په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\١١\٢٠١٦

سیناریۆ؛ رەگی لە نێو ژیاندا و باڵای لە نێو ئەندێشەدا.


کەریم غەفور ''کەریمۆک''


بێگومان سەرچاوەی هەر بیرۆكەیەك بۆ نووسینی سیناریۆ خودی واقیع خۆیەتی، واتە بنەما و بنچینەی هەر بیرۆكەیەك كە دەبێتە خاڵی دەسپێك بۆ نووسینی سیناریۆ كرۆكی ژیان خۆیەتی. لەهەر كوێوە دەست پێ بكەین و لەهەر ژانرێكی ئەدەبی و کەناڵێكەوە سود وەرگرین بۆ نووسینی سیناریۆ سەرچاوەكەی هەر واقیعە، واقیعی كۆمەڵایەتی بە ئاست و ئاڕاستە جیاوازەكانەوە، مادەی هەر بیرۆكەیەك و دواجار هەر سیناریۆیەكن، بەڵام ئەوە دەربڕینێكی گشتگیرە، چونكە دواجار بۆ نووسینی سیناریۆ چەند سەرچاوەیەكی گرنگ لەبەر دەستدان، هەریەك لەو سەرچاوانە دەشێ بۆ نووسینی سیناریۆ بكرێنە بنەما.


لەنێو قۆناغەكانی سینەمای جیهانیشدا هەر هەموو سەرچاوەكان ئەزمون كراون و چەندین فیلمی پایە بڵند وەك نموونە لەبەر دەستدان.


ژیانی سەرجەم كۆمەڵگاكانی جیهانیش، لەوپەڕی پێشكەوتووەوە تا دەگاتە ئەوپەڕی دواكەوتوویی و داخران، فیلمێكە پڕیەتی لە ملمڵانێی درامی و سەرجەم بنەما درامییەكان لەنێو ڕووداوەكانی ڕۆژانەدا ئامادەییان هەیە، ئەمەش پەیوەستە بەدوو خاڵی گرنگ كە (ململانێ و گۆڕانكارییە).


ململانێ و گۆڕان دوو خاسیەتی هەرە گرنگی ژیانن، هیچ كۆمەڵگەیەك نییە لەنێو تۆڕێك لە ململانێی سیاسی و سایكۆلۆژی نەناڵێنێ، هەر لە ململانێ چینایەتییەكانەوە تادەگاتە كێشمەكێشمی سیاسی و كوشتوبڕ، دیارە شتێكی بەڵگە نەویستە ململانێ یەكێكە لە كۆڵەگە هەرە گرنگەكانی دراما، بێ ململانێ سیناریۆی هیچ فیلمێك ناگاتە ترۆپك و ئامانجی خۆی ناپێكێت، ئەمەش دیسان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ژیان خۆی ململانێیەكی نەبڕاوەی بەردەوامە، بۆیە دەشێ ڕووداوەكانی دەوروبەر باشترین و ڕاستگۆترین بیرۆكەبن بۆ هەڵچنینی سیناریۆی فیلم، جا ئەم ڕووداوانە دەشێت لەنێو ژیانی خۆمان و خانەوادەكانمان یان دراوسێ و گەڕەك و كۆمەڵگە هەڵهێنجرابن، بێگومان لەنێو ڕووداوەكانیشدا جیاوازی هەیە، ڕووداوی ناوازە و قوڵ و پڕ لە ئەفسون و تەلیسم هەیە، كە ئەمەیان مرۆ دەخاتە بەردەم ڕامان و بیركردنەوە، واتە شتێكی تازە بە بەرامبەر دەبەخشێ کە دووبارە و بیستراو و وەڕسكەر نییە، ڕووداوێك جێگەی سەرنجە و لە هیچ ڕووداوێكی تر ناچێت، واتە خاوەن تایبەتمەندییە، لە بەرامبەریشدا ڕووداوی سواو و بێ ڕەهەند هەیە كە چەند بارە و سەد بارەن، بینەر بە ڕوودانیان ڕاهاتووە و بووەتە شتێكی ئاسایی، لەو جۆرە ڕووداوانە بیرۆكەی باش دروست نابێت و ناتوانرێت بڕوا بە بینەر بهێنرێت ئەوەی دەیبینێ شتێكی تازەیە..!


هەوڵی سەرجەم سیناریست و دەرهێنەرانی دونیاش بۆ ئەوەیە شتێكی تازە نیشانی بینەر بدەن، بینەریش هەمیشە لە چاوەڕوانی شتێكی تازەدایە بۆ ئاودێركردنی ڕۆح و یەكلاكردنەوەی كێشە ناوەكییەكانی خۆی و وەڵامدانەوەی بەشێك لەو پرسیارانەی هەراسانی دەكەن.


