٢١\٢\٢٠١١
سیناریۆکانی پارتی
کەڵکی نەماوە ئەوەی دهگوزەرێ لە کوردستان
ئاژاوە نییه و بەڵکو راپەڕینە!

سەردار عەبدوڵا حەمە
ھیج لایەنێ ئەوەندەی پارتی سیناریۆ دروست ناکا ،بەڵام سیناریۆکانیشی بۆ
خەڵکانی سەردەمی سەدەی بیست ویەک بە کەڵک نایەن ،چونکە خەڵکی ئەم
سەردەمە زۆر لە سیناریۆکانی پارتی ھۆشیار ترن . پارتی خەریکە ئەوە بە
خەڵکی کوردستان بڵێ ئەم راپەرین و خۆپیشاندانانە ھیچ شتێک نیە جگە لە
گێرە شێوێنییەک نەبێ کە (گۆڕان )لە پشتیەتی . گۆڕان بۆ خۆشی دەڵی من
نیم ، رووداوەکانیش ئەو راستیەیان سەلماندووە . لە راستیدا ئەوە
جەماوەری ئازادی خوازی کوردستانە ئاڵای خەباتیان ھەڵکردووە بۆ چاک
کردنی باری ژیانیان بۆ ئازادی و یەکسانی ، ئەمرۆ ھاتوونەتە سەر جادە و
دەیانەوێ وەک میسر و تونس قەڵای ستەم و زۆرداری برووخێننن .
لەسەرەتای شۆڕشەکەی میسردا حوسنی موبارەک ووتی ئەم گێرە شێوینی و
ئاژاوەیە ئیخوان مسلمین لە پشتیەتی دەیەوێ دەسەڵات بە دەستەوە بگرێ
اخوان مسلمینیش لە بەیاننامەیەکیاندا ڕایان گەیاند کە ئەوان ھیچ
پەیوەندیەکیان بەو رووداوانەوە نیە . ڕاستیەکەشی ھەروا بوو ھەر
لەسەرەتای شۆڕشەوە تا سەرکەوتنیشی اخوان بانگەوازێکیان نەبوو بۆ شۆڕش،
لەوانەیە تاک تاکی ئەندامەکانی بەشداریان کردبێ بەڵام بەشێوەی
رێکخراوەیی بەشدار نەبوون تەنانەت لە تەرحی حکومەتە ئیئتلافیەکەدا کە
موبارەک تەرحی کرد ئامادەی خۆیان پیشاندا بچنە ناو حکومەتەوە ، خەڵک
ھەر وازی نەھێنا ساحەتحریریان چۆڵ نەکرد وتیان (شۆرش تا سەرکەوتن)
کرێکاران لە کارگاکان دەستیان دایە مانگرتن و خۆپیشاندان ئەنجا بە
تەواوی بۆ موبارەک وبۆ جیھان دەرکەوت ئەمە شۆڕشی خەڵکە برسیەکانە ،
ئیتر ئەو سیانۆریەش کەڵکی نەما کە موبارەک دەیویست ئەم شۆڕشە بە
ئاژاوەی اخوان مسلمین نیشان بدات و پروپاگەندەی بۆ بکا. ھەر ئێستا
پارتی و بارزانی لە سەرەتای کێشەکەدان دەیانەوێ ئەم رووداوانە بە
سیناریۆی ئاژاوەچێتی گۆڕان نیشان بدەن ، لەوانەیە تاک تاک لە
ئەندامەکانی گۆڕان بەشدار بن بەڵام گۆڕان وەکو گروپەکەی بەشدار نین
بانگەوازێکیشیان نیە بۆ خۆپیشاندان وبۆ شۆڕش . ھەر ئەو رۆژەی
خۆپیشاندانەکە کرا لە ١٧/٢ دالە دوای کۆبەنوەیەکی گشتی بوو کە تۆڕی
بەرگری لە ماف و ئازادیەکانی خەلک بانگەوازیان بۆ کردبوو نەک( گۆڕان) .
ئیتر خەڵکی توڕەوبێزار لە گەندەڵیەکانی دەسەڵات و لاوانی بێکار ،
کرێکاران و خەڵکی بێ دەرامەت درێژەیان بەم خۆپیشاندانە دا و بەرەو ڕووی
لقی چواری پارتی رۆشتن لەو مۆڵگەیەوە وەک مۆڵگەکانی بەعس ئاسا ئەو
خەڵکەیان بەر دەست رێژی گوللەداو لاوێکی تازە پێگەیشتوو لە خانوادەیەکی
کرێکاریان کوشت بە ناوی (ڕێژوان) و ٥٧ کەسی تریشیان بریندار کرد .
پارتی سیناریۆیەکی ساز کرد گوایا خەڵک بە چەکەوە پەلاماری ئەوانیان
داوە و ئەوانیش بە چەک وەڵامی خەڵکیان داوەتەوە بەڵام ئەسڵی مەسەلەکە
ئەوە بووە کە خەلک بێ چەک وستویەتی دەست بە سەر بارەگاکەدا بگرن وەک
ھەنگاوی یەکەمی شۆڕش ئەنجا بنکەودامو دەزگاکانی تر بگرن ، خەلک بێ تەقە
چوونەتە پێشەوە بەڵام میلیشیاکانی پارتی بە چەک وەڵامی خەلکیان
داوەتەوە خەلکیش بەردبارانی ئەو بارەگایان کردووە. لەوانەیە چەند
کەسێکێش چەکیان بەکار ھێنابێ، ئەم کارەی پارتی زۆر ترسنۆکانە بوو .
