوێ بحەوێنەوە
نەمدەزانی درز و خۆڵی وشکی نەگریسەکان
دەمکەنە حوشترە لۆکە و لە کەنار باڕەشی تاواندا
دەرخواردی دەڵە دێوەکانی
سەدەی بیستم دەکەن!
ئەمێستا نابێ من نەورۆز بم
کە ئازار راڤەی جوانی پرچی خورماییم بێ
چی وەڵامی (پیرەمێرد) بدەمەوە
چۆن بە چۆکا بێم بۆ گوڵەباخ
کە جوداییم یادگار کرد
حەسرەتەکانی تۆ
چۆن بلاوێنمەوە ئەی خاک
چی وەڵامی گەورە و بچووکی هەڵەبجە بدەمەوە
بە چ شێوەیەک لێم دەبوورن
نا من دزێوترین خوێنمژی دنیام
پێویستە ئێدی من نەورۆز نەبم
کە چاوی هەڵەبجە لە مندا کوێر ببێ
تەنها هەڵوێستێک ماوە
کە (کانی عاشقان) لێم وەرگرێ و
ببوورێ لێم
کە راپەڕینی گەلی یادگار کەم
ئەی نەورۆز بەرز مەفڕە
دەمێکە نوستوویت
خۆشنوودم بە هەڵسانت
قەدەرێکە لە ئامێزی خەوندا
شەق لە هاوەڵەکانت
هەڵدەدەی؟!
سەیرکە خوێنی کچێنیی کچان و
قۆڕبوونی کوڕان ببینە
بەرگە ناگرم
دەمەوێ بۆ یەکجاریی سەربنێمەوە
تۆ بمریت ئەی خاک
ئێمە لە بێهودەییەکی نادیاردا
رێیەکی نەهات دەگرینەبەر
پێویستە بمرم
چونکە هەست دەکەم خەو دەتباتەوە نەورۆز
هێشتا خوێنی براکوژیی ساڕێژ نەبووە!!
هەڵەبجە
داوای رۆحی رۆڵەکانیت لێ دەکا
سەیری شەهیدان کە
بەچ دیدەیەک لێت دەڕوانن
منی دایکت
هێشتا ئاوێزانی نامەحرەم نەبووم
رۆڵە تۆ
بۆچی دەتەوێت بە زۆڵیی بمریت
وا هەرچی دڕکەمووی سەرسینەت هەیە
هەر ئێستا سەریان دەبڕم
بەس تەنها مەنوو نەورۆز
نەورۆز نەورۆز
مەخابن نەورۆز
بۆ یەکجاریی نوست!!
بزاڤی گەل
لە هزری جوداییدا بێ ئاڵا مرد!!
چرۆی باخچەکانی شاریش
لە ئامێزی پەناهەندەییدا رووزەرد...
ماڵپەڕی یوسف
خەلیل
|