ڕەنگە ڕووداوی گەلێك ناوازە و سەرنجڕاكێش هەبێت، كە ببێتە بنەمای دروستكردنی فیلمی باش، لەلای خۆشمان ڕۆژانە گوێبیستی دەیان چیرۆك و ڕووداوی سەرنجبەر دەبین، هەر لە چیرۆكی جیاجیای سوتانی ژنان تا دەگاتە دەیان ڕووداوی ناوازە و سەرسوڕهێنەر، كە دەشێ هەڵوەستە لە ئاستیاندا بكەین و ببنە كەرەستەی دروستكردنی سیناریۆ، نمونەی جیهانییش لەبەر دەستدایە كە دەیان فیلم لە ڕووداوی ڕۆژانەوە وەرگیراون.


چیرۆك و كورتە چیرۆك، نۆڤلێت و ڕۆمان، تێكستی ئەدەبی، شانۆنامە، وتاری ئەدەبی، یاداشت و بیرەوەری، ئەدەب بە هەموو ژانرەكانییەوە کەناڵێکی گرنگ بووە بۆ دروستكردنی فیلم، چونكە ئەدەب مێژوویەكی پڕ لە ئەزموونی هەیە و پەنجەرەیەكی گرنگ بووە بەسەر كێشە كۆمەڵایەتی و سیاسییەكاندا تا دەگاتە گرفتەكانی تاك و گەڕان بەدوای پرسیارە گەردوونیەكان و شەڕە بەردەوامەكانی ناخی مرۆڤ. لەم نێوەشدا چەندین قوتابخانەی ئەدەبی بۆ گوزارشت و دەربڕین هاتوونەتە ئاراوە، بۆیە سینەما هەر لە یەكەم هەنگاونانیدا سوودێكی گەورەی لەو سەرمایە دەوڵەمەندەی بیری مرۆڤ بینی و لەم نێوەشدا چەندین شاكاری گەورەی جیهانی كراونەتە فیلم، چ لە شانۆنامەكانی ولیەم شێیكسپیر و ڕۆمانە بەرزەكانی دونیا، تا دەگاتە بیرەوەری و ژیاننامەی گەورە نووسەران. ئەم كاركردنە لەسەر ئەدەب بەردەوامی هەیە و بەجۆرێك بەشێك لە نووسەران بە تەواوی كاتی خۆیان بۆ نووسینی سیناریۆ لەسەر تێکستە ئەدەبیەکان تەرخان كردوە، دیارە تا ئێستا و بۆ ئایندەش کارکردن لەسەر دەقی ئەدەبی بەتایبەتی ڕۆمان شێوازی جیاجیای بە خۆوە بینیوە، کەمجار ڕێک کەوتووە سینارست و دەرهێنەر دەقاودەق پابەندبن بە گواستنەوەی ڕۆمانەکە، چونکە دروستکردنی وێنە بە وشە تەواو جیاوازە لەگەڵ ئەو وێنە ڕاستەقینەیەی بینەر لە سینەمادا بەری دەکەوێت.


ڕووداو و بەسەرهاتە مێژووییەكانیش وەك سەرچاوەیەكی گرنگ بۆ نووسینی سیناریۆ دەتوانرێ سوودیان لێ ببینرێ، لەم نێوەشدا چەندین فیلمی گەورەی جیهانی لەبەردەست دان، كە بابەتەكانیان داستانە مێژووییەكانە، بەڵام دەبێت ئەوەمان لەبەرچاو بێت، دەست بردن بۆ ئەم بابەتە مێژووییانە دووبارە نووسینەوەی مێژوو نییە، بەڵكو ئەو بەسەرهاتە مێژوویانە بەشێوەیەك كارییان لەسەر دەكرێت كە قسەیەك بێت بۆ ئەمڕۆ، جا وەك پەند وەرگرتن بێت لە ڕابردوو یان ڕاڤەی واقیعی ئێستای لەئەستۆ بێت، هونەرمەند مێژوونوس نییە، بەڵكو مێژوو بە باكگراوند و بیركردنەوەی سەردەمی ئێستاوە دەخاتەڕوو، بە دیوێكی دی دروستكەری مێژووە لە فۆڕمێكی هونەری و زاخاو بە جیهانبینی خۆی.