چونکە تەقە کردن لە خەڵکی خۆپیشاندەر ھیچ ئازایەتیەکی تیا نیە ، پارتی
بەوەشەوە ناوەستێ زریڤانیش دەبا بۆ قەتل وعامێکی زیاتری خەلک.
سیناریۆیەکی تر کە زۆر ئاشکرا دیارە ئەویش بەیاننامەکەی لقی ٤ ی پارتیە
لە گەڵ ھەڵوێستی حیزبەکەی لە ھەولێر ودھۆک و سۆران وشەقلاوە ، لقی ٤
دەڵێن کەمتهرخەمی ئاسایشی سلێمانیە کە نەیانتوانی ئەمنیەتی مقەرەکی
ئەوان بپارێزن ، ئەی دەبێ سووتاندنی بارەگای گۆڕانیش لە ھەولێر و دھۆک
وسۆران کەمترخەمی ئاسایشی پارتی بووبێ کەدەڵین خەلک سووتاندوونی ؟؟،ئەی
پۆلیس وئاسایشی پارتی لە کوێ بوون ؟ کەواتە یا ئەبێ بە دەستی خودی
پارتی ئەم کارە کرابێ یا ئاسایش وپۆلیسەکەی ژێر دەسەڵاتی پارتیش کەمتهرخەمە
( ئەمەیە نممونەی دیموکراتی دەسەلاتەکەی پارتی ).
پارتی زۆر جار لە بەرانبەر رەخنەی نەیارەکانیدا ئەوە دووپات دەکاتەوە
ئەوان لە ھەڵبژاردندا زۆرینەیان بە دەست ھێناوە بۆیە ئەو دەسەڵاتە بە
جێ ناھێڵن تەنھا بە ڕێگای ھەڵبژاردن نەبێ . من زۆر لە سەر سیناریۆی
گاڵتەجاری ھەڵبژاردن قسەم کردووە و بابەتم نوسیوە کە ئەم ھەڵبژاردنانە
گاڵتە جاڕی بووە ، بەڵام ئەگەر مەسەلە ھەڵبژاردنی لەم جۆرە بێ ،
حیزبەکەی حوسنی موبارەکیش لە سەدا نەوەدی کورسیەکانی پەرلەمانی بە دەست
ھێنابوو کەچی ئەوە خەڵک بوو بریاریان داکە ئەو رژێمەیان ناوێ و
سەلماندیان ئەو ھەڵبژاردنە گاڵتە جاریە ناخوات ( جەماوەر دەیەوێ رژێم
بروخێ) . ئێوەش دڵتان بەو ھەڵبژاردنە گاڵتە جاریە خۆش نەبێ سیناریۆی
ھەڵبژاردنیش بە کەڵکتان نایەت ، ئەمرۆ زۆربەی خەڵکی کوردستانیش ئێوەی
ناوێ . ئەگەر دەتانەوێ ھێز بە کاربێنن و میلیشیاکانتان بخەنە گەڕ لە
دژی خەڵکی کوردستان ئەوا موبارەک ئەم کارەشی کرد بە کەڵکیشی نەھات ،پێشتریش
رژێمی بەعس ھەمان کاری ئەنجام داوە بە کەڵکی نەھات ، بە کەڵکی ئێوەش
نایەت ، ھەموو ھێزو چەکدارەکانتان لە بەرانبەر ئیرادەی خەلکدا سفرە ،
ئیرادەی خەلکی میسر لە ھەموو ئەم جۆرە وەسیلانە بە ھێز تر بوو و
ئەمەریکای زلھێزی دۆنیاشی لە پشت بوو بەڵام سەرەنجام رژێمەکەی بە کوێ
گەیشت ! . زریڤان و ھێزی دژە تیرۆرو ئاسایش و پۆلیستان بەرگەی شەپۆلی
توڕەیی خەڵک ناگرێ .
ئەم تاوانکاریەی پارتی لە سلێمانی ، پارتی وەک حیزبێکی فاشیشت پیشاندا
، سەدام و خومینییش ھەر ئاوا تەقەیان لە خەڵک کردوە لە کاتی نارەزایەتی
دەربریندا لە دژیان .ئەم ڕووداوە بە تەواوی خەڵکی کوردستانی جیا کردەوە
لە پارتی وەک دوو دوژمنی بەرانبەر بەیەک دەرکەوتن . ئەم کێشەیە وا بە
ئاسانی کۆتایی نایەت ، سەرکەوتنیش ھەر بۆ خەڵکی کوردستان دەبێ . تازە
خەڵکی شۆڕشگێڕی کوردسان مەیدان چۆڵ ناکەن.
ماڵپهڕی سهردار عهبدوڵا
حهمه
|