زۆرجاریش دەوڵەتان پارەیەكی زۆر خەرج دەكەن بۆ ئەوەی ئەو ڕووداوە مێژووییانە بكرێنە فیلم، ئەمەش هەر بە ئایدیا و دیدێكی ئامانجدارەوە، كە مەبەست شكۆداركردنی سەروەری ڕابردووە بەسەر سەروەرییەكانی بەرامبەردا، واتە لێرەشدا مێژوو بۆ مێژوو نییە، بەڵكو بۆ ئامانجێكی دیاریكراوە لە ئێستادا. بە هەمان پێوەر كاركردن لە ئەفسانەكان و زیندووكردنەوەیان لەنێو كاری سینەمادا بێ ئامانج نییە، دەرهێنەر دێت لە پشت ئەو خەیاڵ و فانتازیایەی لە ئەفسانەدا هەیە دیدی خۆی تێدا جێدەكاتەوە، بەجۆرێك كە زەوق و سەرنجی بینەر ڕابكێشێ و لەو پەنایەوە قسەی خۆی بكات، ڕەنگە هەندێكجار ئەوەی لەنێو ئەفسانەدا هەیە زۆر نزیك بێت لە خەیاڵی سینەمایی و جۆرێك لە ئازادی كاركردن بە هونەرمەند بدات تا داهێنانی خۆی تێدا بخاتەڕوو، چونكە پایەکانی ئەفسانە لەسەر خەیاڵ هەڵچنراوە، بێگومان خەیاڵیش سنوری نییە و هونەرمەند خۆی چوارچێوەی بۆ دادەتاشێ و مانای پێ دەبەخشێ و دواتر لە واقیعدا بەرجەستە دەبێتەوە.


بۆ بەدەستهێنانی بیرۆكەی باش مەرج نییە سیناریست ڕاستەوخۆ بەر بیرۆكەیەك بكەوێت، بەڵكو زۆر کەناڵی پەیوەندیدار بەواقیعەوە هەیە، دەشێ وەك سەرچاوەیەك بۆ بەدەستهێنانی بیرۆكە پشتی پێ ببەسترێت، ئەویش ڕۆژنامە و بڵاوكراوەكانن، ڕۆژنامەكان لەهەر كۆمەڵگەیەكدا بە بوونی ئاست و هۆشیاری جیاوازەوە دەشێت وەك سەرچاوەیەكی گرنگ تەماشا بكرێن بۆ ئاشنا بوون بە كێشە و ململانێكانی نێو كۆمەڵگە، ئەگەرچی ئاستی ڕۆژنامەگەری هەر ناوچەیەك لە خستنەڕووی ژیانی كۆمەڵگەكەی جیاوازی هەیە، بەڵام ئێمە بە شێوەیەكی گشتی و بەشێوە ستانداردەكەی باسی دەكەین كە دەبێت ڕۆژنامە ئاوێنەی چالاكی و بزاوتە كۆمەڵاتییەكان بێت، بۆیە دەشێ لەنێو ڕۆژنامەكاندا هەواڵ و ڕیپۆرتاژی جۆراوجۆر هەبن، كە بیرۆكەی باشییان لێ دروست بكرێت.


بابەتی نێو ڕۆژنامەكان لە دوو لاوە سەرچاوەی گرنگن بۆ دروستكردنی بیرۆكەی باش، لەلایەك ڕۆژنامەنووس وەك فیلمساز هەوڵی بابەتی ناوازە و تازە دەدات تا ڕاپۆر یان بەدواداچوونی لەبارەوە بكات بۆ سەرنج ڕاكێشانی خوێنەرەكانی، بۆیە گرنگییەكی زۆر دەدات بەئەكت و گرێی درامی بەسەرهات و بابەتەكان، لەلایەكی تر بوونی ئۆرژیناڵی ئەو ڕووداوانەیە كە تاڕادەیەكی باش لە ژیان و گوزەرانی خەڵك نزیكن، ئەمەش دووبارە وادەكات بیرۆكەكە زۆر لەڕاستییەوە نزیك بێت و تایبەتمەندی هەبێت.


بێ گومان لەگەڵ ئەوەی باسكرا، چەندین سەرچاوەی تر هەن، كە سیناریست دەتوانێ وەك سەرچاوەیەك بۆ نووسینی سیناریۆ سوودی لێ ببینێت، دەبێت ئەوەشمان لەبیرنەچێت سیناریست بێ سنوور ئازادە چۆن سوود لە سەرجەم دیاردە و دەركەوتەكانی ژیان وەردەگرێت بۆ نووسینی سیناریۆیەكی سەركەوتوو.

 

ماڵپه‌ڕی که‌ریمۆک

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک